پێگەی یاسای پرەنسیپی مافی چارەی خۆنووسین

پێشوتار

سەربەخۆیی و بەئەندامبوون لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، پێویستیی بە مەرجی تایبەت هەیە. لە ڕوانگەی مێژووییشەوە، تەنیا بەڵگەی نێودەوڵەتی کە ڕەگەزە سەرەکییەکانی پێکهێنانی دەوڵەت دیاری دەکات، ڕێککەوتننامەی ماف و ئەرکی دەوڵەتانە کە لە ساڵی 1933 بەستراوە. لەم ڕێککەوتننامەیه‌دا، ڕەگەزەکانی پێکهێنانی دەوڵەت بریتین لە خاک، نەتەوە، حکوومەت و توانای دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی تردا. هەرچەندە سەبارەت بە سنوور و چۆنێتیی پیادەکردنی ئەم ڕەگەزە کلاسیکییانە لە نێوان شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتیدا کۆدەنگی نییە، لە هەمان کاتدا هاتنەکایەی هەندێ دەوڵەتی نۆێ لە سەدەی ڕابردوودا کە هەڵگری ڕەگەزی کلاسیکی پێویست سەبارەت بە دامەزراندنی دەوڵەت نەبوون، ئاماژە بە پەیدابوونی پێوەری نێودەوڵەتیی نۆێ لەسەر بنەما و بنچینەی ڕەگەزی یاساییبوون و شه‌رعییەت (ڕه‌وایه‌تی) دەکات. ئەم ڕەگەزە نوێیانە لە چوارچێوەی ڕێسای فەرمانکەری یاسای نێودەوڵەتی و هەڵگری بنەمای دامەزراندنی دەوڵەتی نۆێن و، لەسەر پرەنسیپی مافی چارەی خۆنووسین دارێژراون. لەسەر بنەمای ئەم گۆرانکارییانە، لە درێژەی ئەم وتارەدا ئاماژە بە دامەزراندنی دەوڵەتی نوێ، بەپێی پرەنسیپی مافی چارەی خۆنووسین دەکرێت.         

شه‌رعییەت (ڕه‌وایه‌تی)، ڕەگەزی نوێی دامەزراندنی دەوڵەت

 هەروەک ئاشکرایە، ڕەگەزە کلاسیکییەکانی دامەزراندنی دەوڵەت، لەسەر بنەمای سەروەریی  کاریگەر، یان حوكمڕانیی كاریگه‌رن. ڕاستییه‌كه‌ی، سەبارەت بە دامەزراندنی دەوڵەت، ئەم بنەمایە، ئاسەواری یاسایی بە واقعییەتی بارودۆخی کۆمەڵگە دەبەخشێت. بە واتایەکی تر، مانای کاریگەربوونی نەتەوەیەک بۆ دامەزراندنی دەوڵەت، توانای سوودمەندبوونە لە یاسا و، جێبەجێکردنی بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانە. بەڵام مامەڵە و هەڵسوکەوتی دەوڵەتان، حەکایەت لەوە دەکات کە تەنیا پرەنسیپی کاریگەربوون، نەبووەتە هۆکاری دامەزراندنی دەوڵەت. بە واتایەکی ڕوونتر، لە هەندێ باردا هەرچەندە چەمکی  "کاریگەری"، ئاشکرایە و بوونی هەیە، بەڵام بە هۆی سەرچاوەی نایاساییی ئەم کاریگەرییەوە، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەکوو دەوڵەت بەفەرمی نەناسراوە. لە بەرامبەردا لە هەندێ باردا، بە هۆی هاتنەکایەی ڕەگەزی نێودەوڵەتی نوێیەوە، نەتەوەیەک هەرچەندە بە شێوەی تەواو کاریگەر نەبووە بەڵام وەکوو دەوڵەت ناسراوە.

لە بیرۆکەی زاڵی شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتی و هەڵسوکەوتی پراکتیکیی دەوڵەتان، وا بەدیار دەکەوێت کە هۆکاری ئەم ڕاستییە، بۆ پەیدابوونی ڕەگەزی نوێی دامەزراندنی دەوڵەت لەسەر بنەمای یاساییبوون دەگەڕێتەوە. توێکاریی بەڵگەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و هەندێ لە دەوڵەتان سەبارەت بە بارودۆخی قوبرسی باکوور، ئاماژە بەم بابەتە و قورساییی ئه‌م بڕیاره‌، زیاتر دەکات. ئەگەرچی ئەم هەرێمە، بە شێوەی کاریگەر لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بوونی هەبووە، بەڵام بە هۆی سەرچاوەی نایاسایییەوە هیچ کات دەوڵەت بە مانای یاسای نێودەوڵەتی و کەسایەتیی یاسایی بە شێوەی تەواو بەدەست نەهێناوە.

سەبارەت بەم بابەتە "دووگارد" باوەڕی وایە، بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، حیکایەت لەوە دەکات کە ئەم هەرێمانە هەڵگری کاریگەری و دەرەنجامی یاساییی دەوڵەت نین، نەک بە هۆی ئەوەی کە ئەوان مەرجی پێویست بۆ بەدەوڵەتبوونیان تێدا نییە، بەڵکوو بوونی ئەوان، ڕێسا بنچینەیییه‌کانی یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکات. ئەم بۆچوونەی "دووگارد" جێگه‌ی ڕەخنەیە و باوەر وایە، به‌فه‌رمینەناسینی ئەم هەرێمانە، هەرچەندە بە شێوەی نایاسایی دامەزراون، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەم هەرێمە دیفاکتۆیانە لە بۆشاییی یاساییدا بمێننەوە و، ڕەنگە ببێتە هۆی تێکدانی ئاسایشی نێودەوڵەتی. لە بەرامبەردا هەندێ کەس، وەکوو "کرافۆرد" باوەری وایە، یاسای نێودەوڵەتی لەسەر ئەم هەرێمە دیفاکتۆیانەیش جێبەجێ دەکرێت؛ وەکوو تایوان، هەرچەندە دەوڵەت نییە، بەڵام بەپێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتییەوە ناتوانێت هەڵسوکەوت بکات. لەم بۆچوونانە، وا ده‌ردەکەوێت کە هەرێمێک کە خاوەنی ڕەگەزی  کلاسیکی دامەزراندنی دەوڵەتە و، وەکوو پێگەیەکی کاریگەری سەر زەوی، بوونی هەیە، بۆ ئەوەی لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە ببێتە دەوڵەت و کەسایەتیی یاساییی تەواوی هەبێت، دامەزراندنی، نابێت ببێتە هۆی پێشێلکردنی ڕێسا بنەڕەتییەکانی یاسای نێودەوڵەتی. بەڵام کاتێک کە نەتەوەیەکی جیاخواز بانگەشەی مافی چارەی خۆنووسینی دەرەکی دەکات، ئەوە بە مانای ململانێکردن لەگەڵ بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و سەروەریی دەوڵەتی ناوەنددا نییە، بەڵکوو بەو مانایە دێت کە ململانێکە بە مەبەستی گەییشتن بە مافە ڕەواکانیانە کە لە چوارچێوەی دەوڵه‌تی ناوەندیدا، پێ نەگەییشتوون.

مافی چارەی خۆنووسین.

مافی چارەی خۆنووسین (self-determination) واتە، مافی گەل بۆ دیاریکردنی ئازادانەی دۆخی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتووریی خۆیان. چه‌مكی‌ مافی‌ چاره‌ی‌ خۆنووسینی‌ نه‌ته‌وه‌یی،‌ ته‌نیا به‌ بنه‌ماكانی یاسای‌ نێودەوڵەتییەوە‌ نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكوو ڕه‌گ و ڕیشه‌یه‌كی‌ قووڵتری‌ له‌ سرووشتی‌ مرۆڤایەتیدا هه‌یه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، حه‌ز و ویستی سه‌ربه‌خۆییی‌ فه‌رهه‌نگی،‌ وه‌ك یه‌كێك له‌ كۆنترین و ناسراوترین فاكته‌ره‌كانی‌ هاندان و بزوێنه‌ری‌ سیاسی‌ له‌ مێژووی‌ مرۆڤایه‌تیدا تۆمار كراوه‌ و، دانپێدانان به‌ مافی‌ چاره‌ی‌ خۆنووسینی‌ نه‌ته‌وه‌ییش، وه‌ك بنه‌مایه‌كی‌ سه‌ره‌كیی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مۆدێرن پێناسه‌ی‌ بۆ ده‌كرێت و، چەمکێکە لە یاسای نێودەوڵەتیدا هاتووە و سەبارەت بە کاتی تەواوی داڕشتنی ناوەرۆکی ئەم مافە، لە نێوان یاساناساندا کۆدەنگیی تەواو نییە. هەرچەندە لە ماددەکانی 1 و 55ی بڵاوکراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و، هەروەها لە ماددەی یەکەمی پەیمانی مەدەنی - سیاسیدا بەڕوونی هاتووە و، دووپاتی کردۆەتەوە کە هەموو گەلان مافی چارەی خۆنووسینیان هەیە و، ئەم پەیمانە نێودەوڵەتییە یەکێکە لە بەڵێننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەسەر بنەمای جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤە و لە ساڵی 1976 کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەروەها  شرۆڤەی ژمارەی (23)ی "کۆمیتەی نەهێشتنی جیاوازیی" لە نێوان نەتەوەکان، مافی چارەی خۆنووسینی بۆ ناوخۆیی و دەرەکی دابەش کردووە و، مافی چارەی خۆنووسینی ناوخۆیی، ئاماژەیە بە جێگیركردنی داواکاریی گرووپێک لە چوارچێوەی دەوڵەتدا و، مافی بەشداریکردنی خەڵکە لە بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆیی و مافێکی مرۆیییە کە هەموو مرۆڤێک هەیەتی، وەکوو داواکاریی ڕەوای گەلی کورد لە پارچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێستادا. ئەم مافە پەیوەندیی بە خواستی ڕاستەقینەی خەڵکەوە هەیە و، پێویستە بە شێوەیەکی ئازادانە و بەدوور لە هەر جۆرە فشارێک سوودی لێ وەرگیرێت.

 مافی چارەی خۆنووسینی دەرەکی، ئاماژەیە بە جیاخوازی و دروستکردنی دەوڵەتی نوێ و گۆڕینی سنوورەکان بە ئامانجی بەدیهێنانی مافە ناوخۆیییە پێشێلکراوەکان. جێبەجێنەکردنی مافی چارەی خۆنووسینی ناوخۆییی نەتەوەکان، بە پاساوێکی گونجاو دادەنرێت بۆ داواکردنی مافی چارەی خۆنووسینی دەرەکی، وەک چۆن بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم باوەڕیان وایە کە حکوومەتی بەغدا ڕێگری لە تواناکانی گەلی کورد بۆ بەدیهێنانی مافی چارەی خۆنووسینی ناوخۆیی و بەدەستهێنانی گەشەپێدانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکات. لە مافی چارەی خۆنووسینی دەرەکیدا، تەنیا تایبەتە بەو کیانە داگیرکراوانەی کە بڕیارەکانی ساڵی 1960"" و1970""ی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی پێ داوە. هەروەها شیکاری بەڵگە جیاوازەکان سەبارەت بە داڕشتنی مافی چارەی خۆنووسین لە ڕوانگەی ناوخویی و دەرەکییەوە، ئەم مافە دووپات دەکاتەوە و، کاریگەریی ئەم پرەنسیپە سەبارەت بە دەوڵەتە نوێیەکان لە قۆناغی پێش و دوای ڕاماڵینی وڵاتە داگیرکەرەکان، جیاوازە. لە ئێستادا مافی چارەی خۆنووسین بۆ کیانە داگیرکراوەکان ڕوونە و، لە ڕێسای فەرمانکەرە نێودەوڵەتییەکانە، بەڵام لە بڕیاری ساڵی 1970، جاڕنامەی پەیوەندیی دۆستانەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: نابێت وەکوو بابەتێک بۆ داواکاریی جیابوونەوە، کەڵک لە مافی چارەی خۆنووسین وەرگیرێت. دامەزراندنی هەندێ لە وڵاتە نوێیەکان لە چوارچێوەی جیابوونەوەی یەکلایەنە لە دەوڵەتی ناوەندی لە قۆناغی پاش داگیرگەریدا، بە هۆی نەبوونی حکوومەتێکی کاریگەر وەکوو یەکێک لە ڕەگەزەکانی دامەزراندنی دەوڵەت، حەکایەت لە بەردەوامیی کاریگەریی مافی چارەی خۆنووسین، وەکوو ڕەگەزێکی گرنگ سەبارەت بە دەوڵەتە دروستکراوە نوێیەکان دەکات.

لە بڕیارە جیاوازەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بیرۆکەی پەسەند لای شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتی، ئەم بابەتە بەدیار دەکەوێت کە گوایە جیابوونەوەی یەکلایەنە لەگەڵ بنەماکانی سەروەری و یەکپارچەییی خاکی وڵاتاندا یەک ناگرێتەوە و، لە یاسای نێودەوڵەتیدا پشتگیری لە به‌فه‌رمیناسینی ئەم مافە ناکات، جگە لەو کیانانە نەبێت کە داگیر کراون؛ چونکە ئەم بابەتە، بەئاشکرا سەروەری و یەکپارچەییی خاکی دەوڵەتان دووچاری گرفت دەکاتەوە و، ئاسایش و سەقامگیریی نێودەوڵەتی دەکەوێتە مەترسییەوە. بۆیە زۆربەی داواکاریی جیابوونەوەی یەکلایەنە، دەبێتە هۆی دژایەتیی ناوخۆیی و دەرەکی و لە هەندێ باردا جه‌نگی ناوخۆی لێ دەکەوێتەوە. ئەمریکا و هەندێک لە دەوڵەتانی تر پاڵپشتیی تەواوی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جیابوونەوەی یەکجارەکی لە عێراق، بە هۆی پاراستنی یەکپارچەییی خاکی عێراق، ناکەن. هەروەها ئەو وڵاتانەی دژی سەربەخۆییی كۆسۆڤۆ بوون، دەگەڕانەوە سەر بەیاننامەی کۆتاییی هێلسینکی ساڵی 1975، کە ئەم بەیاننامەیه‌ پاراستنی سەروەری و یەکپارچەییی وڵاتان دووپات دەکاتەوە.‌ بەڵام  چەمکی "جیابوونه‌وه،‌ هەروەکوو ئاشکرایە له‌ ڕووی یاسایییه‌وه‌ جیاوازە لە سەربەخۆیی.

جیابوونه‌وه‌، لە یاسای نێودەوڵەتیدا بەو مانایەیە كه‌ به‌شێك لە ده‌وڵه‌تێك ‌جیا دەکرێتەوە‌, هاوكات پێشتر ئه‌و به‌شه‌ له ‌لایه‌ن ئەو وڵاتەوە داگیر نه‌كرابێت، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی کە له‌ باشووری سوودان ڕووی دا. به‌و پێیه‌ی، ئه‌و به‌شه‌ی لە خاكی وڵات پێشتر له ‌لایه‌ن سوودانه‌وه‌ داگیر نه‌كرابوو، به‌ڵام جیاخوازەکان، جیایان كرده‌وه‌ و ده‌وڵه‌تێكی نوێیان به ‌ناوی "باشووری سوودان" دامه‌زراند. به‌كارهێنانی چەمکی سه‌ربه‌خۆیی، بەو مانایە دێت كه‌ هەرێم له ‌لایه‌ن وڵاتێكی دیكه‌وه‌ داگیر كراوه‌؛ ئه‌و داگیركارییه‌یش، دەبێت كۆتاییی پێ بێت و، به‌ سه‌ربه‌خۆییی خۆی بگات. بۆ نموونە هه‌رێمی كوردستان لە زۆر بواردا، لەژێر داگیركاریی عێراقدا‌یە و، پێویستە هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا سەربەخۆ و، ئه‌و داگیركارییه‌ كۆتاییی پێ بێت. لە بەرامبەر ئەم بۆچوونانەی سەرەوە، کە گوایە جیابوونەوەی یەکلایەنە لەگەڵ بنەماکانی سەروەری و یەکپارچەییی خاکی وڵاتاندا یەک ناگرێتەوە گەورە شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتی، بەتایبەت سەبارەت بە بڕیاری ژمارە ­"2625­"ی كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، ناسراو بە "بەیاننامەی پەیوەندیی دۆستانە" و، هەروەها هەڵسوکەوتی وڵاتان بەتایبەت سەبارەت بە دامەزراندنی دەوڵەتی كۆسۆڤۆ، وا بەدیار دەکەوێت کە شرۆڤەی بەردەست بۆ مافی چارەی خۆنووسین جۆرێکی تایبەت لە مافی جیابوونەوە بە ناوی "جیابوونەوەی چارەساز" کە جیابوونەوەیەکی یەکلایەنەیە وەکوو دواین رێگە چارە، جێگەی خۆی لە رێسا و تێڕوانینی یاساناسانی نێودەوڵەتیدا کردۆتەوە. بە واتایەکی تر، لە ئێستادا مافێک سەبارەت بە جیابوونەوە، بە شێوەی ڕەها، لە یاسای نێودەوڵەتیدا بوونی نییە، بەڵام لە هەندێ باردا و بەدەستهاتنی هەندێ هەلومەرج، بەکارهێنانی مافی چارەی خۆنووسینی دەرەکی لە چوارچێوەی جیابوونەوەی یەکلایەنەدا ڕێگەپێدراوە. ئەم مەرجانە بریتین لە:

-  داواکاریی جیابوونەوە لە لایەن "نەتەوە"، بە مانای نێودەوڵەتی بێت

- مافی مرۆڤ، بەتایبەت مافی چارەی خۆنووسینی ناوخۆیی بە شێوەیەکی بەربڵاو و بەردەوام پێشێل کرابێت و، هەموو هەوڵە نێوخۆیییەکان بە مەبەستی ڕاگرتنی پێشێلکردنی مافەکانیان بێئاکام بووبێت. یان بە واتایەکی تر، مافی جیابوونەوە، دوایین ڕێگەچارە بە مەبەستی پاراستنی مافە بنەرەتییەکانی ئەم گرووپە بێت. بەڵام، بەدەستهێنانی ئەم مافە لە ڕێگەی به‌كارهێنانی هێزی ناڕه‌وا و داگیركارییەوە نەبێت، چونکە ڕێسای قەدەغەکردنی بەکارهێنانی هێز بە مەبەستی دامەزراندنی دەوڵەت، لە ڕێسا فەرمانکەرەکانی یاسای نێودەوڵەتی هەژمار دەکرێت و، هەر لەم ڕوانگەوە وڵاتان بەڵێنیان داوە لە به‌فه‌رمیناسینی سەربەخۆییی ئەو نەتەوانەی کە بە پێشێلکردنی ئەم ڕێسا نێودەوڵەتییە، جگە لە ڕیزپەرەکانی "بەرگریی ڕەوا و هەوڵی بەکۆمەڵ"، دووری بکەن. بە واتایەکی تر، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەی بەردەوام لە بەفەرمیناساندنی ئەو هەرێم و پێگە سیاسییانەی کە بە شێوەی نایاسایی، هێز بەکار دێنن، دووری دەکات و، یەکێک لە شوێنەوارەکانی ئەم بنەمایە بەردەوامیی پشتگیری لە کەسایەتیی یاساییی نێودەوڵەتیی ئەو وڵاتانەیە کە بە شێوەی ناڕەوا دژی هێز بەکار هاتووە، ئەگەرچی ئەم دەوڵەتە، توانای بەرگریی لە سەروەریی وڵاتی نەمابێت. هەر لەم ڕوانگەوە ئەو کیانە، چونکە خاوەنی سەربەخۆییی ڕاستەقینە "کە یەکێکە لە ڕەگەزە پێویستەکانی دامەزراندنی دەوڵەت"، نییە، لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا وەکوو دەوڵەت هەژمار ناکرێت. بەڵام وا ده‌ردەکەوێت ئەو بیرۆکەیه‌ی کە لەگەڵ ڕاستییەکانی ئێستای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا سازگارترە ئەوەیە کە، ئەو کیانانەی کە بە پێشێڵکردنی ڕێسای فەرمانکەری قەدەغەبوونی بەکارهێنانی هێز دروست دەکرێن، بە هۆی ناشه‌رعیبوونیانەوە، بە مانای یاسای نێودەوڵەتی، دەوڵەت نین. بۆ نموونە لە هێرشی ژاپۆن بۆ سەر پارێزگای مەنچووری لە چین و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی مەنچووری، هۆکاری به‌فه‌رمینەناسینی لە لایەن وڵاتانەوە وەکوو دەوڵەت، دەگەڕێتەوە بۆ بڕیاری کۆمەڵگەی گەلان، کە دوڵەتانی ناچار دەکرد کە خۆیان لە به‌فه‌رمیناسینی مەنچووری ببوێرن، بە هۆی ئەوەی دەوڵەتی ژاپۆن پەیمانی کۆمەڵگەی گەلان و پاریسی پێشێڵ کردبوو.

بارودۆخی قوبرسی باکوور نموونەیەکی ترە، چونکە پاڵپشتیی سەربازیی تورکیا بۆ مانەوەی، ئاشکرایە، هەروەها دووپاتکردنەوەی سەربەخۆنەبوونی قوبرسی باکوور لە لایەن دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئەوروپاوە، قورساییی ئه‌م بڕیاره‌ زیاتر دەکات. جگە لە نەبوونی سەربەخۆییی ڕاستەقینە، بەکارهێنانی هێز بە مەبەستی دروستکردنی دەوڵەت، یان بە واتایەکی ڕوونتر، نەبوونی شه‌رعییەت بە هۆی پێشێلکردنی ڕێسای فەرمانکەری نێودەوڵەتییەوە، بۆ بەبەفەرمینەناساندنی ئەم جۆرە دەوڵەتە نوێیانە، کاریگەرە. بۆیە زۆرێک لە پسپۆڕانی یاسای نێودەوڵەتی، وایان پێ باشە کە ئەم بابەتە لەژێر بابەتی "دەوڵەتی ­پاشکۆدا" کە هەڵگری هەر دوو بابەتی نەبوونی سەربەخۆیی و پێشێلکردنی ڕێسای قەدەغەکردنی بەکارهێنانی هێزی ناڕەوایە،" ئاماژەی پێ بکرێت. هەرچەندە ئەم بیرۆکەیه‌یش جێگه‌ی ڕەخنەیە و، دەکرێت دەوڵەتێکی نوێ لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزەوە دامەزرابێت و، لە هەمان کاتدا سەربەخۆییی تەواویشی هەبێت.

دەرەنجام

مافی چارەی خۆنووسین، بابەتێکی گرینگی ئەم سەردەمەیە. هەندێک جار مامەڵەی خراپی پێوە دەکرێت و، ئەم کەیسە ڕووبەڕووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووەتەوە و، پێویستە بۆ چارەسەری، هەنگاوی گونجاوی پراکتیکی بهاوێژرێت. بەڵام‌ نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانێت گه‌ره‌نتیی‌ یه‌كپارچه‌یی‌ و دابه‌شنه‌بوونی‌ وڵاتان بکات و، زۆر به‌توندی‌ دژایه‌تیی‌ دانپێدانان به‌ مافی‌ چاره‌ی‌ خۆنووسینی‌ نه‌ته‌وه‌كان و سه‌رپه‌ر‌شتیی‌ پێشێلكاریی‌ مافی‌ مرۆڤ ده‌كات. بەڵام خۆشبەختانە توێکاریی بیرۆکەی زانایانی یاسای نێودەوڵەتی و بڕیاری ئەم دوایییەی دیوانی نێودەوڵەتیی دادوەری و ئەو وڵاتانەی کە سەربەخۆییی كۆسۆڤۆیان بەفەرمی ناسیوە، ئاماژەیە بە گۆڕانکاری و نوێگەری لە شرۆڤەی یاسای نێودەوڵەتیدا. بەو مانایەی کە جیابوونەوەی بەشێک لە خاکی وڵاتێکی فرەنەتەوە، شه‌رعییەتی نێودەوڵەتیی وەرگرتووە، ئیتر پرەنسیپی یەکپارچەییی خاکی وڵاتان گرینگیی جارانی نەماوە و، ئەگەر پێویست بکات پرەنسیپی یەکپارچەییی وڵاتان فیدای بەرژەوەندیی مافی چارەی خۆنووسینی گەلان دەکرێت.

هەرێمی کوردستان و زۆرێک لە گەلانی ژێر دەستی داگیرکەران، دەتوانن لە کەیسی كۆسۆڤۆ کەڵک وەرگرن و، تەنیا وەکوو حاڵەتێکی تایبەت بە كۆسۆڤۆ، شرۆڤەی بۆ نەکرێت. چونکە مافی چارەی خۆنووسین، یەکسانە لەگەڵ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی هێز لە یاسای نێودەوڵەتیدا. هەر جۆرە پێشێلکردنی ئەم مافە لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزەوە لە لایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە، بە مانای پێشێلکردنی ڕێسای فەرمانکەری نێودەوڵەتییە و، لە هەندێ باردا پێشێلکردنی بەربڵاوی مافی چارەی خۆنووسینی گەلان، وەکوو تاوان هەژمار دەکرێت. بۆیە دەوڵەتی ناوەندی، ناتوانێت لە ڕێگەی هێزەوە بەربەستێک بێت سەبارەت بە دەرکردنی بڕیاری مافی چارەی خۆنووسین. لە هەمان کاتدا، ساڵی ١٩٧٧ بڕیاری ڕاگەیاندنی پرەنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتی سەبارەت بە پەیوەندیی دۆستانە و هاوکاریی نێوان وڵاتان، پانتای زیاتری بە پرەنسیپی مافی چارەی خۆنووسین بەخشی. لەم بەیاننامەیه‌دا، داوا لە وڵاتان دەکرێت لە هەڵسوکەوتی توند لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزەوە بە مەبەستی بێبەشکردنی گەلان لە مافی چارەی خۆنووسین، دووری بکەن، بەپێچەوانەوە ئەم گەلانە دەکەونە ژێر چاودێریی پاراستنی نێودەوڵەتییەوە. هەروەها، بەکارهێنانی هێزی نارەوا لە لایەن نەتەوەکانەوە، لە یاسا و ڕێسای نێودەوڵەتیدا ڕێگەپێنەدراوە و، بەکارهێنانی هێز لە یاسای نێودەوڵەتیدا جێگه‌ی نابێتەوە. بۆیە، جیابوونه‌وه‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندیی ده‌وڵه‌تی ناوەندی لە ڕێگەی دانوستان و دیالۆگەوە ‌باشترین سیناریۆی یاسایی و سیاسییه‌ بۆ هەرێمی کوردستان. بۆ ئه‌وه‌ی لەگەڵ بەغدا کێشەکانی نێوانیان كه‌متر ببێته‌وە، پێویستە بكه‌وێته‌ دانوستاندنی ڕاسته‌وخۆ بە مەبەستی چۆنیه‌تیی سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق و، ئەگەر پرۆسه‌ی ‌دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی، بێئاکام بوو، دەرگه‌ی جیابوونەوە، یان ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییی تاكلایه‌نه،‌ لە بەردەم هەرێمی کوردستاندا کراوەیە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples