دەستپێک: ماوەیەکە "جووڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا" لە سلێمانی خۆی مانیفێست کردووە، کە بە دەنگی دلێر، دەیەوێت دژایەتیی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بکات. ستراتیژیی ڕاگەیەندراوی ئەم جووڵانەوەیە، خۆی لە دوو خاڵدا دەبینێتەوە: یەکەم، ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم لە ئێستادا، دووەم: دەنگدان بە "نەخێر" لە ئێستادا، ئەگەر ڕیفراندۆمەکە ئەنجام درا. ئەمە ڕاگەیەندراوی جووڵانەوەکەیە بەڵام شیکاری وردی زیاتر لەسەر ئامانج و ستراتیژییە ڕانەگەیەندراوەکانیان پێویستییەکی دیکەیە، کە ئێمە ھەوڵ دەدەین بەپوختی لەبارەیانەوە بدوێین. بەڵام بەر لەوە، دەکرێت تێبینییەکی پێویست بخەینە ڕوو: لە سیستمە دیموکراتییەکان و فەزای ئازاددا، دەنگدان بە "نەخێر" دەچێتە چوارچێوەیەکی ئاسایییەوە، بەڵام نە یاسایییە و نە ئاساییشە، کە بانگەشەی "نەخێر" بۆ پرۆسەی ڕیفراندۆم بکەیت و، وا بزانیت ئەو مافەت ھەیە کە دەنگی ھاووڵاتیان بۆ پرسێک، کەسێکی ئاسایی یەکلایی دەکاتەوە. لە ڕووی یاسایییەوە ھیچ ھاووڵاتییەک مافی ئەوەی نییە بۆ ئهنجامنەدانی ڕیفراندۆم کەمپین ساز بکات، بەڵام مافی تاکە ئەگەر ویستی دەنگی "نەخێر" بدات؛ وەک ڕایەکی تاک، دوور لە گرووپ و بەرنامەڕێژیی دیاریکراو. کەواتە یاسایی و ئاسایی نییە، ھەوڵ بدرێت ڕێگری لە گەلێک بکرێت کە چارەنووسی خۆی دیاری بکات .
یەکەم: "جووڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا" چییە؟ جووڵانەوەی نەخێر لە چەند ڕۆژنامەنووسێک و دوو پەرلەمانتار و بازرگانێک پێک ھاتووە، کە پاش ئەوەی گەیشتنە ئەو ڕاستییەی ڕیفراندۆم حەتمییە و ئەنجام دەدرێت، خۆیان ڕاگەیاند. ڕەنگە بیروبۆچوونەکانیان لە ڕووی سیاسییەوە وهكوو یهك نهبن، بەڵام پرسێک بە چەند ئامانجێکی جیا، کۆی کردونەتەوە. ڕەنگە ھەندێکیان مەبەستیان چانسێکی سیاسی و بوون بە فیگەری سیاسی و خاوەن لیستی ھەڵبژاردن بێت و، ھەندێکیشیان دژایەتیکردنی دەسەڵاتی سیاسی (حکوومەت) کۆی کردبێتنەوە، جیا لەوەی باش تێ گەیشتبێتن کە دەوڵەت و حکوومەت دوو بابەتی لێک جیاوازن. ھەندێکی دیکەیان کەوتوونەتە ناو پرۆسەکەوە، بەبێ ئەوەی ئامانجێکی ڕوونیان ھەبێت.
دووەم: "نەخێر لە ئێستادا" چی لە ھەگبەیدایە؟ ڕەنگە ئهمه بۆ ھەندێک کەس تەمومژاوی بێت کە ئامانجی ئەم جووڵانەوەیە چییە لە ئێستادا، بەڵام لە خوێندنەوەی ئێمەدا جووڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا، بەچڕی کار لەسەر بابەتی ڕیفراندۆم دەکات، بۆ ئەوەی بە ئاراستەیەکی نەخوازراویدا ببات. ئەوەی زۆر گرنگە، ئەوەیە كه ئەم جووڵانەوەیە چی لە ھەگبەیدایە؟ ئەڵتەرناتیڤی چییە؟ تێزەکانی چین؟ ڕیفراندۆم بەچییەوە گرێ دهدهن؟
لە ڕاستیدا ئەم جووڵانەوەیە خاوەن تێزی فیکریی قووڵ نییه، کە بتوانێت بۆ دەنگدەران بڕواپێھێنەر بێت. دەنگدەر پرسیار دەکات: بۆچی دەنگ بە سەربەخۆییی کوردستان نەدەم؟ وەڵامی ئەم جووڵانەوەیە قسەکردنە لەسەر دۆخ و گوزەرانی ئەو دەنگدەرە، کە لە بنەڕەتدا دوو پرسی جودان، واتە: بابەتی سەربەخۆیی و ھەستی بەدەوڵەتبوون، لەگەڵ دۆخی ژیانی تاک لە ئێستادا، وابەستەی یەکدی نین. گونجاو نییە بە ھاووڵاتییەک بڵێیت دەنگ مەدە بە "بەڵێ"، چونکە مووچە و ژیانت باش نییە. ئایا دەنگدان بە "نەخێر" ئەو بابەتە چارەسەر دەکات؟ ئەڵتەرناتیڤ لە دەنگدانی نەخێردا، مانەوەیە لە چوارچێوەی عێراقێکدا کە زیاتر لە ٣ ساڵە شایستە دارایییەکانی کوردستان نادات و، لە کاتی مانەوەیشدا لەناو ئەو دەوڵەتەدا، کورد ھیچی لە بەغدا بۆ شین نابێت. یەکێکی دیکە لە خاڵە جەوھەرییەکان کە ئەم جووڵانەوەیە جەختی لێ دەکاتەوە، بریتییە لەوەی کە ئێستا دۆخی نێودەوڵەتی گونجاو نییە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە كه کەی ئەو دۆخە گونجاو دەبێت؟ ئەم جووڵانەوەیە لە ئاستیدا بێوەڵامە. ناتوانێت دۆخی گونجاو نیشانی دەنگدەران بدات و ئەوە بسەلمێنێت کە کاتێکی دیکەی دیاریکراو گونجاوە. پاشان لە ڕووی سایکۆلۆژی و سیاسییشەوە گوتنەوەی ئەو گوتارەی کە دۆخی نێودەوڵەتی لەبار نییە، لە ڕاستیدا بێئیرادەکردنی خەڵکی کوردستان و تێکشکاندنی ئیرادەی دەنگدەرانە. ئەم تێزە، نیشانەی زیندووبوون نییە بۆ گەلێک کە خاوەنی بەرخودان و ھەموو قوربانییەکە؛ کارکردنە لەسەر ڕاھێنانی گەلێک بۆ ئەوەی نەتوانێت بڕیار بدات و ئاییندەی سیاسیی خۆی دیاری نەکات.
پرسیارێکی دیکەی دەنگدەر لە ئێستادا ڕەنگە ئەوە بێت: ئایا چۆن "نەخێر" دەتوانێت گهرەنتیی دووبارەنەبوونەوەی جینۆساید و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی دەرھەق بە گەلانی کوردستان بکات بە ھەموو پێکھاتە ئاینیی و مەزھەبی و نەتەوەکانییەوە؟ ئەگەر دەوڵەتی سەربەخۆ دروست بێت، لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە دەتوانێت پارێزبەندییەک بۆ دەوڵەتی کوردستان فەراھەم بکات کە لە جینۆسایدکردن بیپارێزێت، بەڵام غیابی دەوڵەتی کوردستان و مانەوە لە چوارچێوەی عێراقدا کە وڵاتێکی گەرمە لە ڕووی سیاسی و ئەمنییەوە، ناتوانێت گهرەنتیی دووبارەنەبوونەوەی جینۆساید بە گەلانی کوردستان ببەخشێت.
جووڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا، ناتوانێت تێزێکی چارەسەرئامێز بۆ ئەو ناوچانەی بە ناوچەی ماددەی ١٤٠ ناسراون پێشکەش بکات. لە کاتێکدا سەرکردایەتیی کورد ھەنگاوی بوێری نا، لەوەی کە ئەو ناوچانەیش ڕاپرسیی تێدا ئەنجام دەدرێت، نەدەبوو ئەو جووڵانەوەیە دژی ئەو ویستە مێژوویییەی خەڵکی کوردستان بێت. مێژووی خەباتی کوردستان بەشێکی باشی بۆ ئازادکردنی ئەو ناوچانە تەرخان کراوە. لە ئێستادا کە دەرفەتێکی مێژوویی دێتە پێشەوە و بڕیارێکی بوێرانە بۆ بەشداربوونی دەنگدەرانی ئەو ناوچانە ھەیە و بۆ یەکەم جار ھەلێکی زێڕین لە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان خوڵقاوە، ھەر جووڵانەوەیەک دژ بێت بە ڕەوتی مێژوویی و بە ڕەوتی خەبات و قوربانیدانێکی زۆر لە پێناو ئەو ناوچانە، لەگەڵ ویستی نەتەوەییدا ناکۆکە و، ناکۆکیشە لەگەڵ ستراتیژیی خەبات و بەرخودانی کوردان. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا ئهگهر ئەو دەرفەتە لەو ناوچانە لەدەست بدەین، چۆن و لە چ کات و زەمەنێکدا و بە چ قوربانییەک، بۆمان دووبارە دەبێتەوە؟ جووڵانەوەی نەخێر، وەڵامێکی ڕوونی بۆ ئەم پرسە پێ نییە.
سێیەم: پیشەسازیی ترس و دروستکردنی فۆبیا: یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی کە جووڵانەوەکە لە ئێستادا گرنگیی پێ دەدات، بابەتی ترس و گەورەکردنی زیاد لە قەبارەی نیگەرانییەکانە بۆ ترس. ئاشکرایە کە ڕیفراندۆمی باشوور لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە پێشوازیلێکراو نییە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ھەر دوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران، لە برسیکردنی خەڵکی کوردستان و داخستنی سنوورەکاندا دەستکراوەن. ئەگەر لە دیدگهیەکی ئابوورییانەوە بڕوانین، داخستنی سنوورەکان و ڕاوەستاندنی جووڵەی بازرگانی، چەند زیان لە ئابووریی کوردستان بدات، شەش هێندهی، زیانە بۆ ئەو دەوڵەتانە. دەزانین کە باشووری کوردستان لە ئێستادا سێیەمین بازاڕی تورکیایە بۆ ساغکردنەوەی کاڵا و شمەکەکانی. قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، نزیکەی ٧ ملیار دۆلار بۆتەوە لەگەڵ تورکیادا کە لە ڕووی دارایی و ئابوورییهوه بە قازانجی ئەوانە؛ ئەمە جیا لەوەی لە وزەی کوردستان سوودمەندن. بۆ ئێرانیش تا ڕاددەیەک دۆخەکە ھاوشێوەیە و ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، نزیک بە ٥ ملیار دۆلار بۆتەوە. ئایا لە ڕووی لۆژیکییەوە، دروستە ئەم دەوڵەتانە پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ کوردستاندا بپچڕێنن؟! لەبەر ئەوە، نیگەرانییەکان لە لایەن ئەم جووڵانەوەیە، زیاد لە قەبارەی خۆی گەورە کراون.
چوارەم: لیستی سیاسی و جووڵانەوەی نەخێر: یەکێکی دیکە لەو خوێندنەوانەی کە بۆ ئامانجی ئەم جووڵانەوەیە دەکرێت، بریتییە لە چوونهنێو پرۆسەی سیاسی و ھاوکێشە سیاسییەکانهوه. ڕەنگە لە ئێستادا ئەم جووڵانەوەیە گەمەیەکی لێزانانە بە دەنگی تووڕە و ناڕازیی کوردستانیان بکات، بەتایبەت لە شاری سلێمانی و دەوروبەری و، بیەوێت خاوەندارێتیی بکات، بۆ ئەوەی لە دەرفەتی گونجاو وەبەرھێنانی پێوە بکات و لە یەکێک لە ھەڵبژاردنەکان خۆی ڕابگەیەنێت. ئەم خاڵە ئاسایییە تا ئەو شوێنەی میکانزمێکی شەرعی و نەتەوەییی گونجاوی لەبەردەستدا بێت، نەک لە ڕێگهی دژایەتیکردنی پرسی سەربەخۆییی باشووری کوردستانەوە .