ڕاگەیاندن لە نێوان ئازادی و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیدا

پێشەکی

ئەمڕۆ دنیای ڕاگەیاندن هێندە فراوان و گشتگیر بووە، هیچ بابەتێک نەماوە ڕۆژانە ڕاگەیاندنکار نەیکەنە پرس و، بیرۆکەی خۆیانی لەسەر دەرنەبڕن. ئەم بەرفراوانییە، خۆی لە خۆیدا لایەنی ئەرێنی و نەرێنیی لێ دەکەوێتەوە، بۆیە ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان بەرەی ڕاگه­یاندن و بەرەی دەسەڵات، ئەگەر بە یاسا ڕێک نەخرێت و پێڕەوی گونجاوی بۆ نەدۆزرێتەوە، ڕەنگە ئاکامە نەرێنییه­کانی لەسەر حسابی جەماوەر تەواو ببێت. فەلسەفەی سیاسیی پێڕەوکراو لە هەر وڵات، چونێتیی ئیدارە و دەستنیشانکردنی جۆری تێڕوانینی پیاوانی دەوڵەت لەسەر دەزگای ڕاگەیاندن، دەستنیشان دەکات. ڕاگەیاندن، لەو کاتەی کە فەرمان لە پێڕەوی سیاسیی کۆمەڵگه وەردەگرێت، لە ڕاستیدا لە خزمەت ڕاگرتنی باری ئاسایشی کۆمەڵگەی سیاسیی خۆیدایه‌ و دەبێتە سەکۆیەکی ئازاد بۆ دیاڵۆگی بونیادنەرانە، دیاڵۆگێش لە سەر سێ پێگە بەندە کە ئەوانیش ئازادیی، راستگۆیی و هوشیارییە.

ئازادی و بەرپرسیارێتی، دوو چه­مکی تەواوکەری یەکترن؟ یان ڕاگەیاندن، بە خراپ بەکارهێنانی ئازادی، خۆی دەبێته‌ هۆی پێشێلکردنی مافی گشتی و، دەزگای دادوەریش بە هۆکاری بەرپرسیارێتی، ئازادیی ڕاگەیاندن پێشێل دەکات؟ لەم وتارەدا تیشک دەخەینە سەر بواری ئازادی، بەرپرسیارێتی، ئەخلاقی ڕاگەیاندن و بارودۆخی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان.

١- ئازادیی ڕاگەیاندن

 سیسته‌می ئازادیی ڕاگەیاندن، بەرهەمی سەردەمی ڕۆشنبیری و سیاسەتی ئازادیخوازییە. فەلسەفەی ئازادیخوازی لەسەر ئەم بنەمایە داڕێژراوە، کە مرۆڤ توانای جیاکردنەوەی باش و خراپی لە یەکدی هەیە. گرنگترین ئەرکی دەوڵەتیش، دەستەبەرکردنی ئارەزووی تاکی کۆمەڵگه و پەرەپێدانی ئاستی ڕۆشنبیرییە. لە پێڕەوی ئازادیخوازدا، ڕاگەیاندن ئامرازی حکوومه‌ت نییە، بەڵکوو زیاتر پێشانگای بڵاوکردنەوەی ڕاستی ­و شیکاری بابەتی هەستیاری سەردەمی کۆمەڵگه‌ی خۆیەتی. بە شێوەیەک كه‌ خەڵک لە ڕێگەی ئەم جۆرە سیسته‌می ڕاگەیاندنەوە چاودێری حکوومەت دەکەن.

لایەنگرانی ئازادیی ڕاگەیاندن، پێیان وایە كه‌ ڕاگەیاندن لەگەڵ ڕەخسانی هەلومەرجی ئازادیی تەواودا، ده‌ست بە ئەنجامدانی ئەرکی سەرەکیی خۆیان ده‌كه‌ن، کە بریتییە لە  پێشکەشکردنی جۆرێک لە ڕاپۆرتی ڕەخنەئامێز، کە دەبێتە هۆی خزمەت بە ئازادیی ڕاگەیاندن، چاودێریی وردی حکوومەت، نە‌هێشتنی گەندەڵی و دەستەبەرکردنی زانیاریی پێویست، بە مەبەستی گەشەسەندنی دیموکراسی. سیسته‌می ئازادیی ڕاگەیاندن کە لە سێ سەدەی ڕابردوودا، لە وڵاتانی ڕۆژاواوه‌ سەرچاوەی گرتووە، لە سێ پرەنسیپی سەرەکی پێک هاتووە، کە بریتین لە:

  - ئەنجامی کاری بێ سانسور و ئازادنە   

  - سەربەخۆیی و بێلایەنی

  - گشتگیری و هەمەڕەنگی

٢- بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیی ڕاگەیاندن

 تێوریی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی لە بواری ڕاگەیاندن، بە هۆی ئەو ڕەخنانەی ئاراستەی تێورییه پێشووه‌کانی، بەتایبەت تێوریی ئازادیی ڕاگەیاندن دەکرا، هەروەها بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفت ­و ڕەخنانەی خوارەوە، بۆ یەکەم جار لە لایەن کۆمیسیۆنی ئازادیی ڕاگەیاندنی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، هاتە کایەوە.

- بازاڕی ئازاد، نەیتوانی بەڵێنەکانی تێوریی ڕاگەیاندنی ئازاد وه‌ڵام بداتەوە و، بەرژەوه‌ندییه‌ چاوەڕوانکراوەکانی کۆمەڵگه‌ی سەردەمی خۆی دەستەبەر بکات.

- ڕاگەیاندنی ئازاد، هێزی سیاسی و توانای ئابووریی گرووپێکی دیاریکراوی کۆمەڵگه‌ی بەرز کردبووەوە.

- ڕاگەیاندنی نوێ، پێویستیی بە ئیدارەکردن و پەرەپێدانی ئازادی، هاوڕا لەگەڵ بەرپرسیارێتیی گشتییە.

 لە تێوریی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیی ڕاگەیاندندا، وەک بنەمایەک، پێویستە لەو کاتەی­ کە وه‌ڵامی پێداویستیی خوێنەری خۆی دەداتەوە، لە بەرامبەر کار و چالاکییه‌کانیدا بەرپرسیارێتیی هەبێت. ئەمە بەو مانایە دێت کە ئازادی و بەرپرسیارێتی، دوو ڕووی یەک دراون؛ بۆیە ئەم تێورییه‌، یەکلایەنە سەیری کاری ڕاگەیاندن ناکات. لایەنگره‌كانی، باوەڕیان وایە کە ئەم تێورییه‌، توانای ئەو ئەرکە قورسەی هەیە کە لە نێوان سێ پرەنسیپی بەڕەواڵەت ناسازگاری ئازادیی تاک و ئازادیی ڕاگەیاندن لە لایەکەوە و، بەڵێن و بەرپرسیارێتیی ڕاگەیاندن لە بەرامبەر کۆمەڵگه‌دا لە لایەکی ­ترەوە، هاوسەنگی دروست بکات و بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئه‌و گرفتانه‌ی كه‌ تێوریی ڕاگەیاندنی ئازاد لە بواری پراکتیکیدا دووچاری ببوو، ڕێگەچارەیەکی گونجاو بدۆزێتەوە. سیسته‌می ئازادیی ڕاگەیاندن، لە هەوڵی هاندانی هەستی تاکی کۆمەڵگه‌دایە بە مەبەستی دیاریکراوی خۆی، بۆیە هەموو ڕاستییه­کان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا ناکات، بەڵکوو لە هەندێ باردا بابەتەکان بە مەبەستی سیاسی و ڕاکێشانی ڕای شەقام، دابەش و دەستکاری دەکات. هەروەها، دەکرێ چاوەڕوانیی پرسی لەم جۆرەیش لە سیسته‌می بەرپرسیارێتیی ڕاگەیاندن بکرێت، بەڵام بە هۆی بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقی، کە لە ئەستۆیانە، به‌ نیسبەت ئەم بابەتانە هەستیارترن. بۆیە بە بۆچوونی لایەنگرانی سیسته‌می بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی، ڕێژەی باوەڕ بە بابەتە بڵاوکراوەکان، زۆر زیاترە لە سیسته‌مەکانی ­تری ڕاگەیاندن.

وشەی "باوەڕ"، بۆ یەکەم جار لە لایەن "دیفلیر [1]"، بە مەبەستی شیکاری پەیوەندیی سێ ڕەگەزی خەڵک، ئامراز و کۆمەڵگه، کەڵکی لێ وەرگیرا. باوەڕی خەڵک بە زانیارییه‌ بڵاوکراوەکانی ڕاگەیاندن، یەکێ لە تایبەتمەندییه‌كانی کۆمەڵگه‌ی نوێیه‌، بە شێوەیەک کە خەڵک چاوەڕێی وەرگرتنی زانیاریی ڕاست و دروست لە ڕاگەیاندن دەکەن و جۆریک لە باوەڕ لە نێوانیاندا دەستەبەر بووە، کە بە هۆی بەلاڕێبردنیدا لە سەردەمی سیسته‌می ڕاگەیاندنی ئازاد، بەدی نەدەکرا.

٣- ڕاگەیاندن و ئەخلاق (ڕاگەیاندنی ئەخلاقمەند)

لایەنگرانی سیسته‌می بەرپرسیارێتیی ڕاگەیاندن، باوەڕیان وایە لە کاری ڕاگەیاندن پابەندی بە بنەماکانی ئەخلاقەوە، یەکێکە لە پرەنسیپەکانی ئەم سیسته‌مە. چونکە پێشتر، ڕاگەیاندنکار تەنیا خۆی بە بەند و بڕگە یاسایییەکانه­وە دەبەستەوە و، هیچ گرنگیی بە پاراستنی ڕفتار و ڕەوشتی گشتیی ئەو سەردەمە نەدەدا. ڕاستییه‌كه‌ی، ئەو یاسا نەنووسراوانەی کە لە پرەنسیپەکانی کاری هەر ڕاگەیاندنێکی ئەخلاقگەرادایە، پشتگوێ خرابوو. بە واتایەکی تر، لە سەدەی نۆزدەدا هەر وەکوو ئیستای هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندن چەکێکی کوشندە بوو لە دەستی حزبه‌كاندا، تا ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ "لوته‌ر موت" شارەزای بواری ڕاگەیاندن، ئەو دەورانەی، بە دەورانی ڕەشی ڕاگەیاندنی حزبی ناو بردووە. هەروەها، سەرۆککۆماری ئەو کاتەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تۆماس جیفرسۆن، هەرچەندە لەگەڵ ڕاگەیاندن زۆر بەنەرمی هەڵسوکەوتی دەکرد و دژی دەرکردنی یاسایەک بوو بۆ سنووردارکردنی ئازادیی ڕاگەیاندن، بەڵام ڕاگەیاندنی بە "لاپەڕەی پیس" ناوزەد دەکرد، کە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی گەندەڵیی هزری و ناڕاستی لە کۆمەڵگه‌دا.

ئەنجوومەنی ئازادیی ڕاگەیاندنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەڵێت: داواکارییه‌کانی کۆمەڵگه‌ی ئەمریکی، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دیاریکردنی بەرپرسیارێتیی قورستر بۆ ڕاگەیاندنی نێوخۆیی، بۆ خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی ڕاگەیاندن، هەڵخەڵەتاندنی خەڵک، هەواڵی ناڕاست و هێرشی بێبەڵگە بۆ سەر ژیانی تاک. ئەم جۆرە هەڵسوکەوته‌ی ڕاگەیاندن، گومانی سه‌باره‌ت بە ڕاگەیاندن زۆرتر کردووە. ڕەخنەی توندیان ئاراستە دەکرێ کە ئەم بێباوەڕییه‌، خۆی لە خۆیدا لاوازیی ڕۆڵی  ڕاگەیاندن و تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵگەی لێدەکەوێتەوە.

ڕاگەیاندن، بە گرنگیدان بە بوارێکی تایبەت و چاوپۆشی لە بوارەکانی ­تر، ڕای گشتی بۆ ئامانجی دیاریکراو ڕادەکێشن. شارەزایانی بواری ڕاگەیاندن باوەڕیان وایە، هەواڵ لە هەر كوێوه‌ سەرچاوە بگرێت و لە لایەن هەر کەسێکەوە داڕێژرێت، هێزی تایبەت بە خۆی خەڵق دەکات. ئەم پرەنسیپە، تەنیا بە مانای بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاریی سیاسی لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە نییە، بەڵکوو هەرچی ڕاگەیاندن، توانای بەرهەمهێنان و سازدانی دیالۆگ و قەبووڵی بەرپرسیارێتیی خۆی بەرز بکاتەوە و پیشەییتر کار بكات، جێگە و پێگەی گرنگتری لە بەڕێوەبردنی حوکمڕانیی وڵاتی پێ دەسپێردرێت. هێزی کاریگەری ڕاگەیاندن، نابێت لە خزمەت هیچ حزب و لایەنێکی دیاریکراوی سیاسیدا بێ و، لە هەمان کاتدا ناکرێ بێلایەن بمێنێتەوە، بەڵکوو پێویستە سه‌ركردایه‌تییه‌كی سیاسی پێک بێنێت کە بەرژەوەندیی گشتی، وەکوو پیشەی سەرەکیی خۆی دەستنیشان بکات.

ئەگەر ڕاگەیاندن، زانیاریی پێویست و دروست لە هەموو بوارەکاندا بڵاو بكاته‌وه‌، هەروەها ڕێز لە ژیانی تایبەتیی تاک و بەها بەرزەکانی کۆمەڵگه بگرێ، ئەمە بەجێگەیاندنی بەشێکە لە بەرپرسیارێتی، کە لە ئەستۆی ڕاگەیاندنە. بەشه‌کەی تری، بۆ تێڕوانینی خەڵک سەبارەت بە بابەتە بڵاوکراوەکان دەگەڕێتەوە. بۆیە، ئه‌م پرسیاره‌ دێتە گۆڕێ کە ئایا بەرپرسیارێتی لە کوێوه‌ سەرچاوە ده‌گرێ و چۆن لەگەڵ تێورییه‌ یاسایییەکان و ئەخلاقدا، هەماهەنگ و کارا دەکرێت؟   

بەرپرسیارێتیی ڕاگەیاندن، لە پراکتیککردنی ئەرک و دەسەڵاتەکانییه‌وه‌ سەر هەڵدەدات، بۆیە دەکرێ لە سێ پرسدا ئاماژەی  پێ بکرێت.

- بەرپرسیارێتیی نیشتمانی- کۆمەڵایەتی:

 ئەم بەرپرسیارێتییه‌، به‌ شێوەی یاسای نووسراو نییە، بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ ئەخلاقی ڕاگەیاندنکار و، بە ئەرکی سەرەکیی خۆی دەزانێ. وەکو بەڵێن و ئەرکی ڕاگەیاندن لە بەرپرسیارێتی به‌رامبه‌ر بە یەکپارچەییی نیشتیمان.

- هێزی کاریگەربوون: 

هێزی ڕاگەیاندن، نەك بە پێوەری ماددی، بەڵکوو بە پێوەری مەعنەوی، کە بریتییە لە ڕێز و باوەڕی کۆمەڵگه بە بڵاوکراوەکانی ڕاگەیاندن، هەڵدەسەنگێندرێ. ڕۆڵی کۆمەڵگه و جیاوازیی کۆمەڵگه‌ی ڕۆشنبیر، لێرەدا بەدیار دەکەوێت. لە نێوان هێز و بەرپرسیارێتیی ڕاگەیاندندا، کە لە کۆمەڵگه‌وە بەدەست دەێت، پەیوەندییه‌كی ڕاستەخۆ هەیە. چه‌ندی هەست بە بەرپرسیارێتی سه‌باره‌ت به‌ بابەتە هەستیارەکانی کۆمەڵگه زیاتر بێت، هێزی ڕاگەیاندن لە کۆمەڵگه‌دا زیاتر هەستی پێ دەکرێ و، پابەندیی تاکی کۆمەڵگه بە ناوەڕۆکی ڕاگەیاندنەوە زیاتر دەبێت.

زانیاری:

 ئەم بڕگەیه‌، بۆ زانیاریی ڕاگەیاندنکار دەگەڕێتەوە، کە تا چ ڕادەیەک بەرامبه‌ر ئەرک و ڕۆڵی ئاسایشیی خۆی لە کۆمەڵگه‌دا بەرپرسە و، زانیاریی له‌سه‌ر هەیە. بۆیە، پێویستە ئەم کەسانە بە شێوەیەکی زانستی،  پیشەی ڕاگەیاندن فێر بووبن. ئەم بابەتەی کە ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کورستان زۆر گرنگیی پێ نادەن و ڕاگەیاندنکاران زۆر جار بە هۆی پروفیشناڵنەبوونیان، توانای کەڵکوەرگرتنیان لەو دەرفەتە یاسایییەی کە لە بواری کاری خۆیاندا بۆیان ڕەخساوە نییە و، تەنیا خۆیان بە کاری لاوەکی و شەقامپەسەندەوە خەریک دەکەن.

  ئەنجام و ڕاسپاردە

لە پراکتیککردنی یاسای ڕاگەیاندندا، دوو ڕەگەزی ئازادی و بەرپرسیارێتی بەدەر دەکەون و، دەزگای دادوەری، بە سەرنجدان لە سیسته‌می ڕاگەیاندن، بڕیار لەسەر بەربڵاوترکردنی پانتای ئازادی و، کەممەوداتر­کردنی بەرپرسیارێتیی ڕاگەیاندن، یان بەپێچەوانەوە دەدات. ئازادی و بەرپرسیارێتی، دوو ڕووی یەک دراون و، ئازادی بەشێکی زۆری بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی لەخۆ دەگرێت. لەسەر ئەم بنەمایە، ئازادی، مافی سروشتی و بێبەرامبەر نییە، بەڵکوو مافێکی مەرجدارە بە بەرپرسیارێتی، کە مرۆڤ لە بەرامبەر خۆی و کۆمەڵگەدا هەوڵی بۆ داوە.

 لە نێوان بۆچوونی کلاسیکی ئازادی و بوونی بەرپرسیارێتیی ڕاگەیاندندا دژایەتی نییە. بەرپرسیارێتی، وەکوو ڕێزگرتن لە یاسا، خۆی لە خۆیدا بەربەستی ئازادی نییە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، دەتوانێ سەرچاوەی جۆرێک لە ئازادیی ئەرێنی بێت. بەڵام بەرپرسیارێتی، لەگەڵ ئازادیی بێسنووردا دژایەتیی هەیە. لە زۆر باردا لە ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان، ئازادی بەم شێوەی کە بوونی هەیە، ڕواڵەتێکە لە نەبوونی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی، کە سنووری ئازادیی ڕاگەیاندنی تێ پەراندووە و، ڕاستییه‌كه‌ی، بووەتە هۆی چەواشەکردنی ڕای گشتی و مەترسی لەسەر یەکپارچەییی خاکی هەرێم.

 هەروەک چۆن دیموکراسی و ڕاگەیاندن، دوو چەمکی پێكه‌وه‌گرێدراون و تەواوکەری یەکدین و، ئەگەر دیموکراسی لە کۆمەڵگه‌دا بوونی هەبێت، هێز و ئازادیی ڕاگەیاندنیش بوونی دەبێت و دەتوانێت ڕاگەیاندن وەک ناوەندێکی میدیا، بکاتە هێزێکی کارا، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌، بەرپرسیارێتی و ڕاگەیاندنیش دوو ڕووی یەک دراون و تەواوکەری یەکترین. دیموکراسی، بەبێ ئازادیی ڕاگەیاندن بوونی نییە و، ئازادیش تەنیا لە سیسته‌مێکی بەرپرسدا دەوام دێنێت. لە کۆمەڵگه‌ی ئێمەدا بە هۆی لاوازبوونی ئاستی ڕۆشنبیریی یاسایی، یان بەهەڵەتێگەیشتن لە چەمکی ئازادیی ڕاگەیاندن، ئەگەر ئاماژە بە بەرپرسیارێتیی ڕاگەیاندن بکرێت، بە ‌هێرشکردنە سەر ئازادی و سنووردارکردنی، شرۆڤەی بۆ دەکرێت. لە کاتێکدا، ڕاگەیاندن بەبێ بەرپرسیارێتی، دەرەنجامەکەی فەوزایە، کە بەداخەوە، دووچاری ڕاگەیاندنی ئێمە بووەتەوە. پێویستە ئەم بابەتە بۆ تاکی کۆمەڵگه‌ و ڕاگەیاندنکارانیش لە هەرێمی کوردستان ڕوون بکرێتەوە، کە کەس لەگەڵ سانسووری ئەقڵ، بیرکردنەوە، قەڵەم و چونێتیی ڕادەربڕیندا نییە. بەڵام ئازادیی بێسنوور، واتا ئازادیی بەبێ بەرپرسیارێتی، خۆی لە خۆیدا مەترسییە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و یەکپارچەییی وڵات و، هاندەرە بۆ بیرۆکەی توندوتیژیی ئایینی، بەتایبەت ئەگەر ڕاگەیاندنێکی پرۆفیشناڵ، بوونی نەبێت. بۆیە، دەبێت ڕاگەیاندن لە نێوان ئازادی و بەرسیارێتیدا گەمارۆ بدرێت و ببێتە وێستگەیەك بۆ خەڵک، بە مەبەستی ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی چەوتی حوکمڕانی.  

بەڵام ئەوەی لە ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە، لە زۆربەی یاساكانی ڕاگەیاندنی وڵاتە گەشەسەندووکاندا، بەرپرسیارێتیی شارستانی و سزایی لێ دەکەوێتەوە، مەگەر بتوانن لە بەشی شارستانی، بە پشتبەستن بە پرەنسیپی "ڕاستی، هەمیشە یەک بەرگرییە"[2] بەڵگەی ڕاستی و دروستیی بابەتی بڵاوکراو بخەنە ڕوو و، لە بەشی تاواندا، ئاماژە بە ڕاستیی بابەتی بڵاوکراوە لە بارێکدا دەکرێت، کە ڕاگەیاندن بە هۆی بەرژەوەندیی گشتییەوە ئه‌م كاره‌ی ئه‌نجام دابێت. بۆیە، ئازادیی ڕاگەیاندن مافێکی ڕەها نییە و لە هەر جێگایەک  مەترسیی بێت بۆ سەر وڵات، یان ببێتە هۆی پێشێلکردنی ماف و ئازادییه‌ گشتییەکانی تاک و کۆمەڵگه، پێویستە سنووردار بکرێت. ئەم خاڵانەی خوارەوە وەکوو ڕاسپاردەیەک، بە مەبەستی ڕچاوکردنی لە پرۆژەیاساکانی داهاتوودا دەخەینە ڕوو:

- ئازادیی ڕاگەیاندن بەرهەمی خەباتی شارستانیی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتییە. هیچ کەس و لایەنێک، جگە له‌ یاسا، مافی سنووردارکردنی ئەم ئازادییەی نییە. بۆیە، پێشنیاری ئازادیی ڕاگەیاندن لە ئاستی سیسته‌می دیموکراسیی لیبراڵیدا دەکەین، بەڵام بە ڕه‌چاوکردنی ڕەگەزی بەرپرسیارێتی.

- هەوڵ بدرێ ڕاگەیاندنکاری پرۆفیشناڵ، لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی کۆلیژ و بەشی ڕاگەیاندنه‌وه‌، په‌روەرده‌ بكرێ.  

- پێویستە لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ڕاگەیاندنی حزبی­، ڕاگەیاندنێکی نیشتیمانی بە مەبەستی پەروەردەکردنی نەوەیەکی نیشتمانپەروەر، بوونی هەبێت.

 

[1] Defleur

[2] Trouth is always a defence

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples