پێشەکى، دەبێ ئەوە بزانین کە چەمکى دەوڵەت (state) لە وشەى statusی لاتینییهوه هاتووە کە واتەکەی "گوزەر" یان "حاڵەت"ه؛ بەکارهێنانیشی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆمانییەکان. هەر لە سەرهەڵدانی ئەم حاڵەتەوه (status)، بوونی مرۆڤایەتی بە خەسلەتی جیاکاریی نێوان تاكەكان پۆشێنرا؛ بە ئاراستەیەک کە دۆخی زیندووی تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ جۆرێک لە جیاوازیی بەخۆیەوە بینی، چونکە مرۆڤى لە بوونەوەرە زیندووەکانی دیکە جیا كردهوه. دواتر هەر ئەم حاڵەتە (status) گوازرایەوە بۆ ئاستی کۆمەڵایەتی؛ بە شێوەیەک کە کۆمەڵگه خۆی، بە شێوازێکى جیاواز لەو کۆمەڵگهیانەی دەوڵەتیان نییە، ئەم حاڵەتە زیندووەی بەڕێوە دەبرد؛ کە پێگەی کۆمەڵایەتییان هەرگیز پەرەپێدانی بەخۆیەوە نەبینیوە، چونکە دەوڵەتیان نەبووە.
چەمکى "دەوڵەت" بەئاشکرا و بەڕوونی بهکار نەهێنرا، تاوەکوو سەرهەڵدانی فەرمانڕەواییی ڕەها لە فەڕەنسا، دەوروبەری سەدەی شازدەیەم. هەروەها واتای ئەم چەمکەیش "دامەزراوەى گشتگیر"ى نەدەگەیاند، بە ئاستێک کە ببێتە ئهڵتەرناتیڤی زاراوەی کۆمار (republic) تاوەکوو دەستپێکى سەدەی شازدەیەم؛ بەڵگەیشمان ئەوەیە کە لەناو بەڵگە فەرمییەکان لە دەروبەری ساڵی 1540، ئەم چەمکە دەرکەوتووە و بەکار هێنراوە.
بە هەر حاڵ، چەمکى "دەوڵەت" بۆ ئاماژەکردن بۆ دوو واتاى سەرەکی بەکار دەهێنرێت: یەکەمیان بریتییە لە هەموو کەسایەتییەکان و دەزگهکان، کە چوارچێوەی کۆمەڵگهى سیاسی ڕێکیان دەخات. دووەمیشیان لە دامەزراوەی حکوومەتدا بەرجەستە دەبێت؛ بۆیە هەر لەم مانایەدا، دەوڵەت بەرامبەر هاووڵاتیان وەکوو هاوتا دەوەستێت. ئەوەی لە بەکارهێنانی چەمکەکەدا باوە، مانا یەکەمەکەیە کە گشتگیرە؛ چونکە دەوڵەت شێوازێکە لە شێوازەکانی بەگرێدانەوەى تاك و كۆمەڵەكان، گۆمەڵگهیەکی مرۆڤایەتیی ڕێکخراوە بە شێوەیەکی هۆشیار و ڕێبازدار. ئەم شێوازەیش لە شێوازەکانی بەگرێدانەوەکانی دیکە جیاوازى دەکرێتەوە لە ڕێگهی ئەو ئامرازانەی وەها دەوڵەت بەکاری دەهێنێت. ئامانجەکەیشی بریتییە لە پاراستنی سیستەم و ئاسایش، بە ئاراستەیەک كه ئەم ئامانجەى لە ڕێگهی کۆمەڵێگ یاسا، هاوشانى بەکارهێنانی هێز، جێبەجێ دەکات. دەوڵەت بەم مانایەیش، بەپێی بۆچوونی مۆریس دۆڤرجێ (Maurice Duverger)، دەبێتە "ئامرازی دانپێدانانی جۆرێک لە سیستەمی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی جۆرێک لە یەکانگیری و ئاوێتەبوونى تاکەکان لە هەناوی کۆمەڵگهدا، بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی هەمووان".
لەسەر ئەم بنەمایە، دەوڵەت دەبێتە بەرجەسەتەیەکى سیمبۆلگەر (مۆراڵى)ی ڕووت بۆ ڕێکخستنی سیاسی. هەروەها دەوڵەت له دوو بوارى سەرەکییەوە لە هەموو ڕێکخستنە سیاسییەکانی دیکە جیا دەکرێتەوە: یەکەمیان بریتییە لە هەژمارکردنی ناسنامه و ئینتیما بۆ دەوڵەت؛ بەوەى کە ئینتیمایەکە سهبارهت بهو کەسانەى لەناو سنووری هەرێمی دەوڵەتەکەدا دەژین، سروشتێکى زۆرەملێ (compulsory)ی پێوە دیارە، جگە لەو کەسانەی کە بە بیانی (Aliens) پۆلێن دەکرێن، یان میوانی کاتین. لە لایەکەی تریشەوە، دەوڵەت لە بوارى ڕوخسارەوە لە هەموو ڕوخساری ڕێکخستنە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە جیاوازە، لە ڕووی ئەوەى کە هێژموونکردنە سیاسییەکەى، هێژموونییهکى ڕەهایە. دەوڵەت بەتەنیا و بەبێ هەر ڕێکخستنێکی دیکە، دەتوانێت دەست بەسەر موڵکی هاووڵاتییەکانیدا بگرێ. دەتوانێت ئازادی لە تاک بسێنێتەوە و زیندانی بكات، واتا تەنیا دەوڵەت دەتوانێت دەست بەسەر موڵکی تایبەتی هاووڵاتیاندا بگرێت. جگە لەوەیش دەوڵەت دەتوانێت، وەک سزایەک لەسەر تاوانێکی مەترسیدار، كه ئەنجامیان دابێت، ژیانیان لێ بسێنێتەوە. کەواته دەتوانین بڵێین دەوڵەت بەرجەستەی سەروەری، یان هێزی سیاسیی باڵا دەکات، كهوا لە بنەڕەتدا هەڵقووڵاوی توانستی قۆرخکردنى بەکارهێنانی هێزه لە چوارچێوەی سنووری هەرێمی خۆیدا.
ئامانجەکانى دەوڵەت و پەیوەستییان بە ژیانى کۆمەڵگه
ئەگەر پاساو بۆ بوونی دەوڵەت کرا، لە مەودای ئەوەی بەتەنیا لە پاراستنی ژیانی تاکدا کارایە، ئەوکات دەوڵەت بە هیچ شێوەیەک، وەک ویستێکی خودی کە لە ئەرک و ئامانجەکانی دەوڵەتهوه سەربەخۆ بێت، ئامانجێکی باڵای نابێت. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەمەیش، "مایکل ئۆکشیوت" (Michael Oakeshott) لەسەر ئەنجامدانی جیاکارییەک لە نێوان دەوڵەت وەک "پەیوەنديیەکی پڕۆژەیى (enterprise association)" و دەوڵەت وەک "پەیوەندییەکی مەدەنی (civil association)"، كاری كرد. لە لایەنی یەکەمەوە کە دەڵێت دەوڵەت پهیوهندییهكی پڕۆژهیییه، تاکەکانی میللەت ئەم پڕۆژەیە لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکەن و، دەوڵەتیش لە نێوان هەمان تاکەکاندا لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیەدا، ڕۆڵی بریکار دەبینێت. دەوڵەت لەم حاڵەتەدا، دەکرێ ئایینی، یان عەلمانی بێت. لە لایەنی دووەمەوە، کە دەوڵەت پەیوەندییەکى مەدەنییە، ئەم پەیوەندییە لە نێوان ئەو کەسانەیە کە خاوەنی ئامانجی جیاجیان؛ بە ئاراستەیەک كه دەوڵەت بۆ دابینکردنی پێویستی بۆ بەردهوامبوونی مەدەنییەتی ئەم پەیوەندییە، کار دەکات.
ئەمەیش مانای ئەوە دەگەیەنێت، ئامانجی دەوڵەت لە حاڵەتی یەکەمدا، لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا بەرجەستە دەبێت؛ بەمەیش دەبێتە ئامانجێکی هەڵێنجێندراو لە ئامانجی تاکەکان، کە لە بنەمادا لە پێناوی جێبەجێکردنی بەهایەکی باڵا لە ژیاندا دەژین. ئەم حاڵەتەیش ڕاستیی دەوڵەتە ئایینییەکان دەردەخات و، هەندێ جاریش ڕاستیی دەوڵەتە عەلمانییەکانیش دەردەخات، بەتایبەت کاتێک لە سەرەتای دامەزراندنیاندا دەبن. لە حاڵەتی دووەمدا، کاتێک دەوڵەت بریتی دەبێت لە پەیوەندییەکی مەدەنی، واتا پەیوەندییەکی نائایینی، ئەوکات ئەم پەیوەندییە، لە دەوڵەت و کۆمەڵگهکەیدا جێگیر دەبێت؛ بە ئاراستەیەک كه پێوەری پەیوەندییەکانی نێوان تاک و دەوڵەت ڕێک دەخرێن. لەم حاڵەتەیشدا ویست و ئامانجەکانی تاکەکان لە ویست و ئامانجی دەوڵەت جیا دەبنهوه؛ چونکە دەوڵەت لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای دەستێوەرنەدان لە ڕێکخستنی ئامانجەکانى تاکەکان، یان بەرجەستەکردنى یەکێک لەو ئامانجانە دامەزراوە، دواتر لەم حاڵەتەدا ڕاستی و ناوەرۆکى دەوڵەتی عەلمانی بەتەنیا دەردەخات.
لەسەر ئەم بنەمایە، ناتوانین دەوڵەت وەک ئامانجێک هەژمار بکەین، بەڵکوو دەوڵەت ئامرازێکە بۆ جێبەجێکردنی پرسێک کە ئەندامەکانی تێکۆشانیان بۆ کردووە. دەیشکرێ بڵێین بیرۆکەی ئەم ئامانجە، دەبێ وەک "پرسێکی ڕەها" نەبینرێت، كه هەمیشە بە شێوەیەکی نەگۆڕ ڕاڤە بکرێت و نەتوانرێت گۆڕانکاریی تێدا بکرێت. بەڵکوو بەپێچەوانەوە، ئەوەی وەک بەختەوەری و ژیانی چاک (Good Life)، وەک ئامانجێک لە قۆناغێکی مێژووییى دیاریکراودا هەژمار دەکرێت، پێ دەچێت بۆ پێویستیی مرۆیی و توانستی تێرکردنیدا بگۆڕدرێت. بەڵام ئەمەیش بۆمانی دەردەخات کە بیرۆکەی بەهای دەوڵەت و ئەو قازانجەی لێی چاوەڕوان دەکرێت، هەروەها ئەو چەشنەی کە پێی ڕێک دەخرێت، دەبێ هەمووی بوەستێته سەر بناغەى نرخاندنی بەهای دەوڵەت لە یارمەتیدانی هاووڵاتیانیدا بۆ جێبەجێکردنی حەز و ویست و ئامانجەکانیان بەبێ دەستێوەردان بە هیچ شێوەیەک، لە ڕێگهی دابینکردنی ژینگەیەکی مەدەنی و کۆمەڵایەتیی گونجاو بۆ تاکەکانی کۆمەڵگه. بە شێوەیەک کە پرۆسەی جێبەجێکردنی ئامانجەکانیان لە ژیان ڕەوان و ئاسان بکات، بەبێ ئەوەی کاریگەرى بخاتە سەر دیاریکردنی ناوەڕۆکی ئەو ئامانجانە. لە پێناو تێگەیشتن لە دەوڵەت وەک نیعمەتێک و خێرێک نەک بەڵایەک، ئەوا دەبێ لە بابەتێکى سەرەکی، کە پەیوەندیدارە بە سروشتی پەیوەندیی گرێدراوی نێوان دەوڵەت (State) و نەتەوە (Nation)، تێ بگەین.
پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و نەتەوە
دەتوانرێ بگوترێ کە پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و نەتەوە، پەیوەندییەک نییه لە نێوان دوو شتی جودادا، بەڵکوو پەیوەندییەکە لە نێوان دوو شتدايه، كه هەردووکیان پشتوانیی یەکتر دەکەن و لە هەناوی یەکتریدا دەردەکەون. لە ڕاستیدا و بە شێوەیەکی ڕوونتر، خودى پەیوەندییەکە لە نێوان دوو شتدا یەکتر دەردەخەن: دەوڵەت لە نەتەوە دەردەکەوێت و دووبارە دەبێتەوە بە هەمان ئاستی دووبارەبوونەوەی نەتەوە لە دەوڵەتدا. دەرەنجامى ئەم پەیوەندییەش بریتییە لە نموونەی دەوڵەتى نەتەوە (Nation-State)، جا مەرج نييە ئایدیۆلۆژییهکەيشى هەميشه نەتەوەیی بێت. مەبەستە سەرەکییەکەمان لەمە بریتییە لە جەختکردنهوه لەسەر هۆی بەرهەمهێنانی ناسنامهیهکی سەنتراڵ و گشتگیر، کە دەتوانێت خۆی ئەنجامى بدات یان گریمانە بکات بەوەی كه کرۆکی گوێڕایەڵی و ئینتمای گشتگیرە و، بەسەر هەرێمى دەوڵەتدا شۆڕ دەبێتەوە. جا لە هەر دوو حاڵەتدا، چى نەتەوە پێش دەوڵەت دروست ببێت، یان بەپێچەوانەوە دەوڵەت پێش نەتەوە دروست ببێت، ئەوا گومانی تێدا نییە کەوا خودى دەوڵەتی-نەتەوە چەمک و واتاى ناسنامهی نەتەوەیی (Nationality) دادەمەزرێنێت و، ئاماژەیش بۆ بنیاتنانی ناسنامهیهکی سەنتراڵ و هەماهەنگ دەدات.
ئەوەی پشتوانیی ئەم بیرۆکەیە دەکات ئەوەیە کەوا ناسنامهى نەتەوەیى، پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و نەتەوە دروست دەکات. ئەم شرۆڤەیە زانای کۆمەڵناسی ئەڵمانی، ماکس وێبهر (Max Weber) بۆ چۆنێتیی دروستبوونی ئەو پەیوەندییە، گەڵاڵەی کردبوو، کاتێک دەڵێت: "هەموو دەسەڵاتێكی بەکۆمەڵ، کە لە لایەن ئەندامانی ناسنامهی نەتەوەیی (nationality)یهوه بەدەست دەهێنرێت، بەرەو گەڕان بەدوای دەسەڵاتێکی زیاتر و فراوانتردا ئاراستەیان دەکات. ئەوانەی ڕووبەڕووی ئەو دەسەڵاتەیش دەوەستنهوه، خۆیان لە هەمان ئاراستە دەبیننەوە و، بە ههمان تەوژم بە شێوەیەکی فەرمی، یان نافەرمی کار دەکەن؛ ئەویش کاتێک کە بەشێکی زۆر لە ئەندامانی ئەو ناسنامهیه داوای دەستبەسەرداگرتنی دەوڵەت، یان بەشێک لەو دەوڵەتە دهكهن... هەر کاتێک ناسنامهی نەتەوەیی توانیی بەزۆرى خودى ئەم دەسەڵاتە ببێت بە بەشێک لە کرۆکی بەیەکەوە بەستنەوە و توانی گرێی بدات بە سیمبۆله گشتییەکانیان، ئەوکات ناسنامه لە زۆربەی کاتدا خەسلەتى "نەتەوە"يى (Nation) دەپۆشێت، هەروەها ناسنامه نەتەوەیییەکانی دیکەیش لە هەمان گۆشەوە تەماشا دەكات. جا ئەگەر ئەندامانی ناسنامهی نەتەوەیییەكە، لە پرۆسەی ڕکێفكردنەوەی هەموو ڕێکخستنەکانی دەوڵەته نوێكه، یان ڕێکخستنەكانی دەوڵەته کۆنەكه سەرکەوتوو بوون، ئەوکات بە لایهنی کەمەوە خودى دەوڵەتەكه دەبێتە خاوەن سەروەری و، دەوڵەتی نەتەوەیی دادەمەزرێت."
هاوتا لەگەڵ ئەم ڕوانگەیە، ناسنامهی نەتەوەیی، هەر کاتێک لهخۆڕا بینیی هێز و توانای هەیە، ئەوکات ئەندامەکانی هان دەدات بۆ ئەوەی دەسەڵاتێکی زیاتر بۆ بەرژەوەندیی کۆمەڵەکەیان بەدەست بهێنن؛ ئەمەیش هانیان دەدەات گرووپەکانی دیکە لە پرۆسەی بەدەستهێنانی دەسەڵات، دواتر کۆنترۆڵکردنی دەوڵەت تێوه بگڵێنن، تاوەکوو دەوڵەتی- نەتەوە دەبێتە بەرجەستەکراوی ناسنامهی گرووپی خاوەن هێژموونی نەتەوەیی.
ئەم شیکردنەوە کهلتوورییە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی – نەتەوە لە کرۆکیدا جەخت لەسەر جیاوازییە کهلتوورییەکان دەکاتەوە، بەتایبەت تایبەتمەندییە نەتەوەیی، ئیتنی و ئایینییەکان کە بە هۆیانەوە کۆمەڵەكان لە یەکتریدا جیا دەبنەوە، بە شێوەیەك کەوا ئەم جیاکارییانه دەبێته پاڵنەرێکى بەهێز و بەتوانا بۆ دامەزراندنی خودى دەوڵەتى - نەتەوە.