بێ گومان یەکێک لە گرفتەکانی زانستی سیاسی، پێناسەکردنی زاراوەکانی نێو ئەم زانستەیە، لەبەر ئەوەی ڕێکكەوتنێک لە نێوان ئەو بیرمەند و زانایانەی کە لەم زانست و بوارەدا سەرقاڵن، نییە. بۆیە دەبینین زاراوەی ڕۆشنبیریی سیاسییش لەم گرفتەوه دوور نییە، چونکە لە لایەک ڕێكکەوتنێک لە لایەن زانایانی ئەنترۆپۆلۆژی و کۆمەڵناساندا لەسەر پێناسە و مانای چەمکی ڕۆشنبیری نییە و، لە لایەکی تریشهوه لەبەر تازەییی زاراوەی چەمکی ڕۆشنبیریی سیاسی لە زانستی سیاسەتدا.
بەڵام هەرچۆنێک بێت، ڕۆشنبیریی سیاسی بەشێکە لە ڕۆشنبیریی گشتیی کۆمەڵگە و یەکێکە لە ئامرازە سەرەکییەکانی کار و چالاکیی سیاسی و پێوەرێکە بۆ پێگەیاندنی سیاسی و، کاریگەریی لەسەر پلەی بەشداریی سیاسیی هاووڵاتیان لە دەوڵەت و کۆمەڵ و پارت و ڕیکخراو و یەکە جۆربەجۆرەکاندا دەبێ.
دەبینین لەلایەن زانایان و بیرمەندانەوە، چەندین پێناسەی جۆراوجۆر و جیاواز بۆ چەمکی ڕۆشنبیریی سیاسی کراوە، لەوانە:
"گابریل ئەلمۆندGabriel A. Almond/" ، بیرمەندی سیاسیی گەورەی ئەمەریکی، بەم شێوەیە پێناسەی ڕۆشنبیریی سیاسی دەکات و دەڵێت: "ڕۆشنبیریی سیاسی بریتییە لە دابەشکردنێکی تایبەت بە ڕێنمایییە سیاسی، بەهایی، هەستی، زانیاری و بەهرەکان، کە کاریگەری لە ڕەوشتی تاکەکان دەکات. هەروەها، ڕۆشنبیریی نەتەوەی سیاسییش کاریگەرە لەسەر ڕەوشتی هاووڵاتیان و سەرکردەکان لە ڕیگەی سیستەمی سیاسییەوە." ئەلمۆند، بە جۆرێک باس له ڕۆشنبیریی سیاسی دهكات کە پەیوەندیی بە بەها دیموکراسییەکانەوە هەیە و ڕۆڵی بەرچاوی لە فەراهەمکردنی دیموکراسیدا هەیە. ئهو پێی وایە گرنگی و ماهیەتی ڕۆشنبیریی سیاسی لە دەوڵەتێکەوە بۆ دەوڵەتێکی دیکە جیاوازە، چونکە لایەنی مۆراڵی (ئهخلاقی) و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئایینیی جۆراوجۆر لە نێوان دەوڵەتەکاندا هەیە، کە ئەستەمە ڕۆشنبیرییەکی سیاسیی گشتیی وەکیەک لە هەریەک لە دەوڵەتانی خاوەن شارستانی و ئەو دەوڵەتانەدا هەبێ کە ئاستێکی نزمتریان لە ژیانی مەدەنیەتدا هەیە.
ههروهها "لوسیان بای" (lucian bay) لەبارەی ڕۆشنبیریی سیاسییەوە دەڵێت: "ڕۆشنبیریی سیاسی، کۆمەڵێک بیروباوەڕ و هەستە، سیستەمێک و مانایەک دەبەخشێتە پرۆسەی سیاسی و، ئەو ڕێسا جێگیرانە دێنێتە ئاراوە کە لەناو سیستەمی سیاسیدا، بەسەر هەڵسوکەوتی تاکەکاندا حوکم دەکات. واتە، ڕۆشنبیریی سیاسی بەپێی ئەم بۆچوونە ئەو پێوەر و نموونە سیاسییانە دەگرێتەوە کە ئەندامانی کۆمەڵێکی سیاسی، پێوەی پابەندن." واتە کرۆکی ڕۆشنبیریی سیاسی، لە بەها و ئاراستە و ڕفتار و زانیارییە سیاسییەکانی تاکەکانی نێو کۆمەڵگە سەرچاوە دەگرێ. بەمەیش، ڕۆشنبیریی سیاسی، گوزارشت لە توخمە مەعنەوییەکان دەکات.
هەروەها "موریس دوڤرجیە"(Maurice Duverger) ، بیرمەندی گەورەی فەرەنسی، لەبارەی ڕۆشنبیریی سیاسییەوە دەڵێت: "ڕۆشنبیریی سیاسی بە شێوەیەکی گشتی، لایەنی سیاسیی ڕۆشنبیرییە؛ بەو شێوەی کە خۆی کۆمەڵە ڕێکخستنێکی ڕۆشنبیرییە."
"جەیمس ئەندرسۆن(James Anderson) "یش بەم چەشنە پێناسەی ڕۆشنبیریی سیاسی دەکات و دەڵێت: "ڕۆشنبیریی سیاسی بریتییە لەو بەشەی ڕۆشنبیریی کۆمەڵگە، کە ئەو بەها و دابونەریتانە لەخۆ دەگرێت کە پەیوەستن بەوەی حکوومەت چۆن کارەکانی بکات، لەگەڵ ئەوەیشدا، سروشتی پەیوەندیی نێوان هاووڵاتی و حکوومەت ڕوون دەکاتەوە." "فیلب برو" (Philip Pro)بیرمەندی ئەمەریکی، ڕۆشنبیریی سیاسی بەم شێوەیە دەناسێنێ و دەڵێت: "ڕۆشنبیریی سیاسی، کۆمەڵێک زانیاری و بیروباوەڕە کە ڕێگە بە تاک دەدات مانایەک بەو ئەزموونە ڕۆتینییە ببەخشێ کە پەیوەندیی بەو دەسەڵاتەوە هەیە کە حوکمڕانییان دەکات. هەروەها ڕێگا بە گرووپەکان دەدات وەک مەرجەعێک بۆ ناساندنی ناسنامەیان بەکاری بهێنن و لە هەمان کاتدا وەک سەرچاوەیەک ناوی بنێن ڕۆشنبیریی سیاسی." کەواتە، ڕۆشنبیریی سیاسی، دەرفەت بە هەر تاکێک دەدات کە پێگە و سەنگی خۆی لە بواری سیاسیدا دیاری بکات.
ڕۆشنبیریی سیاسی، لقێکی ڕۆشنبیرییە و بەشێکە لە ڕۆشنبیریی گشتیی کۆمەڵگە و، کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگە هەیە و کاریگەریی ئەویشی لەسەر دەبێت، بەڵام ناتوانێت لە دەرەوەی چوارچێوەی گشتیی کۆمەڵگە بێت. واتە، ڕۆشنبیریی سیاسی لە دەوری ئەو بەها و بڕوایانە دەسووڕێتەوە کە لە کۆمەڵگەدا باڵادەستن و کاریگەرییان لەسەر ئەندامەکانی هەیە، جا چ حوکمڕان بن یان حوکمڕانیکراو.
ڕۆشنبیریی سیاسی لە هەر کۆمەڵگەیەکدا، بەوە جیا دەکرێتەوە کە لە گۆڕاندایە و بەڕەهایی جێگیر نییە. لێرەیشدا، قەبارە و ڕادەی گۆڕانەکەی، گرێدراوی چەند هۆکارێکە کە لە کۆمەڵگەدا بوونیان هەیە. بۆیە، ڕۆشنبیریی سیاسی لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ ئەوی دیکە جیاوازە و دەگۆڕێت. هەروەها لە تاکێکەوە بۆ تاکێکی تر جیاوازە. هۆکارگەلێکی جۆراوجۆریش ئەو جیاوازییە دەسەپێنن، وەک: بنەچە، ڕەگەز، شوێنی نیشتەجێبوون، پیشە، ئاستی خوێندن، باری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە و ...هتد.