ڕیفراندۆمەکەی تورکیا و دیدگه‌ی ئەوروپا

دەروازە: ڕیفراندۆم وەک ڕێکارێکی سیاسی – یاسایی سەیر دەکرێت، کە تیایدا دەسەڵاتی سیاسی بۆ ھەندێک بابەت پەنای بۆ دەبات، کە بۆ یەکلاییکردنەوەی، پێویستیی بە ڕای گەل (دەنگدەر) ھەیە. بە واتایەکی دیکە، گەڕانەوەیە بۆ ڕای ھاوڵاتیان بە مەبەستی بڕیاردان لە پرسێک؛ جا سیاسی، یان ئابووری، یان کۆمەڵایەتی، یان کەلتووری و، یان ھەر بابەتێکی گرنگی دیکە بێت. دەستووری ھەمیشەیی کە دایکی یاساکانە و لە لووتکەی  ھەرەمی یاساییی دەوڵەتە، گرنگیی زۆری ھەیە، بەوەی کە سروشتی سیسته‌می سیاسیی دەوڵەت دیاری دەکات کە ئایا پەرلەمانییە، یان نیمچەسەرۆکایەتی، یان سەرۆکایەتی و، پەیوەندیی نێوان ھەر سێ دەسەڵاتە سەرەکییەکەی دەوڵەت بەیەکەوە ڕێک دەخات و، لە بەشی زۆری دەوڵەتان دوو جۆر ڕیفراندۆم لەبارەوە ئەنجام دەدرێت: ڕیفراندۆمێک بۆ بڕیاردان و پەسەندکردنی دەستوورە و، ڕیفراندۆمێکی دیکە بۆ ھەموارکردنەوەیە؛ ئەم جۆرە دەستوورە لە فیقھی دەستووریدا، بە دەستووری ڕەق، یان توند (جامد) ناو دەبردرێت. دیارە دەستووریش ھەیە، ھەموارکردنەوە تەنیا لە ڕێگه‌ی پەرلەمان، یان ئەو دەسەڵاتەی دایناوە ( دەسەلاتی دامەزرێنەر ) ئەنجام دەدرێت و بە "دەستووری نەرم" ناو دەبرێت.

ڕۆژی ١٦ی نیسانی ٢٠١٧، دەوڵەتی تورکیا پرۆسەیەکی گرنگی تێدا بەڕێوە چوو، کە بریتی بوو لە ڕیفراندۆم لەسەر ھەموارکردنەوەی دەستووری ھەمیشەییی تورکیا. ناونیشانی سەرەکیی ئەم ڕیفراندۆم و ئەم ھەموارکردنەوەیە، بریتی بوو لە گۆڕینی سیسته‌می حوکمڕانیی تورکیا، لە سیسته‌می پەرلەمانییەوە بۆ سیسته‌می سەرۆکایەتی. ڕەجەب تەییب ئەردۆغان توانیی ھاوپەیمانێتی لە نێوان ئاکەپە و مەھەپە بۆ تێپەڕاندنی ئەم ھەموارکردنەوەیە دروست بکات و، لە بەرامبەر بەرەی ھەدەپە و جەھەپە، کە نەیاری گۆڕانكارییە دەستوورییەکان بوون، ٥١.٥%ی دەنگەکان بەدەست بھێنێت. ئێمە لە دووتوێی سێ تەوەردا باس لە ناوەرۆکی ماددە ھەموارکراوەکان ده‌كه‌ین، پاشان لە تەوەری دووەم، لێکەوتەکانی لەسەر کۆمەڵگەی تورکی و، پاشان لە تەوەری سێیەمدا دیدگه‌ی ئەوروپییەکان سەبارەت بە پرۆسەکە و دەرەنجامەکەی دەخەینە ڕوو .

یەکەم: بە پێویستی دەزانین خوێنەرانی پێنووس بەو ماددە دەستوورییانە ئاشنا بکەین، کە گۆڕانکاریی بنەڕەتییان لەسەر کراوە و دەنگی زۆرینەی سادەی (٥٠+١) بە "بەڵێ وەرگرتووە، کە بریتین لە:

١- گۆڕینی کورسییەکانی پەرلەمان لە ٥٥٠ بۆ ٦٠٠ کورسی .

٢ کەمکردنەوەی تەمەنی خۆکاندیدکردن بۆ پەرلەمان لە ٢٥ ساڵەوە بۆ ١٨ ساڵ.

٣ ھەر ٥ ساڵ جارێک ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمان و بۆ سەرۆکایەتی، ڕاستەوخۆ لە لایەن خەڵکەوە ئەنجام دەدرێت .

٤ پەرلەمان دەسەڵاتی چاودێری و پشکنین و بەدەستھێنانی زانیاریی  دەبێت، لە ڕێگه‌ی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان و گەڕانی پەرلەمانی و کۆنگرەی پەرلەمانی .

٥ سەرۆکی دەوڵەت، دەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ حزبەکەی خۆی بمێنێتەوە .

٦ سەرۆک، دوو خول دەتوانێ خۆی ھەڵبژێرێت و ھەر خولێکیش ماوەکەی ٥ ساڵە .

٧ ئەو کاندیدەی لە ھەڵبژاردنی ڕاستەوخۆدا زۆرینەی ڕەھا دێنێت، دەبێته‌ سەرۆکی دەوڵەت .

٨- سەرۆکی دەوڵەت، سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە؛ سەرۆکایەتیی سوپا دەکات، جێگرەکانی و وەزیرەکانی دادەنێت و، دەیشتوانێت لایان ببات.  

٩ ھەر کات سەرۆک بەپێویستی زانی، ھەمواری دەستوور دەخاتە ڕیفراندۆمەوە .

١٠- دەتوانێت لە بواری دەسەڵاتی جێبەجێکردندا مەرسووم دەرکات.

١١- مەرسوومی سەرۆکایەتی ڕەت دەبێتەوە، ئەگەر پەرلەمانیش لەسەر ھەمان بابەت یاسایەکی دەرکرد .

١٢- پەرلەمان دەتوانێت دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە سەرۆک و جێگرەکانی و وەزیرەکانیش بکاته‌وه‌ یان بەدواداچوون بۆ کارەکانیان بکات و، سەرۆکیش ناتوانێت بانگەشە بۆ ھەڵبژاردنی گشتی بکات لەو کاتەی لێکۆڵینەوەی لەسەره‌.

١٣- سەرۆک مافی ھەیە جێگرێک، یان زیاتر بۆ خۆی دابنێ.

١٤ ئەندامێتیی پەرلەمانی بەتاڵ دەبێتەوە، بۆ ئەوانەی بۆ پۆستی جێگری سەرۆککۆمار و وەزیر کاندید دەبن.

١٥-  پەرلەمان دەتوانێت بە دەنگی سێ لەسەر پێنجی ئەندامەکانی، بڕیار لە ھەڵبژاردنێکی نوێ بدات .

١٦-  سەرۆکی دەوڵەت مافی ھەیە لە چوارچێوەی یاسادا باری نائاسایی ڕابگەیەنێت.

١٧-  دادگه‌ سەربازییەکان ھەڵدەوەشێنەوە؛ بە دادگه‌ی باڵای سەربازی و دادگه‌ی باڵای کارگێریی سەربازییشەوە .

١٨-  دامەزراندنی دادگه‌ی سەربازی لە وڵاتدا ڕێگەپێدراو نییە، جگە لە دادگه‌ی ڕێکسازیی سەربازی ( انضباط عسكري ) نەبێت .

١٩- سەرۆکی دەوڵەت بوودجەی گشتی دەخاتە بەردەم پەرلەمان .

٢٠ پۆستی سەرۆکوەزیران ھەڵدەوەشێتەوە و، سەرۆکی دەوڵەت پراکتیزەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەکات .

٢١-  ھەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی دەوڵەت، لە ٣ی نۆڤێمبەری ساڵی ٢٠١٩ ئەنجام ددەدرێت .

تەوەری دووەم: گۆڕانکاری و ھەموارە دەستوورییەکان کە پاش ٤ی نۆڤێمبەری ٢٠١٩ دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، چەند لێکەوتەیەکی سیاسیی ئەرێنی و نەرێنی بەدوای خۆیاندا دەھێنن :

لایەنی نەرێنی :

١-  ڕەنگە تورکیا لە دەوڵەتی نیمچەدامەزراوەوە، بکاتە دەوڵەتی تاکخوازی یان دیکتاتۆریەتی نەرم.

٢- ڕەنگە سیسته‌مێکی سیاسیی شڵۆق بەرھەم بھێنێت، کە نەتوانێت تەعبیر بێت لە زۆرینەی زۆری تورکەکان .

٣- دابەشبوونی سیاسی لە تورکیا قووڵتر دەکاتەوە.

٤- ئەگەر ئەردۆغان، یان ئاکپارتی بەرەو تاکڕه‌وی چوون، پێشبینی دەکرێت بەرەی "بەڵێ" بۆ ڕیفراندۆمەکە لاواز بێت و، لە ئاییندەدا مەھەپە لە ھەڵوێستی پشتگیریکردنی ڕیفراندۆمەکە وتەیەکی دیکەی ھەبێت .

لایەنی ئەرێنی :

١ ھەندێک كه‌س ڕایان وایە سیسته‌می سەرۆکایەتی بۆ تورکیا گونجاوترە و، لە ئاستی دەرەکی و ناوخۆییدا، دەوڵەتێکی بەھێز دروست دەکات .

٢- ھەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی سەرۆک، ڕێگه‌یەکە لە دیموکراسییەتی ڕاستەوخۆ و، بوار نادات حزبە سیاسییەکان بە ڕێککەوتن سەرۆکی وڵات دیاری بکەن، بەڵکوو گەل ڕاستەوخۆ لەو بوارەدا قسەی دەبێت.

٣- حکومەتی تورکیا لە ڕاپەراندنی کاری ئیداری و دابینکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ دانیشتووانەکەی، دەستکراوەتر دەبێت .

٤- كاریزمای (بایەخی پێگە) سەرۆک دروست دەبێت و، دەوڵەت دەبێتە خاوەن مەرجەعییەتێکی سیاسی .

تەوەری سێیەم: دیدگه‌ی ئەوروپییەکان:  

١- یەکێتیی ئەوروپا: یەکێتیی ئەوروپا بەوریایییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە دەکات. دیدگه‌ی بەرەی نەیاری ھەموارە دەستوورییەکان لەبەرچاو دەگرێت، کە ڕایان وایە گۆڕینی سیسته‌می حوکمڕانی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی، دەرگه‌ بۆ دامەزراندنی سیسته‌مێکی گشتگیر و پاوانخواز و پاشان دیکتاتۆرانە ئاوەڵا دەکات. لەگەڵ ئەوەیشدا، داوا لە ئەردۆغان دەکات کە ھەوڵ بدات ئەو دابەشبوونەی کۆمەڵگەی تورکی کاڵ بکاتەوە و، بە ئاراستەی سازان لەگەڵ حزبە سیاسییەکانی دیکە ھەنگاو بنێت. ئەم دیدگه‌یە لە لێدوانەکانی کلود یونکر، سەرۆکی کۆمیسیارانی ئەوروپی و، فیدریکا موگیرینی، نوێنەری باڵای ئاسایش و سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپادا، بەڕوونی دیار کەوت .

٢- ئەنجومەنی ئەوروپا: سۆربیۆن جاگلاند، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی ئەوروپا، ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە سەرکردایەتیی تورکیا بەوریایییەوە به‌ره‌و ئاییندە ھەنگاو بنێت و، گرنگ ئەوەیە گرەنتیی ھەبێت بۆ سەربەخۆییی دادگه‌کان و دەسەڵاتی دادوەری و سەروەریی یاسا، بەگوێرەی ڕێککەوتننامەی ئەوروپی بۆ مافی مرۆڤ.

٣- ئەڵمانیا: مێرکل و زیگمار گابریل، جەختیان لەوە کردەوە ئەڵمانیا سەبارەت بە گۆڕینی دەستوورەکەیان ڕێز لە ڕای ھاوڵاتیانی تورکیا دەگرن.

٤- نەمسا: جیاوازیی کەمی دەنگەکان، دەرخەری دابەشبوونێکی قووڵی کۆمەڵگەی تورکیایە؛ ئەمەیش لە ھاریکاریی تورکیا لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپادا ئاڵۆزی دروست دەکات.

٥- دانیمارک: سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، دڵەڕاوکێی دەوڵەتەکەی سەبارەت بە گۆڕانکارییە دەستوورییەکان پیشان دا و، وای دەخوێنێتەوە سەقامگیری بەدی ناھێنێت.

بە کۆی گشتی، ڕێگریی ئەوروپییەکان لە ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ھۆڵه‌ندا و، دروستبوونی چەندین تەنگژەی دیپلۆماسیی نێوان تورکیا و ئەوروپییەکان لە کەمپینەکانی پشتگیری بۆ ڕیفراندۆمەکە و، ڕێگریکردن لە بەرپرسانی باڵای تورکیا بۆ بەشداریکردن لە کەمپینەکان،  دەرھاوێشتەی پەیامی ئەوروپییەکان بوو کە بەناڕاستەوخۆ ناتەبابوونی خۆیان یان ناهاوڕابوونیان بۆ گۆڕانکارییە دەستوورییەکان دەرخست. ئەوروپییەکان ڕێز لە پره‌نسیپە دیموکراتییەکان و پرۆسەی دەنگی ھاووڵاتیان لە تورکیا دەگرن؛ لە ھەمان کاتیشدا لە ئاییندەی سیاسیی تورکیا نیگەرانن و، ترسیان لە دروستبوونی دەوڵەتێکی مەیلخواز بۆ تاکڕەوی ھەیە. بەو جۆرەیش، مامەڵەی ئەوروپییەکان لەگەڵ تورکیا لە قۆناغەکانی داھاتوودا، قورستر دەبێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples