ئازادیی ده‌ربڕین و ته‌له‌ڤزیۆن

بەپێی تێڕوانینی ئامانجگەرایانە، ئازادیی ده‌ربڕین لە مافە سروشتییەکانی هەر تاکێکی کۆمەڵگەیە و، هەر جۆرە سنووردارکردنێکی ئەم چەمکە، پێویستە لە ڕێگەی دەقێکی ڕوونی یاسایییەوە بێت. بەو هۆیەی کە سنووردارکردنی مافە سروشتییەکان، لەگەڵ بنەما و فەلسەفەی بوونی ئەم مافانەدا یەک ناگرێتەوە. لە ژیانی ئەم سەردەمەدا، بێ گومان  ته‌له‌ڤزیۆن وەکوو یەکێک لە بەهێزترین ئامرازەکانی ئازادیی ده‌ربڕین، لە خزمەت ڕەوتی مرۆڤایەتیدایە. بەڵام خراپ بەکارهێنانی ئەم ئامرازە، خۆی لە خۆیدا دەبێتە هۆی پێشێلکردنی بنەماکانی ئازادی، مافی مرۆڤ و دەستدرێژی بۆ سەر مافە گشتییەکان. پێناسە و دیاریکردنی سنووری ئازادیی ده‌ربڕین سەبارەت بە پرۆگرامەکانی ته‌له‌ڤزیۆن، لە یاسا نێوخۆیی و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکاندا ڕێگەپێدراوە. ئەم مافە کلیلی پاراستنی هەموو مافەکانی تری مروڤە و، بە پاراستنی کەرامەتی مرۆڤەکان هەژمار دەکرێت. بەڵام ئەم مافە، هەروەک زۆرێک لە مافەکانی تری مرۆڤ، لە بەرژەوەندیی مافی کەسانێکی تردا پانتای جێبەجێکردنی سنووردار کراوە و، لە  هەندێ باردا سەبارەت بە سنووردارکردنی، کۆدەنگی هەیە و لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤدا یەک دەگرنەوە.

لە هەرێمی کوردستاندا بە هۆی ئازادیی ڕەها لە بواری کاری ڕاگەیاندندا، لە لایەکەوە بووەتە هۆی دەستکەوتی ئەرێنی و، لە لایەکی ترەوە بووەتە مۆڵگەی ته‌له‌ڤزیۆنی حزبی و ئەهلی، کە بە هۆی کەمئەزموونیی بەڕێوەبەران و خراپ بەکارهێنانی چەمکی ئازادیی ده‌ربڕین گرفتی زۆری لە ڕوانگە جیاوازەکانەوە بۆ کۆمەڵگە دروست کردووە. بۆیە مەبەستمانە شیکاری بەراوردی سەبارەت بە سنووردارکردنی ئازادیی ده‌ربڕین لە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییه‌ جیاوازەکاندا سەبارەت بە چەمکی ئازادیی ده‌ربڕین لە ڕوانگەی ڕەواڵەتی و ناوەڕۆکییەوە ئەنجام بدەین.

١- سنووردارکردنی ڕەواڵەتی: وەرگرتنی مۆڵەت پێش بڵاوکردنەوە، بۆ زۆرێک لە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن وەکوو ڕۆژنامە، بەپێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسی هەژمار دەکرێن. بەڵام سەبارەت بە  ته‌له‌ڤزیۆن، ئەم تێڕوانینە کەمتر بەدی دەکرێت. چونکە کاریگەریی  ته‌له‌ڤزیۆن زۆر لە ئامرازەکانی تری ڕاگەیاندن زیاترە؛ بەئاسانی کاریگەریی ئەرێنی و نەرێنی لەسەر هەر کۆمەڵگەیەک دادەنێت. بەڵگەنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ سەبارەت بە ناچارکردنی دامەزرێنەرانی ته‌له‌ڤزیۆن بە مەبەستی وەرگرتنی مۆڵەت، بێدەنگە؛ ماددەی دە لە ڕێککەوتننامەی ئەوروپیی مافی مرۆڤ، ئەم مافە بە دەوڵەتان دەدات کە دامەزرێنەری ته‌له‌ڤزیۆنەکان، پێش دەستبەکاربوونیان ناچار بە وەرگرتنی مۆڵەت بکات؛ لە کاتێکدا ئامرازەکانی تری ڕاگەیاندن، لەم بڕیارە ڕێزپەر کراون. بەپێچەوانەی ڕێککەوتننامەی ئەوروپاوە، ڕێککەوتننامەی مافی مرۆڤی ئەمریکا، بە شێوازێکی تر سەیری ئازادیی ده‌ربڕین دەکات و، هەوڵی بەربڵاوترکردنی ئازادیی ده‌ربڕین و کەمکردنەوەی سنوورەدارکردنی ئەم ئازادییە دەدات. بەندی دوو لە ماددەی ١٣ لە ڕێککەوتننامەی مافی مرۆڤی ئەمریکا باوەڕی وایە سنووردارکردنی ئامرازەکانی ئازادیی ده‌ربڕین، نابێت قۆناغی پێش دامەزراندنی ئەم ئەمرازانە لەخۆ بگرێت. لەم ماددەیه‌دا بڵاوکردنەوە بە مانای گشتی هاتووە و، هەموو ئامرازەکانی ڕاگەیاندن بە  ته‌له‌ڤزیۆنیشەوە لەخۆ دەگرێت. واتا دامەزراندنی ته‌له‌ڤزیۆن، پێویست بە مۆڵەت ناکات. لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان بۆ دامەزراندنی ته‌له‌ڤزیۆن، پێویستە مۆڵەت وەرگیرێت؛ کە تەنیا هەنگاوێکی ڕەواڵەتییە و، لە کردەوەدا مۆڵەتی دامەزراندن بە هەموو جۆرە تەلەڤزیۆنێک دەدرێت.

٢- سنووردارکردنی ناوەڕۆکی:  ئەوەی زیاتر جێگەی سەرنجی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤە، سنووردارکردنی ناوەڕۆکی پرۆگرامە جیاوازەکانی ته‌له‌ڤزیۆنە. بە واتایەکی دیكه‌، ته‌له‌ڤزیۆن پاش دامەزراندن، تا چ ڕاددەیەک لە پەخشی پرۆگرامەکانیدا ئازاده‌؟ ئایا پێویستە ئەم ئازادییە بەپێی پێوەری نێوخۆی وڵاتان بێت؟ یان ئەم پێوەرانە جیهانین؟ هەموو یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بە ڕه‌چاوکردنی ئەم ڕاستییە، هەوڵی کێشانی سنووری ئازادیی ده‌ربڕینیان داوە، هەرچەندە بنچینەی ئازادیی ده‌ربڕین و ڕێزپەڕبوونی سنووردارکردنی، دووپات دەکەنەوە؛ بەو مانایەی کە پانتای سنووردارکردنی ئازادیی دەربڕین کە دژی بنەماکانی دیموکراسییە، نابێت بەربڵاو بێت. ڕاسته‌ لە ڕێککەوتننامەی ئەمریکای مافی مرۆڤدا، بەپێچەوانەی ئەوروپاوە، هەنگاوی گرنگ بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ و بچووککردنەوەی پانتای سنووری ئازادیی ده‌ربڕین ڕه‌چاو کراوە، بەڵام لە شیکارییەکی دیوان ئەمریکای مافی مرۆڤ، سەبارەت بە وشەی یاسا، دەرکراوەکانی دەسەڵاتی ڕاپەڕاندنیش بە یاسا هەژمار دەکات، خۆی لە خۆیدا جێگه‌ی سەرنجە، چونکە مافی دیاریکردنی سنووری ئازادیی ده‌ربڕینی لە دەسەڵاتی یاسادانەر دەرهێناوە و، مافی دیاریکردن و جێبەجێکردنی سنوورەکانی ئەم مافەی بە دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن داوە. ئەزموونی چەند ساڵەی ته‌له‌ڤزیۆن لە هەرێمی کوردستان، ئەو ڕاستییەی سەلماندووە کە بابەتی ئەخلاق، ئاسایشی نیشتمانی، بەرژەوەندیی گشتی، ماف و کەرامەتی تاک و پاراستنی سەلامەتی کۆمەڵگە، کە لە گرنگترین سنوورەکانی ئازادیی ده‌ربڕینن، لە باشووری کوردستانیش بوونەتە گرفت. بۆیە بەکورتی لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەین.

- ئەخلاق:  لە نێوان هەموو سنوورەکان لەسەر ئازادیی ده‌ربڕین، ئەخلاق تەنیا سنوورێکە کە لە هەموو بەڵگە نێودەوڵەتی و ناوچەیییه‌كانی مافی مرۆڤدا ئاماژەی پێ کراوە. ماددەی ١٩ لە جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ، بەندی ١٩ لە ڕێککەوتننامەی نیودەوڵەتیی مه‌دەنی- سیاسی، ماددەی دە لە ڕێککەوتننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپا، ماددەی ١٣ لە ڕێککەوتننامەی ئەمریکای مافی مرۆڤ، ئەخلاقیان وەکوو یەکێک لە سنوورەکانی ئازادیی ده‌ربڕین، بەتایبەت لە  ته‌له‌ڤزیۆندا دیاری کردووە. بەڵام دیاریکردن و پێناسەی چەمکی ئەخلاق کارێکی ئاسان نییە و، ئەگەر  پێناسەی یاساییی بۆ نەکرێت دەرگه‌یەک بۆ پێشێلکردنی ئازادیی ده‌ربڕین، لە لایەن دەسڵاتدارانەوە و، هەروەها پێشێلکردنی بنەما ئەخلاقییەکان لە لایەن ڕاگەیاندنەکانەوە دەکاتەوە. بەپێی بۆچوونی ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە بنەمای ڕێژەی ئەخلاق هەیە، خەڵکی کۆمەڵگە جیاوازەکان، ئەخلاقیبوون، یان نەبوونی دیاردەیەک دیاری دەکەن. لەم بۆچوونەدا هیچ بنەمایەکی ڕەهای ئەخلاقی بوونی نییە. بەڵام بە پەسەندکردنی ڕەهاگەراییی ئەخلاقی، دەتوانین مۆدێل و نموونەی ئەخلاقیی هاوشێوە بۆ هەموو مرۆڤەکان دەستنیشان بکەین کە لەم بارەدا ڕۆڵی دامودەزگه‌ نێودەوڵەتییەکان زۆر پڕڕەنگتر دەبێت. بەڵام کاتێک ئەخلاقی ڕێژەیی دێتە ئاراوە و ڕۆڵی دادگه‌ و دادوەر پڕڕەنگتر دەبێت، کە بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا ئەو دیاردەیە، بۆ نموونە لە ته‌له‌ڤزیۆنی ناوخۆییی هەرێمی کوردستاندا بڵاو کراوەتەوە، ئەخلاقییە یان نا، دەبێت دادوەر بۆ ڕای زۆرینەی دانیشتووانی کۆمەڵگە بگەڕێتەوە.

- ئاسایشی نیشتمانی: ئاسایشی نیشتمانی، بابەتێکی ترە لە هێڵە سوورەکانی ئازادیی ده‌ربڕین. ڕەنگە بەنسبەت هەرێمی کوردستانەوە گرنگییەکی تایبەتی هەبێت، چونکە ڕاگەیاندنکار لە هەرێمی کوردستاندا وا لە ئازادیی ده‌ربڕین تێ گەیشتووە کە ئازادییەکی بێسنوورە و هەر جۆرە سنووردارکردنێکی ناڕەوایە. بەڵام بە سەرنجدان لە یاسای کراوەترین وڵاتی جیهان و هەموو ڕێککەوتننامەکانی پەیوەندار، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە لە ماددەی ١٩ لە ڕێککەوتننامەی مەدەنی- سیاسی و، ماددەی دە لە پەیمانی ئەمریکای مافی مرۆڤ و ..... ئاماژەیان بەم بابەتە کردووە و هەموویان وەکوو یەکێک لە سنوورەکانی ئازادیی ده‌ربڕین هەژماریان کردووە باوەڕیان وایە هاوتەریب لە گەڵ رەچاوکردنی ئازادیی دەربڕین، دابینکردنی ئاسایشی نیشتمانیش، لە گرنگترین ئەرکەکانی حکوومەتە. لە پێناسەی یاساییی سادەدا بۆ ئاسایشی نیشتمانی، بریتییە لە توانای نەتەوەیی بۆ پاراستنی بەها گرنگە نێوخۆیییەکان لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکاندا. بابەتی ئاسایشی نیشتمانی وەکوو سنووری ماف و ئازادی، بەتایبەت لە بواری  ته‌له‌ڤزیۆنیدا، بە شێوەی ڕێزپەڕ و و تەنیا لە مه‌ودایەکدا کە بۆ دابینکردنی ماف و ئازادی لە کۆمەڵگەی دیموکراسیدا پێویستە، بە شێوەی یاسامەند و کۆنترۆڵکراو کەڵکی لێ وەرگیرێت. چونکە ئەوەی گرنگە، ئازادیی ده‌ربڕین وەکوو مافەکانی تری مرۆڤ تەنیا لە ژێر سێبەری ئاسایشی نیشتمانیدا گەشە دەکات و گەرەنتی دەکرێ.

- بەرژەوەندیی گشتی: لە تێڕوانینێکی سەرەتاییدا وا بەدیار دەکەوێت کە بەرژەوەندیی گشتی بابەتێکی ڕوونە و بێنیازە لە پێناسە، بەڵام لە کردەوەدا تێگەیشتن و بۆچوونی جیاوازی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. هەندێ كه‌س بەرژەوەندیی گشتی بەوە دادەنێن کە هەموو لایەنێک لێی سوودمەند بن. بابەتی گشتگیری لە پێناسەی ئەم چەمکەدا ڕەنگی داوەتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا شرۆڤەی جیاواز هەڵدەگرێت و، پێویستە لە هەرێمی کوردستاندا ئەم بابەتە بە یاسا ڕێک بخرێت و تەنیا دادگه‌ دەسەڵاتی شرۆڤەی بەرژەوەندیی گشتیی هەبێت و بڕیار لەسەر پروگرامی ته‌له‌ڤزیۆن بدات کە ئایا دژی بەرژەوەندیی گشتییە یان نا. سەبارەت بە سنووری ئازادیی ده‌ربڕین هەر وەکوو دیوانی ئەوروپیی مافی مرۆڤ کە لە چەندین بڕیاری گرنگی خۆیدا دووپاتی کردۆتەوە، لە هەرێمی کوردستانیش پێویستە، هەر جۆرە بڕیارێک کە لە لایەن دادگەکانەوە سەبارەت سنووردارکردنی ئازادیی دەربڕین دەردەچێت، بە شێوەی بەرتەسک و دیاریکراو  بێت.  

 - پاراستنی ماف و کەرامەتی مرۆڤ: مافی مرۆڤ و مافە بنچینەیییەکانی تر، کاتێک بە سنووری مافی کەسانی دیكه‌ دەگات، سنووردارکردنی بەڕەوا دادەنێن. ئەم جۆرە سنووردارکردنە دژی فەلسەفەی بوونی مافی مرۆڤ نییە، بەڵکوو بەتەواوی لە ڕاستای پاراستنی مافی مرۆڤدایە و بەبێ ڕه‌چاوکردنی ئەم سنوورانە لە ڕاستیدا مافی مرۆڤ دەکەوێتە مەترسییەوە و دەبێتە ئامرازێک بۆ پێشێلکردنی مافی کاسانی تر لە کۆمەڵگەدا. لەو کۆمەڵگەیانەدا کە پابەندیی بە یاساوە لاوازە و، مافی ئازادیی ده‌ربڕین بە مافێکی ڕەها هەژمار دەکرێت، خراپبەکارهێنانی خودی ئازادیی دەربڕین، دەبێتە ئامرازێک بۆ پێشێلکردنی ماف و کەرامەتی هاووڵاتیانی ئەو کۆمەڵگەیە.

- پاراستنی منداڵ: لە هەرێمی کوردستاندا بە هۆی گەرمیی بازاڕی سیاسی، ڕه‌چاوکردنی مافی منداڵان لە ڕاگەیاندنەکاندا پشتگوێ خراوە؛ لە هەموو ڕوانگەیەکەوە لە ته‌له‌ڤزیۆنەکانی باشووری کوردستاندا، چ بەئەنقەست بێت یان نا، زۆرێک لە ناوەڕۆکی پروگرامی ئەم ئامرازە، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر هەستی ناسکی منداڵان هەیە. لە ڕێککەوتننامەی مەدەنی - سیاسی و ماددەی ١٣ لە ڕێککەوتننامەی مافی منداڵ ئەم مافانە ئاماژەی پێ کراوە؛ هەروەها لە یاسای نێوخۆییی وڵاتان، بەپێچەوانەی هەرێمی کوردستانەوە، ڕێکاری گونجاویان بۆ ڕێگەنەدان بە بڵاوکردنەوەی پرۆگرامی نەشیاو بۆ منداڵان دیاری کردووە. بۆ نموونە لە که‌نه‌دا پرۆگرامەکانی  ته‌له‌ڤزیۆن لە شەش قۆناغدا پۆڵێن کراون و، لە ئەمریکا منداڵان بەپێی تەمەنیان بۆ چەند گرووپێک دابەش کراون و، هەر کام لەم گرووپانە پروگرامی تایبەت بە خۆیان هەیە. بە سەرنجدان لە یاسای وڵاتانی خاوەن ئەزموون، بەدیار دەکەوێت کە بۆ پاراستنی منداڵان گرنگییەکی تایبەتیان بە پرۆگرامەکانی تەلەڤزیۆن داوە و، هەندێک بابەتی نەشیاو بۆ منداڵانیان قەدەغە کردووە و، لە هەمان کاتدا فێری  نیشتمانپەروەری و... دەکەن.

کۆبەند: سنووردارکردنی ئازادیی ده‌ربڕین، پێویستە لەسەر بنەمای ئەقڵانی و شەفافییه‌ت  یاسامەند بکرێت، تاوەکوو لە لایەن دەسەڵاتەوە خراپ بەکار نەیه‌ت و خودی چەمکی ئازادیی ده‌ربڕین نەخاتە مەترسییەوە. بە گوتەی بیرمەندێک، عاقڵترین دادوەر ئەو کەسەیە کە بەردەوام لە هەوڵی داسەپاندنی لانی کەمی سنووردارکردنی ئازادیی ده‌ربڕین لە کۆمەڵگەدا بێت؛ بەو مانایە کە ئازادیی ده‌ربڕین بنەمایە و سنووردارکردنی ڕیزپەڕە. چونکە ئازادیی ده‌ربڕین دیاردەیەکی نەشیاو نییە کە بەردەوام لە هەوڵی سنووردارکردن و بچووککردنەوەیدا بین. بۆیە گرنگە لە جێگه‌یەكی وەکوو هەرێمی کوردستان کە تەمەنی ئازادیی ده‌ربڕین زۆر نییە و بەهەڵەتێگەیشتنێک سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەم چەمکە لە ڕاگەیاندکاندا، بەتایبەت لە ته‌له‌ڤزیۆنەکاندا بەدی دەکرێت، یاسادانەر زۆر بەوردی ئەم چەمکە پێناسە و دیاری بکات. چونکە ئەگەر بەم شێوەی ئێستا، کە بە هۆی بێئەزموونیی ته‌له‌ڤزیۆنەکانەوە هیچ سنوورێک نەماوە پێشێل نەکرێت، بەردەوام بێت، ڕەنگە کێشەی کۆمەڵایەتیی گەورەی لێ بکەوێتەوە. هەروەها پێویستە هەر ته‌له‌ڤزیۆنێک بەشی یاسای هەبێت و پێش بڵاوکردنەوەی پروگرامەکان هەڵسەنگاندن بۆ ناوەڕۆکی بابەتەکان بکات؛ نەك بەو مانایەی کە پرۆگرامەکان سانسوور بكات، بەڵکوو یاسامەندیان بکات. ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەیەوێت هاوسەنگی لە نێوان ئازادیی ده‌ربڕین و سنووردارکردنیدا دابین بکات و دوچاری پێشێلکردنی ڕێسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ نەبێتەوە کە بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتی بە شوێن خویدا دێنێت، پێویستە ڕه‌چاوی ئەم سێ خاڵەی خوارەوە بکات. هەر جۆرە سنوورێ لەسەر ئازادیی ده‌ربڕین، پێویستە بەپێی یاسایەکی دیاریکراو بێت، بەو مانایەی کە:

- جۆری سنووردارکردن و جێبەجێکردنی لە یاسایەکی پەیوەندیدار لە هەرێمی کوردستاندا دیاری کرابێت.

- سنوورەکانی ئازادیی ده‌ربڕین شفاف و ڕوون بن.

- ئاکامەکانی بۆ هەموو دانیشتووانی کۆمەڵگە دیاری بکرێت.

٢- سنووردارکردنی ئازادیی ده‌ربڕین لە یاساکانی هەرێمی کوردستاندا لەگەڵ بڕگەکانی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت.

٣- هەروەها هەر جۆرە سنوورێ بۆ ئازادیی ده‌ربڕین، کە لە هەرێمی کوردستاندا کاری پێ دەکرێت، لەگەڵ بارودۆخی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو و دیموکراسدا بگونجێت.

 

 
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples