سیکیولاریزمى ئەمریکى: خوێندنەوەیەک بۆ سیکیولاریزمێکى ئیماندار

سیکیولاریزم یان عەلمانییەت چوارچێوەیەکى هزرییە، تێیدا بیرى ڕۆژاوایى و دەرەنجامە مایەکى و تیۆرییەکانى بلۆرەى کرد و، تاکوو ئێستا پرۆسەى بلۆرەکردنەکەیش بەردەوامە. ئەم چوارچێوەیە جێگەى کڵێسە و باوەڕە ئایینییەکانى گرتەوە و، لە ڕێگەى ململانێیەوە هەر لە سەرەتاکانى دروستبوونى دەوڵەت- نەتەوە  (Nation-State)، پاشان بەزەقى لە سەدەى هەژدەیه‌م، وەکوو پرۆژەیەکى جياواز و دژی دەوڵەتى ئایینی (Theocratic State)، دیارکەوت. بەم شێوەیە سەدەى هەژدەیه‌م لە ئەوروپاى ڕۆژاوا، تەنیا تۆمارى سەرهەڵدانى قۆناغی ناسیۆنالیزم ناکات، بەڵکوو "تۆمارى ڕۆژاواییى شێوەکانى هزرى ئایینیش دەکات."چونکە سەدەى ڕۆشنگەرى، ئامانجە بنەڕەتییەکەى وابوو کە گۆڕانکارییەکى "نوێ ومێژوویى"، هەروەها فراوان و قووڵ لە کۆمەڵگە ئەوروپییەکان بکرێت. ئەمەیش لە ڕێگەى دەوڵەتى نەتەوەوەکرا، بە شێوەیەک کە "ئەقڵ و مرۆڤ و گەردوون" بەپێى سیکیولاریزم، بریتیین لە ڕەهەندەکانى دیدى مرۆڤى ڕۆژاوایى و بیرکردنەوەى، لە جیاتى ئەوەى ڕەهەندەکانى بریتیبن لە "خودا و کڵێسە و گەردوون".

ئەم واقیعە، ئەوە دەگەیه‌نێت کە دیاردەى سیکیولاریزم، تا ڕادەیەکى زۆر، دیاردەیەکى ڕۆژاوایییە بەگشتى و، فەرەنسییە بەتایبەتى؛ چونکە سیکیولاریزم بەشێوەیەکى ڕێکخراو لە فەرەنسا چاوى کردەوە و گەشەیداوە. سیکیولاریزم کاردانەوەیەکى بەهێزبوو دژى کڵێسەى کاتۆلیکى، بەهۆى توندڕەوى و فراوانبوونى دەسەڵاتەکەى و توندڕەوەیى بیروباوەرەکانى بەرامبەر بە خودی هاوباوەڕەكانی.

هەرچەندە جیاوازی هەیە لەوەی کە ئایا سیکیولاریزم بنەمایەکە بۆ تیۆریى لیبرالیزم یان نا، بەڵام بە ڕاى زۆرێک لە نووسەران، سیکیولاریزم بنەمایەکه‌ لە بنەماکانی لیبرالیزم. چونکە سیکیولاریزم لەسەر سێ پایە وەستاوە و، بەهیچ شێوەیەک ناکرێت لەیەک جیابکرێنەوە: یەکەمیان ئازادییە لە بیروباوەڕ؛ دووەمیان یەکسانییە لە نێوان هەموو هاووڵاتیانى دەوڵەت، بەبێ جیاوازی لە ڕووى باوەڕى ئایینى، یان ڕەگەز، یانش بەپێى ڕەگ و ڕیشەى کۆمەڵایەتی؛ سێیەمیان بریتییە لە بەرجەستەکردنى خێرى گشتى و هاوبەش (Common Good) بۆ هەمووان، بەو پێیەى کەوا تەنیا ئەم هاوبەشییە، هۆى بوون وبەردەوامیى دەوڵەتە. کەواته‌ دروستە کە "هێنری پینا ڕویز" (Henri Pena Ruiz) باسی سیکیولاریزم دەکات و دەڵێت: "بەهایەکى باڵایە، یەکێ لە خەسلەتە گرنگەکانی ئەوەیە کە، ڕێگە بە هەمووان، ئیماندار و بێئیمان (باوه‌ڕدار و بێ باوه‌ڕ) دەدات، بۆ ئەوەی بەیەکەوەبژین، بێ ئەوەىبە هۆى بیروباوەڕى تایبەته‌وه‌، جنێو و قسەى ناشیرین بە یەکترى بڵێن و دەروونى یەکترى بریندار بکەن. چونکە هۆى دروستبوونى سیکیولاریزم، بریتییە لە قیتکردنەوە و پەرەسەندکردنى هەموو شتە هاوبەشەکان كه‌ لە نێوان خەڵکدا هەیە، نەک فراوان و بەگشتیکردنى شتە تایبەتەکان، کە تایبەتن بە هەندێ کەسەوە."

واته‌ سیکیولاریزم، دەبێت لە نێوان چەمکى ماف (Right) و چەمکى خێر و چاکە (Good)دا جیاکارى دروست بکات. بە دێرێکى تر، ترازانکردنەوە لە نێوان مەیانى سیاسى (Political Sphere)لە لایەکەوە و، هه‌روه‌ها ئه‌و باوەڕ و ڕوانینە جیاوازانه‌ی كه‌وا پەیوەندیدارن بە ویژدانی مرۆڤ و باوەڕە هزرى و ئایینییەکەیه‌وه‌، ئەوانەى کە ناتوانرێت بەسەر هەموو تاکەکانی ترى کۆمەڵگه‌دا بسه‌پێنرێت، لە لایەکى ترەوە. بەم شێوەیە "خێر"، ئایین و باوەڕە مەزهەبییەکان بەتایبەتى دەگرێتەوە؛ واته‌ گشت ئەو دیدانەى كه‌وا ئەخلاق  (Ethics)جێگە و پلەیەکى بڵندیان لە چوارچێوەى زاراوەى "خێر"دا هەیە، بە شێوەیەک کە لە لایەن بوونەوەرێکى ئەوپەڕى هێزدار و پایەدار (خودا)وه ‌بەرجەستە دەکرێت، کە لە بازنەى تواناییى هەڵسەنگاندن و دەسەڵاتی مرۆڤەوە دەردەچێت. کەواته‌ سیکیولاریزم، دوو بیرۆکەى بەستراو بەیەک دەگرێتەوە: یەکەمیان جیاکردنەوەیە له‌ نێوان هاوبەشیى گشتى (Public Common)، واتا هەموو ئەو شتانەى کە هاوبەشە بۆ هەموو تاکەکانى کۆمەڵگه‌ لە چوارچێوەى مەیانى گشتى(Public Sphere) لە لایەک، هەروەها مەیانى تایبەت (Private Sphere)، کە ئەو شتانە دەگرێتەوە كه‌ تایبەتن بە ماف و ژیان و بیرى مرۆڤەوە، لە لایەکى دیکەوە. دووەم بیرۆکەیش، لە بەشداربوون لە چالاکییەکانى مەیانى گشتى و قایلبوون بە ژیان لەگەڵ "ئەوانى تر"دا بەرجەستەیە؛ ئەمەیش لە ڕێگەى قایلبوون بە پرەنسیپە یاسایییەکان، كه‌ ژیانى گشتى ڕێک دەخات. کەواته‌، مەرجه‌عییەتى سیکیولاریزم، خۆى لەوەدا دەنوێنێت کە شتى هاوبەش بۆ هەموو تاکەکانە، بەبێگەڕانەوە و پەنابردن بۆ جیاوازییە ئایینییەکان. ئەمەیش دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەکانى دروستبوونى دەوڵەت، چونکە چەمکى کۆمار (Republic)، یان دەوڵەت، لە خودى بەرژەوەندیى هاوبەش و گشتییەوە (Res Publica) هاتووە؛ واته‌ کۆمار (یان شتى هاوبەش)، پێویستە لە خزمەتى هەموو گەل (Laos)، نەک لە خزمەتى بەرژەوەندیى تایبەتدا بێت.

لەسەر بنەماى ئەوەى باسمان کرد، ئەگەر هات و تیشک بخەینە سەر سیکیولاریزم لە ئەمریکا، دەبینین کە یەکەمین هەموارکردن لەسەر دەستوورە فیدراڵییەکەى، کە لە ساڵى 1791 ئەنجام درا، سیکیولاریزمى کرد بە ڕێبازى دەوڵەت بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ، ئەوەیش بەم دەقەى خوارەوە:

   "کۆنگریس، بە هیچ شێوەیەک بۆى نییە یاسایەک دابڕژێت كه‌ خەسڵەتێکى فەرمى بخاتە سەر هەر ئایینێک، یان ئازادیى پراکتیزەکردنى هەر ئایینێک قەدەغە بکات، یان کار بکات بۆ ئەوەى ئازادیى ڕادەربڕین، یان ئازادیى ڕۆژنامەگەرى، یان مافى خەڵک لە کۆبوونەوەى ئاشتییانە تەسک بکاتەوە و، ببێتە بەربەستێک لەبەردەم حکوومەت، کاتێ دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ داواکارییەکانى حوکمڕانکراوەکاندا دەکات."

بەپێى ڕاى سێیەمین سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا (تۆماس جێفێرسۆن Tomas Jefferson)، "دەستوور، بەم شێوەیە دیوارێکى جیاکارى(Wall of Separation)له‌ نێوان کڵێسە و دەوڵەتدا دروستکرد لە ڕێگه‌ى هەردوو بڕگەى ئایینى فەرمى و ئازادیى کارتێداکردنى ئایینى؛ هەردووکیان، کار لەسەر پتەوکردنەوەى ژیانى ئایینى دەکەن، دژى هەردەستێوەردانێک لەلایەن حكوومەتەوە."

واته‌ ئەم هەموارکردنە دەستوورییە، جەخت دەکاتە سەر ترازانەوە لە نێوان دەوڵەتى فیدرال و کڵێسەکان. هەروەها دەوڵەت، ڕەنگى هیچ ئایینێکى فەرمى، یان کڵێسەیەکى فەرمى ناداتەوە (Established Religion or Established Church). هەروەها، ناکرێت هیچ ئایینێک یان کڵێسەیەک، ببێتە خاوەن ئیمتیاز و سوودێکى سیاسى. بەم شێوەیە، دەستوور گەرەنتیى ئازادیى ئایینیى ڕەها دەکات. کەواته‌ مەبەست لەم جیاکردنەوەیەی نێوان ئایین و دەسەڵاتى سیاسى، بریتییە لە پاراستنى ئایین لە دەوڵەت، نەک بەپێچەوانە؛ نەهێشتنى دەستێوەردانى دەوڵەت لە کاروبارى ئایینیدا، نەک دەستێوەردانى ئایین لە کاروبارى سیاسیدا. بە دێرێکى تر، لە ئەمریکا بەپێچەوانەى وڵاتە کاتۆلیکییەکان (وەکوو فەرەنسا)، دەوڵەت خۆى لە کاروبارى کڵێسە دەستێوەردان دەکات، نەک بەپێچەوانەوە، چونکە کڵێسە لە زۆربەى وڵاتە پروتیستانتییەکاندا، دەزگه‌یەکە کار و کردارەکانى، لە چوارچێوەى دەوڵەتدا ئەنجام دەدرێن. بۆیە مەبەست لە یەکەمین هەموارکردنى دەستوورى ئەمریکى، نەهێشتنى ڕوودانى ئەم بارودۆخە بوو. بەڵام بوارى پراکتیکی، ئاماژە بەوە دەکات کە هێزى دەوڵەت چەند گەشە و فراوان بێت و، لە لایەن ئاراستە سیکیولارەکانى کۆمەڵگه‌وه پاڵپشتى بکرێت‌، ئەوەندە دەوڵەت دەقى هەموارکردنەوەى یەکەم پراکتیزە دەکات؛ بەو شێوەى کە ناهێڵێت کڵێسە دەست له‌ کاروبارى دەوڵەت وه‌ربدات. بەرامبەر ئەم ئاراستەیە، دەبینین کڵێسە ئەگەر بەهێز بێت، ئەوا دەستێوەردانى مەیانى سیاسى دەکات؛ بە هۆى پاڵپشتکردنى لەلایەن هێزە کۆمەڵایەتییەکان و ئه‌و دەزگه‌ کاریگەرانه‌یكه‌ ئایینین، یان خاوەن مۆركێکى ئایینین، بەتایبەتى لەناو دەزگه‌ى سەرۆکایەتیى دەوڵەتدا.

بەپێى ئەو تێکستە دەستوورییە، عەلمانییەت (سیكیولاریزم)ى ئەمریکى، خۆى لەم دوو ڕەستەیەدا بەرجەستە دەکات: نابێت حکوومەت "خەسڵەتێکى فەرمى بخاتەسەر هیچ ئایینێک"، هەروەها نابێت حکوومەت "ئازادیى پراکتیزەکردنى هیچ ئایینێک قەدەغە بکات." ئەم دوو ڕستەیەیش لە نووسراوە یاسایی و هزرییەکاندا بە دوو زاراوەى تایبەت گوزارشتیان لێ دەکرێ: "کڵێسەى فەرمى" و "ئازادیى پراکتیزەکردنى ئایینى". دەتوانین هەردووکیان بەم شێوەى خوارەوە شى بکەینەوە:

1-   بڕگەى "کڵێسەى فەرمى":

 ئەمەیش واتاکەى بریتییە لە "دانانى سنوورى ئەو ئاستە، کە حکوومەت تیایدا بۆى ڕەوایە بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ، یان ناراستەوخۆ، لایەنگریى ئایینێک بکات. بە واتایەکى تر، تا چ ئاستێک حكوومەت دەتوانێت بەشێوەیەکى ڕەوا، پاڵپشتیى ئایین بکات."

2-  بڕگەى "ئازادیى پراکتیزەکردنى ئایینى":

ئەم بڕگەیە دوو بوار دەگرێتەوە، یەکەمیان بریتییە لە باوەڕەکان، واته‌ ئەو ڕێسا و ڕێنمایى و بۆچوونانەى كه‌وا تاک (یان کۆمەڵێک) باوەڕى پێیان هێناوە و، کردوویەتى بە ڕێبازی ژیانى خۆى. ئەم باوەڕانە، بۆ هیچ لایەنێکى فەرمى نییه‌، تەنانەت ئەگەر دادگه‌ى باڵاى فیدراڵیش بێت، نزیكیان ببێتەوە. دووەمیان، ئەو ڕەفتار و ڕەوشتەى كه‌وا دەرەنجامى ئەو باوەڕە ئایینییانەیە. لایەنە فەرمییەکان ڕێگه‌پێدراون، كه‌ دەست له‌م بواره‌ وه‌ربده‌ن. دادگه‌ى باڵای ئەمریکى، بەڕوونى گوزارشتى لێ کردووە بەوەى کە "لە لایەکەوە کونگرێس هیچ دەسەڵاتێکى یاسادانانى لەسەر ڕا و ڕوانین نییە. بەڵام لە لایەکى ترەوە، کونگرێس ئازادە بەشێوەیەکى ڕەها بۆ سەپاندنى دەسەڵاتەکەى لەسەر ئەو ڕەفتارانەى كه،‌ وا دادەنرێ تێپەربوون ولادانە لە ئەرکە کۆمەڵایەتییەکان، یان وا دادەنرێت کە کرده‌وەیەکە دژى سیستەمەکەیە". ئەمه‌یش لەسەر بنچینەى ئەوەى کە ئازادیى ئایینى، دوو جۆر ئازادى دەگرێتەوە: ئازادیى باوەڕ و ئازادیى پراکتیزەى باوەڕ. جا لەبەر ئەوەى بازنەى چەمكی ئازادیى باوەڕ، بازنەیەکى ڕەهایە، بۆیە دەبێت فراوانییەکەى چەمكی ئازادیى پراکتیزەى باوەڕ، بەهەمان شێواز نەبێت. چونکە ڕەفتار بەگشتى، چ ئایینى بێت، یان ئایینى نەبێت، پێویستە ملکەچ و پابەندى یاسا و ڕێنمایییەکان بێت بۆ پاراستنى کۆمەڵگه‌.

بۆمان دەردەکەوێ کە بڕگەى یەکەم لە یەکەمین هەموارکردنەوەى دەستوورى ئەمریکى، دەستێوەردانى حکوومەت لە دۆز و کێشە ئایینییەکان سنوورداردەکات. هەروەها بڕگەى دووەم لە هەمان هەموارکردنەوە، پەیوەندیى نێوان چالاکییە ئایینیەکان و کردەوە فەرمییەکانى حکوومەت ڕێک دەخات. واتا بڕگەی دووەم، جەخت لەسەر ئەوەدەکاته‌وه‌ كه‌ ڕەفتارى ئایینى، دەرەنجامى باوەڕى ئایینییە و، پێویستە پێشێلى سیستەمى گشتى نەکات. هەروەها، ڕێگە به کۆنگرێس دەدات بۆ دەستێوەردان تەنیا لەم بوارەدا "ڕكێفكردنی ڕەفتار و ڕەوشتی ئایینی به یاسا"، ئەم ڕێگەپێدانەش بوارى بیر و باوەڕ ناگرێتەوە، کە لەسەر بنچینەکەى ڕەفتارەكه دەرکەوت و، پراکتیزە کرا. ئەم  ڕوانینەیش پشت بە بەرجەستەکردنى هاوسەنگیى نێوان مافى تایبەت و مافى گشتى دەبەستێت. چونکە باوەڕى ئایینى و مافى پراکتیزەکردنى باوەڕ هەردووکیان لە مافە تایبەتەکانى مرۆڤن، بەڵام مافى پراکتیزەکردنى باوەڕ، لەبەر ئەوەى کاتێ جێبەجێ دەکرێت، دەبێت لە چوارچێوەى سیستەمى فەرمى و گشتیدا ئەنجام بدرێت، بۆیە پێشێلکردنى ئەم سیستەمە لە بنەڕەتدا، دەبێتە پێشێلکردنى مافى گشتی لە هەمان کاتدا. بەدەر لەم حاڵەتە، هەردوو مافەکە لە بازنەى "مافى تایبەت"ن؛ جا ئەگەر پەیوەندیداربن بە تاک، یان بە کۆمەڵەکان. نموونەى ئەم بارودۆخەیش، بەکارهێنانى ماددەى هۆشبەر لە کەرنەڤاڵە ئایینییەکاندا لە لایەن دانیشتووانی ڕەسەنى ئەمریکا(Indigenous Peoples).

سەربارى ئەوەیش، لە نموونەى سیکیولاریزمى ئەمریکى، چەند دەرەنجامێکمان بۆ دەردەکەوێت:

I.     لێجیاکردنەوەی دەوڵەت و کڵێسە، لە بنەڕەتدا کۆششێکە بۆ پاراستنى ئایین لە دەوڵەت، نەک بۆ پاراستنى دەوڵەت لە ئایین. چونکە مەبەست لە یەکەمین هەموارکردنەوەى دەستوورى ئەمریکا، بریتییە لە ئازادکردنى تاکى "خاوەن باوەڕى ئایینى" لە کۆت و زۆرەملێى دەوڵەت بەسەر مافى تاکەکان، کاتێ بەو شێوەى دەیانەوێت،پراکتیزەى ئایینى خۆیان دەکەن. بەڵگەیش لەسەر ئەم دەرەنجامە ئه‌وه‌یه‌ كه‌، ئایین یەکەم بابەتى هەموارکردنى دەستوور بوو، ئەوەیش بە مەبەستى دوورخستنەوەى دەوڵەت بەشێوەیەکى یاسایى لە بازنەى کاروبارى ئایینى. چونکە سەرەتاى دەقى ئەم هەموارکردنەوه‌یه‌، بە "کۆتکردنى کۆنگرێس"دەست پێ دەکات، پاشان ڕەتکردنەوەى هەر دەستێوەردانێک لە بوارى ئایینى، بە ڕێگەى دامەزراندنى دەزگه‌یەکى ئایینى، یانیش نەهێشتنى پراکتیزەکردنى ئایین بە ئازادى.

II.    نموونەى سیکیولاریزمى ئەمریکى، "نموونەى هاوکارى و هاوبەشبوونە" لەسەر بناغەى ئەوەو لە ڕوانگەى ئەوەوه‌ تەماشاى کڵێسە و دەوڵەت دەکات کە هەردووکیان دوو دەزگه‌ى هاوسەنگ و سەربەخۆن لە یەکتر لە بوارى ده‌زگه‌یییه‌وه‌، بەڵام هەردووکیان لە پێناو بەدیهێنانى ئامانجە هاوبەشەکانیاندا، هاوکارى یەکترن.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples