کورد و هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران

پێشوتار: ئێران یەکێکه‌ لە واژووكه‌رانی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی مەدەنی و سیاسی، کە بەپێی ئەم ڕێککەوتننامەیه‌، ناچارە هەلی یەکسان بۆ هاووڵاتیانی خۆی بە مەبەستی بەشداریکردن و خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنە جیاوازەکان، بەتایبەت هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بڕەخسێنێت. بە خوێندنەوەمان بۆ دەستوور و یاسای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران، هەندێ پێوەر و جیاکاری بەدی دەکرێت کە لە ڕوانگەی سیاسی و ئایینییه‌وه‌ لە هەموو قۆناغەکانی هەڵبژاردندا، ڕاستەوخۆ لەمپەر بۆ هاووڵاتیانی ئێرانی دروست دەکات. بۆیە مەبەستمانە شیکاری یاسایی بۆ بڕگە پەیوەندیدارەکانی دەستوور و یاسای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران سەبارەت بە چۆنێتیی بەکارهێنانی ماف و ئەرکی هاووڵاتیانی ئێرانی، بەتایبەت نەتەوە و کەمینە ئایینی و سیاسییه‌ جیاوازەکان، لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئەم وڵاتەدا بکەین.

مەرجی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار: 

مەرجی پاڵێوراوانی سەرۆککۆماریی ئێران لە دەستوور و یاسای هەڵبژاردنی ئەم وڵاتەدا، بەوردی دیاری کراوە. لە ماددەی ١١٥ لە دەستووری ئێراندا هاتووە: "سەرۆککۆمار، پێویستە لە نێوان "رجال"ی مەزهەبی و سیاسی، کە خاوەنی ئەم مەرجانەی خوارەوەن، هەڵبژێردرێت:

- ئێرانیی ڕەسەن

- خاوەن ڕەگەزنامەی ئێران

- بەڕێوەبەر و شارەزا

- خاوەنی ڕابردووی پاک و ئەمانەتدار و بەدیانەت

- باوەڕدار بە بنەماکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران

- باوەڕدار بە مەزهەبی فەرمیی وڵات

پاساوی یاسادانەری ئێرانی بۆ دیاریکردنی ئەم مەرجانەی ماددەی ١١٥ لە دەستووری ئێراندا، ئەوەیە کە خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار مافی هەر کەسێکی ئێرانییە، بەڵام بە هۆی گرنگیی ئەم پۆستەوە، دەستوور و یاسا پەیوەندیدارەکان هەندێ مەرجیان دیاری کردووە. لە خوارەوە ئاماژە بە هەندێ لە گرنگترین ئەو مەرجانەی کە لەم ماددەیه‌دا دیاری کراون و، بە باوەڕی چالاکوانانی سیاسی و شارەزایانی یاسایی، بەپێچەوانەی پرەنسیپەکانی دیموکراسی و ئازادیی هەڵبژاردنەوەیە، دەکەین:

١- پیاوبوون: وشەی "رجال" لە زمانی عەرەبیدا بە مانای پیاو دێت و لە زمانی فارسیشدا بەتایبەت لە نووسراوە یاسایییەکاندا هەر بەم مەبەستە کەڵکی لێ وەردەگیرێت و، هیچ مانایەکی تری نییە. هەروەها  لە ڕواڵەتی ماددەی ١١٥ لە دەستووری ئێران، وا بەدیار دەکەوێت یەکێک لە مەرجەکانی پاڵێوراوان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، پیاوبوونی کاندیدایە، بەڵام زۆر جار جیاوازیی ڕا و بۆچوون سەبارەت بەم مەرجە دروست دەبێت. دوو شرۆڤەی جیاواز بۆ ئەم وشەیە، کە لەم ماددەیه‌دا هاتوون، لە لایەن یاساناسان و ئەنجومەنی پاراستنی دەستووری ئیرانەوە دەکرێن.

أ- شرۆڤەکە دەڵێت مەرجی پیاوبوون بۆ پاڵێوراوان پێویست ناکات؛ وشەی "رجال" بە مانای گشتی هاتووە و، ژنانیش لەخۆ دەگرێت و مەبەستی دەستەی نووسینەوەی دەستووری ئێران، پیاو بە مانای تایبەت نەبووە و، زۆرێ لە ژنان لە ڕوانگەی زانستی سیاسی و بەڕێوەبردنەوە دەگەنە ئاستێک، کە بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە شیاون.

ب- هەندێکی تر دەڵێن لە "فیقھ"ی ئیسلامیدا بابەتی "ویلایه‌ت" تایبەتە بە پیاوان و، پۆستی سەرۆککۆمار تەنیا بابەتی "وه‌کالەت" نییە، بەڵکوو جۆرێک لە "ویلایەتە". بە گەڕانەوە بۆ پرۆتۆکۆلی شارەزایانی دەستووری ئێران و بە بۆچوونی هەندێ لە زانایانی ئایینی کە لە کۆبوونەوەکان لە کاتی داڕشتنی دەستووری ئێراندا ئامادە بوون، ئاشکرایە کە مەبەستیان لە مەرجی پیاوبوون بە مانای تایبەتە و، پێویستە سەرۆککۆماری ئێران پیاو بێت؛ چونکە لە سیستەمی ئیسلامیدا ژن ناتوانێت پۆستی "ده‌سه‌ڵاتداری" بەتایبەت پۆستی سەرۆککۆماری وەربگرێت. بە سەرنجدان له‌ هەڵبژاردنەکانی پێشووی سەرۆککۆماریی ئێران، بەدیار دەکەوێت کە ژن ناتوانێت پاڵێوراوی ئەم پۆستە بێت؛ چونکە لە ١١ خولی ڕابردوودا هیچ ژنێک نەیتوانیوە لە فیلتەری ئەنجومەنی پاراستنی دەستووری ئێران، هەرچەندە بە دەیان ژن ناوی خۆیان بۆ ئەم پۆستە تۆمار کردبوو، ڕزگاری بێت. بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٠٥دا، ٨٩ ئافرەت ناوی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران تۆمار کردبوو، لە کاتێکدا ژنی تێدا بوو کە چەند خول ئەندامی پەرلەمانی ئێران بوو، بەڵام هەموویان بە هۆکاری "ئافرەتبوون"ەوە ڕەت کرانەوە.

ئەم بابەتە، واتا دروستکردنی بەربەست و جیاوازیی ڕەگەزی بۆ ئافرەتی ئێران، بووەتە جێگەی ڕەخنەی زۆرێک لە چالاکوانانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی و، ساڵانە لە ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤدا ئاماژە بەم جیاوازییه‌ ڕەگەزییە دەکرێت و سەرکۆنەی دەکەن. هەروەها لە ئێستادا ئەم شرۆڤەیە بۆ ماددەی ١١٥ لە دەستووری ئێران، کە ئافرەتی ئێرانی توانای بەڕێوەبردن و جێبەجێکردنی ئەرکی سەرۆککۆماریی نییە، خۆی لە خۆیدا بێڕێزییە بە هەموو ئافرەتانی ئێران کە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بوونیان هەیە. هەروەها وشەی "رجال" کە لە ماددەی ١١٥ لە دەستووری ئێراندا هاتووە، دەبێتە هۆی جیاوازیی ڕەگەزی، کە نیوەی کۆمەڵگە لە مافێکی سروشتیی خۆیان بێبەش دەکات.  

٢- مەزهەبی و سیاسی:

لە ماددەی ١١٥ لە دەستووری ئێراندا لە دوو جێگەی ئەم ماددەیه‌دا وشەی "مەزهەب" بەکار هاتووە: یەکێکیان لە ناوەرۆکی ماددەکەدا کاتێک دەڵێت: "رجال مذهبی و سیاسی" (پیاوانی ئایینی و سیاسی)؛ دووەمیان کاتێک لەم ماددەیه‌دا مەرجەکانی پاڵێوراوانی سەرۆککۆمار هەژمار دەکات، لە دوایین مەرجدا دەڵێت: "معتقد بە مذهب رسمی کشور" (باوه‌ڕدار به‌ مه‌زهه‌بی فه‌رمیی وڵات). وشەی مەزهەب، وەک چۆن وشەی "رجال" لە ڕوانگەی ڕەگەزییەوە لەمپەرە بۆ خۆکاندیدکردنی هاووڵاتیی ئێرانی، لە ڕوانگەی بیروباوەڕی ئایینییەوە دەبێتە لەمپەرێکی تر بۆ هاووڵاتیی ئێرانی بە مەبەستی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار.

وشەی مەزهەب بە مانای گشتی، پەیڕەوانی هەموو ئایینەکانی تر، جگە لە پەیڕەوانی ئایینی ئیسلام، جیا دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ناشیاوییان بۆ خۆپاڵاوتن بۆ ئەم پۆستە، چونکە هەروەکوو شارەزایانی پاراستنی دەستووری ئێران دەڵێن، ئێران وڵاتێکە لەسەر بنەمای باوەڕ بە ئایینی ئیسلام دامەزراوە و، ئاشکرایە کە بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی وڵات پێویستە پابەندی ئەم بنەمایە بن، تا وەک خۆیان دەڵێن بتوانن درێژەپێدەری ئەم سیستەمە بن.

ئەگەر پەیڕەوانی هەموو ئایینە جیاوازەکان جگە لە ئیسلام و، هەموو بێباوەڕان بە ئایینە ئاسمانییەکان، لە ڕێگەی مەرجی مەزهەبەوە کە لە ناوەرۆکی ماددەی ١١٥ لە دەستووری ئێراندا دەستنیشان کراوە، لە ڕێگەی ئەنجومەنی پاراستنی دەستووری ئێرانەوە ڕەت دەکرێنەوە، پەیڕەوانی ئایینی ئیسلامیش لە ڕێگەی مەرجی دووەم کە لە دوایین مەرجی ماددەی ١١٥ لە دەستووری ئێراندا هاتووە و، هەموو پەیڕەوانی ئایینی ئیسلامی بەسەر پەیڕەوانی مەزهەبی فەرمیی وڵات و پەیڕەوانی مەزهەبه‌ نافەرمییه‌كاندا دابەش کردووە و، تەنیا پەیڕەوانی مەزهەبی فەرمیی وڵات دەتوانن بگەنە پۆستی سەرۆککۆماری ئێران. چونکە لەم مەرجەدا دەڵێت: "معتقد بە مذهبی رسمی کشور"؛ واتا باوەڕ و ئیمانی بە مەزهەبی فەرمیی وڵات هەبێت. بەپێی ماددەی ١٢ لە دەستووری ئێران، مەزهەبی فەرمیی وڵات، "مذهب اثنی عشری است"؛ واتە مەزهەبی ١٢ ئیمامی، کە دەکاتە شیعەی ١٢ ئیمامی. بۆیە ئەم مەرجە هەموو پەیڕەوانی ئایینی ئیسلام کە خۆیان لە مەزهه‌به‌ جیاوازه‌كاندا دەبیننەوە، ناشیاون بۆ پۆستی سەرۆککۆماریی ئێران و، زۆر بەئاسانی لە لایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستووری ئێرانەوە ڕەت دەکرێنەوە و، تەنیا پەیڕەوانی مەزهەبی دوازدە ئیمامی مافی وەرگرتنی ئەم پۆستەیان هەیە.

٣- ئێرانیی ڕەسەن: (ایرانی االأصل).

ماددەی ٩٧٦ لە یاسای شارستانیی ئێران، ئەو کەسانەی کە بە ئێرانی هەژمار دەکرێن دیاری کردووە؛ بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە ئاماژەیەک بە ئێرانیی ڕەسەن بکات. ئەم دەستەواژیە بۆ یەکەم جار لە ماددەی ٣٧ و ٥٨ لە ساڵی ١٩٤٦دا لە دەستووری ئەو کاتەی "مشروطە"دا بۆ دیاریکردنی پۆستی وەزیر، وەکوو مەرج دەستنیشان کرابوو. ئەم مەرجە جارێکی تر لە دەستووری نوێی ئێراندا ڕەنگی دایەوە کە دەڵێت ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆککۆماری ئێران، بە لایەنی کەمەوە باوکی، خەڵکی ئێران بێت. لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتیی تایبەتەوە، جیاوازی هەیە لە نێوان کەسێک کە ئێرانیی ڕەسەن بێت و کەسێک کە ڕەگەزنامەی ئێرانیی هەیە: ئێرانیی ڕەسەن، فراوانترە لە لە ڕەگەزنامەی ئێرانی؛ دەکرێت کەسێک ڕەگەزنامەی ئێرانیی هەبێت، بەڵام ئێرانیی ڕەسەن نەبێت. بۆیە دەبێت خۆی و باوکی، ڕەگەزنامەی ئێرانییان هەبێت؛ واتە هەر بە ڕەگەز ئێرانی بێت، تاوەکوو بتوانێت ناوی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران تۆمار بکات، لە کاتێکدا لە یاسای زۆرێک لە وڵاتان، تەنیا مەرجی ڕەگەزنامە، وەکوو مەرج دیاری کراوە.

چۆنێتیی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار:

هەرچەندە لە ماددە و بڕگە جیاوازەکانی ئێراندا چەند دەزگه‌ بۆ بەئەنجامگەیاندنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دیاری کراوە، بەڵام هەموو دەسەڵاتە یەکلاکەرەوەکان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور. ئەم ئەنجومەنە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، ئەنجومەنێکی باڵایە؛ چەند ماددەیه‌ك لە دەستووری ئێران، چۆنێتیی دیاریکردنی ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە و ئەرکەکانیان دیاری کردووە. ئەوەی جێگه‌ی سەرنجە، ئەرکەکانی ئەم ئەنجومەنە زیاتر یاسایین، بەڵام ڕۆڵی ڕەهای ئەم ئەنجومەنە لە هەموو هەڵبژاردنەکانی ئێران و ئەو کاریگەرییەی کە لەسەر بەشێک لە دامودەزگە جیاوازەکانی نێوخۆی ئێران هەیەتی و، پشتیوانیی شەخسی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لەم ئەنجومەنە، پێگەی سیاسیی ئەم ئەنجومەنەی بەرچاوتر کردووە. بە هۆی ڕۆڵی گرنگی ئەم ئەنجومەنە لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا، لە خوارەوە بەکورتی ئاماژە بە چۆنێتیی دیاریکردنی ئەندامانی و ئەرکەکانیان دەکەین. ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە، لە دوو گرووپ پێک دێن کە شێوازی هەڵبژاردن و دەسەڵاتەکانیان جێگه‌ی سەرنجە.

 گرووپی یەکەم: زانایانی ئایینی. بەپێی ماددەی ٩١ لە دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەندامانی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور لە ١٢ کەس پێک دێن کە شەش کەسیان پیاوی ئایینین؛ کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە لایەن شەخسی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ ماوەی شەش ساڵ دەستنیشان دەکرێن.

گرووپی دووەم: یاساناسان. ئەم یاساناسانە بریتین لە شەش کەسی یاساناس لە بەشە جیاوازەکانی یاسادا. لەسەر پێشنیاری سەرۆکی دەزگه‌ی دادوەری بۆ پەرلەمان، ئەم شەش کەسه‌ یاساناسە موسڵمانە، لە لایەن پەرلەمانەوە بۆ ماوەی شەش ساڵ هەڵدەبژێردرێن. ئەوەی جێگه‌ی تێبینییە، خودی سەرۆکی دەزگه‌ی دادوەری کە پێشنیاری ئەم شەش کەسە یاساناسە بۆ پەرلەمان دەکات، خۆی لە لایەن شەخسی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستنیشان دەکرێت. کەواتە ئەم شەش یاساناسەیش بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە لایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەڵدەبژێردرێن. بۆیە ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور بەتەواوی لەژێر کۆنتڕۆڵی شەخسی ڕێبەری ئێراندایە و، جگە لە بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر شەخسی ڕێبەردا نەبێت، وه‌ڵامی هیچ دامودەزگه‌یەکی تر ناداتەوە. ئەم ئەنجومەنە لە پرۆسەی هەڵسەنگاندنی شیاوێتی (سه‌ڵاحییه‌ت)ی کاندیداکانی سەرۆککۆماری ئێراندا دەسەڵاتی ڕەهای هەیە و، بە گوتەی چالاکوانانی سیاسی، تەنیا شیاوێتیی کەسانێکی تایبەت کە سەر بە گرووپێکی دیاریکراون پەسەند دەکات.

ئەوەی گرنگە سەبارەت بە ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور بەو شێوازەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێ داوە، بەپێی بەندی ٩ لە ماددەی ١١٠ لە دەستووری ئێران، ئەرکی هەڵسەنگاندنی شیاوێتیی پاڵێوراوانی سەرۆککۆمار، پێویستە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن، لە لایەن ئەم ئەنجومەنەوە دیاری بکرێت. یەکێک لە ئەرکەکانی ئەنجومەن پاراستنی دەستور بەپێی ماددەی ١١٠  لە دەستووری ئێران مۆڵەتی داوە و بە پێویستە دەزانێت، ئەنجومەن لە ڕوانگەی سیاسی، ئایینی و نەتەوه‌یییەوە هەڵسەنگاندن بۆ شیاوێتی هەموو کاندیدەکانی سەرۆککۆمار بکات. لە کاتێکدا پرۆسەی هەڵسەنگاندنی شیاوێتی لە روانگەی سیاسی و ئایینی و... لە یاسای زۆربەی وڵاتان قەدەغە کراوە و تەنیا لە باری تایبەتدا نەبێت؛ هیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە، لێپێچینەوە  لەم بابەتە  بکات و،  لە سەر ئەم بنەما جیاکاری لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگەدا بکات.  

هەروەها جگە لە هەڵسەنگاندنی شیاوێتیی پاڵێوراوان، لە هەموو قۆناغی ئەنجامی هەڵبژاردندا، بەرپرسیارێتیی چاودێری لەسەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری بەپێی ماددەی ٩٩ لە دەستووری ئێران لە ئەستۆی ئەم ئەنجومەنەدایە. ئەوەی زیاتر دەستی ئەم ئەنجومەنەی واڵا کردووە، ئەوەیە کە بەپێی ماددەی ٩٨ لە دەستووری ئێران، ئەرکی شرۆڤەی دەستوور لە ئەستۆی ئەم ئەنجومەنەیە. بۆیە هەر جۆرە ناڕوونییەك کە ببێتە جێگه‌ی سەرنج و ڕەخنەی یاساناسان، دووبارە دەچێتە بەردەست ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور و، لە لایەن خودی ئەم ئەنجومەنەوە شرۆڤەی بۆ دەکرێت.

یاسای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئیران و مافی مرۆڤ

هەروەکوو ئاماژەمان پێ داوە، ئێران یەکێکە لە وڵاتانەی کە خۆی بە بڕگەکانی ڕێککەوتننامەی مەدەنی- سیاسییه‌وه‌ پابەند کردووە. ماددەی ٢٥ لەم ڕێککەوتننامەیه‌ چەند بنەمایەکی دیاریکراوی سەبارەت بە بابەتی هەڵبژاردن و مافی هاووڵاتیان لەم پرۆسەدا دیاری کردووە، کاتێک ئەم مافەی بە هەر هاووڵاتییەک داوە بەبێ ڕچاوکردنی هیچ جۆرە جیاوازییەکی ڕەگەزی، ئایینی و سیاسی کە لە ماددەی دووەمدا ئاماژەی پێ کراوە و بەبێ سنووردارکردنی ناڕەوا، ماف و دەرفەتی دەنگدان و خۆپاڵاوتنیان لە هەڵبژاردنێکی ڕاستەقینەدا کە بە شێوەی خولی ئەنجام دەدرێت، هەیە. بە شیکاری بۆ دەستور و یاسای  هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران، ئەو بەربەست و لەمپەرانەی کە ڕاستەوخۆ بە پێچەوانەی بڕگەکانی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ و ڕێککەوتننامەی مەدەنی – سیاسین بەدیی دەکرێن کە بریتین لە:

جیاوازیی ڕەگەزی:

لە ماوەی ئەم ٣٦ ساڵەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، کە تا ئێستا ١١ خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوە چووە، هیچ ژنێک نەیتوانیوە لە فیلتەری ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور دەرباز بێت و، بەشداری لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێراندا بکات. چالاکوانانی مافی مرۆڤ دەڵێن، بێبەشکردنی نیوه‌ی دانیشتووانی کۆمەڵگە لە خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری وڵات، نیشانەی تێڕواننێکی ئایینییە کە بەپێی پرەنسیپەکانی جاڕنامەی مافی مروڤ و ڕێککەوتننامەی مەدەنی- سیاسی، ڕێگەپێنەدراوە. هەروەها ئەم جۆرە دەقە دەستوورییە و شرۆڤەی لایەنی پەیوەندیدار، جۆرێک لە بەها کۆمەڵایەتییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە و، لە لای ژنان ئەم پرسیارە دروست دەکات کە دەسەڵاتداران، ژنان تەنیا وەکوو ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی دەنگ لە هەڵبژاردنەکاندا بەکار دێنن؛ لە کاتێکدا ژنانی بەتوانا زۆرن، کە توانای بەڕێوەبردنی پۆستی سەرۆککۆمارییان هەیە؛ لە لایەکی ترەوە ئەوە کۆمەڵگەیە دەبێت بڕیار لەسەر دەستنیشانکردنی ژن، یان پیاوبوونی سەرۆککۆمارەوە بدات، نەوەک ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور کە خۆیان لە لایەن خەڵکەوە هەڵنەبژێردراون.

جیاوازیی سیاسی:

چاودێریی ڕەهای ئەنجومەنی پاراستنی دەستووری ئێران (نظارت استصوابی) کە لەم پرۆسەدا ژمارەیەکی زۆر لە کاندیداکان هەڵسەنگاندنی شیاوێتییان بۆ دەکرێت، بە هۆکاری سیاسی، یاسایی ڕەت دەکرێنەوە و لە کردەوەدا لەمپەڕێک لە بەردەم هەموو دەنگە جیاوازەکان لە ئێراندا دروست دەکات؛ کە لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی و جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤدا دژایەتیی هەیە و یەک ناگرنەوە. هەروەها یاسای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران بەڕوونی دژی هەر جۆرە بیر و ڕای جیاوازە، چونکە پێویستە هەموو کاندیدەکان بە شێوەی کرداری، باوەڕیان بە ئیسلام و بنەماکانی کۆماری ئیسلامی هەبێت و، وەفاداریی خۆیان بۆ بنەمای "ولایت مطلقە فقیە" (ویلایه‌تی ڕه‌های فه‌قیھ) ده‌رببڕن. چالاکوانانی مافی مرۆڤ دەڵین دانانی مەرجی تایبەت و ناچارکەر، بەو شێوەی کە لە ماددەی ٢٨ لە یاسای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا هاتووە، دەرگه‌ی‌ بە ڕووی بەشێکی زۆر لەو کەسانە کە خاوەنی بیر و ڕای جیاوازن، داخستووە. هەروەها لۆژیکی نییە هەموو دانیشتووانی وڵات ناچار بە یەکپارچەییی وڵات، کە هەڵگری ئایین و مەزهەب و نەتەوەی جیاوازن، بکرێن و، لە لایەکی ترەوە لە مافە سەرەتایییەکانی کە هەر هاووڵاتییەک بەپێی دەستوور پێویستە هه‌یبێت، بێبەش بکرێن و تەنیا ئایین و بیروباوەڕی بەشێکی بچووک لە کۆمەڵگە، بکرێتە بنەما و بەسەر هەموو دانیشتووانی کۆمەڵگەدا بسەپێندرێت. بۆیە زۆرێک لە چالاکوانانی سیاسی پێیان وایە کە سەرۆککۆماری ئێران لە لایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورەوە دەستنیشان دەکرێت؛ چونکە ئازادیی خۆکاندیدکردن کە مەرجی سەرەکییە لەم پرۆسەدا بوونی نییە و، تەنیا خاوەن یەک جۆرە هزری سیاسیی پێناسەکراو، دەتوانن لە قۆناغی هەڵسەنگاندنی شیاوێتیدا لە لایەن ئەم ئەنجومەنەوە دەرباز بن.

جیاوازیی  ئایینی:

تیۆریی "ولایت مطلقە فقیە" کە سەرچاوەکەی بۆ مەزهەبی شیعە دەگەڕێتەوە، لە ئیستادا بنەمای حکوومەتی ئێرانە و "وه‌لی فه‌قیھ" جگە لە پێگەی سیاسی، خاوەن پێگەیەکی ئایینیی تایبەتە و خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهایە. ئەم تیۆرییە هەموو ئەو کاندیدانەی کە باوەڕی کردارییان بە بنەمای "ولایت مطلقە فقیە" و سیستەمی کۆماری ئیسلامی نەبێت، هەرچەندە پەیڕەوی مەزهەبی فەرمیی وڵاتیش بن، ڕەت دەکاتەوە.  مەترسیی ئەم تیۆرییە لەوەدایە کە ئایین بەتەواوەتی تێکەڵ بە سیاسەت دەکات و، کاندیداکان لەسەر بنەمای باوەڕی ئایینی دابەش دەکرێن و، دەبێتە هۆی جیاکاری لە نێوانیاندا. ئەم جیاکارییە، جگە لەوەی کە دەبێتە هۆی جیابوونەوەی موسڵمان و ناموسڵمان، خودی موسڵمانانی شیعە و سوننەیش لێک جیا دەکاتەوە و، هەروەها پەیڕەوانی مەزهەبی شیعەیش کە باوەڕیان بە تیۆریی "ولایت مطلقە فقیە" نییە، نەشیاون بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار. بۆیە لە ڕاستیدا، هەرچەندە لە ماددەی ١١٥ لە دەستووری ئێران دەڵێت "پەیڕەوانی مەزهەبی فەرمی" و، لە ماددەی ١٢ی دەستووردا "مەزهەبی فەرمیی وڵات بە شیعەی ١٢ ئیمامی" بەفەرمی ناسراوە، بەڵام لە کردەوەدا باوەڕ بە تیۆریی "ولایت مطلقە فقیە" و شەخسی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە خاوەن هزری سیاسیی دیاریکراوە، پێوەرە بۆ پاڵێوراوان.

بابەتێکی تر کە جێگه‌ی ئاماژەیە، خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار مافێکی یاساییی هەر تاکێکی ئێرانییە، لە لایەکی ترەوە دەنگدانیش هەروەکوو خودی زانایانی ئایینیی ئێرانی دەڵێن هەم مافە و هەم ئەرکێکی نیشتمانییە، بەڵام لە ڕوانگەی دەروونییە و بۆ هەر تاکێکی ئێرانی، دەکرێت جێگه‌ی پرسیار بێت، کە کەسێکی خاوەن هزر، مافی خۆپاڵاوتنی لێ وەردەگیرێتەوە و، لە هەمان کاتدا داوای لێ دەکرێت کە بەشداری لە پرۆسەیەکدا بۆ دەستنیشانکردنی کەسێک بکات کە خۆی کەسێکی نەشیاوە بۆ ئەو پۆستە، کەواتە ئەگەر بۆ خۆپاڵاوتن نەشیاوه‌، پێویستە بۆ دەنگدانیش نەشیاو بێت و بە هیچ جۆرێک بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن، واتا دەنگداندا نەکات. هەندێ لایەنی دەسەڵات ئاماژە بە گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن و شرۆڤەی نوێ سەبارەت بە مەرجی کاندیداتۆری سەرۆککۆمار کە لە دەستووردا هاتووە دەکەن، بەڵام بە سەرنجدان لەم یاسایە، بەدیار دەکەوێت کە لە یاسای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا هیچ لەمپەرێک لە لەمپەرەکانی بەردەم هاووڵاتیانی ئێرانی چارەسەر نەکراوە و، ماددەی ٣٥ لەم یاسایە هەموو مەرجەکانی ماددەی ١١٥ لە دەستوور، دووپات دەکاتەوە.

 کۆبەند:

مەبەستمان بوو، زیاتر ئاماژە بە کاریگەریی یاسای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لەسەر کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین، بەڵام بەربەستە یاسایییەکانی دەستووری ئێران هێندە بەربڵاو و گشتگیرن کە جگه‌ له‌ کوردانی ڕۆژهەڵات، دەرفەتی بەشداریکردن بە زۆربەی نەتەوە و کەمینە سیاسی و ئایینییه‌كانی دانیشتووی ئێران بە مەبەستی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار نادات. پێویستە ماددەی ١١٥ لە دەستووری ئێران هەموار بکرێتەوە چونکە ئەو مەرجانەی کە لەم ماددەدا هاتوون هەر لە بنچینەدا بەپێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤن و، بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتیی هەڵبژاردنەکان، پرسیار لەسەر هەموو پرۆسەی هەڵبژاردن دروست دەکات. دەستوور و یاسای هەڵبژاردنەکانی ئێران، مافی بەشداریی هەموو تاکێکی ئێرانی، بەتایبەت کوردانی ڕۆژهەڵاتی ڕەچاو نەکردووە، چونکە مەرجی "رجال" لەم ماددەیه‌دا نیوەی کۆمەڵگە واتە ژنان بۆ خۆپاڵاوتن و، مەرجی مەزهەب، هەموو پەیڕەوانی ئایینە جیاوازەکان جگە لە پەیڕەوانی ئایینی ئیسلام و، مەرجی مەزهەبی فەرمی، هەموو پەیڕەوانی مەزهه‌به‌كانی ئیسلامی جگە لە مەزهەبی شیعە و، مەرجی "ولایت مطلقە فقیە" هەموو ئەوانەی کە باوەڕیان بە مەزهەبی فەرمیی وڵات هه‌یه‌ بەبێ ئەم تیۆرییه‌، لە خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بێبەش دەکات.

هەرچەند تا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی لە ئێراندا مەودایەکی زۆری ماوە، بەڵام وەکوو هەنگاوێکی هەنووکەیی، پێویستە دەوڵەتی ئێران ئەم هەنگاوانە هەلگرێت:

- هەموو تاکێکی ئێرانی بەبێ ڕه‌چاوکردنی جیاوازیی ڕەگەزی، باوەڕی ئایینی و سیاسی مافی خۆکاندیدکردنی هەبێت.

- دەسەڵاتە ڕەهاکانی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور سنووردار بکرێن.

- هەموو ئەوانەی ڕەت دەکرێنەوە، بە شێوەی یاسایی و نووسراو و شەفاف هۆکاری ڕەتکردنەوەیان ڕابگەیەندرێت.

- مەرجی پیاوبوون لە ماددەی ١١٥ لە دەستووری ئێران و، ماددەی ٣٥ لە یاسای هەڵبژاردنەکاندا هەڵگیرێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples