قسەکردن، یان نووسین لەبارەی پێگەیاندنی سیاسییەوە بەم چەمکە نوێیە، دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییی سییەکان و سەرەتای چلەکانی چاخی ڕابردوو؛ "ئۆجبرن" و "ئیکۆف" لە پەرتووکی سۆسیۆلۆژیدا بۆ یەکەم جار ئەم زاراوەیان بەکار ھێنا. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئەو ڕاستییە ئاماژە پێ نەدەین کە لە ھەوڵە هزرییەکانی ئەفلاتۆن و ئەرستۆ و بیرمەندەکانی پاش ئەوان لە بواری سۆسیۆلۆژیدا، ئاماژەی گرنگ بەم چەمکە دەدەن، بەڵام بەبێ ناوھێنانی ئەم زاراوە نوێیە.
"ھایمن" لە پەرتووکی "پێگەیاندنی سیاسی" باس لەوە دەکات کە پێگەیاندنی سیاسی، پرۆسەی فێربوونی تاکە بۆ کۆمەڵێک پێوەری کۆمەڵایەتی لە ڕێگهی دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگهوە. ھەر یەک لە "نۆرمان ئۆلەر" و "چارلز مانگتۆن" ڕایان وایە کە پێگەیاندنی سیاسی، پرۆسەی فێربوونی تاکە بۆ بەھا و ئاراستە سیاسییەکان لەگەڵ ھەموو ئەو بەھا و مۆدێلە کۆمەڵایەتییانەی کە ناواخنێکی سیاسیان ھەیە لە ڕێگهی خێزان و قوتابخانە و کارلێککردن لەگەڵ حکوومەت و ئاراستە سیاسییە جیاوازەکان. لەم ڕوانگەیەوە، دەکرێت بڵێین کە پێگەیاندنی سیاسی بەشێکە لە پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی کە لە ڕێگهیەوە تاکەکان ئاراستە و بەھا باوەکانی کۆمەڵگه وەردەگرن. لە ھەمان کاتدا میکانیزمێکە بۆ ڕاستکردنەوەی کهلتوور و ڕۆشنبیریی سیاسیی باو و دروستکردن و خوڵقاندنی کهلتوور و ڕۆشنبیرییەکی مەدەنی و ژیاریی نوێ، کە کۆمەڵگه لە دۆخی پاشکەوتوویییەوە دەگوێزێتەوە بۆ دۆخی پێشکەوتن. سۆسیۆلۆژیستەکان لە نێوان دوو جۆر پێگەیاندنی سیاسیدا پۆلێنبەندی دەکەن: جۆری یەکەم ئەو پێگەیاندنە سیاسییەیە کە ڕاستەوخۆ وابەستە نییە بە کاروباری سیاسییەوە، کە هەندێک لایەن ئەنجامی دەدەن وەک: خێزان و قوتابخانە و یانە کۆمەڵایەتییەکان، کە بە POTENTAL SOCIALIZATION ناو دهبردرێ. جۆری دووەم، ئەو پێگەیاندنە سیاسییەیە کە ڕێکخراوە سیاسییەکان دهیگرنه ئهستۆ، وەک دەوڵەت و حزبە سیاسییەکان و گرووپەکانی گوشار و، ڕاستەوخۆ وابەستەیە بە کاروباری سیاسییەوە، کە پێگەیاندنێکی ئامانجدارە و، بە INTENTIONAL SOCIALIZATION ناو دهبردرێ.
پێکھێنەرەکانی پێگەیاندنی سیاسی:
لە ڕێگهی دیاریکردنی پێکھێنەرەکانی پێگەیاندنی سیاسییەوە، دەتوانین سروشت و ئامانجی سیستهمی سیاسی دیاری بکەین؛ ھەروەھا دەتوانین جۆری ئەو پەیوەندییە دیاری بکەین کە لە نێوان پێکھێنەر و دامەزراوە سیاسییەکانی وڵاتدایە. لە گرنگترین ئەو پێکھێنەرانەیش بریتین له:
١- ڕۆشنبیریی بەدەستھاتووی تاک: لەم ڕێگهیەوە تاک دەتوانێت پێگەیاندن بەدەست بھێنێت لە چوارچێوەی ئەو ژینگەیەی کە تیایدا دەژی و، کارلێک لەگەڵ بەھا و کهلتووری کۆمەڵگهکەیدا دەکات. تاک ئەم پێگەیاندنە وەردەگرێت و لە سەرەتاکانی تەمەنییەوە و کاریگەر دەبێت بە ڕۆشنبیری و کهلتووری کۆمەڵگهکەی و، لەگەڵ ھەڵکشانی تەمەنیدا ئەم پێگەیاندنە پێش دەکەوێت و گەشە دەکات .
٢- ڕۆشنبیریی خودی تاک: لە تاکێکەوە بۆ تاکێکی دیکە، بەگوێرەی کەسێتیی خۆیی و ژینگەی خێزانی و پەروەردەیی و ئاستی خوێندەواری، گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. ئەو ڕۆشنبیرییە دەبێتە بەشێک لە کەسایەتیی خۆی و، ئامادەیە گرنگیی پێ بدات و بەرگریی لێ بکات. ئەم ڕۆشنبیرییە خودییە، کاریگەریی لەسەر شێوازی ئاکاری سیاسیی ئەو تاکە لەناو سیستهمی سیاسیدا دەبێت.
٣- ڕۆشنبیریی دامەزراوەی سیاسی: ڕۆشنبیریی دامەزراوە سیاسییەکان لە وڵاتێکدا، بە یەکێک لە گرنگترین ڕەگەز و پێکھێنەری پێگەیاندنی سیاسی بۆ تاک ئەژمار دەکرێت. ئەم جۆرە ڕۆشنبیرییە، لەو چوارچێوە هزری و فەلسەفییانە دەرناچێت کە سیستهم و حزبە سیاسییەکانی ناو دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات ھەیانە. لە ڕێگهی ئەو ڕۆشنبیرییە سیاسییەوە سیستهمی فەرمانڕەوا، دیکتاتۆری بێت یان دیموکراسی، سەرمایەداری بێت یان سۆسیالیستی، ئایینی بێت یان نائایینی، ھەوڵی سەپاندنی بەھا سیاسییەکانی خۆی بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگەدا دەدات. وێڕای ئەوەی جیاوازییەکی زۆر لە نێوان شێوازی پێگەیاندنی سیاسی لە سیستهمە دیکتاتۆرەکاندا بە بەراورد بە سیستهمە دیموکراتییەکان، ھەیە، بەڵام لێرەدا مەبەستی سەرەکی ئەوەیە کە بڵێین سیستهمی سیاسی، چ جۆرێک بێت دەبێتە مەرجەعییەتێک بۆ پرۆسەی پێگەیاندنی سیاسی بۆ تاک.
ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی لە پرۆسەی پێگەیاندنی سیاسیدا:
کۆمەڵگەی مەدەنی، لەسەر بنەمای کۆمەڵێک دامەزراوەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کهلتووری و ڕۆشنبیریی فرەجۆر دامەزراوە، کە لە کارکردندا سەربەخۆن لە کاری حکوومەت؛ ڕێکخراوی خۆبەخشی ئازادن کە ڕۆڵی نێوانگیر لە نێوان ھاووڵاتی و حکوومەتدا دەبینن. ڕۆڵی دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، زۆر کات لە پێگەیاندنی تاک لە گشت بوارە جیاوازەکاندا، لە ڕۆڵی حکوومەت لەپێشترە؛ بە بواری سیاسییشەوە. ئەم دامەزراوانە بۆ بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی سیاسی ڕۆڵ دەبینن، کە یارمەتیدەر دەبێت لە بەرزکردنەوە و پێشکەوتنی ئاستی ھۆشیاریی سیاسیی تاکدا و، ھێنانیان بۆ گۆڕەپانی سیاسی و کاری سیاسی، بۆ ئەوەی سیاسەت بە تەنیا بۆ چینێکی فەرمانڕەوا قۆرخ نەبێت. دامەزراوەکانی کۆمەڵگهی مەدەنی، بەچڕی کار لەسەر پێگەیاندنی سیاسی دەکەن، بە مەبەستی بەشداربوونی تاک لە پرۆسەی سیاسی و بڕیاردان لە چارەنووسی سیاسییان.
کاریگەریی پێگەیاندنی سیاسی لەسەر کۆمەڵگه:
بوونی ڕۆشنبیرییەکی سیاسیی پێگەیشتوو و کامڵ لەناو کۆمەڵگهدا بۆ پاراستنی فۆرمی دەوڵەت و سیستهمە حوکمڕانییەکەی، گرنگە. لە سیستهمە دیکتاتۆرەکاندا ڕەگەزەکانی ڕۆشنبیریی سیاسی بریتییە لە ترس و تۆقاندن لە دەسەڵات؛ لێرەیشەوە کۆمەڵگهیەکی "مەیللاواز" بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی و دروستکردنی بڕیاردا دروست دەبێت. ئەو جۆرە لە سیستهمی فەرمانڕەوا، تاکێک پێ دەگەیەنێت کە بەرامبەر بە سیستهم و دامەزراوەکانی دەوڵەت لاواز بێت. تهنانهت ڕێگه بە بوونی ئۆپۆزیسیۆنێک لە چوارچێوەی دەوڵەتەکەدا نادات؛ ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوەی جوگرافیای دەوڵەتدا بۆ دەخوڵقێت. بەڵام ئهکتیڤی دامەزراوە سیاسی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگهی مەدەنی لە دەوڵەت و سیستهمە دیموکرات و کراوەکاندا، کاریگەریی پۆزەتیڤ لەسەر پێگەیاندنی سیاسییانەی تاک دروست دەکات، کە ھەمیشە ئامادەساز بێت بۆ بەشداریی سیاسی و بڕیاردان لە چارەنووسیان. ئەم جۆرەی دووەم لە پێگەیاندنی سیاسی، فۆرمێکی تەندروستی ھەیە کە کاریگەریی لەسەر ئارامی و جێگیریی کۆمەڵگه دادەنێت و، دۆخێکی ئارامگرتووی سیاسی تێیدا بەدی دەکرێت. بەڵام گرنگینەدان بە پێگەیاندنی سیاسی و پەراوێزخستنی ئەم بوارە، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئاسایش و ئارامی و سەقامگیریی کۆمەڵگه دروست دەکات.