دەوڵەتی مۆدێرن؛ خوێندنەوەیەک بۆ ژینگەى سەرهەڵدانەوەى

لە كۆتايى سەدەكانى ناوەڕاستدا (476- 1453)، ستراتیژیی ناوەندە نەتەوەیییەکان گەڵالە بوو؛ ئەم ستراتیژەیش بریتی بوو لە دروستکردنی پشتێنێکى سیاسی لە دەوروبەری خودى ناوەند(Center) ، کە لە هەموو پێکهاتە کۆمەڵایەتی و که‌لتوورییه‌كانی دەوروبەرى هەموو پایتەختەکان (ناوەندەکان)ی دیکە جیاواز بوو. پایتەخت بۆ بەرژەوەندیی خۆی، ده‌ستی به‌سه‌ر هەموو شەرعییەتی سیاسیدا ده‌گرت و، لە ڕێگەی دروستکردنی دامەزراوە و سیستەمى بیرۆکراسیی کاراوه‌ بۆ جێگیرکردنی و گشتاندنی دەسەڵاتی پایتەخت لەسەر دەوروبەری، ئەرکەکانی بە شێوازێکی گشتگیر ئەنجام دەدا. بەڵگەیش لەسەر ئەم واقعە، خۆى له‌وه‌دا دەنوێنێت کە له‌ نێوان سەدەى (14) و سەدەى (17)، قەبارەی بیرۆکراسى و کارگێڕی لە ڕۆژاوای ئەوروپا بە شێوەیەکى بەرچاو زیادی دەکرد، بۆ نموونە: سیستەمی کارگێڕی و دادوەری و دارایی لە فەڕەنسا گرنگییەکی زۆری پێ دەدرا، ژمارەی فەرمانبەرەکانی زیادی کرد و، لە کۆتاییی سەدەی (17)دا گەیشتە 230 هەزار فەرمانبەر؛ بە شێوەیەک کە لە مەودای 10 کم2 لەناو فەڕەنسا، فەرمانبەرێك بۆ خزمەتکردنی 380 کەس بەدی دەکرا.

واتا لە دەوڵەت - نەتەوە (Nation-State)دا، پتەوکردنی هەستی نەتەوایەتی بە تەنیشت گەشەکردنی خودی دەوڵەته‌وه‌ لە یەک ڕێگه‌دا دەڕۆیشت. بۆیە دەوڵەتى مۆدێرن نموونەیەکى زۆر جیاوازە لە نموونەى دەوڵەتى ئایینى؛ لەو ڕووه‌وه‌ كه‌ دەوڵەتى مۆدێرن خاوەن سنوورێکی ڕوون و ڕوخسارێکی دیاریکراو بوو لە ژیانی سیاسیدا، بەپێچەوانەى دەوڵەتى تیۆکراسیى کاسۆلیکى کە سنوورى هەموو جیهانى دەگرتەوە، یانیش بۆ بەکاسۆلیککردنى هەموو جیهان و بنیاتنانەوەى دەوڵەتێکى جیهانى، هەوڵى دەدا. لە لایەکى دیکەوە، پڕۆژەی دەوڵەتى مۆدێرن جیاوازە لە پرۆژەی کەنیسە؛ لە ڕووى ئەوەى کە لە ڕێگه‌ی میرە مەسیحییەکانه‌وه جێبەجێ دەکرا،‌ نەک پیاوانی ئایینی. لەم بارەیەوە دەستەبژێری سیاسیی فەڕەنسی لە هەوڵدابوو بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی (پاپا) لەسەر هەموو ئه‌وروپا بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەییى فەڕەنسی. دواتریش دەستەبژێری ئینگلیزی هەمان هەنگاوی نا؛ بە ئاراستەیەک، کە بوو بە هۆکاری سەرهەڵدانی یەکەم ململانێی دوورودرێژ کە خەسڵەتی نەتەوەییی پێوە دیار بوو و، ناسراو بوو بە "جەنگی سەد ساڵە"ى نێوان فەڕەنسا و بریتانیا (1337-1440)".

لەم بارەیەوە پرسیارێک دێتە ئاراوە: ئایا سەربارى جیاوازییە که‌لتوورییەکان، هۆکاری دیکە نییە کە هەموویان پێکەوە پڕۆژەی دەوڵەتی مۆدیرنیان ئەنجام دا؟ برتران بادی (Bertrand Badie) لەم بارەیە لێکۆڵینەوەی کردووە و، ئەم پرسەی بە چەند خاڵێک ڕوون کردوەتەوە:

- یەکەم، جەخت دەکاتەوە لەسەر بیرۆکەی "داهێنانی دەوڵەت پێش هەموو شتێک، بە هۆی کرداری ناوەندەکانی خاوەن دەسەڵاتەوه‌ بوو". واتا خودی بارودۆخی سەدەكانى ناوەڕاست کە لە ڕووى سیاسى و ئابوورییەوە پەرتەوازە بوو، یارمەتیی سەرهەڵدانی بوونەوەرێکى سیاسیی دا بۆ ئەوەى لە شوێنێکی دیاریکراو جێگیر ببێت. دەستەبژێری سیاسی، بەتایبەت میرەکان، بۆ گەرەنتیکردنی ئاسایشی خۆیان و دواتر بۆ گەرەنتیکردنی ئاسایشی شوێنکەوته‌ و ژێردەستەکانیان، ده‌ستیان كرد به‌ زیادکردنی پەیوەندیی نێوان کۆشکى میر و ئەو گرووپانەی کە کۆنترۆڵی کردوون. چونکە ناوچەکانی دەوروبەرى "ناوەندى دەوڵەت"، بە هۆی كه‌مته‌رخه‌میی دەرەبەگەکانه‌وه‌ بۆ دابینکردنی ئاسایشی ناوخۆیی، لە کارەکانیاندا تووشی گرفتی کەموکوڕی ببوون. لە دەرەنجامدا، بەردەوامیی پەرتەوازەییی بوونەوەرە سیاسییەکانى سەدەكانى ناوەڕاست هەڕەشەیەکی مەترسیدارى بۆ خودى ناوەند خوڵقاند؛ دەبوایە‌ لە ڕێگه‌ی داگیرکردنی ناوچەکانی دەوروبەرییه‌وه‌ بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ، قەرەبووی ئەو بۆشایییەی بکردبایەوه.

- دووەم، لە چوارچێوەی ئەم ژینگە سیاسییەدا، جیاوازییە که‌لتوورییەکان وەکوو فاکتەر، بۆ پاڵنان و پێشکەوتنى پرۆسە سیاسییەکە کاری دەکرد. لە ڕێگه‌ی درککردنى ناوەند و دەوروبەر پێکەوە بە بوونی پەیوەندیی که‌لتووری لە نێوانیاندا، واتا پەیوەندی و هەستکردن بە خەسڵەتە هاوشێوەیییەکان بە یەکیانى گرێ دەدا، هەروەها لە ناوەند و دەوروبەرەکانی دیکە جیایانى دەکردەوە. بۆیە، ویستێکى هۆشیار لە لاى خودى ناوەند گەڵاڵە بوو، کە ئاراستەی پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی دەوروبەرى دەکرد. ئەمەیش لە لای گەڵاڵە نەبوو بە مەبەستی بەدەستهێنانی هێز بە بەراورد لەگەڵ بێهێزیى دەوروبەرەکەى، بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ درککردنی خودى ناوەند بە جیاوازبوونی لە ڕووی که‌لتووری و زمانەوانییه‌وه‌ بەتایبەتى لە ناوەندە دەسەڵاتدارەکانی دیکە؛ جا ئەگەر بە پاڵپشتیی زمان، یان ئایینزا، یان ئیتنى بێت. ئەمەیش کاریگەرییەکی کارای خستە سەر بارى گۆڕینی ڕوانگەی بینینی ناوەند بۆ جیهانی دەوروبەری. ئەم دۆخە، زۆر لە دۆخی کوردستانی باشوور ده‌چێ، بەتایبەت لە ڕووى سروشتى پەیوەندییەکانی هەرێمى کوردستان لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقدا؛ چونکە تەنیا پەیوەندییه‌ك کە له‌ نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا مابوو، بریتى بوو لە توانای دارایی، كه‌ ئەویش لە ساڵى  2014ه‌وە پچڕا. کوردستان پێشتر بوودجەى لە عێراق وەردەگرت و، ناوەندی عێراقیش سەروەت و سامانى لەسەر هەموو ناوچەکانى دەوڵەتى عێراق دابەش دەکرد. ئەم پەیوەندییەیش لەوەته‌ى بچڕاوە، دیسان هەرێمى کوردستانی گەڕاندەوە بۆ بارودۆخى دەوڵەتی دیفاکتۆ(De facto State) ، کە له‌ نێوان ساڵانى (1992- 2003)دا هەیبوو. ئەم پچڕانەی نێوان هەرێم و بەغدا، کاریگەرییەکى هەرە سەرەکیى لەسەر دروستکردنەوەى "ناسنامەى دەوڵەت" و "ناسنامەى نەتەوەیى" دەبێت. ڕەنگە ئەمەیش بەپێی ڕاى هزرمەندى هاوچەرخ، بندکت ئەندرسۆن(Bindict Anderson) ، زیاتر شى ببێتەوە کە دەڵێت: "کورتبینینە، کاتێک پێمان وا بێت کەوا نەتەوە (Nation) بەسادەیی لە هەناوی گرووپە ئایینییه‌کان، یان شانشینە میراتییەکاندا گەشە دەکەن و جێگەیان دەگرنەوە. لە قووڵاییی ئەم داڕمانەی گرووپە پیرۆزەکان و زمانە پیرۆزەکان، گۆڕانێکی ڕیشەیی هەبوو بۆ شێوازی درککردن بە جیهان. ئەم شێوازەى درککردنە لە هەموو شتێک زیاتر، ڕێگه‌ی بۆ بیرکردنەوە لە نەتەوە خۆش کرد."

- سێیەم، تێبینی دەکرێت کەوا ناوەند، زیرەکانە توانیی لە کۆتاییی سەدەکانى ناوەڕاستدا سیستەمی دەرەبەگایەتى (Feudalism) بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکار بهێنێت؛ ئەمەیش زەمینەى بۆ ڕووخانی ئەم سیستەمە و مۆنۆپۆڵکردنی دەسەڵاتی سیاسی خۆش کرد. یارمەتییە دارایی و سەربازییەکان کە دەرەبەگەکان بۆ ناوەند پێشکەشیان دەکرد، زۆر بەوردی دیارى کرابوون؛ بە ئاراستەیەک کەوا ناوەند ده‌ستی بە کارکردن كرد لەسەر جێگیرکردنی هەموو یارمەتییەکان کە لە لایەن دەوروبەرەکانى دەهاتن، بۆ ئامادەکاری و دروستکردنی "بیروکراسییەت و کارگێڕیی گشتی" و "یەکگرتوویى سەربازی". هەر ئەم دوو بوارەش ڕۆڵیان هەبوو بۆ یەکەم جار بۆ وێنەکێشانی مەوداى چالاکییەکانی دەوڵەت. ئەمەیش پاشان شۆڕ بووەوە بەرەو بازنەى دادگه‌کان، کە پێشتر لە مافی دەرەبەگەکان بوو و، دواتر گوازرایەوە بۆ بەرژەوەندیی خودى ناوەند. 

جەنگ و بنیاتنانەوەى دەوڵەت

لەگەڵ ئەوەی باسمان کرد، پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی دەروروبەرەکان لە لایەن ناوەندەوە، پرۆسەیەکە نەدەکرا لە کاریگەریی فاکتەری نێودەوڵەتی دوور ببێت، بەڵکوو هەمیشە لە ژینگەیەکی نێودەوڵەتیی شڵه‌ژاو و شپرزەدا بە هۆی جەنگەوە ڕووی دەدا، بەتایبەت ئەو جەنگانەی کە سروشتی جەنگی ئایینییان هەبوو نێوان ئەوروپییەكان و دەوڵەتی ئیسلامی لە ئەندلس و بەغدا، یان ئەوەی لە نێوان خودی دەوڵەتانی ئه‌وروپا هەڵگیرسا. کاریگەریی فاکتەری نێودەوڵەتی، لە لایەن  پۆل هیرست و گراهام سۆمپسون (Paul Hirts & Graham Theompson) باس کراوە، کە ئاماژە بە ڕێکكەوتنی وێستفالیای ساڵی 1648 دەکەن و دەڵێن: "کاتێک دەوڵەتانی ئه‌وروپا ڕێک کەوتن لەسەر ڕاگرتنەوەی پیشتوانیکردنی هاوئایینزاکانیان لە دەرەوەی سنوورى دەوڵەتەکانى خۆیان ئەگەر لەگەڵ حکوومەتەکانی دیکەدا تووشی ململانێ بن... واتا ئەم دەوڵەتانە ئامادە بوون، بەرامبەر بەدەستهێنانی هێژموون و جێگیریی ناوخۆیی، دەست له‌ هەندێ ئامانجی سیاسی به‌رده‌ن." چونکە بەهۆی سەربەخۆیی لە دەستێوەردانی دەرەکی بەپێی ڕێکكەوتننامەى وێستفالیا، دەوڵەتەکان توانییان سەروەریی Sovereignty خۆیان لەسەر کۆمەڵگه‌کانیان بەرجەستە بکەن.

بەم شێوەیەیش ئەم ڕێکكەوتننامه‌یە ناوەڕۆکى ململانێ لە نێوان دەسەڵاتی سیاسی و تائیفەى ئایینیدا، گۆڕی بۆ بەرژەوەندیی خودى دەسەڵاتى سیاسى. واتا، دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە بنەمای "دەستێوەرنەدان" لە کاروباری ناوخۆییی دەوڵەتانی دیکە، ژینگەیەکی ناوخۆییی جێگیری خوڵقاند، کە یارمەتیی ناوەندی دا بۆ ئەوەی پرۆژەکانی جێبەجێ بکات و پەیوەندییەکانى لەگەڵ دەوروبەره‌کانى خۆى پتەوتر بکات. بە واتایەکى تر، ڕێکكەوتننامەى وێستفالیا تەنیا گەرەنتیی دەستێوەرنەدانی ناوەندە هێژموونخوازەکانی دیکەی نەکرد، بەڵکوو توانیی دەستێوەرنەدانی کڵێسەیش گەرەنتی بکات؛ ئەگەر بێت و کڵێسە بۆ بەرژەوەندیی تائیفەیەکی ئایینیی دیاریکراو دژی ناوەند، یان دژی تائیفە ئایینییەکانی دیکە، هه‌وڵ بدات.

لەم ژینگە سیاسییە نوێیەدا، سیاسەتى جەختکردنه‌وه‌ لەسەر ناسنامه‌ی نەتەوەیی و جیاوازییەکانی ناوەند لەگەڵ ناسنامه‌ نەتەوەیییەکانی تر لەدایک دەبێت. لە زۆربەی کاتیشدا لە ڕێگه‌ی ململانێی چەکداری لە ئه‌وروپا ئەنجام دەدرێت، بەڵام به ناوەڕۆكێكی نوێ، ئەوەش لە نێوان میللەتانێک (واتا میللەتانی ئەوروپا) دەستیان کرد بە بینینى یەکتری لە ڕوانگەى "دوژمنایەتیى مێژوویى"؛ وای لێ هات "میللەتەکان ناسنامه‌ی خۆیان به‌سه‌ر ده‌وروبه‌ریاندا و، له‌ دژی میللەتانی دەوروبەر ده‌سه‌پاند.

كه‌واته‌، جەنگە دەرەکییەکان ناکۆکی و پەرتەوازەیی لە نێوان دەوڵەتاندا دەخه‌نە ڕوو، بەڵام کاریگەریی دیکەیان نییە؛ چونکە ئەگەر دوژمنی دەرەکی، بە شێوەیەکی سەرەکی هەڕەشەی لەسەر بوونی دەوڵەت کرد، یان تێگەیشتنێک هاتە ئاراوە کە ئەو هەڕەشەیە لەسەر بوون و مانەوەی ئەو دەوڵەتەیە، ئەوکات کاریگەریی ئەرێنی دروست دەکات و، لەم بیرۆکەیشدا بەرجەسته‌ دەبێت كه‌ "جەنگە، خەڵک دەکات بە نەتەوە". بەپێی ڕوانگەی "سامۆئێل هه‌نتینگتۆن" (Samuel P. Huntington) ، ئەم بیرۆکەیەیش پشتڕاست دەکرێتەوە لەسەر حاڵەتی ئەمریکا وەکو نموونە، کە دەڵێت: "بەرهەمی شۆڕشی ئەمریکیى 1776، میللەتی ئەمریکی بوو. جەنگی ناوخۆ (1861- 1865) نەتەوەى ئەمریکیی دروست کرد، هەروەها جەنگی جیهانیی دووەم هەستی ئەمریکییەکانی بە وڵاتی خۆیان بەرهەم هێنا و، لە ماوەی جەنگە سەرەکییەکان دژی هەڕەشە مەترسیدارەکان، بە هۆی هێزی دەسەڵات و داهاتی دەوڵەت، یەکێتیی نیشتمانی پتەوتر و بەهێزتر بوو. ململانێ ناوخۆیییەکان خامۆش کران کە ئەگەری ئه‌وه‌یان لێ دەکرا، ببن بە هۆی پەرتەوازەیی دژی دوژمنێکی هاوبەش."

ئەوەی ئاماژەمان پێ دا، دەیسەلمێنێت کەوا جەنگ وەک هۆکارێکی ڕاستەوخۆ بۆ سەرهەڵدانی دەوڵەت و بنیاتنانەوەى، هەژمار دەکرێت. ئەویش ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێت کە جەنگ هۆکاری سەرەکی بوو بۆ گەڵاڵەکردنی ناسنامه‌ی نەتەوایەتی. بەڵگەیش ئەوەیە کە جەنگەکان هەمیشە، بە شێوەیەکی بەرچاو لە سەدەی نۆزده‌یه‌م کە بە سەردەمی نەتەوەکان ناسراو بوو  تاکوو سەدەى بیست و یه‌ك، لە زیادبوونەوەدان. بۆ نموونە، لە ساڵانی نێوان (1480-1800) ڕێژەی ململانێی نێودەوڵەتی گەیشتە دوو، یان سێ ململانێ لە ساڵێكدا. بە ئاراستەیەک لە سەدەی هەژدەیەم، 68 جەنگ ڕووی دا، لە سەدەی نۆزدەیەم، 205 جەنگ ڕووی دا؛ نزیکه‌ی هەشت ملیۆن کەس بوونە قوربانی.

لەم بابەتەدا بۆمان ده‌ردەکەوێت کەوا دەرکەوتنی دەوڵەتی نەتەوەیی لە ئەوروپای ڕۆژاوا و ئەمریکا، دەگەڕێتەوە بۆ سەر دوو مەرجی سەرەکی: یەکەمیان پەرەسەندنی دەسەڵاتەکانى حکوومەتی ناوەند، کە لە ڕێگه‌ی فەرمانڕەواییی پاشایەتیی ڕەهاوه‌ لە سەرەتای سەدەی شازدەیەمەوە تاکوو سەدەی هەژدەیەم، جێبەجێ بوو.دووەمیشیان سەرهەڵدانی هەستی نەتەوایەتی؛ بە ئاراستەیەک کە بیرۆکەی مافی بڕیاردانی چاره‌ونووس لە ناخی بیرکردنەوەی گرووپێکی کۆمەڵایەتیدا بەرجەستە بوو کە لە شوێنێکی دیاریکراودا جێگیر بوو؛ کە خۆی بە خاوەن خه‌سڵەتێکی ئیتنی و که‌لتووریی تایبه‌ت هەژمار دەکات، هەروەها هەوڵ دەدات لە هەمان کاتدا ئامانجی سەروەریی میللی، لە جیاتى فەرمانڕەواییی میراتگەری بەدی بهێنێت.      

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples