هەندێ جار دژیەکەکان لە چەند ڕوویەکەوە کە ئەوەندە ڕەسەن و جێگیرە، یەک دەگرن، خەڵکى خاوەن هۆش و ئەقڵ تووشی سەرسووڕمان دەکات. ئەمەیش ئەوە دەگەیهنێت کەوا خەڵک بەگشتى، سەرەڕاى جیاوازیى ناسنامە و شوناسەکانیان، لە بناغە و پێکهاتە سەرەتایییەکانى مرۆڤایەتى و ناسنامەى کهلتووریدا یەک دەگرن. ئەم ڕاستییەیش تا ڕاددەیەکى زۆر لەسەر هەر دوو دەوڵەتى عێراق و کەنەدا وەکوو دوو دژەیەک، شۆڕ دەبێتەوە.
ئەگەر ئاوڕ له دەوڵەتى کەنهدا بدەینەوە، دەبینین هەر لە سەرەتاى سەدەى بیستەم، فرانکۆفۆنییەکانى کەنەدا پێ لەسەر "پێگەى تایبەتى Special Status" ویلایەتى "کیبیک" لەناو چوارچێوەى سیستەمى فیدراڵى کەنهدا دادەگرن، بە شێوەیەک باوەڕیان لا دروست بووە، بەوەى کە پێویستە ئەم داواکارییە بخرێتە گەڕ، بەتایبەتى دواى پەسندکردنى دەستوورى کەنهدا ساڵی 1982 لە لایەن هەموو ویلایەتەکانى کەنەدا، تەنیا ویلایەتى کیبیک نەبێت. ناوەڕۆکى ئەم باوەڕەیش دەڵێت: "کیبیک هەردەم دۆڕا بوو، هەر لە شەستەکانى سەدەى ڕابردوو تاکوو ئێستا"، چونکە هیچ جارێک هەموارکردنى دەستوورى بە ویستى حکوومەتى کیبیک نەکراوە، تەنانەت هیچ هەموارکردنەوەیەکى دەستوورى لەسەر مێزى گفتوگۆ باس نەکراوە، بۆ ئەوەى داواکارییە ئاسایییەکانى کیبیک پڕ بکرێتەوە، وەکوو: دەسەڵاتى خەرجکردن، دابەشکردنەوەى دەسەڵاتەکان و، هەروەها دانپێدانانى ناوەند بە پێگە جیاوازەکەى کیبیک.
ئەم بارودۆخە، هەر دەڵێیت لە ڕووى ناوەرۆکى پەیوەندیى نێوان ناوەندى عێراق و هەرێمى کوردستان، خۆى دووبارە دەکاتەوە. حاڵى حازر، ئەو ڕا و بۆچوونە لەنێو بژاردەى ڕۆشنبیرى و سیاسیى هەرێمى کوردستاندا دەگوزەرێت، کەوا ناوەندى عێراق سەرەڕاى مۆرکردنى ڕێكکەوتننامەى 11ی ئازارى 1970 و دروستبوونى ناوچەى ئۆتۆنۆمیى نێوان ساڵانى (1974- 1990)، بەڵام دیدگهى ناوەند و مامەڵەکردنى لەگەڵ هەرێمى کورستاندا، وەکوو خۆى مایەوە. چونکە لە ڕووى پراکتیزەیییەوە، دەبینین وێنەى کوردستان لە بازنەى ئهقڵى عێراقیدا، بریتییە لەوەى کە "کوردستان پاشکۆیە، نەک هاوبەش". بە دێرێکى تر، حکوومەتەکانى ناوەندى عێراق هەردەم کاریان لەسەر بەتاڵکردنهوهى چەمکى هاوبەشایەتى Partnership لە ناوەرۆکە ڕاستەقینەکەى دەکرد، كهوا ڕێکكەوتنی لەسەر دەکرا، بۆ ئەوەى کوردستان بکرێتە لایەنێکى پاشکۆ، خاوەن دەسەڵات و مافى سیاسى و کهلتووریى کارتۆنى، نەک ڕاستەقینە. هەروەها بەردەوامبوونى ئەم مامەڵەکردنە و دڕندەییى سیاسهتەکانى ناوەند، کە لەسەر بناغەى ناوەندگیرێتى Centralization داڕێژرابوو، بە مەبەستى بنیاتنانى دەوڵەتێکى نەتەوەییى عەرەبى، پاشان دەوڵەتێکى شۆفینیست له نێوان ساڵانى (1963- 2003)، واى کرد دیاردەى مەترسى لە ئاوێتەبوون و دۆڕاندنى ناسنامەى نەتەوەیى، بەتایبەتى لەنێو بژاردەى ڕۆشنبیر و زۆربەى سیاسەتمەدارانى کورد دروست ببێت. ئەمەیش واى کرد ئاستى داواکارییەکانى کورد، لە سیستەمى ئۆتۆنۆمى بۆ سیستەمى فیدراڵیزم، پاشان بۆ کۆنفیدراڵییەت دواى 2003، بەرز ببێتەوە.
جارێکى تر لێکچوونى هەر دوو ئەزموونى کوردستان و کەنەدا لهو ڕووهوه دیار دەکەوێت، كه ئەنگلۆفۆن، زۆرینە دەسەڵاتدارەکەی کەنەدا، خۆیان وا دهبینن کە ئەندامى نەتەوەى کەنەدینCanadian Nation ، کە هەموو کەنەدییەکان دەگرێتەوە سەرەڕاى جیاوازیى زمان و ئایین و ناسنامهکانیان. بۆیە، سۆز و ئینتیمابوون بۆ ناسنامەى نیشتمانیى کەنەدى، لەسەر ئهو بیرۆکەیه وەستاوە کە هەموو کەنەدییەکان نەتەوەیەک پێک دەهێنن. بۆیە لەسەر حکوومەتى فیدراڵى کەنەدا پێویستە، لە لایەک ئەم ناسنامە هاوبەشە، لە هەموو چالاکییەکانیدا ڕەنگى بداتەوە، لە لایەکى دیکەوه، پێویستە حکوومەت ڕێز لە جیاوازییە کهلتوورییەکانى کەنەدییەکان بگرێت.
ئەم دیدگهیە لە حاڵەتى عێراقدا بوونى هەیە، بەتایبەتى لە سروشتى ئەقڵى زۆرینە کۆمەڵایەتییەکەى. چونکە ئەگەر بە دواى مێژووى بناغە هزرییەکەى دەوڵەتى عێراقى بڕۆین، لە هەر سێ قۆناغەکانى دەوڵەتەکە: (پاشایەتى 1921-1958 و نەتەوەپەرستەکان 1958-2003 و تاییفەپەرستەکان دواى 2005)، دەبینین ئەقڵى ناوەندى عێراق، لە لایەکەوە هەوڵ دەدات لە ڕێگەى ئاوێتەکردنى هەموو پێکهاتەکانى دیکەوه بە شێوەیەکى زۆرەملێ، ناسنامەیەکى لۆکاڵ دروست بکات؛ جا چ ناسنامەکە نیشتمانیى لیبراڵى بێت، چ نەتەوەییی عەرەبى بێت، چ تاییفەگەرى بێت. لە لایەکى دیکەوە، دەبینین خودى ناوەندى عێراق هەوڵ و تەقەللا دەدات بۆ بنیاتنانى پەیوەندییەکى پتەو له نێوان ناسنامە لۆکالییەکەى و ناسنامەیەکى نێودەوڵەتى کە خۆى لە پرۆژەکانى "کەوانەى هاشمى و وڵاتى عەرەبیى گەورە و کەوانەى شیعە" دەنوێنێت.
ئەم جۆرە جیاوازییە بناغەیییە لە پرۆژەکانى بنیاتنانى دەوڵەتى عێراقدا Nation-State Building، دەکرێت بڵێین بووەتە هۆیەکى سەرەکی، بۆ پەڕت و پشکاوکردنى هێزە مۆراڵى و مایەکییەکانى ناوەندى عێراق، پاشان مانەوەى دەوڵەت لەناو بازنەى هەر دوو قەیرانى ناسنامە و ئاوێتەبوون Identity and Integration هەر لە کۆتاییى چلەکانى سەدەى ڕابردووەوە. لەوانەیشە ئەم دوو قەیرانە تا کۆتاییى دەوڵەتى عێراق بە شێوەیەکى فەرمى، بەردەوام بن. چونکە پرۆژەى بنیاتنانى دەوڵەت، ناکرێت بە دوو ئاراستەی دژەیەک بڕوات، بەڵکوو دەبێت ئاراستەیەکى هەبێت و لەگەڵ ناسنامەى ناوەندیی دەوڵەت گونجاو بێت، نەک ئەوەى ناوەند ناسنامەیەک بۆ بەرژەوەندیى پێکهاتە زۆرینەکەى و، لەسەر ڕەنج و بەرژەوەندیى پێکهاتەکانى دیکە دروست بکات، پاشان هەموو ناسنامە لۆکالییەکە، به ناسنامەیەکى فراوانترهوه بیبەستێتەوە. واتا لێرە پرۆژەى بنیاتنانى دەوڵەت لە ڕووى پراکتیزەوە هیچى نەکرد، چونکە ناوەندى دەوڵەتەکە ناسنامەکەى خۆى دەفەوتێنێت و دەیکاتە پاشكۆى ناسنامە فراوانە نێودەوڵەتییەکە؛ جا نەتەوەیى، یان تاییفەگەرى بێت.
بەڵگەیش لەسەر هەبوونى ئەم دیاردەیە ئەوەیە کە لە ساڵى (1958)وە ناوەندى عێراق خودى سەرمایە مرۆیییەکانى خۆى دەسووتێنێت، چ بە دەستى خۆى بێت، بە هۆى جوداییى پرۆژە ئایدیۆلۆژییەکانى و گۆڕانکاریى توندوتیژ لە بژاردە سیاسییەکەى، چ بە هۆى کاریگەریى هێزە هەرێمی و نیۆدەوڵەتییەکان بێت. لە هەر دوو حاڵەتدا، ناوەندى دەوڵەت بەردەوام بوو لەسەر تەماشاکردنى دەوروبەرە ناوخۆیییەکەى Local Peripheries لە سۆنگهى ئەوەى تەنیا پاشكۆ و وابەستەن نەک هاووڵاتى، تەنیا دەوروبەرن Peripheries نەک هاوبەشPartners ، تەنیا مورید و لاساییکەرنFollowers ، نەک مسوڵمان و ئیماندار بە ئایینەکانى دیکە. ئەمەیش واى کرد لە کۆتاییدا هەموو مەترسییەکان و هەستە نێگهتیڤەکان دەربکەون کەوا: ناوەند هەڕەشەیە لەسەر ناسنامە و کهلتوورەکانى دیکە، پاشان بووە پاڵنەرى پێکهاتە کهلتوورییەکان بەرەو توندگرتنى ناسنامەکانیان، هەروەها گومانکردن و متمانهنهكردن بە ناسنامەى ناوەند و ئایدیۆلۆژییهکەى.
بەتایبەتى ئەم ناسنامە ناوەندییە دواى 2005، زۆر لە شێوە و هێماکانى لەدەست داوە، بەڵکوو حاڵى حازر، بووهتە ناسنامەیەکى بێهێماى ناوەندگیرێتى. چونکە ناسنامهی عێراقیبوون، ئێستا لە زیندانەکانى دەمارگیرى و هەژارى و دواکەوتووییدا دیلە. بۆیە خودى مانەوەى هەرێم لەگەڵ عێراق، لەوانەیە ببێتە هەڕەشە لەسەر مانەوەى هەرێمى کوردستان بەیەکپارچەیى. بە واتایەکى دیکە، ناسەقامگیریى دەوڵەتى عێراق، شۆڕ بووتەوە بۆ بەکارهێنانى ناوەندى تاییفەگەریی عێراقى بۆ بژاردەى "ڕۆشنبیرى" و سیاسیى کوردى، وەکوو ئامرازێک بە مەبەستى زیاتر لەتلەتکردنى هەرێمى کوردستان، چ بە هۆى حەز و ویست و بەرژەوەندییەکانى هەندێ پەرلەمانتارى کورد لە ناوەند، چ بە هۆى بەرژەوەندییەکانى هەندێ لایەنى حزبى لە ناوەند و گەمەکردنى زیرەکانەیان لەسەر هێڵى ململانێ ناوخۆیییەکانى هەرێمى کوردستان.