لێبووردەیی وەکوو پرەنسیپێکى لیبرالیزمى هاوچەرخ

سەرەتا، پێویستە ڕەچاوى ئەوە بکەین کە گەشەپێدانى بنەما هزرییەکەى لیبرالیزم، دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغى جەنگە ئایینییەکانی نێوان ساڵانى (1562 – 1648) و هەوڵدان بۆ کۆتاییپێهێنانى لە ئەورووپا. ئەوەیش لە ڕێگەى جەختکردن لەسەر  لێبووردەییی ئایینى Religious Toleration، واته‌، لێبووردەیى بەرامبەر بە جیاوازیى باوەڕە ئایینییەکان و پراکتیزەکانیان. پاشان ماناى لێبووردەیی، هێدى هێدى فراوان دەبووەوە، تاکوو گەییشتە ئەو ئاستەى کەوا چەند ڕەهەندێکى لەخۆ گرتەوە، بەتایبەتى: بیروباوەڕ و شێوازەکانى ژیان (Lifestyle) لە لای تاکەکان، جگە لە ڕەهەندە ئایینییەکەى. بۆیە دەتوانین بڵێین لێبووردەییی ئایینی، سەرچاوەى "ئازادییە Liberty" و، فەیلەسووفەکانى ڕۆشنگەرى لە سەدەى هەژدەیه‌م و نۆزدەیه‌مدا بانگەشەیان بۆ دەکرد. لە هەمان کاتدا لێبووردەییى ئایینى، بنەماى "تاکایەتییە Individualism" و، جەختکردن لەسەر گرنگیى تاک و قەدەغەکردنى دەستێوەردانى حورمەتى کەسایەتى.

بۆیە، ناوەڕۆکى لێبووردەیى لە کاتى پراکتیزەدا، لە سێ بەشى جەوهەرى پێکدێت: یەکەمیان گومانگه‌رایی (Skepticism)، واتە جه‌ختكردن لەسەر ئەستەمی و بێتواناییی سەلماندنى هەبوونى خوداى پەروەردگار بەشێوەیەکى هەستپێکراو (Tangible)؛ بوێە هەرجۆرە داکۆکى و ناکۆکییەک لە بوارە ئایینییەکان، بێسودە و ئەنجامدار نییە. دووەمیان پێشکەوتووگەرایییە (Progressive)، واتە مرۆڤایەتى، دەبێت هەمیشە لە گەشەپێدان و پێشکەوتندا بێت، ئەویش بەهۆى ڕێگه‌خۆشکردن بۆ ڕکابەریی هزرى و ئایدیۆلوژى بەبێ جیاوازى، دەکرێت. سێیەمیشیان بریتییە لە سەربەخۆییى تاکایەتى (Individual Autonomy). واتە ڕەوشتى مرۆیى، دەتوانرێت بەشێوەیەکى لۆژیکى، تەنیا لە ڕێچکەى بەکارهێنانى ئەقڵى مرۆڤەوە، نەک لە ڕێگەى گەڕانەوە بۆ هێزگەلێکى نامرۆیى و باوەڕگەلێکى ئایینى و ئایدیۆلۆژى، دابڕێژرێت و چوارچێوە بکرێت، پاشان بیرکردنەوە تەنیا لە ڕێگه‌یانەوە، نەک لە ڕێگه‌ى ئەقڵى مرۆڤه‌وه‌ ئەنجام بدرێت.

لەسەر ئەم بنەمایە، لێبووردەیى بەوە پێناسە دەکرێت کە مرۆڤ بەویستى خۆی، بەرامبەر بە ڕەوشتی مرۆڤێکى تر، ناقەدەغەکردن و نابەربەستبوون هەڵدەبژێرێت، کە خودى مرۆڤى یەکەم بە ڕەوشتى دووەم قایل نییە، سەرەڕاى ئەوەى خودى خۆى ئاگادارى ئەم ناقایلبوونەیە و پێی دەزانێت، هەروەها هێزى ئەوەیشى هەیە بتوانێت بەربەستى و قەدەغەى بکات. جا ئەم واتایە، ئەوە دەگەیه‌نێت کە لێبووردەیى دەکرێت پراكتیزە بکرێت لە نێوان تاکەکان و مامەڵەکانی ژیانى ڕۆژانەیان لەگەڵ یەکتردا، یانیش، دەکرێت لێبووردەیى بە دەزگه‌کانى دەوڵەتى لیبراله‌وه‌ پەیوەست بێت؛ ئەوەیش لەمامەڵەکانیان لەگەڵ تاکەکان و دامەزراوەکانیان، بە ڕوونى دیار دەکەوێت. کەواتە لێبووردەیى لەکاتى پراکتیزەکردندا دوو ئاستى هەیە:

لە لایەکەوە لێبووردەیی هەیە، لە زمانى ئینگلیزیدا بە واتاى وشەى "Tolerance"ە، لەسەر ئاستى تاک پراکتیزە دەکرێت، بەو پێیەى کە ڕەوشتێک و نەریتێکى تاکایەتییە لە کۆمەڵگەى لیبراڵدا. ئەم بوارەى لێبووردەیى، وا پێناسە دەکرێت کە ئەو ڕەفتارەیە و ڕێگەخۆشکەرە بۆ هەبوونى بیر و ڕاى جیاواز و جێگەى ناکۆکى، هەروەها بوونى جۆره جیاوازییەکانی شێوازى ژیان (Lifestyle) وەها ئەو كەسەی خاوەن ڕەفتارە لێبووردەیییەکە هاوبیر و هاوتەریبیان نییە و نايکات، لەگەڵ ئەوەیشدا دەبینین هەمان كەس ڕێگە بەو ڕا و بۆچوونانە نادات کە جێگەى ناڕەزایەتییە. ئاستى دووەمى لێبووردەیى لە زمانى ئینگلیزیدا بە واتاى وشەى "Toleration"ە، خۆیشى لە سیاسەتێکى فەرمیدا دەنوێنێت کە دەوڵەتى لیبراڵ و دامەزراوەکانى بەکاری دەهێنێت. ئەمەیش سیاسەتى دەستهەڵگرتنی ئارامانە(Patient Forbearance)یه‌ لە مامەڵەکردن، ڕادەربڕین و حوکمکردنی ئەخلاقى لەسەر هەموو شتێک یان دۆزێک جێگەى ناکۆکى بێت؛ جا ئایینى یان ئەخلاقى یان هزرى بێت. بەو پێیەى کە لێبووردەیى هەرلە بنەڕەتدا دارێژراوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆزانەى لە نێوان تاکەکاندا وەها شوێنى ناکۆکییە، چونکە ئەگەر خەڵک تەواو و بێتاوان بن ئەو کاتە لێبووردەیى نەک دەبێتە شتێکى ناپێویست، بەڵکوو هەر لە توانادا نامێنێت پراکتیزە بکرێت.   

لە هەردوو ئاستى تاکایەتى و دامەزراوەییدا، ئەگەر تەنیا ڕێگه‌ لە کەسێک بگرین و نەهێڵین پراکتیزەى ڕەوشتێک بکات کە جێگەى ناڕەزاییمانە، ئەویش بە ڕێگەى سەلماندنى ئەقڵانى بێت، دەتوانین بڵێین ئەم هەوڵدانە، بەشێوەیەکى تەواو لەگەڵ پرەنسیپى لێبووردەییدا دەگونجێت. بەرامبەر ئەم حاڵەتە، پراكتیزە زۆرداریى مایەکى ئاراستەى کەسێک بكرێت، یان بەکارهێنانى یاسا بۆ قەدەغەکردنى کردارێکى ڕەوا، دەبێتە ئەوپەڕى نه‌گونجان لەگەڵ ئەم پرەنسیپەدا، بەتایبەتى لەوانەیە خودى یاساکە لە چەند بڕگەیەکى پەیوەندیداردا نادادپەروەر بێت. چونکە، کۆکبوونى ڕێکخستن و ڕەفتار یاسایییەکان لەگەڵ پرەنسیپى لێبووردەییدا، کۆکبوونێکە كه‌ ڕێژەكه‌ى لەگەڵ زیادبوونەوەى ئاستى ئەو ڕێکخستن و ڕەفتارانەى وەها قەدەغەکردن و هێز پراكتیزە، کەم دەبێتەوە. بە ڕەستەیەکى دیکە، زاراوەى لێبووردەیى لە بیرى لیبرالیزمدا، ئاماژە بە ڕێخۆشکردن و نادەستێوەردانى چالاکییەکانى مرۆڤێک و ڕا و بۆچوونەکانی دەکات، هەرچەندە خودى ئەو مرۆڤە قایل نابێت و حەز نەکات هیچ کەسێکى تر دەستێوەردانى چالاکییەکانى بکات.

مەرجى ڕەتکردنه‌وه‌ و ناقایلبوون، مەرجێکى بنچینەیییە بۆ جیاوازیکردن لە نێوان: لێبووردەیى و دەمارگیرى (Intolerance)، گوێنەدەرى (Indifference) و ئاسانکارى(License). زاراوەى لێبووردەیى، مەوداکەى ئەو بیرۆکەیە دەگرێتەوە کە کەسى لێبووردە ئەو کەسەیە كه‌، تواناى ئەوەى هەیە دەستێوەردان رەت بكات و ڕووبەڕووى هەرچی ڕەوتارێکى نه‌گونجاو لەگەڵ بیروباوەڕکانى بێت، بەڵام کەسى لێبووردە، خۆى لە بەکارهێنانى ئەو توانا و هێزە ڕادەگرى، بەڵکوو لە ڕوانگەى هێزدارییەوە، نەک لەبەر لاوازی، ڕێگە بە هەبوونى ڕا و پراکتیزەى جیاوازیش دەدات. بەرامبەر بەم واتایە، دەبینین دەمارگیرى هەوڵدانێکى نالێبووردەییى ئارەزومەندانەیە بۆ نەهێشتنى هەر ڕەوشتێک كه‌ جێگەى ڕەزامەندیمان نەبێت، لە ڕێگەى بەکارهێنانى ئامرازێکى زۆردارییانەوه و‌، بەبێ هیج دڵنەرمییەک. ئەم جۆرە ڕەفتارەیش بە زاراوەى "دامرکاندنەوە/ دەمکوتکردن (Suppression) گوزارشتی لێ ده‌كرێ، بەڵام زاراوەى گوێنەدەرى، تەنیا ئەوە دەگەیه‌نێت کە ڕەوشتێکى نەرێنییە ئاراستەى ڕەفتارێک یان باوەرێکى تر دەکرێت، بێ ئەوەى بازنەی ئەم واتايه تێپەر بکات. ئەم ڕوانینە، دەمانباتەوه‌ لایەکى دیکە. تێیدا دەبینین كه‌ لێبووردەیی خۆی لە خۆیدا ڕەفتارێکى ئەقڵانی و کارایە و، ڕێگە بۆ بیروباوەرو پراکتیزەکان خۆش دەکات تاکوو لە هەردوو مەیدانی گشتى و تایبەتیدا، بە ئازادى بجووڵێنەوە و کێبڕکێ بکەن. بەڵام ئەم ئازادییە ناگاتە قەراغەکانى زاراوەى ئاسانکارى. واتە، زیادەڕەوى لە لێبووردەیى ئاراستەى بیروباوەر و پراکتیزە جیاوازەکان، زیان ناگەێنێتە سیستەمى گشتى (Public Discipline) کە پەیوەندییەکى ڕاستەوخۆى هەیە بە بەرژەوەندیی گشتییەوە.

کەواته‌ دەتوانین بڵێین، لێبووردەیى شوێنێکى ناوەڕاستە لە نێوان سێ ئاراستەیه‌دا: یەکەمیان دەمارگیرییە، کە بریتییە لە ڕەتکردنه‌وه‌ وناڕەزایی لەسەر ئەو شتەى كه‌ پێویستە لەگەڵیدا لێبووردە بین. دووەمیان ئاسانکارییە؛ واتا، دەبێت بەرامبەر ئەو ڕا و دۆزانەى كه‌ ناکرێت بەرامبەریان لێبووردە بین. سێیەمیان گوێنەدرییە؛ ئەمەیش ماناى ڕەتکردنەوەى هەڵوێستوەرگرتنە لەسەر ئەو دۆز و کێشانەى كه‌ دەبێت لەبارەیانەوە هەڵوێست وەربگرێن، جا بە شێوەیەکى ئەرێنى یان نەرێنى بێت.

لێبووردەییى هاوچەرخ و سنوورەکانى

لەژێر تیشکى ئەوەى پێشتر باسمان کرد، پرسیارێکى بنچینەیى دێتە ئاراوە: لێبووردەیى لە بیرى لیبرالیزمدا چۆن گەشەى كرد، تا گەییشتە شێوازە هاوچەرخەکەى؟ هەروەها مەودا و سنوورى لێبووردەیى، ده‌گاته‌ كوێ؟ 

بابەتى چۆنێتیى پەرەسەندنەوەى زاراوەى لێبووردەیى و فراوانبوونى مەوداکەى، بابەتێکە لە ڕووى مێژوویییەوە، بە چونێتیی مامەڵەکردنى مەیدانى سیاسى لەگەڵ باوەڕ و پراکتیزە ئایینییەکاندا بەستراوەتەوە. چونکە گرنگیی لێبووردەیى، لە چەرخى چاکسازیى ئایینیى پروتستانتیدا دەرکەوت، بەتایبەتى لەو کاتەى کە شەڕە ئایینییەکان گەییشتنە لووتکەى له‌نێوبردنی یەکترى. بۆیە، هەوڵدان و هەنگاونان بەره‌و دەربازبوون لە کۆتەکانى توندوتیژیى ئایینى، وای کرد سەرنجدان لە لێبووردەیى ئایینی، جێگەیەکى فرەگرنگ لە تیۆرییە سیاسییەکاندا بچەقێنێ، جگە لە ڕا و بۆچوونى بیرمەندە سیاسییەکان، وکو: جان بۆدان، سپینۆزا، جۆن لۆک و جۆن ستیوارت میل. ئەم ئەنجامە هزرییانە، بریتین لە زنجیرەیەکى هزرى کە هەر بازنەیەک تەواوکەرى بازنەکەى پێشوو و پاشتریه‌تى تا دەگاتە سەرچاوە سەرەکییەکەى، كه‌ ئەویش بۆچوونەکانى قەشەى پرۆتستانتى "جاکۆبس ئەرمینیۆس" و لایەنگرانى مەزهەبە ئایینییەکەیه‌تی، کە ناسراوە بە "مەزهەبى ئەرمینیى پرۆتستانتى".

ئەرمینیۆس، ڕوانینى وا بوو کە جیاکردنەوەى هەردوو مەیدانى ئایینى و سیاسى، جیاکردنەوەیەکى پێویستە و دەبێت بکرێت، سەرەڕاى ئەوەى ئاماژەى ڕاستەوخۆیبە وشەى عەلمانییەت (سێكولاریزم) نەداوە. چونکە ئەو جەخت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دەکاته‌وه‌ كه‌ کڵێسە، پێویسته‌ خۆى لە خۆیدا دەسەڵاتەکانى لە پێناو پاراستنى پاكى و بێگەردیى پراکتیزەى ئەرکە ئایینی و گیانییەکانى، کۆت بكات. بۆیە، دەبێت تەنیا حکوومەت ببێتە خاوەن دەسەڵات لەسەر بوارە دونیایییەکان. لەسەر ئەم بناغەیە، لێبووردەیى لە ویژدانی مرۆڤى بەرپرسیاردا دروست دەبێت، به‌وه‌ی كه‌ ته‌نیا بەرامبەر خوداى گەورە، نەک بەرامبەر کڵێسە و دەسەڵاتى سیاسى (حکوومەت)، بەرپرسیارە. ئەم جەختکردنەوەیش لەسەر گرنگیى تاک و بەرپرسیارێتیى تاکایەتى، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى ئەرمینیزم، بەگشتى لە ڕێبازى پرۆتستانتییەت لای نەداوە، لە ڕووى ئەوەى کە پەیوەندیى مرۆڤ بە خوداى میهرەبان، پەیوەندییەکى ڕاستەوخۆیە و، هیچ جۆرە ڕاسپێرداو و بریکارى گیانى یان ناگیانى لە نێوانیاندانییە. بۆیە، بەرپرسیارێتیی مرۆڤ بەرامبەر خودا، ڕاستەوخۆیە.

ئەرمینیۆس، ناوی "عیبادەتى ناوەکى (Internal Religion)لەم باوەڕە دەنێت، کە مرۆڤ تێیدا گوێرایەڵیى هیچ جۆرە گوشارێک ناکات تەنیا لە ڕێگەى تەمێکردنێکى برایانە و دۆستانە نەبێت (Brotherly Admonition). جگە لەوە، زاراوەى "عیبادەتى دەرەکى"، ئەوە دەگرێتەوە کە پەیوەندیی بە سیستەمى کڵێسە و ڕێورەسم (Rituals)ه‌وه‌ هه‌یه‌ و کارتیاکردنە ئایینییەکان؛ ئەمەیش پێویستە مرۆڤ تیایدا گوێڕایەڵیى سیستەمى گشتى بکات. بەم واتایە، بۆمان دەردەکەوێت کە کڵێسە و عیباداتە ئایینییەکان بەگشتى، دەبنە بوارێکى بەستراو تەنیا بە دەسەڵاتى مەدەنییەوە. حکوومەتیش، لەسەر هەردوو دەسەڵاتى ئایینى و سیاسى لە ڕێگەى هاوسەنگکردن و کپکردنەوەى ڕێژەى کێبڕکێ لە نێوانیاندا، پراکتیزەى سیاسەتى هێژموونی دەکات؛ ئەوەیش ئەو کاتەى حکوومەت مامەڵە لەگەڵ دۆزە ئایینییەکاندا بکات. بەم شێوەیە، لێبووردەیى دەبێتە دیفاکتۆیەک (De Facto)، گەڕانەوە لێى، بە هیچ شێوەیە ناکرێت.

لەژێر چەترى ئەوەى باسمان کرد، بەتایبەتى پاش ئەوەى ئەم بیرۆکانە، بوونە سەرچاوەى ئیلهام و کاریگەرى، جۆن لۆک بازنەى ئەم دیدگه‌یەی فراوان كرد و گه‌شه‌ی پێ دا. ئەمەیش بەڕوونى لە كتێبه‌کەى لۆک، بە ناونیشانى "نامەیەک سەبارەت بە لێبووردەیى"دا ده‌رده‌كه‌وێ کە لە ساڵى 1689بڵاوکراوەتەوە. لەم کتێبەدا، لۆک گفتوگۆى چەند بابەت و باوەڕێکى پێشکەوتوو دەکات کە زۆربەیان تاکوو ئێستا جێگەى سەرەنجڕاکێشان و قایلبوونێکى فراوانن. لۆک، هه‌موو سه‌رنجی خۆی بۆ داڕشتنى مەوداى لێبووردەییى ئایینى، خه‌ست كرده‌وه‌. لەم بارەیەوە ئەو دەبینێت کە فەرمانڕەوا، ناتوانێت مافی حوکمڕانى لەسەر بناغەى ڕاستێتیى ئایین و عیبادەتە تایبەتەکى خۆى، بنیات بنێت. واتا ناتوانێت لە نێوان ڕاستی و ڕەوایه‌تیى باوەڕە ئایینییەکاندا جیاکارى دروست بکات، چونکە ئەم ڕاستییە، نە پەیوەندیى بە لێهاتوویى و توانستى فەرمانڕەوایه‌تیی دەوڵەتەوه‌ هەیە و، نە لە مەرجەکانی حوکمڕانییە، تاکوو بتوانێت ئەو جیاکارییە ئەنجام بدات.

لە هەمان کاتدا، پاراستنى کاروبارى گیان و ژیانى ئایینیی خەڵک، نە کارى دەوڵەتە و نە فەرمانرەوا، بەڵکوو دەبێت خاوەندەسەڵات واز لە خەڵک بهێنێت خۆیان ویستى خۆیان لەم بارەوە ديارى بكەن. لەجیاتى ئەم هەڵوێستە، دەبێت ڕاستییەکى تر بخرێتە بەرچاو، کەوا دەوڵەت هەر لە بنچینەدا بۆ پاراستنى مافەکانى خەڵک و بەرژەوەندییەکانیان دروست کراوە. جا تەنیا لە پێناو ئەم مەبەستەیشدا، دەوڵەت دەتوانێت و بۆى هەیە هێز و زۆردارى بەکار بهێنێت. بۆیە، لەسەر دەوڵەت پێویستە، لێبووردەیى بکاتە ڕێبازى خۆى بۆ ئاراستەكردنى هەموو کاروبارە ئایینییەکان. جۆن لۆک واى بۆ دەچێت کە دەسەڵاتى سیاسى، دەبێت هەموو سەرنجەکەى بخاتە سەر "سوودە شارستانییەکان (Civic Goods)، بە شێوەیەک کە دەسەڵاتى سیاسى و مافەکان و سەروەرى، بە ئامانجێک بەستراونەتەوە، ئەوەیش بەپێى وتەى خۆى بریتییە لە "گرنگیدان بە کاروبارى ئایینى و پەرەسەندنى، بێ ئەوەى ئەم گرنگیدانە بە هیچ شێوەیەک لە شێوەکان بەرەو بازنەى ڕزگارکردنى گیانەکان تێپەر بێت، چونکە، فەرمانڕەوا لە لایەن خوداوە دەسەڵاتی پێ نەدراوە بۆ ڕزگارکردنى گیانى مرۆڤەکان، هەروەها خودایش ئەم ئەرکەى نەبەخشیوەتە هیچ کەسێک، چونکە وادیارە خودا ئەم جۆرە دەسەڵاتەى نەداوه‌تە کەس، تاکوو ببێتە خاوەن تواناى سەپاندنى ئایینیى خۆى بە زەبرى هێز لەسەر ئەوانى تر".

لەگەڵ ئەوەیشدا، دەبینین لۆک لە تیرى ڕەخنە و ڕەخنەگران دەرباز نەبوو؛ لە ڕوانگەى ئەوەى کە مەوداى لێبووردەیییەکەى تەسک بوو و تەنیا پروتستانتییەکانى دەگرتەوە، نەک خاوەن ئایینەکانی تر و مولحیدەکان، تەنانەت تائیفە مەسیحییەکانى تریشی نەدەگرتەوە. بۆ نموونە، لۆک گومانى هەبوو لە ئەگەرى هەبوونى مرۆڤێک كه‌ باوەڕی بە کاسۆلیکییەت هه‌بێ، لە هەمان کاتیشدا گوێڕایەڵ وملکەچى فەرمانڕەوایەکى ئینگلیزى بێت. لە لایەکى دیکەوە، لەبەر ئەوەى سەرقاڵبوونى لۆک لە دەوروبەرى تەوەرێکى سەرەکى دەسووڕایه‌وه‌، ئەویش ئه‌وه‌ بوو كه‌ چۆن دەتوانین خەسڵەتى سەربەخۆیى بدەینە مەیانى سیاسى (دنیایى)Political Sphere ، تاکوو بتوانێت لەگەڵ مەیانى ئایینیدا Religious Sphere هاوسەنگ بێت؟ بۆیە دیدگه‌ى لۆک سەبارەت بە لێبووردەیى، هەمیشە بە بەکارهێنانى هێز و زۆرکردن یان بەکارنەهێنانییه‌وه ‌بەسترابووەوە، ئەمەیش لەسەر بنەماى ئەو جۆرە تێگەییشتنە دامەزاروە كه‌ دەڵێت: هێز، بۆ پاڵنانى مرۆڤ بەرەو باوەڕکردن یان وازهێنان لە ئایینێک لە ئایینەکان، هیچ سوودێکى نییە. بە دێرێکى تر، ڕوانینى جۆن لۆک لەوانەیە تەنیا خۆى لە لێبووردەییى ئاراستەى جیاوازى ئایینى بەگشتى و، جیاوازییە مەزهەبییەکاندا بەتایبەتی، بنوێنێت. چونکە ئەو جەخت لەسەر ئەو بیرۆکەیە دەکاتەوە کە ئایین، لەبەر ئەوەى بابەتێکى تایبەت و بنچینەیییە، بەشێوەیەک کەوا لە خودى باوەرى مرۆڤ و ئیمانیدا بەرجەستە دەبێت، هەروەها لەبەر ئەوەى دەسەڵاتى سیاسى ناتوانێت لەسەر ئیمان و باوەرە ئایینییەکان گۆڕانکارى ئەنجام بدات، تەنانەت ئەگەر هێز و توندوتیژییش بەکاربهێنێت، بۆیە پراكتیزەكردنى زۆردارى و دەمارگیریى ئایینیى ئاراستەى هەڵگرانی ئایینی ديكه (Dissenters)، بەشێوەیەکى بنەڕەتى دەبێتە "ڕەوشتێکى نائەقڵانى". چونکە زۆردار ئامرازگه‌لێکى ناڕەوا و نه‌گونجاو بەکاردەهێنیت کە خۆیان لە شێوەى هەڕەشە و هێزدا دەنوێنن، لە پێناو ئەوەى بگاته مەبەستە جەوهەرییەکەى، ئەویش گۆڕینى باوەڕە ئایینییەکانى ئەوانەى تره‌.

سەرەڕاى ئەوەى نامەى لۆک دەربارەى لێبووردەیى، بەشدارییەکى هەرە گرنگە لە بوارى هزرى لیبرالیزم بەگشتى و، لێبووردەیى بەتایبەتى، بەڵام ئەو گفتوگۆیانەى كه‌ لۆک ورووژاندبوونی، لە سێ ڕووى سەرەکییەوە مەودایەکى تەسکى پێوە دیاربوو: یەکەمیان، ڕوانینەکانى لۆک تەنیا جەختى دەکردە سەر دەمارگیریى ئایینی و چۆنێتیى بەرهەڵستیکردنى، جا ئەم بازنەیەیشى تێپەڕی نەکرد بۆ بازنەکانى ترى دەمارگیریى وەکوو دەمارگیریى ڕەگەزى، حزبى، ئێتنى و ئایدیۆلۆژى. دووەمیان، گفتوگۆکانى داڕشتبوو تەنیا بۆ ڕاڤەکردنى "نائەقڵانییەت"ی زۆرداریى ئایینى، نەوەک بۆ سەلماندنى ئەوەى کە زۆردارى بە گشت شێوەکانییه‌وه‌ نادادپەروەرییەکى ئەخلاقییە (Moral Wrongness). سێیەمش، بریتییە لەوەى کە دیدگه‌کانى لۆک بە هیچ شێوەیەک سەرنجى نەدەداوەته‌ بەها ئەرێنییەکانی بابەتى فرەجۆرى (Diversity)، چونکە مەوداى لێبووردەیى لەلاى ئەو، تەنیا ئایینى بوو و، مەزهەبى پرۆتستانتى دەگرتەوە.

لێبووردەیى لە دیدگەى "جۆن ستیوارت میل"ەوە

ئەم بنەما هزرییانه‌ی كه‌ هێژموونیى ڕوانینەکانى جۆن لۆکی دەکرد، پاشتر لە لایەن بیرمەند "جۆن ستیوارت میل"ه‌وه‌، کە ناسراوە بە باوکى لیبرالیزمى نوێ، پەرەیان پێ درا، ئەویش لە ڕێچکەى گواستنەوەى لێبووردەیى، لە مەیانى ئایینى بۆ مەیانى ئەخلاقى بەگشتى. لە كتێبه‌کەیدا بە ناونیشانى "سەبارەت بە ئازادى"، كه‌ لە ساڵى 1859 بڵاوکراوەتەوە، میل پێی وایە پێویستە، مەوداى لێبووردەیى، لەسەر ئەو بیرۆکەیەی کە دەڵێت پەره‌پێدانێکى فراوان لە ناوەرۆکى لێبووردەیى، دەبێتە بەردى بناغە بۆ پێشکەوتنى کۆمەڵایەتى و زانستى و، لە هەمان کاتیشدا بەرجەستەى مەرجێکى بنەڕەتى دەکات بۆ پێشکەوتنى ئەخلاقى و گیانیى پەیوەندیدار بە تاکەوە، فراوانتر بکرێت. لە پێناو ئەمەیش، میل دوو پرەنسیپى سەرەکیى بۆ دیاریکردنى سنوورى لێبووردەیی و فراوانیى بازنەکەى، دانا: یەکەمیان پرەنسیپى ئازادییە، كه‌ دەڵێت "تاک لە کردارەکانى بەرامبەر کۆمەڵگە بەرپرس نییە، ئەگەر ئەو کردارانەى، پەیوەندیى بە هیچ کەسێکەوە نەبێت، تەنیا خۆى نەبێت. کۆمەڵگه‌یش هیچ ڕێگه‌یەکى ڕەواى نییە لەمەڕ دەربڕینى ڕق و کینە، یان ناحەزیی خۆى سەبارەت بە ڕەوشتى ئەو مرۆڤە، تەنیا لەم ڕێگەیانه‌وه‌ نه‌بێ: تەمێکردن، یان ڕێنیشاندان، یان پێسەلماندن، یانیش دووره‌په‌رێزكردنی خه‌ڵك لێی، ئەگەر هات و لەبەر بەرژەوەندییان ئەم ئامرازەیان بە پێویست زانى". دووەمیان، پرەنسیپى بەرپرسیارێتیى تاکایەتییە (Individual Responsibility). میل دەڵێت "سەبارەت بەو کردارانه‌ی تاک، كه‌ زیان دەگەیه‌نێته‌ بەرژەوەندییەکانى تاکەکانى تر، ئەو تاکە تەنیا خۆى لە کردارەکانى بەرپرس دەبێت؛ لەم حاڵەتەیشدا تەنیا خۆى سزاى یاسایی، یان کۆمەڵایەتى وه‌رده‌گرێت. ئەوەیش بەپێى ئەو ڕایەی كه‌ کۆمەڵگه‌ وای دەبینێت بۆ پاراستنى خودى خۆى، پێویستەبکرێت".

لەژێر تیشکى ئەم سۆمایەدا، دەبینین کەوا میل، خۆى تەنیابە تاووتوێکردنى لێبووردەییى ئایینییه‌وه‌ نه‌به‌سته‌وه‌. لە هەمان کاتیشدا خۆى لە بۆچوونى جۆن لۆکجیا دەکاته‌وه‌، لە ڕووى ئەوەى میل جەخت دەکاتە سەر نادروستیى ڕەوشتی دەمارگیرى هەر لە بنەڕەتدا لە ڕووى ئەخلاقییەوە، چونکە لە بنچینەدا نادادپەروەرە، بۆیە بەپێى پرەنسیپی بەرپرسیارێتیى تاکایەتى ئەوەى پراکتیزەى دەکات، دەبێت سزابدرێت. بەم شێوەیە میل لە بازنەى لۆک تێپەڕ بوو و، جەختی كرده‌ سەر ئه‌و بیرۆکەیه‌ى کە دەمارگیرى و نالێبووردەیى تەنیا "ڕەوشتێکى نائەقڵانییە". لە لایەکى دیکەوە، میل بە بەها ئەرێنییەکى فرەجۆرى (diversity) سەرنج دەدات، لە ڕوانگەى ئەوەى کە شتێكى چاکە (Good) ئەگەر جياوازى هەبێت له ڕێباز و شێوازەکانى ژیان، هەروەها بوونى "ئەزموونگەلێكی تاکایەتى و فرەجۆر لە ژیان" و لەناو چوارچێوەى کۆمەڵگەدا، ئەمەیش لە پێناو بەدیهێنانى بەرژەوەندیى خودى تاکەکان، بە پلەی یەکه‌م. سەرەڕاى ئەوەى بەرهەمە هزرییەکەى میل، پێ لەسەر ئازادى بەگشتى، نەک لێبووردەیى بەشێوەیەکى تایبەت، داده‌گرێ، بەڵام ئەو گفتوگۆیانەی كه‌وا میل ورووژاندى، بووە هۆى داڕشتنى لیستێک لە بابەت و ناونیشان، کە جێگەى سەرنجى توێژینەوە هاوچەرخەکانە سەبارەت بە لێبووردەیى. کتێبەکەیشى بەناونیشانى "سەبارەت بە ئازادى"، بەهێزترین بەرگریکردنە لە لێبووردەیى، بەو پێیەى کە یەکێکە لە بەها سەرەکییەکانى کۆمەڵگەى لیبرالیزم؛ نەک مامەڵەکردن لەگەڵ لێبووردەیى وەکوو ڕەوشتێکى سوودگەرى، هەرکاتێک لە بەرژەوەندیى خۆتدا بێت پەناى بۆى ببەیت، بەڵکوو پێویستە بکرێتە ڕێباز  بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەردوو ڕاستیی فرەجۆرى و ناکۆکى لە کۆمەڵگه‌ مرۆیییەکان.

لەژێر تیشکى ئەوەى پێشتر باسمان کرد، ئەمڕۆكه‌ دەبینین تاووتوێ هاوچەرخەکان لەمەڕ لێبووردەیى، گرنگى بە دۆزى فراوانکردنى سنوورەکانى لێبووردەیى دەده‌ن. واته‌، لێبووردەبوون بەرامبەر بە ڕا و بوچوونە سیاسییەکانیش، كه‌ لەوانەیە لەگەڵ بناغە هزرییەکەى دەوڵەتدا دژیەک بێت، وەکوو کۆمۆنیزم و حزبه‌ سیاسییەکانى ناو دەوڵەتى لیبراڵ. ئەمەیش بەو پێیەى کە لێبووردەیى، پێویستە له‌وه‌ فراوانتر بکرێت كه‌ تەنیا جیاوازییە ئایینى و ئەخلاقییەکان بگرێتەوە، بەشێوەیەک کە فراوانکردنەوەکە بگونجێت لەگەڵ سەقامگیریى سیاسی (Political Stability)دا، لە ڕێچکەى ئەو سیاسەتە ناوخۆیییانەى كه‌ پشت بە ڕەوایه‌تیى هەبوونى ئۆپۆزیسیۆنى سیاسى، هەروەها ڕێپێدان بە ئازادیى ڕادەربرین لە هەمان کاتدا، دەبەستێت. لە لایەکى دیکەوە، پێویستە دەسەڵاتى سیاسى، بەرامبەر هەموو بزووتنەوە و ڕاو باوەرە سیاسییەکان لێبووردەبێت، ئەگەر ته‌نانه‌ت هەوڵیش بۆ گۆڕینى خودى سیستەمى حوکمڕانیش بەشێوەیەکى بنەڕەتى، بدەن؛ لەبەر ئەوەى پەنادەبەنه‌ به‌ر ئامرازگه‌لێکى ئاشتییانە و گونجاو لەگەڵ دەستووردا. چونکە سیستەمى حوکمڕانى، ڕەنگى بەرژەوەندیى گشتى دەدات و کاریش بۆ هێنانەدیى دەکات. ئەگەر بەرژەوەندییە گشتییەکە پێویستیى وابوو کە سیستەمەکە بەشێوەیەکى پارچەیى یان بەگشتى بگۆڕدرێت، ئەو کاتە پێویست دەبێت ڕێ بۆ ئەنجامدانى ئەم گۆڕانە خۆش بکرێت و، بەشێوەیەکى ئازادانە گوزارشتى لێ بکرێت، نەوەک هەڵوێستێکى دەمارگیر بەرامبەرى وەربگیرێت. ئەمەیش بۆ ئەوەى ئەم بزووتنەوەو ڕا و باوەرە سیاسییانه‌، ئاوێتەی ناسنەمەى دەوڵەت و بناغە هزرییەکەى بكرێنه‌وه‌، ئه‌ویش لە ڕێگەى خۆگونجاندن لەگەڵ ڕوانین و داواکارییەکانیان بەشێوەیەکى هەردوولایى "Mutual" (ئەوان و دەسەڵاتى سیاسى)، نەک لە ڕێى فەرامۆشكردن و دامرکانەوەیان. لێبووردەیى بەگوێرەى ئەم سۆمایە، ئامرازێکە بۆ ئاوێتەبوون لەگەڵ ناسنامەى دەوڵەت و بنیاتنانى یەکبوونەوەى نیشتمانى. هەروەها وادیارە كه‌ مەودا هاوچەرخەکەى لێبووردەیى، لە داهاتوودا بەرەو فراوانتر بڕوات، لەوانەیشە بزووتنەوە ئیسلامییە توندڕەوەکانیش كه‌ چالاکییەکانیان لە دەوڵەتە ڕۆژاوایییەکان ئەنجام دەدەن، بگرێتەوە. چونکە ئەمڕۆ لەو دەوڵەتانەدا مشتومڕێکى یەكجار زۆر دەکرێت لەسەر جیاکردنەوە لە نێوان ئیسلام وەکو ئایین و پراکتیزەى ڕێنمایییە ئایینییەکان لە لایەکەوە و، بزووتنەوە ئیسلامییە توندڕەوەکان، کە هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ پارت وبزووتنەوە ڕاستخوازە توندڕەوەکاندا نییە لە لایەکى دیکەوە، لە ڕووى ئەوەى هەردووکیان هەڵگرى هزرێکى دمارگیرن، هەروەها بۆ دەستبەسەرداگرتنى دەسەڵاتى سیاسى بۆ هەڵوەشانەوەى فرەیى (Plurality) و فرەجۆرى (diversity)ی شێوازەکانى ژیان لە ڕۆژاوادا، هەنگاو دەنێن. بەڵام بزووتنەوە ئیسلامییە توندڕەوەکان جیاوازن، لە بوارى ئەوەى خەسلەتێکى ئایینییان پێوە دیارە؛ بەتایبەتى کاتێ لە وتارەکانیاندا جەخت دەکەنە سەر خستنەجێى شەریعەتى ئیسلام لە شوێنى یاسا لیبراڵە عەلمانییەکان، بۆ ئەوەى ببێتە تاکە ڕێباز و شێوەى ژیان لە کۆمەڵگە ڕۆژاوایییەکاندا.

لێبووردەیى و تیرە ڕەخنەیییەکان

سەرەڕاى فراوانیى پرەنسیپى لێبووردەیى وسروشتە پێشکەوتووەکەى، بەڵام لە تیرى ڕەخنە ڕزگارى نەبوو. بەشێوەیەکى گشتى زۆربەى ڕەخنەکان، لە لایەکەوە پشت بەو بیرۆکەیه‌ دەبەستن، کە دەڵێت لێبووردەیى بەرامبەر ڕەفتارێک كه ‌لە ڕووى ئەخلاقییەوە جێگەى ڕەزامەندیمان نەبێت، ئەوه‌ لە ناوەڕۆکەوە واتایەک دەگەیه‌نێت، ئەویش بریتییە لە دروستکردنى پاساو و بیانوو بە مەبەستى قایلبوون بەو ڕەفتارە. هەروەها زۆرجار مەترسییەک هەیە لە ئەگەرى چوونى لێبووردەیى بەرەو پاشاگەردانیی ئەخلاقى (Ethical Anarchy) و شپرزەبوونى کۆمەڵایەتى، چونکە بەرامبەر هەموو ئاراستە هزرى و ئایینییه‌كاندا ڕێگەخۆشکەرە، بۆ ئەوەى هەرچۆنێك بێت له‌ناو ژینگەیەکدا بژین و بجووڵێینەوە، سەرەڕاى ئەو جیاوازى و ناکۆکییەی كه ‌لەسەر ئاستى هزر و پراکتیزە، لە نێوانیاندا هەیە.

ئەمەیش پاڵ به‌ ژینگەکەوه‌ دەنێت بەرەو بلۆرەبوونەوەى بارودۆخى جەمسەرگیریى نێوان هەڵوێست و ئاراستە هزرییەکانى هەمان ئەو ژینگە هزری و ئەخلاقییەى كه‌ پێشتر لەسەر  پرەنسیپى لێبووردەیى دروست کرا. واتا سەرهەڵدانى پاشاگەردانییه‌کى ئەخلاقى و ئایینى؛ چونکە لەم ژینگە ئاڵۆزەدا دەبینین كه‌ جەختکردنێکى ڕەسەن لەسەر ڕێزگرتن لە مرۆڤ و تایبەتمەندێتى هەیە، لە هەمان کاتیشدا دیاردەکانى ئیمان، ئیلحاد و دەمارگیرى لەتەنیشت یەکتر پەیدادەبن و دەژین و، لەوانەیە به‌ گژ یه‌كتریشدا بچنه‌وه‌، بەتایبەتى لەژێر چەتریبوونى جیاوازی لە نێوان ئەم ئاراستانەدا، لە ڕێى لێبووردەیى بەرامبەر هەندێکیان و نالێبووردەیى بەرامبەر هەندێکى تر. لە لایەکى دیکەوە دەبینین ئەوەى جێى تێبینییە، لایەنگرانى تیۆریى سیاسیى لیبراڵ، زۆرجار وا لە زاراوەى لێبووردەیى تێ دەگەن کەوا تەنیا ماناى خۆپەرستنێکى ڕووت نییە لە دەستێوەردان و بەرهەڵستیکردن لەسەر چالاکییەکانى مرۆڤێک و بۆچوونەکانى، بەڵکوو لێبووردەیى، لە ڕووى ئەخلاقییەوە (Morally Right) ڕەوشتێکى دروستیشە. ئەم تێگەییشتنە، خۆى لەخۆیدا جێى ورووژاندنى دۆز و کێشەیە. چونکە زۆر ئەستەمە تێڕوانین لەسەر لێبووردەیى بکەین بەوەى کە لە ڕووى ئەخلاقییەوە دروست و ڕەوایە، لە هەمان کاتیشدا ڕێگە بدرێتە پراکتیزەکردنى ئەو ڕەوشتانەى كه ‌لە ڕوانگەى ئەخلاقییەوە نادادپەروەرن. ئەم ڕەوشتەیش خۆى لەخۆیدا لەوانەیە بوارێکى تایبەت بێت بە هەندێ خەڵکەوە کە باوەڕیان پێیەتى، بە پێچەوانەى هەندێکى تر. بەم شێوەیە، کێشەى لێبووردەیى، خۆى لە ڕوونکردنەوەى ئه‌وه‌دا دەنوێنێت كه‌ کەى و بۆچى دەبێت بەم ڕەفتارە قایل بین، نەک ڕەفتارێکى دیکە، سەرەڕاى ئەوەى یەکەمیان نادروستە؟ هەر بۆیە دەتوانین بڵێین کێشە کە لە ناوەرۆکى پەیڕەوەکاندایە كه‌ بەپێی ئه‌وان، ڕەوشتى نادروست، دەبێتە دروست و ڕەوا، هەروەها لە ڕووى ئەخلاقییەوە پیادەیش دەکرێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples