کۆمەڵگه بەشێوەیەکى گشتى یاسایەکى سروشتیى هەیە كه حوکمى دەکات، ئەویش بریتییە لەوەى کە جیاوازى، پاشان دابەشبوون بەپێى جیاوازییەکان بناغەى هەموو ناسنامە کۆمەڵایەتییەکانە؛ جا بابەتى جیاوازییەکە ئایین و ئایینزا بێت، یان ڕەگەز بێت. ئەم دابەشبوونەیش یاسایەکى جێگیرە لە یاساکانى یەزدان و، به گشت کۆمەڵگهکاندا و بەبێ جیاوازى، شۆڕ دەبێتەوە. هەربۆیە هەموو ئامرازەکانى نەتەوە و دەوڵەت، چ بە شێوەى قایلکردن بێت چبە شێوەى ناچارکردن بێت، تەنیا ئامرازگەلێکن بەدەستى بڕیاردەرانى دەوڵەتەوە بۆ ئەوەى لەم یاسا پۆڵایینە دەرباز بن، بە مەبەستى بەرجەستەکردنى بەرژەوەندییەکانى کۆمەڵگهى سیاسى و بژاردەى سیاسى.
بەهەرحاڵ، پرسیارە سەرەکییەکهى ئەم بابەتە بریتییە لە:
دەوڵەت وەکوو بوونەوەرێکى سیاسى (Political Entity)، چۆن دەتوانێت هەموو کۆمەڵ و تاکە جیاجیاکان ئاوێتەبکات، تاکوو ببن بە یەک کۆمەڵگه (Society)؟ یان چۆن لە کوتلەیەکى مرۆییى تێکەڵوپێکەڵ (Masses)هوه، دەیانگۆڕێت بۆ کۆمەڵگهیەکى مرۆییى ڕێکخراو؟
دەروازە سەرەکییەکەى ئەم پرسیارە، سەرکەوتنى دەوڵەتە لە پرۆسەى بنیاتنانەوەى ناسنامهیهکى گشتگیر بۆ هەموو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان. هەروەها پاڵنەرى خودى دەوڵەتە بەرەو توندکردنەوەى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، كهوا لە بناغەدا بە شێوەیەکى سروشتىبە هۆى پەیوەستبوون و ئاڵوگۆڕکردنی نێوان تاک و کۆمەڵەکان لەژێر چەترى هەردوو فاکتەری: کات (Time) و شوێن (Place) دروست بوونە؛ ئەمە جگە لە دروستبوونى پەیوەستگەلێکى نوێ، کە هەڵقووڵاوى پێکەوەژیانن، لەژێر سێبەرى دەزگهگەلێکى نوێ، کە بریتین لە دەزگهكانى دەوڵەتە نوێیهکە. لە هەمان کاتدا، شکستخواردن لە دروستکردنى ئەم پەیوەندى و پەیوەستانەی نێوان تاکەکان پاشان پتەوکردنیان، واتاکەى بریتییە لە شکستخواردنى پرۆسەى ئاوێتەبوون (Integration). کەواته، دەوڵەتى ڕووخاو (Failure State)ئەو دەوڵەتەیە كه لە ئەنجامدانى هۆى دروستبوونى خودى دەوڵەت وەکوو بوونەوەرێکى سیاسى، کە ئاوێتەبوونە بە شێوەیەکى گشتى، شکستی خواردووە.
لەسەر ئەم بنەمایە، چەمکى "ئاوێتەبوون" ئەو مانایە دەگەیهنێت کە پرۆسەیەکى گشتگیرە، لە ڕووى ئەوەى هەموو تاک و گرووپە جیاجیاکان یەکگرتوو دەکات. هەرچەندە ئەم گرووپانە لە ڕوانگەى کهلتوورى و کۆمەڵایەتییەوە جودان، بەڵام ئەم یەكگرتووبوونە، لە چوارچێوەى زمان و هەرێمێکدائەنجام دەدرێت، پاشان دەبێتە ناسنامەیەکى نەتەوەییى گشتگیر. بە شێوەیەک کە خودى پرۆسەى ئاوێتەبوونەکە، دەبێتە پاڵنەرێک بۆ دروستبوونى کۆمەڵگهیەکى سیاسى. تاکەکانى لە ڕووى سیاسى و کهلتوورییەوە هاوشێوەى یەکترن، بەتایبەتى لە ڕووى هاوتەریبیى نێوان (دەوڵەت (State) وەکوو یەکەیەکى سیاسى) و (نەتەوە (Nation) وەکوو یەکەیەکى کهلتوورى و کۆمەڵایەتی). لەلایەکى دیکەوە، ئاوێتەبوون وا لە دەوڵەت دەکات کە لەسەر بناغەى پیرۆزکردنى سیستەم و پاراستنى بوەستێت؛بە شێوەیەککە هاووڵاتى هەست بە هێزى سیستەمى دەوڵەت-نەتەوە (Nation- State) بکات، چونکە خودى ئەم سیستەمە لەسەر پتەوی و یەکڕیزیى ناسنامهى کهلتووریى نەتەوەکە و بەهێزکردنى ناسنامە سیاسییەکەى دەوڵەتەکە وەستاوە.
لە لایەکى دیکە، دەتوانین بڵێین کەوا قەیرانى ئاوێتەبوون، لە لاوازیى تواناکانى دەوڵەت و سیستەمە سیاسییەکەدا، سەبارەت بە مامەڵە و کارلێکردن (Interaction)لەگەڵ فرەڕەنگیى ناسنامە لاوەکییەکان و جیاوازیى بەرژەوەندییە کۆمەڵییەکان، خۆی دهنوێنێ. ئەمەیش لە بنچینەدا دەرەنجامى تێکەڵبوونى دەوڵەت و دەزگهکانیهتى لەگەڵ هەموو ئاراستەکانى پرۆسەى ئاوێتەبوون بەمەبەستى یەکگرتووکردنى پێکهاتە کهلتوورى و سیاسییەکان. بە مانایەکى تر، پرسى ئاوێتەبوون پەیوەستە بە ڕێکخراوى و ئارامیى خودى سیستەمە سیاسییەکەوه؛ لە ڕووى ئەوەى خودى سیستەمەکە بریتییە لە ڕێکخراوێک كه لەسەر پەیوەندیگەلێکى هاوبەش و بەردەوامی نێوان سیستەمەکە و هەموو گرووپ و بەرژەوەندییەکانیكهههوڵ بۆ بەرچەستەکردنى چەند داواکارییەکى دیاریکراو دهدهن، وەستاوە. بۆ نموونە،له دەوڵەتانى جیهانى سێیەمداوەکوو عێراق و سووریا و یەمەن، ناسنامە لاوەکییەکان (Sub-Identities) بە بەراورد لەگەڵ ناسنامە نەتەوەیییەکەدا (National Identity) زۆر کارا و چالاکن. ناسنامە لاوەکییەکان لەپێناو یەکگرتووییی ناسنامە نەتەوەیییەکەدا، بەدەگمەن کارى هاوبەش دەکەن، چونکە خودى دەوڵەتانى جیهانى سێیەم لەناو پرۆسەى بنیاتنانى ناسنامەى نەتەوەییدان؛ بۆیە ئەم ناسنامەیە بەسەر ناسنامە لاوەکییەکاندا زاڵ نەبووە، کە هەردانەیەکیان بە شێوەیەکى دابڕاو لە ناسنامەکانى تر و داواکارییەکانی تر، بۆ بەدیهێنانى داواکارییەکى تایبەت لەلاى سیستەمە سیاسییەکە، هەوڵ دەدات؛ وەک ئەوەى بڵێیت کە پڕکردنەوە و تێرکردنەوەى داواکارى و پێداویستییەکان تەنیا ئامانجى پێکهاتە کهلتوورییەکانە، نەک یەکگرتووییى سۆز و ناسنامه بۆ دەوڵەت و نیشتمان لەم قۆناغە سەرەتایییەدا.
بنیاتنانى دەوڵەت: پرۆسەیەکى مایەکى و مۆراڵییە
بناغەى هزریى پرۆسەى ئاوێتەبوون، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتهوه كه بەردەوامبوونی (بەدامەزراوەییکردن-Institutionalization)ی دەوڵەت، واتە دروستبوونی پیكهاتەگەلێكی سیاسی و ناسیاسی لەناو خودی سیستەمە سیاسییەكە بەشێوەیەكی بەردەوام لەسەر بناغەی جیاكردنەوەی نێوان كەسایەتیی بەرپرسەكە و بەرپرسیاریەتێكەی. ئەم بەدەزگابوونەیش دەمانگەیهنێتە ئەگەرێك کە بریتییە لە دروستکردنى ژینگەیەکى لەباری نێوان کۆمەڵە کهلتوورییەکان و دەوڵەتە نوێیهکە. مەرجیش نییە ئەم ژینگەیە ژینگەیەکى ئاشتى بێت، بەڵکوو لەوانەیە لە هەمان کاتدا ژینگەیەکى ئاشتى و شەڕکار بێت؛ بەڵام شەڕکارییەکە و قەیرانەکان بە ئاراستەى بەردەوامبوونى دەوڵەتدا دەڕۆن، نەک نەمانی. بۆیە دەوڵەت لە چوارچێوەى قەیرانى ئاوێتەبووندا، دەبێتە تەنیا بابەتى هاوبەش کە تواناى ئەوەى هەیە گشت کۆمەڵە کهلتوورییەکان کۆ و یەکڕیز بکات، چونکە دەوڵەت تاكه ڕێکخراوه، کە هێزى مایەکى و هێزى هزریى قۆرخ كردووه؛ بەم شێوەیەیش دەتوانێت داواکارى و پێداویستییەکانى تاک و کۆمەڵەکان تێربکاتەوە، جا چ مایەکى بن، چ نامایەکى.
بەهەر حاڵ، دەتوانین بڵێین ناکرێت تەنیا پەنا ببەینه بهر گەشەپێدانى هەست و سۆزە نەتەوەیییەکان و پەرەپێدانى هاوبەشە کۆمەڵییەکان، بۆ ئەوەى پرۆسەى بنیاتنانەوەى دەوڵەت سەرکەوتووبێت. ئەمەیش لەوانەیە سەرچاوەى هەموو هەڵەکانى نەتەوەپەرستەکان، پاشان ئیسلامییەکان بێت، چ لە عێراق، چ لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەگشتى. ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە پرۆژەى بنیاتنانى دەوڵەت بەگشتى، پێویستە تێیدا هەمیشە ناسنامە نەتەوەیییەکە تێر بکرێت بە دەرەنجام مایەکییەکان، وەکو پێشکەوتنى زانستى شان بەشانى پێشکەوتنى پیشەسازى و ئاوەدانکردنەوەى تەلارسازى و ريگاوبان بۆ نموونە، بە شێوەیەک سوودەکانیان هەموو تاک و کۆمەڵەکان بەبێ جیاوازى بگرێتەوە. بەم شێوەیەیش، سۆز و ناسنامەیەكی گشتگیر و فراوان لەلاى زۆربەی تاکەکان دروست دەبێت لە ڕووى ئەوەى هەر تاکێک باوەڕ بەوە دەکات کە دەزگهکانى دەوڵەت پارچەیەکن لە خودى خۆى و، بۆ بەدیهێنانى خۆشگوزەرانیى گشتى، نەک تایبەت، دروست کراون. واتا هاووڵاتى، هێدى هێدى لەناو بازنەى دەوڵەت ئاوێتە دەبێت،بە شێوەیەک کە بەها و قیمەتى خۆى لە دەرەوەى ئەو بازنەیەدا نادۆزێتەوە. بەم شێوەیەیش هاووڵاتیبوون (Citizenship) بریتى دەبێت لە هەردوو بوار: مایەکی، کە بریتییە لە سوودە هەستپێکراو و بەرجەستەیییەکان؛ ههروهها بوارە هزرى و سیمبۆلییەکانى دەوڵەت، ئەمەیش ناسنامە نەتەوەیییەکە و بناغە هزرییەکەى دەوڵەت دەگرێتەوە، کەلەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوەدا ڕابەرى و ڕێکخستنى جووڵەى دەوڵەت دەکات. هاووڵاتیبوون بەپێى ئەم دیمەنە، ئەو واتایە ناگەیهنێت کەوا تاکى هاووڵاتى لەگەڵ دەوڵەتى نەتەوە (Nation-State) دا بە شێوەیەکى ڕەها و بەهەمان شێوە ڕەهاکەى دەوڵهت-شارەکانى یۆنانى کۆن (City-State)، یهك دهگرێت، بەڵکوو واتاى هاووڵاتیبوون ئەوەیە کەوا خودى تاکى هاووڵاتى، لەگەڵ جەستەى دەوڵەتدا ئاوێتە دەبێت، بۆ ئەوەى تایبەتمەندیى خودى تاکایەتیى خۆى بپارێزێت.
هاووڵاتیبوون و گەشەپێدانى سیاسیى سەربەخۆ
لەوانەیە لە ڕاستى لانەدەین ئەگەر بڵێین ئەم هاووڵاتیبوونە دیدگهیەکى یۆتۆپیایی نییە و، دەکرێت لە هەرێمى کوردستان بەرجەستە بکرێت، تەنانەت دەکرا لە عێراقش ئەنجام بدرابایە؛ ئەوەیش لە ڕێگەى پەنابردن بۆ گەشەپێدانى سیاسیى سەربەخۆ، لە ڕووى ئەوەى پرۆسەیەکە گەرەنتیى "بێلایەنیى دەوڵەت" دەکات سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ پێکهاتە کهلتوورى و نەتەوەیییەکان بەبێ جیاوازى؛ هەروەها پشتبەستن بە (بەدامەزراوەییکردن-Institutionalization)، کە تێیدا له نێوان کەسى بەرپرس و ئەو بەپرسیارێتییەی پێی دراوە، جیاکارى دەکرێت. بۆ ئەوەى بتوانرێت بەم ڕێبازە دەوڵەتێک بنیات بنرێت کە لە لایەکهوه سەربەخۆیە لە پێکهاتە کهلتوورییەکانى، هەروەها سەربەخۆ بێت لە دەوڵەت و ڕێکخراوەکانى تر لە لایەکى دیکەوە، بەپێچەوانەوە، ئەوا دەوڵەت خۆى دەدوزێتەوە لەناو هێڵێکى درێژ لە دەرەوەی وڵاتانى دۆڕاو و ڕووخاوى سەردەمى هاوچەرخ، کە هەر دانەیەکیان شکستی خواردووە لە پاراستنی سەربەخۆیى خۆیى لە پێکهاتە ناوخۆييەكانى و دەوڵەتەکانى دەوروبەرى. بۆ نموونه دەوڵەتێ عێراق، بژاردە سیاسییەکەى كە هێژموونیی سەنتەری دەولەتەكە دەكات تاکوو ئێستا وا دەزانێت سەربەخۆیى تەنیا واتاى ئەوەیە دەوڵەت بارێزراو بێت لە دەستێوەردانى دەرەکى لە کاروبارەکانى. کەچى سەربەخۆییى دەوڵەت، پێویستە لە هەمان کاتدا هەردوو ئاستى ناوخۆ و دەرەکى، بە واتا فراوانەکەى، بگرێتەوە.
پەنابردنی دەزگهکانی دەوڵەت بۆ لایەنگیری پێكهاتەیەكی دیاریكراو لە پێكهاتە كەلتوورییەكان هەروەها بەکەسایەتیکردنی دەزگاكانی دەوڵەت، ئەوا خودى دەوڵەت بە شێوەیەکى بەردەوام پاڵ دەنێت بەرەو نزمبوونەوەى کاراییى دەوڵەت سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانى ئاوێتەبوون بەتایبەتى و قەیرانەکانى دیکە بەگشتى، پاشان پەیدابوونى کۆمەڵگهیەکى قەیراناویى ئاڵۆز و تێکەڵ، بە شێوەیەک کە پاڵى هەموو دەوڵەت و دەزگاكانى دەنێت بەرەو قۆناغى جمود و فریزبوون (Freezing State) پاشان قۆناغى نەمان لە کۆتاییدا. لەم قۆناغەیشدا (قۆناغى فریزبوون) دەوڵەت و سیستەمە سیاسییەکەى شەرعییەتى خۆیان لەدەستدەدەن؛ چونکە دەوڵەت ڕەنگى ویستى هەموو ئەندام و پێكهاتەکانی ناداتەوە، تەنانەت ڕەنگى بەرژەوەندیى گشتیش ناداتەوە، بەڵکوو دەوڵەت لەم قۆناغە (قۆناغى کۆتاییهێنانى دەوڵەت)دا بریتى دەبێت تەنیا لە ویست و بەرژەوەندیى چەند ناسنامەیەکى لاوەکیى دیاریکراو کە هێژموونیى پرۆسەى بڕیاردروستكردن دەکەن. ڕەنگە ئەم چارەنووسەیش چاوەڕێى ناوەندى عێراق و هەندێ لە پێکهاتەکانى بێت، چونکە تاکوو ئێستا عێراق لە ڕێگەى حەز و ویستى چەند کۆمەڵێکهوه حوکمڕانى دەکرێت، نەک ویستى یاسا، هەروەها ناسنامه و ئارەزووەکانى قۆناغى پێش دەوڵەت بەسەریدا زۆر زاڵە، ئەمە جگە لەوەى یاساکانى،لە ناوەڕۆکە ڕاستەقینەکانى پۆچ و ڤاڵا کراوە، پاشان دەزگاى یاسادانانی، یاساگەلێک دەردەکات کە کەمترین عەیبوعارەکانى بریتییە لەوەى کە پڕە لە هەڵەى زمانەوانى و هزرى وهەروەها زگپڕە بە کارەسات بۆ هەموو پێکهاتە کهلتوورییەکانى دەوڵەت.