ئایدیۆلۆژی لە دیدگه‌ى "یۆرگن هابرماس"ەوە؛ ئاییندە و کارەکانى

بیرمەند ئەنتوان دێستۆت دی تراسی( Antoine Destutt de Tracey)  لە ساڵی1796، چەمکى ئایدیۆلۆژیی داهێنا، مانایشی "زانستی هزرەکان"، یان خوێندنەوەى بیرۆکەکانە. ئەم بیرمەندە لە ڕووى ئەوەى ئەندامێکى کارا بوو لە بزووتنەوەى ڕۆشنگەریی ئەورووپى، مەبەستى  لە داڕشتنى ئەم زاراوەیە، بریتى بوو لە بەکارهێنانى ڕێبازێکى نوێ سەبارەت بە تێگەییشتن لە ئەقڵ، ئەویش لە ڕێگەى خستنەڕووى وەڵامى سایکۆلۆژى دەربارەى پرسیارە فەلسەفییەکان.  بۆیە ئایدیۆلۆژی، کە مانا پیتییەکەى زانستى عەقڵە، دەبینین لە کۆتایییەکانى سەدەى هەژدەیه‌مدا بەوە پێناسە دەکرا کە تایبەتمەندە بە خوێندنەوەى ڕیشە و ڕەگەزى بیرۆکەکان و چۆنێتیى گەشەسەندنیان.

لەگەڵ ئەوەیشدا، دەبینین لە سەرەتا، ئایدیۆلۆژی ئەوەى دەگەیاند کە مەعریفەیه‌كى ڕووتە و هیچ پەیوەندییەکى بە بارودۆخەکانى ژیانى مرۆیى و بەرژەوەندیی تایبەته‌وه‌ نییە. ئەم بەکارهێنانە پەیتاپەیتا بە درێژاییی سەدەى نۆزدەیه‌م فراوان دەبووەوە. لەم قۆناغەیشدا لە لایەن پارێزگارخوازەکانەوە (ڕاستڕەوەکان)Conservatives بۆ ئاماژەکردن بە هەر تیۆرییه‌ک، یان پرۆژەیەکى سیاسى، شۆڕشگێر یان پرۆژەیەکى توندڕەو بەکار دەهێنرا، بەتایبەتى کاتێ لەسەر بنەمایەکى تیۆرىTheory نەک ئەزموون (Experiment) بنیات نرابێت. لەم بارەیەوە فرانسوا شاتیلێFranswa Chatelet  ، دەبینێ کە ئایدیۆلۆژی دوو واتای سەرەکیى هەیە:

- یەکەمیان ماناى دیدگه‌یەکى جیهانى یان سۆمایەکى گشتگیرە، جەخت لەسەر ڕەهەندی هزری و مەعنەوی لە ژیانی کۆمەڵگه‌ و نەتەوەکان دەکاته‌وه‌، بە شێوەیەک کە ئایدیۆلۆژیی هەر کۆمەڵگه‌یەک مانای بنیاتنانى تابلۆیەکه‌ دەربارەی هەمان کۆمەڵگه لە چوارچێوەی ژیانی ڕۆژانەیدا. کەواته‌، ئەم بیرۆکەیە "تەنیا مەعریفە نییە، بەڵکوو حەز و ویستەکان و پراکتیزەکانش دەگرێتەوە". ئایدیۆلۆژی بەم مانایە، دەرەنجامی بۆچوونێکی شیکارییە كه‌ هەوڵ دەدات تایبەتمەندییەکانی هەر کەلتوورێک ڕوون بکاتەوە، جگە لە ڕوانینەکانی ئەو کەلتوورە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ کەلتوورەکانی دەوروبەریدا. بە ڕستەیەکی دیکە، ئایدیۆلۆژی بەم مانایە، سۆمایەکى هزریى گشتگیرە، لەسەر پێکهاتە هزرییەکەی هەر كۆمه‌ڵگه‌ و نەتەوەیەک دامەزراوە، کە ئەویش بریتییە لە کەلتوورەکەی بۆ ڕوانینی ژینگەى دەرەوە (جیهان) و ژینگەى ناوەوە (هەمان کۆمەڵگە و نەتەوە).

- دووەمیان، خۆی لەوەدا دەنوێنی کە ئایدیۆلۆژی وتارێکی ئامانجدارە بە "سەپاندنى دەسەڵات و ڕکێفکردن" لەسەر چینەکانی کۆمەڵگه‌ بە ویست و ئارەزوویان، یان بە نائاره‌زوومه‌ندانه‌. ئایدیۆلۆژی بەم مانایە، ئامرازێکە لە دەستی چینی زاڵدا Dominant Class بۆ قایلکردنى چینەکانى ترى کۆمەڵگه، کاری سەرەکیشى پێک هاتووە لە دەمامك و پۆشینکردنی هێژموونییه‌کەى چینی زاڵە (چینى حوکمڕان). ئایدیۆلۆژی لە چوارچێوەی ئەم بۆچوونە مارکسیستییەدا، "پاکانەیەکی ئەخلاقییە و بۆنێکی ڕۆحی لە لایەن چینی زاڵه‌وه‌ بە مەبەستی سەروەرکردنى دەسەڵاتەكەی و سەپاندنی لەناو کۆمەڵگه‌دا، بڵاو دەکرێتەوە".

ئەگەر بەوردی سەیری مانای دووەم بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە زاراوەی ئایدیۆلۆژی سیستەمێکە لە باوەڕ و قەناعەت، بەپێی مۆدێلێکی نموونەیى و ئایدیاڵ(Ideal Model) ، ڕێگە بە خستنەڕووی دیاردە سیاسییەکان و هەڵسەنگاندن و شرۆڤەکردنیان دەدات، ئەو شێوە ئایدیاڵییەی دیاردەکە دەخاتە ڕوو کە پێویستە ببێت و بکرێت. لە هەمان کاتدا، ئایدیۆلۆژی لە ڕێگەی پاکانەکردنی هەندێ ڕەفتار و پووچەڵکردنەوەی هەندێکی تره‌وه‌، بۆ بەرجەستەکردنی ئاواتەکانى خودی لایەنگرانی ئایدیۆلۆژییه‌کە، هانی تاکەکان دەدات. ئەمەیش بە مەبەستی بنیاتنانی واقیعێک، یان گۆڕینەوەی لە لایەن یارانى ئایدیۆلۆژیکە. هەر بۆیە، ئایدیۆلۆژی گومانکردن و پێداچوونەوە قبووڵ ناکات، جا لە هەر لایەنێك بێت. بە واتایەکى تر، ئایدیۆلۆژی بەوە پێناسە دەکرێت کە سیستەمێکی هزریی گشتگیرە و، لە ڕێگەیەوە شرۆڤەی سروشت و کۆمەڵگه دەکرێت. بۆیە بە ئامرازێکی بنەڕەتیی لایەنگرخواز بۆ شیکردنەوەی دیاردە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دادەنرێت.

لە دەیەی پێنجەمی سەدەی نۆزدە، مارکسیزم ڕۆڵێکی بەرچاوى لە گەڵاڵەکردنی خودى چەمکی ئایدیۆلۆژی هەبوو. کارل مارکس و فردریک ئێنگلس لە كتێبه‌کەیان "ئایدیۆلۆژیی ئەڵمانی"دا، پێیان وایە ئایدیۆلۆژی، گوزارشت لە سیستەمێکی هزریی نادروست و لاوەکی دەکات، چونکە تەنیا درێژکراوەی پێکهاتەى سەرخانی چینی فەرمانڕەوایە، هەروەها تەنیا هەوڵێکە بۆ پاکانەکردنی ڕکێفى چینایەتی لە لایەن هەمان چینەوە. هزرەکانی چینی فەرمانڕەوا لە هەموو ڕۆژگارێکدا، هزرگەلێکى زاڵ و هێژموونیدارن، بۆیە ئەو چینەی کە لە کۆمەڵگه‌دا بەرجەستەی هێزی مایەکی دەکات، هەمیشە خاوەن هێزی بیری زاڵیشە. لەبەر ئەوەیش، مارکس و ئێنگلس پێیان وا بوو کە ئایدیۆلۆژی، بریتییە لە شێواندنی ڕاستییەکان بۆ پاکانەکردنی پێگەی چینی فەرمانڕەوا؛ هەروەک ئێنگلس ناوی دەنێت "هۆشیاریی درۆینە و ساختە". بەکورتی، ئایدیۆلۆژی لە لای مارکس کۆمەڵێک بیرە، کە لە لایەن چینی هێژموونیداره‌وه‌ به‌سەر هەموو تاکەکانی کۆمەڵگه‌دا دەسەپینرێت.

ئایدیۆلۆژی و ڕەخنە لە ئایدیۆلۆژی

لەسەر هەمان ڕێباز، بیرمەندى ئەڵمانى، یۆرگن هابرماس(Jurgen Habermas)، لە ڕووى پەیوەندی لەگەڵ هۆشیاریی کۆمەڵایەتییه‌وه‌ باس له‌ ئایدیۆلۆژی دەکات، ئەویش لەسەر دوو ئاست: مایەکی و تیۆری. هەردوو ئاستیش چەمکی ئایدیۆلۆژی، بە ڕەخنەگرتن لە خودى ئایدیۆلۆژی دەبەستنەوە. هەروەها، ڕەخنەگرتنى کۆمەڵایەتی، لەبەر ئەوەی (ڕەخنە لە ئایدیۆلۆژیا) خۆى دەنوێنێت لە دۆزینەوە و ئاشکراکردنی هێزە کۆمەڵایەتییەکان وەها خاوەن بەرژەوەندین و خۆیان حەشار داوە لە ناوەرۆکى ئەو ئایدیۆلۆژییە. بۆیە هەموو ئایدیۆلۆژییەک، دەمامکى بەرژەوەندییەکی پێوه‌یه‌.

بە مانایەکی دیکە، دەبینین هابرماس پێی وایە کەوا چەمکى ئایدیۆلۆژی دوو کارى بنچینەییى هەیە: یەکەمیان تێکدان و ڕووخاندنە، دووەمش پاڵپشتی و جێگرتنەوە و نوێکردنەوەیە. ئەگەر وەرچەرخانی مێژوو لە سیستەمی فیوداڵییه‌وه‌ بۆ سیستەمى سەرمایەداری بە نموونە وەربگرین، دەبینین ئایدیۆلۆژیی سەرمایەداری، لە هەمان کاتدا هەر دوو ڕۆڵی بەیەکەوە له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌، ئەویش لە ڕووى ڕووخاندنی ئایدیۆلۆژیی سیستەمی فیوداڵی و گەڵاڵەکردنی سیستەمێکى ئایدیۆلۆژیی نوێ، کە پێک هاتووە لە ئازادی و، بەتایبەتى یەکسانی.

 هابرماس، گرنگییەکی تایبەت بە ڕەخنە لە ئایدیۆلۆژی دەدات، چونکە شتە شاراوەکانی سیستەمی باو، لە ڕێگەی هێژموونیی ئایدیۆلۆژیکییەوە ئاشكرا ده‌كات، ئەمە سەرەڕای گرنگيدانى به بابەتى چەوساندن و ناچارکردنەوە، وەها خودى بازنەى ئایدیۆلۆژی دەگرێتەوە. بۆیە خودى ڕەخنە لە ئایدیۆلۆژی، ڕەتکردنەوە، خەیاڵ و بانگەشەکانی ئایدیۆلۆژیی ساختەیه‌. هەر بۆیە، فه‌یله‌سووفی فەڕەنسی،  پۆل ڕیکۆر، دەبینێت ئایدیۆلۆژی تەنیا بە ئابوورییەوە نەبەستراوەته‌وه‌، بەڵکوو هەمیشە بە سیاسەت و کۆمەڵگه و کولتوورەوە بەند کراوە. ئایدیۆلۆژی، تەنیا حوکمڕانیی چینێکی کۆمەڵایەتی بەرجەستە ناکات، بەڵکوو هەمیشە پێکهاتەی دەسەڵات ڕەنگ دەکات، کە دەستکردی خودی کۆمەڵگه‌یە.

لەژێر تیشکى ئەم دیدگه‌یە، دەکرێت بڵێین ئایدیۆلۆژی بریتییە لە تۆڕبەندێکی هزری کە پێک دێ لە بیروباوەڕ و پرەنسیپ و نەریت و گرووپێکی دیاریکراو باوەڕیى پێی هەیە، جگە لەوەى ئەم پێکهاتانە ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندی و بایەخدانى کۆمەڵایەتی و ئایینی و سیاسی و ئابووریی خودى ئەو گرووپەیە. لە هەمان کاتیشدا، پاکانەی بەرژەوەندی و بایەخدانەکەى ئەندامانى گرووپەکە دەکات، هەروەها ئەرکی پاکانەی لۆژیکی و فەلسەفی بۆ سامپلێکی دیاریکراو ئه‌نجام ده‌دات. ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئایدیۆلۆژی دەتوانرێت لە ڕێگەی بەرنامەیەکی دیاریکراوه‌وه‌ کە ئامانجەکەى بریتییە لە گۆڕین یان پاکانەی واقیع، جێبەجێ بکرێت. ئایدیۆلۆژی بەکورتی، سیستەمێکە لە هزر و باوەڕى دیار و ڕێکخراو بە شێوەیەکى گشتی و، بۆ شیکردنه‌وه‌ و پاکانەکردنی ڕەوشت و ڕەفتارى سیاسى و ئابووریى کۆمەڵێک لە خەڵک بەکار دەهێنرێت.

 

کارەکانى ئایدیۆلۆژی

لەسەر بنەمای ئەم بۆچوونە، بۆمان دەردەکەوێت کە ئایدیۆلۆژی سێ کارى سەرەکی دەکات، بەم شێوەی خوارەوه‌:

١- شێواندن و شاردنەوەی واقیع. ئایدیۆلۆژی کاریگەرییەکی تەواوی لەسەر تێگەییشتنمان بۆ واقیع هەیە. بۆیە زۆر ئەستەمە هەڵوێستێک هەبێت، بێ ئایدیۆلۆژی بێت. ئەمه‌یش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی فەلسەفە و زانست، بەتایبەتی زانستە مرۆڤایەتییەکان پڕە لە ئایدیۆلۆژی، "هەر بە هۆى ئەمەوە زانست و فەلسەفە، تێگەییشتنمان بۆ واقیع دەشێوێنێت." بە ڕاى هابرماس، چونکە ئایدیۆلۆژی، مەعریفە دەکاتە سیستەمێک لە بیروباوەڕ، بۆیە توێژەر ناتوانێت لە نێوان ئەقڵ و باوەڕ لەناو توێژینەوەکانیدا، جیاوازی بکات. لە لایەکی دیکەوە ئایدیۆلۆژی توانایەکى دیکەیشى هەیە، ئەویش هۆشیارکردنەوەى تاکەکانە بە خودى واقیع، بەتایبەتی ئەوانەی لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسیدا لە بارودۆخی ڕووبەرووبوونەوەدان. لەم سۆنگەیەوە، ئایدیۆلۆژی سەبارەت بە سەرچاوەی بێچارەییی هەژارەکان هۆشیاری ده‌دات، ئەمەیش لە ڕێگەی بەستنەوەی کێشەکانی ئەمانە بە چوارچێوە گشتییەکەی سیستەمى کۆمەڵایەتی و ئابوورییه‌وه‌، هەروەها کردنی هەمان سیستەم بە سەرچاوەى هەموو ئەو نەهامەتییانەی کە هەژاران تێیدا دەژین. واته‌ ئایدیۆلۆژی، بەگشتی نەخەشەڕێگه‌یەک بۆ نەهێشتنی هۆکارەکانی بێچارەیی و نەهامەتیی خەڵک دادەنێت.

٢- پێدان و وەرگرتنەوەی شەرعییەت. ئایدیۆلۆژی، توانای پێدان و وەرگرتنی شەرعییەتی هەیە، ئەمەیش بەپێی ئامانج و مەبەستەکانی ئەو لایەنە، ئایدیۆلۆژیکە بەکار دەهێنێت. لە بواری "پێدانی شەرعییەت"، ئایدیۆلۆژی، ئەو بۆشایییەی نیوان نیاز و ویستەکانی دەسەڵاتداران و شەرعییەتی سیاسی پڕ ده‌كاته‌وه‌. کەواته‌ ئایدیۆلۆژی، شەرعییەت دەکاتە بەرى ئەو نیاز و ویستە تایبەتانەی سیاسەتمەداران، لە ڕێگەی دەرکردنی ئەو نیاز و ویستانە لە مەیانى تایبەت (Private  Sphere)  و، کردنیان بە پارچەیەک لە مەیانى گشتى(Public Sphere) . بەڵام لە بواری "وەرگرتنى شەرعییەت" شیرازەکە به‌ شێوەیەکی ڕادیکاڵ دەگۆڕدرێت، چونکە ئایدیۆلۆژی هەوڵ دەدات، لە ڕێچکەی باوەڕهێنان بە ئایدیۆلۆژیاکەى و بڵاوبوونەوەی، بۆ ئەوەى ببێتە جێگەی ویست و ڕەزامەندیی خەڵک، ڕوانینێکی ئایدیاڵ سەبارەت بە حکوومەتی چاک (Good Government) پێشکەش بکات. کەواتە، حکوومەت و سیاسەتەکانی ڕەوا دەمێننەوە، ئەگەر خەڵکەکە بەبەردەوامی هەستیان بە هاوشێوەبوون لە نێوان واقیعی حکوومەتەکە و ئەو ڕوانینە نموونەیى و ئایدیاڵە کرد كه خودى حکوومەتەكه بانگەشەى بۆ دەکات. بەڵام ئەگەر هات و ئەم هاوشێوەبوونە زۆر لاواز بوو، یان هەر نەما، ئەوە حکوومەتەکە شەرعییەت لەدەست دەدات.

٣- یەکبوونەوەی کۆمەڵایەتی. لەم بارەیەوە، ئایدیۆلۆژی گوزارشت لە ناسنامەی کۆمەڵگه و یەکبوونەوەی پێکهاتەکانی دەکات. کەواتە، ئایدیۆلۆژی ئامرازێکە بە دەستی سیاسەتمەدارانەوە لە پێناو بەرجەستەکردنی ئاسایش و ئارامیی ناوەوەی دەوڵەت. هەروەها، بۆ بەدیهێنانى یەکڕیزیی کۆمەڵگه، دەبینین ئایدیۆلۆژی پەنا بۆ پێشکەشکردنی چەند سامپڵ و وێنەیەک دەبات، وەکوو: برایەتی، نه‌ته‌وه‌، ڕەگەز، ڕەنگی پێست یان ئایین. زۆر جار ئەم سامپڵانەیش لە خودی ڕووداوە کۆمەڵایەتی، مێژوویی و نەتەوەیییەکانه‌وه‌ وەردەگیرێت. هەر بۆیە، لە ڕووی دروستکردنی هەستێکی هاوبەش بە یەکبوونەوەی بەهاکانیان، یان باوەڕیان بە ڕەسەنایەتی و یەکگرتووییی ڕەگ و ڕیشەکانیان و گەڕانەوەیان لە ڕووی ڕەگەزییەوە بۆ گرووپێکی جیاواز و سەربەخۆ، لەسەر تاکەکان زۆر کاریگەر دەبن. ئەم هەست و هۆشیارییە بە تایبەتمەندێتی و جیاوازی(Sense of Difference)، یەکێکە لە گرنگترین کردارەکانی سامپڵ و بەهاکان.

بەپێى ئەوەى لەسەرەوە باسمان کرد، دەبینین ئایدیۆلۆژی هەنگاو بۆ داڕشتنى شیکارییەکى دیاریکراو سەبارەت بە تاک و کۆمەڵگه و دەوڵەت دەهاوێژێت، ئەوەیش بە مەبەستى ڕوونكردنەوەی باشترین سیستەمى حوکمڕانى و چاکترین سیاسەت بۆ بەڕێوەبردنى سیستەمە سیاسییەکە وەها پیادەکردنى ئایدیۆلۆژییە دەكات. ئایدیۆلۆژی لەم بارەیەوە پشت  بە تیۆرییەک یان چەند تیۆرییەکى سیاسیى دیاریکراو دەبەستێت، هەروەها لە ڕێگەى بەکارهێنانى سۆما گشتییەکان و ئامۆژگارییەکانى ئەو تیۆرییانەوه‌، ئایدیۆلۆژی دەتوانێت دەست بە کارى پرۆسەى شیکردنەوەى واقیع بکات.

بە ڕستەیەکى دیکە، ئایدیۆلۆژی بوارێکى پێوەردارە(Normative Discipline)، تێگەییشتنێکى تایبەت و چەند شێوازێکى دیاریکراو لەخۆ دەگرێتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دیاردە سیاسییەکە. ئەم خەسلەتەیش جیای ده‌كاته‌وه‌ لە بوارى بیرى سیاسى، کە خۆى لە بنچینەدا بوارێکى زانستییە و هەڵگرى خەسلەتى گشتگیرییە Universal، لە ڕووى ئەوەى بیرى سیاسى کار لەسەر  هەموو پێگە و پێکهاتەکانى دیاردە سیاسییەکە دەکات؛ جا لەسەر ئاستى بناغەى هزرى، یان ڕێکخستنى سیاسى، یان پێکهاتە بەهایییەکان بێت. لە لایەکى دیکەوە، بیرى سیاسیى بێلایەنانە و بابەتییانە بەگشتى لەگەڵ دیاردە سیاسییەکان مامەڵە دەکات، بەڵام ئایدیۆلۆژی، هەردەم لایەنگیرانە کار دەکات، بە هۆى ئەوەى کە ئایدیۆلۆژی بناغەیەکى هزریى گرووپێکە، یان ڕیکخراوێکى سیاسیى دیاریکراوە، هەروەها لە پێناوى ڕکێفکردنى دەسەڵاتى سیاسى و دەستنیشانکردنى دیدگه‌کانى هەردوو ژینگەى ناوەکى و دەرەکی، لەگەڵ ڕێکخراو و ئایدیۆلۆژییه‌کانى تردا لە بارودۆخى ڕکابەرى و ململانێدایه‌.

ئەمەیش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئایدیۆلۆژی، تیۆرییه‌کە، یان چەند تیۆرییه‌کى سیاسیى پێكه‌وه‌به‌ستراون؛ ئەوانەى باوەڕیان پێى هەیە بۆ بڵاوکردنەوە و کارتێکردنیان لەسەر فراوانترین ئاست، کۆشش دەکەن. ئەم ڕەوشەیش دژەیەکییەکى پێوە دیارە لەگەڵ چەمكی بیرى سیاسی چونکە بیرى سیاسى بە دیاردە سیاسییەکە بایەخ دەدات لە هەر دوو گۆشەکەیەوە: ڕەوشى دیاردەکە وەکوو خۆى لە لایەك، هەروەها ئەوەى پێویستە بۆ باشترکردنى بکرێت لە لایەكى ديكه. لێرەوە پرسیارێکمان بۆ دێته‌ گۆڕێ:

 

بۆچی ئێمە خۆمان بە خوێندنی بیری  سیاسی، یان ئایدیۆلۆژییه‌وه‌ سەرقاڵ دەکەین؟

لەوانەیە وەڵام ئەوە بێت کە بیر جۆرێکە لە ڕۆشنایى؛ بەبێ بوونی هزرە سیاسییە مەزنەکان، ژیانی به‌كۆمه‌ڵمان نوقمی تاریکی دەبوو. بۆ نموونە لە لای زۆربەمان ڕوونە، کە نازیزمNazism  هەڵەیە، بەڵام لەوانەیە ئەوەمان بۆ ئاشکرا نەدەبوو ئەگەر هزرە بنچینەیییەکانی وەکوو: سەروەریی یاسا، هەروەها خراپیی ستەمکاری و دیکتاتۆری، بوونیان نەبووایە. ئەم هزرانەیش بە شێوەیەکى سروشتى لە بیری مرۆڤدا بنەڕەتی نین، بەڵکوو لە لایەن هزرمەندەکانی وەکوو ئەرستۆ، شیشرۆن، جۆن لوک و ژان ژاك ڕۆسۆوه‌ داڕێژراون. بۆ هەمووانیش ڕوونە کە ئەو جیاوازییە ڕەگەزییەی کە ڕەشپێستەکان لە ئەمریکا دەیان چێشت، دیاردەیەکى نادادپەروەرانە بوو. بەڵام چی وای کردووە کە ئەم دیاردەیە بەم شێوەیە ڕوون و بینراو بێت؟ لە کاتێکدا هەمان ڕەوش، لە زۆربەى هەرە زۆرى کۆمەڵگه‌کان، بە درێژاییی هەزاران ساڵ کە بە بابەتێکى ئاسایی و سەلمێندراو دەکرا، هەبوو. ئەوەی ئێستا لەبارەی نادادپەروەریی ڕەگەزپەرستییه‌وه‌ دەیبینین، هەر دەرەنجامی بیرۆکەی یەکسانییە(Equality) ، ئەم بیرۆکەیەیش لەوانەیە تەشەنەى نەکردبایە، ئەگەر هزرمەندانێکی وەکوو جۆن لوک، مۆنتسکیۆ و کارڵ مارکس نەبوونایە.

     لەبارەی عەوداڵیی بەدوای هەقیقەتدا، ئەم عەوداڵییە لە ڕێگەی کۆکردنەوەی هەموو ئەو ڕاستییانەی کە تێبینی دەکرێن و ڕووبەڕوویان دەبینەوە، تێر ناکرێت. بۆیە گەڕان و لێکۆڵینەوەیەکی لەم جۆرە، تەنیا فەوزایەک لە گەردیلەی ناڕێک و ناپێویست بە یەکتر، دروست دەکات. بۆیە، بەبێ بوونی چەند هزر و بیرێک کە بۆمان ڕوون بکه‌نه‌وه‌ کامەی ڕاست و کامەی گرنگه‌ گومان سەبارەت بە ڕاستییەکان دروست دەبێت. چونکە هەقیقەت بەرد نییە لەسەر ڕێگه‌وبانەکان کەوتبێت، بەڵکوو خودی بوونی ڕاستی، وەستاوەته‌ سەر توانای هزر لە جیاکردنەوە و دروستکردنی پەیوەندیی لۆژیکی لە نێوان ڕاستییەکاندا. بۆیە بایەخدان بە ڕاستییەکان، واتاى گرنگیدانە بە مەعریفەی ڕێکخراو و ئامانجدار، کە ئەمەیش دەستکەوتنی، بەبێ "بیرکردنه‌وه‌" مەحاڵە. جا بۆ ئەوەى لەم بارەیەوە ورد بینەوە، دەکرێت پەنا ببه‌ینه‌ به‌ر نموونەیەکی تر، ئەویش ڕێژەی هەژارییە. پاشان پرسیار بکەین، ئایا دەکرا خاوەنی ئەم هەموو مەعریفەیە بین، ئەگەر بیرۆکەکانی کارل مارکس و فریدریک ئینگلس و چاکسازیخوازە کۆمەڵایەتییەکان بۆمانیان ڕوون نەکردبایەوە؟ لەگەڵ ئەوه‌یشدا، دەتوانین بەم شێوەى خوارەوە وەڵامی پرسیارى سەرقاڵی بە هزری سیاسی بدەینەوە:

1- ڕێژەییی بیرۆکەکانی هزری سیاسی. چونکە بیرۆکە و فەلسەفە سیاسییەکان، هه‌رچه‌ندیش پێکهاتەیەکى خودی (Self) تێیدا هەبێت، ئەوە ناگەیه‌نێت کە بە شێوەیەکی ڕەها خۆویستن، واته بەتەواوی ‌ ڕەنگی کەسایەتیی خاوەنەکه‌ی ناداتەوە. بۆیە، هەرچەند بیرۆکەکە پڕ ومەزن بێت، بەڵام هیچ کەسێ ناتوانێت ئەو بیرۆکەیه‌ بەتەواوى لە وقیعدا بسەلمێنێت. لە هەمان کاتیشدا لە توانادا هەیە بیسەلمێنین کە هەمان بیرۆکە پووچ و ڤاڵایە؛ ئەمەیش یان لە ڕێگەی دژایەتیی لەگەڵ واقیعدا، یان هەر بیرۆکەکە لە خودی خۆیدا نه‌گونجاندنێکی تێدایه‌.

2-  لەگەڵ ئەوەی بیرۆکەکانمان ڕێژەیین و دەکرێت بخرێنە ژێر گومانەوە، پێویستە بزانین ئەگەر ئێمە بیرۆکەی گومانلێکراومان هەبێت، ئەوە زۆر باشترە لەوەی هیچ بیرۆکەیه‌كمان نەبێت. چونکە حاڵەتی یەکەم، شارستانییە، بەڵام جێی ڕەزامەندیمان نییە، بەڵام حاڵەتی دووەم، بە شێوەیەکى ڕەها ناشارستانییە.

3-  هۆی کۆتاییمان، کە دەهێڵێت هزری سیاسی جێی گرنگی بێت، ئەوەیە کە بۆ وەرگرتنی خەسلەت و ناسنامەی مرۆڤایەتی، تەنیا بیرکردنەوە یارمەتیدەرمانە. چونکە ئاراستەکردنی پرسیار و بیرکردنەوە ڕێگاپاکخەرە بەرامبەر مرۆڤ، بۆ ئەوەی بتوانێت هەست بە بوونەوەری و تایبەتمەندیی خۆی بکات. لەم بارەیەوە هێرمان میلفێل(Herman Milfel) دەڵێت: "هەموو بیرکردنەوەیەکی قووڵ و جددی، هەوڵدانێکی ئازایانەیە لە ڕۆحەوە، بۆ ئەوەی دەریای بیرکردنەوە واڵا و سەربەخۆ بمێنێتەوە. چونکە سەختترین باکانی ئاسمان و زەوی، لەسەر فڕێدانی  ئەو ڕوحە بەرەو کەنارێکی ستەمکار و بێویژدان، هاوپەیمانن." ئەو کەنارەیش بریتییە لە دمارگیریی هزری، وەکوو ئایدیۆلۆژی و دەوڵەتە تۆتالیتاریستەکان. لە هەمان کاتدا، ئەوانەی وا دەبینن هزری سیاسی شتێکی بێبەهایە، پێویستە لەبیریان نەچێت کە بە درێژاییی مێژوو، سیستەمە تۆتالیتارییەکان ئەوەی لە توانایاندا هەبوو، کردیان، بۆ ئەوەی هزر و بیرکرنەوە بخنکێنن، بۆ ئەوەی مرۆڤی بیرمەند بفەوتێ و، تەنیا مرۆڤی کۆیلەى بێهزر و بێهێز بۆیان بمێنێتەوە، تا بتوانن لە کۆتاییدا بە حەز و ویستەکانی خۆیان حوکمڕانیی دەوڵەت بکەن.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples