یەکێتیى ئەوروپا و پرۆسەى دروستکردنى بڕیار

دەروازە: ئەزموونى کاری هاوبەشی یەکێتیى ئەوروپى، بە گەورەترین گۆرانکارى لە جوگرافیاى سیاسیى ئەوروپادا ئەژمار دەکرێت. ئەم ئەزموونە، بە هەموو پێوەرەکان بە پێشەنگ لێی دەڕوانرێت، بە هۆى ئەو سەرکەوتنە بەرچاوانەى، بەتایبەت لە بوارى ئابووریدا، بەدەستی هێناوە. دەوڵەتەکانى ئەم یەکێتییە، بە پەیوەندییەکى ئایینى و فەرهەنگى و ئابوورى و مێژوویی و سیاسیی تایبەته‌وه‌ پێکەوە گرێ دراون، کە هانی داون بۆ پێکهێنانى بلۆکێکى هاوبەشى هەرێمایەتى و سیستەمێکى ئەوروپیى تا ڕادەیەک یەکگرتوو.

بیرۆکەى یەکخستنى ئەوروپا :

ئەم بیرۆکەیە بۆ یەکەم جار لە چاخى ڕێنیسانسى ئەوروپى بەدیار کەوت، بەتایبەت لە بەڵگەنامەیەک بە ناوى تراکتاتوس  (ractatus) کە لە ساڵى 1464دا پاشا بۆهیمیا پودی براد  (Podie Brad) ، پاش  یازدە ساڵ لە کەوتنى  "قوستەنتینییە" لەسەر دەستى تورکەکان، نووسیبوى، کە تیایدا پاشا بۆهیمیا هەوڵى دەدا لە ڕێگەى نووسینى شەرەفنامەیەک لە نێوان گەلانى مەسیحى و دامەزراندنى دەسەڵاتێکى دادوەریى باڵا و دامەزراندنى پەرلەمانێک بۆ دەوڵەتانى ئەندام، کە ڕێگرى لە هێژموونیى ئیمپراتۆرییەتى عوسمانى بکات. پاشان قەشە دوو سان پیار  (Saint  Pierre)ڕۆڵى گرنگى لە دانانى پەیماننامەى ئۆترێخت ( 1713-1715) گێرا، کە سنوورێکى بۆ جەنگى جوداخوازى لە ئیسپانیا دانا، ئەو پەیماننامەیە پێشنیازى پرۆژەیەکی کرد بۆ بەرپاکردنى ئاشتی لە ئەوروپا لە نێوان لایەنە ناکۆکەکانی ئایینى مەسیحى. پاشان بیرمەندى فەرەنسى، ژان ژاک ڕۆسۆ، لە كتێبی "فەرمانڕەوایی لە ئاشتیى هەمیشەییدا"، کە لە ساڵى 1782دا نووسیویەتى، بیرۆکەکەى قەشە پیار تەواو دەکات کە داواى دامەزراندنى فیدرالیزمێک یان کۆنفیدرالیزمێک لە نێوان پادشا و فەرمانرەوا ئەوروپییەکاندا دەکات. دەرباره‌ى هەمان پرس، ئیمانوێل کانت لە ساڵى 1795دا لە نامەیەک بە ناونیشانى "لە پێناو ئاشتییەکى هەمیشەییدا"، ئاماژە بە بیرۆکەى یەکگرتنى سیستمە کۆمارییەکان لە ئەوروپا دەکات؛ کە لاى وایە تەنیا ئەوە دەتوانێت گرەنتیى بەرکەماڵکردنى ئاشتى بكات.

بیرمەندەکانى ئەوروپا لە سه‌ده‌ى نۆزدەیەمدا، داواى دامەزراندنى ئەوروپایەکى یەکگرتوویان دەکرد. کلود هێنرى لە ساڵى 1814دا، لە دووتوێى نامەیەکدا کە ئاراستەى پەرلەمانتارانى فەرەنسا و ئینگلتەراى کردبوو بە ناونیشانى "دەربارەى دووبارە ڕێکخستنەوەى کۆمەڵگەى ئەوروپى"، پێشنیازى دامەزراندنى بلۆکێک، یان بەرەیەکى لە نێوان پاریس و لەندەندا کردبوو، بە شێوازى فەرمانرەواییی کۆنفیدراڵى، کە بە مەستى گشتاندنى بە تەواوى ئەوروپادا، کار لەسەر فراوانکردنى بکات. لە پاش ئەوانیش، ئەدیبى ناسراوى فەرەنسى، ڤیکتۆر هیگۆ لە ساڵى 1849، وتارێکى لە کۆنگرەى ئاشتى لە پاریس خوێندەوە کە تیایدا لە پاڵ دامەزراندنى ئەنجوومەنێکى پیرانى سەربەخۆ بۆ ئەوروپا، داواى دامەزراندنى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەوروپاى دەکرد و، لە وتارەکەیدا پێشبینیى یەکگرتنێکى گرنگى لە کیشوەرى ئەوروپادا کرد لە نێوان گەل و نەتەوە جیاوازەکانى ئەو کیشوەرە، بەبێ ئەوەى هیچ نەتەوە و گەلێک خەسڵەتە بنەڕەتی و سەرەکییەکانى خۆى لەدەست بدات. لە هەمان کاتدا، ئاماژەى بەوە دا کە ڕۆژێک دێت مەیدانەکانى جەنگ و کوشتار، بازاری ئازادی دیدگه‌ و بۆچوونەکان جێگەیان دەگرێتەوە و، دەنگی فیشەک و بۆمبەکان دەنگى هاووڵاتیان و دەنگدەران جێگه‌یان دەگرێته‌وه‌.

سەرەتاى هاریکاریی ئابوورى لە نێوان دەوڵەتانى ئەوروپیدا، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانى 1865 -1871؛ کاتێک بۆ یەکەمین جار بانکێکى ناوەندیى ئەوروپى دادەمەزرێت و، دەیەوێت یەکەم دراوى ئەوروپیی یەکگرتوو بە ناوى "ئەوروپا" دەرچوێنێت. بەڵام ئەم پرۆژەیە، بە هۆى گوشارەکانى بریتانیا و ئەڵمانیاوە بە ئەنجام ناگات .

"ڕیچارد کۆدنهۆڤ"ى نەمسایى لە ساڵى 1923دا هاوشێوەى وڵاتە یەکگرتوووەکانى ئەمریکا، داواى دامەزراندنى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەوروپا دەکات. ئەمەیش بەڕوونى لە كتێبی (PAN EUROPA) دە نووسێتەوە و، تیایدا تێزەکانى دامەزراندنى ئەوروپایەکى یەکگرتوو دەخاتە ڕوو. لە دەرەنجامى ئەمەیشدا لە ڤییەناى پایتەختى نەمسا لە ساڵى 1926، کۆنگرەی یەکەمی یەکێتیى ئەوروپا بە بەشداریى زیاتر لە 2000 نوێنەر لە 24 دەوڵەتى ئەوروپیدا ساز کرا. لە کۆنگرەکەدا لەسەر دانانى هێڵه‌ گشتییەکانى فیدراڵییەتێک بۆ ئەوروپا، ڕێککەوتن کرا. پاش سێ ساڵ، وەزیرى دەرەوى فەرەنسا "ئاریستید بریان"، لە 5-9-1929 لە وتارێکیدا لە بەردەم ئەنجوومەنى گشتیى کۆمەڵەى گەلان لە جنێڤ، داواى دامەزراندنى یەکێتیى ئەوروپاى کرد لە چوارچێوەى "کۆمەڵەى گەلان"دا بۆ هاندانى هاریکارى لە نێوان دەوڵەتانى ئەوروپیدا، لەگەڵ مافی بوونى سەروەرى بۆ هەر دەوڵەتێک. لەو نێوەندەیشدا، 26 حکوومەتى ئەوروپی بە ئه‌رێنى وەڵامى پێشنیازەکەى فەرەنسایان دایەوە؛ بەڵام گەشەکردنى حزبە فاشیست و ڕاستەکان لە ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و قووڵبوونەوەى تەنگژەى ئابوورى لە ئەوروپا، پرۆژەکەى فەرەنساى لەبار برد.

لە پاش جەنگى جیهانیى دووەم، ئەم پرۆژەیە بۆ جارێکى دیکە سەری هەڵدایەوە. لە مانگى ئابى 1947دا کۆنگرەى مۆنترۆ ساز کرا. لەو کۆنگرەیەدا داواى دامەزراندنى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەوروپا کرا. ئەم کۆنگرەیە زەمینەسازیى بۆ کۆنگرەى لاهاى ساڵى 1948 کرد، كه‌ تیایدا زیاتر لە 1000 نوێنەر، کە نوێنەرایەتیى 19 دەوڵەتى ئەوروپییان دەکرد بەشدار بوون و، لەنێویشیاندا فرانسۆ میتران و بیرمەندى فەرەنسیى ناسراو "ڕیمۆند ئارۆن" بەشدارییان کرد. ئەم کۆنگرەیە توانیى ئەنجوومەنى ئەوروپى دابمەزرێنێت و، ڕێگه‌ بۆ دامەزراندنى گرووپى ئەوروپیى کانەکان و خەڵوز خۆش بکات. پاشان هەوڵەکان بۆ دامەزراندنى یەکێتیى ئابووریى ئەوروپا و یەکێتیى ئەوروپا بۆ وزەى ناوەکى چڕ کرانەوە. پاشان بە گرووپى ئابووریى ئەوروپا ناوزەند کرا، کە شەش دەوڵەت تیایدا بەشدار بوون. پاشان ئەندامێتى فراوان بوو کە تا ساڵى 1995 دوانزە دەوڵەتى لەخۆ گرت. لە پێش ئەوەیشدا، لە ساڵى 1989 بڕیارى دامەزراندنى بانکى ناوەندیی ئەوروپیی دەرکردنى دراوێکى ئەوروپیی یەکگرتوو دەرچووبوو. پاش ئەوەیش لە ساڵى 1992دا ڕێککەوتننامەى ماسترێخت، بناغەی دامەزراندنى یەکێتیى ئەوروپا بوو کە بیرۆکەى "جان مونییە"ى فەرەنسى بە دامەزراندنى گرووپى خەڵوز و کانەکان، پاشان بازاڕى هاوبەشى ئەوروپا کە شەش دەوڵەتى لەخۆ گرت و، پاشان فراوان بوو بۆ نۆ دەوڵەت و، لە دواى ئەوەیش بۆ دوازدە دەوڵەت و، ئێستایش بۆ بیست و هەشت دەوڵەت .

 دامەزراوەکانى یەکێتیى ئەوروپا: 

دامەزراوەکانى یەکێتیى ئەوروپا، دامەزراوەى بان ــــ نەتەوەیین. دەسەڵاتەکانى یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەرى لەخۆ دەگرن، کە لێکجیاکردنەوەى دەسەڵاتەکانیان بۆ کراوە لەگەڵ بوونى ئەرکى هاوبەش و چاودێریکردنى بەرامبەر. پرۆسەى دروستکردنى بڕیار لەناو پەیکەربەندى ئەم دەسەڵاتانەدا پراکتیزە دەکرێت، کە دەکرێت ئاماژەیان پێ بکرێت :

یەکەم: ئەنجوومەنى ئەوروپى: دەزگه‌ى باڵاى یەکێتیى ئەوروپا و دامەزراوەى سەرەکیى دروستکردنى بڕیارە، ئاماژەیە بۆ کۆبوونەوەى سەرۆکدەوڵەتانى ئەوروپى، كه‌ تا ساڵى 1985 ساڵانە سێ جار کۆبوونەوەیان ساز دەکرد؛ بەڵام لە پاشاندا بڕیاریان دا ساڵانە دوو جار کۆ ببنەوە. کاریان دانانى سیاسەتى گشتیى یەکێتیى ئەوروپا و بەرپاکردنى هەماهەنگیى زیاترى نێوان دەوڵەتەکانیەتى. بۆ ماوەى شەش مانگ، دەوڵەتێکى ئەندام سەرپەرشتى و سەرۆکایەتیى دەکات.

دووەم: ئەنجوومەنى یەکێتیى ئەوروپا:  ئەو چوارچێوەیەیە کە وەزیرەکانى دەوڵەتانى ئەندام تیایدا کۆ دەبنەوە بە گوێرەى پسپۆرییەکەیان (بەرگرى، دارایی، دەرەوە، ژینگە و...). کاریان بەرکارخستنى ئەو یاسایانەیە کە یەکێتییەکە دەری دەچوێنێت. بۆ هەر شەش مانگ جارێک، سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنەکە لاى دەوڵەتێکى ئەندام دەبێت. لە 87 ئەندام پێک دێت و، بڕیارەکانى بە زۆرینەى 62 ئەندام دەردەچێت؛ بەڵام ئەو کاروبارانەى هەستیارن وەک بابەتى بەرگری و دەرەوە و باج و کۆچبەران، بڕیارەکان بە ڕەزامەندیى هەمووان دەردەچوێنرێت. دەنگى هەموو دەوڵەتان یەکسان نییە؛ بۆ نموونە ئەڵمانیا و فەرەنسا 10 دەنگیان هەیە، بەڵام هۆڵه‌ندا و بەلجیکا 5 دەنگیان هەیە، ئەمەیش بە گوێرەى قەوارەى دەوڵەتە ئەندامەکەیە.

سێیەم: کۆمیسیارێتیى ئەوروپا: 20 ئەندام لەخۆ دەگرێت. فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و بریتانیا، یەکى 2 نوێنەریان هەیە، دەوڵەتانى دیکەى ئەندامیش یەکى نوێنەرێکیان هەیە. ئەرکه‌كه‌ى، ئامادەکاریی یاساکان و چاودێریکردنى جێبەجێکردنیان و، بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانى یەکێتیى ئەوروپا و نوێنەرایەتیکردنیه‌تى لە ئاستى دەرەوە.

چوارەم: پەرلەمانى ئەوروپی: ئەم دامەزراوەیە، ڕووکارى دیموکراسیی یەکێتیى ئەوروپایە و، دەسەڵاتى یاسادانى یەکێتییەکەیە؛ وێڕاى ئەوەى دەسەڵاتەکانى، وەک پەرلەمانە نیشتیمانییەکانى دەوڵەتانى ئەندام بەرفراوان نییە. لە 625 ئەندام پێک دێت و، چاودێریى کارەکانى کۆمیسیارێتیى ئەوروپى دەکات، لەگەڵ گفتوگۆى ڕاپۆرتى ساڵانەیان. لە حاڵەتەکانى گەندەڵى و خراپبەکارهێنانى دەسەڵاتەکان، مافى پێکهێنانى لیژنەى هەیە. پێشتر، ئەندامەکانى لە لایەن پەرلەمانى دەوڵەتانى ئەندامەوە دادەنرا، بەڵام لە ئێستادا ڕاستەوخۆ لە لایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن. ڕێژەى نوێنەرایەتیى دەوڵەتەکانیش، بە هۆى جیاوازیى ژمارەى دانیشتووانیانەوە جیاوازە؛ بۆ نموونە ئەڵمانیا 89 نوێنەرى هەیە، بەڵام سوید 22 نوێنەرى هەیە.

پێنجەم: دادگه‌ى دادى ئەوروپى: دامەزراوەى باڵاى دادوەرییە و، هەر دەوڵەتێک ئەندامێکى تیایدا هەیە، کە خۆى دادوەرێک لە وڵاتەکەى کاندید دەکات و، لەنێو خۆیاندا کەسێک وەک سەرۆکى دادگه‌کە بۆ ماوەى سێ ساڵ هەڵدەبژێرن. ژمارەى ئەندامانى، بە گوێرەى ژمارەى ئەندامانى یەکێتییەکە گۆڕانکاریى بەسەردا دێت. چاو لەو کەیسانە دەکات کە لە نێوان دەوڵەتانى ئەم یەکێتییە، یان دامەزراوەکانی ڕوو دەدەن. دەسەڵاتێکى تەواو سەربەخۆى هەیە.

شەشەم: دادگه‌ى ژمێریاران: ئەم دادگه‌یە، دادگه‌ نییە بە مانا دادوەرییە پیشەیییەکەى، بەڵام چاودێریى دارایی دەکاتە سەر بودجەى گشتیى یەکێتییەکە. ئەندامەکانى، شارەزا و پسپۆرى بوارى دارایی و چاودێرین. ژمارەیان هێنده‌ی ژمارەى دەوڵەتانى ئەندامە، بەو واتایه‌ى هەر دەوڵەتێک نوێنەرێکى لە م دامەزراوەیەدا هه‌یه‌.

بەشداریکردن لە دروستکردنى بڕیاردا (سوید بۆ نموونە):

دەوڵەتى سوید لەگەڵ دەوڵەتانى دیکەى ئەندام، لە بەرکارخستنى یاسا و سیستەمەکانى ئەم یەکێتییەدا بەشدار دەبێت. بەو واتایەى، سوید دەتوانێت لە دروستکردنى بڕیارەکان لەم یەکێتییەدا، کاریگەر بێت؛ لە هەمان کاتیشدا سەبارەت بەو بڕیارانەى کە بە زۆرینەى دەنگ لەناو یەکێتیى ئەوروپادا ده‌رده‌كرێن، پابەندبوونى بۆ دروست دەبێت. ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى ئەوروپى، پێشنیازەکانى بۆ دەوڵەتانى ئەندامى یەکێتییەکە دەنێرێت. بۆ نموونە، لە سوید ئەو پێشنیارانە بۆ حکوومەت و پەرلەمان دەنێردرێن و، حکوومەت ڕاى خۆی لەبارەیانەوە دەداتە پەرلەمانى سوید بۆ ئەوەى دیدگه‌ و بۆچوونى خۆى لەسەریان بڵێت؛ بەڵام دواجار ئەوە گرنگە کە حکوومەت لە سوید، بۆ دیاریکردنى بەرژەوەندییەکانى سوید و دەربڕینى ڕاى سوید بۆ یەکێتیی ئەوروپا، دەستکراوەترە. حکوومەتى سوید وەک دەوڵەتانى دیکەى ئەندام، بە وەزیرێک لە ئەنجوومەنى وەزاریى یەکێتیى ئەوروپادا بەشدارە. بۆ وەرگرتنى بڕیارى پێویست، وەزیرى سویدیى پسپۆر لەو بواره‌ى خۆى، گەنگەشەى بابەتى پێشنیارکراو لەگەڵ پەرلەمانى سوید دەکات. پاشان، ڕاى وڵاتەکەى بۆ کۆبوونەوەى وەزیرانى یەکێتیى ئەوروپا دەباتەوە. جگە لە بابەته‌ هەستیار و گرنگەکانى وەک بەرگری، باج، سیاسەتى دەرەوە و هەندێک بابەتى دیکە، هەر بڕیارێک بە زۆرینە وەربگیرێت، پێویستە حکوومەتى سوید پێوەى پابەند بێت، ئەگەرچى بە دژیش بۆ ئەو بڕیار و یاسایانە دەنگى دابێت. ئەمەیش وا دەکات کە یاسا ناوخۆیییەکانی وڵاتەکەى بۆ هەموار بکاتەوە و بیگونجێنێت. هەندێک کاتیش، پەرلەمانى سوید مافی هەڵسەنگاندن و وردبینیکردنى ئەو پرۆژەیاسا و بڕیارە پێشنیارکراوانەى هەیە، بۆ ئەوەى ڕاى فەرمیى خۆى لەسەر بدات، کە ئایا گونجاوە لەسەر ئاستى هەموو دەوڵەتانى یەکێتیى ئەوروپا جێبەجێ بکرێت، یان بۆ چەند دەوڵەت پێویسته‌ و، بۆ چەند دەوڵەتێکى دیکە گونجاو نییە. ئەنجوومەنى کۆمسیارانى یەکێتیى ئەوروپایش لە حاڵەتى بەرکارخستنى یاسایەکدا، بۆى هەیە چاودێریی جێبەجێکردنى ئەو یاسایە لە دەوڵەتى سویددا بکات، ئەگەر هات و، بۆى دەرکەوت ئاستى پابەندێتیى سوید بەو یاسایەوە وەک پێویست نییە، دەتوانێت لە دادگه‌ى دادى ئەوروپیدا داواى لەسەر تۆمار بکات.

 

سەرچاوەکان:

1- د.احمد سعيد نوفل :الاتحاد الاوروبي في مطلع الالفية الثالثة : الواقع والتحديات ، بحث منشور على الموقع جامعة القاهرة .

2- فهمي امانى محمود ،الوحدة الاوروبية بين متطلبات الاندماج وعوائق السيادة ،مجلة السياسة الدولية ، العدد116، نيسان -1994

3- نرمين السعدني ،تطور النظام النقدي الاوروبي مجلة السياسة الدولية ،العدد 129، تموز 1997

4- د. حسن نافعة ، الاتحاد الاوروبي والدروس المستفادة عربيا،مركز الدراسات الوحدة العربية ، بيروت ، 2004

5https://europa.eu/european-union/index_en

 

 
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples