پێشتر باسى دوو دەرەنجامى سەرەکی لە نموونەى سێکیۆلاریزمى ئەمریکیمان کرد، کە بریتى بوون لە:
I. جیاکردنەوە لە نێوان دەوڵەت و کڵێسە، لە بنەڕەتدا کۆششێکە بۆ پاراستنى ئایین لە دەوڵەت، نەک بۆ پاراستنى دەوڵەت لە ئایین. چونکە مەبەست لە یەکەمین هەموارکردنەوەى دەستوورى ئەمریکا، بریتییە لە ئازادکردنى تاکى "خاوەن باوەڕى ئایینى" لە کۆت و زۆرەملێى دەوڵەت بەسەر مافى تاکەکان، کاتێ کە بەو شێوەى دەیانەوێت، پراکتیزەى ئایینى خۆیان دەکەن. بەڵگەیش لەسەر ئەم دەرەنجامە، ئایین یەکەم بابەتى هەموارکردنى دەستوور بوو، ئەویش بە مەبەستى دوورخستنەوەى دەوڵەت بەشێوەیەکى یاسایى لە بازنەى کاروبارى ئایینى. چونکە سەرەتاى دەقى ئەم هەموارکردنە، بە "کۆتکردنى کۆنگرس" دەست پێ دەکات، پاشان جەختكردن لەسەر ڕەتکردنەوەى هەر دەستێوەردانێک بێت لە بوارى ئایینى بە ڕێگەى دامەزراندنى دەزگهیەکى ئایینى، یانیش نەهێشتنى پراکتیزەکردنى ئایین بەئازادانە.
II. نموونەى سێکیۆلاریزمى ئەمریکى "نموونەى هاوکارى و هاوبەشبوونە." لهو ڕوانگهیهوه تەماشاى کڵێسە و دەوڵەت دەکات، کە هەردووکیان، لە ڕووی دەزگهیییەوە، دوو دەزگهى هاوسەنگ و سەربەخۆن لە یەکتر، بەڵام هەردووکیان لە پێناو بەدیهێنانى ئامانجە هاوبەشەکانیاندا هاوکارى یەکترن.
دەرکەوتنى ئەو دوو ئەنجامە، دەگەڕێتەوە بۆ ڕەهەندى مێژوویى- سیاسیى ئەمریکا، کە پەیوەندیی بە سروشتى ئەو پەیوەندییەوه ههیه كهله نێوان دەوڵەت و کڵێسەدایە. ئەم پەیوەندییەیش هەر لە سەرەتاى پەیدابوونییهوە، بریتى بوو لە هاوکاریکردنى یەکتر لە چەندین ویلایەتێکى ئەمریکى، بەشێوەیەک کە پۆستە فەرمییەکان لەو ویلایەتانەدا لە ڕووى دەستوورییەوە بە مەرجگەلێکى ئایینییهوه بەستراوبوون، بەتایبەتى پێش ساڵى 1791. بۆ نموونە لە ویلایەتى جۆرجیا "پێویست بوو گشت ئەندامەکانى دەزگهى یاسادانان، پروتستانت بن." هەروەها لە ویلایەتى کارۆلیناى باکوور "پۆستە فەرمییەکان لە هەر کەسێ كه ئینکارى بوونى خودا بکات یان نکۆڵى لە ڕاستێتیى ئایینزاى پرۆتستانتى بکات، قەدەغەکرابوون". بەهەمان شێوە، لە ویلایەتى پێنسیلڤانیا، پێوست بوو سوێند بخوێندرێتبە "باوەڕهێنان بە خوداى تاک و، پاداشت و سزای، هەروەها داننان بەوەى کە هەر دوو کتێبى تەورات و ئینجیل، دەرەنجامى وەحیى خودان."
سەرەڕاى ئەوەى باسمان کرد، دەبینین کە ئهو هۆیه سەرەکییەی نەیهێشت پەیوەندیی هاوکاریی نێوان دەوڵەت و کڵێسە لە دەستوورى فیدراڵى ئەمریکادا ئاشکرا و ڕوون بکرێتەوە، بریتى بوو لە: باوەڕى دامەزرێنەره ڕەسەنەکانی (Found Fathers) ئەمریکا بە گرنگى و پێویستیی جیاکردنەوەى بازنەى دەوڵەت لە بازنەى ئایین. ئەمهیش لەبەر پاراستنى ئەو پەیوەندییە پتەوە، لە مەترسیى زیادبوونى فرەئایینى و فرەئایینزایى، هەروەها مەترسیى هیژموونیی کڵێسەى ئەنگلیکانى بریتانیا لەسەر کڵێسە پرۆتستانتییەکانى ئەمریکا لە دواڕۆژدا.
کەواته، ئامانجە سەرەکییهکەى جیاکردنەوەی دەوڵەت و کڵێسە، خۆى لهوهدا دەنوێنێت كهڕێگە بە هیچ تائیفەیەکى ئایینى نهدرێ بگاتە ئاستى هیژموونكردنی دەوڵەت، بەتایبەتى تائیفەى پرۆتستانت؛ چونکە هێزە ئابوورى و دیمۆگرافییەکەى پرۆتستانت بە بەراورد لەگەڵ تائیفەکانى ترى ئایینى مەسیحى لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، زۆر فراوانە. پاشان دەرکەوتنى ئەم ئاکامە لە ڕووى پراکتیزەیییەوە، لەگەڵ دروستبوونى کێشەیەکى تر لە ئاییندەدا، هاوشان دەبێت، ئەویش بەگشتى بەستنەوەى کڵێسە پرۆتستانتییەکانه لەگەڵ کڵێسەى ئەنگلیکانى بریتانیادا. ئەمەیش لە کۆتاییدا، نموونەى ئایینزاى پرۆتستانتى، تەنیا دەبێتە دووبارەکردنەوەى نموونەى کڵێسە ئەوروپییەکان، لە ڕووى دووجەمسەرێتیى دڵسۆزی و شوناسى هاووڵاتى بۆ کڵێسەیەکى سەرەکى، وەکوو ناوەندێكی ئایینى لە لایەک و، دەوڵەت وەکو ناوەندێکى سیاسى لە لایەکى دیكهوه، ئەمە جگە لە لایەکى سێیەمش کە بریتییە لە خودى کڵێسەى ناوچە ڕەسەنەکە، كه هاووڵاتى، ڕۆژانە مامەڵەى لەگەڵدا دەکات. بەڵام ئەم دووجەمسەرێتییە، لە ڕوانگەى دەرەنجامە سیاسییە نێگهتیڤەکانییهوه، بە بەراورد لەگەڵ ئەوروپادا جیاوازە، چونکە تەنیا پاشا خۆى فەرمانڕەوایەتیى کڵێسەى ئەنگلیکانى دەکات.
کەواته، نەبوونى هەموارکردنەوەى یەکەمى دەستوورى ئەمریکا لە لایهن دامەزرێنەره ڕەسەنەکانهوه، دەبێتە هۆى نەک تەنیا دووبارەکردنەوەى نموونەی ئایینیى ئەوروپا بە شێوازە کاتولیکییەکەى، چونکە دووجەمسەرێتیی دڵسۆزى و گوێڕایەڵیى هاووڵاتى بۆ دەوڵەت و کڵێسە، بەزەقى دیار دەکەوێت، بەڵکوو بارودۆخە لە ئەمریکا لەوە سەختر دەبوو، چونکە هاووڵاتیى ئەمریکى، دەبێت گوێڕایهڵی دەوڵەتى خوى بێت، شان بە شانى ملکەچێتیى پاشاى بریتانیا، لەبەر ئەوەى سەرى کڵێسە ناوەندییهکەیە، پاشان دەبێت گوێڕایهڵیی هەمان پاشا بکات لە ڕووى ئەوەى سەرى دەوڵەتى بریتانیایە. بەم شێوەیە پرۆژەى سەربەخۆییى ئەمریکا هەر لە بناغەدا وێران دەکرا. ئەمە جگە لەوەى کە ئەم بارودۆخە بەهۆى فرەئایینى و فرەئایینزایى لە ئەمریکادا، جهنگى ئایینى و تائیفیى لەگەڵ خۆیدا ڕادەکێشایه نێو لایەنگرانى ئایین و ئایینزاکان. بۆیە دەتوانین بڵێین عەلمانییەتى ئەمریکى، تەنیا جیاکردنەوە له نێوان کڵێسە و دەوڵەتدا دروست ناکات، بەڵکوو جیاکردنەوەیەکى تریش ئەنجام دەدات، ئەویش بریتییە لە بچڕاندنى پاشكۆیەتیى نێوان "کڵێسە" لە ئەمریکا و "کڵێسە" لە ئەوروپا، بەتایبەتى ئەگەر هەر پەیوەندییەک لە نێوانیاندا کاریگەرییەکى نێگهتیڤى لەسەر كایهی گشتى Public Sphere و سیستەمى سیاسیى ئەمریکا ههبێت.
مێژوونووسى ئەمریکى، کارل دیگلەر Karl N. Deglar ئەم بۆچوونە دووپات دەکاتەوە، کاتێ شرۆڤەى پرەنسیپى جیاکردنەوەى کڵێسە و دەوڵەت دەکات و دەڵێت: بۆچوونى ئەمریکى و پراکتیزەکردنەوەى بۆ ئەم پرەنسیپە، لەگەڵ پراکتیزەکردنەوەى لە فەڕەنسا له پاش شۆڕش و، هەروەها له مەکسیک و ڕووسیاى سۆڤێتیدا، هیچ هاوبەشییەکى نییە. چونکە جیاکردنەوەکە لەم دەوڵەتانەدا دژى ئایین بوو، هەندێ جاریش دەگەیشتە ئاستى دەستوەردان لە ئازادیى خواپەرستى. بەڵام ڕوانینى ئەمریکى بۆ ئەم بابەتە، بە هیچ شێوەیەک دژایەتیى ئایین ناکات. چونکە، سەرۆکەکانمان لە وتارە فەرمییەکانیاندا پەنابۆ خودادەبەن و سوپاسى دەکەن، هێزە سەربازییەکانمان و دەزگهكانی یاسادانانمان جێگەی قەشەکانی تێدا پارێزراوە، هەروەها حکوومەتى ویلایەتەکان و حکوومەتى فیدراڵ لە ڕێگەى خۆشبوون لە باجەکان Taxes، هاریکارى ئایین دەکەن. لە ئەمریکا، ڕاستە ڕاگەیهندرا کە دەوڵەت سێکیۆلارە، بەڵام ئەم دەوڵەته هەر ڕەنگى ئەوە دەداتەوە، کە کۆمەڵگه لەسەر گرنگیدانى بە ئایینبەردەوامە.
بەم شێوەیەیش چ لەسەر ئاستى سیاسەتمەداران، چ لەسەر ئاستى تاک و کۆمەڵەکان بێت، خوداپەرستى و پراكتیزە و كردەوە ئایینییەکان، دەبێتە خوداپەرستییەکى کەسی و، پەیوەندیدار دەبێت بە مافەکانى مرۆڤ سەبارەت به خوداپەرستى و پراکتیزەیى ڕەفتارى ئایینى. ئەمەیش لە بناغەدا، ڕەنگى نموونەیەک دەداتەوە لە سێکیۆلاریزم كه وەستاوە لەسەر بنەماى: عەلمانییەتى دەوڵەت و ئایینداریی کۆمەڵگه، لەباتى نموونەى عەلمانییەتى دەوڵەت و کۆمەڵگه لەهەمان کاتدا وەکو ئەوەى لە فەرەنسا کارى پێ دەکرێت.
لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، ئەگەر لە نێوان سێکیۆلاریزمى فەرەنسا و ئەمریکادا بەراوردێك بکەین، دەبینین هەردووکیان لە پشتبەستن بە پەرەنسیپى جیاکردنەوە لە نێوان دەسەڵاتى ئایینى و دەسەڵاتى سیاسیدا، هاوبەشن. بەڵام ئەم دوو نموونەیە، لە ڕووى پیادەکردنى ئەم پرەنسیپە لەسەر ئاستى پراکتیزەیى، جیاوازن. فەرەنسا پیادەى پرەنسیپى لەیسیزم Laicism دەکات، بە واتاى جیاکردنەوەى تەواوی نێوان "ئایین" و "دەوڵەت"، لە ڕێگەى گواستنەوەى هەموو ئەركەکانەى دەسەڵاتى ئایینى، كه پێشتر دەیخستەسەر ئەستۆى خۆى بۆ پیادەكردنی دەسەڵاتى سیاسى. ئەمەیش لەسەر بنەماى ئەوەى کە تەنیا دەسەڵاتى سیاسى بۆى هەیە لە دونیادا حوکمڕانى بکات، دەسەڵاتى ئایینیش تەنیا بۆى هەیە سەرقاڵى کاروبارى دواڕۆژ و ئاخیرەى مرۆڤ بێت. ئەم ڕوانینە دەربارەى عەلمانییەت، لە زۆربەى دەوڵەتە کاسۆلیکییەکاندا پیادە دەکرێت. بەڵام دەوڵەتە پرۆتستانتییەکان، پراکتیزەى سیکیۆلاریزمێکى تر دەکەن. چونکە تاکوو ئێستا، شێوازێک لە پەیوەندیى ئایینیى نێوان دەسەڵاتى سیاسى و دەسەڵاتى ئایینى دەپارێزن. کڵێسە پرۆتستانتییەکان، لەسەر بنەماى بەدەزگهییبوون Institutionalization، شان بە شانى بەشداربوون لە بوارى سیاسەتدا، سەرقاڵى ڕێکخستنى ژیانى کۆمەڵایەتى دەبن. لەم دەوڵەتانە، عەلمانییەت لەسەر بناغەى ڕێزگرتن لە ئازادیى بیروباوەڕ وەستاوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا جەخت دەکرێتە سەر باوەڕى ئایینیى کڵێسەیى. واتا ئیمان Believe، دەبێتە شتێکى کەسى (شهخسی) و تایبەت بە هەر ئیماندارێک believer، "بەڵام هەندێ جار خودى ئەم ئازادییە، بە ئیمانداریی بە تەورات و ئینجیل" بەستراوەتهوه.
لەژێر تیشکى ئەم جیاوازییە هزرییەی نێوان ئەم دوو نموونەیەدا، دەبینین هەردووکیان لە نەهێشتنەوەى پێشکەشکردنى یارمەتیى مایەکى بۆ ئایین و عیبادەتێکى دیاریکراو، هاوبەشن. ئەمەیش لەسەر بنچینەى ئەوەى کە ئەم جۆرە یارمەتیدانە مایەکییە، دەبێتە دانپێدانانێکى فەرمى لە لایەن دەوڵەتەوە بەو عیبادەتە ئایینییە. بەم شێوەیەیش ئەم دانپێدانانە، هانی دەزگهکانى ئەو عیبادەتە دەدات بۆ کۆنترۆڵکردنەوەى کاروبارى ئایینیى هەموو هاووڵاتیان: ئیماندار و بێئیمان و دیندارەکانى ئایینەکانى تر. ئەمەیش دەبێتە کەلێنێکى جەوهەرى لە پیادەکردنى پرەنسیپى یەکسانیى یاسایى لە لایەک و، ئازادیى بیروباوەڕ لە لایەکى ترهوه.
بە هەرحاڵ، دیارە دۆزە سەرەکییهکەى بابەتى یارمەتیدانى فەرمى بۆ عیبادهتەکان، دۆزێکى پەیوەندیدارە بە توانا و بێتواناییى پێشکەشەکردنى ئەم یارمەتییە لە لایەن دەوڵەتەوە بۆ دەزگه و چالاکییە ئایینییهكان كه مەبەستیان بریتییە لە بەرجەستەكردنی ئامانجێكی دونیایی (نائایینی)، بۆ نموونە فێرکردن و کارى خێرخوازى. لەم بوارەدا هەردوو عەلمانییەتى ئەمریکى و فەرەنسى، دەگەنە دوو ڕێگایەکى جیاواز. دادگهى باڵاى فیدراڵى ئەمریکا، جەخت دەکاتەوه سەر پرەنسیپى یەکسانى، کاتێ ئەم جۆرە یارمەتیدانە لە لایەن دەوڵەتەوە، پێشکەش بە ئایینەکان کرا. لەبەر ئەوەى یارمەتیدانى ئەم جۆرە چالاکییانە بەشێوەیەکى تایبەت، جا ئایینى بن، یان ئایینی نەبن، دەبێتە هۆى بەرجەستەکردنى نایەکسانیى نێوان ئایین و گرووپە ئایینیەکان. چونکە، دەبێتە دانپێدانانێکى فەرمى بەو ئایین وعیبادەتە، ئەمەیش نابێت بکرێت، چونکە کردارێکى نادەستوورییە. دادگهى باڵا،لە نێوان یارمەتیدانى قوتابخانە ئایینییەکان، کە ڕەتی دەکاتەوە و، پێشکەشکردنى یارەمەتیدانى کۆمەڵایەتى بۆ قوتابییەکان، کە پەسەندى دەکات، بەوردى جیاوازى دەکات. بەڵام فەرەنسا پشت بەوە دەبەستێت کە نەهێشتنى یارمەتیدانى مایەکى، دەبێت تەنیا چالاکییە ئایینییەکان بگرێتەوە، نەک ئهو چالاکییە کۆمەڵایەتییانهی كه دەزگه ئایینییەکان ئەنجامى دەدەن. ڕوانینى "ئەنجومەنى شوراى دەوڵەتی" فەرەنسا، لەسەر گرێمانەیەک وەستاوە کە ئەو چالاکییانەى مەبەستى ئایینییان لە پشت نییە، دەبێت بۆ هەمووان سوودبەخش بن: ئیماندار و نائیماندار، بە خودى ئایینى خاوەن چالاکییەکەیشهوه. هەروەها لەبەر ئەوەى بێجیاوازیى ئایینى، سوودەکە دەبەخشرێتە هەمووان، دەبێت ئەم جۆرە چالاکییانە، لە یارمەتیدان و پشتگیریى دەوڵەت بێبهش نەکرێن.
بەشێوەیەکى گشتى، ئەگەر لە ڕوانگەى چالاكی و كاریگەری ئایین و دیاربوونەوەى لەسەر ئاستەکانى ژیانى مرۆڤ، بەراوردى هەردوو نموونەى عهلمانییەت بکەین، دەبینین ئەمریکا و فەرەنسا دوو جەمسەرى جیاوازن لە ڕۆژاوادا. لە ئەمریکا بەپێچەوانەى فەرەنسا، زۆربەى خەڵک ئیماندارن و، زۆر بەئەستەمى لەسەر ئاستى کۆمەڵایەتى، دەتوانیت مرۆڤێکى نائیماندار ببینێت. بە ڕاى گى هارشێر "ئایین دیاردەیەکى ئاسایییە، تا ئەو ڕادەیەى کە مرۆڤى مولحید و نائیماندار، لە باشترین وەسفکردندا لە ئەمریکا، بە مرۆڤێکى سەیر و گێژ دادەنرێت."