"بەڵێ" یان "نەخێر"

دەستپێک: کورد وەک نەتەوەیەکی بێدەوڵەت، مێژوویەکی دوورودرێژی ھەیە لە قوربانیدان و خەباتی شۆڕشگێری بۆ دیاریکردنی مافی بڕیاردانی چاره‌نووس، ڕەنگە بە گوێرەی قۆناغبەندییەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان گۆڕانکاریی بەسەر داواکاریی کورددا ھاتبێت بە خوێندنەوەی ھەلومەرجە بابەتییەکان و دۆخی سیاسەتی نێودەوڵەتی و باڵانسی ھێز لەسەر ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. لێرەدا زۆرمان مەبەست نییە گێڕانەوەیەکی مێژوویی بکەین، هێنده‌ی ئەوەی دەمانەوێت پاڵنەر و ھۆکارەکان سەبارەت بە بڕیاری ڕۆژی ٧ی حوزەیرانی ئەمساڵ بخەینە ڕوو، کە تیایدا زۆرینەی حزب و لایەنە سیاسییە کوردییەکان ڕۆژی ڕیفراندۆمیان دیاری کرد؛ ئەو لێکەوتانە دیاری بکەین کە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ھەرێمایەتیدا سەرەتاکانی دەرکەوتوون:  

یەکەم: دۆخی ناوخۆییی کوردستان: ڕوون و ئاشكرایه‌ کە لە ئێستادا دۆخی سیاسیی ناوخۆییی کوردستان ناتەباییی لایەنە سیاسییەکانی پێوە دیارە، بەڵام پرسیاری سەرەکی لە بابەتی ڕیفراندۆمدا ئەوەیە: ئایە بابەتێکی وا چارەنووسساز، شیاوی ئەو ململانێ نێوخۆیییە سیاسییەیە؟ بێ گومان نەخێر. ھەر لایەنێک بە مەبەستی شکاندنەوەی ئیرادەی لایەنی دیکە، ئامادەسازی بۆ دەنگدان بە "نەخێر" بکات، ھەڵەیەکی مێژووییی ستراتیژییە؛ ھەروەک چۆن بەحزبیکردنی ڕیفراندۆم و ھەوڵدان بۆ بەبەرداکردنی بەرگێکی حزبییانەیش ھەڵەیەکی ھاوشێوەیە. کەواتە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە مامەڵەکردن لە پرسی ڕیفراندۆمدا، مەحکوومن به‌ دەرچوون لە جوغزی تەسکی حزبایەتی. ڕاستییه‌كه‌ی، دەبێت ڕیفراندۆمی کوردستان کۆکەرەوەی لایەنە سیاسییەکان بێت نەک دوورخەرەوەیان لە یەکدی.  

دووەم: چوارچێوەی ڕووکەشی ڕیفراندۆم: کاتێک لەوە تێگەیشتین کە ڕیفراندۆم میکانیزمە بۆ دیاریکردنی ئامانجێک، باشتر تێ دەگەین لەوەی کە چوارچێوە ڕووکەشەکەی، نابێت جێگه‌ی ئەو ھەموو مشتومڕە سیاسییە بێت. لە دۆخی ئێستادا ڕیفراندۆم گەورەترە لە دامەزراوە فەرمییەکان، چونکە ڕاستەوخۆ ئیرادەی ھاووڵاتیانی دەنگدەر یەکلایی دەکاتەوە و، شێوازێکی دیموکراسیی ڕاستەوخۆیە. ئەم بابەتە، دەبێت فراوانتر لە پەرلەمان، یان سەرۆکایەتیی ھەرێم لێی بڕوانرێت، چونکە لە ئەنجامدا ئەو دامەزراوانە خاوەن بڕیاری جەوھەری نین بەڵکوو بڕیاری ڕووکەش (شکلی) دەدەن؛ بۆ ڕێکخستنی ئەم بابەتە، بڕیارە قورس و جەوھەری و یەکلاکەرەوەکە تەنیا لای کوردستانیانە.

سێیەم: "بەڵێ" یان "نەخێر"؛ ھۆکارەکانی: ڕاستە لە ئێستادا دۆخی دارایی و ئابووریی ھاووڵاتیانی کوردستان سەختە، به‌ڵام دەنگە نەخێرەکان فرەجۆرن: جۆرێکیان تا ئێستایش بەباشی سوودەکانی سەربەخۆبوونیان بۆ ڕوون نەکراوەتەوە. جۆرێکی دیکە لە دەنگی نەخێر، بە ئایدیۆلۆژیی حزبییه‌وه بارگاوین ‌و، پەیام و ھەڵوێست لە حزبەکانیان وەردەگرن. جۆرێکی دیکە، دیوارێک لە ترسی بۆ دروست بووە کە ئەوەی ئێستایش ھەیە، گه‌ر بێت و ڕیفراندۆم ساز بكرێ، دەکەوێتە بەر داڕمان و لەناوچوون. جۆرێکی دیکە، مەترسی و نیگەرانیی داراییی ھەیە و، قەیرانی دارایی بەقووڵی کاری تێ کردووە کە تا ڕاددەیەک بەرامبەر حزبە کوردییەکان بێمتمانە بێت. لە ڕاستیدا ھەموو جۆرەکان شیاوی ئەوەن دیالۆگێکی جددی و قووڵیان لەگەڵ بکرێت کە عەقڵانی و لۆژیکی بێت. لێرەدا ھەوڵ دەدەم چەند خاڵێک لەو بارەیەوە بخەمە ڕوو.

١- ئاییندەی کورد لەناو دەوڵەتی عێراق: پاش ڕووخانی ڕژێمەکەی سەددام حوسێن، ڕێککەوتن کرا بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی عێراق لەسەر بنەمای کۆمەڵێک پێوەری نوێ و کۆمەڵێک پرەنسیپ کە لە مێژووی ڕابردووی عێراقی پێش ٩ی نیسانی ٢٠٠٣ جودای بکاتەوە. بڕیار درا عێراقێک بنیات بنرێت کە تیایدا ھاوبەشێتیی ھەموو پێکھاتەکان لە حوکمڕانیدا بەرجەستە بکرێت؛ واتە ھاوبەشێتی لە بڕیاردان و بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا. بڕیار درا کە بڕیار و ستراتیژییە گرنگەکان، بە سازان بخرێنە سەرەڕێی خۆیان. بڕیار درا کە لەو دەوڵەتە نوێیە، لە دامودەزگه‌کان لە نێوان پێکھاتەکاندا ھاوسەنگی ڕەچاو بکرێت. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئەو سێ بنەما گرنگەی کە ڕێککەوتنی لەسەر کرا، پاش چواردە ساڵ بەکوێ گەیشتووه‌؟ تۆخ بۆ‌تەوە، یان کاڵ؟ بوونی ماوە، یان نەماوە؟ ئەگەر بەوردی بڕوانینە دۆخی ئێستای عێراق و ھەڵسەنگاندن بۆ ئەو چواردە ساڵە بکەین، دەگەینە ئەو ئەنجامە: عێراق لە ئێستادا لە سەرەڕێی کۆتاییھاتنی ئەو سێ بنەمایەیە. بۆ ئەو مەبەستە، دەیان ھەڵوێستی سیاسیی حکوومەتی ناوەند لەبەردەستن کە پابەند نەبووە بەو بنەمایانەوە. تەنیا شتێک کە بوونی مابێت، ئەوەیە كه‌ عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵە، بەڵام چۆن فیدراڵێک؟ ئەگەر ھەرێمی کوردستان لە تابلۆکە دەربکەین، عێراق ئەو ناسنامەیەیشی نامێنێتەوە؛ ئەمە وێڕای ئەوەی فیدراڵیبوونی عێراق لە پاش ٢٠٠٣، لە لایەن سیاسییە عەرەبەکانەوە بەناچاری و وەک دیفاکتۆ قبووڵ کراوە. کەواتە عێراق لە ئێستادا ئامادە نییە ڕێز لەو فیدراڵییەتەیش بگرێت کە دەستوورەکەی نووسیویەتییەوە، بەڵکوو لە بەرامبەر ئەوەدا مەیلێکی بێشوماری بۆ سەنتەرگەراییی حوکمڕانی ھەیە.

٢- دۆخی ئابووریی بەجیا لە عێراق: ئاشکرایە لە شوباتی ٢٠١٤ەوە ھەرێمی کوردستان ھیچ شایستەیەکی داراییی بوودجەی لە عێراق وەرنەگرتووە و، ئەو خۆبەڕێوەبەرییە ئابوورییە ناتەواو و نیوەناچڵەی کە ھەیە خۆی خاوەندارێتیی دەکات، ئایا دۆخەکە بۆ ھاووڵاتیانی کوردستان مایەی ڕەزامەندییە؟ بێ گومان نەخێر؛ بەڵام گەڕانەوەیش بۆ بەغدا، دۆخەکە چارەسەر ناکات، چونکە چەند جارێک ئەمەیش ئەزموون کراوە وه‌لێ بێسوود بووە. لە ئێستادا تەنیا بژاردەی بەردەم دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان ئەوەیە کە، لەسەر ڕێگه‌ی بنیاتنانی ئابووریی سەربەخۆ بەردەوام بێت، بەڵام ھاوتەریب بەوە، لە بواری دارایی و کارگێڕیدا پێویستیی بە چاکسازییەکی بنەڕەتی و ڕیشەییی قووڵ ھەیە؛ کە لەم بوارەدا ئەوەی تا ئێستا حکوومەت ئەنجامی داوە، ھێشتا جێگه‌ی ڕەزامەندی نییە و ھەنگاوی جددیتری پێویستە. کەواتە پاش تاقیکردنەوەی ڕێگه‌ی گەڕانەوە بۆ بەغدا و جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکان لە لایەن حکوومەتی ناوەندییەوە و، دوای پابەندنەبوونی بەغدا بە ناردنی شایستە دارایییەکانی کوردستان، دەبێت ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان ئەو پرسیارە بەقووڵی لە خۆیان بکەن: بۆچی دەنگ بە "نەخێر" بۆ ڕیفراندۆم بدەن، کە مانەوە لە چوارچێوەی عێراقدا بێھوودەیە؟ ڕاستە ڕیفراندۆم و پاشانیش سەربەخۆیی، ھەنگاوی بێ مەترسی نین، بەڵام گەورەکردنی ئەو مەترسییەی ھەموو سنوورەکانمان لەسەر دادەخرێت تا ڕاددەیەک نالۆژیکییە، چونکە ئەوە تەنیا گوشارێکە و عەقڵ قبووڵی ناکات کە ٥ ملیۆن ھاووڵاتی، تا مردن برسی بکرێن و گەمارۆ بدرێن.

٣- ئێران و تورکیا: بەشێک لە دەنگدەرانی نەخێر، بە ھۆکاری ناڕازیبوونی ئێران و تورکیا لە ڕیفراندۆمی کوردستان، دەیانەوێت بەھانە بھێننەوە. ڕاستییه‌كه‌ی، سادەترین خوێندنەوە ئەوە دەردەخات ئەو دوو دەوڵەتە ئەگەر ناڕازیش نەبن، لەم ھەڵوێستەی کوردستان نیگەرانن. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: بنیاتنان و ڕاگەیاندنی دەوڵەت، زیاتر بابەتێکی ناوخۆیییە، یان دەرەکی؟ ڕاستە لەباربوونی ژینگەی ھەرێمایەتی، پرۆسەکە ئاسان دەکات، بەڵام نیگەرانیشیان ئەوەندە ئالۆزی ناکات ئەگەر ئیرادەیەکی ناوخۆییی پتەو ھەبێت. ئەم پرۆسەیە میکانیزمێکە کە دونیای دیموکراسی جیا لەوەی شانازیی پێوە دەکات و بە ڕێگه‌یەکی دیموکراتییانەی دەزانێت، لە ھەمان کاتدا ناتوانێت لە ڕووی بەھایییەوە ( قییم) ڕێگری بکات. زەمەنێکە تورکیا و ئێران، دەزانن کورد بەرەو کوێ ھەنگاو دەنێت و، ئەم پرۆسەیەیشیان لە زه‌یندا وەک بابەتێکی حەتمی وەرگرتووە؛ ھەوڵیان داوە پاشی بخەن بەڵام ناتوانن لەباری بەرن. بوونی دەوڵەتێکی کوردستانی، دەتوانێت دراوسێیه‌تییه‌کی باشیان لەگەڵ بکات و لە نیگەرانییەکانیان کەم بکاتەوە، بەڵام ئەوەی دواجار دەتوانێت پرۆسەکە بخاتە سەر ڕێی سەرکەوتن، ئیرادەی خەڵکی کوردستانە.

٤- دۆخی نێودەوڵەتی: ھەندێک کەس و لایه‌ن ڕایان وایە دەوڵەتە زلھێزەکان پشتگیریی پرۆسەی ڕیفراندۆم ناکەن. ڕەنگە ھەندێک دەوڵەت لە ڕووی کاتەوە لەگەڵ ئەم ھەنگاوەی کورد نەبن، بەڵام لە ڕووی ستراتیژییەوە لەگەڵیدا ناتەبا نین. بە نموونە، ئەمریکا لە زاری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی، پاڵپشتیی عێراقێکی یەکگرتوو دەکات. ئاشکرایە ئەمریکییەکان تا ٢٠١٤ دەیانگوت پابەندین بە عێراقێکی یەکگرتووی فیدراڵ و دیموکراتییەوە؛ لە ئێستادا ئەوان لە ھەمووان باشتر دەزانن کە عێراق نە دیموکراسییە، نە یەکگرتووە و نە فیدراڵێکی باشیشە. لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە ئاشکرایە، كه‌ ئێستا عێراق دەوڵەتێکە خاوەنی سەروەرییە (sovereignty) و، ھیچ دەوڵەتێکیش ناتوانێت بەئاشکرا ئەوە دەرببڕێت کە پشتگیریی تێکدان و شکاندنی سەروەریی دەوڵەتێکی دیکە دەکات.

چوارەم: دیالۆگ و ڕێزگرتنی مافی پێکھاتەکانی دیکە: لە ئێستادا زۆر گرنگ و پێویستە کە لەگەڵ ئه‌و ئایین و مەزھەب و نەتەوانه‌ی دیکە کە لە باشووری کوردستان نیشتەجێن، دیالۆگی جددی بکرێت. پێویستە گرەنتیی ئەوەیان پێ بدرێت کە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی دیموکراسی و ڕێزلێگیراودا دەبن و، تەواوی مافەکانیان بە گشت ڕەھەندەکانییەوە بەگوێرەی دەستوورێکی مەدەنی، پارێزراو دەبن. پشتیوانیی ئەو پێکھاتانە بۆ پرسی ڕیفراندۆم و ڕەزامەندییان بۆ ژیان لەناو دەوڵەتی کوردستان، شەرعییەتێکی زیاتر بە پرۆسەکە دەدات و پشتگیرییەکی جیھانیی پێ دەبەخشێت.

پێنجەم: بەنیشتمانیکردنی میدیا: قۆناغی خۆسازدان بۆ ڕیفراندۆم، قۆناغێکی ڕاگوزەری ھەستیارە. ڕۆڵی میدیا لەم قۆناغەدا ڕۆڵێکی  گرنگە، لەبەر ئەوەی ئەم پرسە بۆ نیشتمان و ھاونیشتمانیانە، پێویستمان بە بەنیشتمانیکردنی میدیا ھەیە کە لە ھەموو گوتارێکی ئایدیۆلۆژی و حزبی و بیرتەسکی دەربچێت. جێبەجێکردنێكی ستراتیژییە گرنگەکانی ئەم قۆناغە، دەکەوێتە سەر شانی میدیا.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples