دەروازە: بریتانیا یەکێک لە گەورەترین دەوڵەتانی ناو کایەی سیاسەتی نێودەوڵەتییە؛ ڕەنگە ئاسان نەبێت بە وتارێکی کورت بتوانرێت باس لە گرنگیی ڕۆڵی بریتانیا لە ڕابردوو و ئێستای ناوچەی ڕۆژههڵاتی ناوەڕاست بکرێت. مێژووی ھێژموونیی بریتانیا لە ڕۆژههڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا و ھەندێک شوێنی دیکەی جیھان، چەندین توێژینەوە و دۆکیۆمێنتەری بۆ کراوە؛ لەم نێوەندەیشدا بریتانیا ئاشنایەتیی بە کوردستان و، کوردستانیش ئاشنایەتیی بە سیاسەتی بریتانیا ھەیە. میراتی سیاسەتی بریتانیا لە کوردستاندا کۆمەڵێک جێکەوتەی نەرێنیی بەجێ ھێشتووە. بریتانیا لە مێژووی سیاسیی خۆیدا لەم ناوچەیە خاوەن بڕیاری یەکلاکەرەوە بووە و، ھیچ یەک لە بڕیارە ستراتیژی، گرنگ و چارەنووسسازەکان بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەی کورد یەکلایی نەبۆتەوە، بەتایبەت لە بەشی باشووری کوردستان؛ چونکە وەک بەشێک لە دەوڵەتی عێراق ناسێنراوە و بریتانیایش کۆلۆنیالیستی ئەو دەوڵەتە بووە. لە ئێستادا و دوای گۆڕانکارییە گەرم و خێراکانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆڵگێڕانی بریتانیا لەم ناوچەیە و بەسەرداھاتنی گۆڕانكاری له پێگە و دۆخی سیاسیی ھەرێمی کوردستاندا، ئایا دەکرێت کورد بە دیدگه ڕەشبینییەکەی کۆنەوە بڕوانێتە سیاسەتی بریتانیا بەرامبەر بە باشووری کوردستان؟
ستراتیژیی نوێی بریتانیا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست: بەشێک لە توێژەران وای دەبینن، بە ھۆی کاریگەریی سیاسەتی ئەمریکا لە جیھان بەگشتی و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی، بریتانیا خاوەن ستراتیژییهکی ڕوونی تۆکمە نییە لە ناوچەکەدا. بەڵام بەشێکی دیکەی توێژەران ڕایان وایە ھاوتەریب بە کاریگەریی ئەمریکا، بریتانیایش لە سیاسەتکردن و ڕۆڵگێران لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا کارا و کاریگەرە؛ بۆ ئەم مەبەستەیش ھێشتا پایەکانی ھاوپەیمانێتیی ئەمریکی –بریتانی، توند و تۆکمەن و بەیەکەوە ئاراستەی ئاییندەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکەن. ئەگەر ئەم بەشەی دووەم لە ڕای ھەندێک توێژەر تا ڕاددەیەک لە شرۆڤەکردندا زیادەڕەویی تێدا بێت، ئەوا دەکرێت لەسەر ڕای یەکەم گفتوگۆ بکرێت کە ئایا بریتانیا ئێستا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا خاوەن ستراتیژییهکی ڕوون و تۆکمە نییە؟ بە دیدی من، ئەگەر تا ڕاددەیەک ئەم بابەتە بەڕێژەیی وەربگرین و لە دیدگه ڕەھاکان دەربچین، لە ئێستادا و پاش کاڵبوونەوەی ڕێژەییی ھێزی گەرم و ڕەقی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، ئەوا بریتانیا لە حاڵەتی ھەڵسەنگاندنی دۆخەکە و ھەنگاونانە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ڕۆڵی بریتانیا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا. ستراتیژیی نوێی بریتانیا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەم قۆناغەدا "پارالێل" (ھاوتەریب) بە یەکدی، خەریکی جووڵەی سیاسیی گرنگە لەو ناوچانەی کە لە ڕووی جیۆسیاسییەوە لە ڕاددەبەدەر گرنگن. زیاتر لە سێ ساڵە، بریتانیا بە کۆمەڵێک ھاوپەیمانێتی و لێکتێگەیشتن و تۆکمەکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو و میسر و عێراق و باشووری کوردستانهوه سەرقاڵە.
بریتانیا و باشووری کوردستان: دۆخی ئێستای کوردستان لە ھەموو بوارەکان: ھەڵکشانی پێگەی سیاسیی کوردستان، قەیرانی دارایی، جەنگی داعش، پەیوەندیی ھەرێمی کوردستان و بەغدا، لە گرنگترین ئەو تەوەرانەن کە دەکرێت بەکورتی شرۆڤەیان بکەین :
ھەڵکشانی پێگەی سیاسی: لە ئێستادا باشووری کوردستان لە بواری سیاسیدا، خاوەن پێگەی سیاسیی ھەڵکشاوە. لە ماوەی ڕابردوودا دیپلۆماسییەتی کوردی قۆناغێکی دیکەی بەخۆوە دیوە. جووڵەی سیاسیی کوردستان لە ئێستادا جووڵەیەکی ھەستپێکراوە. شرۆڤەکارانی بواری دیپلۆماسی، ئەم جووڵەیە بە جووڵەی دەستپێکی دەوڵەتێک وێنا دەکەن کە بیەوێت بە شێوەیەکی سیستهماتیک، پێ بنێته نێو تۆڕێکی فراوانی پەیوەندیی سیاسیی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتییهوه. بە ھۆی پێگەی سیاسیی بریتانیا لە ئاستی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی و کاریگەرییە سیاسییەکانییهوه، ئهو وڵاته گرنگییەکی لە ڕاددەبەدەری بۆ کوردستان ھەیە. بۆ بریتانیایش، باشووری کوردستان خاوەن پێگەیەکی گرنگی جیۆپۆلیتیکی و جیۆسیاسییە و ناوچەیەکی گرنگی ئەمنییە و، دەکرێت بەبایەخەوە لێی بڕوانرێت. ئەوەی تێبینی دەکرێت، لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا ئاستی پەیوەندییە سیاسییەکانی بریتانیا و باشووری کوردستان لە قۆناغ و ئاستێکی تا ڕاددەیەک باشدایە. زیاتر لە ١١ جار لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا سەردانی دیپلۆماسیی نێوان باشووری کوردستان و بریتانیا تۆمار کراوە؛ جیا لە بوونی نوێنهری دیپلۆماسیی بریتانیا لە باشووری کوردستان لە ڕێگهی کونسوڵخانە و، بوونی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێم لە لەندەن. لە جۆر و شێوازی پەیوەندیی دیپلۆماسیی کوردی- بریتانیدا، دوو خاڵ جێگهی بایەخن کە پێویستە پەرەیان پێ بدرێت :
آ- گواستنەوەی دیپلۆماسییەتی کلاسیکی نێوانیان بۆ قۆناغی پترۆدیپلۆماسی .
ب- وەبەرھێنانی فۆرمی پەیوەندیی دیپلۆماسیی کوردی–بریتانی، بە مەبەستی بەدەستھێنانی پشتگیریی لایەنی دووەم بۆ سەربەخۆییی کوردستان .
قەیرانی دارایی: ئاشکرایە بۆ زیاتر لە دوو ساڵە کوردستان لە دۆخێکی سەختی داراییدایە. تێپەڕاندنی قەیرانی داراییی کوردستان، جیا لەوەی چاکسازیی نێوخۆیی لە بواری کارگێڕی و داراییدا پێویستە، لە ھەمان کاتدا لە بواری ڕێنماییکردنی حکوومەت لە پێڕەوکردنی سیاسەتێکی دروستی ئابووری، پێویستیی بە پاڵپشتی دەرەکیش ھەیە. بۆ ئەم مەبەستە بریتانیا ھەوڵی داوە کەرتی وزەی کوردستان بە جیھان بناسێنێت و، دەرگهکانی بۆ چەندین کۆنفرانسی کوردی –بریتانی لە بواری نەوت و گازدا واڵا کردووە. لە کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦دا حکوومەتی کوردستان و حکوومەتی بریتانیا بە ڕێگەی "ئاژانسی پێدانی قەرز" (UKEF)ەوە ڕێککەوتنێکیان بۆ پێدانی قەرزێک به حکوومەتی کوردستان بە مەبەستی چاککردنی پرۆژەکانی ئاو لە ھەولێر و سلێمانی واژوو کرد. لە قۆناغی یەکەمدا ڕێککەوتن کرا لەسەر ئەوەی بڕی ٣٥ ملیۆن دۆلار بە قەرز بۆ مەبەستی ئاماژهبۆكراو بدرێتە حکوومەتی کوردستان. لە ١٧-٣-٢٠١٦ لە دیداری نێوان "فلیب ھامۆند"ی وەزیری دەرەوەی بریتانیا و "نێچیرڤان بارزانی"دا، ھامۆند، بە مەبەستی دەربازبوون و تێپەڕاندنی تەنگژەی دارایی، پشتگیریی بریتانیای بۆ کوردستان دەڕبری و، ئاماژەی بەوە دا کە کوردستان چانسی بنیاتنانی ئابوورییەکی باشی لە بەردەمدایە و، بریتانیایش ئامادەیە ھاوکار بێت.
جەنگی داعش: لە ماوەی دوو ساڵ زیاتری جەنگی داعش و ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆریستاندا، چەندین دەوڵەتی ڕۆژاوایی، لە ڕووی سەربازییەوە لەسەر ھێڵی گەرمی ھاوکاریکردنی باشووری کوردستان بوون. لەو بوارەیشدا چەندین جار سەردانی وەزیری بەرگریی بریتانیا و سەردانی مایکڵ فاڵۆن لە ١١-٢-٢٠١٧ و کۆبوونەوەی لەگەڵ بارزانی و حکوومەتی باشووری کوردستاندا، ئاماژەی ڕوونن بۆ گرنگی و بایەخی ھاوکاریی بریتانیا بۆ کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە. لە ئێستادا بریتانییەکان لە ڕێگهی ٨٠ ڕاوێژکار و ڕاھێنەری سەربازییەوە، توانیویانە مەشق و ڕاهێنانی ئاستبەرز بە زیاتر لە ٧٠٠٠ پێشمەرگەی کوردستان بكهن؛ ئەمەیش سوود و گرنگیی زۆری بۆ کوردستان ھەبووە. پەیامی سەربازیی بریتانیا بۆ کوردستان و ناوچەکە لەم بوارەدا ڕوونە: ھێزی پێشمەرگەی کوردستان جێگەی باوەڕی بریتانییەکانن و، بریتانیایش لە ھاریکاریکردنی پێشمەرگە لە ھەموو بوارەکاندا بەردەوام دەبێت. بۆ کوردستان گرنگە، بریتانیا سەبارەت بە ھێزە شەڕکەرەکانی دژی داعش لە تەواوی عێراقدا تێڕوانینی جیای ھەیە و، پێشمەرگە وەک بوێرترین و جوامێرترین جەنگاوەران لە عێراقدا دەناسێنێت، کە لهگهڵ داعشدا جەنگێكی یەکلاکەرەوە دهكهن.
پەیوەندیی باشووری کوردستان و بەغدا: ئێستا دۆخی پەیوەندیی کوردستان لەگەڵ بەغدا، لە خراپترین ئاستیدایە. بریتانیا بایهخی بهوه دا کە ئەم پەیوەندییە، لەم قۆناغە خراپە دەرباز بکات. بۆ دیپلۆماسییەتی کوردی گرنگە، کە تێگەیشتنی زیاتر بۆ بریتانییەکان دروست بکات، لەوەی کە بەغدا ناتوانێت مافەکانی خەڵکی باشووری کوردستان دابین بكات. لەم بوارەدا باشووری کوردستان پێویستیی بە ھەوڵی چڕتر ھەیە بۆ تێگهیاندنی زیاتری بریتانییەکان و، دهبێ ھەوڵ بدات ئەو دۆخە بە جۆرێک وەبەرھێنانی تێدا بکرێت، کە بریتانیا لە پشتگیریکردنی ئاراستەی سەرلەنوێ ھەڵوەشاندنەوەی عێراق نزیکتر بکاتەوە.
پوختەیەکی ئاییندەگەرایی: لە ئێستادا پەیوەندیی کوردی – بریتانی لە ڕووی سیاسییەوە لە قۆناغێکدایە، کە دەکرێت بە ئاراستەی پۆزەتیڤتر و ئاکتیڤترهوه ھەنگاو بنێت. کوردستان بە پشتگیریکردن و داکۆکیکردن لە بەھا بالاکانی مرۆڤایەتی و پەرەپێدانی کهلتووری پێکەوەھەڵکردن و ڕەخساندنی دەرفەتی گەورەتر و فراوانتری ئابووری و بازرگانی، بەتایبەت لە بواری وزەدا، دەتوانێت پایەکانی پەیوەندیی کوردستان و بریتانیا تۆکمەتر بکات. بریتانیای ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەندامی ناتۆ و ئەندامی گرووپەکانی (G8) و (G20) و شارەزای مێژوو، جوگرافیا، کەلتوور و سایکۆلۆژیی ئەم ناوچەیە، دەتوانێت لە پاڵپشتیکردنی کوردستاندا ڕۆڵی گرنگ بگێرێت.