پاراستنی مافی هاووڵاتی لە یاسای "فەرعی"دا*

پێشەکی

ژیانی کۆمەڵایەتی، بۆ هەموو کەسێک ماف و ئەرکی دیاری کردووە. ئیرادەی گەل سنوور و پانتاییی ئەم ماف و ئەرکە دیاری دەکات، بۆیە هەڵبژێردراوی گەل لە ڕێگەی یاساوە ئەم ماف و ئەرکە ڕێک دەخەن و لە هەوڵی پرکردنەوەی بۆشاییی یاسایی، دابینکردنی ڕەزامەندی و خۆشگوزەرانیی گشتیدان.

بەپێی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، ئەرکی یاسادانان لە ئەستۆی پەرلەماندایە. بەڵام زۆر جار ئەم ئەرکە بە دەسەڵاتی جێبەجێکار بە مەبەستی پەسەندکردنی یاسای فەرعی، کە بریتییە لە نزمترین جۆرەکانی یاسادان دەسپێردرێت. بۆیە جێگه‌ی سەرنج و تێبینییە کە داڕشتنی ڕێسای گشتی، کە ئەرکی سەرەکیی دەسەڵاتی یاسادانانە، چۆن بە دەسەڵاتی جێبەجێکار دەسپێردرێت؟ سپاردنی ئەرکی یاسادانان بە دەسەڵاتی جێبەجێکار، نابێتە مایەی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیی گشتی، یان پێشێلکردنی مافی تاک؟  پێگەی یاسای فەرعی، کە دەسەڵاتی جێبەجێکار دەریان دەکات لە چ ئاستێکدایە؟ چ ماف و ئەرکێکی بۆ هاووڵاتیی تێدا بەرجەستە دەبێت و کێ چاودێریی دەرکردنیان دەکات؟ لەم وتارەدا­­ لە هەوڵی ئەوەداین، وه‌ڵامێکی یاسایی و لۆژیکی بۆ ئەو پرسیارانەی سەرەوە بدۆزینەوە.

 یاسادانانی فەرعی:

لە هەرێمی کوردستان بەپێی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، ئەرکی یاسادانان لە ئەستۆی پەرلەمانە، بەڵام بەپێی یاسا پەیوەندیدارەکان دەسەڵاتی دەرکردنی یاسای فەرعی بە حکوومەت سپێردراوە. لە پێڕەوی یاساییی هەرێمی کوردستان، سێ جۆرە یاسای فەرعی، کە بریتین لە پەیڕەو، ڕێنمایی و پەیڕەوەی نێوخۆیی، ئاماژەی پێ کراوە. فەلسەفەی شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتی یاسادانان بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکار لە پێناو جێبەجێکردن و ڕوونکردنەوەی وردەکاریی یاسایی، ئاسایییە، نەوەک گرتنەوەی جێگای دەسەڵاتی یاسادانان. بەو پێیەی دەسەڵاتی جێبەجێکار خاوەنی دەسەڵاتی سەرەکییە لە پێناو جێبەجێکردنی یاسای ئاسایی و هەڵبژاردنی پێڕەوێکی گۆنجاو بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بەگشتی. بەڵام لە ڕەهەندێکی ­ترەوە گواستنەوەی دەسەڵاتی یاسادانان بۆ لایەنی جێبەجێکار، بۆ سەر بەرژەوەندیی گشتی و پێشێلکردنی مافی تاک جێگه‌ی مەترسییە. چونکە دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان) بە هۆی ئەوەی هەموو ئەندامانی، هەڵبژێردراوی جەماوەرن و بە سیمبوڵی دیموکراسی و سەروەریی نیشتیمانی هەژمار دەکرێت و، تاكه‌ دەسەڵاتە کە مافی بەیانكردنی  ئیرادەی گشتیی لە ڕێگه‌ی داڕشتنی یاساوە پێ دراوە. هەروەها بەردەوام لایەنگرانی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، مۆڵەتی پێدانی دەرکردنی ڕێسای گشتی بە دەسەڵاتی جێبەجێکار، به‌ دەستدرێژی بۆ سەر دەسەڵاتی یاسادانان و بە پێچەوانەی بنەما یاسایییەکانی دیموکراسیی دەزانن و، دەڵێن ڕاستە یاسای فەرعی بەڕەواڵەت هەروەکوو یاسای ئاسایی، دادەڕێژێت و دەنگی لەسەر دەدرێت، بەڵام جیاوازیی نێوان ئەم  دوو یاسایە زۆرە. یاسای ئاسایی، لە ئیرادەی گشتییه‌وه‌ سەرچاوە دەگرێت و هەڵگری ماف و ئەرکە، لە کاتێکدا یاسای فەرعی سنووردارە و ماف و ئەرکی نوێ، زیاتر لەوەی کە لە یاسای ئاساییدا هاتووە لەخۆ ناگرێت. لەگەڵ لۆژیکیبوونی ئەو ڕەخنانەی سەرەوە، بەڵام بە وردبینی بۆ پێڕەوی یاساییی زۆرێک لە وڵاتان، سیسته‌می دووانە (پەرلەمان- حکوومەت)  لە دەرکردنی یاسا و ڕێسا، کە لە ڕاستیدا پرۆژەیەکی چەندقۆناغیی  هاوبەشە، بەدی دەکرێت.

هەروەها سپاردنی ئەم ئەرکە بە لایەنی جێبەجێکار، دەبێتە هۆی ئەوەی کە کاری کارگێڕی و جێبەجێکاری ڕانەوەستێت و لە لایەکی ­ترەوە پەرله‌مان، خۆی بە کاری لاوەکییەوە سەرقاڵ نەکات. جگە لەو جۆرە پەیڕەوانەی کە بۆ جێبەجێکردنی یاسای ئاسایی لە لایەن دەسەڵاتی جێبەجێکارەوە دەردەچن، هەندی پەیڕەوی تر، کە ناوەڕۆکیان لە هیچ یاسایەکدا ئاماژەی پێ نەکراوە و، بە پەیڕەوی سەربەخۆ ناسراوە، لە لایەن دەسەڵاتی جێبەجێکارەوە دەردەچن. بەپێچەوانەی پەیڕەو و ڕێنمایییەکانی­دیكه‌ەوە، پەیڕەوی سەربەخۆ، بۆ جێبەجێکردنی یاسای پەرلەمان نییە، بۆیە دەکرێت ببێتە سەرچاوەی ماف و ئەرک بۆ هاووڵاتی، بە چەشنێک دادگایش وەکوو ئەرک و مافی یاسایی هەژماری دەکات و، لایەنەکانی داوایش دەتوانن وەکوو مافێکی جێگیر لە دادگا داوای بەدەستهێنانی بکەن. بەڵام پەیڕەو و ڕێنمایییەکانی­ تر، هەمیشە بە مەبەستی شیکردنەوە و  ڕوونکاری دەردەچن.

ئەوەی جێگه‌ی سەرنج و ئاماژەیە دەسەڵاتی جێبەجێکار لە هەرێمی کوردستان، دەیان ڕێنمایی، کە هەڵگری ماف و ئەرکی نوێیە پەسەند کردووە، كه‌چی لە ڕوانگەی یاسایییەوە، ڕێنمایی، بە هیچ شێوەیەک نابێت هیچ چەشنە ماف و ئەرکێکی نوێ، زیاتر لەوەی کە لە  یاساکەدا هاتووە، لەخۆ بگرێت. بۆیە، ئەم چەشنە ڕێنمایییانە، بۆ نموونە وەزیرێک ڕێنمایییەکی دەرکردووە کە هەڵگری ماف و ئەرکی نوێیە بۆ هاووڵاتی، لە ڕاستیدا  ڕێنمایی نین، بەڵکوو "پەیڕەوی سەربەخۆ"یە، بەڵام بەهەڵە ناویان لێ ناوە "ڕێنمایی".

 سپاردنی ئەرکی یاسادانان بە دەسەڵاتی جێبەجێکار، کاتێک نابێتە مایەی زیان بۆ بەرژەوەندیی گشتی و مافی تاک، كه‌ لە لایەن دەسەڵاتی تایبەتمەندەوە دەرچووبێت و ڕێکارەکانی نووسینەوە و کارابوونی تێدا ڕه‌چاو کرابێت. چونکە لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکار پێویستە، لە کاتی پەسەندکردنی پەیڕەو و ڕێنماییدا، بە بڕیار و بنەماکانی داڕشتن، پەسەندکردن و  بڵاوکردنەوەی یاسادانانی ئاسایییەوە پابەند بێت. بەپێچەوانەوە، پەسەندکراو باری یاساییی نابێت و شیاوی جێبەجێکردن نییە.

 پێگەی یاسای فەرعی:

لە گرنگترین دەرهاوێشتەکانی پرەنسیپی سەروەریی یاسا، پرەنسیپی پلەبەندیی یاساکانە. ئەم پرەنسیپە، زۆر جار لەسەر ڕەواڵەتی یاسا دیاری دەکرێت و گرنگییه‌کەیشی بۆ پێگەی دەسەڵاتی داڕێژەر و دەرکەری یاساکە دەگەڕێتەوە. هەر لەسەر ئەم بنەمایە، ناوەڕۆکی ڕێسا و یاسای نزمتر، نابێت بەپێچەوانەی ناوەڕۆکی یاسا و ڕێسایەکی بەرزتر لە خۆیان بن، بۆیە یاسای ئاسایی، نابێت پێشێلکەری دەستور بێت؛ هەر وەکو چۆن یاسای فەرعی (پەیڕەو، ڕینمایی، پەیڕەوی نێوخۆیی)، ناکرێت بەپێچەوانەی یاسای ئاسایییەوە بێت. لە پێڕەوی یاساییی هەرێمی کوردستان و زۆرێک لە وڵاتان، پلەبەندیی یاساکان بەم شێوەی خوارەوەن:

ب- دەستور، کە هێشتا پرۆژەیە و نەبووەتە یاسا.

- یاسای ئاسایی، کە پەرلەمان دەری دەکات.

- یاسای فەرعی (پەیڕەو- ڕێنمایی- پەیڕەوی نێوخویی)، کە لە لایەن دەسەڵاتی جێبەجێکارەوە دەردەچێت.

بە سەرنجدان لەو پەیڕەو و ڕێنمایییانەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان کاران، نایاساییبوون، دژایەتی و پابەندنەبوونیان بە دەستوور و یاسای ئاسایییەوە، بەدی دەکرێت. بۆ نموونە ماددەی ١٣ لە یاسای زمانە فەرمییەکانی ساڵی (٢٠١٤)ی پەرلەمانی کوردستان  هاتووە و دەڵێت: "زمانی کوردی لە پەروەردە و پڕۆسەی فێرکردن و خوێندن، زمانی فەرمییە لە هەرێمی کوردستان." هەروەها لە ماددەی (٢٦)ی هەمان یاسادا هاتووە و دەڵێت: "کار بە هیچ دەقێکی یاسایی یان بڕیارێک ناکرێت، کە لەگەڵ حوکمەکانی ئەم یاسایەدا ناکۆک بێت."

وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، نەک لە چوارچێوەی پەیڕەودا، کە پێویستیی بە ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانە و، نە بە ڕێنمایی، بەڵکوو لە بڕیارێکی خۆیدا بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، بەشێک لە خوێندنی لە کۆلێژەکانی یاسادا، کردووەتە زمانی عەرەبی. واته‌ بە بڕیارێکی وەزاری، یاسای پەرلەمان پێشێل کراوە. هۆکار و بیانووی بەرپرسانی وەزارەتی ناوبراو، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێیان وایە سەرچاوەکانی یاسا، دەگەڕێتەوە بۆ زمانی عەرەبی، لە کاتێکدا زانکۆ عەرەبییه‌کان، پشت بە سەرچاوەی فەره‌نسی و ئینگلیزی دەبەستن. بە ڕای ئێمە، سەرچاوەی ئەم گرنگیدانە بە زمانی عەرەبی، کە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئامادەیە پێشێلکاریی یاساییی بۆ بکات، بێباوەڕی و دژایەتیی زمانی کوردییە؛ ئەمەیش بەرهەمی پەروەردەیەکی سەقەتی ئێستا و ڕابردووە، کە هەمیشە ئارەزووی کۆیلەبوون و ژێردەستی دەکەین.

چاودێریی یاسای فەرعی:

 لە پێڕەوی یاسای هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتی جێبەجێکار، بەفەرمی هاوبەش نییە لە پرۆسەی یاسادانان، بەڵکوو بە شێوەیەکی سنووردار، مۆڵەتی دەرکردنی یاسای لە بواری ئەرکی كارگێڕی (ئیداری)، ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنی یاسا و ڕێکخستنی ڕێکخراوە كارگێڕییه‌کان، بە ڕەچاوکردنی دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان)ی پێ­ سپێردراوە. لە پێڕەوی یاساییی وڵاتە پەرەسەندووەکان، بە هۆی گرنگیدان بە پێدانی دەسەڵاتی دەرکردنی یاسا بە دەسەڵاتی جێبەجێکار و مەترسیی بەلاڕێدابردنی ئەم دەسەڵاتە، ئامرازی جیاوازیان بە مەبەستی چاودێریی سیاسی – دادوەری بۆ پێشگیری لە پێشێلکردنی یاسا و گەندەڵیی دەسەڵات لەبەردەستدایە. بەڵام لە هەرێمی کوردستان، زۆرترین ڕەخنە ئاراستەی ئەو یاسا و ڕێسایانە کراوە کە لە دەرکردنیاندا  حکوومەت پابەندی بنەمای یاسایی نەبووە، هەروەها بە هۆی لاوازی، یان کەمتەرخەمیی دەستەی چاودێری، ئەم یاسایانە کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە و، بوونەتە سەرچاوەی نادادپەروەری لە کومەڵگەدا. بە بۆچوونی ئێمە، هەر دەستەیەك چاودێریی داڕشتن و دەرکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکار دەکات، پێویستە وه‌ڵامی دوو پرسیاری گرنگی لا بێت:

یەکەم، ئەو یاسا فەرعییانەی کە لە لایەن دەسەڵاتی جێبەجێکارەوە دەردەچن، پێویستە بەتەواوی پابەندی یاسای ئاسایی بن؛ بۆ گەرەنتیی ئەم پابەندییە، چ دەستە یان دەسەڵاتێک بەرپرسە؟

دووەم، چاودێریی دەسەڵاتی جێبەجێکار، پێش دەرچوونی یاسای فەرعییە، یان پاش دەرچوون، یان لە هەر دوو قۆناغدا پێویستە؟

لە پێڕەوی یاساییی زۆرێک لە وڵاتان، چەند دەستەیەکی دادوەری و سیاسی، چاودێریی پرۆسەی داڕشتن و دەرکردنی یاساکانی دەسەڵاتی جێبەجێکار دەکەن. بۆ نموونە لە فەره‌نسا بەپێی ماددە ٦٧ لە یاسای ٢٠٠٤- ١٣٤٣، کە لە ساڵی ٢٠٠٤ دەرچووە، ئەرکی چاودێری لە ئەستۆی پەرلەمانە. هەر بەپێی ئەم یاسایە، حکوومەت دوو ئەرکی سەبارەت بە یاساکاری لە ئەستۆیە:

١- ئەو پەیڕەو و ڕێنمایییانەی کە بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردن  و ڕوونکاریی یاساکانی پەرلەمان پێویستە، دەبێت تا شەش مانگ پاش دەرچوونی یاساکە، دەریان بکات.

٢- پەیڕەو و ڕێنماییی دەرکراوی دەسەڵاتی جێبەجێکار، لەگەڵ ڕۆحی یاسادا بگونجێت. بەپێچەوانەوە، لە لایەن کۆمیسیۆنی چاودێریی جێبەجێکردنی یاساکانەوە، پووچەڵ دەکرێته‌وه‌ و بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکرێتەوە.

خاڵێکی گرنگ لە پێڕه‌وی یاسای شوورای دەوڵەتی فەره‌نسا  ئاماژەی پێکراوە ئەوەیە کە پێویستە حکوومەت  پێش دەرکردنی هەر جۆرە پەیڕەو و ڕێنمایییەک، ڕاوێژ لە گەڵ شوورای دەوڵەتیدا بکات. ئەم ڕاوێژە، دەبێتە هۆی هەماهەنگیی دوو لایەنی کارەکە، بۆیە ئەگەر حکوومەت پابەندی ڕاوێژی شوورای دەوڵەتی نەبێت، پەسەندکراوەکانی، هێزی یاسایییان نابێت و زۆر جارێش پووچەڵ دەکرێنەوە.

هاوشێوەی یاسای شوورای دەوڵەتی فەره‌نسا، بڕگەیەک لە ماددەی (٧)ی یاسای ئەنجومەنی شوورای هەرێمی کوردستانە کە ئاماژەی بەم باتە کردوە و یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەم شوورایە، ئامادەکردن و داڕشتنی پرۆژە یاساکان، لەسەر داواکاریی ئەنجومەنی وەزیران یان وەزارەتە تایبەتمەندەکان، دیاری کردووە. جیاوازیی نێوان یاسای شوورای هەرێم لەگەڵ ناوەڕۆکی یاسای شوورای دەوڵەتی فەره‌نسا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ڕاوێژ لە یاسای فەره‌نسا ئارەزوومەندانە نییە، بەڵکوو حکوومەت، دەبێت پێش دەرچوونی یاساکە ڕاوێژ بکات؛ بەڵام لە یاسای شوورای هەرێمدا لەسەر داواکاریی حکوومەت وەستاوە، واتا ئارەزوومەندانەیە. هەروەها لە ویلایەتە یەکگرتووکانی ئەمریکا، پەیڕەو، توانای یاسای ئاساییی هەیە و، هەروه‌ك ئەو، ماف و ئەرک بۆ هاووڵاتی دروست دەکات. بۆیە، پێویستە پێش دەرکردنی، ڕای خەڵک وەرگیرێت، واتا دەبێت سەبارەت بە ناوەڕۆکی پەیڕەو لەگەڵ خەڵکدا ڕاوێژ بکرێت. لە هەرێمی کوردستان، نە تەنیا ڕاوێژ و پرس بە خەڵک ناکرێت، بەڵکوو پاش پەسەندکردنی پەیڕەو و ڕێنماییش، کە هەڵگری جۆرێک مافی گشتین و پێویستە لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بۆ ڕای گشتی بڵاو بکرێنەوە، كه‌چی ئەم قۆناغە یاسایییە گرنگە لەبیر دەکرێت. بۆیە، هەر یاسایەک ئەگەر لە ڕۆژنامەی فەرمی بڵاو نەکرێتەوە، هێزی یاساییی نابێت. فەلسەفەی ئەم پرەنسیپە ئەوەیە، بڵاوکردنەوەی یاسا لە ڕۆژنامەی فەرمیی وڵاتدا، دەبێتە هۆی ئاشکرابوونی ناوەڕۆکی یاسا. هەروەها دادپەروەرانە نییە بەبێ ئاگاداری لە ناوەڕۆکی یاسا، داوای جێبەجێکردنی لە خەڵک بکرێت. چونکە لەم بارەدا، هۆکاری ئاگادارنەبوون، بۆ کەمتەرخەمیی دەسەڵاتی جێبەجێکار دەگەڕێتەوە و، شایستە نییە باجی ئەم کەمتەرخەمییە هاووڵاتیی ئاسایی بیدات.

بە شێوەیەکی گشتی، نایاساییی بڕیارەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکار، لە ڕوانگەی ڕەواڵەت و ناوەڕۆکەوە بەم شێوەی خوارەوە بەدی دەکرێت.

لە ڕووی ڕەواڵەتەوە:

- نەبوونی دەسەڵاتی یاسایی

- ڕەچاونەکردنی تەشریفاتی ئیداری

لە ڕووی ناوەڕۆکەوە:

- خراپبەکارهێنانی دەسەڵات

- نەبوونی هۆکاری یاساییی دەرکردنی بڕیار

- هەڵەی  تێوری  و کرداری                               

 دەرەنجام:

سەبارەت بە پەسەندکراوە یاسایییەکانی دەسەڵاتی  جێبەجێکار و ئەنجامی پرۆسەی چاودێری لەسەریان، پێویستە خودی ئەم دەسەڵاتە  لە هەوڵی ڕەخسانی ئاسانکاری بۆ بەشداریپێکردنی دەزگه‌ی دادوەری، یان هەر دەسەڵاتێکی شارەزای ­تر، بە مەبەستی ڕاوێژ و چاودێریی پەسەندکراوەکانی بێت؛ چونکە یاسادانان لە دەرەوی دەسەڵاتی سەرەکی و پسپۆرێتیی دەسەڵاتی جێبەجێکاردایە. بەڵام ئەگەر خواست و ویستی هەر دوو دەزگه‌ی یاسادانان و جێبەجێکار، هاوکاریی نێوانیان بێت، چاوەڕێی کەمبوونەوەی ناکۆکی و دژایەتی، هەروەها بەرزبوونەوەی ئاستی یاساکان لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەبێ ئەوەی مافی هاووڵاتی پێشێل، یان ئەرکێکی نایاسایی بەسەریاندا بسەپێندرێت. لە توێکاری بۆ پەسەندکراوه‌ یاسایییەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکار، دوو هۆکاری سەرەکی سەبارەت بە ناکۆکی و دژایەتیی ئەم پەسەندکراوانە لەگەڵ یاسای ئاساییدا، بەدی دەکرێت.

یەکەم دەستە لەم هۆکارانە، تێگەییشتنی هەڵەی دەسەڵاتی جێبەجێکارە بۆ دەق و ڕۆحی یاساکان. ئەم به‌هەڵەتێگەییشتنە، نابێتە بیانوو و بەڵگە بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکار بە مەبەستی جێبەجێنەکردنی یاسای پەرلەمان؛ کە بەداخەوە حکوومەت و یاساناسانی جەخت لەسەر ئەم بابەتە دەکەنەوە.

دەستەی دووەم، دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕۆکی پەسەندکراوە یاسایییەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکار: لە لایەکەوە بۆ لاوازیی شارەزاییی یاساییی حکوومەت سەبارەت بە داڕشتن و پەسەندکردن بەبێ گرنگێدان بە پرەنسیپی یاسادان و، لە لایەکی ­ترەوە بۆ جەختی حکوومەت سەبارەت بە پیادەکردنی پرۆگرامی خۆی، بە هەر بەهایەک بێت، دەگەڕێتەوە.

بەرپرسیارێتیی شارستانیی حکوومەت، دەرەنجامی لۆژیکیی سەروەریی یاسایییە و، دادپەروەری وا دەخوازێت کە هەر پێشێلکارییەکی یاسایی، ببێتە هۆی زیانی ماددی و مەعنەوی، نابێت بەبێ قەرەبووکردنەوە بمێنێتەوە. هەندێ کەس بەرپرسیارێتیی  حکوومەت، بە مانای لەدەستدانی سەروەری دادەنێن، بەڵام سەروەریی حکوومەت لەگەڵ بەرپرسیارێتیدا هاودژ نییە. پێویستە حکوومەتیش، وەکوو هەر تاکێکی ئاساییی کۆمەڵگە، بەرپرس بێت لەو زیانەی کە لە خراپبەکارهێنانی دەسەڵاتەکانیدا ڕوو دەدات.

 

تێبینی:

  • یاسای "فرعی"بریتییە لەو یاسایانەی کە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران یان وەزارەتە تایبەتمەندەکان دەردەچن، بەڵام لە زمانی کوردیدا وشەیەکی گونجاومان بۆ یاسای "فرعی" نییە. زۆر جار  وشەی "لاوەکی" بەکار دەهێنن، کە دەقاودەق جێگەی وشەی  "فرعی" لە زمانی عەرەبیدا ناگرێتەوە.
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples