شیکاری یاسایی بۆ جاڕنامەی مافی هاووڵاتیی ئێران

پێشوتار:

 جاڕنامەی مافی هاووڵاتیی ئێران لە دوو بەشی سەرەکی پێک هاتووە و ئاماژە بە زۆر بابەتی جیاواز و ماف و ئەرکی هاووڵاتیی ئەو وڵاتە دەکات. لە بەشی یەکەمدا مافە بنەڕەتی و شارستانییەکان و، لە بەشی دووەمدا شێوازەکانی چاودێری و جێبەجێکردنی جاڕنامە لەخۆ دەگرێت. ئەم جاڕنامەیە یەکێک لە بەڵێنەکانی به‌ڕێز "حەسەن ڕۆحانی" لە دەورانی بانگەوازی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێراندا بوو، کە ئێستا کەمتر لە شەش مانگی بۆ هەڵبژاردنی خولی دووەمی سەرۆککۆمار ماوە و، جارێکی تر بابەتی مافی هاووڵاتیی تاکی ئێرانیی هێناوەته کایەوە. زۆرێک لە شرۆڤەکاران باوەڕیان وایە کە مەبەستی سەرۆک حەسەن ڕۆحانی، بانگەوازی دووبارەیە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی وڵات.

پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە کاتێک زۆرێک لە ماددەکانی دەستووری ئێران کە پەیوەستن بە مافە بنچینەیی و شارستانییەکانی هاووڵاتیی ئێرانییەوە تا ئێستا جێبەجێ نەکراون، چ گەرەنتییەك سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم جاڕنامەیە هەیە؟ ڕاستە جاڕنامە بەڵگەیەکی گرنگە و واژووی سەرۆککۆماری لەسەرە، بەڵام لە ناوخۆی ئێراندا نەیاری زۆری هەیە. بۆیە لەم وتارەدا، مەبەستمانە ئاماژە بەم جاڕنامەیە و میکانیزم و لەمپەرەکانی بەردەم جێبەجێکردنی بکەین.

ڕێگه‌کانی جێبەجێکردنی جاڕنامەی مافی هاووڵاتی:

گرنگیی مافی هاووڵاتی، تا ڕاددەیەکە کە پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان فەرمانڕەوا و مافی هاووڵاتیدا هەیە. شارەزایانی ئەم بوارە باوەڕیان وایە، ئەگەر لە کۆمەڵگەیەکدا مافی هاووڵاتی بەتەواوی جێگیر نەبێت، پەیوەندیی فەرمانڕەوا و هاووڵاتی، ڕوو لە نێوچوون دەکات. بۆیە زۆرێک لە دەستوورە نووسراو و نەنووسراوەکانی وڵاتان، ئەم مافە گرنگ و بنچینەیییانەیان لەخۆ گرتووە. لە ڕیزبەندی یاساکانی ئێراندا، دەستوور لەسەرەوەی هەموو ئەو یاسایانەوەیە کە لە وڵاتدا كاری پێ دەکرێت. بەپێی ماددەکانی ١١٣ و ١٢١ لە دەستووری ئێران، گەرەنتی و ئەرکی جێبەجێکردنی دەستوور، لە ئەستۆی سەرۆککۆمارە. هەروەها ئەرکی جێبەجێکردنی جاڕنامەیش لە ئەستۆی حکوومەتە، کە بووەتە جێگه‌ی گومانی شارەزایانی یاسایی و چالاکوانانی مافی مروڤ.

ئەگەر پرۆژەی جاڕنامەی مافی هاووڵاتی، بە هاریکاریی  هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری و ڕاپەراندن دارێژرایە و دەربچووایە، تا ڕاددەیەکی کەم، دەکرا چاوەڕوانی جێبەجێکردنی بەشێک لە ناوەڕۆکی بکرایە، بەڵام دەسەڵاتی ڕاپەراندن کە خاوەنی ئەم جاڕنامەیە، بەشێکی کەم لە هێز و دەسەڵاتی ڕاستەقینەی، بەتایبەت سەبارەت بە پاراستنی لە مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیانی ئێرانیی لە ئەستۆیە. لەم جاڕنامەیه‌یشدا لایەنی جێبەجێکردن لە ئەستۆی حکوومەتدایە. سەرۆککۆمار بۆ ئەم مەبەستە یاریدەدەرێکی دەستنیشان کردووە کە چاودێریی جێبەجێکردن لە دەسەڵاتەکانی دەبێت و، شرۆڤەکاران باوەریان وایە لە پرۆژەی پێشووی سەرۆککۆماردا کە چەند یاریدەدەر و لایەنی بۆ چاودێریکردن و جێبەجێکردنی دیاری کرابوو، لەژێر گوشاری نەیارانیدا ئەم کەسانە کەم کراونەتەوە بۆ یەک کەس؛ کە خۆی لە خۆیدا ئاماژەیەکەی ڕاستەوخۆیە بۆ جێبەجێنەکردنی ئەم جاڕنامەیە.

ڕەخنەیەکی سەرەکی، کە دەکرێت لەم جاڕنامە بگیرێت، دەگەڕێتەوە بۆ پێشەکی و ناوەرۆکی ئەم جاڕنامەیه‌ و خودی دەستووری ئێران، کە لە دەستوور و پێشەکیی ئەم جاڕنامەیه‌دا کەڕامەت و بەهای بەرزی مرۆڤایەتی لەسەر بنەمای  ئایینی ئیسلامە، بەڵام لە ناوەرۆکی مافی هاووڵاتی، لە کردەوەدا، سنووردار دەکرێتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە ڕەگەزنامەی ئێرانییان هەیە، یان گرووپێکی دیاریکراو. بۆیە، بەشێک لە گەلانی ئێران و ئەو کەسە بیانییانەی کە لە ئێراندا دەژین، لەم مافە بنچینەیییانە بێبەش دەکرێن، کە خۆی لە خۆیدا بەپێچەوانەی دادپەروەری و جاڕنامەی مافی مرۆڤ و ئەو ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییانەی تره، کە ئێران واژووی کردووە. زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکان مافی هاووڵاتیانیان لەسەر بنەمای "مرۆڤ" پێناسە کردووە و، دەڵێن  دانیشتووانی کۆمەڵگە لە مافی هاووڵاتیبوون سوودمەند دەبن و، ڕەگەزنامە تەنیا لە بەشێک لە مافە سیاسییەکاندا ڕۆڵی هەیە. چونکە سیستەمی هاووڵاتی، بە مانای ڕاستەقینەی خۆی، سوودمەندبوونی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگەیە لە ماف و ئەرکی یەکسان، بە شێوەیەک هیچ جۆرە جیاوازییەك لە ڕوانگەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و مافە مەدەنییەکانەوە لە نێوان تاکی کۆمەڵگەدا بوونی نەبێت. چونکە سەلمێندراوە هەرچی ڕێژەی دابینکردن و پاراستنی مافی هاووڵاتیان زیاتر بێت، بەڵێن و وەفادارییان لە بەرامبەر حکوومەتدا زیاتر بەدی دەکرێت؛ واتا پەیوەندیی ئەرێنی و ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەم دوو چەمکەدا هەیە.

هەندێ لە چالاکوانان و پارێزەران گومانیان لە جێبەجێکردنی ئەم جاڕنامە هەیە و پێیان وایە، ئێران چەندین جاڕنامەی نێودەوڵەتیی سەبارەت بە پرسی مافی مرۆڤ و مافی ھاوڵاتیان واژوو كردووە، لەوانە: جاڕنامەی نێودەوڵەتیی مافی مەدەنی و سیاسی، ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی لابردنی جیاوازیی ڕەگەزی و زۆر جاڕنامەی دیكەیش. بەڵام بەردەوام لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییه‌وه‌ بەوە تۆمەتبار كراوە كە پێشێلی مافەكانی مرۆڤ دەكات و، مافی كەمینەنەتەوەیی و مەزھەبییەكان بەفەرمی ناناسێت. تاكوو ئێستایش ھەندێك گەمارۆ لەسەر ئێران، كە پەیوەندییان بە پێشێلكردنی مافی مرۆڤەوە هەیە، هەر ماون.

لەمپەرەکانی بەردەم جێبەجێکردنی جاڕنامەی مافی هاووڵاتی

سەرۆککۆمار لە ڕۆژی پێشکەشکردنی جاڕنامەی مافی هاووڵاتی، لە وتارەکەیدا دەڵێت: هەندێ لایەن ئامادەی گوێگرتن و بیستنی بەشێک لە بڕگە و ماددەکانی دەستوور نین، وەکوو ماددەکانی ١٩ تا ٢٤. بەڕێز حەسەن رۆحانی لە درێژەی وتارەکەیدا دەڵێت: "پێویستە ئەم ماددانە لەو کەسانە بشاردرێتەوە" مەبەستی سەرۆککۆماری ئێران لەم ڕستەیە، ئەوەیە کە ئەم کەسانە، بە وتەی خۆیان نەیارانی مافی هاووڵاتی، دژی ئەم ماددانەن کە ئاماژە بە مافە بنچینەیییەکانی هاووڵاتی ئێرانی دەکەن و هەوڵی سڕینەوەی دەدەن.

 لە لایەکی ترەوە ئەو جاڕنامەیە، نە هێزی دەستووریی هەیە و نە وەکوو یاسای ئاسایی هەژمار دەکرێت و، تەنیا لە پشتیوانیی یەک لایەن، واتا حکوومەت، سوودمەندە. ھەر بۆیە، دامەزراوەكانی دیكەی دەرەوەی حكوومەت ئەگەر دژی نەبن، ئەوا هەوڵ و ھێزی خۆیان بۆ جێبەجێكردنی بەکار ناهێنن. بۆیە ئەگەر دەسەڵاتی دادوەری و پەرلەمان و ھەندێك ناوەندی دیكە یارمەتیدەری حکوومەت نەبن، ئەم جاڕنامەیه‌ داهاتوویەکی هاوشێوەی دەستووری ئێران چاوەڕێی دەکات. پرسیارێک کە لێرەوە دێتە ئاراوە ئەوەیە کە ئەم جاڕنامەیه‌، کە بەڵگەیەکی ئاسایییە و بەپێچەوانەی دەستوورەوه هیچ جۆرە گەرەنتیی جێبەجێکردنی لەپشتییەوە نییە، چۆن حکوومەت بەڵێن بە هاووڵاتیانی خۆی دەدات کە ماددە و بڕگەکانی بەتەواوی دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە؟

ئەم پرسیارە بۆ هەموو کەسێکی ئاساییش، کە شارەزای یاسای ئەوتۆیش نەبێت، دێتە ئاراوە کە جیاوازیی دەستوور و بەڵگەی جاڕنامەی مافی هاووڵاتیی ئێرانی لە چیدایە، کەوا سەرۆککۆمار، وەکوو بەرپرسی یەکەمی حکوومەت، لە جێبەجێکردنیدا بێتوانایە بەڵام ئێستا بەڵێنی ڕاپەراندن و جێبەجێکردنی ئەم جاڕنامەیه‌ دەدات؟ ئەو کەس و لایەنە نێوخۆیانەی ئێران کە دژایەتیی دەستوور و مافی مرۆڤ دەکەن، ئایا دەتوانن پابەندی ئەم جاڕنامەیه‌یش نەبن؟ لە ناوەرۆکی ئەم جاڕنامەیەدا وا بەدیار دەکەوێت کە ئەم جاڕنامەیە بەڵگەیەکە کە تەنیا حکوومەت ناچار بە جێبەجێکردن دەکات و، هاووڵاتیان تەنیا دەتوانن ئەم بەڵگەیه‌ ڕووبەرووی حکوومەت بکەنەوە و داوای ماف و ئیمتیازاتی جێگیرکراو لەم جاڕنامەیه‌دا بکەن. بۆ وەڵامدانەوەی بەشێک لەم پرسیارانە، پێویستە بگەڕێینەوە سەر ناوەرۆکی هەندێ لە یاسا و ڕێساکانی ئێران. بەپێی پرەنسیپە بنچینەیییەکانی یاسای ئێران، دەرکردنی هەر جۆرە یاسا و ڕێسایەک کە هەڵگری سزا بێت، لە ئەرک و دەسەڵاتی پەرلەماندایه‌. بۆیە جاڕنامەی مافی هاووڵاتی، کە لە لایەن دەسەڵاتی جێبەجێکارەوە دەرچووە، ناتوانێت هیچ جۆرە سزایەکی تێدا دەستنیشان کرابێت، کە ببێتە گەرەنتی بۆ جێبەجێکردنی ناوەرۆکی خودی جاڕنامەکە.

 لەبەر ئەوە، لە هەنگاوی یەکەمدا پێویستە حکوومەت داوای هاوکاریی جێبه‌جێکردن لەو دامودەزگه‌ و لایەنانە بکات کە هەر لە بنەمادا باوەڕیان بە مافی مروڤ و هاووڵاتیبوون، بەو شێوەی کە لە دەستوور و جاڕنامەدا هاتووە، نییە و، بە هیچ شێوەیەک ئامادەی جێبەجێکردنی نین. بەتایبەت دەزگه‌ی دادوەریی ئێران، کە بەرپرسی ئەم دەزگه‌یە لە لایەن شەخسی ڕێبەری ئێرانەوە هەڵدەبژردرێت، بە پێویستی نازانێت کە ملکەچی ئەم جاڕنامەیە بێت و هاوکاریی حکوومەت بکات بۆ جێبەجێکردنی. هەروەها بەشێکی زۆری ئەم جاڕنامەیە، پەیوەستە بە دەزگه‌ی دادوەرییەوە، کە وا دەخوازێت جاڕنامە لە ڕێگەی پرۆژەی دەزگه‌ی دادوەرییەوە پێشکەش بە پەرلەمانی ئێران بکرێت. هەرچەند لەم بارەدا (پێشکەشکردنی لە لایەن دەزگه‌ی دادوەرییەوە) ناوەرۆکی زۆر جیاوازتر دەبێت لەوەی کە ئێستا بوونی هەیە، چونکە باوەڕیان وایە کە مافی هاووڵاتیی تاکی ئێرانی زۆر بەباشی دابین کراوە و بەرێوە دەچێت و هیچ جۆرە نادادپەروەری و کەموکورتییەکی تێدا نییە و، جاڕنامەی مافی هاووڵاتی، تەنیا بابەتێکە حکوومەت لە قەبارەی خۆی زیاتر گەورەی کردۆتەوە و وەکوو بانگەوازێک بۆ هەڵبژاردن بەکاری دێنێت. لەبەر ئەوە، ئەرکی کابینەی ڕۆحانی قورسە و، یەکەم جار پێویستە لە دەزگه‌ی دادوەرییەوە، کە ئەرکی چاودێریی پاراستنی مافی هاووڵاتیانی لە ئەستۆیە، دەست پێ بکات.

لە گوتەکانی یاساناسە حکوومییەکانیش ئاشکرایە کە، گەرەنتیی جێبەجێکردنی ئەم جاڕنامەیه‌ تەنیا ئەوەندەیە کە هاووڵاتیان لە مافەکانی خۆیان ئاگادار دەکاتەوە و دەتوانن داوای بکەن. بەڵام زۆر باوەریان بەم پرەنسیپە نییە، کە نە تەنیا ئەرکی حکوومەتە کە ڕێگری لە داواکاریی هاووڵاتیان بۆ به‌دەستهێنانی مافەکانیان نەکات بەڵکوو پێویستە بە مەبەستی وەرگرتنی ئەم مافانە، ڕاهێنانیشیان پێ بکات. ئەگەر مەبەست لە نووسینی ئەو جاڕنامەیە پاراستنی مافی هەموو هاووڵاتیانی دانیشتووی ئێرانە، ئەوا بەڵگەیەکی ناتەواوە و، زۆر بەکورتی ئاماژە بە مافی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی نێو  ئێران کراوە. لەم بارەوە چالاکوانانی سیاسیی کورد ڕەخنەیان لە ناوەڕۆکی جاڕنامەكه‌ هەیە و، بە ناتەواوی دەزانن و دەڵێن، حکوومەتی ئێران وەکوو هاووڵاتیی پلە دوو ڕەفتار لەگەڵ هاووڵاتیانی کورد دەکات و، پێیان وایە نووسینی ئەو جاڕنامەیە نیشانەی ئەوەیە، کە خودی حکوومەت هەست بەو نابەرامبەرییە دەکات.

دەرەنجام:

بەدەر لە لایەنی سیاسیی ئەم جاڕنامەیه‌، تەواوبوون و بڵاوکردنەوەی ئەم جاڕنامەیە هەرچەندە زۆرێک لە ناوەرۆکی دووبارەبوونەوەی ئەو ماف و بەڵێنانەیە کە لە دەستووری جێبەجێنەکراوی ئێراندا ئاماژه‌یان پێ کراوە، بەڵام لە هەمان کاتدا هەنگاوێکە کە پەیوەندیی نێوان حکوومەت و هاووڵاتیی ئێرانی نوێ دەکاتەوە و، لەم ڕێگەوە مافە بنچینەیییەکانی گەلانی ئێران بە بیری دەسەڵاتداران دەهێنێتەوە و، دەتوانن دووبارە داوای پاراستن و ڕاپەراندنی ئەم مافانە، کە لەبیر كراون، یان بە هۆی شرۆڤەی جیاوازەوە جێبەجێ نەکراون و پشتگوێ خراوان، بکەن. چونکە تا ئێستا هیچ کەس و لایەنێک ئامادەی ڕاپەراندنی ئەو مافە بنچینەیییانەی کە لە بەرزترین یاسای ئێراندا جێگیر کراون، نەبووە. بۆیە ئەم جاڕنامەیە خۆی لە خۆیدا جۆرێک ئومێدی لای هەندێ لە چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئێراندا دروست کردووە و، بە دەرفەتی دەزانن و، لە لایەکی ترەوە ھەندێ کەسی تریش بە ناتەواو و ناپێویست و ڕەچاونەکردنی مافی نەتەوە جیاوازەکان و دووپاتكردنەوەی بەڵێنەكانی پێشووتر، کە شتێكی نوێی تێدا نییە و هیچ جۆرە گەرەنتیی جێبەجێکردنی لەپشتەوە نییە و زۆرتر لە ئامۆژگاری دەچێت، دەزانن.

لە خوێندنەوەمان بۆ بارودۆخی یاسایی و جێگە و پێگەی ئەو یاسایانەی کە لە ئێراندا دەردەچن، وا بەدیار دەکەوێت کە پرۆژەی مافی هاووڵاتی، کە بەڵگەیەکی ئاسایییە و هێشتا نەبووەتە یاسا، هەر وەکوو زۆرێک لە پرۆژەکانی پێشتری حکوومەت، هەر بەم شێوە دەمێنێتەوە. ئەگەر بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە ئەوا ناتوانێت مافی هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگەی ئێران دابین بکات، چونکە لە ڕاستیدا مافی هاووڵاتی، ڕۆحی یاسایە و، لە ناوەرۆکی ئەم جۆرە جاڕنامانەدا بەربڵاوترە.

 

 
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples