پێشوتار:
پەروەردە چەمكێكی فرەڕەهەندە کە زۆرێک لە ڕەهەندەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووریی کۆمەڵگە لەخۆ دەگرێت و، ئامرازێکە بۆ چارەسەرکردنی گرفت و کێشە جیاوازەکانی ئێستا و داهاتوو. ئەگەر کۆمەڵگە جیاوازەکان پێکەوە بەراورد بکەین، مرۆڤەکانی ئەم جۆرە کۆمەڵگەیانە لە ڕوانگەی هزری، کەڵتووری، بەرپرسیارێتی و.... جیاوازیی سەرەکیان پێکەوە هەیە و، سیستەمی پەروەردەی کارا هۆکاری هاوبەشی سەرکەوتنی هەموو کۆمەڵگە جیاوازە پەرەسەندووەکانە، کە بەرهەمی سەرەکییان، هێزی مرۆیی بەرپرس، زانا و وەبەرهێنە.
لە دنیای ئەمڕۆدا کە زانست لە پێشکەوتن و پەرەسەندنی بەپەلەدایە، پەروەردە به کەڵکوەرگرتن لەم پێشکەوتنانە، وەکوو هۆکاری ڕاستەوخۆی گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی هەژمار دەکرێت. بە پێچەوانەوە، گرنگینەدان بە زانستی پەروەردەی نوێ گرفتی زۆر بۆ پرۆسەی خوێندن، پێشکەوتن، گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە دروست دەکات. بۆیە مەبەستمانە ئەو تەوەرانەی سەرەوە بکەینە بابەتی ئەم وتارە.
ڕۆڵی پەروەردە لە گەشەی کۆمەڵگەدا:
گەشەی بەردەوام، گۆڕانکاریی هەمەلایەنە و بەرەوپێشچوونە لە قۆناغێکی مێژوویی بۆ قۆناغێکی نوێ، بە مەبەستی خەڵقی گەشەی نوێتر و دەرخستنی توانای مرۆیی. بەدەستهاتنی ئەم گەشە و گۆڕانکارییانە، پێویستی بە گۆڕینی هزری کۆمەڵگەیە لە ڕێگەی سیستەمی پەروەردەیی کاراوە. ئەزموونی نێودەوڵەتی، دەرخەری ئەم ڕاستییەیە کە گەشە و پەرەسەندنی بەردەوام و هەمەلایەنە، لە ڕێگەی هێزی مرۆیییەوە دەستەبەر دەبێت؛ کە پێشمەرج و بەردەوامی و گۆڕانکاری لەم بوارەدا لە ڕێگەی سەرمایەگوزاری لە هێز و توانای مرۆڤەوە کە بنەما و کاکڵەی هەر کۆمەڵگەیەکە بە دەست دێت. لە ڕاستیدا پەروەردە، ئامانجێکی گشتییە کە کۆمەڵگە لەم ڕێگەیەوە نەوەی نوێ بۆ دواڕۆژ ئامادە دەکات. ئەو وڵاتانەی کە گرنگیی تایبەتیان بە سیستەمی پەروەردە و زانستی پەروەردەی نوێ داوە و سەرمایەگوزارییان تێدا کردووە، گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە سەرچاوەی داهێنان و پێشکەوتنی ئابووری – کۆمەڵایەتی، زانست و توێژینەوە، لە ڕێگەی سیستەمی پەروەردەوە دەستەبەر دەبێت.
یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەروەردەی ژاپۆن بەگرنگیدان بە ڕۆڵی پەروەردە لە گەشەپێدانی بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا دەڵێت: "ئێمە نە هیچ سەرچاوەی سروشتی و نە هێزی سەربازیمان هەیە، ئێمە تەنیا یەک سەرچاوەمان هەیە کە ئەویش مێشکمانە، ئەم سەرچاوە تەواوبوونی نییە و پێویستە پەرەی پێ بدرێت و لە داهاتوویەکی نزیکدا بە نرخترین و داهێنەرانەترین سامانی هاوبەشی هەموو مرۆڤایەتییە." هەروەها کۆمەڵناسێکی ئەمریکی باوەڕی وایە، ئەگەر تاک دروست پەروەردە بکرێت، کاریگەریی فراوانی لە چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی، کە بەربەستی سەرەکیین لە گەشەی بەردەوام لە زۆربەی کۆمەڵگەکاندا، دەبێت. پەروەردە جگە لەوەی دەرفەتێکە تاوەکو تاکی کۆمەڵگە توانا و هزری خۆی گەشە پێ بدات، ئاسەواری ئەرێنیی ئابووری- کۆمەڵایەتیشی لێ دەکەوێتەوە، بەو مانایەی کە هەرچی ڕێژەی پانتای پەروەردەی دانیشتووانی کۆمەڵگە زیاتر بێت، تێچووی دەزگای دادوەری، ئاسایش، پۆلیسی هاتووچۆ و.... ئەو کۆمەڵگایە کەم دەبێتەوە. بۆیە پەروەردە جۆرێک سەرمایەگوزاریی درێژخایەنی نیشتمانییە.
لەم سەردەمەدا کە تەکنەلۆژیا زۆر گەشەی کردووە و ئامڕازەکانی خێرای پەیوەندیکردن لەبەر دەستە، حکوومەت بە پلانی تۆکمە دەتوانێت لە ڕێگەی سیستمی پەروەردەوە، تاکی بەرهەمهێن، بەرهەم بێنێت. ڕاستیی ئەم وتانە کاتێک باشتر ڕوون دەبێتەوە، کە لەم سەردەمەدا بۆمان دەردەکەوێت، هیچ کۆمەڵگەیەک بە سیستەمی پەروەردەی لاوازەوە نەگەیشتووەتە پێشکەوتنی گرنگی ئابووری و کۆمەڵایەتی، بۆ نموونە وڵاتانی وەکوو کوێت و سعوودیە بە بوونی ئەو هەموو سەچاوەی ئابوورییەوە، چونکە کۆمەڵگەیەکی خوێندەوار بە مانای ڕاستەقینەی خۆی بوونی نییە، لە ڕوانگەی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە هیچ جۆرە پێشکەوتنێک بە دی ناکرێت. بەڵام وڵاتانی وەکوو دانیمارک و ژاپۆن، هەرچەندە سەرچاوەی ئابووریی بەهێزیان نییە، بەڵام لە ڕێگەی سەرمایەگوزارییەوە لە سیستەمی پەروەردەدا، کۆمەڵگەیەکی خوێندەوار و پسپۆڕیان هەیە و لە ڕوانگەی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە لە پێشەوەن. لە ئێستادا گەشەی ئابووری پەیوەستە بە زانست و زانیارییەوە و، ئابووریی گەشەسەندوویش، لە سەر زانستێک دێتە ئاراوە کە زیاتر پشت بە بەکارهێنانی ئایدیا دەبەستێت تاکو توانستی ماددی. هاربیسۆن لەم بارەوە دەڵێت: "هێزی مرۆیی، بنەمای سەرەکیی سامانی نەتەوەکان پێک دێنێت و سەرمایە و سەرچاوەی سروشتی، هۆکاری لاوەکی وەبەرهێنانن."
بە مەبەستی دابینکردنی گەشەی بەردەوام، یەکێک لە ئەرکەکانی پەروەردە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا، دەرونیکردنی باوەڕە بە ناوەرۆکی گەشە، پێشکەوتن و سەربەخۆبوونە لە لای هەر هاووڵاتییەکی کۆمەڵگە. لەم ڕوانگەوە سەرمایەگوزاری و داڕشتنی پرۆگرام لە پەروەردەدا، مرۆڤی بە توانا، یاسامەند و پرسیارکەر، بە واتایەکی تر خاوەن هزرێکی کراوە بەرهەم دێنێت و، تاکی کۆمەڵگە وەکوو سەرەکیترین هۆکاری گەشەی بەردەوام بە باشترین شێوە پەروەردە دەکات و یاریدەدەری کۆمەڵگەیە لە پێشکەوتن لە هەموو بوارەکاندا. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، بەرهەمی پەروەردەی سەرکەوتوو لە بەرامبەر گۆڕانکاری و نۆێگەریدا نە تەنیا بەربەست دروست ناکات، بەڵکوو بە هۆی ئاستی بەرزی ڕۆشنبیرییەوە پێشوازی لەم گۆڕانکارییانە دەکات، کە خۆی لە خۆیدا لە پێوەرە گرنگەکانی گەشەی بەردەوامی کۆمەڵگەیە، چونکە هەموو شتێک بە پێوەری زانست و لۆژیک لە قاڵب دەدات و، ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووریی کۆمەڵگە بەرەو ژیانێکی سەرکەوتوو و کۆمەڵگەیەکی مودێڕن دەبات.
بارودۆخی سیستەمی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان:
کاتێک باس لە سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، پێویستە ئاماژە بە چەندین تەوەر و بابەتی پێوەندیدار وەکوو ئامانجی حکوومەت لە پەروەردە و جۆری تێڕوانینی دەسەڵات بۆ پرسی پەروەردە بکرێت، کە تێکڕای پرۆگرامەکانی تر لە ژێر کاریگەری ئەم ئامانجە سەرەکییانەدا کۆ دەبنەوە و بنەمایەکی گرنگە کە حکوومەت بۆ بە دەستهێنانی گەشەی بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگە پشتی پێ دەبەستێت.
سیستمی پەروەردە لە باشوری کوردستان پانتایییەکی بەربڵاوی بۆ شیکردنەوە و پێناسەکردن و کارکردن هەیە، هەروەها ئەو چەمکانەی کە لە مێژوویەکی کۆنەوە کاری پێ کراوە و توانیوێتی نەوەیەک پەروەردە بکات، بەڵام لە گەڵ هەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی جیهان، ئەم چەمکانەش "دەسەڵات و سیستمی پەروەردە" ڕوخسارێکی دیکەیان بەخۆوە گرتووە، هەر بەو پێیەش هەوڵدراوە شێوازی نوێتر و کاراتر بۆ سیستمی پەروەردە دەستنیشان بکرێت؛ بەڵام سەرەڕای ئەم گۆڕانکارییە گرنگانە، بەڕێوەبەرانی پەروەردە هێشتا کاریان لەسەر پروگرامێکی نوێ بۆ پرۆسەی خوێندن و دابینکردنی بودجەی پێویست کە شایستەی ئەم بوارە بێت، نەکردووە و پرۆگرامە دەرسییەکانیش ناتوانن هەڵگری ویستی کۆمەڵگەی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان بن، کە خۆی لە خۆیدا یەکێکە لە هۆکاری لاوازی لە پەروەردەی هێزی مرۆیی و سیستەمی خوێندندا. لە کاتێکدا بۆ چارەسەری ئەم گرفتە، بە هۆی تەکنەلۆژیاوە بە ئاسانی دەتوانین سوود لە بەرهەمی ئەرێنی و ئەزموونی پەروەردەیی وڵاتانی دیکە بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنی پرۆگرامەکانی پرۆسەی خوێندن وەربگرێت. بۆیە پێویستە پێداچوونەوەیەکی ڕیشەیی بە سیستمی پەروەردەیی لە هەرێمی کوردستاندا بکرێت، تاوەکو تاکێکی کارا و وەبەرهێن پەروەردە بکات.
لە سیستمی نوێی جیهانیدا وا سەیری هێزی مرۆیی دەکرێت، کە هەر تاکێک بۆ خۆی سەرمایەیە، بەڵام بەو مەرجە لە سیستەمێکی پەروەردەی کارادا پەروەردە بکرێت و لە تاکێکی بەکاربەرەوە بۆ تاکێکی وەبەرهێن بگۆڕێت. واتە وەبەرهێنان لەسەر پەروەردە و سیستمی خوێندن بخرێتە نێو وتار و پرۆگرامی حکوومەتەوە. هەر مرۆڤێک کە ببێتە سەرمایەیەک، دواجار سەرمایەی دیکه بۆ وڵات دەخوڵقێنێت.
بەرهەمی سیستەمی پەروەردە لە هەرێمی کوردستاندا ئەگەر تاکێکی وەبەرهێنەر نەبێت، ناتوانێت هەڵسوکەوتێکی گونجاو لەگەڵ پێشکەوتن و گەشەی کۆمەڵگەدا بکات. چونکە گەشە و پێشکەوتن لە هەر کۆمەڵگەیەکدا لە هزری گەشەی پەروەردەوە دەست پێ دەکات. حکوومەتیش وەک بەهێزترین کەرەستە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە ڕۆڵی سەرەکی لە هەموو بوارەکانی ژیان و بە تایبەتی لەسەر گرنگترین و بەهێزترین هێزی کۆمەڵگە واتە گەنج و تێروانینی تایبەت سەبارەت بە کۆی سیستەمی پەروەردە و پرۆسەی خوێندندا هەیە.
بە شێوەیەکی گشتی، ڕێژەی بودجەی دابینکراو بو سیستەمی پەروەردە لە هەر وڵاتێکدا، نیشانەی گرنگیی ئەو حکوومەتەیە بۆ بەشی پەروەردە، کە لە وڵاتە گەشەسەندووەکاندا ڕێژەیەکی بەرچاو لە داهاتی نیشتمانیی ئەو وڵاتانە لەخۆ دەگرێت. بۆ نموونە لە ئەمریکادا، بودجەی وەزارەتی پەروەردە دووهێندەی بودجەی وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتەیە. لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان، بودجەی پەروەردە و بەشی توێژینەوە بە گوێرەی پێوست نییە و زۆر جار یەکسانە لە گەڵ بودجەی دەزگایەکی سیاسی یەکێک لە حیزبەکانی ئەم هەرێمە.
دەرەنجام:
گەیشتن بە گەشە و پێشکەوتنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی بەردەوام، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لە گەڵ سیستەمی پەروەردە و هیزی مرۆیی دڵسۆز و کارا کە بەرهەمی ئەم سیستەمەیە هەیە و ئەگەر بەرپرسان و دارێژەرانی سیاسەتی پەروەردەیی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی بەم بابەتە نەدەن، گەشەی بەشەکانی تری کۆمەڵگە دووچاری قەیران دەبێتەوە و لە ئاکامدا لەسەر کۆی پێشکەوتن لە کۆمەڵگەدا کاریگەریی نەرێنی دەبێت. هەر لەم ڕوانگەوە زانایانی بواری ئابووری و کۆمەڵناسی یەکێک لە گرنگترین پێوەرەکانی پێشکەوتن و گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی بە رێژەی پێشکەوتن و پەرەسەندنی هێزی مرۆیی ئەو کۆمەڵگەیە دەزانن. لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئەگەرچی رۆڵی ئەرێنی پەروەردە بە دی دەکرێت، بەڵام حکوومەت و وەزارەتی پەروەردە بە چۆنێتیی پرۆسەی خوێندن و ڕۆڵی پەروەردە لە پێشکەوتن و گەشەی بوارە جیاوازەکاندا گرنگییان نەداوە، هەروەها لە تێروانینی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیشدا وەزارەتی پەروەردە پشتگۆێ خراوە، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتییەکان بە وەزارەتی سیادی دەزانن و پێشبڕکێ بۆ وەرگرتنی دەکەن، بەڵام وەزارەتی پەروەردە بە ڕای ئەوان ناسیادییە و هەر لەم ڕوانگەوە سەیری دەکەن و بودجەی بۆ دابین دەکرێت.
ئەگەر بەرپرسانی حکوومەت و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بەم دیدەوە سەیری سیستەمی پەروەردە بکەن، بەرهەمی ئەم سیستەمە وەکوو ئامرازێک دژی پێشکەوتن ڕەفتار دەکات. بۆیە ئەرکی سەرەکیی بەرپرسانی پەروەردەیە کە بە داڕشتنی پرۆگرام و یاسای گونجاو هەوڵی سڕینەوەی تێڕوانینی هەڵەی هزریی کۆمەڵگە و لایەنە سیاسییەکان سەبارەت بە پەروەردە و پرۆسەی خوێندن بدەن و، تاکی ئەم هەرێمە لەژێر رکێفی کەلتووری کەسی بەکاربەر کە بەرهەمی هزری وڵاتانی عەرەبییە رزگار بکەن و بەرەو پەروەردەکردنی تاکێکی وەبەرهێن هەنگاو بنێن. بۆیە پێشنیار دەکرێت:
- پرۆسەی پەروەردە و خوێندن وەكو پرۆژەیەكی مرۆیی سەیر بكرێت و لە ئایین و سیاسەت جیا بكرێتەوە، تاوکو كۆمەڵگەیەکی تەندروست و پێشکەوتووی لێ بکەوێتەوە.
- کەڵکوەرگرتن لە بنەما نوێیەکانی زانست بە ئامانجی پراکتیزەکردنی پەروەردە و پێداچوونەوە بە پرۆگرامە کۆنەکان.
- دەوڵەمەندکردنی کتێبە دەرسییەکان بە زانستی سەردەم.
- گۆرانکاری لە شێوازی وانەوتنەوە، فێربوون و هەڵسەنگاندن بەڕچاوکردنی ئامانجی نوێی خوێندن.
- گرنگتر لە هەموو، گۆڕینی بەرپرسانی باڵای پەروەردە کە باوەڕیان بە شێوازی نوێ لە پرۆسەی خوێندندا نییە.