پێشوتار
ئەخلاق بریتییە لە کۆمەڵێک بەها و پرەنسیپ، کە دەبێتە هۆی ئاراستەکردنی ڕەفتار و ڕەخساندنی بواری گونجاو بۆ گفتوگۆی ئازاد و پابەندی ڕاگەیاندن. ناوەرۆک و تایبەتمەندی کاری ڕاگەیاندن بە شێوەیەکە، ڕەنگە خراپ بەکار بێت، بۆیە هەموو ئەو کەسانەی کاری ڕاگەیاندن دەکەن، ئەرکی قورسی بەرپرسیارێتیی ئەخلاقییان لە ئەستۆیە و بە هۆی ململانێی نێوان ڕۆڵی ڕاگەیاندن، لە پاراستنی بەرژەوەندیی هاووڵاتی و بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیاندا، بابەتی بنەما ئەخلاقییەکان، لایەنی جیاوازی لێ دەکەوێتەوە. لە بنەما گرینگەکانی تایبەت بە کاری ڕاگەیاندن ئەوەیە کە، ڕاگەیاندنکار پێویستە سهبارهت به ناوەرۆکی کاری خۆی زانیاریی هەبێت. ئەم بنەمایە لە ناڕوونترین بنەماکانی کاری ڕاگەیاندنە و، لە هەمان کاتدا هەموو بنەماکانی تری ڕاگەیاندن بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
ئامرازە کاریگەرەکان
بەشێکی گرینگی پابەندیی بە ئەخلاقەوە لە کاری ڕاگەیاندن، بەبێ بوونی هیچ جۆرە گوشارێکی دەرەکی، بۆ ئاستی ڕۆشنبیری و ویژدانی کەسی ڕاگەیاندنکار دەگەڕێتەوە و، هەرچەندە ئەخلاق لە قووڵاییی ناخی ڕاگەیاندنکارەوە هەڵقووڵابێ، دەوڵەمەندتر و بەنرختر دەبێت. بەشێکی تر لە ئەخلاقی ڕاگەیاندن، وەکوو هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، لەژێر ئامرازی کۆمەڵایەتیی جیاوازدا بەدی دێت. هەبوونی ئەم جیاوازییە، تا ڕادەیەک لە کوردستان و وڵاتانی جیاواز، پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە ژینگەی سیاسی، ژیانی کۆمەڵایەتی، ئاستی وشیاری و بەڕێوەبردنی سیستەمی حوکمڕانییەوە هەیە. لەم بابەتانەی خوارەوە، ئاماژە بە ئامرازە کاریگەرەکانی بواری ڕاگەیاندن دەکەین:
هۆکاری یاسایی: هەرچەندە لە ڕووی سنووری کارکردندا، جیاوازی لە نێوان ئەخلاق و یاسادا هەیە و سنووری ئەخلاق بەرفراوانترە و، ئامانجی ئەخلاق ئەوەیە کە ئەو پەیوەندییانەی لە نێوان تاکی کۆمەڵگە ڕوو دەدات بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە و ئەرکی زیاتر لە یاسا بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان دروست دەکات. لە هەر کۆمەڵگەیەکی یاسامەنددا، بە کەڵکوەرگرتن لە دەسەڵاتی یاسادانان، بنەماکانی ئەخلاق، لە کاری ڕاگەیاندندا چوارچێومەند دەکرێت، کە لەم بارەدا ئەخلاق وەکوو پشتیوانێکی دڵنیا بۆ ڕاپەراندنی یاسا، پەسەند دەکرێت. بۆیە یاسا یەکێکە لە هۆکاری پەیوەندیی نێوان ئەخلاق و ڕاگەیاندن و، لە هەمان کاتدا شارەزایانی بواری ڕاگەیاندن باوەریان وایە لەگەڵ بوونی پەیوەندیی ڕواڵەتیی بەهێز لە نێوان ئەخلاق و ڕاگەیاندندا، ئەم پەیوەندییە باشترین ڕێگەی پەیوەندیی نێوان ئەم دوو دیاردە نییە. بۆیە ئەرکی یاسادانەر هەستیارە و كاتێك بیر لە ئازادیی ڕاگەیاندن دەکاتەوە، پێویستە بیر لە ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاستی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی ڕاگەیاندنكاریش بکاتەوە و، هەروەها متمانە، بەرپرسیارێتی و ئەخلاق، مەرجی بنەڕەتین کە دەبێت لە یاسای ڕاگەیاندندا دەستەبەر بکرێن.
لەگەڵ بوونی یاسای نووسراو سەبارەت بە کاری ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستاندا، ڕاگەیاندن بەبێ گوێدان بە هیج پرەنسپێکی ئەخلاقی و نیشتیمانی و مێژوویی، هەر لە دروستکردنی پەڕتەوازەیی لەنێو تاکی کوردی و ڕق و کینە و یەکترقبووڵنەکردن و تێکدانی ئاشتەواییی کۆمەڵگە و قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکان، تاوەکوو دابەشکردنی کۆمەڵگە بەسەر چەند جەمسەردا، بە ئاڕاستەیەکی خراپ کاری کردووە.
سەندیکای پرۆفیشناڵ: لایەنێکی کاریگەرتر، کە لە ڕاستیدا ئەرکی ڕاپەڕاندنی ئەخلاقی و بەدواداچوونی ڕاگەیاندنی لە ئەستۆیە، ڕێژەی پابەندیی ڕاگەیاندنکار بە ئەخلاقەوە، کە تا ڕادەیەک پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە سەندیکاوە هەیە، ئاشکرایە ئەگەر سەندیکای پرۆفیشناڵی ڕاگەیاندن، بە هەر هۆیەک مەبەستی جێبەجێکردن و ڕێزگرتن لە ئەخلاقی ڕاگەیاندن نەبێت، هەرچەندە یاسای بەهێزیش سەبارەت بەم بابەتە بوونی هەبێت، تەنیا ڕێژەیەکی کەمی ئەخلاق لەنێو ڕاگەیاندنەکاندا ڕەنگدانەوەی دەبێت. بەم شێوەیه، وەکوو هەر چالاکییەکی کۆمەڵایەتیی تر، ڕێگەی دەرچوون لەژێر ڕکێفی یاسا، ئەم دەرفەتە بە جێبەجێکارانی ڕاگەیاندن دەدات کە بە شێواز و سیاسەتی جیاواز، کەمترین کاریگەریی ئەخلاقی لە نێوان ڕاگەیاندنکاران هەبێت و لەم چوارچێوەیەدا و سەبارەت بەوەی كە زۆرێک لەو وڵاتانەی کە بە قۆناغی گواستنەوەدا تێ دەپەڕن، ڕاگەیاندکار بە پاڵپشتیی سەندیکا و بە بیانووی ئازادیی بەیان (دهربڕین) و، بەبێ بوونی ڕاگەیاندنکاری پرۆفیشناڵ و بەئەزموون، تەنیا لە چوارچێوەی پێشبڕکێیەکی نامەشروعدا، نابەرپرسانە ڕووداوی نێو كۆمەڵگە ڕووماڵ دەكەن و زانیاریی هەڵە و چەواشە بڵاو دەكەنەوە.
کاتێک ڕەخنە لەم جۆرە ڕاگەیاندنانە دەگیرێت، پەنا دەبەنە بەر ئازادیی دهربڕین و، دوور لە ئاكار و ئەخلاقی ڕاگەیاندنی پرۆفیشناڵ، بارودۆخەكە بۆ بەرژەوەندیی ئەو لایەنەی هەڵیان دەسووڕێنێت، دەشێوێنن. فلیكس فرانكفۆرتێر، لەم بارەوە دەڵێت: "ئازادیی ڕاگەیاندن ئامانج نییە، بەڵكوو ئامرازێکە بۆ گەییشتن بە كۆمەڵگەیەكی ئازاد و ئەخلاقمەند". ڕاگەیاندنی ئازاد، دەتوانێت بە ئەنجامگەیاندنی ئەرکی ڕاستەقینەی خۆی، باشترین یاریدەدەر بێت بۆ ئەوەی حکوومەتێکی بەهێز، سەقامگیر و دیموکراسی بێتە كایەوە. هەروەها بۆ خودی ڕاگەیاندنکار لایەنی ئەخلاقی، گرینگیی تایبەتی هەیە، چونکە هۆکاری سەرەکیی هەڵبژاردنی ئەم ئەرکە لە لایەن ئەوانەوە، لە ڕاستیدا پاراستنی بەرژەوەندی و دژایەتیی نایەکسانی لە کۆمەڵگەدایە و، ئەم هەستە لە ویژدانی ڕاگەیاندنکارەوە هەڵقووڵاوە. هەروەکوو کارۆڵ مارین دووپاتی کردۆتەوە کە هیچ یاسایەک بەسەر هەواڵدا حوکم ناکات؛ تەنیا خودی ڕاگەیاندنکارە، سەبارەت بەوەی کە دەبێت ئەنجامی بدات، بڕیاری کۆتایی دەدات.
بینەرانی ڕاگەیاندن: جگە لە ڕۆڵی ئامرازەکانی سەندیکا و یاسامەندکردنی ئەخلاقی ڕاگەیاندن، بەشێکی سەرەکیی حاشاهەڵنەگر لە کاری ڕاگەیاندندا، بێنەران و خوێنەرانن. ئەگەر بینەران و خوێنەرانی ڕاگەیاندن لە کۆمەڵگەدا، گرینگی بە پاراستنی ئەخلاق و بەها باوهكانی کۆمەڵگە بدەن و پێیانهوه پابەند بن، ڕاگەیاندنیش بۆ مانەوە و بەردەوامبوون، بە پێوەرەکانی کۆمەڵگەوە پابەند دەبێت و، هەروەها لە کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقمەند و ڕۆشنبیردا، بایکۆتی ڕاگەیاندنێک دەکرێت کە ڕچاوی بنەما ئەخلاقییەکان و بەها پێرۆزەکان نەکات. ئەگەر پابەندنەبوون بە ئەخلاقی ڕاگەیاندنەوە لە کۆمەڵگەدا بەرفراوان بێت، بەپێی پرەنسیپی "پەیرەویی ڕاگەیاندن لە بینەران"، ئەو ڕاگەیاندنانەی کە بەبێ ڕچاوکردنی ئەرکی چاکسازی و ڕاهێنان، تەنیا بیر لە بەدەستهێنانی بەرژەوەندیی کاتیی خۆیان لە چوارچێوەی نووسینگەیەکی ئابووریدا دەکەنەوە، لە ڕاستیدا بە پێچەوانەی خواستی بینەرانەوە کار دەکەن و بنەماکانی ڕاگەیاندن پێشێل دەکەن. هەرچەندە کۆمەڵگە و بینەرانی ڕاگەیاندن، باشترین و کاریگەرترین ئامرازی کونتڕۆڵی ڕاگەیاندنن، بەڵام لە هەمان کاتدا، ناکرێت ڕۆڵی یاسا لاواز و، داهاتووی ڕاگەیاندن بدرێتە دەست کەسانێکەوە کە مەترسیی ئەوەیان لێ دەکرێت لە ڕێگەی ئایین و بەها ئایینییەکانەوە پێوەرەکانی ئەخلاقی و ئازادیی ڕاگەیاندن دیاری بکرێت و، کۆمەڵگە بکەوێتە ژێر پرەنسیپی ئایینیی داخراوەوە. چونکە ئایین، هەمووی لە یەک سەرچاوە هەڵقووڵاوە و، هەر کاتێک وەکوو ئامرازێک بۆ دابینکردن یان دەستەبەرکردنی ئەخلاق لە کاری ڕاگەیاندندا پشتی پێ ببەسترێت؛ جۆرێک پۆلێنکاری بەسەر بیرۆکەی جیاوازی ڕاگەیاندندا زاڵ دەبێت.
دووفاقیی ئەخلاقی ڕاگەیاندن
بەرژەوەندیی ماددیی خێرای دەزگهی ڕاگەیاندن، یان بەرژەوەندیی هەمیشەییی کۆمەڵگه، ئەو ڕاگەیاندنانەی کە تەنیا لەسەر بنەمای بیرۆکەی ڕووتی ئابووری دامەزراون و، لە کاری ڕۆژانەی خۆیاندا تەنیا لەسەر بنەمای ئابووری و ئامانجی سیاسیی خۆیان کار دەکەن، جۆرێک هاودژی لە نێوان ئەم دوو بەرژەوەندییهدا دروست دەکەن. بەو مانایەی کە زانیارییه بڵاوکراوەکان بابەتێکە کە بە ئامانجی گشتی، لەگەڵ بەرژەوەندیی کۆمەڵگەدا سازگارن، یان بابەتی نائەخلاقین و دژی بەرژەوەندیی کۆمەڵگەن و لە ڕاستای بەرژەوەندیی تایبەت و لایەنێکی دیاریکراودان. لە پێرەوی ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتیدا، ئەخلاقی ڕاگەیاندن وا ئاماژەی پێ کراوە كە: "بڵاوكردنەوەی تەواو و دروستی هەواڵ و زانیارییه، لەسەر بنەمای بیر و ڕای جیاواز و، ڕاگەیاندنکار پێویستە خۆشەویستی، یان ڕقی خۆی تێكەڵ بە كارەكانی نەکات و لە كۆتاییدا نەكەوێتە ژێر كارتێكەریی حكوومەت و هاووڵاتیانەوە." لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، زۆر جار ڕاگەیاندن بەدەر لە بەرژەوەندیی خۆی یان کۆمەڵگە، تەنیا جێبەجێکاری سیاسەتی لایەنێکە کە ساپۆرتی داراییی دەکات و هەموو ڕاپۆرت و هەواڵ و شرۆڤەکانی، بۆ بەرژەوەندیی ئەو لایەنەیە و، ئامادەیە لەم ڕاستایهدا پێشێلکاریی هەموو بنەماکانی ئەخلاقی ڕاگەیاندن و کەلتووری باوی کۆمەڵگە بکات. ئەمە لە کاتێکدایە، کە ڕاگەیاندن لەم بارەوە ڕۆڵی یهكلاكهرهوه دهبینیت و، چۆمسكی، بیرمهندی ئهمریكی، شیكاری ورد و زانستیی بۆ ڕاگەیاندنی كۆنترۆڵكراو کردووە و باوەری وایە لهژێر هێژموونیی دهسهڵاتدا كار دهكات و ئامانجی بهرژهوهندیی ئهوانه، نهک بهرژهوهندیی گهلان و ئاشتی و پێكهوهژیانی نیوان پێكهاتهكان و نهتهوهكان. بە گریمانەکردنی ئەوەی کە ڕاگەیاندن بە هۆی ئەرکی خۆی، کە بریتییە لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاریی دروست بە هاووڵاتیان و هەر هەواڵ و زانیارییەک کە یاسا ڕێگەی پێ داوە، بەبێ سانسۆر بڵاوی دەکاتەوە، زۆر جار لە نێوان ڕاگەیاندنەکاندا بە مەبەستی زووتربڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری، پێشبرکێ ڕوو دەدات و، لەم پێشبڕکێیهدا هیچ یاسا و ڕێسا و پرەنسیپێکی ئەخلاقی، لە پێشێلکردن بەدەر نییە. ڕاگەیاندن دەتوانێت داواکاریی کۆمەڵگە بەو ئاقارەدا ببات کە حزب دەیەوێت و کۆنتڕۆڵی ڕای گشتی بکات. جۆزیف پۆلیتزەر دەڵێت: "میدیای خراپ، بە تێپەڕبوونی كات، گەلێكی خراپی وەك خۆی بەرهەم دەهێنێت". لهم بارەوە دهتوانین سهرنجی زۆر نموونهی مێژوویی بدهین كه دهسهڵات، ڕاگهیاندنی وهك ئامرازێكی كاریگهر، بۆ ئاراستهكردنی ڕای گشتیی كۆمهڵگە بهرهو جهنگ، بهكار هێناوه. ڕاگهیاندنی ئهمریكی له سهروبهندی جهنگی جیهانیی دووهمدا، به جۆرێك گهلی ئهمریكای له گهلێكی ئاشتیخواز، كرد به گهلێکی شەڕخواز.
بۆیە، جێگهی پرسیارە، چ کەس و ناوەندێک، دهسهڵاتی ئهوهی ههیه ئاراستە و سنوور و هێڵی سوور بۆ ڕاگەیاندنەکان لە هەرێمی کوردستاندا، دیاری بكات؟ سەبارەت بە وەڵامی ئەم پرسیارە، ڕا و بۆچوونی جیاواز هەیە. ناوەندەکانی ڕاگەیاندن، بە گوتەی خۆیان، بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتیان کار دەکەن و خواستی هاووڵاتی، پێوەری کاری ئەوانە. ئەم بیانووه هەرچەندە پەسەندە، بەڵام گرفتی بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی کۆمەڵگەی ئێمە چارەسەر ناکات؛ چونکە هەر دەزگهیەکی ڕاگەیاندن، دەتوانێت سیاسەتی کاری خۆی لە ڕاستای داواکاریی هاووڵاتیدا هەژمار بکات. بەڵام لە ڕاستیدا، لە پشت ڕاگەیاندنی کۆردستانەوە، ئەقڵێکی حزبویست، دوور لە بەها نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بوونی هەیە و بەڕێوەی دەبات، هەر کاتێکێش لایەنە سیاسییەکان لە پرۆسەی گفتوگۆدا بیانەوێت نزیک ببنەوە، ڕاگەیاندنەکان بێدەنگ دەکەن. بۆیە، حزب لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی سەرەکیی بەسەر ڕاگەیاندندا هەیە و، وەک چۆن لە ماوەی ڕابردوودا بەشێک بووە لە دروستبوونی ناکۆکی و درێژەدان بە ململانێی سیاسی، ئاوایش لە ئێستا دەتوانێت ببێتە بەشێک لە چارەسەری ناکۆکی و کۆتاییهێنان بە ململانێ و قەیرانەکان. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی لە ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستاندا بووەتە بنەما، پێشبڕکێیەکی نامەشروعە، کە بەدەرە لە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و لەسەر حسابی بەرژەوەندیی هاووڵاتیان و پێشێڵکردنی سەروەریی نیشتیمانی کار دەکەن.
ئەخلاقی ڕاگەیاندن لە ڕوانگەی یاساوە
بۆ ئەوەی ئەخلاقی ڕاگەیاندن لە چوارچێوەی هزری دەربچێت و ڕواڵەتی ڕاستەقینەی خۆی بەدەست بێنێت، پێویستە بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی یاساوە و، گەرەنتیی جێبەجێکردن وەربگرێت. هەروەها زۆرێک لە شارەزایانی یاسا، باوەریان وایە کە یاسا و ڕێسا لە وڵاتان بە گوێرەی سیستەمی یاسایی و سیاسیی کارپێکراوی ئەو وڵاتە، ئەخلاقی پەسەندکراوی کۆمەڵگەیە کە بە هۆی یاساوە گەرەنتیی جێبەجێکردنی وەرگرتووە و یاسامەند بووەتەوە.
بیرۆکەی یەکسانیی یاسا و ئەخلاق لە ڕوانگەی ڕاستیخوازییهوه، بەو شتەی کە لە گۆرەپانی ڕاگەیاندندا ڕوو دەدات، دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە تێگەییشتنی جیاواز و زۆر جار هاودژ لە ئەخلاقدا، بوونی هەیە. بۆیە پێویستە ئەخلاقی پەسەندکراو، کە زۆربەی تاکی کومەڵگە باوەریان پێیەتی و دژی بنەماکانی داب و نەریتی کۆمەڵگە نییە، جێگیر و، هەوڵ بدرێت لە ڕێگەی ئامرازی یاسایییەوە گەرەنتیی جێبەجێکردن وەربگرێت. بەو مانایەی کە حکوومەت ئەرکی پاراستنی بەرژەوەندیی کۆمەڵگەی لە ئەستۆیە، پێویستە ئەخلاقی پەسەندکراو لە بواری ڕاگەیاندندا بەسەر ناوەندە ڕاگەیاندنەکاندا بسەپێنێت و مۆڵەتی پێشێلکردنیان پێ نەدات. ئەخلاقی ڕاگەیاندنی یاسامەند، بەربەستە بۆ خراپبەکارهێنانی لە بواری ڕاگەیاندندا. لە لایەکی ترەوە، ئەگەر چوارچێوەیەکی یاسایی سەبارەت بە بنەماکانی ئەخلاق دیاری نەکرێت، حکوومەت بە بیانووی پێشێلکردنی ئەم بنەمایانە، ئازادیی ڕاگەیاندن سنووردار و پێشێل دەکات. هەروەها ئەو دەزگه ڕاگەیاندنانەی لەژێر سێبەری ئازادیی ڕاگەیاندندا بە شوێن بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان یان حزب و لایەنێکی دیاریکراوەوەن، بە خراپبەکارهێنانی ئەم بنەمایە، زۆرێک لە بنەما ئەخلاقییەکان کە بۆ کۆمەڵگە جێگهی ڕێزە، پێشێل دەکەن. یەکەم هەنگاو، کارکردنە لەسەر ڕاگەیاندنی حزب، گەڕانەوەی پرەنسیپی ئەخلاقی و پیشەیی و نەتەوەیی و نیشتمانییە بۆ نێو گوتاری ڕاگەیاندن.
بەڵام لە ڕوانگەیەکی ترەوە سوودوەرگرتن لە یاسا بە مەبەستی پابەندکردنی ڕاگەیاندن بە ئەخلاقەوە، جێگەی سەرنجە و باوەر وایە پانتای ئەخلاق بەربڵاوترە نسبەت بە یاسا، یان بە واتایەکی تر، ئەگەر یاسا لەسەر بنەمای ئەخلاق داڕێژرابێت، تەنیا بەشێک لە بەها ئەخلاقییەکان لەخۆ دەگرێت. هەروەها هەندێ لە وڵاتان، مەیلی پاراستنی بنەما ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگەیان نییە. هەرچەندە لە ڕواڵەتدا هەوڵی پاراستنی دەدەن، بەڵام بەکردەوە بەردەوام ڕێگە بە پێشێڵکردنی دەدەن. کەواتە چۆن دەکرێت چاوەڕێی پاراستنی بنەماکانی ئەخلاقی لەنێو ڕاگەیاندن و گەرەنتیی یاسامەندکردنی بکرێت. ڕاگەیاندنی ئەخلاقمەند بابەتێکە کە دەبێت ناوەندی ڕاگەیاندن، بە پشتبەستن بە ویژدانی کاریی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنکار، بە سەرنجدان لە ڕێژەی پابەندی بە بنەماکانی ئەخلاقییەوە هەوڵی ڕچاوکردنیان بدەن، ئهگەرنە، لە ڕێگەی یاساوە، دروستکردنی فشار لەسەر ناوەندەکانی ڕاگەیاندن، کاریگەری ئەوتۆی نابێت. بە وتەی "کاروڵ مارین: "ڕاگەیاندنکار کەسێکە کە ئامادەیە بۆ بەرگری لە باوەڕەکانی، دەست لە کارەکەی هەڵگرێت."
دەرەنجام
ئەخلاقی ڕاگەیاندن بابەتێکە، کە ڕاگەیاندنکار پێویستە لەسەر ویستی دەروونی و ویژدانی کاریی خۆی، پەرەی پێ بدات و پابەندی بنەما ئەخلاقییەکان و بەڵێنی کەسیی خۆی لە بەرامبەر کۆمەڵگەدا بێت و، ڕۆژانە بە دەنگی بەرز ئەم بەڵێنە دووپات بکاتەوە و، سەبارەت بە بەرگری لە مافی هاووڵاتی، پاراستنی بێلایەنی و ڕاستیی هەواڵ و زانیاری، هەموو تواناکانی خۆی بەکار بێنێت.
لە لایەکی ترەوە، پێویستە ئەو بیرۆکەیهی کە دەزگهی ڕاگەیاندنی ئێمە بەڕێوە دەبات، بگۆڕدرێت بە بیرۆکەی ئەکادیمی و نیشتمانی و ئاشتیخواز. لەم کاتەدا، ئەوەی لە کاری ڕاگەیاندندا لە هەرێمی کوردستان دەبینرێت، ویستێکی نالۆژیکیی دوور لە هەموو بەها ئەخلاقی و، کاریگەریی خراپی لەسەر بارودۆخی ناوخۆ دروست کردووە و ئاشتەواییی کۆمەڵگەی کوردیی تێک داوە. هەروەها، ئەگەر دەزگهكانی ڕاگەیاندن، دهست بۆ چەواشەكردنی خەڵك ببهن، زیانێكی ڕاستەقینە بە دیموكراسی دەگەیەنن، چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی، خەڵكی متمانەیان بەم دەزگهیانە نەمێنێت؛ لە كاتێكدا ئەم دەزگهیانە لە بنیاتنانی دیموكراسیدا، ڕۆڵێكی گرنگ دەبینن. پێداچوونەوە بە سیاسەتی کاری ڕاگەیاندنی سێبەر، یەکێکە لە هەنگاوەکانی چارەسەر، ئەگەر لایەنە سیاسییەکان ویستی چارەسەری بارودۆخ و ناکۆکییەکانیان هەیە، چهند گرنگه دهسهڵاتی یاسادانان و دادوهری و ڕاپەراندن سەربەخۆ بێت، ئهوهندەیش گرینگه ڕاگهیاندنی كوردی لهژێر کاریگەری و بهرژهوهندییهكانی لایەنە سیاسییەکان ڕزگار بكرێت.
تا کاتێک ڕاگهیاندن لە هەرێمی کوردستاندا لە خزمەت بهرژهوهندیی حزبه ناکۆک و دژبەیەکهكاندا بێت، ناکۆکییەکان لەم ڕێگەوە بۆ نێو کۆمەڵگە دەگوازرێتەوە و کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییهكان قووڵبوونەوەی زیاتر بە خۆیانەوە دەبینن و، ههموو کاتێک ئهگهری تێكچوونی ئاشتیی كۆمهڵایهتی و ناسەقامگیری، بوونی هەیە. کاریگەریی ڕاگەیاندن لە کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستاندا، گەییشتۆتە ئاستێک بەو شێوەی کە دەیانەوێت شەقام بەڕێوە دەبەن. لە کاتێکدا ئەرکی سەرەکیی ڕاگەیاندن، گەیاندن و هەواڵ و زانیاری دروست و چاودێریكردن و بەدواداچوونە لە سەر حکوومەتە. لە بەرامبهردا حکوومەت، لە جیاتی سنووردارکردنی ئازادی، بە کەڵکوەرگرتن لە خاڵی ئەرێنیی بیرۆکە جیاوازەکان، دڵنیاترین ڕێگە بۆ پەرەپێدان و پابەندی بە ئەخلاقەوە لەنێو دەزگه ڕاگەیاندنەکاندا دەستنیشان بكات و، بۆ ئەوەی ڕاگەیاندنهكان لە كاری نەشیاوی خۆیان بەردەوام نەبن، پێویستە میكانیزمی یاسای گونجاو بۆ ڕاستکردنەوەیان بگیرێتە بەر.