سیناریۆکانی ترامپ بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست

دەروازە: دوو دۆسیە، گرنگیی زۆریان ھەیە و لە پێشەنگی ئەجێندای سیاسەتی دەرەوەی سەرۆک "دۆناڵد ترامپ"دان، ئەوانیش بریتین لە: ئاسایش و بازرگانی. سەبارەت بە بازرگانی، ترامپ فەوکەسی سەرەکیی بە ئاراستەی  دەوڵەتانی وەک چین و مەکسیک و ژاپۆنە، بەڵام لە دۆسیەی ئاسایشدا، فەوکەسی بەرەو ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە. ترامپ کانگه‌ی سەرەکیی ھەڕەشەکردنی لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکی، گەڕاندۆتەوە بۆ ئەم ناوچە گەرمەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و، نەخشەڕێگه‌یەکی ھەیە بۆ ھاوکاریکردن و بەرنامەی ھاوبەشی پێکەوەکارکردن لەگەڵ ئەوەی ناوی ناوە دونیای شارستانی بۆ سڕینەوەی تیرۆر و بنەبڕکردن و وشککردنی سەرچاوەکانی. بۆ ئەو مەبەستە ترامپ، ژەنەراڵ "مایکل فلین"ی بۆ ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و "جیمس ماتیس"ی بۆ وەزیری بەرگری دەستنیشان کردووە. مایکل فلین، وەک ئەفسەرێکی گرنگ و باوەرپێکراوی ناو ھەواڵگریی سوپا، ئەزموونێکی زۆری لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا ھەیە. جیمس ماتیس، پێشتر کە فەرماندەی گشتیی ناوەندیی ئەمریکا بوو، خاوەن شارەزایییەکی زۆری ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە بەرامبەر تاڵیبان و قاعیدە .

یەکەم: بڵاوکردنەوەی زیاتری ھێز: پرسی ناردنی زیاتری ھێزی سەربازیی ئەمریکی بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لە سەردەمی ترامپدا گفتوگۆی نافەرمیی زۆری لەبارەوە دەکرێت. ئایا ترامپ ھێزێکی زیاتری سەربازی بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەنێرێت، یان بەپێچەوانەوە لەسەر ھەمان ڕێچکەی باراک ئۆباما بەردەوام دەبێت؟ بە بارێکی دیکەدا، ئەگەر دۆناڵد ترامپ ھەوڵی بڵاوکردنەوەی زیاتری ھێزی نەدا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئایا گورزە ئاسمانییە سەربازییەکان لەم ناوچەیەدا چڕ دەکاتەوە؟ چەند یەکەیەکی سەربازیی بچووکی ئەرکە گرنگ و سەختەکان زیاد دەکات؟ ئاماژەکان وا دەیخوێننەوە کە ترامپ وەک باراک ئۆباما، دوودڵ نییە لە بەکارھێنانی ھێزی ئاسمانی و گورزە سەربازییە ئاسمانییەکان بەبێ گوێدان و خۆسەرقاڵکردنێکی زۆر بە پاراستنی گیانی مەدەنییەکان. ئەم ڕێچکەیەی ترامپ زیاتر لە ڕێچکەی ڕووسەکان لەم دوو ساڵەی ڕابردوودا دەچێت، کە بە شێوەیەکی چڕوپڕ ھێزی ئاسمانیی لە سووریا بەکار ھێناوە .

دووەم: دژبەیەکییەکانی ئیدارەی ترامپ: لەبارەی دۆسیەی ڕووسیا، کە لەسەر ھەندێک دۆسیەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست گرنگ و کارلێکەر دەبێت، وا دەخوێنرێتەوە کە ترامپ لە بەڕێوەبردنی ھەندێک تەنگژە و ھاوکێشەی سیاسیدا، ڕووسیا بە جۆرێک لە ھاوبەش بزانێت. "ڕیکس تیلرسون"ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکایش تا ڕاددەیەک ھەمان بۆچوونی ترامپی ھەیە. بەڵام تیمی ئەمنی، بەتایبەت ئاسایشی نیشتمانی لە  ئیدارەی ترامپ، "فلین"، ھەروەھا ماتیس و "مایک بومبیو" لە ھەواڵگریی ئەمریکا، تا ڕاددەیەک لە دیدگه‌ی ستراتیژییاندا بۆ ڕووسیا، جیاوازن، بەتایبەت لە ئاییندەدا ئەم تیمە ئەمنییە ڕایان وایە ڕووسیا دوژمنی ئەمریکایە؛ پێویست ناکات ترامپ متمانەی ھاوپەیمانیی پێ ببەخشێت. یەکێکی دیکە لە دژبەیەکییەکان لەنێو ئیدارەی ترامپدا ھەستی پێ دەکرێت و، وای لێ دەخوێنرێتەوە بریتییە لە جۆری مامەڵە لەگەڵ ئێراندا. ھەندێک لە توێژەران ڕایان وایە ئەو دژبەیەکییە ئەو کاتە دروست بووە کە ترامپ و بەشێک لە تیمەکەی، ڕایان وایە ئێران پێویستە بێھێز بکرێت و بەری لێ بگیرێت، چونکە ڕەفتاری دوژمنکارانەی ھەیە. بەڵام لە ھەمان کاتدا ترامپ بۆ ھەماھەنگیی ڕووسی – ئەمریکی لە دۆسیەی سووریادا ئامادەیی دەردەبڕێت؛ کە ئێرانیش بەشێکە لە ھاوپەیمانێتیی ڕووسی لە دۆخی سووریادا.

سێیەم: سیناریۆ پێشبینیکراوەکانی مامەڵەی ترامپ لەگەڵ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست: وێڕای ھەموو ئەو پرسیارانەی کە دەربارەی ئاییندەی ڕۆڵی  ئەمریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەورووژێنرێن، ھەندێک لە چاودێران پێشبینیی سێ سیناریۆ دەکەن کە تیایدا ترامپ ھێڵە گشتییەکانی مامەڵە و ئاکاری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ مامەڵەکردن لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا لەسەر دادەڕێژێت.

سیناریۆی یەکەم: ئەم سیناریۆیە ئاماژە به‌ بوونی ھاریکاری لە ئاستێکی زۆر باش لە نێوان ئەمریکا و ڕووسیا دەکات؛ کە ئەمەیش لە پاش جەنگی جیھانیی دووەمەوە، ڕووی نەداوە ئەمریکا و ڕووسیا بەو ئاستە ھاریکار بن. چاودێران ڕایان وایە ئەگەر ترامپ پەنای بردە بەردەم ئەم بژاردەیە، ئەوا دەتوانێت خێراتر و باشتر بەسەر داعشدا سەرکەوتوو بێت و، بۆ لاوازکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان ھەنگاوی جددیتر بنێت؛ بە جۆرێک توانای ئەوەی نەمێنێت وەکوو ئێستا ھەڕەشەی جددی لەسەر ئاسایشی جیھان دروست بکات. بۆ ئەو مەبەستەیش، دەتوانن بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆخی سووریا و یەمەن و لیبیا، پشت بە ھاوبەش و دۆستە ھەرێمایەتییەکانیان ببەستن. بە جۆرێکی دیکەیش، دەتوانێت بە ھاوکاریی ڕووسیا چاودێرییەکی وردتر و چڕوپڕتر لەسەر ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ ئێران دابنێت و، ھەر دوو لا پێکەوە زیاتر دەتوانن ئێران ناچار بکەن کە لە "سیاسەتی پڕچەککردنی میلیشیاکان" لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا پاشەکشە بکات. لەم چوارچێوەیەیشدا، گرنگە ئەوە وەبیر بھێنینەوە کە جۆرج بۆش و باراک ئۆباما کە بوونە سەرۆکی ئەمریکا، گەشبینییەکی زۆریان بە دانانی چوارچێوەیەک بۆ ھاریکاری لەگەڵ ڕووسیادا ھەبوو، بەڵام دواتر ئەو گەشنبینیە ھیچی لێ بەرھەم نەھات و، بە شێوەیەکی گشتی بێئەنجام بوو.

پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: ئایا گەشبینییەکەی ترامپ بۆ ھاریکاری لەگەڵ ڕووسیا سەبارەت بە چەند دۆسیەیەکی گرنگ، بە ھەمان ئاقاری گەشبینییەکانی جۆرج بۆش و باراک ئۆبامادا دەڕوات، یان ترامپ دەتوانێت مۆدێلێکی دیکە بخوڵقێنێت؟ لێدانی بنکەی سەربازیی شەعێراتی سووری بە مووشەکی تۆماھۆک لە ٧ی نیسانی ٢٠١٧، بە فەرمانی ترامپ، دەرخەر و سیگناڵێکی سەرەتایییە کە ترامپ بەبێ ھاوکاریی ڕووسیا ھەنگاوی سەربازیی گرنگی بە ئاراستەی تەنگژەی سووریادا ناوە و، ڕووسیایشی خستە ئەو پەرچەکردارەی کە ڕێککەوتنی سەلامەتیی فڕۆکەوانی لەگەڵ ئەمریکادا ھەڵپەسێرێت. ھەموو ئەمانە و تەواوی لێکەوتەکانی، کاریگەریی نێگەتیڤیان دەبێت.

سیناریۆی دووەم: شکستھێنانی سیناریۆی یەکەم (سیناریۆی ھاریکاری)، دەرگه‌ بۆ دەرکەوتنی قۆناغێکی نوێی ململانێ لە نێوان زلھێزەکاندا دەکاتەوە؛ ئەمەیش جۆرێکە لە گەڕاندنەوەی کەش و بارودۆخی سەردەمی جەنگی سارد. لەم سیناریۆیەدا ئەمریکا جارێکی دیکە پێویستیی بە توندوتۆڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی ھەیە لەگەڵ ھاوپەیمانە کلاسیکییەکانی خۆی، وەک: میسر، سعوودیا و تورکیا؛ جگە لە بوونی پەیوەندییەکی نایاب لەگەڵ ئیسڕائیل، بۆ پێکھێنانی ھاوپەیمانێتی و بەرەیەک، کە ڕێگر بێت لە جێبەجێکردنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ڕووسیا- ئێران.

سیناریۆی سێیەم: یەکێکی دیکە لە سیناریۆکان لە بەردەم ترامپدا، بریتییە لە زیاتر کشانەوە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست؛ فراوانتر لەوەی ئۆباما ئەنجامی دا و، گرتنەبەری سیاسەتێکی گۆشەگیری لە بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

کۆتایی: ئامادەییی ترامپ لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە دیدگه‌ی ئێمەوە، ڕەنگە وەک ھیچ یەکێک لەو سێ سیناریۆیە نەبێت کە ئاماژەی پێ کراوە؛ مەبەستمانە بڵێین ترامپ ئەستەمە بە تەنیا و بە شێوەی ڕەھا، پشت بە ھیچ یەکێک لەو سیناریۆیانە ببەستێت. ترامپ دەیەوێت ھەنگاو بە ئاراستەی ھاریکاری لەگەڵ ڕووسیا بنێت، بەڵام مکوڕیشە لەسەر پیادەکردنی سیاسەتی تاکلایەنە و پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. لەو ڕوانگەیەیشەوە سیاسەتی سەپاندنی ئاشتی لە ڕێگه‌ی ھێزەوە، بە یەکێک لە گرنگترین ستراتیژەکانی سیاسەتی نوێی دەرەوەی ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەژمار دەکرێت. لە خوێندنەوەیەکی گشتگیریشدا بۆ سێ مانگی حوکمڕانیی ترامپ، ڕەنگە ئەوە دەربکەوێت کە گوتاری گۆشەگیریی (انعزالي) ئەمریکا لە سیاسەتی دەرەوەدا، گوتارێکی "بێوجوود"ە. ھێرشە دەریایییە – ئاسمانییەکەی ئەمریکا بۆ سووریا لە ٧ی ئەم مانگە، دەرخەری ئەوەیە کە ترامپ سیاسەتی دەستێوەردانی دەست پێ کردووە. تەنانەت ئەو شیکردنەوانەی کە لەسەر ترامپ دەکران، بەوەی کە لە سیاسەتی دەرەوەدا دەستێوەردانی مرۆیی ناکات، گوتاری کەوتوو و ناڕاستن. کیمابارانی خەڵکی سڤیل لە خان شیخۆن لە لایەن ڕژێمی سووریاوە، ترامپی خستە دۆخێکەوە کە ئەمریکا بە ئاراستەی دەستێوەردان لە پێناو مرۆڤایەتیدا ببات .

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples