خوێندنەوەی ڕووسیا: سەردانەکەی ترامپ بۆ سعوودیا

خستنەڕوو:

لەسەردانی ترامپ بۆ سعوودیا، وەک یەکەمین وێستگەی سەردانی دەرەوەیدا، دەکرێت بڵێین: مێژووی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئەمریکا بە شێوەیەکی گشتی و مێژووی سعوودیا بەتایبەت، پێشوازییەکی لەو جۆرە ئاستبەرز و زیاد لە پێویستی مامەڵەی دیبلۆماسیی بەخۆوە نەدیوە؛ بە جۆرێک ترامپ لە گەشتەکانی دواتری بۆ دەوڵەتانی وەک ئیسڕائیل و ئیتاڵیا چەند جارێک ئاماژەی بەوە داوە ئەوەی لە سعوودیا بۆ ترامپ کراوە، بۆ ھیچ سەرۆکدەوڵەتێك و ھیچ سەرۆکێکی پێشووی ئەمریکایش نەکراوە. ئەم سەردانە، جیا لە لایەنە پرۆتۆکۆڵییەکەی، ناواخنی سیاسیی گرنگی ھەیە و، پەیامی فرەڕەھەندی تێدا بەدی دەکرێت؛ لەوانەیە لە ئاستی ھەرێمایەتیدا وا بخوێندرێتەوە کەتەنیا ھەوڵێکی سەرەکیی سعوودیایە بۆ نینۆککردنی ئێران لە یەمەنەوە تا دەگاتە سووریا. بەڵام سەردانی ترامپ و گرێبەستەکان و دانانی نەخشەڕێگه‌یەک بۆ پەیوەندیی ستراتیژی و درێژخایەنی نێوان ئەمریکا و سعوودیا خوێندنەوەی زیاتر ھەڵدەگرێت، بەوەی تەنیا لە چوارچێوەی ھەرێمایەتی، یان تەنیا ئێراندا کورت بکرێتەوە. ئەم وتارە، بەپوختی خوێندنەوەیەک دەکات بۆ کاریگەرییەکانی سەردانی ترامپ بۆ سعوودیا لەسەر ڕووسیا.

بەشێک لە چاودێران وای دەخوێننەوە کە ڤلادیمیر پووتین و سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوە و سێرگی شویگۆی وەزیری بەرگری و میخائیل بوکدانوڤی جێگری وەزیری دەرەوە و سەرکردە سەربازییەکان و پسپۆرانی بواری ستراتیژی، خوێندنەوەیان بۆ سەردانەکەی ترامپ کردووە و گەیشتوونەتە ئەو ڕایەی کە:

یەکەم: ترامپی سەرۆک لەگەڵ ترامپی کاندید، جیاوازیی بنچینەیییان ھەیە. ئەم جیاوازییە بنەڕەتییە، ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە بۆ قۆناغی مامەڵەی ڕەق لە نیمچەدوورگەی عەرەبی و ھەوڵدان بۆ سنووردارکردنی ڕۆڵی ڕووسیا لە جەنگی دژی تیرۆر لە ناوچەکەدا .

دووەم: ترامپ ھەوڵی دا، بەم سەردانە ئەوە بۆ ئەمریکییەکان بسەلمێنێت کە توانای دابینکردن و بەرگریکردنی لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای ھەیە.

سێیەم: ڕووسەکان ڕایان ئەوەیە کە ترامپ بەتەنیا ناتوانێت ئیدارەی جەنگێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران بکات؛ لەو ڕوانگەیەوە خۆبەدوورگرتن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران بەڕاستەوخۆ و، سپاردنی ئەو کارە بە لایەنی دیکە، وەک لایەنە عەرەبییەکان- ئەگەر ڕوو بدات – بۆ ئەمریکا لە ڕووی مرۆیی و تێچووی دارایییەوە باشترە.

چوارەم: ڕووسەکان ڕایان وایە لە حاڵەتی ھەر جەنگێکدا، ئێران خۆراگریی لە سعوودیا، یان دەوڵەتانی دیکەی کەنداو زیاترە، چونکە ئێران جگە لەوەی خاوەن سیسته‌مێکی تۆکمەی سیاسی و سەربازییشە، توانای گەلەکەی بۆ کۆبوونەوە لە دەوری ڕژێمەکەی زۆرترە .

پێنجەم: داخڵبوونی سعوودی و کەنداوییەکان بە پرۆژەی جەنگ، ناوچەکە دەخاتە بەردەم دووڕێیانێکی مەترسیدار. لە دوایین دیداری سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و عادل جوبەیری وەزیری دەرەوەی سعوودیا، پەیامی پووتین ئەوە بووە کە ڕووسیا ئامۆژگاریی سعوودیا دەکات بۆ بنیاتنانی پێکھاتن و دایالۆگ و سازان و، لە بەرژەوەندیی سعوودیایە کە پەنا نەباتە بەر بژاردەی جەنگ و ڕووبەڕوونەوە.

شەشەم: ڕووسیایش لەم کۆبوونەوە و دیداری لووتکانەی کە لە سعوودیا ساز دران، خۆی بەئامانجگیراو دەزانێت. ڕووسەکان لەسەر بەرژەوەندییەکانیان لە سووریا و ناوچەکەیش پێداگرن و، ئامادە نین بیخەنە بەردەم ھیچ مەترسییەکەوە. لەو بارەیەوە له‌ کۆتا دیداری لاڤرۆڤ و ڕیکس تیلیرسۆندا، ڕووسەکان ئەم پەیامەیان بەڕوونی بە ئەمریکییەکان داوە .

حەوتەم: ڕووسیا لای وایە یەکێکی دیکە لە بەئامانجگرتنەکانی سعوودیا، حزبوڵڵای لوبنانییە. سعوودیا مەبەستێتی بەر لە ڕۆڵی حەسەن نەسروڵڵا بگرێت لە ڕووسیا؛ بۆ ئەم مەبەستەیش ئیسڕائیل ھاوڕایەتی. بەتایبەت حزبوڵڵا ترسی ئەوەی ھەیە لووتکەی سعوودیای ٢٠١٧ ھاوشێوەی لووتکەی شەرم ئەلشێخی ٢٠٠٦ بێت، کە جەنگی ئیسڕائیل – حزبوڵڵای بەدوای خۆیدا ھێنا. لە زاری نەعیم قاسم، جێگری ئەمینداری حزبوڵڵای لوبنانییەوە ئەوە دیار دەکەوێت کە ئامادەی  ڕوبەڕووبوونەوەی ھەموو سیناریۆیەکن لە پاش لووتکەی سەلمان – ترامپ.

ھەشتەم: چەک، یەکێکە لە و بابەتانەی لە دوو لایەنەوە ڕووسیای خستۆتە دڵەڕاوکێوە: لە ڕوویەکەوە ڕووسیا ڕای وایە گرێبەستی ئەو چەکانە لە لایەن سعوودیاوە ناوچەکە دەکاتە ناوچەیەکی سەربازی و، دەروازە بۆ چەندین جەنگ دەکرێتەوە کە نائارامی  دەخوڵقێنێت؛ لە ڕوویەکی دیکەوە سازدانی ئەو گرێبەستانە بەو ئاستە بەرزە و بەو شێوه‌ بەرفراوان و چڕ و بەھا زۆرە، ڕووسیای تووشی دڵەڕاوکێی کردووە کە سعوودیا دەبێتە کڕیارێکی بەردەوام و درێژخایەنی چەکی ئەمریکی و، فرۆشی چەکی ڕووسی بۆ سعوودییه‌کان کەم دەبێتەوە. بەتایبەت لە ساڵی ٢٠١٥وە چەند ھەوڵێکی نزیکبوونەوە و لێکتێگەیشتن لە بواری سازدانی چەند گرێبەستێکدا ھەبوو.

نۆیەم: پرسیاری سەرەکی بۆ ڕووسەکان لە ئێستادا ڕەنگە ئەوە بێت، کە ئایا پێکھێنانەوەی ھەیکەلییەتی سیسته‌می ھەرێمایەتیی ناوچەکە و سەرلەنوێ توندوتۆڵکردنەوەی ڕایەڵەکانی ھاوپەیمانێتیی ئەمریکی – کەنداوی، تاچەند ڕووسیا دەخاتە بەردەم ھەوڵی زیاتر داڕشتنەوەی ھەیکەلییەتی ھاوپەیمانێتییە ستراتیژییەکەی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا؟ ئایا ڕووسیا دەتوانێت وەڵامدەرەوەی ئەو گرفت و مەترسی و ھەڕەشانە بێت کە لە ناوچەکەدا ڕووبەڕووی ئێران دەبێتەوە؟ نینۆککردنی ئێران لە یەمەنەوە بۆ شام و درێژکردنەوەی نینۆکی سعوودیا، چ زیانێک بە بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا لە ناوچەکەدا دەگەیەنێت؟

دەیەم: ناتۆی عەرەبی وەک زاراوە، لە ئێستادا بۆتە بەشێک لە گوتاری میدیایی. ئەگەرچی بەفەرمی پێک نەھێنراوە، بەڵام ئامادەسازییەکانی ھەست پێ دەکرێت و ھەوڵی بەرجەستەبوونی دەدرێت؛ ئایا ڕووسیا ئەلتەرناتیڤی ناتۆی عەرەبیی لە ناوچەکەدا ھەیە؟ کێن؟ پێکھێنەرەکانی چین؟ تواناکانی چین؟ لێکەوتەکانی ئەگەری دروستبوونی ئەم ھاوپەیمانێتییە سەربازییانە چین؟ بۆ ڕاگرتنی باڵانسن، یان بۆ شکاندنی باڵانسی ھێزن؟ ڕەنگە ئەم قسانە سەرەتایی بن، بەڵام دەیشکرێت لە ئاییندەدا بەرجەستە بن. دواجار بە ھەر ئەگەرێک و نیازێک بێت، ناوچەکە بۆ پێکھێنانیان دەخاتە بەردەم دابەشکاری و لێکترازانەوە.

یانزەیەم: "نزیکبوونەوەی زیاتری سعوودیا و ئەمریکا، چی لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ڕووسیا دەکات لە ناوچەکەدا؟" پرسیارێکی کراوەیە و، لە چەندین بوارەوە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت؛ ھەوڵ بۆ کزکردنی ھێژموونیی ڕووسیا لە ناوچەکە، یان ھاوپەیمانەکانی، ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ڕووسیا لە ناوچەکەدا دەبێت. بۆ ڕووسیا باشترە ھەوڵی چڕتری لە ناوچەکەدا ھەبێت، بەتایبەت کارکردن لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی ھەوڵیان داوە بەشێک نەبن لە تەنگژەکان .

دەرەنجام: ترامپی کاندید، ترسێکی بۆ بەشێک لە دەوڵەتان دروست کردووە، کە پێدەچێت کارتێکی گوشار بووبێت بۆ ڕازیبوون بە بەشێک لە دیدگه‌کانی ترامپ. ھەڵوێستی ترامپی کاندید لەگەڵ سعوودیا و ھەڵویستی ئێستای کە لە سەرۆکایەتیدایه‌، جیاوازن، بەڵام لەگەڵ بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەمریکادا ناکۆک نین. ترامپ بەم سەردانە، ھەوڵی داوە کە لە ناوخۆ ئه‌و کاریگەرییه‌ لەسەر ئەمریکییەکان دابنێت کە ئەو پارێزەر و بەدیھێنەری بەرژەوەندیی ئەمریکییەکانە. لە ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش، سەردانی دەرەوەی دەست پێ کرد کە چەقی ململانێکانە و، زەمەنێکە باس لە ھێژموونیی ڕووسیا لەو ناوچەیە دەکرێت و، لە ھەمان کاتیش ئاماژەکانی فراوانبوونی پاوانخوازیی ئێرانی لە ناوچەکە بەرجەستە بووە و، ھاوپەیمانە کلاسیکییەکانی ئەمریکایش لەو ناوچەیە، ئەمریکا و ئیدارەکەی ئۆباما تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە ڕێگه‌ی داوە ئێران جووڵەی زیاتر و ھێژموونخوازگەرانه‌تر بێت. سعوودییه‌کان بە سازدانی ئەو سەردانە بۆ ترامپ لە ئێستادا، لە ناوەندی ھێزێکی مەعنەوییەوە بەرامبەر ڕکابەرەکانیان خۆیان نمایش دەکەن، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا ڕووسیا و ھاوبەشە ھەرێمایەتی و لۆکاڵییەکانی، تاچەند بە بەرنامە و پرۆژەی نوێن بۆ گۆڕینی ڕێساکانی گەمەیەکی وردی ململانێئامێز، کە بتوانن ھاوسەنگی ڕابگرن و ڕۆڵیان سنووردار نەبێت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە دەکرێت گۆڕانکاریی گرنگ لە ناوچەکە دروست بکات، بەڵام دواجار ئەو پرسیارە ھەر جێگه‌ی جەدەلە، کە ئایا ناوچەکە بۆ قۆناغی پێش سەردانی ترامپ و قۆناغی دوای سەردانەکە دابەش دەبێت؟

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples