سەرەتا: لە شاری میونشنی ئەڵمانیا لە ڕۆژانی ١٧- ١٩ی مانگی شوبات، کۆنفڕانسی میونشن بۆ ئاسایش و سیاسەت، بە بەشداریی ٥٠٠ کەسایەتی لە نێوان سەرۆکی دەوڵەتان، سەرۆکوەزیران، وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و، بە ئامادەبوونی "مێرکل"ی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، "ئۆرسۆلا فۆندرلاین"ی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و، "گابریل" وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ساز کرا. لەو کۆنفڕانسەدا ٤٧ وەزیری دەرەوە، ٣٠ وەزیری بەرگری، ٩٠ پەرلەمانتار، سەرۆکەکانی پۆلەندا، ئۆکراینا، ھەرێمی کوردستان، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، فێدێریکا موگیرینی، نوێنەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا و ئەمینداری ھاوپەیمانێتیی ناتۆ بەشدار بوون.
گرنگیی کۆنفڕانسەکە و تەوەرەکانی: لەو کۆنفڕانسەدا لەبارەی ئاییندەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا، ناتۆ و دۆخی یەکێتیی ئەوروپا، تەنگژەی ئۆکراینا و پەیوەندیی بە ڕووسیاوە، هەروەها جەنگی خوێناوی و ململانێی سووریا، دۆخی عێراق و یەمەن و چەندین تەنگژەی دیکە و بابەتی تیرۆر و ئاسایشی جیھانی، گفتوگۆیان لەسەر کرا.
١- ئەم کۆنفڕانسە لە کاتێکدا ساز کرا کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا داوای ھەڵوەشاندنەوە، یان ھەموارکردنی ڕێککەوتننامەکانی بازرگانیی ئازادی لەگەڵ ئەوروپادا دەکرد.
٢- کۆنفڕانسەکە تیشکی خستە سەر بابەتێکی ھەستیار و گرنگ لە دۆسیەی ئاسایشی ئەوروپا، دوای ئەو ھێرشانەی كرانه سهری.
٣- بابەتی کۆچبەران و ناچۆنیەکیی دیدگهی ئەمریکی – ئەوروپی بە شێوەیەکی ڕێژەیی، تەوەری گرنگی کۆبوونەوەکە و گفتوگۆکان بوون.
٤- ئەوروپا ھەوڵی پەیامێکی گرنگی دا، بەوەی کە لەسەر زاری ئیشنگەر، سەرۆکی کۆنفڕانسەکە، ئاماژە بهوه درا کە ئەو قسە و کردارانەی لە لایەن واشنتۆنەوە دەورووژێنرێن، پێویستە بەھەند وەربگیرێن و، گرنگیشە لە میونشنەوە ئەو پەیامە بدرێتەوە ئەمریکا کە یەکێتیی ئەوروپا نەخۆش نییە و، لەسەر ڕێگهی ھەڵوەشاندنەوەیش نییە.
٥- توسک، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپی، ڕاستەوخۆ پەیامی ھەڕەشەئامێزی بۆ ئەمریکا نارد؛ بەوەی کە ناڕوونیی دیدگهی ئەمریکا تایبەت بە ناتۆ و تایبەت بە ئاسایشی ئەوروپا، وا دەکات ئەوروپییەکان بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر و ھاوکاریی بواری ئەمنی، بیر لە بژاردەی ڕووسیا و چین بکەنهوه.
٦- لە دانیشتنە دوولایەنەکانی ئەوروپییەکان و جێگری سەرۆکی ئەمریکادا، باس لە زیادکردنی ڕێژەی خەرجی سەربازیی ئەوروپییەکان کرا لەناو ناتۆدا؛ بە ڕێژەیەک کە تا ئاستی %٢ بە بەراورد بە جاران بەرزتر بێتەوە .
٧- لە کۆنگرەکەدا تیشک خرایە سەر کێشەی ھەڵکشانی ڕەوتی پۆپۆلیستی و ترس لە پرۆسەی جیھانگیری و دیاردەی کۆچ و ئەگەری شڵۆقبوونی سیستەمی نێودەوڵەتی.
٨- یەکێک لە "تین تانک"ەکانی ئەوروپا ڕاپۆرتێکی پڕ داتا و ئینفۆگرافیکی ٩٠ لاپەڕەیییان لە پەراوێزی کۆنفڕانسی میونشن پێشکەش کرد. ئهم ڕاپۆرته جەخت لەوە دەکاتەوە ڕۆژاوا بە ھەموو دامەزراوەکانییەوە وەک یەکێتیی ئەوروپا، ھاوپەیمانێتیی ناتۆ، سیستهمە دیموکراتییەکانی، بازرگانیی ئازاد و لیبراڵییەتە کراوەکەی، لە ئێستادا ڕووبەرووی چەندین ھەڕەشەی ناوخۆیی و دەرەکی دەبێتەوە. ئەو ڕاپۆرتە کە ناونیشانەکەی "پۆست-ڕاستییەکان و پۆست-ڕۆژاوا و پۆست-سیستهم"ە، ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر ئەو تەنگژانەی لە ئێستادا کاریگەرییان لەسەر سیستهمی نێودەوڵەتی داناوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ھەڕەشەی گرووپە جیھادییەکان و یاریکردنی سیاسی بە زانیاری و میدیا و پەرەسەندنەکانی دەریاچەی ڕۆژھەڵاتی چین و دۆخی نائارامی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. لە ھەمان کاتدا ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە لەدەستدانی متمانەی بەشێکی زۆری چین و توێژەکان دەکات بە یەکێتیی ئەوروپا و، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە ساڵی ٢٠١٧ و سەرکەوتنی دۆناڵد ترامپ، بۆ ئەوروپییەکان ساڵی یەکلاکەرەوە دەبێت و، ھاوشێوەی ساڵی ١٩٤٥ و ١٩٨٩ و ڕووخانی دیواری بەرلین، ڕووداوێکی گرنگ دەبێت.
٩- مایک بینس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، وێڕای ئەوەی لە کۆنگرەکەدا پابەندبوونی ئەمریکای بەرامبەر ئەوروپا و ھاوپەیمانێتیی ناتۆ دووبارە کردەوە، بەڵام بە شێوەیەکی سادەئامێزیش، وەک ڕێکخراوێکی ھەرێمیی کاریگەر، ئاماژەی بە یەکێتیی ئەوروپا نەدا. ئەمەیش بووە مایەی سەرنج و تێڕامانی بەشێکی زۆری پەرلەمانتارانی یەکێتیی ئەوروپا. بە بارێکی دیکەیشدا، فۆکەسخستنەسەر لایەنی پارەدارکردنی ھاوپەیمانێتیی ناتۆ و گرنگیدان بە پابەندبوونی دەوڵەتانی ئەندامی ناتۆ بە پشکی خۆیان بۆ پارەدارکردنی ڕێکخراوەکە لە لایەن جێگری سەرۆکی ئەمریکا و، گرنگینەدانی ئەوتۆ بە ستراتیژێکی ھاوبەشی ناتۆ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی، مایەی نیگەرانیی ئەوروپییەکان بوو.
١٠- وتەکانی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ئاماژەی ڕوونی بۆ ئەوروپییەکان تێدا بوو، کە ئێستا مۆسکۆ و واشنتۆن لەسەر بنەمای پراگماتی و ھەستکردنی ھاوبەش بە بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئاسایشی جیھانی، سەرقاڵی دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانیانن؛ ئهمه جیا لە چەندین دەستەواژەی پۆزەتیڤی دیکە لە لایەن لاڤرۆڤەوە سەبارەت بە پەیوەندییان لەگەڵ ئەمریکادا. ئەم پەیامە نوێیەی ڕووسیا، زۆر جیاواز بوو لەو زمانەی بەر لە دە ساڵ لە کۆنفڕانسی میونشنی ٢٠٠٧دا لە لایەن "پووتین"ەوە ئاراستە کرا؛ کە ئاماژە بوون بە بوونی گرژی و ناتەباییی سیاسیی نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ.
١١- یەکێکی دیکە لە خاڵە گرنگەکانی ئەو کۆنفڕانسە، بریتی بوو لە باسکردنی پشتگیریی ئێران بۆ پشێوی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا. "عادل جوبێر"، وەزیری دەرەوەی سعوودیا، ڕاستەوخۆ ئێرانی بە پشتگیریکردنی حوسییەکانی یەمەن و پێدانی چەک پێیان و دروستکردنی ئاژاوە لە ناوچەکەدا تۆمەتبار کرد؛ ئەمە جیا لە بوونی چەندین تێبینیی دیکە لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و پاڵپشتیی گرووپە توندڕەوەکان. ناوبراو بەڕوونی ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە بەشێکە لە کێشەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، نەک بەشێک بێت لە چارەسەر. وەک پاڵپشتیی دیدگهی سعوودیا، وەزیری دەرەوەی تورکیایش تیشکی خستە سەر ڕۆڵی نێگەتیڤی ئێران و ھەوڵدانی بۆ دروستکردنی دوو دەوڵەتی تائیفی لە سووریا و یەمەن. بە ھەمان ئاراستە، لیبرمان، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلیش، ئێرانی وەک ھەڕەشەیەک لەسەر دۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست وێنا کرد و، ئاماژەی بە ھەوڵەکانی ئێران دا بۆ نانەوەی کێشە بۆ سعوودیا و، پێشنیاری کرد کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پێویستە پشتگیریی دایالۆگی جددی لەگەڵ دەوڵەتە سوننییە میانڕەوەکاندا بکات.
١٢- لە ڕووی پرەنسیپەوە، دژبەیەکییەک لە نێوان دەستەبژێری فەرمانڕەوا لە ئەوروپا و دیدگهکانی دۆناڵد ترامپ بەدی دەکرێت. دیدگهکانی ترامپ، لە لایەن ھێزە ڕاستڕەوەکانی ئەوروپاوه پشتگیریی گەورەی بەخۆوە دیوە؛ کە لە ئێستادا ھەست بە جۆرێک لە گەشەکردنیان دەکرێت و، بە مانای وشە، خەریکە دەبنە ھەڕەشەیەکی ناوخۆیی بۆ ئەو دەستەبژێرە فەرمانڕەوایەی ئەوروپا و ھێزە سیاسییەکانیان.
١٣- سەبارەت بە تەنگژەی ئۆکراینا، ئەوروپییەکان ئەو پەیامەیان دایە ڕووسیا و ئەمریکا، کە ھەر ڕێکكەوتنێکی دوولایەنە لەسەر دۆخی ئۆکراینا لە دەرەوەی ھاوپەیمانێتیی ناتۆ، ڕووبەڕووی بەرگرییەکی سەختی ئەوروپییەکانیان دەکاتەوە. ئەمەیش، ئاماژەیەکی پێشوەختی ئەوروپییەکان و گومانێکە لە بەرامبەر ئەمریکا و سیاسەتی نوێی ئیدارەی ترامپ، وەک لەوەی گومانێک بێت لە ڕووسیا.
١٤- بەشداریی وەفدێکی ھەرێمی کوردستان لە (٥٣)یەمین "کۆنفڕانسی میونشن"دا بە سەرۆکایەتیی مەسعوود بارزانی، پەیامی گرنگی چەندلایەنەی ھەبوو:
ا- ھەرێمی کوردستان کاریگەریی گرنگی لە ھاوکێشەکانی سیاسەتی نێوەدەوڵەتیدا ھەیە.
ب- ھەرێمی کوردستان بەشێکە لە چارەسەر و، فاکتەری ئارامییه لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.
ج- ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و پارێزگاری لە بەھا باڵاکانی مرۆڤایەتی و پاراستنی ئاسایشی ناوچەیەکی گرنگی جیھان و ھەوڵە دیپلۆماسییەکان، پێگەی کوردی لە کۆنفڕانسی میونشندا بەھێز کرد .
د- داوەتکردنی فەرمیی بارزانی و شێوازی مامەڵەی دیپلۆماسییانە لەگەڵ شاندی کوردی، وێڕای بوونی شاندی فەرمیی عێراق، پەیامێكی گرنگ بوو سەبارەت بە تایبەتمەندیی ھەرێمی کوردستان.
ه- شاندی کوردستان لە ڕووی دیپلۆماسییەوە، جگە لەوەی دیدگهی فەرمیی خۆی خستۆتە ڕوو، بەڵام توانیی وەک سەکۆیەک کۆنگرەکە بۆ چەندین دیداری سیاسیی گرنگ لە پەراوێزی دانیشتنەکان بەکار بھێنێت؛ کە ئەمەیش تێگەیشتنی چڕتر و باشتر سەبارەت بە ئهکتەربوون و کاریگەربوونی کوردستان دەردەخات.
کۆتایی: میونشن، لە سێ ڕۆژدا چەندین پەیامی سیاسی و دیدگهی جیاوازی تێدا خرایە ڕوو. ناکۆکییەکان و ترس و دڵەڕاوکێکان زیاتر دەرکەوتن. پەیوەندییەکانی ئەمریکای ترامپ و ئەوروپا، لە سەروبەندی قۆناغێکی نوێ و سەرلەنوێ داڕشتنەوەدان، کە جۆرێک لە نیگەرانی و دڵەڕاوکێی بۆ ئەوروپییەکان دروست کردووە. کوردستانیش بە بەشداریکردنی سەربەخۆ و جیا لە عێراق، جگە لەوەی ڕێز لە پێگە و خەباتی نرا، لە ھەمان کاتدا چانسی فراوانبوونی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیشی لە ھەڵکشاندایە.