هەبوونی حزبی سیاسی لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی وڵات، پێویستییەکی سەرەکییە و مانای زیندووێتیی ژیانی سیاسی دەگەیهنێ و، لە ڕێگهی بەدیهێنانی ئەرکەکانی سەرشانییەوە، کۆمەڵگەیەکی سیاسیی تەندروست بەرهەم دەهێنن. حزبی سیاسی، هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە بۆ بەدیهێنانی ئامانجێکی دیاریکراو دادەمەزرێ و کۆمەڵە ئەرکێکی لەسەر شانە. ئامانجی هەموو حزبێکی سیاسی ئەوەیە، کە لە نزیکترین ماوەدا دەسەڵات بگرێتە دەست. هەر ئەم ئامانجەیشە وای لێ دەکات کە لە هەر گرووپ و ڕێکخراوێکی دیکە جیاواز بێت.
بۆیە دەبینین زاراوەی حزبی سیاسی، لە گۆشەنیگای بیری لیبراڵی ڕۆژاواییدا، خۆی لە گەییشتن بە دەسەڵات دەبینێتەوە. هەروەک "ئۆستن ڕینێ" پشتگیریی ئەم بۆچوونە دەکات و لە پێناسەی حزبی سیاسیدا دەڵێت: "حزبی سیاسی، کۆمەڵێکی ڕێکخراوی خاوەن سەربەخۆیییەکی خودییە، بۆ چوونەنێو ململانێی هەڵبژاردن، بە هیوای بەدەستهێنانی پایە حکوومییەکان، پاڵێوراوهكانی خۆی دیاری دهكات". بەڵام لای بیری مارکسیی لینینی، پێناسەی حزبی سیاسی، خۆی لە ململانێی چینایەتیدا دەبینێتەوە، وەک ئەوەی لینین دەربارەی حزبی سیاسی دەڵێت: "حزبی سیاسی، پێشەنگی سەركردەی خەباتگێڕە لە شۆڕشگێڕانی لێهاتووی ڕێکخراو پێک هاتووە، خەسڵەتی چینێکی هەمیشەیی لە سەرکردایەتیی ئاراستەکەری پێوە دیارە؛ ئەمەیش دەبێتە هۆی بەردەوامیی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی."
هەر لەم چوارچێوەیەدا، پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان و یاسای دەستووری "جۆرج بێردۆ Jorge Pardo" دەڵێت: "حزبە سیاسییەکان ئەو ئامرازەن کە جێگرەوەیان نییە بۆ تاک، بۆ ئەوەی بتوانێ کاریگەریی لەسەر بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی هەبێت." مۆریس دۆڤرچیە، پرۆفیسۆری فەرەنسی، لەمەڕ حزبە سیاسییەکان دەڵێت: "حزبی سیاسی، کۆمەڵە خەڵکێکی یەکگرتوون لەسەر بنەما و بنچینەی سیستەمێک."
هەرچەندە ئەم پێناسانەی سەرەوە یەک نین، بەڵام خاڵی هاوبەش لە نێوانیاندا هەیە. بەگشتی، دەکرێ بڵێین حزبە سیاسییەکان گوزارشتن لە کۆبوونەوەی ژمارەیەک له هاووڵاتیان لە ڕێکخستنێکی دیاریکراودا، کە دەیەوێت بەرگری لە بەرژەوەندی و سەرکەوتنی بیرۆکەکانیان بکات و گفتوگۆ لەگەڵ هاونیشتمانیاندا بکات بە هۆی پێدانی بەرنامەی چاکسازی لە ژیانی سیاسیدا و، بەشدارییان پێ بکات.
بێ گومان، حزبی سیاسی یەکێکە لە پێداویستییەکانی سیستەمێکی دیموکراسی و بە یەکێک لە دەزگهکانی دیموکراسی ناوزەد دەکرێ.
بوونی فرەحزبی، یەکێکە لە سیما دیارەکانی سیستەمێکی دیموکراسی. حزبە سیاسییەکان، چەند ڕێکخراوێکی سیاسین و لە کایەی گشتی و جۆربەجۆردا کار دەکەن و، دەیانەوێت دەسەڵات وەربگرن. لە زۆربەی وڵاتاندا حزبە سیاسییەکان ڕۆڵێکی گرنگ لە پرۆسێسی دیموکراسیدا دەگێڕن و لە ڕێگهی ئەو کار و چالاکییانەی کە ئهنجامیان دهدهن، دەبنە پردی پەیوەندی، کە هاووڵاتیان و دەسەڵات بە یەکتری دەگەیەنن و ئەو ڕێگاه و شێوازانەیش بۆ ئەم مەبەستە دابین دەکەن.
لەگەڵ ئەوەیشدا، زۆربەی حزبە سیاسییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پرنسیپە دیموکراتییەکان دەپارێزن و پراکتیزەی دەکەن؛ واتە حزبە سیاسییەکان بنەماکانی سیستەمێکی دیموکراسی پێک دەهێنن.
حزب، وەک ڕێکخراوێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، دەورێکی گرنگ لە دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان دەسەڵات و هاووڵاتیان، بەتایبەتی ئەو خەڵکانەی کە خوازیاری بەشداریکردنن لە سیاسەتدا، دەبینێت. ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەر کاتێک ڕۆشنبیریی سیاسی، لای تاکەکانی کۆمەڵگە لە ئاستێکی بەرزدا بێت، ئەوا نزیکبوونەوەی تاکەکان لە دەسەڵات و ناوەندەکانی بڕیار زیاتر دەبێت و، تاک هەست بە کاریگەرییەکانی خۆی لەنێو سیاسەتی گشتیدا دەکات.
بۆیە، لە چوارچێوەی کۆمەڵگە نوێیەکانی هاوچەرخ و دەوڵەتانی پێشکەوتوودا، حزبە سیاسییەکان لە پرۆسەی دیموکراسییەتدا، توخمی گرنگ و ناوەندین. بەم شێوەیە، حزبە سیاسییەکان ئامرازێکن کە هاووڵاتیان لە میانەیەوە کار و چالاکی و کاریگەرییەکانی خۆیان بەرامبەر بە سیستەمی سیاسی، ئاراستە دەکەن.
بۆیە کاتێک کە باس لە حزبی سیاسی لە بەدیهێنانی ڕۆشنبیریی سیاسیدا دەکەین، دەبینین کەوا حزبی سیاسی، بە یەکێک لە گرنگترین میکانیزمەکانی نوێکردنەوەی کەلتووری دادەنرێت و دەتوانێت لە ڕێگهی بەرنامەکانی ڕۆشنبیرکردنی سیاسییەوە بەها نوێیەکان بخاتە دەروونی تاکەکانەوە و زانیاریی سیاسیی زیاتریان پێ بدات. لەگەڵ ئەوەی دەتوانێت جەماوەر تەیار و ئاڕاستە بکات بۆ ئەنجامدانی بەرنامەی گەشەپێدان بە هەوڵ و ماندوبوونی خۆیان، کە جگە لە شوێنەوارە مادییەکانی، چەند شوێنەوارێکی مەعنەویشی لە بواری نوێکردنەوەی گیانی دەستپێشخەری و هیواداری دەبێت، هەروەها قایلکردنی جەماوەر بۆ سوود و کاری هەرەوەزی و جەختکردن لەسەر ئینتیمایان بۆ سیستەمی سیاسی.
حزبی سیاسی، هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە، بۆ بەدیهێنانی مەبەست و ئامانجێکی دیاریکراو دادەمەزرێ و، کۆمەڵە وەزیفەیەکی سەرەکی لە کۆمەڵگەی سیاسیدا مومارەسە دەکات. یەکێک لەو کارە سەرەکییانەی کە ئهنجامی دهدات، بریتییە لە پێکهێنانی ئاراستە و هزرەکان، کەواتە، حزب لە پێکهێنان و ڕەخساندن، یان داڕشتنەوە و پاراستنی هەست و شعووری سیاسی لە لای تاکەکان، ڕۆڵی هەیە. حزب، لە میانەی ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکان و کۆبوونەوە و کار و چالاکییەکانی حزبی سیاسیدا، دهست دهكا به بهخشین و كهشفكردنی زانیارییهكان بۆ هاووڵاتیان.
بۆیە دەبینین حزبە سیاسییەکان لە پرۆسەی پەروەردەکردندا فاکتەرێکی گرنگن؛ ئەمەیش لە ڕێگهی چەسپاندنی بەها و چەمک و بڕوا سیاسییه دیاریکراوەكانهوه لەناو کۆمەڵانی خەڵکدا، بەمەبەستی ئاڕاستەکردنی تاکەکان ڕووەو سیاسەتێکی دیاریکراو.
کەوابێ، حزبە سیاسییەکان ڕۆڵێکی دووجەمسەری لە پرۆسەی پەروەردەکردنی سیاسیدا دەگێڕن، کە ئەویش خۆی لە پشتگیریکردنی ڕۆشنبیریی سیاسیی باو و خوڵقاندنی ڕۆشنبیریی سیاسیی نوێدا دەبینێتەوە و، ڕۆڵی حزب لە بواری گۆڕان و فەراهەمکردنی ڕۆشنبیریدا، بەستراوەتەوە بە چەند فاکتەرێکەوە کە دیارترینیان بریتییە لە ئایدیۆلۆژی و ڕێکخستنی حزبی و سەرکردایەتیی کاریزمایی.
واتە، دەبێت حزب ئایدۆلۆژییەکی ناپارێزکاری هەبێت و، ئایدۆلۆژییەک بێت داوای گۆڕینێکی ڕیشەیییانەی ڕەوشەکانی کۆمەڵگە بکات بۆ ئەوەی بتوانێت کەلتوورێکی سیاسیی نوێ بخوڵقێنێت و، لە لایەکی تریشەوە بۆ ئهوهی ئۆرگانەکانی حزبی سیاسی، چالاکانەتر و بەربڵاوتر کار بکهن و زیاتر جەماوەری میللی لەخۆ بگرن، زۆر زیاتر کاریگەرییان لە بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی سیاسی و، بە هەمان شێوەیش پەیوەستبوونی حزبی سیاسی بە سەرکردایەتییەکی کاریزمایییەوە توانای حزبی سیاسی، لە بەدیهێنان و پەرەسەندنی ڕۆشنبیریدا، زیاتر دەکات.
لە کۆتاییدا دەڵێین، هەبوونی حزبی سیاسی لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی وڵات، پێداویستییەکی هەرە سەرەکییە لە پێداویستییەکانی دیموکراسی و، بەبێ هەبوونی حزبە سیاسییەکان، ناکرێت لە وڵاتێک باس لە هەبوونی دیموکراسی بکرێت. چونکە، ئەوە حزبە سیاسییەکانن ئەو ڕەوشە دیموکراسییە لە وڵاتێکی دیموکراتدا دەخوڵقێنن. هەر لەبارەی ڕۆشنبیرکردنی سیاسییانەی جەماوەریشهوە، حزبە سیاسییەکان وەکوو قوتابخانەیەکن بۆ ڕۆشنبیرکردنی جەماوەر لە ڕووی سیاسی و هەموو ئەو بابەت و پرس و بوارانەیش کە بە سیاسەتەوە گرێ دراون، یان سیاسەت مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات، وەک پرسی ئابووری و کۆمەڵایەتی.
حزبە سیاسییەکان لە ڕێگهی کۆبوونەوەی حزبی سیاسی و بڵاوکراوە و کەناڵە ڕاگەیاندنەکانی خۆیانەوە، بابەتە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان تاووتوێ دەکهن و، دەیانکەنە بابەتی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، کە لەم کردارەدا جەماوەرێکی زۆر گوێیان لێ ڕادەگرێ و بەشداریان لەگەڵدا دەکات و، لە ئەنجامی ئەوەیشدا، فێری شتی نوێ دەبن و لەسەر شتی نوێ پەروەردە دەبن و، ڕۆشنبیریی سیاسیی نوێ بنیات دەنێن.