پەیوەندیی نێوان حکوومەت و ڕاگەیاندن (لە چوارچێوەی تیۆریی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیدا)

پێشوتار

لە هەڵسەنگاندنی مێژووی گۆڕانکاری و پەرەسەندنی ئازادیی ڕاگەیاندن و جۆری تیۆریی پەیڕەوکراو لە سێ سەدەی ڕابڕدوودا، بە ڕەچاوکردنی سیستەمی دادوەری و سیاسی، شێوازی جیاوازی  بەڕێوەبردنی ڕاگەیاندن، لە وڵاتان پەیڕەو کراوە.

 تیۆرییه‌ کاراکان لە وڵاتانی بیانیدا (تیۆرییە پەسەندکراوەکان لە وڵاتانی بیانیدا)

فەلسەفەی سیاسیی کارپێکراو لە هەر وڵاتێکدا، سەرچاوەی سیستەمی کۆنتڕۆڵ و بەڕێوەبردنی و دیاریکەری گۆشەنیگای دەسەڵاتدارانە لەسەر ڕاگەیاندنی ئەو وڵاتە. لە کاتێکدا فەلسەفەی بوونی خودی ڕاگەیاندن، دەگەڕێتەوە بۆ دابینکردنی مافی سروشتی و ئازادییه‌ بنچینەیییەکانی مرۆڤ؛ تا جێگه‌یەك لە کۆمەڵگە نادیموکراسییەکانیشدا، ڕاگەیاندن لە هێڵی پێشەوەی بەرگری لە ئازادی و مافە ڕەواکانی خەڵکن و، لە هەمان کاتدا بەرپرسیارێتیی قورسیان لە ئەستۆیە و، بەردەوام بە هۆی ناڕوونیی سنووری نێوان ئازادی و بەرپرسیارێتییەوە مەترسیی گەورەیان لەسەرە. لە وڵاتانی خاوەن هێز، کە کەڵک لە سیستەمی داسەپاوی ڕاگەیاندن وەردەگرن، کاربەدەستانی ئەم جۆرە وڵاتە لە ئازادیی سیاسیی کۆمەڵگە دەترسن و، دامەزراندن و بڵاوکردنەوەی هەموو جۆرەکانی ڕاگەیاندن، دەخەنە چوارچێوەی سیستەمی پێشگیرییەوە. بەو مانایەی کە لەم وڵاتانەدا بە مەبەستی دروستکردنی بەربەست، بۆ چالاکیی ڕاگەیاندن و هێزی سیاسیی نەیاران و ڕەخنەگران و، بڵاوکردنەوەی نهێنییەکانی دەسەڵاتداران، دامەزراندن و دەستبەکاربوونی هەر جۆرە ڕاگەیاندنێك بە وەرگرتنی مۆڵەتی پێشوەختە دەبەستنەوە و، زۆر جار ناوەندەکانی ڕاگەیاندن لەسەر بنەمای یاسای ڕاگەیاندن دانەمەزراون و، نزیکن لە کەسانی جێگەی باوەڕی کاربەدەستان.

 لە وڵاتانی خاوەن سیستەمی ئازادیخواز، بۆ دامەزراندن و دەستبەکاربوونی ڕاگەیاندن، کەڵک لە سیستەمی "بەدواداچوون" وەردەگیرێت؛ بەو مانایەی، لەم وڵاتانە هیچ جۆرە سنوورێک بۆ دامەزراندن و بەڕێوەبردنی ڕاگەیاندن، بوونی نییە. یاسای ڕاگەیاندنی ئەم وڵاتانە، لەگەڵ ئازادیی تەواوی ڕادەربڕیندایە، بەڵام بە ڕچاوکردنی بەرژەوەندیی ڕاستەقینەی خەڵک، سەربەخۆیی، ئاسایشی نیشتمانی، تەندروستی و ئەخلاقی کۆمەڵگە، هەروەها دیاریکردنی بەرپرسیارێتیی مەدەنی و سزای بەپێی یاسا بۆ هەموو ناوەندەکانی ڕاگەیاندن بەبێ جیاوازی. لەم سیستەمەدا پاش دەستبەکاربوونی ڕاگەیاندن، ئەگەر بابەتێک بەپێچەوانەی یاسا کاراکانی ئەو کۆمەڵگەوە بێت، لەسەر داوای داواکاری گشتی و لە ڕێگەی دادگه‌ی تایبەتەوە، سەیری داواکە دەکرێت و، سەرپێچیکەران بە وەرگرتنی سزا، یان قەرەبووکردنەوە، سزا دەدرێن. بەم شێوەیە ڕاگەیاندن لەسەر بنەمای بەدواداچوون کار دەکات. واتا بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت، یان سانسۆرنەکردنی ناوەڕۆکی بابەت، دانەخستنی خودسەرانە و دیاریکردنی پێوەری بەرپرسیارێتی، ئەرکی ڕۆژانەی خۆی جێبه‌جێ ده‌كات و، لە ئاکامدا کۆمەڵگە دەبێتە خاوەن ئازادیی ڕادەربڕین، گەشەی هزری سیاسی و کۆمەڵایەتی و شەفافییەت لە هەموو بوارەکاندا.

هەرچەندە هەندێ ڕەگەز لە نێوان زۆرێک لە تیۆرییه‌ کارپێکراوەکانی ڕاگەیاندن لە وڵاتاندا هاوبەشن، بەڵام هەروەکوو شارەزایەکی ئەم بوارە دەڵێت: "هەر کام لەم تیۆرییانە، تێگەیشتنی تایبەتی خۆیان بۆ ئازادی و بەرپرسیارێتی هەیە." خاڵی گرنگ سەبارەت بە ئازادی و تایبەتمەندیی تیۆریی بازاڕی ئازاد، ئەوەیە کە ئازادی بە شێوەی نەرێنی پێناسە دەکات. واتا بە مانای نەبوونی هەر جۆرە کۆنتڕۆڵ، یان داڕشتنی سیاسەتی پەیوەندیدار لە لایەن حکوومەتەوە دەزانێت. سەبارەت بە تیۆریی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیش، وابەدیار دەکەوێت ئەم تیۆرییەیش تەنیا ئەرکی پێدانی زانیاریی بێلایەنانەی لە ئەستۆیە و، لە ئامانج و بەڵێنەکانی، ڕاگرتنی یەکپارچەییی کۆمەڵگەیە نەوەک دابەشکردنی.

 لەگەڵ بوونی جیاوازی و هاوبەشی لە نێوان تیۆرییەکانی کاری ڕاگەیاندندا، چەند ڕێسایەک لەم بوارەدا جێگیر کراون و لە هەموو سیستەمە جیاوازەکانی ڕاگەیاندندا کارایییان هەیە، کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

  • لە سیستەمەکانی ڕاگەیاندن، بەتایبەت ئەوانەی کە کاری هەواڵ و شرۆڤەی دەکەن لە ڕێگەی هەموو ئامرازە جیاوازەکانی ڕاگەیاندنەوە بەتایبەت لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا، سەربەخۆ نین.
  • ناوەرۆکی ڕاگەیاندنی هەواڵ، بەردەوام بەرژەوەندیی ئەو کەس و لایەنانە بڵاو دەکەنەوە و، یان گرنگیی زیاتری پێ دەدەن کە ئەرکی پشتیوانیی دارایییان ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ.
  • هەموو سیستەمی ڕاگەیاندن لەسەر بیروباوەڕی ئازاد پاڵیان داوەتەوە، ئەگەرچی ڕادەربڕین و چەمکی ئازادی، بە شیوازی جیاواز پێناسە کراوە.
  • هەموو سیستەمی ڕاگەیاندن لەژێر سیبەری تیۆریی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیدا خۆیان حەشار داوە و، باوەڕیان وایە کە کار بۆ پێداویستیی کۆمەڵگە دەکەن.
  •  خودی ڕاگەیاندن دەرفەتی داگیرکردنیان بە کاربەدەستان دەدەن.
  •  چالاکیی ڕاگەیاندن، بەردەوام جیاوازە لەگەڵ ئەو تیۆرییەی کە لەسەری دامەزراوە.

 بۆ نموونە لە بریتانیا هێشتا بەرهەمی هێزگەرای سەردەمی ڕابردوو بوونی هەیە، هەرچەندە ئەزموونی گەورەی دیموکراسی لەم بوارەدا زۆر بەربڵاوترە. لە فەڕه‌نسا تێکەڵبوونی تیۆرییەکان بەدیار دەکەوێت، هەرچەندە هەموو سنوورەکانی ئازادی و بەرپرسیارێتی جێگیر کراوە. لە ویڵایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەگەڵ زاڵبوونی بازاڕی ئازاد، جۆرێک کونتڕۆڵی لاوەکی، هەم لە لایەن سیاسییەکانەوە و هەم لە لایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانەوە جێبەجێ دەکرێت. سەبارەت بە بارودۆخی ڕاگەیاندن لە ئێراندا، لە مێژووی ڕاگەیاندنی ئەم وڵاتەدا جگە لە دەورانی کورتی حکوومەتی دکتۆر موسەدق، سیستەمی داسەپاو زاڵ بووە و، ناوەندەکانی ڕاگەیاندن هیچ کات نەیانتوانیوە لە چوارچێوەی یاسا کەموکوڕەکانی کارای دەورانی خۆیاندا کار بکەن و، بە سەرنجدان لە بارودۆخ و ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی ڕاگەیاندنی ئێرانی، بەردەوام بۆچوون و بیرکردنەوەی چالاکوانانی بواری ڕاگەیاندن، جیاوازە لە شێوازی بیرکردنەوەی کاربەدەستانی حکوومەتدا. لە ڕاستیدا لە ئێراندا بەردەوام دوو سیستەمی کاری ڕاگەیاندن، یەکەم ئەو سیستەمەی کە حکوومەت دەری دەکات و، سیستەمێکی تر کە ڕاگەیاندکار باوەڕی پێیەتی بوونی هەبووە.

ڕێکاری گونجاو بۆ هەرێمی کوردستان

ئازادیی بەدەستهێنانی زانیاری و فرەدەنگی، بۆ باشتر چالاکیی ڕاگەیاندن و کۆکردنەوە و بەدەستهێنانی زانیاری بەبێ بەربەستی یاسایی، پێویستە و، ئەم بۆچوونە لە کاتێکدا بووەتە جێگەی باوەڕی پسپۆڕانی بواری ڕاگەیاندن، کە ڕاگەیاندنکار لە بەشێک لە وڵاتان، هەروەکوو هەرێمی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستە دوچاری گرفت بوونەتەوە. بۆیە تا ئەو کاتەی مافی بەدەستهێنانی زانیاری و بڵاوکردنەوەی لە یاسای ڕاگەیاندن و یاسا پەیوەندیدارەکانی تردا ناڕوون، یان بەفەرمی نەناسرێن، ئەستەمە بەتەواوی بەرپرسیارێتیی ناوەندی ڕاگەیاندن و کەسی ڕاگەیاندنکار دیاری بکرێت. لە بەرامبەردا بەرپرسیارێتیی قورس و سنووردارکردنی بەدەستهێنانی زانیاری، یەکێک لە هۆکارەکانی هاوشێوە و یەکڕەنگبوونی ناوەڕۆکی ڕاگەیاندن و بێمەیلیی هاووڵاتییە بۆ سەیرکردن و خوێندنەوەی. ڕاگەیاندنکار بۆ بەئەنجامگەیاندنی ئەرکی ڕۆژانەی، لە لایەکەوە نیازمەندی هەڵگرتنی بەربەست و بەدەستهێنانی زانیارییە و، لە لایەکی ترەوە پێویستە ئازادی و بەرپرسیارێتی وەکوو یەک چەمک سەیر بکات و، هەست بەوە بکات کە لە بەرامبەر ئەم ئازادییەدا کە لە چوارچێوەی یاسای ڕاگەیاندن، یان هەر یاسایه‌كی تردا بۆی ڕەخساوە، خراپ بەکارهێنان و پێشلکردنی تایبەتمەندیی کەسەکان و ئاسایشی کۆمەڵگە، لە گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکان دووری دەخاتەوە. بۆیە هەروەکوو چۆن بەرپرسیارێتی لە دەرەوەی یاسا کە بەسەر ناوەندەکانی ڕاگەیاندندا دەسەپێندرێت، گرفت بۆ بەئەنجامگەیاندنی ئەرکی ڕۆژانەی ڕاگەیاندن دروست دەکات، سنووردارکردنی بەدەستهێنانی زانیاری و نەبوونی فرەدەنگی، دەبێتە هۆی شێواندنی ڕاستییەکان و چۆنێتیی بڵاوکردنەوەی زانیاری دەخاتە ژێر دەستی لایەنێکی دیاریکراوەوە.

بەرپرسیارێتی و پەیوەندیی دوولایەنەی حکوومەت و ڕاگەیاندن لە دەورانی مێژووی کورتی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، بەردەوام جێگەی بایەخی توێژەران و شارەزایانی بواری ڕاگەیاندن بووە و، هەروەها مشتومڕی هزریی نەیاران و هاوڕایانی ڕۆڵی دەسەڵات لەسەر ناوەندەکانی ڕاگەیاندنی لێ دەکەوێتەوە؛ چونکە نەیاران پێیان وایە چاودێری لەسەر کاروباری ڕاگەیاندن، جیاوازە لەگەڵ کۆنتڕۆڵی حکوومەت لەسەر ئەم ئامرازە. سانسۆر، دەستێوەردان پێش بڵاوکردنەوە، پێدانی یارمەتی و وەرگرتنی مۆڵەت و هەڕەشەی لێسەندنەوەی مۆڵەت، نموونەن لە ڕێکارەکانی کۆنتڕۆڵ و دەستێوەردانی حکوومەت لە کاروباری ڕاگەیاندن، نەوەک چاودێرکردنی ئەم بابەتە. واتا هەروەکوو لە وڵاتانی پێشکەوتوو و خاوەن سیستەمی ئازادیی ڕاگەیاندن کە  ئازادی لەگەڵ بەرپرسیارێتیدا تێکەڵ بووە، ڕاگەیاندنکار لە هەرێمی کوردستاندا خوازیاری ڕەخساندنی هەلومەرجی کراوە و ئازادە، بەڵام بەبێ بوونی بەرپرسیارێتی. لێرەدایە حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، پێویستە لەگەڵ ڕەچاوکردنی ئازادیی ڕاگەیاندن، پرەنسیپی بەرپرسیارێتی بەسەر ناوەندەکانی ڕاگەیاندندا جێگیر بکەن.

لە کۆتاییدا دەتوانین بەم ئاکامە بگەین کە ڕاگەیاندنکار لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ سیستەمی فەرمانکەری بەڕێوەبردنی ڕاگەیاندندا نییە و، بە شێوەیەکی گشتی سیستەمی ئازادیی ڕاگەیاندن بە نسبەت سیستەمەکانی ترەوە بەباشتر دەزانن، بەڵام سیستەمی ئازادیی ڕاگەیاندن لە ئێستەدا لەگەڵ بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیدا یەک چەمکە و لەگەڵ نموونە کلاسیکییه‌کەیدا جیاوازە. هەرچەندە ڕەنگە لە پرەنسیپە سەرەکییەکاندا هاوبەش بن، بەڵام هەر کۆمەڵگەیه‌ك تایبەتمەندیی خۆی هەیە و سیستەمی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستاندا هەندێ تایبەتمەندیی خۆی لە پرەنسیپه‌ بەهادارەکانی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان وەردەگرێت و، لە کاتی پێویستدا لەگەڵ هەندێ پرەنسیپی بیانی تێکەڵی دەکات؛ بۆیە ناکرێت هیچ سیستەمێکی ڕاگەیاندن دقاودەق لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا جێبەجێ بکرێت. ڕاگەیاندنکار و دەزگه‌ پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستاندا، پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵە گرنگە بکەن کە لە نێوان هزری کلاسیکی ئازادیی ڕاگەیاندن و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیی ڕاگەیاندندا دژایەتی نییە. بەرپرسیارێتی خۆی لە خۆیدا، وەکوو ڕێز لە یاسایە، نەوەکوو بەربەست بۆ ئازادی؛ بەڵکوو بەپێچەوانەوە دەتوانێت سەرچاوەی ئازادیی ئەرێنی بێت. لە هزری نوێدا، ئازادی هاوکات لەگەڵ بەرپرسیارێتیدا پێناسە کراوە و لەگەڵ ئازادیی بێبنەما و بێبەرپرسیارێتیدا دژایەتیی هەیە. لە هەرێمی کوردستان لە هەندێ باردا ئازادیی ڕاگەیاندن بەو شێوەی کە بوونی هەیە، تەنیا شێوەیەكه‌ لە نەبوونی بەرپرسیارێتی.

ڕاگەیاندکار، پێویستە ئاگادار بێت کە هەڵەکان و چەواشەکارییەکان لە سنووری گۆرەپانی تایبەت دەرچوونە و، بوونەتە مەترسییەکی گەوره لەسەر ئاستی گشتیی کۆمەڵگە. هەڵەی ڕاگەیاندن، هزری گشتیی کۆمەڵگە دەخاتە هەڵەوە. بۆیە بەرپرسیارێتیی ڕاگه‌یاندنکار بەرپرسیارێتییەکی سادە نییە کە شایستەی چاوپۆشی بێت، چونکە بازنەی ئەم بەرپرسیارێتییە زۆر بەربڵاو و مەترسیدارە؛ بەتایبەت لەم بارودۆخەدا کە لە ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستاندا بەرژەوەندیی تەسکی حزبی، کەوتۆتە پێش بەرژەوەندیی نیشتمانییەوە.

داڕشتنی سیاسەتێکی گونجاو سەبارەت بە پرسی ڕاگەیاندن لەسەر بنەمای هەر کام لە تیۆرییه‌ کاراکانی ڕاگەیاندن بێت، پێویستە ڕەچاوی هەموو تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان بکرێت و، ببێتە سەرچاوەی کاری دەزگه‌ی دادوەری، کە بەداخەوە زۆر جار لە دەرەوەی یاسا هەر کاتێک بیەوێت بازنەی بەرپرسیارێتیی ڕاگەیاندن فراوانتر و بازنەی ئازادی تەسکتر دەکاتەوە، یان بەپێچەوانەوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples