پێشوتار:
ماوەیەکی زۆرە دوو چەمکی بەرگریی ڕەوا لە ڕێگەی "بزووتنەوەی ڕزگاریخواز" و "تیرۆر" لە ڕوانگەی سیاسی و کردارییەوە تێکەڵبوونێکیان پێوە دیارە و زۆر جار سنووری نێوانیان ڕوون نییە و، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پێوەر و میکانیزمی تەواوی بۆ دیاریکردن و پێناسەی ئەم دوو چەمکە بەو شێوەیەی کە جێگەی پەسەندی هەموو وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بێت، دیاری نەکردووە؛ بۆیە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا هەلومەرجێك هاتۆتە کایەوە، کە وڵاتان بۆ ئەم دوو چەمکە شرۆڤەی جیاواز دەکەن. هەندێ وڵات خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلان بە شهرعی (ڕهوا) دەزانن و پشتیوانیی لێ دەکەن و، هەندێ وڵاتی تر هەر ئەم بزووتنەوەیه بە تیرۆریست دەناسن. بە واتایەکی تر، دەستی وڵاتان لە ناساندن و پاراستن و پشتیوانیی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان، یان گرووپە تیرۆریستییەکان تا ڕاددەیەك کراوەیە و، ناساندنی ئەم گرووپە و بزووتنەوانە لە لایەن ئەم وڵاتانەوە هاوتەریبە لەگەڵ بەرژەوەندیی سیاسیی خۆیاندا، نەوەک ڕاستیی بابەتەکە و بارودۆخی ئەو گرووپ و بزووتنەوانە. بۆیە مەبەستمانە لەم وتارەدا شیکاری یاسایی بۆ سنووری نێوان بەرگریی ڕەوا، کە لە لایەن بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانەوە ئەنجام دەدرێت و، تیرۆریزم، بکەین.
چهمكی بزووتنەوەی ڕزگاریخواز و تیرۆریزم:
یاسای نێودەوڵەتیی هەر وڵاتێک کە پابەندی پرەنسیپەکانی رێسای نێودەوڵەتیی شەر نەبێت، بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی دەخاتە ئەستۆی، لە هەمان کاتدا هەوڵی بە فەرمیناساندنی بەرگریی ڕەوایی بزووتنەوە ڕزگاریخوازانی بۆ گەیشتن بە مافی چارەی خۆنووسین داوە. تا جێگایە مافی چارەی خۆنووسین ڕێسایەکی فەرمانکەری یاسای نێودەوڵەتییە و بەرەنگاربوونە و پێشلکردنی ئەم مافە بە کردەوەیەک دژ بە مافی مرۆڤ هەژمار دەکرێت. بۆ ئەوەی لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە سنووری نێوان هەر دوو چەمکی بەرگریی ڕەوا و تیرۆریزم ڕوون ببێتەوە، پێوستە پێناسەیەکی یاساییی گونجاو بۆ ئەم دوو چەمکە بکرێت، کە هەموو ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان لەسەری کۆک بن.
یاساناسێکی نێودەوڵەتی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی وا پێناسە کردووە: "بزووتنەوەیەکە لەنێو نەتەوە جیاوازەکاندا سەر هەڵدەدات و، بۆ بەدەستهێنانی مافی چارە خۆنووسینی خۆیان دژی داگیرکەری و ڕەگەزپەرەستی جهنگی گەرم دەکەن." لە پێناسەیەکی تردا تیشک خراوەتە سەر ناوخۆی کۆمەڵگەی ناتەبا کە تێیدا بەشێک لە دانیشتووانی کۆمەڵگە بە پشتبەستن بە جهنگی گەرم بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسین تێ دەکۆشن. ئەم پێناسەیە هەڵگری دوو چەمکی گرنگە، کە یەکێک لە لایەنەکان، خاوەنی دەوڵەتێکی بەهێز و دەسەڵاتی ڕەهایە و لایەنێکی تر ئەم مافەی لێ زەوت کراوە. هەروەها هۆکاری ناکۆکی لەم کۆمەڵگەیهدا، بۆ جێبەجێنەکردنی پرەنسیپی مافی چارەی خۆنووسین کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا مافێکی ڕەوایە، دەگەڕێتەوە. بەپێی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان، هەموو نەتەوەیەك خاوەن مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسینە، کە بەپێی ئەم مافە دەتوانن ئازادانە بارودۆخی سیاسیی خۆیان دیاری و، گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتووریی خۆیان دابین بکەن. هەروەها جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ لە ماددەی دووەم لە بەشی یەکەمدا بەڕوونی مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین وەکوو بەشێک لە مافی مرۆڤ هەژمار دەکات و، پشتگوێخستنی، بە پێشێلکردنی ئەم مافە دەزانێت. ڕاستییهكهی، زۆرێک لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازهكانی گەلی کورد بە هۆی نەگەیشتن بە ئامانجە ڕەواکانی خۆیان کە لە لایەن وڵاتانەوە پشتگوێ خراون، دژی ئەم وڵاتە ڕەگەزپەرستانه هێز بەکار دێنن، کە ئەم بابەتە تا ڕاددەیەك پێناسە و جیاوازیی بەرگریی ڕەوا و تیرۆری ئەستەم کردووە و دەرگهیەکی بۆ وڵاتان کردۆتەوە تاوەکوو ئەم بابەتە خراپ بەکار بهێنن و بە ناوی تیرۆرەوە، جهنگی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان بکەن.
ڕاستە پێناسەیەکی نێودەوڵەتیی پەسەندکراو سەبارەت بە بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان، بە شێوەیەك کە هەموو ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان لەسەری کۆک بن، بوونی نییە، بەڵام هەر جۆرە هەوڵێ لە لایەن بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانەوە بۆ بەدەستهێنانی ئەم مافە، لە یاسای نێودەوڵەتیدا پشتیوانیی لێ دەکرێت؛ لە کاتێکدا نەیاران و پێشێلکەرانی ئەم مافە، هیچ پشتیوانییهكی یاسای نێودەوڵەتییان لە پشتەوە نییە. ئەوەی گرنگە، نەتەوە بندەستەکان بەتایبەت گەلی کورد کە لە ڕێگەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازەوە، بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی خۆیان هێز بەکار دێنن، پێویستە پابەندی یاسای نێودەوڵەتیی جهنگ بن، تاوەکوو بەشێک لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازهكانی گەلی کورد دوچاری ئەو هەڵە کوشندەیه نەبنەوە و، ببنە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، وەکوو گرووپی تیرۆریستی هەژماریان بکات.
لە لایەکی ترەوە لە ڕووی یاسایییەوە سەبارەت بە پێناسەی تیرۆر، کۆدەنگیی نێودەوڵەتی، بوونی نییە. وتەیەکی پسپۆرێکی نێودەوڵەتی جێگهی سەرنجە کە دەڵێت: "هەر تاکێکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مافی خۆیەتی لە مانا و ناوەڕۆکی یاسای تیرۆر، کە تا ئەم ڕاددەیه بووەتە جێگهی گرفت دڵتەنگ بێت، چونکە وشەی تیرۆر تەواو ناڕوون و ناتەواوە و، گرنگتر لەوە هیچ یاسایەکی دیاریکراوی نێودەوڵەتی لەسەری جێبەجێ ناکرێت." ئەوەی کە بووەتە هۆی سەرنەگرتنی کۆدەنگیی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پێناسەی تیرۆر، دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازیی ڕاوبۆچوونی ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە ناوەرۆک و مانای تیرۆر، کە هەر ئەکتەرێک بابەتی تیرۆر لە ڕوانگەی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتی خۆیەوە پێناسە دەکات. بۆیە پێناسەی تیرۆر، پڕە لە جیاوازی و لایەنگریی سیاسی و، بێ هۆ نییە کە زۆر جار گرووپێک لە ڕوانگەی دەوڵەتێکەوە تیرۆریست و، لە تێڕوانینی وڵاتێکی ترەوە بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازە. هەرچەند پێناسەی تیرۆر ئەستەمە و، چهشنی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان کۆدەنگیی نێودەوڵەتیی لەسەر نییە، بەڵام بەکورتی گرنگترین تایبەتمەندییهكانی تیرۆر بەم شێوەی خوارەوەیە:
- پشتبەستن بە هەموو جۆرە توندوتیژییەک بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسیی دیاریکراو.
- تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵگە و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لە نێوان خەڵکدا.
"جان مورفی" باوەری وایە ناچارین دان بەم ڕاستییهدا بنێین کە هەندێ لە وڵاتان زۆر بەئاسانی، هەر هەڵسوکەوتێكی نەیارانی خۆیان بە تیرۆر ناوزەد دەکەن. ئەم وتەی جان مورفی سەبارەت بە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین زۆر تەواوە، چونکە هەر داواکارییهک کە بەپێچەوانەی سیاسەتی داڕێژراوی ئەوانەوە بێت، هەرچەندە داواکاریی ڕەوای زۆرێک لە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە بێت، بە کارێکی تێکدەرانە ناوزەدی دەکەن و، زۆر جاریش دەیخەنە چوارچێوەی داواکاریی تیرۆریستانەوە. لە یاسای وڵاتانی ناچەکەدا هەر جۆرە هەنگاوێک کە یەکڕیزی و یەکپارچەیی و ئاسایش و سەروەریی ئەم وڵاتانە بخاتە مەترسییەوە، کارێکی تیرۆریستییە. بۆیە چالاکیی هەر حزب و گرووپێك، دەکەوێتە نێو چوارچێوەی بەربڵاوی ئەم ڕێسایەوە.
"تۆنی بلێر"، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بریتانیا، لە وهڵامی پرسیارێکدا کە سەبارەت بە کردەوەی تیرۆریستیی خۆتەقاندنەوە بوو؛ دەڵێت: "ئەگەر ئەو هەلومەرجانەی کە لە زۆرێک لەو وڵاتانەی کە خۆتەقاندنەوەی تێدا هەیە، لە بریتانیا هەبووایە، خۆتەقاندنەوە لێرە (بریتانیا) دەیان بەرامبەر زیاتر دهبوو." ئەم وهڵامەی تۆنی بلێر، وتەیەکی پڕپێستە کە ئاماژەیە بۆ نەهامەتی و پێشێلکردنی مافە سەرەتایییەکانی دانیشتووانی وڵاتانی وەکوو ئێران، عێراق، سووریا و تورکیا، نەوەک پشتیوانیی لە خۆتەقاندنەوە. هەروەها ئەم جۆرە ڕاوبۆچوونانە، کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە مەبەستی پشتیوانیی زیاتر لە نەتەوە بندەستەکان هەبووە و، چەمکی مافی چارەی خۆنووسین بووەتە ڕێسایەکی فەرمانکەری یاسای نێودەوڵەتی؛ بەو مانایە کە هیچ جۆرە سەرپێچییەک سەبارەت بەم مافە جێگهی پەسەند نییە. بەڵام مخابن، هەڵەی ستراتیژیی هەندێ لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازهكان، بەتایبەت بزووتنەوە کوردییەکان، کە پابەندی یاسای جهنگ نابن و، هەروەها بەرژەوەندیی ئابووریی زۆرێک لە وڵاتە زلهێزەکان، هۆکارن بۆ چاوپۆشی و پێشێلکردنی ئەم مافە لە لایەن وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤینهوه.
جیاکردنەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخواز و تیرۆریزم:
جیاکردنەوەی بەرگریی ڕەوا و تیرۆریزم، کاتێک زیاتر ئەستەم دەبێت کە کەسانی سڤیل و بێتاوان دەبنە قوربانی. ئەم کردەوەیه هۆکارێکە کە بەرگریی ڕەوا بکەوێتە چوارچێوەی کاری تیرۆریستییەوە. دەستی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیش لە بەکارهێنانی هێز دژی دەوڵەتی داگیرکەر دەبەستێتەوە؛ چونکە بەپێی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ و ماددەی دووەم لە بڵاوکراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەکارهێنانی هێز دژی دەوڵەت یان سەرزەمینێك، بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی هەژمار دەکرێت. لەم دۆخەدا چۆن دەتوانین لە نێوان تیرۆریست و بەرگریی ڕەوادا جیاوازی بکەین؟ ئەم جیاکارییە، لەم جیاوازییانەی خوارەوە بەدەست دێت.
١- بەرگریی ڕەوای گەلان، خاوەنی ئامانجی شهرعییه و لە هەوڵی دابینکردنی مافی یەکسانی و دادپەروەریدایە بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە و، تەنیا بۆ ئەم مەبەستە هەوڵ دەدات. لە کاتێکدا تیرۆر هیچ بەرژەوەندییەکی کۆمەڵگە ڕەچاو ناکات و، ترساندنی هەموو دانیشتووانی کۆمەڵگە یەکێکە لە ئامانجەکانیان.
٢- کوشتن، یان هەر کردەوەیەکی توندوتیژ دژی کەسانی سڤیل، لە ڕوانگەی تیرۆریستانەوە قۆناغ و ئامرازێکی سەرەکییە بۆ گەیاندنی پەیامی سیاسیی خۆیان. لە کاتێکدا لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکاندا هاووڵاتی و کەسانی سڤیل بە هیچ شێوەیەك ناکرێنە ئامانج.
٣ - تیرۆریست تەنیا ئەو کەسانە ناکاتە ئامانج کە ڕاستەوخۆ لەگەڵیاندا دهجهنگێ، بەڵکوو هەموو دانیشتووانی کۆمەڵگە دەخاتە مەترسییەوە.
٤- گرووپە تیرۆریستییەکان لە کاتی چالاکیی تیرۆریستیدا، پابەندی هیچ جۆرە یاسا و ڕێسایەکی نێودەوڵەتی نین.
کۆبەند:
یاسای نێودەوڵەتی هەوڵی داوە، لە ڕێگەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازەوە لە نێوان تیرۆر و بەرگریی ڕەوادا جیاوازی بکات؛ هەرچەندە ماددە و بڕگەکانی یاسای نێودەوڵەتی، لەم ڕوانگەوە شرۆڤەی جیاواز هەڵدەگرن. ئەوەی گرنگە، لەم یاسایەدا بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان بە مەبەستی بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسین لە بەرانبەر وڵاتانی ڕەگەزپەرستدا بەڕەوا دەزانێت. یاسا و ڕێساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئەم بابەتەیان دووپات کردۆتەوە و، بەفەرمیناساندنی بەرگریی ڕەوا لەم یاسایەدا، بە مانای پشتگیرییان بە مەبەستی کردەوەی تیرۆریستی نییە و، هەر لە بنەمادا ئەم دوو بابەتە جیا کراونەتەوە. ئامانجی بزووتنەوەی ڕزگاریخواز، هەرچەندە پیرۆز و لە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بەهرەمەند بێت، نابێت پەنا بۆ کردەوەی توندوتیژی ببات. بۆیە ئەستەمە لەمڕۆدا، هیچ بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخواز لە ڕێگەی کردەوەی تیرۆریستییەوە بە ئامانجی شهرعیی خۆی بگات. بزووتنەوە ڕزگاریخوازهكانی گەلی کورد، پێویستە ئاگاداری ئەم ڕاستییە بن کە دوو ڕەگەزی سەرەکی، بوونیان هەیە، کە ڕەنگە خەباتی ڕەوای ئەوان، بگۆڕێت بۆ کردەوەی تیرۆریستی: یەکەم ئامانجی خەبات و دووەم شێوازی خەبات بۆ گەیشتن بە ئامانج. بۆیە دەکرێت خەباتی نەتەوە، یان بزووتنەوەیەک لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە ڕەوا بێت، بەڵام شێواز و ڕێگەی خەبات بۆ گەیشتن بە ئامانج ناپەسەند بێت و، ببێتە هۆی ئەوەی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخواز لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە، بگۆڕێت بۆ گرووپێک کە تاوانبارە بە کردەوەی توندوتیژی و، بکەوێتە خانەی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە.
بۆیە هەموو گرووپ و بزووتنەوە ڕزگاریخوازهكانی گەلی کورد، ئەگەر دەیانەوێت مەشروعییەتیان هەبێت و بتوانن بەرگری لە خاک و هاووڵاتیی خۆیان بکەن و لە پشتیوانیی نێودەوڵەتی بەهرەمەند بن، پێویستە پابەندی یاسای جهنگ بن و بە هیچ شێوەیەك کەسانی سڤیل نەکەنە ئامانج؛ چونکە سنووری نێوان بەرگریی ڕەوا و تیرۆر لە یاسای نێودەوڵەتیدا، زۆر جار بە کوشتنی کەسێکی سڤیل تێکەڵ دەبێت. بەکورتی دەتوانین بڵێین، تیرۆر بە هەر تێگەیشتن و ئاماژەیەك خاوەنی چەند تایبەتمەندیی سەرەکیی ڕوونە و هەوڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە، بە پێدانی ماف و ئمتیاز بە بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان، ناچاریان بکات خۆیان لە گرووپە تیرۆریستییەکان جیا بکەنەوە و، پابەندی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی وەکوو "ڕێککەوتننامەی جنێڤ"ی ١٩٤٩ بن.