كابینەی نۆیەم: خوێندنەوەیەك بۆ ئاستەنگەكانی بەردەم پێكهێنانی

سەروەر حەمە ئەحمەد، مامۆستا لە كۆلێژی زانستە سیاسییەكان/ زانكۆی سەڵاحەددین – هەولێر

دەروازە

لە ئێستادا، لەنێو سیاسەتوان، ناوەندە میدیایی، ڕۆژنامەوانییەكان ‌و تەنانەت خەڵكی ئاساییی هەرێمی كوردستانیشدا زۆرترین قسە ‌و باسیان لەسەر پێكهێنانی كابینەی نۆیەمە، كە دوای تێپەڕبوونی نزیكەی 7 مانگ لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، تاكوو ئێستا نەتوانراوە كابینەی نوێی حكوومەت پێك بهێنرێت. لەم سۆنگەیەوە ‌و لە نێوه‌ندی ئەم وتارە شیكارییەدا، دەمانەوێت تیشكێك بخەینە سەر ئاستەنگەكانی بەردەم نەگەیشتن بە ڕێككەوتنی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەمەڕ پرسی پێكهێنانی كابینەی نۆیەم.

خستنەڕووی پرس

پرسی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانە كە لە 30ی ئەیلوولی 2018 ئەنجام درا‌وە، كە تیایدا 16 حزب ‌و پێكهاتەی نەتەوەیی ‌و ئایینی، توانییان كورسیی پەرلەمانی بەدەست بهێنن. ئێستایش كە لە سەروبەندی پێكهێنانی حكوومەتی نوێداین، چەندین ئاستەنگ ‌و ڕێگری هەیە كە وای كردووە پێكهێنانی كابینەی نۆیەم لە وادەی سروشتیی خۆی زۆر زیاتر دوا بكەوێت. لێرەدا دەپرسین دیارترین ئاستەنگەكانی بەردەم پێكنەهێنانی كابینەی نۆیەم چین؟ لە هەمان كاتدا گرنگە بپرسین، ئاخۆ ڕێگه‌چارەكان بۆ وەلانانی ئاستەنگەكانی بەردەم پێكنەهێنانی كابینەی نۆیەم، دەبێت چی بن؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەیش لە دەلاقەی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان ‌و هاونیشتمانیان ‌و دڵسۆزی ‌و پەرۆشیمان بۆ وڵاتەكەمان لەم پرسە دەدوێین، چونكە پێمان وایە بەدیهێنانی كابینەیەكی دیموكرات ‌و خۆشگوزەران بۆ هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە، كاری هەموو هێزە سیاسییە خاوەن سەنگ ‌و كاریگەرەكان ‌و، تێكڕای ناوەندە سیاسی ‌و یاسایییەكانی ئەم هەرێمەیە.

ئاستەنگەكانی بەردەم پێكهێنانی كابینەی نۆیەم

چەمكی حكوومەت، ئاماژەیە بۆ ڕژێمی سیاسی، یان دەزگەی فەرمانڕەوا لە دەوڵەتدا؛ واتە ئاماژەیە بۆ سەرجەم ئەو دەسەڵاتە گشتییانەی كە كاروبارەكانی دەوڵەت بەڕێوە دەبەن؛ واتە ئەو دامەزراوەیەی ناو دەوڵەتە، كە ئەركی جێبەجێكردنی سیاسەت ‌و یاسا ‌و بڕیارەكان ‌و بەڕێوەبردنی ڕاستەوخۆی كاروبارە گشتییەكان لە ئەستۆ دەگرێت.

كەواتە بوونی حكوومەت ‌و پێكهێنانی كابینەی وزاری، پێویستییەكی گرنگی فەرمانڕەوایییە ‌و، پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی به‌ ژیانی سیاسی ‌و ئابووریی تاكەكانی كۆمەڵگەوه‌ هەیە. بەپێچەوانەیشەوە پێكنەهێنان ‌و دواكەوتنی لە وادەی سروشتی ‌و ئاسایی، كه‌لتوورێكی خراپ ‌و ناتەندروستە ‌و، سەر دەكێشێت بۆ دروستكردنی بێمتمانەییی زیاتر لە نێوان هاووڵاتی ‌و دەسەڵات. لێرەدا بەگرنگی دەزانین هەڵوێستە لەسەر ئەم چەند خاڵە بكەین، وەك ئاستەنگەكانی بەردەم پێكنەهێنانی كابینەی نۆیەم:

یەكەم/ ناتەبایی ‌و ناكۆكیی ناوخۆیی: ناتەبایی ‌و ناكۆكیی نێوان حزبە سیاسییەكانی ئەم هەرێمە لە قۆناغێكدایە كە وای كردووە، تەواوی كۆمەڵگەی كوردییش بەسەر خۆیاندا دابەش بكەن ‌و، بەرەیەك بكەن بە دژی بەرەیەكی دیكە. ئەمە سەرباری ئەوەی بەشێك لەم حزبە سیاسییانە لێكترازانێكی سیاسی و ئابووری ‌و، تەنانەت كۆمەڵایەتی ‌و ڕۆشنبیرییان لەنێو كۆمەڵگەی كوردیدا دروست كردووە ‌و، هەر ئەم ناتەبایییەیش وای كردووە ئێمە نەتوانین بەرامبەر بە پرسە نیشتمانی ‌و سیاسییەكانی ئەم هەرێمە تۆكمە بین.

دووەم/ لەبەرچاونەگرتنی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی: لە هەموو سیستەمە تەوافوقییەكانی جیهاندا _كە تاكە هێزێك بەتەنیا ناتوانێت حكوومەت پێك بهێنێت_، مەرجی سەركەوتنی ڕێككەوتنی نێوان هێزەكان بریتییە لە هەبوونی ئاستێكی زۆر باڵای هەستكردن بە لێپرسراوێتیی نیشتمانی ‌و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی ‌و چاكەی گشتی ‌و وەلانانی بەرژەوەندیی تایبەتی ‌و حزبی. لێرەوەیە دەكرێت بڵێین ئەم مەرجە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنی بەڕێوەبردنی ئەم هەرێمە، لە نێوان حزبە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستاندا بوونێكی كردەییی نییە. بۆیە بەزەحمەت دەبینین ئەم هێزانە، ئەو هێزانە بن كە بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانیان لە پێش بەرژەوەندیی حزبی ‌و كەسییەوە دابنێن.

سێیەم/ نەبوونی یەكگوتاری: تێكڕای پرسە سیاسی ‌و نیشتمانییەكان لە هەموو دونیادا ‌و لای هەموو میللەتان پرۆسەیەكی چارەنووسسازە و، پەیوەستە بە ئاییندەی‌ هەموو تاكەكانییەوە. هەر بۆیە بۆ سەرخستنی، پێویستیی بە كۆدەنگییەكی‌ نیشتمانی هەیە. بە جۆرێك، دەبێت هەمووان بە حزب و سەركردە و هاونیشتمانیانەوە، لەسەر شێواز و میكانیزمی‌ پێكهێنانی كۆدەنگ بن‌ و، پێكەوە پێداویستییەكانی سەرخستنی دابین بكەن. بەڵام بەداخەوە ئێمە لە هەرێمی كوردستان خاوەنی ئەم جۆرە ڕۆحییەتە نین ‌و، لە ئاست پرسە سیاسی ‌و نیشتمانییەكانیشمان خاوەنی گوتارێكی یەكگرتوو نین.

چوارەم: سەپاندنی ویست ‌و ئیرادەی حزبی: حزبە سیاسییەكانی ئەم هەرێمە، ئەوەندەی شەڕ ‌و ململانێیان لەسەر سەپاندنی ویست ‌و ئیرادە ‌و ڕای خۆیانە بەسەر لایەنی بەرامبەر، هێندە ململانێیان لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی نیشتمان ‌و هاونیشتمانیان نییە. بۆیە بە دید ‌و تێڕوانینی ئێمە، تەواوی هێز ‌و لایەنە سیاسییەكان بە شێواز ‌و قەبارەی جۆراوجۆر، بەم نەفەسەوە مامەڵە دەكەن كە دەیانەوێت ویست ‌و ئیرادە و بەرنامە ‌و داواكاریی خۆیان لەسەر حسابی ئەوی دیكە بسەپێنن، كە ئەمەیش دەرەنجامی خراپی لێ دەكەوێتەوە.

پێنجەم/ ڕەچاونەكردنی تیۆریی ڕێژەیی (نظریة النسبیة/theory of relativity ) لە ململانێی نێوان لایەنەكان: سێ لایەنی سەرەكیی پێكهێنەری كابینەی نۆیەم _پارتی دیموكرات، یەكێتیی نیشتمانی ‌و بزووتنەوەی گۆڕان_ دەیانەوێـت بە تەواوی خواستەكانی خۆیانەوە لە یارییەكە بێنە دەرەوە، لە كاتێكدا وەك دەزانین بەپێی "تیۆریی ڕێژەیی"، هێزی لایەنەكان سروشتی گەمەكە دیاری دەكات ‌و، سەرجەم لایەنەكان دەبێت قورسایی ‌و هێزی خۆیان بزانن. ڕێككەوتنیش واتە سەرجەم لایەنەكان لە دەستكەت بێبەش نابن ‌و هەمووانیش ناچاری بەشێك لە سازش دەكرێن، بەڵام لە پرۆسەی گفتوگۆ ‌و دانوستانی حزبەكانی هەرێمی كوردستان، ئامانجی ڕاگەیەنراو ئەوەیە كە هەمووان براوەن، بەڵام لە واقعی كاركردندا هەر لایەنێك دەیەوێت تەنیا خۆی براوە بێت.

شەشەم/ دەستێوەردانی دەرەكی: دەبینین هەرێمی كوردستان لەژێر كاریگەریی دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەیی ‌و هەرێمی ‌و نێودەوڵەتیدایە ‌و بووەتە گۆڕەپانی دەستێوەردانەكانیان. بێ گومان ڕوونە، كە هەر دەوڵەتێك دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆی دەوڵەتێكی تر بكات بەرژەوەندییەكانی خۆی لەبەرچاو دەگرێت، بەبێ گوێدان بەو دەرەنجامە خراپانەی كە لە ئەنجامی دەستێوەردان لە ناوخۆی وڵاتی دەستێوەردراو دەكەوێتەوە. لێرەوەیش دەبینین ئەم جۆرە لە دەستێوەردان وای كردووە، كە كاریگەریی لەسەر یەكلاییكردنەوەی كێشە ‌و گرفتە سیاسی ‌و یاسایییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان هەبێت.

حەوتەم/ لاوازیی پایەكانی دیموكراسی لە كۆمەڵگەكەماندا: لاوازیی ئیرادەی سەركردایەتیی سیاسیی حزب ‌و لایەنەكان ‌و كۆمەڵگەكەمان بەگشتی بۆ قبووڵكردنی دیموكراسی وەك شێوازێكی گونجاوی فەرمانڕەوایی، بۆتە هۆی دروستبوونی جۆرێك لە بێباكی لای فەرمانڕەوا و سەركردە سیاسییەكان بەرامبەر بە هاووڵاتیان؛ ئەمەیش سەری كێشاوە بۆ لەدەستدانی متمانەی هاووڵاتیان بەم مۆدێلەی ئێستا لە فەرمانڕەواییكردن.

ئەمانە بە دید ‌و تێڕوانینی ئێمە، لە دیارترین ئەو بەربەست ‌و گرفتانە بوون كە ڕێگرن لە بەردەم پێكنەهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

ڕێگه‌چارەكانی وەلانانی ئاستەنگەكانی بەردەم پێكنەهێنانی كابینەی نۆیەم

  • پێمان وایە بۆ ئەوەی ڕێككەوتنی نێوان لایەنەكان سەركەوتوو بێت، پێویستە بەرژەوەندی ‌و ئامانجە باڵاكانی نیشتمان ‌و هاونیشتمانییان چوارچێوەی ڕێككەوتنەكان بن ‌و لایەنەكان لەگەڵ یەك ڕاستگۆ بن و، باشترین ڕێككەوتنیش ئەوەیە هەموو هێزە سیاسییەكان لە دەلاقەی بەرژەوەندییەكانی خەڵكییەوە تەماشای بكەن، نەك چنینەوەی بەرژەوەندییەكانی خۆیان، چونكە لە كۆتاییدا ئەوەی ئەوان دەبێت لەسەری ڕێك بكەون ‌و بسازێن، دەبێت ڕەهەندی نیشتمانی ‌و نەتەوەیی لەخۆ بگرێت.
    • تەبایی ‌و وەلانانی ناكۆكیی ناوخۆیی لە نێوان حزبە سیاسییەكانی ئەم هەرێمە لەم قۆناغەدا گرنگە، چونكە ناوچەكە لە بەردەم كۆمەڵێك گۆڕانكاریی سیاسیی نوێدایە؛ كوردیش تەنیا بە یەكگرتوویی و تەبایی ‌و یەكهەڵوێستی و یەكگوتاری دەتوانێت ڕووبەڕووی هەڕەشەكان ‌و چنینەوەی دەرفەتەكان ببێتەوە.
    • سەپاندنی ویست ‌و ئیرادەی تاك ‌و دەنگدەری كوردستانی، دەبێت پێش ویست ‌و ئیرادەی حزبی بخرێت، تاكوو دواجار متمانە لە نێوان هاووڵاتی و دەسەڵات، بگەڕێتەوە دۆخی سروشتیی خۆی.
    • ڕەچاونەكردنی تیۆریی ڕێژەیی لە دانوستان ‌و گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەم مامه‌ڵه‌یه‌كی هه‌ڵه‌یه‌ و، سەرجەم لایەنەكان دەبێت قورسایی ‌و هێزی خۆیان بزانن، بۆ ئەوەی ئەرك ‌و بەرپرسیارێتیی هەر یەكێكیان لەناو حكوومەتی داهاتوودا ڕەنگ بداتەوە.
    • ده‌بێت دەستێوەردانی دەرەكییش لەناو پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان سنووردار بكرێت.
    • ده‌بێ پایەكانی دیموكراسی ‌و دانانەوەی نرخ ‌و بەها بۆ دەنگی دەنگدەران باشتر بچه‌سپێنرێن، چونكە بیرمان نەچێت دەنگدەری كوردستانی، حەوت مانگە دەرەنجام ‌و بەها و نرخی دەنگەكەی لەسەر ئەرزی واقع نەبینیوە، كە خۆی لە پێكهێنانی كابینەی نوێ دەبینێتەوە‌.

بە دید ‌و تێڕوانینی ئێمە ئەم خاڵانە لە دیارترین ئەو ڕێگه‌چارانەنن كە دەشێت ببن بە دەسپێكی وەلانانی ئاستەنگەكانی بەردەم پێكنەهێنانی كابینەی نۆیەم.

كۆتایی

دید و تێڕوانینی جیاواز لە نێوان هێز ‌و لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرسە جۆربەجۆرەكان بەگشتی ‌و پرسی پێكهێنانی كابینەی نۆیەم بەتایبەتی، لە بنەڕەتدا شتێكی سروشتییە، بەڵام زۆر گرنگە ئەو ململانێیانە لە چوارچێوەیەكی ڕەوا ‌و ئاساییدا بمێنێتەوە ‌و نەگاتە ئاستی بنبەست. گرنگیشە تەواوی هێز ‌و حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، ئەم قۆناغە نەخوازراوە تێ پەڕێنن ‌و، قۆناغی ڕێككەوتن ‌و ئاشتەوایی ‌و ئاساییكردنەوە دەست پێ بكەن. چونكە بێ گومان لەم دۆخەدا ململانێی ناتەندروست بە كەڵكی خەڵك و وڵات و نیشتمان نایەت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples