یاسا و ڕێکلام

پێشوتار:

ڕێکلامی بازرگانی لە دیاردە بەرچاو و گشتگیرەکانی ئەم سەردەمەیە. ئەم دیاردەیە بە هۆی کاریگەریی قووڵ و بەردەوام، لەسەر ڕوانگە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، کەلتووری و بگرە سیاسیش کاریگەرییه‌ جیاوازەکانی خۆی بەجێ دەهێڵێت. هەر بە هۆی ئەم کاریگەرییه‌ هەمەلایەنەوە، ساڵانێکە لە لایەن وڵاتانەوە بووەتە جێگه‌ی سەرنج و، هەوڵیان داوە بە دەرکردنی یاسای گونجاو، ڕێکی بخەن. هەرێمی کوردستان لەم بارەوە بۆشاییی یاساییی هەیە و بە هۆی ئازادیی ڕاگەیاندن و بوونی ئەو هەموو دەزگه‌ی ڕاگەیاندنە ئەهلییەوە، یاسامەندکردنی ڕێکلامی بازرگانی بووەتە پێویستییەکی هەنووکەیی. بۆیە مەبەستمانە لەم وتارەدا تیشک بخەینە سەر ئاسەواری ڕێکلام و پێویستیی دەرکردنی یاسای گونجاو لەم بوارەدا.

ئاسەواری ڕێکلامی بازرگانی:

ڕێکلامی بازرگانی لە هەرێمی کوردستاندا بە کەڵکوەرگرتن لە ڕاگەیاندنی ئازاد و سەردەم، بەڵام بە ئەقڵییەتێکی کۆنەوە بەڕێوە دەچێت. ڕێکلامی بازرگانی، ئیتر تەنیا پێدان و دابینکردنی  زانیاریی سادە بۆ بەکاربەران و وەبەرهێنەران نییە، چونکە لەسەر هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، کاریگەریی قووڵ و ڕیشەییی هەیە. بۆیە لە بڵاوکردنەوەی ڕێکلامدا، پێویستە هەموو ڕەگەزە سەرەکی و لاوەکییەکانی لە داهاتووی کۆمەڵگەدا ڕەچاو بکرێت. لێرەدا ئاماژە بە هەندێ ئاسەواری ڕێکلامی بازرگانی لە بوارە جیاوازەکاندا دەکەین:

 بەرچاوترین ڕووی ڕێکلام، لایەنی ئابوورییەتی. لە سروشتیترین باردا، وەبەرهێنەران بۆ ناساندنی بەرهەمەکانی خۆیان و ڕاکێشانی کڕیار، ڕێکلامی بازرگانی بۆ بەرهەمەکانیان ده‌كه‌ن. ئەگەر ڕەچاوی گرنگیی ئابووریی خۆماڵی و بەرهەمی نێوخۆیی بکرێت؛ خۆی لە خویدا دەبێتە هۆی گەشەی ئابووریی نیشتمانی و ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر لە کۆمەڵگەدا.

بەپێچەوانەوە ئەگەر سیاسەتی ئابووریی سەربەخۆمان نەبێت، کە لە یاسای ڕێکلامی بازرگانیدا ڕەنگی دابێتەوە و ڕاگەیاندنکاران لە ڕێکلامەکانیاندا ناچار بە ڕەچاوکردنی ئەو سیاسەتە بکرێن، دەبێتە هۆی بەجێهێشتنی ئاسەواری نەرێنی و بندەستەبوون و پاشکەوتنی ئابووری؛ کە بەداخەوە بە هۆی بێپلانی و نەبوونی سیاسەتی ئابووریی سەربەخۆ لە لایەن حکوومەتەوە، لە ڕاگەیاندنەکاندا ئەم بابەتە بە شێوەیەکی زۆر لاواز سەیری دەکرێت و تەنیا کاڵای بیانی ڕێکلامی بۆ دەکرێت. هەروەها گەشتوگوزار کە بابەتێکی گرنگی ئەم سەردەمەیە و ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی، سەدەی بیست و یەکەمی بە سەدەی گەشتوگوزار ناودێر کردووە و، لە هەرێمی کوردستاندا، دەکرێت وەکوو سەرچاوەیەکی داهات سەیری بکرێت، پشتگۆی خراوە.

هەروەها ڕێکلامی بازرگانی، کاریگەریی خۆی لەسەر باوەڕ، ڕەفتار، ئارەزوو و داب و نەریتی هاووڵاتیان بەجێ دەهیڵێت. بەتایبەت بە هاتنی کاڵای نوێی بیانی، جۆری ژیان و داواکاریی خەڵک گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و ئامانجەکانیان دەگۆڕێت. بۆیە دەتوانین بڵێین کە ڕێکلام، هێدی هێدی دەبێتە بەشێک لە کەلتووری هاووڵاتی.  واتسۆن ده‌ڵێت: "ئەگەر ڕێکلام، تەنیا بۆ فرۆشتنی بەرهەم و کاڵا بێت، جێگەی ڕەخنە نییە، بەڵام ڕاستیی ئەوەیە کە ڕێکلام، فرۆشتنی بیر، ئارەزوو، شێوازی ژیانیش لەخۆ دەگرێت." هەر بەم هۆیەوە نەیارانی کوردستان هەوڵی ئەوە دەدەن تا لە ڕێگەی ئابووری و ڕێکلامی کاڵاکانی خۆیان و نائاگاییی بەرپرسانی پەیوەندیداری هەرێمی کوردستان، باوەڕ و جۆری ژیانی هاووڵاتیانی هەرێم بەو شێوەی کە دەیانەوێت بگۆڕن و کەلتووری نەتەوەیەکی بەکاربەر بەسەرماندا بسەپێنن. زۆرێک لە شارەزایانی زانستی کۆمەڵایەتی، باوەڕیان وایە کە ڕێکلام گۆڕینی بیر و باوەڕی نەتەوە جیاوازەکانی لە پشتەوەیە، کە ڕاستییه‌كه‌ی تەنیا مەبەست لە ڕێکلام، پێدانی زانیاری سەبارەت بە کاڵایەک نییە، بەڵکوو بە مەبەستی سیاسی بەکار دەبردرێت. چالاکییه‌ ڕێکلامییەکان لەم سەردەمەدا، دەبێتە هۆی ڕاکێشانی بەکاربەر بۆ هەندێ کاڵای دیاریکراو کە جۆرێک خووگرتنی بەردەوام بە دوای خۆیدا دەهێنێت؛ ئەگەر یاسامەند و چاودێری نەکرێت، کەسایەتی و ناسنامه‌ی هزریی هاووڵاتیان دەخاتە مەترسییەوە و ئاسەواری نەرێنیی مەترسیداری زۆری لێ دەکەوێتەوە.

هەرچەندە پڕوپاگەندەی سیاسی لە ڕێکلامی بازرگانی ناوەڕۆک و ئامانجی جیاوازی هەیە، بەڵام لە کردەوەدا، ئامانج و ئاسەواری سیاسی لە ڕێکلامی بازرگانیدا بەدی دەکرێت. بێ گومان گۆڕینی کەلتووری بەکاربەریی تاکی کۆمەڵگە و شێوازی ڕفتاری ئابووری و کۆمەڵایەتی، کاریگەریی لەسەر تێڕوانینی سیاسی دروست دەکات. گرنگترین ئاسەواری نەرێنیی كه‌ ڕێکلامی بازرگانی به‌جێ ده‌هێڵێ، لەسەر سەربەخۆبوون و مانەوەیه‌ لەژێر دەسەڵاتی داگیرکەراندا. بە ڕاهاتن لەسەر بەکارهێنانی کاڵای بێکوالیتیی بیانی و کەمبەهاکردنی بەرهەمی نێوخۆیی، کە خۆی لە خۆیدا هاوكێشه‌ی ئابووری دەگورێت و گوشاری نێوخۆیی لەسەر حکوومەت زیاتر دەکات و پێداویستیی ڕۆژانەی هاووڵاتیان لە دەرەوە دابین دەکرێت، لە ئاکامدا نەوەیەکی بەکاربەر، کە توانای بیرکردنەوەیشی لێ سەندراوەتەوە، پێشکەش بە کۆمەڵگە دەکرێت.

پێویستیی داڕشتنی یاسای ڕێکلامی بازرگانی

ئاسەواری گرنگی ڕێکلامی بازرگانی لەسەر هەموو بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و بێسەروبەرییەی، کە لە ڕاگه‌یاندنەکانی هەرێمی کوردستاندا سەبارەت بە ڕێکلامی بازرگانی بەدی دەکرێت، بەتایبەت لە ئێستەدا کە ڕێکلام بووەتە سەرچاوەی دارایی بۆ ڕاگەیاندنەکان و، جۆرێک پێشبڕکێ لە نێوانیاندا دروست بووە، هیچ سنوورێک نەماوە پێشێلی نەکەن و ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕوو لە خراپبوون دەکات و بەرپرسانی پەیوەندیداریش بەبێ هیچ کاردانەوەیەک هەروەکوو هاووڵاتییەکی ئاسایی سەیری ئەم ڕێکلامانە دەکەن. 

هەر بە هۆی ئەم بۆشاییی یاسایییەوە، وەبەرهێنەران، ئاژانسەکانی ڕێکلام و هاووڵاتیان ماف و ئەرکی خۆیان سەبارەت بەم چەمکە نازانن و، هیچ جۆرە چاودێرییەک لەسەر ئەم ڕێکلامانە بەدی ناکرێت.  بۆیە  پێویستیی دەرکردنی یاسایەکی سەردەمییانەی سەبارەت بە ڕێکلامی بازرگانی لە هەرێمی کوردستاندا بەدی دەکرێت. پرەنسیپی ئازادیی بڵاوکردنەوەی ڕێکلامی بازرگانی لە هەموو سیستەمە یاسایییەکاندا بەفەرمی ناسراوە و، هیچ کات بە شێوەی ڕەها قه‌دەغە نەکراوە؛ تەنیا یاسامەند و سنووری بۆ دیاری کراوە. گرنگیی یاسای ڕێکلامی بازرگانی، کاتێک دوو هێندە دەبێت کە لایەنی دیار و شاراوەی تێدا ڕەچاو کرابێت؛ بۆیە یاسای ڕیكلامی بازرگانی تەنیا یاسایەکی سادە نییە کە ئاماژە بە هەندێ بابەتی دیاریکراو بکات. بەشێک لەو پێوەرانەی کە لەم یاسایەدا پێویستە ڕه‌چاو بکرێت بریتین لە:

گرنگیی زمان لە ڕاگرتنی ناسنامه‌ی نیشتمانیدا و پێگەی مێژووییی زمان، پێویست بە بیرهێنانەوە ناکات. لە هەرێمی کوردستاندا، ڕێکلام جگە لە لایەنی نەرێنیی ڕاستەوخۆی لەسەر ئابووری، زۆر جار بە هۆی کەڵکوەرگرتن و تێکەڵکردنی زمانی بیانی لە نووسراو و بینراوەکاندا کاریگەریی خراپی لەسەر زمانی کوردی کردووە. بۆیە پێویستە لەم یاسادا، ڕاگەیاندن ناچار بکرێت خۆیان لە بەکارهێنانی زمان و ناوی بیانی به‌دوور بگرن و ئەو ناو و وشە بیانییانەیش کە لە ئێستەدا کەڵکیان لێ وەردەگیرێت، یان تۆمار کراون، ماوەیەکی دیاریکراویان پێ بدرێت بۆ گۆڕینیان بە زمانی نیشتمانی.

یەکێک لە هۆکارە گرنگەکان بە مەبەستی یاسامەندکردنی ڕێکلام لە ڕاگەیاندنەکاندا، بۆ ڕەچاوکرنی سیاسەتی ئابووری و گرنگیدانە بە سەربەخۆیی لە ئابووریی نیشتمانیدا. چونکە ئەگەر ئەم جۆرە ڕێکلامکردنە لە ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستاندا سەبارەت بە بابەتی ئابووری، پێداچوونەوەی پێدا نەکرێت، زیانەکانی تەنیا لە چوارچێوەی بابەتی ئابووریدا نامێنێتەوە و، هەموو بوارەکانی تریش دەخاتە مەترسییەوە. لە ڕێکلامی ئابووریدا پێویستە بەهەستیاری مامەڵە بکرێت و ئەولەوییەت بە بەرهەمی نێوخۆیی بدرێت. لە لایەکی ترەوە کەڵکوەرگرتن لە ئافرەت وەکوو ئامرازێک و بێڕێزی بە کەسایەتی و پێگەیان، لە ئێستەدا لە هەندێ لە ڕێکلامەکانی هەرێمی کوردستاندا بەدی دەکرێت. بۆ نموونە کاتێک دەیانەوێت سەرکۆنەی پیاوێک لە ڕێکلامێکدا بکەن، بە ئافرەت ناوی دەبەن؛ کە خۆی لە خویدا بێڕێزییە بەرامبەر بە ئافرەت و، پێویستە قەدەغە بکرێت.

 دەرەنجام:

 ڕێکلام بۆ ئەوەی کاریگەر بێت، پێویستە هەستی بینەر بۆ لای خۆی ڕاکێشێت و هێدی هێدی دەبێتە بەشێک لە کەلتووری گشتیی کۆمەڵگە. بۆیە لەم ڕێگەوە، دەکرێت بیرۆکەی هەر نەتەوەیەک بەیان کەیت و بیگۆڕیت. هەر بەم هۆیەوەیە وڵاتان لە ڕێگەی ڕێکلامی سیاسی و ئابوورییەوە، هەر یەک بە جۆرێک هەوڵی  گۆڕینی داب و نەریتی ئەو وڵات و نەتەوەیان هەیە کە وەک مەترسی لێی ده‌ڕوانن. هەرێمی کوردستانیش لەم ڕێسایە بەدەر نییە و، ڕاستەوخۆ کەوتووەتە ژێر کاریگەریی وڵاتانی دەوروبەرەوە کە ئامانجی تایبەتی خۆیان بەتایبەت سەبارەت بە بابەتی ئابووری هەیە و، مەبەستیانە نەتەوەیەکی بەکاربەر  لە باشووری کوردستان دروست بکەن. هەروەکوو وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەندێ لە وڵاتانی دراوسێ بە مەبەستی تایبەتی خۆیان، ئامادەن کە بەرهەمەکانی خۆیان بە کەمتر لە نرخی خۆی ڕەوانەی بازاڕی هەرێمی کوردستان بکەن. چونکە ئەم وڵاتانە باش دەزانن لەدەستدانی سەربەخۆییی ئابووری، زوو یان درەنگ، سەربەخۆییی سیاسی و کەلتووریش بە دوای خۆیدا دێنێت. لە لایەکی ترەوە ئەگەر سەیری ڕێکلامەکان لە ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان بکەین، دەبینین کە کەلتوور و زمان و جلوبەرگی نیشتمانی و مۆسیقای کوردی، فیدای بەرهەمێکی بیانی دەکرێت.

یان لە هەندێ ڕێکلامی بازرگانیی دیكه‌دا، دەبینین کە منداڵێکی ساوای ئەم نیشتمانە کە هیوا و ئاواتی دواڕۆژی نەتەوەکەمانە و، پێویسته‌ بە بیرۆکەی سەربەخۆییی سیاسی و ئابووری پەروەردە بکرێت، بەڵام دەبەیەکی "دۆی ئێرانی" بەدەستەوە گرتووە و ڕێكلامی بۆ دەکات. بەرپرسانی پەیوەندیداری وەزارەتی ڕۆشنبیری و پەروەردەیش ڕۆژانە ئەم دیمەنە دەبینن، بەڵام بەداخەوە هەست بەو مەترسییه‌ گەورەیە ناکەن. ئەم ڕاستییانە بەسەرماندا داسەپاوە و بۆشاییی یاسایی، ژینگەیەکی گونجاوی بۆ خراپبەکارهێنەران و بازرگانان ڕەخساندووە، کە بووەتە هۆی هەندێ زیان کە تا ئێستەیش قەرەبووکردنەوەی ئەستەمە. بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێویسته‌ لە ڕێگەی پرۆژەیاسایەکی سەردەمییانەوه‌، سەبارەت بە ڕێکلامی بازرگانی لە هەموو دەزگه‌ ڕاگەیاندنەکاندا، کۆتایی بەم بێسەروبەرییە لەم بوارەدا بهێنێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples