پرۆگرامی ناوەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆریای باکوور

پێشوتار:

دیواری بەرگریی ناوەکیی کۆریای باکوور لە بەرامبەر هەموو وڵاتانی دنیادا، لە ڕونگەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایەوە، زێده‌خوازی و چاوچنۆكیی سەرۆکی ئەم وڵاتەیە کە بووەتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار و، بەرەنگاربوونەوەی لە ئێستادا زۆر درەنگە و مەترسییەکانی ئەمریکای لە ناوچەکەدا دووچەندان کردووە کە چالاکیی پرۆگرامی ناوەکیی هاوشێوەی کۆریای باکوور لە لایەن وڵاتانی یاخیبوو لە ناوچەکەدا سەر هەڵنەدات. هەر لەمبارەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دووپات دەکاتەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سیاسەتی بەڕێوەبردنی پرۆگرامە ناوەکییه‌کەیدا پەیڕەوی لە مۆدێلی کۆریای باکوور دەکات. بۆیە پرسیارێك دێتە پێش: ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران پابەندی ڕێککەوتننامەی ناوەکیی نێوانیانە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ وەکوو پرۆگرامی کۆریای باکوور هەژماری دەکات؟ ئایا لە ڕوانگەی ستراتیژیی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، پێویستە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو وڵاتی لیبیا بڕیار لەسەر کۆی پرۆگرامی ناوەکیی خۆی بدات؟ مەبەستمانە لە خوارەوە توێکاری بۆ پرسی پرۆگرامی ناوەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەردەمی حکوومەتی پێشوو و ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بکەین.

١- ئۆباما و پرۆگرامی ناوەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران

دۆناڵد ترامپ لەگەڵ هەڕەشەی هەڵوەشانەوی ڕێککەوتننامەی ناوەکیی وڵاتانی ٥+١ و  کۆماری ئیسلامیی ئێران (کە لەمەو پاش لەم وتارەدا بە برجام ناوی دەبەین)، بەو شێوەی کە حکوومەتی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەردەمی باراک ئۆباما واژۆی کردووە، دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دوچاری گرفتێکی چاوەڕواننەکراو کردووتەوە. شەخسی دوناڵد ترامپ، باوەڕی وایە برجام زیاتر لەوەی لە بەرژەوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بێت لە بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە و، داهاتووی پرۆگرامی ناوەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوشێوەی کۆریای باکوورە. بۆیە گەمارۆ نوێیەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کاتێکدا دژی ئەم دوو وڵاتە جێبەجی دەکرێن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەندامە لە پەیمانی "بەرگریی پەرەپێدانی چەکی ناوەکی" و، لە لایەکی تره‌وە بە گوتەی خۆیان هیچ جۆرە لادانێک لە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پروگرامی ناوەکیی ئەم وڵاتە بەدی ناکرێت.

تایبەتمەندیی پرۆگرامی ناوەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆریای باکوور جیاوازن، بەڵام گەمارۆ داسەپاوەکان بەسەر ئەم دوو وڵاتەدا هاوشێوەن. وەزیری دەرەوەی پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وتارێکدا دەڵێت: "پرۆگرامی ناوەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو کۆریای باکوورە نییە و، دۆسییەی ئێمە چارەسەر دەکرێت." بەڵام ڕوونی ناکاتەوە بە چ شێوەیە چارەسەر دەکرێت. ئەم گوتانە لە لایەن کاربەده‌ستانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، زۆر جار هۆکاری زیادبوونی گەمارۆی ئابووریی سەر ئەم وڵاتەن. چونکە لەم وتانە بەدیار دەکەوێت کە پرۆگرامی ناوەکیی ئەوان بەشێکی سەرەکییە لە ستراتیژیی ئەم وڵاتە و، چاوەڕوان ناکرێت هیچ کات پەیڕەوی لە مۆدێلی لیبیا بۆ چارەسەرکردنی پرۆگرامەکەیان بكات و، کۆی پرۆگرامی ناوەکیی خۆیان ڕادەستی ڕۆژاوا بکەن و پرۆگرامی ناوەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەکوو کۆریای باکوور بەشێکی دانەبڕاوە لە ستراتیژیی درێژخایەنی ئەم وڵاتە. بۆیە ئەم بیرۆکەیە لای بەشێکی زۆر لە شرۆڤەکارانی ڕۆژاوا دروست بووە، کە تاران لە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ناوەکیدایە و، مەترسییەکانی کۆریای باکوور به‌بیریان دێنێتەوە.

شرۆڤەکارێکی ڕۆژاوایی دەڵێت كه‌ ڕەتکردنەوەی مۆدێلی کۆریای باکوور لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، جگە لەوەی بابەتێکە بۆ میدیاکان، هەڵگری پەیامێکە بە مەبەستی بێدەنگکردنی وڵاتانی ڕۆژاوا، بەتایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شوێن چەکی ناوەکییەوە نییە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەستبەرداری مافی خۆی بە مەبەستی بەدەستهێنانی پرۆگرامی ناوەکیی ئاشتیخوازانە، نابێت. ئەمە لە کاتێکدایە مەودای نێوان چەکی ناوەکیی سەربازی و ئاشتیخوازییانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر کورتە و، بە گوتەی سەرۆکی ئاژانسی وزەی ناوەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، چالاکیی پرۆگرامی ناوەکیی ئەم وڵاتە بۆ پێش برجام دەگەڕێتەوە.

لە لایەکی ترەوە بە هۆی برجامەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە هەوڵی ئەوەدایە لە دەرەوەی پرۆگرامی ناوەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بازنەی گەمارۆکانی سەر ئەم وڵاتە توندتر بکات و، بیگوازێتەوە بۆ بوارەکانی مافی مرۆڤ، تیرۆریزم و ڕۆڵی خراپی ئەم وڵاتە لە ناوچەکەدا؛ چونکە کاربەدەستانی نوێی کۆشکی سپی، باوەڕیان وایە حکوومەتی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەباشی کەڵکیان لەو کۆدەنگییه‌ نێودەوڵەتییەی کە دژی پرۆگرامی ناوەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدەست هاتبوو، وەرنەگرتووە. لە داسەپانی گەمارۆ ئابوورییه‌ نێودەوڵەتییەکانی سەر پرۆگرامی ناوەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێش واژووکردنی برجام، سێ چاوەڕوانیی لە لای شرۆڤەکارانی تایبەت بەم بوارە دروست کردبوو کە بریتی بوون لە:

  • دەستبەرداریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پرۆگرامی ناوەکی و سەرکەوتنی گەمارۆکان.
  • بەرگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەگەری هێرشی سەربازی.
  • بەرگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پاشەکشێی ڕۆژاوا.

 لە ئێستادا ئاشکرایە خاڵی یەکەم، واتا دەستبەرداریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پرۆگرامی ناوەکی کە بەرهەمی گەمارۆ ئابوورییەکان بوو، بەدی هاتووە، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێی وایە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەرداری چەکی ناوەکی بە شێوەیەکی کاتی بووە و، لە هەمان کاتدا پابەندی ڕۆحی ئەو ڕێککەوتننامەیە نەبووە. بۆیە هەندێ هەوڵی نوێیان گرتۆتە بەر و، لە ئێستادا کۆمارییه‌کان باوەڕی تەواویان بە گەمارۆی ئابووری هەیە و، وڵاتانی ڕۆژاوا ئەزموونی سەرکەوتوویان سەبارەت بە گەمارۆی ئابووری دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە و، پەسەندکردنی بڕیاری ٥٩٨ی ئەنجومەنی ئاسایش لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆتاییهاتنی جه‌نگی عێراق- ئێران و، هەروەها چوونە ژێر ڕکێفی دانوستان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوا سەبارەت بە پرۆگرامی ناوەکی، لە ئاکامی گەمارۆ ئابوورییه‌ نێودەوڵەتییەکاندا دەزانن؛ چونکە کۆماری ئیسلامیی ئێران تا پێش گەمارۆکان، لە جه‌نگی ئەم وڵاتە لەگەڵ عێراقدا خوازیاری جه‌نگ تا سەرکەوتنی کۆتایی بوو و، هەروەها دانوستانیان سەبارەت بە پرۆگرامی ناوەکیی خۆیان بە هێڵی سوور لە قەڵەم دەدا. بۆیە حکوومەتی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باوەڕی تەواوی بە گەمارۆی ئابووری دژی ئەم وڵاتە هەبوو؛ هەرچەندە هەر لە سەردەمی حکوومەتی ئۆبامادا ٢٤ شارەزای بواری کاروباری کۆماری ئیسلامیی ئێران نامەیەکیان ئاراستەی باراک ئۆباما کرد و، باوەڕیان وابوو گەمارۆی ئابووری، چالاکیی پرۆگرامی ناوەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاناوەستێنێت.  

٢- ستراتیژی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

کاربەدەستانی حکوومەتی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باوەڕیان بە بەڵێنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی برجامدا نییە و، دڵنیان لەوەی کە ئەم وڵاتە پەیڕەوی لە مودێلی کۆریای باکوور دەکات. بۆیە لە ئێستادا کە دوو ساڵ لە جێبەجێکردنی برجام تێپەڕ دەبێت، سێ ستراتیژیی نوێیان سەبارەت بەم بابەتە لە پێش چاوە، کە بریتین لە:

  • گوشارخستنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دانوستانی دووبارە

 بابەتێکی گرنگ کە کاربەدەستانی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شرۆڤەی  بۆ دەکەن، پێگەی هێزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە وەکوو وڵاتێکی زلهێزێکی جیهانی کە لە دانوستانەکاندا لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، کە هێزێکی ناوچەیییە، بە هۆی لاوازیی حکوومەتی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە ڕەچاو نەکرابوو. بۆیە ئێستا لە هەوڵی گەڕانەوەی ئەو دانوستانانەن، بۆ سەپاندنی داواکارییەکانی خۆیان بەسەر ئەم وڵاتە. لە لایەکی ترەوە، سیاسەتمەدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی کلاسیکی بۆ ڕەواندنەوەی هێزی دەرەکی دژی وڵاتەکەیان، سوودیان لە نەیاران، یان ڕكابه‌ره‌کانی ئەوان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا وەرگرتووە: لە سەردەمی "جه‌نگی سارد"دا لە هێزی سیاسی و سەربازی (چەکی ناوەکی)ی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ڕەواندنەوەی مەترسیی داگیرکردن لە لایەن ڕووسیاوە سوودمەند بوون و، پاش شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە چوارچێوەی دانوستانە ناوەکییەکاندا بە کەڵکوەرگرتن لە ڕووسیا و فەڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا، خۆیان لە هێرشی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕزگار کردووە.

حەسەن ڕۆحانی، کە ماوەیەک سەرۆکایه‌تیی تیمی دانوستانی ناوەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوای پێ سپێردرابوو، لە په‌رتووكی یادەوەرییەکانیدا دەنووسێت: "سیاسەتی سەرەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دانوستان لەگەڵ وڵاتە ئەوروپییەکاندا، دروستکردنی درز لە نێوان ئەم وڵاتانە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بوو."  لە ئێستایشدا لە هەوڵی ئەوەدان کە بە وڵاتانی ئەوروپای بیسەلمێنن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتەواوی پابەندی ڕێککەوتننامەی نێوانیانە، تاوەکوو ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یەکلایەنە ئەم ڕێککەوتننامەیەی هەڵوەشانده‌وه‌، بتوانن لە پشتیوانیی زیاتری ئەوروپا سوودمەند بن. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یەکلایەنە برجام هەڵوەشێنێتەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران دەگەڕێتەوە سەر پرۆگرامی ناوەکیی خۆی و، چاوەڕوانی هەڵوێستی توندی ئەمریکا لەم بارەدا دەکرێت، کە مەترسییەکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران نادیارە. هەروەها لەم بارەدا نەیارانی برجام کە بریتین لە توندڕەوەکانی نێوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەر لە سەرەتادا بە هۆی هەندێ بەرژەوەندیی تایبەتەوە دژی ئەم ڕێککەوتننامەیە بوون، ئەم بابەتە لە بەرژەوەندیی خۆیان دەقۆزنەوە و خۆی لە خۆیدا هۆکارە بۆ گەشەسەندنی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەم وڵاتە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. 

  • ناچارکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێشێلکردنی برجام

جێبەجێکردنی ئەم سناریۆیە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە چاوەڕوانکراو نییە، چونکە نە حکوومەتی حەسەن ڕۆحانی و نە شەخسی ڕێبەری ئەم وڵاتە، نایانەوێت لەم ڕێککەوتننامەیه‌ دەربچن و، ڕای گشتییش پشتیوانی لە برجام دەکات، چونکە ئەو باوەڕە هەڵەیەی کە لە ناوخۆی ئەم وڵاتەدا بڵاو کراوەتەوە و لە هزری خەڵکیدا جێگیر بووە، ئەوەیە کە پاش برجام دەستکەوتی ئابووری و بازرگانییەکی زۆر، ڕوو له‌م وڵاتە دەکات و بژێوی خەڵک باش دەبێت؛ ئەمە لە کاتێکدایە برجام پرۆژەیەکی گەمارۆیییە، نەک بازرگانی، تاوەکوو ئەم ڕۆڵە ببینێت.

شارەزایەکی ئەمریکی دەڵێت كه‌ حکوومەتی ترامپ بڕیاری داوە ئەوەندە بازنەی گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بەربڵاوتر بکاتەوە، تاوەکوو ئەم وڵاتە خۆی بڕیاری دەرچوون لەم ڕێککەوتننامەیە دەربکات. ئەگەر حکوومەتی حەسەن ڕۆحانیش ئەم بڕیار نەدات، هیچ سوودێکی ڕاستەقینەی لە برجام بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران نامێنێتەوە و، دەرەنجام حکوومەتی ئەم وڵاتە، لەژێر گوشاری نێوخۆیدا لەم ڕێککەوتننامەیە دەردەچێت. هەر بۆیە حەسەن ڕۆحانی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە کاتی ناساندنی حکوومەتی نوێی خۆیدا بە پەرلەمانی ئەو وڵاتە، لە گۆشەنیگایەکی نەرێنییەوە سەیری ئەم ڕێککەوتننامەی دەکرد و هەڕەشەی دەرچوونی لێ دەکرد.  هەرچەندە شارەزایان پێیان وایە ئەم قسانەی ڕۆحانی بۆ ڕازیکردنی توندڕەوەکانی نێوخۆی ئەم وڵاتەیە و، لە لایەکی ترەوە گوشارێکە بۆ سەر یەکێتیی ئەوروپا و ڕووسیا و چین، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناچار بە پابەندبوون بە برجامەوە بکەن.

  • بەردەوامی و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامە بەتەواوی

کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆی ئەو پشتیوانییه‌ نێودەوڵەتییەوە کە لە برجام دەکرێت، ئەم سناریۆیە بە چاوەڕونکراوترین سناریۆ دەزانێت. لایەنی بەرامبەر، واتا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەگەڵ جێبەجێکردنی تەواوی برجامدایە و، ئامادە نییە هیچ جۆرە ئاسانکارییەك بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بەم بابەتە بکات و، لە هەوڵی ئەوەدایە کۆماری ئیسلامیی ئێران کەمترین سوود لەم ڕێککەوتننامەیە وەرگرێت.

ئەوەی ئاشکرایە وڵاتانی گەورەی جیهان، بەتایبەت وڵاتانی ئەوروپی، سه‌ره‌ڕای هەڵبژاردنی ئەدەبیاتی سەربەخۆ و جیاواز سەبارەت بە ستراتیژیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام لە کردەوەدا بەردەوام لە ڕوانگەی نێودەوڵەتییەوە لەگەڵ ئەم ئەکتەرە بەهێزەدا هاوڕان. بۆیە چاوەڕێی هاوئاهەنگیی زیاتر لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی سەبارەت بە سیاسەتی نوێی حکوومەتی دوناڵد ترامپ سەبارەت بە برجام دەکرێت و، گۆڕانکارییەکی نوێ کە ڕەنگە لە داهاتوودا لەگەڵ سیاسەتەکانی دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە برجام هاوئاهەنگ بێت، دەستبەکاربوونی "تریزا مه‌ی"ه‌، وەکوو سەرۆکوەزیرانی بریتانیا، کە بە گوتەی میدیاکانی ئیسڕائیل، دۆستی ڕاستەقینەی ئەم وڵاتەیە.

کۆبەند:

شرۆڤەکاران باوەڕیان وایە گوێنەدان بە هەڕەشەکانی دنیا و جەخت لە بەردەوامیی چالاکیی ناوەکی و هەناردەکردنی بۆ وڵاتانی تر، لە ستراتیژیی هاوبەشی هەر دوو وڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆریای باکوورە. گۆشەنیگای هاوبەشی دوو وڵات تا جێگه‌یه‌ك بەرەو پێش ڕۆیشتووە، کە هەندێ کەسی چاودێر دەڵێن کۆریای باکوور ڕێککەوتننامەیەکی پشتگیری لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا واژوو کردووە، تاوەکوو بە سەرنجدان بە گەمارۆ ناوەکییەکانی ئەم دوایییەی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کەموکوڕییەکانی پرۆگرامی ناوەکیی ئەم وڵاتەی پێ قەرەبوو بکەنەوە.

ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران کاراکردنەوەی گەمارۆ نوێیەکانی ویلایەته‌ یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە مانای پێشێلکردنی برجام هەژمار بکات و دووبارە دەست بە چالاکیی پرۆگرامی ناوەکیی خۆی بکاتەوە، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی نوێ لە ناوچەکەدا و، کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژاوا ڕووبەڕووی دوو هەڵبژاردەی نەخوازراو دەکاتەوە: یان درێژە بە چالاکیی پرۆگرامی ناوەکیی خۆی، کە هەڕەشەیە بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل، دەدات و، یان چۆن حکوومەتی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جگە لە پاداشتی ئابووری و بازرگانی، ڕێگەی بە دەستێوەردان و داگیرکردنی وڵاتانی ناوچەکەی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەخشیوە، خوازیاری بەردەوامیی ئەم بابەتە دەبێت. ئەم پرسەیش بووەتە جێگه‌ی نیگەرانیی حکوومەتی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و داوای هەڵوەشانەوەی برجام دەکەن؛ چونکە وەکوو بنەمایە کاتێک وڵاتان پەنا بۆ دیپلۆماسی، وەکوو ئامرازێکی سیاسەتی دەرەوە، دەبەن، کە ئاکامی سوودبەخشی هەبێت و، ئەگەر ئامانجی ڕاستەقینەی خۆی نەپێکێت بۆ کەمکردنەوەی زیان، بڕیاری گەڕانەوە بۆ بارودۆخی پێشوو دەدەن.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples