هەرێمی کوردستان لە نێوان سیستەمی پەرلەمانی و سەرۆکایەتیدا‌

پێشەکی

پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵات، بەو شێوەی کە ئێستا لە وڵاتانی ڕۆژاوا گەشەی سەندووە و لەنێو یاسا بنچینەیییەکاندا جێگەی خۆی کردۆتەوە، بەرهەمی ماندووبوونی بیرمەندی بەناوبانگی فەره‌نسی "مۆنتسکیو"یە. کاریگەریی ڕاستەوخۆی تیۆریی ئەم بیرمەندە لە دیاریکردنی جۆری پێڕەوی سیاسیی وڵاتان بەدی دەکرێت. هەندێ پێڕەوی سیاسیی وڵاتان، بە دابەشکردنی یەکسانیی سەروەری و فەرمانڕەوایی لە سێ دەسەڵاتی دادوەری، یاسادان و ڕاپەراندن، بەرەو جیابوونەوەی ڕەها هەنگاویان ناوە، تا بە گوتەی خۆیان ئازادی و ئاسایشی وڵات دابین بکەن.

بە واتایەکی تر، پێویستە ڕاگرتنی باڵانسی هێز، لە چوارچێوەی جیاکردنەوەی ڕەهای دەسەڵاتدا بدۆزرێتەوە (سیستەمی سەرۆکایەتی). هەندێکی تر پێیان وایە کە جیاکردنەوەی ڕەهای دەسەڵات، نە پراکتیکییە و نە لە بەرژەوەندیدایە،  چونکە دەستنیشانکردنی سنووری  نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و ڕاپەراندن کارێکی ئەستەمە. بۆیە، تا ڕادەیەک باوەڕیان بە هاریکاریی نێوان دەسەڵاتەکان، یان بە واتایەکی تر جیاکردنەوەی ڕێژەییی دەسەڵات هەیە (سیستەمی پەرلەمانی).

 پێڕەوی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دیاری نەکراوە و هەر وەکوو وڵاتان لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا جیاوازیی ڕا و بۆچوون هەیە، بۆیە، مەبەستە لەم وتارەدا ئاماژە بە تایبەتمەندیی سیستەمی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی، هەروەها دەرەنجامی هەڵبژاردنی هەر کام لەم پێڕەوانە لە هەرێمی کوردستان، بە سوودوەرگرتن لە تێروانینی زانایانی ئەم بوارە، شیکاری بۆ بکرێت.

فەلسەفەی هەڵبژاردنی پێڕەوی سیاسی

کاریگەریی سەرەکیی سیستەمی سیاسی، ئاسانکاریی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و ژیانی هاوبەشە، هەروەها هەڵسوکەوتی ئەکتەرە سیاسییەکان چوارچێومەند دەکات و، لەم ڕێگاوە بەردەوامیی یاریی سیاسی و ژیانی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەدا گەرەنتی دەکات. لەسەر ئەم بنەمایە، زۆربەی وڵاتان بە سەرنجدان بە باری ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاستی ڕۆشنبیریی گشتیی کۆمەڵگە، لە یاسای دەستووری نێوخۆی خۆیاندا سیستەمی سیاسیی وڵات دەستنیشان، یان بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئامانجی باشتر، گۆڕانکاری لە بڕگە دەستوورییەکانی تایبەت بەم بابەتە دەکەن.

لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە، هەڵبژاردنی هەر کام لە سیستەمی پەرلەمانی یان سەرۆکایەتی،  دەرەنجامی گرنگ و جیاوازی لێ دەکەوێتەوە و چەندین تیۆری، کە هەر یەکە بە شێوازێک شیکاریان بۆ دەکرێت، بوونیان هەیە.

هەڵبژاردنی هەریەک لە سیستەمی پەرلەمانی یان سەرۆکایەتی، لە دەرەنجامی کۆتایی، کە بریتین لە شه‌رعییه‌تی سیاسی، کارایی، شێوازی بڕیاردان و شەفافییەت،  کاریگەریی جیاوازیان دەبێت. گومان لەوەدا نییە کە بڕیاری هەڵبژاردنی سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات، بڕیارێکی سیاسییە، بەڵام هەر سیستەمێک، زیاتر لەگەڵ ڕاستیی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا پەیوەندیی باشتر بێت، ڕێژەی سەرکەوتنی لە بەدیهێنانی خواست و ئاواتی هاووڵاتیاندا زیاتر دەبێت.

بۆیە، پێویستە لە باشووری کوردستان، پێش هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی هەر جۆرە سیستەمێکی سیاسیی بەڕێوەبردنی وڵات، بە شێوەیەکی زانستی و بە کەڵکوەرگرتن لە شیکاری ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتووریی کۆمەڵگه‌ی ئێستای باشووری کوردستان، بڕیاری گونجاو سەبارەت بەم بابەتە بدرێت. چونکە بە نیسبه‌ت کۆمەڵگەی ئێستای باشووری کوردستانەوە کە نایه‌كسانی،  پێڕەوکردنی سیاسەتی دژبەیەک، ناکاراییی دەزگه‌ گشتییەکان، نەبوونی شه‌فافییەت و گەندەڵیی سیاسی و ئابووری، بوونیان هەیە، وەکوو پرەنسیپێکی سەرەکی، بارودۆخی کۆمەڵگەی سیاسی، جۆری سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات دەستنیشان دەکات، نەوەک بەرژەوەندیی کاتیی کۆمەڵێک حزب و لایەنی سیاسی.

تایبەتمەندی و جیاوازیی سیستەمی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی

هەر کام لەم دوو سیسته‌مە، بە هۆی سروشت و ناوەڕۆکی تایبەتەوە، خاوەنی تایبەتمەندی و گرفتی خۆیانن. سیستەمی‌ پەرلەمانی،‌ بە جۆرێكە، كۆمەڵێ تایبەتمەندی ‌و جیاوازیی‌ تایبەت بە خۆی هەیە. لەگەڵ ئەوەی‌ دەسەڵاتەكان هەماهەنگی‌ ‌لە نێوانیاندا هەیە، واتە دەسەڵاتەكان چاودێریی یەكتر دەكەن‌ و هەر یەكەیان ئامرازی‌ چاودێریی لایەکی ترە، بەڵام هەر یەكەیان سەربەخۆییی خۆیان دەپارێزن، ئەوەیش لە ڕێگه‌ی‌ پراکتیزەکردنی تایبەتمەندیی‌ خۆیان‌ و ئەو دەسەڵاتەی‌ كە هەیانە. لەم سیسته‌مەدا، زۆرینە لە لایەن حیزبێک یان هاوپەیمانییەکەوە بەدەست هاتووە و، بەپێی پرەنسیپی دیموکراسی، مافی دامەزراندنی حکوومەتی یەکلایەنەی هەیە. بۆیە، چاوەڕوانیی دەسەڵاتی زیاتر سەبارەت بە ئەدای ئەرکی یاساییی خۆی و، چاودێریی باشتر لەسەر چۆنیه‌تیی ئەدای ئەرکی ڕۆژانەی حکوومەتی لێ دەکرێت.

بەپێی بنەمای سیستەمی پەرلەمانی، حکوومەت لە بەرامبەر پەرلەماندا بەرپرسە و، پێویستە وه‌ڵامی پرسیاری ئاراستەکراوی سەبارەت بە چۆنیه‌تیی ئەدای کاری بەڕێوەبردنی دەزگه‌ گشتییەکان و دابینکردنی مافی ڕەوای هاووڵاتی، بداتەوە. تایبەتمەندیی بەرچاوی سیستەمی پەرلەمانی، بەرپرسیارێتیی یاساییی دەسەڵاتی ڕاپەراندنە لە بەرامبەر پەرلەماندا. ئەگەر ئەم بەرپرسیارێتییه‌ یاسامەند نەکرێت و بەرژەوەندیی نیشتمان نەکەوێتە ئەولەوییه‌تەوە، هەروەکوو ئێستای عێراق، دەسەڵات بۆ خزمەت بەرژەوەندی و ململانێی حیزبی بەکار دێت. لە سیستەمی پەرلەمانیدا لێپرسینەوە و لیسەندنەوەی متمانە، به‌ یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی کۆنتڕۆڵ و ئاکامی چاودێریی بەردەوامی پەرلەمان لەسەر ئەدای ڕۆژانەی ئەرکی حکوومەت، هەژمار دەکرێت.

ڕاستە پەرلەمان توانای‌ لێپرسینەوە و چاودێریی بەردەوامی‌ حكوومەت‌ و توانای‌ لێسەندنەوەی‌ متمانەی‌ هەیە، لە بەرامبەردا حكوومەت مافی‌ پێشكەشكردنی‌ پرۆژەیاسای هەیە کە دەتوانێت لەم ڕێگەوە ڕۆڵی کارای لە دەرکردنی یاساکانی پەرلەماندا هەبێت و، بە جۆرێک پرۆگرام و سیاسەتی خۆی بەسەر دەسەڵاتی یاساداناندا بسەپێنێت. بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ئاستەنگەیش لە سیستەمی پەرلەمانیدا، یەكێك لە تایبەتمەندییە گرنگەكانی‌ ئەم سیستەمە،‌‌ دابەشكردنی‌ دەسەڵاتە، كە تێكڕای‌ دەسەڵاتەكان بە جۆرێك دابەش دەكرێن كه‌ لە بەرامبەر یەك دەوەستنەوە ‌و چاودێرن بەسەر یەكدییەوە و، هەژموونی‌ یەكلایەنەی‌ هیچ دەسەڵاتێك بەرامبەر دەسەڵاتێكی‌ دیكە، نابینرێ.

 لە بەرامبەردا، سیستەمی سەرۆکایەتی، هەڵگری بنەمای جیاکردنەوەی ڕەهای دەسەڵاتە و، دەسەڵاتی ڕاپەراندن، سەربەخۆ ئەرکی بەڕێوەبردنی حکوومەت ڕادەپەڕێنێت. سەرکۆمار لەم سیسته‌مەدا بە دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵک هەڵدەبژێردرێت،  کە دەبێتە هۆی ئازادی و سەربەخۆییی زیاتر. هەرچەندە زۆر جار لەم سیسته‌مەدا سەرکۆمار هەم سەرۆکی دەوڵەت و هەم سەرۆکی حکوومەتە، بەڵام دەسەڵاتەکانی، تەشریفاتی و سنووردارن، قۆرخکاری لە دەرکردنی بڕیاردا کەمتر ڕوو دەدات و، هەر لەسەر ئەم بنەمایە، بەرپرسیارێتیی کەمتری لە ئەستۆدایە. بە سەرنجدان لەم تایبەتمەندییانەی سەرەوە، هەر یەک لەم دوو دەسەڵاتە، هەڵگری لایەنی ئەرێنی و نەرێنین. سیستەمی سەرۆکایەتی، خاوەنی گەرەنتیی گونجاوترە بە مەبەستی سەقامگیریی سیاسی و کاردانەوەی خێراتر بۆ چارەسەری قەیرانەکان. بەڵام سیستەمی سەرۆکایەتی، لەو وڵاتانەی کە هێشتا بنەماکانی دیموکراسی تێیاندا نەچەسپاوە، ڕێگەخۆشکەرە بۆ دروستبوونی دیکتاتۆری و تاکڕەوی. لە بەرامبەردا، له‌ سیستەمی پەرلەمانی، هەماهەنگیی نێوان دەسەڵاتەکان لەسەر بنەمای ئەرکی دیاریکراو و بەرپرسیارێتی، زیاتر ڕەنگی داوەتەوە.  تاکڕەوی و دیکتاتۆری، کەمتر ڕوو دەدات و، هەلی بەشداریی خەڵک لە پرۆسەی هەڵبژاردن و بەڕێوەبردندا زیاترە. لەگەڵ بوونی لایەنی ئەرێنی لە سیستەمی پەرلەمانیدا، ناسەقامگیریی سیاسی بە هۆی ململانێی بەردەوامی دەسەڵاتی پەرلەمانی و ڕاپەراندن، لە خاڵە گرنگە نەرێنییەکان هەژمار دەکرێت.

دەرفەت و ئاستەنگی سیستەمی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی

لە هەلومەرجی ئیستا و، بوونی فرەحیزبی و ئایینی جیاواز، سیستەمی پەرلەمانی هەڵگری تایبەتمەندیی ئەرێنیی سیاسیی جیاوازە و لە هەنگاوی یەکەمدا، ئەم سیسته‌مە دەبێتە هۆی بەشداریی نوێنەری ڕاستەقینەی هەموو لایەنەکان، چونکە لە هەیکەلی سیاسیی وڵاتدا، هێچ لایەنێک نابێت پشتگوێ بخرێت. بەشداریپێنەکردنی کەمینەکان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، دووبارەکردنەوەی ئەو هەڵە سیاسییەیه‌، کە وڵاتانی ناوچەکە دووچاری بوونەتەوە. بەپێچەوانەوە، هەلێکە بۆ پتەوکردن و گەشەسەندنی بنەماکانی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان.

هەروەها ئاڵۆزی و درێژخایەنبوونی دامەزراندنی حکوومەت، بە سەرنجدان لە هاوپەیمانێتیی سیاسی و دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان، لە گرنگترین مەترسییەکانی سیستەمی پەرلەمانییە لەسەر هەرێمی کوردستان. جگە لەوە، حکوومەتی لەدایکبوو لەم سیسته‌مەدا، زۆر کات لە ڕێگەی هاوبەشیی لایەنەکانەوەیە کە خۆی لە خۆیدا لاوازە و هێزی سیاسیی کاریگەری بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی کۆمەڵگە نابێت، چونکە لە کاتی دەرکەوتنی ناکۆکیی نێوان حزبە سیاسییەکان لە پەرلەمان یان لە نێوان حکوومەت و پەرلەماندا بەئاسانی چارەسەر ناکرێت و، دەبێتە هۆی پەرەسەندنی کێشەکان و ناسەقامگیریی سیاسی. بە نیسبەت سیستەمی سەرۆکایەتییەوە، هەر وەکوو زۆرێک لە لایەنگرانی دەڵێن، حکوومەتێکی بەهێز، کە لە  ڕێگەی ئەم سیسته‌مەوە بەدی دێت، تاكه‌ ڕێگەیە بۆ سەقامگیری و چارەسەری گرفتە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان. لە بارێکدا، ڕێبەریی وڵات، لە لایەن سەرکۆمارێکەوە کە لە کاتی پێویستدا، بەپێی یاسا توانای دەرکردنی بڕیاری گونجاوی لە بوارە جیاوازەکاندا هەیە، بەڕێوە دەچێت، بۆیە وڵات دووچاری چەقبەستوییی سیاسی لە نێوان دامودەزگه‌ جیاوازەکاندا نابێتەوە. بەڵام، بوونی لایەنی ئەرێنیی سیستەمی سەرۆکایەتی، تەنیا پێوەر نییە بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان بەبێ شیکاری زانستی سەبارەت بە بارودۆخی نێوخۆیی، ئەم سیستەمە پەسەند بکرێت. هەر وەکوو چۆن هەندێ لایەنی سیاسی، سیستەمی سەرۆکایەتیی ئەمریکا وەکوو نموونەی گونجاو بۆ هەرێمی کوردستان دەهێننەوە، ئەمە لە کاتێکدایە نووسەری بەباوبانگ "بروس ئەکرمن" پێداچوونەوە بە سیستەمی سەرۆکایەتی، لە خودی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بە پێویست دەزانێت. بۆ بڕیاردان لەسەر سیستەمی سەرۆکایەتی لە هەرێمی کوردستان، پێویستە سەیری ژینگەی سیاسی و بیرۆکەی جیاوازی حزبه‌ چالاکه‌كان و لاوازبوونی بنەماکانی دیموکراسی بکرێت، کە تا ئێستا هۆکاری سەرهەڵدانی گرفتن، بەتایبەت کە ئەزموونی دەستاودەستکردنی دەسەڵات کە یەکێکە لە پرەنسیپەکانی دیموکراسی، هێشتا ناسەقامگیرە.

سیستەمی سیاسیی گونجاو بۆ هەرێمی کوردستان

ئەم لێکۆڵینەوەیه‌ پێشەکییەکە بۆ چارەسەری گرفتی سیستەمی سیاسیی ئەمڕۆی کوردستان، بە کەڵکوەرگرتن لەو بیرۆکە و تێڕوانینانەی کە لەم بوارەدا ئاماژەیان پێ کراوە. دەتوانین بڵێین کام سیستەمی سیاسیی بەڕێوەبردن، بۆ بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان گونجاوترە؟ بە سەرنجدان لەم توێژینەوەیه‌، ناتوانین لەم بارەوە بڕیار بدەین. سوودی ئەم توێژینەوەیه‌ ئەوەیە کە سەبارەت بە دیاریکردنی سیستەمی سیاسی تا ڕادەیەک یاریدەدەرە، بە واتایەکی ڕوونتر، دەتوانین لەم ڕێگەوە ئاگاداری لایەنە پەیوەندیدارەکان بکه‌ینەوە کە پێویستە سیستەمی هەڵبژاردن، حزبە سیاسییەکان، شێوازی بەشداریپێکردنی خەڵک، ئاستی گەشەی ئابووری و کەلتووری، لە بڕیاری کۆتاییدا، هەڵبژاردن یان گۆڕینی سیستەمی سیاسیی بەڕێوەبردنی وڵات، گرنگییان پێ بدرێت. بەپێچەوانەی بۆچوونی لایەنگرانی سیستەمی پەرلەمانی و سەرۆکایەتییەوە، لە هەرێمی کوردستان هیچ کام لەم دوو سیسته‌مە، بە شێوەیەکی ڕەها باش یان خراپ نین، چونکە هەموویان داڕێژراوی هزری مرۆڤن و بۆ ئامانج، کات و شوێنی دیاریکراو داڕێژراون و، لە کۆمەڵگەی ساوای ئێمەدا هەر سیسته‌مێک کە ببێتە هۆی گەشەسەندن و پتەوکردنی بنەماکانی دیموکراسی، گونجاوترە. بۆیە، بەبێ شیکاری بۆ هەموو لایەنەکانی بارودۆخی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان، کۆپیکردنی هەر جۆرە سیستەمێک، دەرەنجامی نەرێنیی زیاتری لێ دەکەوێتەوە، چونکە لە ڕاستیدا بارودۆخی کۆمەڵگەی سیاسی هەر وڵاتێک، جۆری سیستەمی بەڕێوەبردن دەستنیشان دەکات. هەرچەندە لە تێڕوانینی نوێ بۆ سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات، تەنیا چاوەڕوانی شه‌رعییه‌تدان بە سیستەمی سیاسیی وڵات بە شێوەی دیموکراسی ناکرێت، بەڵکوو لەم ئاڕاستەیەدا، پێویستە هەموو چەمکەکانی کۆمەڵگە گرنگییان پێ بدرێت و، لەژێر سێبەری  پێڕەوی هەڵبژێردراودا گەشە بکه‌ن.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples