سلێمانى لە دووڕێیانی هەولێر و بەغدادا " ئاستەنگەکانى بەلامەرکەزیبوون "

پێشەکی

بەر لە هەموو شتێک، پرسی لامەرکەزییەت ئەوەندەى پرسێکی سیاسییە، ئەوەندە پرسێکی کارگێڕی و یاسایی نییە، لەبەر ئەوەی گرێدراوە بۆ چۆنیەتیی مامەڵەکردن بە دەسەڵات و ئاستەکانى دابەشکردنی ئەو دەسەڵاتە گشتییانەى لەسەر ئاستی کیانە سیاسییەکان بوونیان هەیە. بە واتایەکی دیکە، ناتوانین پێشبینیی هاتنەسەر ئەرزی واقعی لامەرکەزییەت بکەین ئەگەر کەلتووری دابەشکردنی دەسەڵات و شۆڕکردنەوەی بۆ هەموو ئاستەکانى کۆمەڵگە نەبێتە کەلتوورێک و، لە هەموو جومگەکانى ژیانی سیاسیدا ڕەنگ نەداتەوە. لامەرکەزییەتیش بە هەموو ئاستەکانییەوە لە پلەى یەکەمدا، پەیوەستە بەو زیهنییەتە سیاسییەى کە سیستەمی سیاسیی پێ بەڕێوە دەچێت. ئەگەر زیهنییەتی سیاسیی دەسەڵاتداران بە ئاراستەى چڕکردنەوەی دەسەڵات بێت لە ناوەندێکی بەهێزدا، ئەوا هەموو دەقە دەستووری و یاسایییەکانیش ناتوانن لامەرکەزییەت لەسەر ئەرزی واقع جێبەجێ بکەن.

ڕاستییەک كه‌ ناتوانین بە هیچ شێوەیەک خۆمانى لێ لا بدەین ئەوەیە، هیچ وڵاتێک ناتوانێت بە شێوەیەکی ڕەها پەیرەویی مەرکەزییەت بکات، هەروەک چۆن هیچ وڵاتێکیش ناتوانێ بە شێوەیەکی ڕەها پەیرەویی لامەرکەزییەت بکات؛ بۆیە دەبینرێت لە پاڵ دەستە لامەرکەزییەکان چەندین کاروبار هەیە بە شێوەیەکی مەرکەزی بەڕێوە دەچێت. دەتوانین بڵێین لامەرکەزییەت چوار شێواز لەخۆ دەگرێت:

١- لامەرکەزییەتی سیاسیی بەرفراوان :(Macro Political Decentralization) بارودۆخێکی دەستوورییە، تێیدا ئەرکە حکوومییەکان لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی لە پایتەخت و حکوومەتی هەرێمەکان دابەش دەکرێت. ئەم شێوازە، زیاتر لەو فیدراڵییەتانە دەبینرێت کە لەسەر بنەمایەکی دیموکراتی دروست بوونە.

٢- لامەرکەزییەتی سیاسیی تەسک :(Micro Political Decentralization) لێرەیشدا دەسەڵاتی حوکمرانی دابەش دەکرێت، بەڵام لە سنوورێکی تەسکتر. بەو مانایەی ئەو دەسەڵاتانەی بە یەکە ناوخۆیییەکان دەدرێت کەمترە و، لە هەندێ بواردا بێبەش دەکرێت. ئەمەیان لەو وڵاتانە بەدەردەکەوێت کە فیدراڵییەتەکەیان لە ئەنجامی ململانێیەکی سیاسیی توند لە نێوان ناوچە جیاوازەکان دروست بووە. لێرەدا زەمینەى فیدراڵییەتەکە لاوازە و، زیاتر لەنێو دەقە یاسایییەکان قەتیس کراوە.

٣- لامەرکەزیی ئیداریی بەرفراوان :(Macro Administrative Decentralization) تێیدا زۆربەى ئەرکە کارگێڕییەکان دابەش دەکرێتە سەر یەکە ئیدارییەکان لە ڕێگەى گواستنەوەى دەسەڵاتەوە. ئەمەیش سیستەمی کارگێڕیی خۆجێیییە. ئەو شێوازە، کاتێک بەدی دەکرێت کە لامەرکەزییەتەکە پێویستییەکی دیموکراتی بێت. بە واتاى ئەوەی لە پێناو بەدیهێنانى دیموکراتی لەسەر ئاستی کارگێڕی، پەنا بردرابێتە ئەو شێوازە لە لامەرکەزییەتی ئیداری.

٤- لامەرکەزیی ئیداریی تەسک :(Micro Administrative Decentralization) تێیدا  هەندێک لە سەلاحیاتی پێویست بۆ بەڕێوەچوونى کارە هاوپێچەکان دەدرێتە خوارەوە؛ وەک ئیدارەى لقی وەزارەتەکان. ئەمەیان لاوازترین شێوازی لامەرکەزییەتە، تەنانەت زۆر جار لە خانەى لامەرکەزییەتیش دەچێتە دەرەوە و، بە فێڵێکی مەرکەزی لە ناوچە خۆجێییەکان، دادەنرێت.

عێراق لە نێوان لامەرکەزییەتی سیاسی و ئیداریدا

ئاشکرایە عێراق هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە، تا ڕادەیەکی زۆر لە ڕووی سیاسییەوە وڵاتێکی مەرکەزی بووە، تاوەکوو ساڵی 2003 و، گۆڕانى سیستەمی سیاسی بۆ فیدراڵی و لامەرکەزییەتی سیاسی. لەو قۆناغەدا، عێراق پێ دەنێتە فۆرمێکی نوێ لە حوکمڕانی، کە تێیدا بە شێوەیەکی بەرفراوان پەنا دەبردرێتە بەر لامەرکەزییەت. لە یەک کاتدا لامەرکەزییەتی سیاسی و لامەرکەزییەتی ئیداری پەیرەو دەکات. ئەم پرسەیش سەرەتا لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە، پاشانیش لە دەستووری هەمیشەییدا بەڕوونی ئاماژەى پێ کرا. ئەوەی لێرەدا شوێنی هەڵوەستەلەسەرکردنە، بریتییە لەو تێکەڵەیەی لە نێوان ئەو دوو شێوازەی لامەرکەزییەت هەیە. بە شێوەیەک کە مامەڵەیەکی ناهاوسەنگ لەگەڵ هەر دوو جۆرەکەدا دەکات و، زۆر جار وا دەردەکەوێت کە لامەرکەزییەتە ئیدارییەکە بەراورد بە لامەرکەزییەتە سیاسییەکە، دەسەڵاتێکی فراوانتری پێ دراوە، لە کاتێکدا لامەرکەزییەتی سیاسی، پلەیەکی باڵاتری لەوەی دووەمیان هەیە.

لە دەستووری عێراق 2005، بەروونى باس لەوە کراوە ئەو سێ پارێزگایەى هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی سیاسی مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت و، بێبەشە لەو ڕێکخستنە کارگێڕییەى لەسەر ئاستی پارێزگاکانى تری عێراق پەیرەو دەکرێت. تەنانەت لە یاسای پارێزگاکان (ژمارە 21ی ساڵی 2008)، کە لە هەرێمێکدا ڕێک نەخراون، زۆر بەڕوونی ئاماژە بەوە کراوە، کە حوکمەکانى ئەو یاسایە، ئەو پارێزگایانە ناگرێتەوە کە لە هەرێمێکدا ڕێک خراون. بەو پێیەى هەرێمی کوردستانیش تاکە هەرێمی فیدراڵییە لە عێراق، بۆیە هەر سێ پارێزگاى (هەولێر، سلێمانی، دهۆک) بێبەشن لەو دەسەڵات و پسپۆرییەتانەى، یاساکە بە پارێزگاکانى تری عێراقی داوە.

هەرێمی کوردستان و لامەرکەزییەتی ئیداری

پەرلەمانى کوردستان یاسای پارێزگاکان، ژمارە 3ی ساڵی 2009ی دەرکرد. ئەم یاسایە بە مەبەستی ڕێکخستنی پسپۆریەتی و دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و کارگێڕییە خۆجێیییەکان لە هەرێمی کوردستان، لە پێناو پەرەپێدان و بەدیهێنانى پرەنسیپی لامەرکەزی لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و ئاسانکارى و چالاککردنی گەیاندنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بە هاووڵاتیان و پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانى کۆمەڵگه،‌ دەرچوو.  بە سەرنجدان لە کۆی ئەو ماددە و بڕگانەى لە یاساکەدا بوونیان هەیە لەگەڵ ئەو تێبینیییانەی لەسەر حوکمەکانى یاساکە هاتنە ئاراوە، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو یاسایە تواناى ئەوەی نییە لامەرکەزییەتی ئیداری لە هەرێمی کوردستان بهێنێتە ئاراوە؛ بۆیە ڕۆژ دواى ڕۆژ داواکاریی بەلامەرکەزیکردنی پارێزگاکانى هەرێم ڕوو لە زیادبوونە. بەشێکی زۆری ئەو داواکارییانەیش دەکەونە ئەو ناوچانەى کە لە سەردەمی دوو ئیدارەییدا بە زۆنی سەوز ناسرابوو.

سلێمانى و هەوڵەکانى بەلامەرکەزیبوون

جێکەوتەکەکانى دوو ئیدارەیی، هێشتا بەرۆکی هەرێمی کوردستانی بەرنەداوە؛ سەرەراى ئەوەی چەندین کابینەى یەکگرتووی حکوومەتی هەرێممان بینی. ئەو کاریگەرییانە بە شێوەیەک قووڵن کە بوونە هۆی دروستبوونی دوو تێڕوانینی جیا بۆ شێوازی حوکمڕانی. هەموو ئەو تێڕوانینە جیاوازانەیش لە یاسا و ڕێکخستنەکانى هەرێمدا ڕەنگدانەوەی تایبەتیی خۆی هەبووە. لە هەرێمی کوردستان، دوو دیدگه‌ى جیاواز دروست بووە سەبارەت بە چۆنیەتیی دابەشکردنی دەسەڵاتە کارگێڕییەکان لە نێوان حکوومەتی هەرێم و کارگێڕییە خۆجێیییەکان. بەشێک لە حزبە سیاسییەکان پێیان وایە بە فراوانکردنی لامەرکەزییەتی ئیداری، مەترسی لەسەر یەکپارچەییی خاکی هەرێم دروست دەبێت، کە ماوەى 25 ساڵە هەموو هەوڵێک دراوە بۆ پاراستنی. لە بەرامبەردا هەندێ حزبی دیکە لەو بڕوایەدان کە بێبەشبوونی هاووڵاتیان لە خزمەتگوزارییە سەرەتایییەکان بە هۆی بەرتەسکیی لامەرکەزییەتی ئیدارییەوەیە. بۆیە دەبینین، لەو ناوچانەى کە ئەو تێڕوانینە زاڵە، هەوڵەکانى بەلامەرکەزیبوون هەمیشە خۆی لە چەندین فۆرمدا دەبینێتەوە و، هەمیشە هەوڵی سیاسی و یاساییی بۆ دەدرێت. دیارترین پارێزگایش بۆ ئەوە، پارێزگاى "سلێمانی"یە کە ئێستا لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانى، هەموو هەوڵێک دەدەن و، توانا سیاسییەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ ئەوەی لەژێر پەردەی بەلامەرکەزیبوون چەندین ئامانجی خۆیان بپێکن.

هەمیشە ئەوە دەبیستین کە داواکارییەکان بەرەو لامەرکەزییەت، داواکارییە بەرەو هێنانەسەر ئەرزی واقعی دیموکراسی. بەڵام سەرەرای ئەوەیش، هەمیشە بەلامەرکەزیبوون ناچێتە خزمەتی پرۆسه‌ی دیموکراسییه‌وه‌ و، بێ مەترسی نابێت بەسەر دیموکراسییه‌وە. لە هەندێ باردا حکوومەتی خۆجێیی نابێتە هۆی بەرەوپێشبردنی پرۆسه‌ی دیموکراسی، چونکە ناوچە خۆجێیییەکان لە لایەن هەندێ سەرکردەى سیاسییه‌وه‌ کۆنترۆڵ دەکرێن، بەپێی بنەماکانى دیموکراسی کار ناکەن و ڕێز لە مافی هاووڵاتیان ناگرن. بۆ نموونە سەرکردەیەکی لۆکاڵیی ده‌سه‌ڵاتخواز، دوور له دەسەڵاتی ناوەندی دەسەڵاتەکانى خۆی فراوان دەکات. کەواتە لە هەموو بارێکدا بەلامەرکەزیبوون ناچێتە خزمەتی پەرەپێدانى پرۆسه‌ی دیموکراسی، بەڵکوو زۆر جار لادان لە سروشتی دیموکراتییانەی لامەرکەزییەت دروست دەبێت.

پاڵنەرەکانى بەلامەرکەزیکردنی سلێمانى

ئەگەر سەیری نموونەی سلێمانی بکەین، دەبینین بانگەشەکانى بەلامەرکەزیبوون ڕیشەیەکی درێژتری هەیە لەوەی ئێستا دەردەکەوێت. ئەجینداى حزبە سیاسیبە باڵادەستەکانیش بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی لەمە دەکات. دەکرێت ئەو پاڵنەرانەی واى لە ڕای گشتی و دەسەڵاتدارانی سلێمانی کردووە بانگەشەی بەلامەرکەزیبوون بکەن، لە چەند خاڵێکدا کورت بکەینەوە:

١- قەیرانی دارایی و خراپیی باری ئابووری. ئەو تێگەییشتنە لەو ناوچەیە دروست بووە کە قەیرانی دارایی، قەیرانێکی دروستکراوە و، داڕێژەرانی سیاسەتی حکوومەتی هەرێم ئەمەیان خوڵقاندووە؛ بۆیە ئەوان ناچار نین کە باجی قەیرانێکی سەپێنراو بدەنەوە. ئەوەی لێرەدا ڕوونە ئەوەیە، حزبە سیاسییەکان بە ئەجێندای هێزێکی هەرێمی، ئەو تێگەییشتنەیان لای ڕای گشتی دروست کردووە. پاڵنەری ئەو حزبە سیاسییانەیش بە پلەی یەکەم، لاوازکردنی هێزەکانى بەرامبەریەتی.

٢- جیاوازیکردن لە نێوان پارێزگاکان. بە هەمان شێوە ڕای گشتی لە سلێمانی لەو بڕوایەدایە کە، بە هۆی ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان جومگەکانى دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بەدەستە، بۆیە پارێزگای سلێمانی پشتگوێ خراوە و، بە بەرنامە هەوڵی لاوازکردنی دەدرێت. ئەمە بە شێوەیەکی ڕوون لە لایەن پەرلەمانتارانی ئەو ناوچەیەوە ئاماژەى پێ کراوە. ئەگەر سەیری ڕەوشی دوو پارێزگاکەى دیکەى هەرێم بکەین، دەبینین ئاستی پێشکەوتن و گرنگیدان پێی، هیچی لە سلێمانی زیاتر نییە.

ئاستەنگەکانى لامەرکەزییەتی سلێمانى لە هەرێم

ئامانجی لایەنەکان هەرچی بێت، ئەوەی لە میدیاکانەوە باسی دەکەن بریتییە لە داخوازیی جەماوەری بۆ بەلامەرکەزیکردنی سلێمانی و گشت پارێزگاکانى دیکەى هەرێم. بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان، ئەم هەنگاوە وەک ڕێگه‌چارەیەک دەبینن بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە سیاسی و ئابوورییەى بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە؛ بەتایبەت دواى گەییشتنی ململانێی حزبە سیاسییەکان بە خاڵی یەکترتۆمەتبارکردن و، بە خیانەت وێناکردنی بەرامبەر. بەڵام لێرەدا گرنگە بپرسین ئایا هەوڵەکانى بەلامەرکەزیکردن، تا چەندە دووچاری کێشە و ئاستەنگ دەبێتەوە؟ ئەو ئاستەنگانەى لە بەردەم سلێمانییە بۆ فراوانکردنی لامەرکەزییەتەکەى لە چوارچێوەری هەرێمی کوردستان، دەکرێ بۆ ئاستەنگی سیاسی، یاسایی، ئابووری و کارگێڕی پۆڵینی بکەین.

ئاستەنگە سیاسییەکان:

بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ڕوون ئاماژە بەو ئاستەنگە سیاسییانە بکەین، ئاستەنگەکان لە چەند خاڵێکدا پوخت دەکەینەوە:

١- پەکپارچەییی خاکی هەرێمی کوردستان و مەترسییەکانى گەڕانەوە بۆ قۆناغی دووئیدارەیی. هەمیشە هەوڵەکانى بەلامەرکەزیکردنی سلێمانی بە شێوەیەک لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، کە ئەمە هەوڵێکە بۆ پارچەکردنی خاکی هەرێمی کوردستان؛ لەمەیشدا پشت بە ئەجێنداى وڵاتە ئیقلیمییەکان بەستراوە. بۆیە دەبینین حزبە سیاسییە باڵادەستەکانى ئەو ناوچەیە، لە ترسی لێکدانەوەیەکی لەو شێوەیە، بە هەستیارییەوە دەست بۆ ئەو بابەتە دەبەن. سەرەرای ئەمەیش، تا ئێستا ڕوون نییە ئاستی ئەو لامەرکەزییه‌تەى داوای دەکەن، چەندە. لە هەندێ بواردا داواکارییەکان بە شێوەیەک باڵان، کە لە لامەرکەزییەتی سیاسی نزیک دەبنەوە. کە ئەمەیش کارێکی نەکردەیە، کە هەرێم خۆی لەسەر بنەماى لامەرکەزییەتی سیاسی دامەزرابێت و، لە ناوخۆی خۆیدا پەنا بباتە بەر لامەرکەزییەتی سیاسی بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمەکەی.

٢- نەبوونی متمانەى سیاسی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان. ئەو لایەنانەى ئێستا لە بەرەیەکن بۆ ئەو پرسە، پەیوەندیی نێوانیان لەسەر گومانێکی قووڵ دامەزراوە. ڕێکكەوتنی نێوانیان لە ئەنجامی نزیکییان نییە لە بیرکردنەوە، بەڵکوو لە ئەنجامی ترسیانە لە توانەوە. بۆیە دەبینین هەنگاوەکانیان جۆرێک لە ترسی پێوە دیارە و، هەر خۆیان هەوڵەکانى خۆیان لەبار دەبەن. ژینگەى سیاسیی سلێمانی، بە هۆی بوونی جیاوازییەکی زۆر لە نێوان لایەنە سیاسییەکان، لەسەر بنەماى نەبوونی متمانەى سیاسی دامەزراوە. هەر ئەمەیشە بووەتە گەورەترین ئاستەنگی سیاسی لە بەردەم ئەو لایه‌نەنانە.

٣- بەرژەوەندی و ئەجێنداى هێزە ئیقلیمییەکان. لاوازیی ئەزموونی سیاسیی حزبە سیاسییەکانى هەرێم، گۆرەپانێکی بۆ هێزە هەرێمایەتییەکان کردۆتەوە کە بەئاسانی بتوانن یاریی تێدا بکەن. هەر ئەمەیشە واى لە لایەنە سیاسییەکان کردووە کە دڵنیا نەبن لە داهاتووی هەر هەنگاوێک کە هەوڵی بۆ دەدەن. باڵادەستیی ئیران بەسەر زۆنی سەوز، واى لە حزبە سیاسییەکانى ئەو ناوچەیە کردووە كه‌ دڵنیا نەبن لەوەی قۆناغی دواى بەلامەرکەزیکردنی سلێمانی، دۆخی ئەو ناوچەیە چیی لێ دێت. تەنانەت نازانن گەر سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی جیا بکەنەوە، بەرەو چ ئاییندەیەکی دەبەن. ئەمەیش بە هەمان شێوە، ئاستەنگێکی سیاسیی بەهێزە لە بەردەم ئەو پرسە.

 

ئاستەنگە یاسایییەکان:

گرنگترین ئاستەنگە یاسایییەکانى بەردەم پرسی فراوانکردنی لامەرکەزییەتی سلێمانی، لە چەند خاڵیکدا کورت دەکەینەوە:

١- پەککەوتنی پەرلەمانى کوردستان. هەموو ڕێرەوی یاسایی لە ئێستاى هەرێمی کوردستان لە بەردەم ئەو ئاستەنگەیە. لە کاتێکدا پەرلەمان لە غیابێکی فیعلیدا بێت، کۆی پرسە یاسایییەکانی دیکە بە ناتەواوى دەمێننەوە. ئەوەی لێرەدا ڕوونە، ئەو پرسە پێویستیی بە چەندین ڕێکاری یاسایییە کە بەشێکی زۆری لە ڕێگەى پەرلەمانەوە دەکرێت. بۆیە نەبوونی پەرلەمان، گەورەترین ئاستەنگی یاسایییە.

٢- لاوازیی یاساییی پارێزگاکانى هەرێمی کوردستان لە ڕووی ڕێکخستنی دابەشکاری و شۆڕکردنەوەی دەسەڵات. تا ئەو یاسایە بەرکار بێت، یەک ملمیش ناتوانرێ دەسەڵاتە کارگێڕییەکانى ئەو پارێزگایانە فراوان بکرێت. ئەو یاسایە لە ڕەوشێکدا نووسراوە کە "پارتی" و "یەکێتی"، کێشە لە نێوانیان نەبووە و، "گۆڕان" هێشتا لەدایک نەبووبوو. بۆیە ئەو واقعەى یاسایەکەی بۆ نووسراوە، جیاوازە لەو واقعەى ئێستا لایەنە سیاسییەکان داوای دەکەن. هەموو ئەو دەسەڵات و پسپۆرییانەی لە یاسایەکەدا بەخشراوەتەوە پارێزگاکان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە ڕووی پراکتیکییەوە جێبەجێ کراون. بەڵام کاتێک ئەو یاسایە ناتوانێ لامەرکەزییەت فەراهەم بکات، ئەوا خۆی دەبێتە گەورەترین ئاستەنگ لە بەردەم لامەرکەزییەت.

٣- تێهەڵچوونی پسپۆرییەتی لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و یەکە کارگێڕییەکان. جەوهەریترین کاری ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان حکوومەتی ناوەندی و حکوومەتە خۆجێیییەکان بریتییە لە ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵات و پسپۆرییەتەکانیان، کە زۆربەی وڵاتان ئەمە لە ڕێگەى دەستوور و یاساوە دەکەن. بەڵام زۆر جار خودی یاساکانیش ناتوانن ئەم ئامانجەى خۆیان بپێکن و، ناهاوسەنگییەکە دروست دەبێت. یەکە کارگێڕییەکانى هەرێمی کوردستانیش بە شێوەیەکی بەرچاو، کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەو فاکتەرە. بەپێی یاسای ئەنجوومەنی وەزیران و یاسا تایبەتەکانى وەزارتەکان، دەسەڵات و پسپۆرییەتیی دەزگاکانى حکوومەتی هەرێم، دیاریکراوە. هەروەها بەپێی یاسای پارێزگاکانى هەرێمی کوردستان، دەسەڵات و پسپۆرییەتیی دەستە خۆجێیییەکان دیاریکراوە. لەگەڵ ئەوەیشدا هێشتا نەتوانراوە هاوسەنگی ڕابگیرێت و، تێهەڵچوون لە نێوانیان دروست دەبێت.

ئاستەنگی ئابووری:

قەیرانى ئابووری و نەبوونی شەفافییەتی تەواو لە بواری ئابووری لە سەرانسەری هەرێم بەگشتی و، سلێمانی بەتایبەتی، وای كردووه‌ ئاسۆکانى ئەو لامەرکەزییەتە بەناڕوونی بمێنێتەوە. تا ئێستا نازانرێت داهاتی پارێزگای سلێمانی چەندە و لە چیدا خەرج دەکرێت. بۆیە، دیار نابێت کاتێک ئەو لامەرکەزییەتەی سلێمانی فراوان بکرێت و لایەنی ئابووریش بگرێتەوە، ئایا داهاتی ئەو پارێزگایە چیی بەسەر دێت و داهاتووی ئەو قەیرانە دارایییە چیی بەسەر دێت.

ئاستەنگەکانى لامەرکەزییەتی سلێمانی لە عێراق

لە دواى پرۆسەى ئازادیی عيراق 2003، ئێستا عێراق لە ڕووی سیاسی و یاسایی و ئابوورییەوە، بە دژوارترین قۆناغی خۆیدا تێ دەپەڕێت. ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێت، بریتییە لە لێکترازانێکی لەسەرخۆی خاکی عێراق. بە هۆی ئەو مامەڵە ناتەندروستەى حکوومەتی ناوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی دەکات، ئاییندەى فیدراڵییەت لە عێراق لەژێر مەترسیی پاشەکشێی تەواودایە. بەڵام بەرنامەی هەندێ حزبی سیاسیی هەرێمی کوردستان، بە ئاراستەى گەڕانەوەیە بۆ باوەشی عێراق. بەشێکیش لە هۆکارەکانى ئەو هەوڵانە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خاڵه‌ی كه‌وا ئه‌و لایه‌نانه‌ی هه‌رێمی كوردستان و ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غداش له‌لایه‌ن یه‌ك هێزی هه‌رێمییه‌وه‌ ده‌جووڵێنرێن. خودی گەڕانەوەی هەرێم بۆ بەغدا، کارێکی نیمچە نەکردەیە، چ جاى گەڕانەوەی یەک پارێزگا. بێ گومان ئەمە سەرەڕاى ئەوەی لە ڕووی دەستوورییەوە کارێکی نادەستوورییە، لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی سیاسی و یاسایی دەبێتەوە. لێرەدا هەوڵ دەدەین ئاستەنگە سیاسی و یاسایییەکان لە مییانەى چەند خاڵێکدا بخەینە ڕوو.

١- دەستووری عێراق، کاتێک لامەرکەزییەتی سیاسی و ئیداری لە یەک جیا دەکاتەوە، تایبەتمەندییەک بە هەرێمی کوردستان دەبەخشێت کە ڕێکخستنە کارگێڕییەکانى عێراق، ناوخۆی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە. بەتایبەت لە ماددەى 117ی دەستووور، کە دان بەو سنوورەى هەرێمی کوردستان دەنێت بەو شێوەیەی کە هەیە. بۆیە ئەمە لە هەموو لەو پرسانەیش ڕەنگی داوەتەوە کە لە ڕێگەى دەستوورەوە ڕێک خراون. بەتایبەت پەیوەندیی هەرێم بە حکوومەتی ناوەند، پرسی سنووری هەرێمی کوردستان و ئەو دەسەڵات و پسپۆرییەتانەی بە هەرێم و پارێزگاکان بەخشراوە. بۆیە، بۆ ئەوەی سلێمانی لە ڕووی دارایی و کارگێڕییەوە خۆی بە بەغداوە ببەستێتەوە، پێویستیی بە هەموارکردنەوەی بەشێکی زۆری ماددە دەستوورییەکانە. ئەوەی لێرەیشدا ڕوونە، دەستووری عێراق بە شێوەیەک نووسراوە کە هەموارکردنەوەی ئاسان نەبێت.

٢- ململانێیەکانى نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان، ململانێی بەغدا نییە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵکوو ململانێیە لەگەڵ کۆی هەرێمی کوردستان؛ ئامانجی سەرەکیی ئەو ململانێیەیش ڕێگەگرتنە لە بەرەوپێشچوونی هەرێمی کوردستان بەگشتی و، لەناوبردنی که‌لتووری فیدراڵی بەتایبەتی. بۆیە ئەوەی لەو بڕوایەدا بێت کە نەیاربوونی پارتی، ئه‌تكا دۆستی بەغدا، دەکەوێتە هەڵەیەکی سیاسیی گەورەوە. چونکە بەغدا، کەس بە دۆستی خۆی نازانێ لە هەرێمی کوردستان.

٣- لە سەرەتاى نووسینەوەى یاسای بەڕێوەبردنی وڵات بۆ قۆناغی گواستنەوە، پاشانیش لە نووسینەوەى دەستووری هەمیشەییی عێراق، کوردەکان بە هەموو شێوەیەک لە دژی فیدراڵییەتی پارێزگاکان بوون. چونکە ئەمەیان بە هەوڵێک بۆ لێکدابڕاندنی ناوچە کوردستانییەکان دەزانی. بۆیە ئێستایش کوردەکان بە هەموو شێوەیەک دژی دەوەستنەوە، سەرەڕاى ئەوەی هەندێک لایەن لە هەرێم، وەک کارتێکی سیاسی دژی بەرامبەرەکانیان بەکاری دێنن. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دوایین وتاریدا کە لە باشیک پێشکەشی کرد، زۆر بەڕوونی ئاماژەى بەوە کرد کە برێمەر و هاوپەیمانان نەیانتوانی فیدراڵییەتی پارێزگاکانمان بەسەردا بسەپێنن، چ جاى هەندێ لایەنی بچووکی ناوخۆیی. بۆیە، بە هەموو شێوەیەک ڕێگری لە هەوڵێکی لەو جۆرە دەکەن. کەواتە فاکتەری ناوخۆیی، بە هەموو شێوەیەک دژی دەوەستێتەوە.

٤- دۆخی ئابووریی عێراق و پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، بە هیچ شێوەیەک بۆ سەرگرتنی ئەو کارە، ڕێگەخۆشکەر نین. یەکێک لەو خاڵانەی بووەتە هۆی قووڵبوونەوەی ناکۆکی لە نێوان هەولێر و بەغدا، بریتییە لە نەگەڕانەوەی نەوت و گازی هەرێم بۆ خەزێنەى بەغدا. هەر ئەمەیشە بووەتە بەهانەیەک کە دەسەڵاتدارانی بەغدا، بۆ بڕینی بودجەى هەرێمی کوردستان بەکاری دەهێنن. مەرجی ناردنی بودجەى هەرێم، ئەوەیە کەوا هەرێم نەوت و گازی خۆی ڕادەستی بەغدا بکات. دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ناوەندی، ئەوەیان نەشاردۆتەوە کە ناتوانن قبووڵی ئەوە بکەن کە هەرێم نەوته‌کەى خۆی، خۆی بیفرۆشێت و، لە نەوتی بەسرا بودجەى هەرێم دابین بکەن. بۆیە بۆ ئەوەی سلێمانی ڕوو لە بەغدا بکات، سەرەتا پێویست دەکات دەسەڵاتداریی تەواوى بەسەر هەموو ئەو داهاتانە هەبێت کە دەکەونە سنووری پارێزگاکەى. بێ ئەمە، بە هیچ شێوەیەک بەغدا ئامادە نییە پێشێڵی دەقە دەستووری و یاسایییەکان بکات لەپێناو ڕازیکردنی جەماوەری حزبە سیاسییە دۆستەکانى.

دەرەنجام

لە کۆی هەموو ئەو خاڵانەی ئاماژەمان پێی کرد، دەگەینە ئەو دەرەنجامەى کەوا ئێستا سلێمانی لە دووڕێیانی هەولێر و بەغدا وەستاوە و، ناتوانێ بڕیار بدات کە بگەڕێتەوە کامە لایەن. لە هەر دوو ڕێگه‌دا، دوچاری ئاستەنگی زۆر دەبێتەوە و، ناتوانێ لێی دەرباز بێت. زەرەمەندی یەکەمی ئەو دۆخە، خەڵکی سلێمانی بەگشتی و، مووچەخۆرانن بەتایبەتی. بەڵام سەرەڕای ئەوەیش، لە ئەگەری باشکردنی زەمینەى سیاسی و ئاساییکردنەوەی دۆخی پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکان، گەڕانەوە بۆ هەولێر، دەشێ بژاردەیەکی باشتر بێت،. لێرەدا ئەوەى پێویستە بڕیار بدات کە سلێمانی بەرەو چ ئاراستەیەک بڕوات، دەبێت خودی خەڵکی سلێمانی بێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples