کوردستانی سەربەخۆ و کۆماری ئیسلامیی ئێران

پێشەکی:

دانیشتووانی باشووری کوردستان بڕیاری ڕیفراندۆمیان بە مەبەستی سەربەخۆیی، کە سەد ساڵە خەباتی بۆ دەکەن، داوە و ئامانجی ئەم پرۆسەیە بە نسبەت گەلی کورد لەم بەشەی کوردستاندا ڕوونە و، بە نسبەت وڵاتانی ناوچەکەوە کە بەبێ خوێندنەوەیەکی ڕاستەقینە بۆ ئەم پرسە هەر یەک بە هۆکارێکی جیاواز کە ئەگەر شیکاری بۆ بکرێت پەیوەندییان بە باشووری کوردستانەوە نییە و، زیاتر پەیوەستە بە کێشە هەڵسپێردراوەکانی نێوخۆی ئەم وڵاتانە، داوای دواخستنی ڕیفراندۆم دەکەن. بۆیە مەبەستمانە شیکاری بۆ دەرفەت، یان هەڕه‌شەی بوونی پرۆسەی سەربەخۆییی کوردستان سەبارەت بە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو یەکێک لەو وڵاتانەی کە هەر لە سەرەتاەوە دژی ئەم پرۆسەیە وەستاوەتەوە، بکەین.

 چەمکی ڕیفراندۆم

مافی بڕیاردانی چاره‌نووس (self-determination)، واتە مافی گەلان بۆ دەستنیشانکردنی ئازادانەی دۆخی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتووریی خۆیان. چه‌مكی‌ مافی‌ بڕیاردانی چاره‌نووسی‌ نه‌ته‌وه‌یی،‌ ته‌نیا به‌ بنه‌مای یاسای‌ نێودەوڵەتییەوە‌ نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكوو ڕه‌گوڕیشه‌یه‌كی‌ قووڵتری‌ له‌ سروشتی‌ مرۆڤایەتیدا هه‌یه‌. دانپێدانان به‌ مافی‌ بڕیاردانی چاره‌نووسی‌ نه‌ته‌وه‌یی، وه‌ك بنه‌مایه‌كی‌ سه‌ره‌كیی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مۆدێڕن پێناسه‌ی‌ بۆ ده‌كرێت و، چەمکێکە لە یاسای نێودەوڵەتیدا و لە ماددەکانی 1 و 55ی بڵاوکراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و، لە ماددەی یەکەمی پەیمانی مەدەنی - سیاسیدا بەڕوونی هاتووە و، دووپاتی کردۆتەوە کە هەموو گەلان مافی بڕیاردانی چاره‌نووسیان هەیە و، ئەم پەیمانە نێودەوڵەتییە یەکێکە لە بەڵێننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەسەر بنەمای جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ و پەیوەندیی بە خواستی ڕاستەقینەی خەڵکەوە هەیە و، پێویستە بە شێوەیەکی ئازادانە و بەدوور لە هەر جۆرە گوشارێک سوودی لێ وەرگیرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کوردستان تا ئێستا دوو جار دابەش و لە مافی ڕەوای سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی وەکوو هەموو گەلانی تری دونیا بێبەش کراوە، بۆیە مافی بڕیاردانی چاره‌نووس لە ڕێگەی ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ه‌وە  وڵامدانەوەیەکی شارستانی و یاسایییە بۆ ئەم دابەشکردن و بندەستییە کە نەیارانی گەلی کورد بەپێچەوانەی هەموو ڕێسا و یاسای نێودەوڵەتییەوە بەسەر گەلی کوردا دایان سەپاندووە.  

جگە لەوەی ڕیفراندۆم بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، مافێكی شەرعیی گەلانە و لە دەستووری عێراقیشدا هیچ بڕگەیە دژی نییە، لە کردەوەیشدا پێویستە جیاواز لە ڕابردوو بیر بکرێتەوە و لە واقعی سەر گۆڕەپانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە شاهدی ئەم ڕاستییانەیە کە ناوچەکە بەرەو گۆڕانکاریی جیۆپۆلیتیکی هەنگاو دەنێت و کاریگەریی گەورە لەسەر هەموو وڵاتانی  ناوچەکە دادەنێت، وەکوو دەرفەت کەڵک وەرگیرێت. بۆیە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان پرسێکی چاوەڕوانکراوە و، گەلی کورد لە ڕوانگەی سیاسییەوە گەیشتوونەتە ئاستی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی دوخە هەستیارەکان و، ئیتر کەمتر دەکەوێتە نێو کەمینی یاریی وڵاتانی ناوچەکەوە و هۆکارێکی گرنگی لەدایکبوونی دەوڵەتی کوردی گەشەی هزری سیاسیی تاکی کوردە نەوەک وەکوو هەندێ لە نەیاران باوەڕیان وایە کە  کەسێ، یان حزبێکی دیاریکراو،  یان وڵاتێکی زلهێز لە پشتی ئەم پرۆسەوەیە. گومان لەوەدا نییە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان پرۆسەیەکی کاتی نییە و بەشێک لە واقعی ئێستا و داهاتووی ناوچەکەیە، جا ئەگەر وڵاتانی دەوروبەرمان بە تێگەیشتن و قبووڵکردنی ڕاستییەکان هەنگاو بنێن ئاشکرایە کوردستانی سەربەخۆ دەرفەتێکی لەبارە بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوخۆی ئەم وڵاتانە و، سەرەتایەکی ئەرێنییە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، دەبێتە یەکەمین ئەزموون لە ناوچەکەدا کە بەدەر لە هێزی سەربازی و کودەتا، سندووقی دەنگدان بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە داهاتووی نەتەوەیەکی ژێردەست دەدات کە خۆی لە خۆیدا بەرەوپێشچوونی ئاستی ڕۆشنبیریی تاکی کورد و کۆمەڵگەی کوردستان بەدەر دەخات.

کۆماری ئیسلامیی ئێران و پرسی ڕیفراندۆم

لە بەرامبەر کوردستانی سەربەخۆدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرفەتی زۆری لە پێشدایە. گرنگ ئەوەیە لۆژیکی بڕیار لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشی ئابووری و سیاسیی هەر دوو گەلی کورد و کۆماری ئیسلامیی ئێران بدات. 

لە ڕونگەی ئابوورییەوە: لە ڕوانگەی ئابوورییەوە جگە لەوەی بەشێک لە داهاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوەیە، ئەم وڵاتە دەتوانێت لە ڕێگەی ناردنی هێزی کار و دروستکردنی ناوچەی ئازادی بازرگانی، لە بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە بارودۆخێکی باشدا نییە و لە ئێستادا پرسی ئابووری نە تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڵکوو لە هەموو ئێراندا ڕۆژ دوای ­رۆژ گەورەتر و مەترسیدارتر دەبێت، کەڵک وەرگرێت.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان جگە لە پرسی ناسنامه‌، گرفتی ئابووری و کۆمەڵایەتیی هەیە و هۆکارەکەی بۆ جیاکاریی نەتەوەیی و بە مانای کلاسیکی وشە ستەمی نیشتمان سەبارەت بە گەلی کورد دەگەڕێتەوە و، هەر هەوڵێکی ئاشتییانە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی لە نێوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران یان لە ناوچەکەدا بۆ نەهێشتن و ڕەوانەوەی ئەم جیاکارییانە و ستەمی نیشتمانی، پێویستە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێشوازیی لێ بکرێت، تاوەکوو بەشێک لە برینی جەستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سارێژ و، ببێتە هۆی ئەوەی کە هاووڵاتیی کوردی ڕۆژهەڵات هەست بە هاووڵاتیبوونی خۆی بکات، نەوەکوو کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سڕینەوەی پرسی نەتەوە جیاوازەکان لە نێوخۆی ئەم وڵاتەدا، بەتایبەت گەلی کورد لە ڕوژهەڵاتی کوردستان، ده‌ست بە دژایەتیکردنی هەنگاوە ئاشتیخوازانەكانی گەلی کورد لە پارچەکانی تری کوردستاندا بكات، بە بیانووی ئەوەی کاریگەریی نەرێنی دەکاتە سەر ئاسایشی نەتەوەیییان. ئەگەر پرۆسەی دیموکراسی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ، کاریگەریی نەرێنی بکاتە سەر ئاسایشی نیشتمانیی هەر وڵاتێک، ئەوەمان بۆ دەردەخات بنەمای ئاسایشی نیشتمانیی ئەو وڵاتە گرفتی شه‌عییەتی هەیە و لەسەر بنەمایەکی لەرزان بنیات نراوە؛ چونکە لە سیستەمی سیاسیی پێشکەوتوودا هەر هەنگاوێکی دیموکراسی و هاوئاهەنگ لەگەڵ بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتیدا هۆکارێکی باشە بۆ پتەوکردنی ئاسایشی نیشتمانیی نێوخۆی وڵات و، وەکوو دەرفەت بۆ بەهێزکردنی سیستەمی سیاسی کەڵکی لێ وەردەگیرێت، نەوەک مەترسی لەسەر سیستەمی سیاسی.

ئەوەی کە لە درێژخایەندا دژی ئاسایشی نیشتمانییە و بەدڵنیایییەوە دوورکەوتنەوە لە حکوومەتی ناوەند بە شوێن خۆیدا دێنێت، جیاکاری و بێبەشکردنی بەشێک لە دانیشتووانی کۆمەڵگەیە لە مافە یاسایییەکان، نەوەک جێبەجێکردنی پرۆسەیەکی دیموکراسی لە دەرەوەی سنوور. دژایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پرسی سەربەخۆییی کوردستان بەپێچەوانەی بیروباوەڕی، کاربەدەستانی ئەم وڵاتەوەیە، کە باوەڕیان وایە کوردەکان ڕەسەنترین نەتەوەی ئێرانن، یان بەواتایەکی تر ئێرانیی رەسەنن!؟ کەواتە بەپێچەوانەی دەوڵەتی تورکیا و عێراق و سووریاوە، کە ترسی سەرهەڵدانی ناسونالیزمی کوردی لە نێوخۆی ئەم وڵاتانەدا بوونی هەیە، ئەم بابەتە سەبارەت بە کۆماری ئیسلامیی ئێران ناڕاستە!

بەشێک لە شرۆڤەکاران و ڕۆشنبیرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێشنیار ئەوە دەکەن، ئەم وڵاتە هەر لە سەرەتاوە دەوڵەتی کوردستان بەفەرمی بناسێت، هەروەک چۆن چاوەڕوان دەکرێت توركیا ئەم دەرفەتە لەدەست نەدات و، وا بەدیار دەکەوێت لە هەوڵی دروستکردنی پەیوەندیی ستراتیژیدایە لەگەڵ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستاندا، کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە خوێندنەوەی ڕاستییەکان هەوڵی ئەوە بدات و پەرە بە پەیوەندیی ئابووری و سیاسیی نێوانیان بدات و، لە ڕێگەی ئەم وڵاتەوە دەوڵەتی کوردستان دەستی بە ئاوەکانی کەنداو بگات کە لە داهاتوودا دەبێتە بەردی بناغەی ئاشتی و دۆستایەتی لە نێوان دوو گەلی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.

شرۆڤەکارانی نێوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە گرنگییەوە دەڕواننە بابەتی سەربەخۆییی کوردستان. لە تێڕوانینی یەکێک لەم شرۆڤەکارانەدا، تورکیا نە هاوپەیمانی ستراتیژیکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و نە سەبارەت بە پرسی کورد بۆچوونی هاوبەشیان هەیە؛ تورکیا ڕەکابەری ناوچەییی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و، ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران کەڵک لە دەرفەتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان وەرگرێت، چەند هەنگاوێك پێش ڕەکابەره‌ ناوچەیییەکەی دەکەوێت. بەپێچەوانەوە سیاسەتی ئابووریی میحوەری تورکیا، ئەوەی سەلماندووە زۆر بەباشی لەم هەڵانە کەڵک وەردەگرێت و لە بەرژەوەندیی خۆیدا دەیقۆزێتەوە و، ڕەنگە لەم کاتەدا داڕشتنی پەیوەندییەکی نوێ لەگەڵ دەوڵەتی کوردستاندا بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر درەنگ بێت.

لە ڕونگەی سیاسییەوە: دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، جگە لە چارەسەرکردنی پرسی گەلی کورد وەکوو گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت، ئەو دەرفەتە بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبەخشێت، دەوڵەتێکی بەهێز کە سنوورەکانی ئەم وڵاتە لە بەرامبەر دیاردەی ئیسلامی توندڕەودا، کە لە دیاردە مەترسیدارەکانی داهاتووی هەموو دونیا، بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جیا بکاتەوە؛ هەروەکوو چۆن لە جه‌نگی دژ بە داعشدا هێزی پێشمەرگە لەمپەرێکی بەهیز و کاریگەر بوو بۆ ئەوەی ئەم جه‌نگە نەگاتە سنوورەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. هەروەها پێگەی جیۆپۆلیتیکی کوردستانی باشوور لە باری سەربەخۆییدا لەگەڵ جیۆپۆلیتیکی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا نەك تەنیا دژایەتیی نییە، بەڵکوو لە ڕاستای بەرژەوەندیی ئەم وڵاتەدایە و، سنووری جوگرافیی کوردستانی باشوور زیاتر لەگەڵ سنووری عەرەبی سوننە و دەوڵەتی تورکیادایە؛ بەدڵنیایییەوە هیچ کات نابێتە خاڵی ناکۆکی لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەوڵەتی کوردستاندا.

بەڵام ئەگەر کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئێستاشدا لە ڕوانگەی تێڕوانینی کلاسیکییەوە سەیری پرسی دەوڵەتی کوردستان بكه‌ن و لایەنگری لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان بە جۆرێك لە جه‌نگی نەرم كە لە زۆر ڕەهەندەوە بۆشاییی كوردبوون و  ئێرانیبوون زەق دەكاتەوە و، لە هەمان كاتیشدا سنوورەكانی ناسنامەی ئەم دوو نەتەوە جیاوازە بەرجەستە دەكاتەوە، بکەن خۆی لە خۆیدا دەبێتە سەرەتای جیاوازی و گرفت لە نێوان دەوڵەتی کوردستان و دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاترە. چونکە ئەوەی گەلی كورد لە ڕۆژهەڵات زۆر لایەنگری ڕیفراندۆم و سەربەخۆیین، جیا لەوەی كە ڕەهەندێکی مێژووییی هەیە، لە درێژخایەندا هاودژە لەگەڵ ئەوەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەك ئاسایشی نەتەوەییی خۆیان ناوی دەبەن. هەروەها هەڵوێستی نەرێنی و هەڵەی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە کوردستانی سەربەخۆ، دووبارەکردنەوەی ئەو هەڵە ستراتیژییەیه‌ لە سەردەمی هەڵوەشانەوەی سۆڤیه‌تدا، کە لە درێژخایەندا گرفتی سیاسی و ئابووریی گەورەی بۆ ئیران دروست کرد.

دەرەنجام

ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان پێش لە هەموو شتێک بڕیارێکی شارستانییە بۆ دووریکردن لە توندوتیژی و، بە ئامانجی بنیاتنانی شێوەیەکی نوێ لە پەیوەندی لە نێوان نەتەوە جیاوازەکان بە مەبەستی بەدەستهێنانی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ گەیشتن بە ڕەواندنەوەی پرسە نەتەوەیییەکانی ناوچەکە. ئەم جۆرە لە بڕیاردان، پێویستیی بە تێڕوانێنێکی باڵای سیاسییە کە چاوەڕوانی سەرهەڵدانی لە هەموو نەتەوە جیاوازەکانی وڵاتانی ناوچەکە لە داهاتوودا لێ دەکرێت؛ هەر بۆیە مەترسیی وڵاتانی هاوسێی باشووری کوردستان، پەرەسەندنی ناسونالیزمی گەلی کوردە نەوەکوو دابەشبوونی عێراق. هەرچەندە ئەزموونی حوكمڕانی و دیپلۆماسیی سەرکەوتووی ئەم چەند ساڵە، ئەوەی سەلماندووە کە باشووری کوردستان فاکتەری سەقامگیری بووە لە ناوچەکەدا و، مێژووی ناسیۆنالیزمی گەلی کورد بۆ زۆر پێشتر دەگەڕێتەوە و، ئەوەی مەترسی ڕاستەقینەیه‌ لەسەر یەکپارچەییی ئەم وڵاتانە، جیاکاری و بێبەشکردنی گەلی کوردە لە مافە سەرەتایییەکانیان لە دەستووری ئەم وڵاتانەدا؛ کە لە تورکیا، دەستوورەکەی لەسەر بنەمای تاکی تورک و، دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران مەزهەبی شیعە پێوەری هاووڵاتیبوونە و، دەستووری سووریا هەر لە بنەمادا نەتەوەی کوردی سڕیوەتەوە. بەکورتی، کورد وەکوو بیانی لەنێو دەستووری ئەو وڵاتانەی کە تێدا دەژین پێناسە کراون، لە کاتێکدا هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکانی باشووری کوردستان بەئازادی دەژین و، پێویستە دەستووری داهاتووی کوردستان، بەپێچەوانەی ئەم وڵاتانەوە، ڕێز لە هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت و، لە ڕێگەی پابەندی بە بنەماکانی دیموکراسییەوە وه‌ڵامی نەیارانی گەلی کورد بدرێتەوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples