خستنەڕووی پرس: شەش دەوڵەت (سعوودیا، ئیمارات، بەحرێن، میسر، یەمەن و مالدیف) بڕیاریان دا پەیوەندییان لەگەڵ قەتەردا بپچڕێنن. ھەر یەکەیان بەجیا کۆمەڵێک بڕیاریان دژ بە قەتەر دەرچوواند کە پەیوەست بوو بە داخستنی بواری وشکانی و ئاسمانی و دەریایی و، ڕێگریکردن لە ھاووڵاتیانیان بە گەشتکردن بۆ قەتەر و داخستنی دامەزراوەی نوێنەرایەتی و دیپلۆماسیی خۆیان لە قەتەر و، بەپێچەوانەیشەوە. لە دیارترین ئەو ھۆکارانەیش کە بوونە ھۆی وەرگرتنی ئەو بڕیارە قورسانە، بریتی بوون لە تۆمەتبارکردنی قەتەر بە چەند دۆسییەکی ھەستیار، لەوانە:
- گرتنەبەری سیاسەتێکی جیاواز و دژ بە ستراتیژیی ئەو دەوڵەتانە لە ئاستی ھەرێمایەتی دا.
- پشتگیریکردنی ھێزە توندڕهوهکان وەک: ئیخوان موسڵمین، حوسییەکانی یەمەن، قاعیدە و داعش.
- پشتگیریکردنی ئێران لە ڕووبەڕوبوونەوەی دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی .
- دروستکردنی پشێوی و نائارامیی سیاسی لەو دەوڵەتانەدا بەگشتی و بەحرێن بەتایبەتی؛ بەوەی کە قەتەر ھانی ھاووڵاتیانی ئەو دەوڵەتانە دەدات کە دژ بە حکوومەتەکانی خۆیان بوەستنەوە .
لە کۆی گشتیی ئەو دۆخە تەنگژاوییەی لە ئێستادا لە ناوچەکە ھەیە، دەکرێت چەند ڕەھەندێکی سادەی ئەو ململانێیانە بخەینە ڕوو:
یەکەم: ڕەھەندی سیاسی: ململانێکانی بەشێک لە دەوڵەتانی کەنداو و بەتایبەت سعوودیا لەگەڵ قەتەر، لەدایکبووی ئەم ساتە نییە. ھێژموونیی سعوودیا بۆ قەتەر لە ئەنجومەنی ھاریکاریی کەنداوی عەرەبی و لەسەر ئاستی ھەرێمایەتیدا جێگەی نیگەرانی بووە. لەو ڕوانگەیەوە قەتەرییەکان لە دوای دەرفەتێک بوون بۆ دەرچوون لە ھێژموونی و باڵادەستیی سیاسیی سعوودیا لە ناوچەی کەنداوی عەرەبی. وزە، کە لە تەوەری داھاتووی ئەم وتارەدا ئاماژەی پێ دەدەین، فاکتەرێکی بەھێزی دەربازبوونی قەتەر بوو لەو باڵادەستییەی سعوودیا. بەڵام گرتنەبەری ھێڵێکی سیاسیی جیاواز لە سیاسەتی سعوودیا و ھاوپەیمانەکانی لە کەنداوی عەرەبی، ستراتیژ و پلانی قەتەرییەکان بووە. بۆ ئەو مەبەستەیش، قەتەر خاوەن دیدگهیەکی جیاواز لە سعوودیا لەسەر زۆر پرس و بابەت و ڕووداو دەرکەوتووە. ھاتنی ترامپ بۆ سعوودیا و دەرکەوتنی سعوودیا وەک "زەعیم"ێکی ھەرێمایەتی و کۆکەرەوەی بەرەیەکی عەرەبی لەسەر ئاستی ھەرێمایەتی، دەرفەتی دایە سعوودییهکان كه بە ھێزێکی مەعنەویی زیاترەوە وانەیەک، یان پەیامێکی جیاوازتر لەوانەی ڕابردوو بدەنە قەتەر، کە ئیدی "سەرکێشییە سیاسییەکانی قەتەر" لە ناوچەکەدا مایەی پەسەندکردن نین. پاش ئەو ھەنگاوانەی کە سعوودیا و ھاوپەیمانەکانی بۆ پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ قەتەردا ھاوێشتیان، ھەندێک لە توێژەران وا پێشبینییان دەکرد کە قەتەر بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانیدا ئامادەیی دەردەبڕێت، بەڵام زۆرینەی توێژەران ڕایان وایە کە لە ئێستادا ئەستەمە قەتەر ھەنگاوی خێرا ھەڵبگرێت و، بتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعوودیا و ھاوپەیمانانیدا ئاسایی بکاتەوە؛ بەتایبەت قەتەر لەسهر دوو بابەتی گرنگ پێداگرە، ئەوانیش بریتین لە: پاڵپشتیکردنی ئیخوان موسڵمین کە لە زۆربەی دەوڵەتانی عەرەبیدا ئامادەیییان ھەیە و، ھاوپەیمانێتی لەگەڵ تورکیادا. ئیدارەی پێشووی ئەمریکا، باراک ئۆباما، وا دەردەکەوت کە لە نێوان ھەر دوو بەرە کێبڕکێکارەکەدا ھەڵوێست و بڕیاری یەکلاکەرەوەی نەدەدا، بەڵام ترامپ ڕەنگە پێداگرتر و یەکلاکەرەوەتر دەربکەوێت؛ بەوەی کە ئارەزوو دەکات لەگەڵ سعوودیا مامەڵەی زیاتر بکات و، تا ڕاددەیەکیش لە بەرامبەر ئیخوان موسڵمیندا توندە. ھەموو ئەمانەیش لە دیدگهی ئێمەوە ئەوە ناگەیەنێت کە ئەمریکا ئارەزوو دەکات دەستبەرداری میحوەری دەوحە – ئیستانبۆل ببێت؛ لە ھەمان کاتیشدا بۆ بەرتەسککردنەوە و سنووردارکردنی ڕۆڵی سیاسییان لە ناوچەکەدا، جۆرێک لە ڕەزامەندیی ھەیە.
دووەم: وزە: ئاژانسی بلوومبێرگ ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە وازھێنان و بێئومێدبوونی سعوودیا لە قەتەر، لەدایکبووی ئەم ساتە مێژوویییە نییە، بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٥؛ لەو کاتەی، دەوحە بووە گەورەترین ھەناردەکاری گازی سروشتی لە جیھاندا، بەتایبەت لە کێڵگەی باکووری دەریایی، کە ٢٠%ی یەدەگی گازی سروشتیی جیھان لەخۆ دەگرێت. ئەم سەربەخۆبوونە دارایییەی قەتەر، ھەندێک لە دەوڵەتانی کەنداوی نیگەران کردووە، بەتایبەتی دەوڵەتی سعوودیا کە لای وایە قەتەر ئێستا لە فەلەک و بازنەی سیاسەتی کەنداوی عەرەبیدا نییە و، ھەنگاو بۆ بنیاتنانی سیاسەتێکی سەربەخۆ لە ناوچەکەدا ھەڵدەھێنێت؛ بەتایبەت ئەمە زیاتر لە ڕاستی نزیک دەبێتەوە، کاتێک داتاکان پێمان دەڵێن داھاتی ساڵانەی تاک لە قەتەردا زیاتر لە ١٣٠ ھەزار دۆلارە، کە ئەمە ڕێژەیەکی زۆر بەرزە و، قەتەر بە سوودوەرگرتنی دروست لە وزە، توانیویەتی ئابوورییەکی گەشەکردوو دابمەزرێنیێت.
توێژەر، جیم کرین، پسپۆری بواری وزە لە زانکۆی ڕایس لە ھیوستن دەڵێت: "پێشتر، دەوڵەتی قەتەر پاشکۆیەتییەکی بۆ سعوودیا ھەبوو، بەڵام بە ھۆی سامانی گازی سروشتییەوە لێی دەرباز بوو و سەربەخۆییی بەدەست ھێنا؛ ئەمەیش وای کرد زیاتر ڕۆڵی سەربەخۆ بگێڕێت. لەبەر ئەوە، ھەموو دەوڵەتانی ناوچەکە بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی پەڕوباڵی قەتەر بکەن و، ڕۆڵی زۆر سنووردار و بچووک بکەنەوە. لە ساڵانی ڕابردووی نزیکدا دەوڵەتانی کەنداو، بۆ بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا پێویستییەکی زۆریان بە گازی سروشتی ھەبووە و ھەیە؛ ئەمەیش وای لێ کردوون پەنا ببەنە بەر ھاوردەی گازی سروشتی. بۆ ئەم مهبەستەیش ئەم ھاوردەیان لا باشترە، چونکە تێچووی بەرھەمھێنانی گازی سروشتی لە وڵاتانی خۆیان زۆرە، بەڵام لە قەتەر تێچووی بەرھەمھێنانی گازی سروشتی، کەمترینە جیھاندا. لەو ڕوانگەیەوە کەنداوییەکان، بەتایبەت سعوودیا، پێشبینییان وابوو کە قەتەر بە نرخێکی کەمتر لە بازاڕی جیھانی، گازی سروشتییان پێ دەفرۆشێت."
سێیەم: ئاییندەی ئەنجومەنی ھاریکاریی دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی: قەتەر ڕای وایە ئەوەی لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا لە پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی سێ دەوڵەتی کەنداو ڕووی دا، ئەستەمە لە مێژووی پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکاندا ھاوشێوەی ھەبێت. قەتەر دەپرسێت: لە پاش سێ دیداری لووتکە، کە بە ھاتنی ترامپ ئەنجام درا، پاش تەنیا دوو ھەفتە، ھەڵوێستی زۆر توند و کاردانەوەی زۆر نێگەتیڤ نمایش کرا، ئایا ئەو سێ دەوڵەته ئەو ڕێکارانەیان بەرامبەر بە ئێران جێبەجێ کردووە تا بەرامبەر دەوڵەتێکی ئەندامی ئەنجومەنی ھاریکاریی کەنداو جێبەجێ بکەن؟ لە ئێستادا زۆرترین قسە لەسەر ئاییندەی پەیوەندییەکانی کەنداو دەکرێت، بەتایبەت لێکەوتە و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاییندەی ئەنجومەنی ھاریکاریی دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی. ڕایەک ھەیە لای وایە لە ئێستادا بۆ قەتەر ئهو مهترسیییه له ئارادایه كه نوخبەی حوکمرانی سعوودیا دۆخەکە بەرەو ھەڵکشانی زیاتر بەرن و ھێز لە دژی قەتەر بەکار بھێنن و، بۆ ئەو مەبەستەیش، پێدەچێت ئیماراتی عەرەبی، ھاریکاری سەرەکیی سعوودیا بێت؛ ئەمەیش زیان بە سەروەریی دەوڵەتی قەتەر دەگەیەنێت. ئەم ڕایە، جۆرێک لە دڵەڕاوکێی دروست کردووە کە ئاسایشی ھەرێمایەتیش بخاتە بەردەم دۆخێکی ناجێگیرەوە، بەڵام خوێندنەوەی جددیی لەسەر ناکرێت و، بە ئەگەرێکی دوور و ناعەقڵانی هەژمار دەکرێت. بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەسەر ئاییندەی ئەو ئەنجومەنە، پێویستیمان بەوە دەبێت کە کۆی سیناریۆکان بخەینە ڕوو، پاشان بە ئاییندەی ئەنجومەنی ھاریکاریی کەنداو بەراورد بکرێت:
سیناریۆی یەکەم: بەکارھێنانی ھێزە لە لایەن سعوودیا و ئیمارات بە پشتیوانیی میسر و بەحرێن و، ناڕوونیی ھەڵوێستی ئەمریکا؛ بەڵام ئەم سیناریۆیە زۆر واقعی و قبووڵکراو نییە، چونکە لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، سعوودیا و ھاوپەیمانەکانی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتییەوە. لەم سیناریۆیەدا، قەتەر دەکەوێتە دەرەوەی ئەنجومەنەکە و، دەردەکرێت و، دەبێتە دەوڵەتێک کە سەروەرییەکەی ناتەواو دەبێت.
سیناریۆی دووەم: بەردەوامبوونی پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و بەردەوامیی ئابڵووقەی ئابووری. لەم سیناریۆیەیشدا سێ ئەگەر بەدی دەکرێن :
١- دەرکردنی قەتەر لە ئەنجومەنی ھاریکاریی دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی .
٢ - ھەڵپەساردنی ئەندامێتیی قەتەر لە ئەنجومەنەکە .
٣- مانەوەی قەتەر لە ئەنجومەنەکە بهبێ ھەڵپەساردن. بەڵام ئەم ئەگەرە کۆی ئەنجومەنەکە پەک دەخات و ناتوانێت کارەکانی بکات، چونکە زەمینەی کاری پێکەوەیی، لە سایەی بەردەوامیی ئابڵووقە و پەیوەندییە دیپلۆماسییە پچڕاوەکاندا نییە .
سیناریۆی سێیەم: ھێوربوونەوەی دۆخەکە بە نێوەندگیری کوێت، کە ڕۆڵێکی تا ڕاددەیەک میانڕهوانهی لەو تەنگژەیەدا ھەیە. ڕەنگە ئەمە بۆ ئهکتیڤکردنەوەی ئەنجومەنەکە و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانیان، بژاردەیەکی عەقڵانی بێت .
سیناریۆی چوارەم: درێژەپێدانی ئەو دۆخەی ئێستا کە ھەیە، هەروەها توندوتۆڵبوونەوەی میحوەربەندییەکان، بەتایبەت پاش پشتگیریی سیاسیی تورکیا بۆ قەتەر. ئەمەیش بە واتای دووبارە دابەشبووونەوەی بلۆکی سوننی دێت لە ناوچەکەدا، کە ڕەنگە سوودمەندی یەکەم لەو دۆخەدا ئێران بێت. لەم سیناریۆیەدا ئاییندەیەکی ناڕوون چاوەڕوانی ئەنجومەنی ھاریکاریی دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی دەکات .
سیناریۆی پێنجەم: لە حاڵەتی بەردەوامیی سیناریۆی چوارەمدا، ئاسایشی کەنداو ئاسایشێکی شلۆق دەبێت: میحوەربەندییەکان زیاتر پەرە دەسێنن، بابەتی ململانێ، تەنیا لە ئاستی کەنداودا قەتیس نابێت بەڵکوو چەندین دەوڵەت و جوگرافیای دەرەوەی کەنداو دەگرێتەوە.
سیناریۆی شەشەم: بەردەوامیی ئابڵووقەی ئابووری لەسەر قەتەر و داخستنی ئاسمان و ئاو و وشکانی بە ڕووی قەتەردا، ڕەنگە سەر بکێشێت بۆ دوو ئەگەری بەرچاو :
ئەگەری یەکەم: بەکارھێنانی کارتی گازی سروشتیی قەتەری لە بەرامبەر وڵاتانی کەنداو، بەتایبەت سعوودیا .
ئەگەری دووەم: ھاوپەیمانانی قەتەر لەسەر ھێڵێکی گەرم دەبن بۆ دۆزینەوەی ئەڵتەرناتیڤی قەرەبووکردنەوەی گەمارۆکانی سەر قەتەر.