چۆن پارتی و گۆڕان دەتوانن ئەم قۆناغە تێ پەڕێنن؟

پێشەکی: لە ئێستادا پرۆسەی سیاسی لە باشووری کوردستان گرفتاری چەقبەستنێکی سیاسیی قووڵە، کە لە ئەنجامی ململانێی توندی دوو ساڵی ڕابردووی ھێزە سیاسییەکانەوە ھاتۆتە کایەوە، بەتایبەت "پارتی دیموکراتی کوردستان" و "بزووتنەوەی گۆڕان". چەقبەستنێکە کە زیانی زۆری لە پرۆسەی سیاسی داوە و، لە ڕووی سیاسی و دۆخی سایکۆلۆژی و دارایی و کۆمەڵایەتییەوە زیانی گەورەی لە ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان داوە . ئەمە ئەگەر بۆ دووساڵی ڕابردوو  قۆناغێک بووبێت لە چوارچێوەی ململانێ سییاسییەکانی ناو پرۆسەی سیاسی سەیر کرابێت و، یەکدیی پێ تۆمەتبار کرابێت کە کار و کاردانەوە بووە، یان  بەنایاسایی پەرلەمان ناکارا کراوە، بۆ ئەمڕۆ ئەم بازاڕگەرمییە سیاسییە، پێویستە کۆتاییی پێ بھێنرێت و، دوو گرنگترین ھۆکار کە وا دەکات ئەم دوو ھێزە و تەواوی ھێزەکانی دیکە ئەم قۆناغە تێ پەڕێنن، بریتییە لە خراپیی دۆخی ھاووڵاتیان و ھاتنەپێشەوەی پرسی ڕیفراندۆم. ئێمە لەم وتارەدا تیشک دەخەینە سەر ھەر دوو تەوەرەکە، کە وا دەبینرێن پاڵنەری سەرەکی بن بۆ زیاتر لێکنزیکبوونەوە و کۆتاییھاتن بە چەقبەستنە سیاسییەکەی باشووری کوردستان.  

ھۆکاری یەکەم: خراپیی دۆخی ھاووڵاتیان: لە ئێستادا دۆخی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان لە زۆر ڕووەوە، دۆخێکە تا ڕاددەیەکی زۆر نەگونجاو و ناھەموارە. ئەگەر ھەندێک وا بخوێننەوە ھۆکاری ئەم دۆخە تەنھا بابەتی نەوت و دابەزینی نرخی نەوتە، ئەوا بە بارێکی دیکەدا ئێمە ئەوەی  لێ دەخوێنینەوە كه‌ ناتەباییی سیاسییش ھۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخەیە . بە ھاوئاھەنگیی حزب و لایەنە سیاسییەکان، پرۆسەی ڕیفۆرم لە کوردستاندا جددیتر و باشتر بەڕێوە دەچێت. بۆ ھەندێک ڕیفۆرمی گرنگ پێویستمان بە ھەموارکردنەوەی یاسا کارپێکراوەکانە لە پەرلەمانەوە، ئەمە جیا لەوەی پەرلەمان بە گوێرەی پسپۆرییەکەی دەتوانێت چاودێریی وردی کارەکانی حکوومەت بکات، لەناو تیمی حکوومەتیش ئەگەر تەباییی سیاسی ھەبێت، پرۆسەی ڕیفۆرم و جێبەجێکردنی بەرنامەی سیاسی و داراییی حکوومەت باشتر بەڕێوە دەچێت. کۆی دۆخی گشتی لە پەرلەمان و حکوومەت، ناتەباییی حزبە سیاسییەکان، بەتایبەت دۆخی سیاسیی نێوان پارتی و گۆڕان، نەبوونی پەرلەمانێکی چالاک و سەنگەرگرتنی میدیایی لە یەکدی، بە زیانی ھاووڵاتیان شکاوەتەوە و دۆخێکی سایکۆلۆژیی ناتەندروستی بۆ خوڵقاندوون، کە کاریگەریی تەواوی لەسەر ژیانی سیاسی و ئابووری و ھەتا کۆمەڵایەتیش خوڵقاندووە. لە ئێستادا پاش ئەم دۆخە نالەبارە، پارتی و یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان بە پلەی سەرەکی، مەحکوومن بە باشترکردنی ژیانی خەڵکی کوردستان. ئەم باشترکردنە، بەم دۆخە سیاسییەی ئێستا ناکرێت، بەڵکوو ھەنگاوی یەکەم، ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانیانە و ھەوڵدانە بۆ درووستبوونەوەی متمانە؛ چونکە بەردەوامیدان بەم دۆخە، متمانەی ھاووڵاتیان لەم ھێزانە دەسەنێتەوە.

ھۆکاری دووەم: پرسی ڕیفراندۆم: پاش بڕیاری زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٢٥ی ٩ی ئەمساڵدا، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان مەحکوومن بە بڕیارێکی پێشوەختەی چەندین ساڵە، کە وەک ئامانجی حزبە سیاسییەکان لێی ڕوانراوە و لە قۆناغی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نیشتمانیدا ستراتیژیی لایەنە سیاسییەکان بووە و، مەحکوومن بە خەباتێکی بێوچانی دوورودرێژ لە پێناو مافی بڕیاردانی چاره‌نووس. بۆ ئەوەی بچینە نێو ناوەرۆکی بابەتەکەمان، دەکرێت بڵێین پێویستیی ستراتیژیی ئەم قۆناغەی باشووری کوردستان، تەباییی نێو لایەنە سیاسییەکانە نەک ئەوەی کە لە ئێستادا ھەیە؛ چونکە ڕیفراندۆم بەو دۆخەی ئێستا، پێویستیی بە ئامادەسازیی نێوخۆییی زیاترە. لە ڕاستیدا ھەموو ئاماژەکان بەرەوە ئەوە دەڕۆن کە ڕیفراندۆمەکە سەرکەوتوو دەبێت، بەڵام جیا لەوەی ئەمە جێگه‌ی خۆشحاڵییە، پێویستە بە ڕێژەیەکی کەم نەبێت و، ڕێژەیەک بێت لە ڕووی مەعنەوییەوە دەربڕی واقعی چەندین ساڵەی خەبات و قوربانیدانمان بێت. کەواتە ڕیفراندۆم، پێویستە ھۆکاری نزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بێت نەک زیاتر لێکیان دوور بخاتەوە.

نەخشەڕێگه‌ی تێپەڕاندنی دۆخەکە بەرەو ڕیفراندۆم: وەک لە خاڵی یەکەم و دووەمدا ئاماژەمان پێ دان، دوو ھۆکاری گرنگ ھەیە کە پێویستە ھەڵوەستەی لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی دۆخەکە باشتر تێ پەڕێنین و ھەنگاوی دروستر بھاوێژین. بەڵام لە بنەڕەتدا، دەیشکرێت بڵێین مادام ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، ستراتیژیی ھەموو حزبە سیاسییەکانە لە باشوور، ئیدی پێویست نییە تێکەڵی ململانێ سیاسییە نێوخۆیییەکانی بکەین و، بەشداربوون و نەبوونمان بکەینە مەرج و منەت بەسەر یەکدییەوە. لە بنەڕەتدا، من باوەرم بەم تێزە زیاترە وەک لە ھۆکارەکان، بەڵام ھۆکارەکانیش ڕەت ناکەمەوە، چونکە باوەرم بەوە ھەیە سیاسەت لە پێناسە ئاسایییەکەیدا مامەڵەکردنە لەگەڵ واقیع. ئێمەیش کە خەمخۆری سەرکەوتنی ئەم پرسە گرنگە بین، کە ڕیفراندۆمە، بەشی ئەوە پێویستمان بە ھەڵوەستەکردنە لەسەر تەباییی لایەنە سیاسییەکان.

لە دۆخی ئێستادا و لە ئاستە گشتییەکە، پارتی وەک ھێزی سەرمەشقی ئەم ڕیفراندۆمە وێنا دەکرێت. ھەندێک ڕایان وایە ئەمە لاوازیی حزبەکانی دیکەیە، بۆیە پارتی وەک سەرمەشق وێنا بووە و، ھەندێکی دیکەیش وای دەبینن کە پارتی دیموکرات بەجددی لە پێشەوەی ئەم پرۆسەیەیە و، سەرمەشقیەتی و ئەوە ئەجێندای سەرەکییەتی. بۆ ئەمەیش تەواوی ئەو نەرمینواندنەی کە ئێستا ھەیەتی لە چارەسەری کێشە سیاسییەکان، بەتایبەت کاراکردنەوەی پەرلەمان بە ھەمان دەستەی سەرۆکایەتیی خۆیەوە و لابردنی ھەموو مەرجەکانی دوو ساڵی ڕابردووی، ھێما و نیشانەن کە پارتی ئامادەییی تێدایە بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆم و بەدەستھێنانی کۆدەنگی و تەباییی سیاسی لەم بوارەدا. لێرەیشدا پارتی دیموکرات توانیویەتی بەو دەستپێشخەرییە نوێیانەی کە کردوویەتی، گلەییی دۆست و ھاوپەیمان و کێبرکێکارەکانی لەسەر خۆی لا ببات کە بەجددی مەبەستیەتی کۆدەنگی دروست بکات.

پاش دەستپێشخەرییە نوێیەکانی پارتی، دۆخەکە بە کوێ دەگات؟ ئەمە پرسیاری زۆرینەی خەڵک و چاودێرانی سیاسییشە، کە نەخشەڕێگه‌ی داھاتوو چۆن دەبێت؟ لەم بارەدا دوو ئەگەری سەرەکی دێنە پێش کە شیاوی لێووردبوونەوەن:

ئەگەری یەکەم: بزووتنەوەی گۆڕان کە دوو ساڵە داوای کاراکردنەوەی بێمەرجی پەرلەمان دەکات و وەک مەرجێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتیدا خستوویەتییە پێشینەی ئەجێندا سیاسییەکان، ئێستا ڕووبەرووی بڕیاردان بۆتەوە.  ئەگەر بەجددی، گۆڕان بابەتی پەرلەمانی بۆ ململانێی سیاسی بەکار نەھێنابێت، لە ئێستادا پێویستە بەرەوپیری ئەم نەرمینواندنەی پارتی بچێت و پەرلەمان کارا بکرێتەوە و وەزیرەکانی بگەڕێنێتەوە بۆ دەربازبوون لەم چەقبەستنە سیاسییەی لە پرۆسەی سیاسیدا ھەیە و، بابەتی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم نەھێنێتەوە بەر باس تا تێپەڕاندنی سەرکەوتووانەی ڕیفراندۆم و، ئەم بابەتە بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمان پاش بخرێت. ئه‌مه‌یش بە دوو ھۆکاری گرنگ: یەکەمیان ئەوەیە کە یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم جێگه‌ی مشتومڕی گەرمی لایەنە سیاسییەکانە و پێویستیی بە مامەڵەیەکی عاقڵانە ھەیە و، نابێت چیدیکە کێشە سیاسییەکان لە ئێستادا بەم ھۆکارە قووڵ ببنەوە. دووەمیان ئەوەیە کە پەرلەمانی کوردستان ڕێکاری ھەمواری ئەو یاسایەی لەم خولەدا گرتە بەر و، لە ڕووی یاسایییەوە نەیتوانی دەنگی پێویستی بۆ کۆ بکاتەوە و لە ١٩ی ئابی ٢٠١٥دا لە ھەموارکردنەوەیدا سەرکەوتوو نەبوو.

ئەگەری دووەم: ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان ئەو نەرمینواندنەی پارتیی بەھەند وەرنەگرت و، مکوڕ بوو لەوەی لە پێش ڕیفراندۆمدا دەست بەرێتەوە بۆ یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم، ئەوا ئاسۆی چارەسەر ڕوون نابێت و، ڕەنگە دۆخی نوێتر لە پرۆسەی سیاسی بێتە ئاراوە. بەڵام ئەم بژاردەیەی گۆڕان تا ڕاددەیەکی زۆر واقعی و عەقڵانی نابێت، چونکە لە ئێستادا ھیچ پرسێک لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی گرنگتر و گەورەتر نییە. بۆ ئەوەی گۆڕان وەک بزووتنەوەیەکی کارای ناو پرۆسەی سیاسی ڕۆڵی ھەبێت و، بۆ ئەوەی بەشێک لە شانازیی ڕیفراندۆمی بەربکەوێت، وا باشترە لەگەڵ ئەگەری دووەم مامەڵە نەکات و ئەگەری یەکەم ھەڵبژێرێت.

پوختە: دۆخی سیاسیی کوردستان، پێویستیی بە دەرچوونە لەو فۆرمی پەیوەندییەی كه‌ ئێستا ھێزە سیاسییەکانی مانیفێستی دەکەن. تەبایی و پێکەوەکارکردن، پێویستیی ستراتیژیی ئەم قۆناغەن. بە دەمەوەهاتنی گۆڕان بۆ دەستپێشخەرییە نوێیەکەی پارتی و، سووربوونی خودی پارتیش لەسەر جێبەجێکردنی دوایین دەستپێشخەریی خۆی سەبارەت بە لابردنی ھێڵە سوورەکان، کوردستان دەباتە قۆناغێکی نوێوە بۆ مامەڵە لەگەڵ ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان کە بە پۆزەتیڤ دەشکێتەوە و، دەرفەتێکی گرنگیش بە یەکێتی و لایەنە سیاسییەکانی دیکە دەدات کە باشتر لەم پرسە بێنە پێشەوە .

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples