پێشەکی: تەنگژەی دیپلۆماسیی نێوان دوو دەوڵەت، بریتییە لە تێکچوونی ئاراستەی ئاساییی پەیوەندییە سیاسییەکان؛ پەیوەندییە دیپلۆماسی و سیاسییەکانیش بەگوێرەی ڕێککەوتننامەی ڤییەننای ساڵی ١٩٦١ و ١٩٦٣ ڕێک خراون، کە بە چ جۆر و شێوازێک مامەڵە لەگەڵ دیپلۆماتکار، نێردەی دەوڵەتان و خاوەن پۆستە سیاسییە سیادییەکان دەکرێت. ڕۆژانی ڕابردوو پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماسیی نێوان تورکیا و بەشێک لە دەوڵەتانی ئەوروپی بەگشتی و، تورکیا و ھۆڵەندا بەتایبەتی، بوونە باسوخواسی میدیای کلاسیک و میدیای نوێ (سۆسیال میدیا)، کە تیایدا ڕێگەنەدان بە گەشتی وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانیکردنی ھۆڵەندا و، ڕێگریکردن لە وەزیری کاروباری خێزانی لە تورکیا بە سازدانی کەمپینی ڕیفراندۆمی ھەمواری دەستوور و، داخستنی کونسوڵخانە و ناردنەوەی کونسوڵی ھۆڵەندی لە تورکیا، گرنگترین ئەو بابەتانە بوون کە ڕێرەوی ئاساییی پەیوەندییەکانی تورکیای لەگەڵ ھۆڵەندا بەرەو تەنگژە برد.
ڕەوەندی تورکی لە هۆڵەندا و ئامانجی سەردانەکە: لە هۆڵەندا زیاتر لە (٤٠٠٠٠٠) چوار سەد ھەزار ھاووڵاتیی بەڕەچەڵەک تورک دەژین و ڕەوەندێکی ئهکتیڤن. لە ١٦ی مانگی ٤ی ئەمساڵ لە تورکیا پرۆسەی ڕیفراندۆم بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەی فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار بەڕێوە دەچێت. بەگوێرەی یاسا کارپێکراوەکانی تورکیا، ڕەوەندی تورکی لە دەرەوەی وڵاتی تورکیا، مافی دەنگدان و بەشدارییان لە پرۆسەکەدا ھەیە. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی تورکیایش، زۆرترین ڕەوەندی تورکی لە وڵاتانی ئەوروپایە لەسەر ئاستی جیھاندا؛ بۆ ئەو مەبەستەیش "ئاکەپە" تیمی حکوومی و حزبیی خۆی بۆ فراوانترین ھەڵمەتی بانگەشەی دەنگدان بە پرۆژەی ھەمواری دەستووری، بەکار دەھێنێت. لە ١٠ و ١١ی ئەم مانگە مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ویستی سەردانی ڕۆتەردام بکات بۆ بەشداری لە کەمپینی دەنگدان بە پرۆژە ھەموارەکەی دەستوور، بەڵام حکوومەتی هۆڵەندا مۆڵەتی ئەو سەردانەی پێ نەدا. مارک ڕۆتە سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا لەژێر ناوی پاراستنی ئاسایشی گشتی و ڕێگریکردن لە دروستکردنی ھەڕەشە و مەترسی بۆ ئاسایشی گشتیی هۆڵەندا، بەرگریی لە بڕیاری وڵاتەکەی کرد؛ پاش ئەوە، شارەوانیی ڕۆتهردام ڕێگریی لە "فاتمە بتول سیان کایا"ی وەزیری خێزانی لە حکوومەتی تورکیا کرد، کە دەیویست لە ھەڵمەتێک بۆ پشتگیریکردنی فراوانبوونی دەسەڵاتی سەرۆککۆماری تورکیا لە ڕیفراندۆمەکەی مانگی داھاتوود بەشدار بێتا، ناچار کرا کە بگەڕێتەوە بۆ سنوورەکانی ئەڵمانیا.
تەنگژە دیپلۆماسییەکە لە ڕەھەندی سەربازییەوە: بەگوێرەی ڕۆژنامەی میللییەتی تورکی، تورکیا بەنیازە ژمارەیەک سزای سیاسی لەسەر حکوومەتی ھۆڵەندی دابنێت. لەنێو ئەو سزایانەیشدا بیری لە ژمارەیەک سزای سەربازی و ھەواڵگری کردۆتەوە وەک پچڕاندنی پەیوەندییە ھەواڵگرییەکان، کە لە نێوانیاندا لە ئاستێکی زۆر بەھێزدایە، هەروەها ھەڵپەساردنی سەردانی شاندە سەربازییەکانی هۆڵەندا بۆ بنکەی سەربازیی ئەدەنە و داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی لەسەر فڕۆکە سەربازییەکانی هۆڵەندا بەتایبەت فڕۆکەی FBE.
تەنگژە دیپلۆماسییەکە لە ڕەھەندی ئابوورییەوە: ھیچ کام لەو دوو دەوڵەتە ئاماژەیان بە سەپاندنی سزای ئابووری نەدا لەو تەنگژەیەدا. ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان لە ساڵی ٢٠١٦دا، ٦.١ ملیار دۆلاری تێ پەڕاند، کە بە بەھای ٣.٢ ملیار دۆلار تورکیا شمەکی ھەناردەی هۆڵەندا کردووە و، هۆڵەنداش بە بەھای ٢.٩ ملیار دۆلار شمەکی ھەناردەی تورکیا کردووە. لە تورکیادا زیاتر لە ٢٥٦٠ کۆمپانیای ھۆڵەندی کاری وەبەرھێنان دەکەن؛ لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٢ تا ٢٠١٦ بە بەھای ٢١ ملیار دۆلار وەبەرھێنانی ھۆڵەندی لە تورکیا ئەنجام دراوە. لە ھۆڵەندایش زیاتر لە ٢٣٠٠٠ بزنسمانی تورکی کاری وەبەرھێنان دەکەن، کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٢ تا ٢٠١٦ دا بە بەھای ٩.٢ ملیار دۆلار وەبەرھێنانیان ئەنجام داوە؛ جیا لەوەیش، ١.٢ ملیۆن گەشتیاری ھۆڵەندی لە ساڵی ٢٠١٦دا سەردانی تورکیایان کردووە.
ئەو داتایانە بەرچاومان ڕوون دەکەنهوه بۆ گەیشتن بە دەرەنجامێک کە تهرازووی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی تورکیا و ھۆڵەندا تا ڕاددەیەکی زۆر لە یەکدی نزیکن، بەپێچەوانەی تەنگژەکەی تورکیا و ڕووسیا کە تەرازووی ئاڵوگۆڕ زیاتر لە بەرژەوەندیی ڕووسیا بوو، بە ھۆی پێویستیی تورکیا بە گازی سروشتیی ڕووسی. لەو ڕوانگەیەوە، چاوەڕوان ناکرێت ھیچ یەک لەو دوو دەوڵەتە پەنا ببەنە بەر سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر یەکدیدا. لەگەڵ ئەوەیشدا ھەڵسوکەوتی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەبارەت بەگەڕاندنەوەی بارگۆیەکی ھۆڵەندی لە ٤٠ مانگای ھۆڵشتاینی ھۆڵەندی، بە بیانووی نەبوونی پێویستیی تورکیا لە ئێستادا، دەرخەری ئەو دۆخەیە کە نەسەپاندنی سزای ئابووری، بابەتێکی ڕێژەیییە و، مەرج نییە بەڕەھایی ھەر دوو دەوڵەت پەنای بۆ نەبەن.
پۆپۆلیزمی ئەوروپی: ھەندێک لە چاودێران ڕایان وایە کە یەکێک لە ھۆکارەکانی دروستبوونی تەنگژەی تورکی – ھۆڵەندی بریتییە لە گەشەکردنی ھزری پۆپۆلیستی و ھێژموونیی گوتاری ڕاستڕەوی توندڕەو. ئەو دۆخە لە ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، یۆنان، فەڕەنسا، نەمسا، سویسرا و پاشانیش لە ھۆڵەندا بابەتی نوێی قسەکردنن، بەڵام سەرکەوتنی حزبەکەی "مارک ڕووتە"ی سەرۆک وەزیرانی ھۆڵەندی، لە ھەڵبژاردنی ١٥ی ئاداری ٢٠١٧دا شکستی گوتاری پۆپۆلیستیی لە هۆڵەندا ڕاگەیاند؛ ڕەنگە سەرەتایەکیش بێت بۆ دەربازبوونی ئەوروپا لە دیاردەی پۆپۆلیزم کە پاش سەرکەوتنی ترامپ لە ئەوروپایشدا زیاتر قسەی لەسەر دەکرێت. بەڵام لە کاتی گەشەی زیاتری ئەم ڕەوتە لە ئەوروپا، کۆمەڵێک پرسی گرنگ قسەیان لەسەر دەکرێت وەک: دەرچوون لە یەکێتیی ئەوروپا و ڕێگریکردن لە ھاتنی کۆچبەران بۆ ئەوروپا و، تەواو بێئومێدکردنی تورکیا بۆ بەئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەوروپا. لە کاتی گەشەی زیاتری ئەو ڕەوتە لە ئەوروپا، تورکیا دەکەوێتە بەردەم قۆناغێکی مەترسیدار و پڕتەنگژە لەگەڵ ئەوروپییەکان .
پوختە: پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی تورکیا و ھۆڵەندا لە قۆناغی ھەڵچوون و تەنگژەیەکدایە کە تا ئێستا سەرەتاکانی بەتەواوەتی ڕوون نەبۆتەوە؛ تورکیا لەم قۆناغەدا چ لە ئاستی ناوخۆیی، چ لە ئاستی پەیوەندییە دەرەکییەکانیدا گرفتی زۆرە و، تا ڕاددەیەک ناسەقامگیرە. حزبەکەی مارک ڕۆتە، بە نواندنی ئەو ھەڵوێستە توندانە بەرامبەر تورکیا، توانیی پرۆسەی ھەڵبژاردن بە قازانجی خۆی یەکلایی بکاتەوە و، لە ھەمان کاتدا شکست به پەیامی حزبی ڕاستڕەوی ھۆڵەندی بھێنێت. تورکیایش لە ھەوڵی ئەوەدایە بە نواندنی ئاکارە سیاسییە توندەکانی بەرامبەر ھۆڵەندا، پرۆسەی ڕیفراندۆم بە قازانجی ئاکپارتی یەکلایی بکاتەوە. بەڵام کۆی گشتیی تەنگژەکە ڕاستیی دوو خاڵمان بۆ دەردەخات :
١- پەیوەندییە دەرەکییەکانی تورکیا هێنده ناجێگیرە، تەنگژە لەگەڵ ڕووسیا و ھۆڵەندا و پاشان خراپیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەشێک لە دەوڵەتانی یەکێتیی ئەوروپا، بەتایبەت ئەڵمانیا، ئاماژە نین بۆ پاراستنی شکۆی دەوڵەتی تورکیا، هێندهی ئەوەی ئاماژەن بۆ ناڕوونیی ستراتیژیی تورکیا لە مامەڵە لەگەڵ جیھانی دەرەوەدا .
٢- تورکیا بە تەنگژەی لەگەڵ ھۆڵەندا و پاشان پشتگیریی دەوڵەتە گەورەکانی ئەوروپا بۆ ھۆڵەندا، چۆتە قۆناغێکی نوێوە کە نزیکە لە نائومێدی؛ نزیکە لە پشتکردنە ئەوروپا