سەرەتا پێویستە ئاماژە بەوەبکەین كه عەلمانییەت لە فەڕەنسا، کڵێسەکان بەگشتى و کڵێسەى کاسۆلیکى بەتایبەتى، لە دەوڵەت جیا دەکاتەوە. ئەم جیاکردنەوەیەیش، تەنیا ئامرازێکە بۆ هێنانەدیى ئامانجێکى بنەڕەتى، ئەویش لەیسیزمى گشتگیرە Comperhensive Laicisation، واتا بەدونیاکردنى گشتگیر، بۆ ئەوەى دەسەڵاتى کڵێسە هەر به جارێك هەڵکێشرێت و لە کۆمەڵگادا نەمێنێت. بە ڕوانینى ئەلفرێد ڕەین (Alfred Rane)، بابەتى ناوەرۆکى عەلمانییەتى فەڕەنسى، بریتییە لە "هەڵکێشانى وڵات و خێزانەکان و تاکەکان لە کڵێسە."
ڕەگ و ڕیشە مێژوویییەکانى ئەم عەلمانییەتە ترازانکارییە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 1438، کە فەڕەنسا لە کاتى پاشا شارڵى حەوتەم، دانى بە کڵێسەى گالیکانى نا، وەکوو کڵێسەیەکى فەرمى بۆ دەوڵەتى فەڕەنسا. ئەم نموونەیە لهسهر ئهو بیرۆكهیه بنیات دهنرێت، کە پاشاى فەڕەنسا هیچ دەسەڵاتێکى پیرۆز لەسەر زەوى پەسەند ناکات. واتا، پاپا و کڵێسە هیچ دەسەڵاتێكیان نییە، تەنیا لەسەر بابەتە ڕوحییەکان نەبێت كه پەیوەندییان بە ڕزگاربوونى کۆتایییهوه ههیه. بەهیچ شێوەیەکیش پەیوەندییان بە کاروباری مەدەنى و ڕۆژانەوه نییه. "هەروەها بەفەرمانى خودا، پاشاکان سەبارەت بە کاروبارى مەدەنى و سیاسى،گوێڕایەڵى دەسەڵاتى کڵێسە نابن." لەسەر ئەم بنەمایە، دیدگهى "گالیکانییەت" ئەوەى نەدەگەیاند کە ئایینزاى کاسولیکییەت لە كایهی سیاسى Political Sphere بەتەواوی هەڵ بکێشرێت، بەڵکوو تەنیا واتاى ئەوە بوو ڕەهەندە سیاسییەکە له ئایینى مەسیحیى کاسۆلیکى لێ بکرێتەوە، بەتایبەتى گوێڕایەڵى هاوڵاتی بۆ دەسەڵاتێکى سیاسیى بیانى (کڵێسەى ڕۆما)، هەروەها، کردنى گالیکانییەت بە کڵێسەیهک و عیبادەتێکى خاوەن ڕەهەندێکى نیشتمانپەروەر، واتا بەفەڕەنسیکردنەوەى کڵێسە لە ڕێگەى گالیکانییەتهوه.
بەم شێوەیە، دەوڵەت دەتوانێ هێژموونیى کڵێسەى گالیکانى بکات، بەتایبەتى لە ڕووى: دامەزراندنى قەشەکان و بەرپرسى کڵێسەکە، ڕێکخستى کاروبارەکانى، دەستبەسەرداگرتنى هەموو سەرمایە و موڵکەکانى کڵێسە دواى شۆڕشى فەڕەنسیی 1789. لەلایەکى تر هەمان کڵێسە، بوو بە خاوەن ئیمتیازگەلێکى یەکجار گرنگ، وەکوو: کۆنترۆڵکردنى فێرکردنى گشتى، دیاریکردنى مووچەى تێرەخۆر لە لایەن پەرلەمانی فەڕەنسا، پێشخستنى پیاوانى ئایین لەسەر هەموو چین و توێژەکانى ترى دەوڵەت. لەگەڵ ئەم پلەوپایە گرنگەى کڵێسەى فەڕەنسا، عەلمانییەت وردەوردە جیگەى خۆى دەکردەوە. ئەم پرۆسەیەیش کاتى خایاند، تاکوو ساڵى 1904، کە بارودۆخەکە بەشێوەیەکى بنچینەیى بۆ عەلمانییەتى جیاکارى تەواو، گۆڕدرا. بەتایبەتى پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان فەڕەنسا و فاتیکان لە ساڵی 1904 بچڕا؛ ئەمجار کڵێسەکان بە یاساى گشتییەوە Public Law پابەندکران، کە پەیوەندیدارە بە مامەڵەکردن لەگەڵ چالاکیى دەزگه و کۆمەڵە تایبەتەکانهوه. پاشان، کڵێسەى فەڕەنسا گەڕایەوە باوەشى کڵێسەى ڕۆما و، هەروەها پاپا بوو بە خاوەن بڕیار لەسەر قەشە و پیاوانى ئایین، بەبێ دەستێوەردانى دەوڵەت؛ چونکە دەوڵەتى فەڕەنسا، بەشێوەیەکى گشتى دەستى لە بوارى ئایینی هەڵگرت. بەم شێوەیەیش گالیکانییەت بەچاڵ کرا، بەتایبەتى دوای ئەوەی فەڕەنسا خۆی گشاندەوە لە ڕێکكەوتننامەکەى لەگەڵ ڤاتیکان، كه له ساڵى 1801مۆرکرا بوو، هەروەها پەسەندکردنى یاسای تایبەت بە جیاکردنەوەى کڵێسەکان لە دەوڵەت لە 9 کانوونى یەکەم ساڵى 1905، له لایهن فەڕەنساوه.
بەم شێوەیەیش عەلمانییەتى فەڕەنسا، پشت بە پرەنسیبى ترازانى تەواوی نێوان ئایین و دەوڵەت دەبەستێت، بە شێوەیەک کە ئایین و نەریت و هێما و دروشمە ئایینییەکان لە كایهی گشتى Public Sphere هەڵدەکێشرێن و، دەخرێنە نێو كایهی تایبەتهوه، لە ڕێگەى بەچاڵکردنى سیستەمى عیباداتەکان كه له نێوان ساڵانى (1801- 1905) کارى پێ دەکرا و، ناسراو بوو بە "سیستەمى تەوفیقى". بەم ئاراستەیەش، دەوڵەت بە هیچ عیبادەتێک یان ئایینێکی فەرمی دان نانێت، مووچە بە پیاوانى ئایینی نادات و، تەنانەت یارمەتیدانى داراییش پێشکەش بە دامودەزگه ئایینییەکان ناکات. کەواته کڵێسەکان، بوون بە بوونەوەرگەلێکى تایبەت، وەکوو کۆمەڵە و سەندیکا پیشەیییەکان.
بەڵام سەرەڕاى بەکارهێنانى عەلمانییەتى جیاکارى بەشێوەیەکى ڕادیکاڵ، سێ پارێزگا لە فەڕهنسا هەن، كه لەسەر ڕێبازە کۆنەکەى عەلمانییەتی پێش ساڵى 1905 ماونەتەوە، ئەوانیش بریتین له "راینى بەرز"، "ڕاینى نزم" و "مۆرێل". تێیدا، خودى دەوڵەت یارمەتیى دارایى پێشکەش بە قوتابخانە تایبەتەکان دەکات و، ئەمانەیش زۆربەیان قوتابخانەى کاسۆلیکین؛ لە ڕوانگەى ئەوەى ئەمانە قوتابخانەى تایبەتن، نەک لە ڕووى ئەوەى بەشێکن لە دامودەزگه ئایینییەکان. بەرامبەر ئەمەیش، لایەنگرانى نموونەى عەلمانییەتى جیاکارى، بەگشتى پێداگرن لەسەر گرنگیى پرەنسیپى ترازانى ئەوپەڕى، وەکوو نموونەیەکى باڵا بۆ دەوڵەت؛ چونکە هەر جۆرێکى تر لە عەلمانییەت بێت، بە جۆرێکى عەیبدار دادەنرێت. بۆیە، لایەنگرەکان دژى هەموو جۆرەکانى یارمەتیدانى دارایین بۆ قوتابخانە ئایینییەکان، بەو پێیەى کە "قوتابخانەى فەرمى، سەروەت و سامانى فەرمیى هەیە و، قوتابخانەى تایبەتى، سەروەت و سامانى تایبەتیى هەیە؛ بۆیە ناکرێت ئەم دوو سامانە تێکەڵ یەکترى بکرێت".
لەژێر تیشکى بیرۆکەکانى پێشوو، دەتوانین بڵێین عەلمانییەتى فەڕەنسا لەسەر سێ پەرەنسیبى بنچینەیى وەستاوە، کە بریتین لە: ئازادیى بیروباوەڕ، یەکسانیى نێوان هەموو هاووڵاتیان، بێڕەچاوکرتنى ڕوانینە ئایینییەکانیان و، هەروەها بێلایەنیى كایهى گشتى و، کردنى بە كایهیهکى نامەزهەبى. ئەم پرەنسیپانە، دەکرێت بەم شێوەى خوارەوە شرۆڤەیان بکەین:
1. ئازادیى بیروباوەڕ: واتا ئیمانداران، جا بە هەر ئایینێک بێت، لە توانستیاندایە لە هەردوو كایهی گشتى و تایبەت، گوزارشت لە ڕوانین و باوەڕەکانیان بکەن، سەرەڕاى بەتایبەتیکردنەوەى (Privatization) پێگەى یاساییى ئایینەکان. چونکە دەوڵەت، بەهەمان شێوەى مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنگرانى هەر باوەڕێکى نائایینى، مامەڵە لەگەڵ ئیمانداراندا دەکات، کە بە هەردوو لایەن دەرفەت دەدرێت کار بۆ چالاکكردنى گفتوگۆ ومشتومڕى دیموکراسى بکەن؛ بەڵام هەردوو لایەن (ئایینەکان و باوەڕە نائایینییەکان) هیچ هێژموونی و کاریگەرییەکیان بەسەر كایهی گشتیدا نامێنێت. ماددەى (1) لە یاساى جیاکردنەوەى کڵێسەکان لە دەوڵەت، بەئاشکرا ئاماژە بەوە دەکات کە لەسەر دەوڵەت پێویستە گەرەنتیى "پراکتیزەکردنى ئازادانەى هەموو عیباداتەکان بکات"، واتا "ئازادیى بیروباوەڕ" وەکوو ماف، بۆ بەرژەوەندیى گشت هاووڵاتیانی ئیماندار و نائیماندار بێت. بەم شێوەیەیش بازنەى "ئازادیى بیروباوەڕ" بەتەواوى لەگەڵ بازنەى "ئازادیى ئایینى-Religious Freedom" یەکسان نییە. چونکە ئازادیى بیروباوەڕ ماناکەى فراوانترە و، هەموو بیروباوەڕەکان بە ئایین و ئایینزاکانەوە، دەخاتە ژێر سێبەرى خۆى.
2. یەکسانى، بێ ڕەچاوکردنى بژاردە ڕوحییەکان: ماددەى (2) لە یاساى جیاکردنەوەى کڵێسەکان لە دەوڵەت، بە ڕوونى، ئەو ئیمتیازاتانە و ئەو هێژموونییهی كه پێشتر بە ئایینزاکان درابوون، ڕهت دهكاتهوه. ئاماژەیش بەوە دەکات کە دەوڵەت، دان بە هیچ عیبادەتێکدا نانێت و یارمەتیى داراییش پێشکەش به هیچ کامیان ناکات. ئەم ماددەیە، کە بە وتارى قەدەغەکردن داڕێژدراوە، بۆ ئەوەى دیار بێت کە یەکسانیى نێوان هەمووان، پەیوەستە بەوەى کە هیچ عیبادەتێک نەبێتە خاوەن دانپێدانانێکى تایبەت لە لایەن دەوڵەتەوە، یان دەوڵەت پەیوەست بێت بە بەرامبەرێکى مایەکى، وەکوو مووچە، یان بەشێوەیەکى فەرمى یارمەتیی دارایى وەربگرێت. کەواته، "داننەدان" بە ئایین و بیروباوەڕەکان، لە بازنەى كایهی گشتیى بابەتە مۆراڵییەکانهوه، دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو بازنەى كایهی تایبەت Private Sphere؛ واتا بۆ پێگەیەکى یاسایى، کە لەسەر دیاریکردن و هەڵبژاردنى ئازادانەوەستاوە، كه هیچ جۆرە گوێڕایەڵى و ملکەچییهکى تێدا نییە.
3. بێلایەنیى كایهی گشتى: ماناى ئەوەیە کە دەوڵەت بانگەشە بۆ هیچ ئیمانێک ناکات و، ناگەڕێتەوە بۆ هیچ ئایینێک وەکوو "مەرجهع"، هەروەها پاڵپشتیى هیچ کڵێسەیەکیش ناکات. ئەم ڕێبازه، بەهەمان شێوە ئەوەیش دەگرێتەوە، کە دەوڵەت بانگەشە بۆ ئیلحاد و بێئیمانیش ناکات. بەم شێوەیە دەوڵەت، لە کۆتاییدا لە هەر بژاردەیەکى ئایینى و مەزهەبى دوور دەمێنێتەوە. بەڵام ئەمە ماناى ئەوە نییە كه دەوڵەت، بەشێوەیەکى گشتى نكۆڵی له بوونەوەرى کڵێسە و عیبادات و دیاردەى ئایینى دەکات و، فهرامۆشی دهكات. لە دەوڵەتى بێلایەن Neutral State، ئایین تەنیا نابێتە دۆزی تاک، بەڵکوو ئایین دۆزێکە پەیوەندیدارە بە یاساى گشتییهوه، نەک یاساى تایبەت. ئەم بێلایەنى و نامەزهبیگەریى دەوڵەت، لەسەر چەند بنەمایەکى هزرى وەستاوە: لە لایەکەوە دەوڵەت نابێتە مەرجهع و دادوەر لە بابەتە ڕوحییەکان، لە هەمان کاتدا دەوڵەت، گوزارشت لە یەکێتیى نیشتمانى لەسەر ئاستى ئایینى ناکات. لە لایەکى ترەوە، لەسەر هاووڵاتی ئەرک و پێویست نییە، كه بەهۆى ڕوانینە ئایینییەکانییەوە، بەرامبەر دەسەڵاتى سیاسى بوەستێ. کەواتا، ترازانکردنەوەی نێوان هەردوو بوارى ئایینى و سیاسى لە چوارچێوەى عەلمانییەتى فەڕەنسیدا، پەیوەستە بەم مەرجانەی خوارەوە:
ڕ- نەمانى دەسەڵاتى کڵێسەکان بۆ کارکردن لە گۆڕهپانى سیاسى. ئەم مەرجە لە بنەڕەتدا دەرەنجامى پراکتیزەکردنى پرەنسیپى بێلایەنى و نامەزهەبیى دەوڵەتە. نەبوونى ئەم دەسەڵاتە، دەبێتە گرەنتییەک بۆ پاراستنى ئازادیى ئایینیى نائیمانداران ومولحیدەکان، هەروەها ئیماندارانیش لە هیژموونیی ئایینێک بەسەر ئایینەکانى تر دەپارێزێت.
ب- نەمانى دەسەڵاتى دەوڵەت لە گۆڕهپانى ئایینى. چونکە دەستێوەردانى دەسەڵاتى سیاسى لە ژین و ژیانى کڵێسەکان و کاروبارى ئایینى، بەتایبەتى لە ڕووى بیروباوەڕەوە، بە دەستێوەردانێکى ڕەتکراو و دژ بە ئازادیى ئایینى دادەنرێت.
ت- گۆڕەپانى سیاسى، دەبێت چوارچێوەکەى بەشێوەیەکى ورد و ڕوون لە لایەن دەوڵەتەوە دیار بکرێت. چونکە ناکرێت دەوڵەت لە هەمان کاتدا لەگەڵ مرۆڤى ئایینىHomo Religious و مرۆڤى مەدەنى Civilian Homo مامەڵە بکات، بەشێوەیەک کە خودى دەوڵەت ببێتە "مەرجهع" و دادوەر بۆ هەردووکیان و هەردوو کاروباری ئایینى و سیاسى. بەڵکوو دەوڵەت، دەبێت لە ڕوانگەى ئەوەى کە ژیانى ئایینى لە دەرەوەى بازنەى دەسەڵاتى دەوڵەتە، لەگەڵ هەردوو مرۆڤدا مامەڵە بکات.