ترامپ و پرسی ڕێککەوتننامەی ناوەکیی ئێران ( لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە)

پێشوتار:  

پاش پەسەندکردنی ڕێککەوتننامەی ناوەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپی ٥+١ کە بەکورتی بە "برجام"[1] ناسراوە، لە نێوان یاساناسان و کەسانی شارەزا لەم بوارەدا جیاوازیی ڕاوبۆچوون سەبارەت بە ماهییەتی یاساییی ئەم ڕێککەوتننامە دروست بووە. بە دەستبەکاربوونی ترامپ وەکوو سەرۆککۆماری نوێی ئەمریکا، مەترسییەکانی سەر ئەم ڕێککەوتننامەیە زیاتر بووە.

لە لایەکی ترەوە ئەم ڕێککەوتننامەیه‌ بابەتێکی دەگمەنە لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا و، پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە ئەم ڕێککەوتننامەیه‌ چ ماهییەتێکی یاساییی هەیە و، ئایا ڕێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتیی ناچارکەرە، یان تەنیا ڕێککەوتنێکی سیاسی- ئەخلاقییە؟ ئایا حکوومەتی ئەمریکا، یان هەر لایەنێکی تری ئەم ڕێککەوتننامەیه‌، مافی هەڵوەشانەوەی یەکلایەنەی هەیە؟ لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین بە شیکاری بۆ ناوەرۆکی برجام، وه‌ڵامی ئەم پرسیارانەی سەرەوە بدەینەوە.

شرۆڤەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ "برجام":

ئەو شیکارییە یاسایییانەی کە لەم دوایییەدا بۆ برجام لە لایەن کەسانی نزیک لە حکوومەتی ترامپەوه‌ دەکرێت، حەکایەت لەو ڕاستییە دەکات کە حکوومەتی ئەم وڵاتە بە شوێن ده‌رچه‌‌یەکی یاسایی، بۆ دەرچوون لەم ڕێککەوتننامەیەدا دەگەڕێت. لە دوایین بۆچوونی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دووپات لەو بابەتە دەکەنەوە کە برجام بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، ڕێککەوتننامەیەکی ناچارکەر نییە (non-binding). هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە "بۆچی برجام بەبێ واژوو هاتۆتە نێو کۆنگرەوه‌؟" دەڵێت: "برجام ڕێککەوتننامەیەکی جێبەجێکاری نییە، بۆیە بە بەڵگەنامەیەکی واژووکراو هەژمار ناکرێت." هەرچەندە باوەڕ وایە، داهاتووی برجام بەم هۆکارانەوە کە لە ڕوانگەی یاسایییەوە ناچارکەر نییە یان واژووی لەسەر نەکراوە پەیوەست نییە، بەڵکوو هۆکاری سەرەکی، دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی ئاسایشیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لە کاتی پێویستدا جێبەجێ دەکات.

لە لایەکی ترەوە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە باشی دەزانن، بەپێی بڕگەکانی برجام، ئەو دەسەڵاتە بە هەموو لایەنەکانی بەشداربوو لەم ڕێککەوتننامەدا دراوە، ئەگەر ئێران پابەند بە ناوەڕۆکی برجام نەبێت بەبێ¬ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش، ڕاستەوخۆ هەموو گەمارۆکان دووبارە کارا دەکرێنەوە و هەموو شتێک بۆ پێش برجام دەگەڕێتەوە. شارەزایەکی ئەمریکا دەڵێت: برجام، ڕێککەوتنێکی جێبەجێکاریی پەسەندکراوی ناتەواوە و، دەتوانین بڵێین ڕێککەوتنێکی سیاسییە کە بەڵێنی یاساییی ناچارکەر بۆ لایەنە جیاوازەکانی ئەم ڕێککەوتننامەیە لەخۆ ناگرێت.

مەبەست لە ڕێککەوتننامەی سیاسی- ئەخلاقیی ئەو ڕێککەوتننامانە کە لە نێوان وڵاتان، یان وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا دەبەسترێت؛ مەبەستی لایەنەکانی ئەم جۆرە ڕێککەوتننامانە ڕەنگدانەوەی بەڵێنی سیاسی - ئەخلاقییە، نەوەکوو بەڵێنی یاساییی ناچارکەر. هەرچەندە لە کردەوەدا ڕەنگە دەرەنجامی ئەرێنی، یان نەرێنی بە هۆی ئەم جۆرە ڕێککەوتننامانەوە، نسبەت بە نەتەوەیە، یان وڵاتێک دروست ببێت، بەڵام ئەو دەرەنجامە لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە لایەنی یاساییی ناچارکەری بۆ ئەو وڵاتە تێدا نییە، چونکە تەنیا ڕێککەوتننامە و پەیماننامەی نێودەوڵەتیی ناچارکەر، وەکوو یەکێک لە سەرچاوەکانی یاسای نێودەوڵەتی هەژمار دەکرێن و دەرەنجامی یاساییی ناچارکەری لێ دەکەوێتەوە. هەروەک ئاماژەمان پێ داوە، برجام بە باوەڕی زۆرێک لە یاساناسان و شارەزایانی نزیک لە حکوومەتی ترامپەوە ڕێککەوتنێکی سیاسی- ئەخلاقییە کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، بڕگەکانی هەڵگری بەڵێنی ناچارکەر بۆ لایەنەکانی بەشداربوو لەم ڕێککەوتننامەیەدا نییە. بەڵام ئایا بەپێی یاسای نێوخۆییی ئەمریکا، حکوومەتی ترامپ ناچارە پابەندی برجام بێت؟ پاش ڕێککەوتنی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپی ٥+١ سەرۆککۆماری ئەو کاتەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەپێی ئەو دەسەڵاتەی کە لە یاسای نێوخۆییی ئەو وڵاتە پێی درابوو، گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێرانی هەڵگرت.

ئەم بابەتە خۆی لە خویدا پەیامێکە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە هەر کاتێک بەرژەوەندی و ئاسایشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بخوازێت، سەرۆککۆمار بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرە، هەموو گەمارۆکانی پەیوەست بە پرۆگرامی ناوەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دووبارە کارا دەکاتەوە. شارەزایەکی یاساییی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەڵێت: "سەرۆكکۆمار و تیمە یاسایییەکەی، "برجام"یان بەوردبینیی تەواو داڕشتووە. لە زۆر باردا، بۆ دووبارە گەڕانەوەی گەمارۆ پێشووەکان بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، پێویست بە ڕەزامەندیی هیچ لایەنێکی تر ناکات. واتا، هەڵگری تایبەتمەندیی "گەڕانەوە بۆ سەرەتایە"، لە کاتێکدا ئەگەر ئەم ڕێککەوتننامەیە لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەیەکی ناچارکەری نێودەوڵەتیدا بووایە و بەڵێنی یاساییی ناچارکەری لەخۆ گرتبایە، هەڵگری ئەم تایبەتمەندییه‌ نەدەبوو و، لەم بارەدا ئەگەر لایەنێک لە لایەنەکان سەرپێچی لەم ڕێککەوتننامەیە بکردبایە، بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتیی بۆ دروست دەبوو و، بەپێی یاسای تایبەت، ناچار بە ڕاگرتنی سەرپێچی و دووبارەنەکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی هەموو زیانە دروستکراوەکان دەکرا، نەوەکوو تەنیا ئەم مافە بە لایەنی بەرامبەر بدرێت کە هەموو شتێک بۆ پێش ڕێککەوتن بگەڕێنێتەوە.

شرۆڤەی یاساناسانی ئێرانی بۆ برجام:

یاساناسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە برجام، ڕاوبۆچوونی جیاوازیان هەیە. هەرچەندە کاربەدەستانی ئەم وڵاتە، برجام بە ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتیی چەندلایەنە وەسف دەکەن، بەڵام بەپێچەوانەی بۆچوونی ئەوان، لە ڕوانگەی یاسایییەوە ئەم ڕەخنانەی خوارەوە لەم ڕێککەوتننامەیە دەگیرێت، کە لە خوارەوە زۆر بەکورتی ئاماژەیان پێ دەکەین. یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی کە بۆتە جێگەی ڕەخنە، دەگەڕێتەوە بۆ ویست و نییەتی لایەنەکانی ئەم ڕێککەوتننامەیه‌، بەتایبەتی ویستی کۆماری ئێسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چونکە لە بڕگە و ناوەڕۆکی برجام وا بەدیار دەکەوێت، کە ویستی لایەنەکان ئەوە بووە کە برجام بە شێوەیەکی گشتی ڕێککەوتنێکی ناچارکەری یاسایی نەبێت و، هەروەکوو ئاشکرایە ویستی هاوبەشی لایەنەکان پێوەرێکی گرنگە  بۆ دەستنیشانکردنی ئامانجە سەرەکییەکانی نێوانیان و  ویستی ئەوان بابەتەکە یەکلایی دەکاتەوە.

دیوانی نێودەوڵەتیی دادوەری، لەسەر گرنگیی ویستی لایەنەکان لە دیاریکردنی ماهییەتی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکاندا، دووپات لە سەربەخۆییی ویست لە ڕەواڵەت، ناوەڕۆک و ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی دەکاتەوە و باوەڕی وایە هەروکوو لە یاسای نێودەوڵەتیدا باوە، لەم بارەدا لایەنەکان ئازادن لە دەستنیشانکردنی ڕەواڵەت و شێوازی بەیانی ئێرادەیان، بۆیە پێوەری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا بەڵگەیەکی تایبەت، ویستی ڕوونی لایەنەکان بۆ دروستکردنی ڕێسای یاسای ناچارکەر بەدیار دەخات؟ 

 لە لایەکی ترەوە لە ناوەرۆکی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی برجام لە پەرلەمانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، وا بەدیار دەکەوێت برجام ڕێککەوتنێکی سیاسی– ئەخلاقییە، چونکە لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: کۆمیسیۆن لە کۆتاییدا، برجام بە ڕێککەوتنێکی سیاسی لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و لایەنەکانی تردا دەزانێت و، باوەڕی وایە کە پێویستە حکوومەت ژێرخانی ناوەکی و دەستکەوتە پەیوەندیدارەکان بە هەموو تواناکانییەوە ڕابگرێت؛ تا لە کاتی پێشێلکردنی بەڵێنەکانی نێو ڕێککەوتنی ناوەکی لە لایەن وڵاتانی ٥+١ه‌وە بڕیاری گونجاو لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی ئێران دەربکات. لە ڕاستیدا په‌رله‌مانتارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران باوەڕیان وایە، برجام ڕەنگدانەوەی پەیوەندیی نێودەوڵەتییە نەوەک یاسای نێودەوڵەتی سەبارەت بە پرسێکی نێودەوڵەتی. بۆیە وەکوو نەخشەڕێگەیەکە و، پێشێلکردنی،  بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتی دروست ناکات، چونکە ڕەگەزی سەرەکیی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بریتییە لەوەی کە خاوەن بڕیاری ناچارکەری یاسایی و ماف و ئەرکی لایەنەکان بێت.

ڕەخنەیەکی تر کە ئاراستەی ئەم ڕێککەوتننامەیە دەکرێت، بۆ قۆناغەکانی داڕشتنی  دەگەڕێتەوە کە لەگەڵ بنەما یاسایییەکاندا یەک ناگرێته‌وە و لە نێوان یاساناسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایشدا ڕەنگی داوەتەوە؛ چونکە لەم ڕێککەوتننامەیەدا ڕەچاوی دەنگدان، یان پەسەندکردن لە ناوەندە پەیوەندیدارە ئاسایییەکانی وڵاتانی هاوبەش لەم ڕێککەوتننامەیەدا نەکراوە. هەروەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێ داوە، وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە بۆچی برجام بەبێ واژوو هاتۆتە نێو کۆنگرەوه‌؟ دەڵێت: "برجام ڕێککەوتننامەیەکی جێبەجێکاری نییە، بۆیە بە بەڵگەنامەیەکی واژووکراو هەژمار ناکرێت." هەروەها وڵاتانی وەکوو ئەڵمانیا، بریتانیا، فەڕه‌نسا، ڕووسیا و چین برجامیان بۆ پەرلەمانەکانی خۆیان بە مەبەستی پەسەندکردن ڕەوانە نەکردووە. بۆیە برجام ڕێککەوتننامەیەکی ناتەواوە و ناتوانێت هەڵگری بەڵێنی ناچارکەر بۆ لایەنەکانی ئەم ڕێککەوتننامەیە بێت و، لە خودی برجامیشدا دووپات لەسەر ڕۆحی خۆبەخشانە پەسەندکردنی بەڵێنەکان و جێبەجێکردنی بڕگەکانی لە لایەن هەموو وڵاتانی نێو ئەم ڕێککەوتننامەیەوە دەکاتەوە. گرنگترین بەڵگە بۆ ئەم گوتانە، دوایین بڕگەیه‌ لە پێشەکیی برجام، کە بەم شێوەیه‌ نووسراوە: ".... ئێران و گرووپی ٥+١ ئەم هەنگاوە خۆبەخشانەی خوارەوە بۆ پەسەندکردنی بەڵێنەکان و جێبەجێکردنی هەڵدەگرن."  چەمکی خۆبەخشانە لە برجامدا، دەتوانێت دوو مانای هەبێت:

  • خۆبەخشانە بە مانای هەنگاوی ئارەزوومه‌ندانەیە و بە ئیرادەی یەکلایەنەوە پەیوەستە، هەرچەندە باوەڕ وایە نابێتە هۆی گۆڕانکاری لە ماهییەتی ڕێککەوتننامەدا.
  • مانای دووەمی ئارەزوومەندانە، نەبوونی بەرپرسیارێتیی یاسایییە، گه‌ر بێت و لایەنەکان بەڵێنەکانی خۆیان جێبەجێ نەکەن.

کۆبەند:

 ویلایەتەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر بەڕوونی بەیانی کردووە، برجام ڕێککەوتننامەیەکی باش نییە و لە هەوڵی گۆڕانکاری لە ناوەرۆکی ئەم ڕێککەوتننامەیەدایە. ئەوەی کە یاریدەدەرە بۆ گەیشتن بەم خواستەی، دەگەڕێتەوە بۆ یاسا نێوخۆیییەکانی ئەم وڵاتە، کە تێیدا بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بۆ سێ بەش دابەش کردووە. برجام دەکەوێتە چوارچێوەی جۆری سێیەمەوە کە بە ڕێککەوتننامەی سیاسی  (political commitment) ناسراوە و  پێگەیەکی ئەوتۆی لە یاسای نێوخۆی ئەم وڵاتەدا نییە و، لە بارێکدا ئەگەر برجام لەگەڵ یاساکانی نێوخۆی ئەو وڵاتەدا هاودژ بێت، کار بە یاسا نێوخۆیییەکان دەکرێت؛ لە کاتێکدا ئەگەر ئەم گریمانەیه‌ بۆ ڕێککەوتننامەیەکی ناچارکەری  نێودەوڵەتی ڕوو بدات، ئەوا کار بە ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی دەکرێت نەوەک یاسای نێوخۆیی. ئەم ڕاستییە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کاربەدەستانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی فەرمی برجام وەکوو ڕێککەوتننامەیەکی سیاسی هەژمار دەکەن نەوەک یاسایی.

جگە لە ئەمریکا، بە شێوەیەکی گشتی هیچ کام لە وڵاتانی ئەندام لە ڕێککەوتننامەی ناوەکی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، ئامادە نین جۆرێک تایبەتمەندیی ناچارکەر بەم ڕێککەوتننامەیه‌ بدەن و بەرپرسیارێتیی یاسایی بگرنە ئەستۆ. چین و ڕووسیا تەنیا لە گۆشەنیگای ئەنجومەنی ئاسایشەوە سەیری برجام دەکەن و بە بەڵگەنامەیەکی نێودەوڵەتیی نازانن. وڵاتانی ئەوروپایش تەنیا مەبەستیان هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرژەوەندیی یەکلایەنەی خۆیانە. تەنیا هۆکارێک کە تا ئێستا دەستی ڕاوێژکاران و کاربەدەستانی ئەمریکای لە هەڵوەشاندنەوەی یەکلایەنەی ئەم ڕێککەوتننامەیه‌ بەستۆتەوە و سەرۆک ترامپی بە شێوەیەکی کاتی لەم کارە دوور خستۆتەوە، ترسه‌ لە ناهاوئاهەنگیی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا سەبارەت بەم بابەتە، نەک ترس لە بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتی بە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەم ڕێککەوتننامەیەوە. بەدڵنیایییەوە نەوەد ڕۆژی داهاتوو، زۆر شت سەبارەت بەم ڕێککەوتننامەیە ڕوون دەبێتەوە و، وا بەدیار دەکەوێت ئەمریکا بڕیاری یەکلاکەرەوە لەم بارەوە دەربکات.

 

[1] . برجام کورتکراوەی "برنامه جامع اقدام مشترک"  و،  بە زمانی ئینگلیزی دەبێتە:  Joint Comprehensive Plan of Action

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples