تورکیا لە بەردەم دەرگا‌ داخراوەکانی یەکێتیی ئەوروپادا

دەروازە: ڕاستییه‌كه‌ی، ئەستەمە تێگەییشتنێکی باشمان بۆ پەیوەندیی نێوان ئەوروپا و تورکیا ھەبێت، ئەگەر باش شاره‌زای مێژووی دەوڵەتی عوسمانی نەبین. ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بۆ چەند سەدە توانیی دەسەڵاتدارێتیی بەشێکی گرنگی ئەو کیشوەرە بکات؛ لەو سۆنگەیەوە، پەیوەندیی نێوان تورکیا و ئەوروپا لە ڕابردوودا، پەیوەندییەکی ناجێگیر و پڕ لە دوژمنکاری بووە. کاتێک ئیسلام داخڵ بە نیمچەدوورگەی لیبرییا دەبێت و، بۆ ماوەی ٧٠٠ ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە و، پاشان ڕێگه‌ دەکاتەوە بۆ چوونەناو ئەو سنوورانەی، ئێستا بە فەرەنسا دەناسرێت، لە ڕۆژھەڵاتیشەوە ساڵی ١٤٥٣ عوسمانییەکان دەست بەسەر شاری قوستەنتەنییەدا دەگرن، پاشان ناوچەی بەڵقان دەکەوێتە ژێر هێژموونیی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە و، لە چاخی شازدەدا لە ١٦٨٣دا دەتوانن مەجەر داگیر بکەن. پاشان، ئەوروپییەکان دەتوانن ئەو گەمارۆیەی کە عوسمانییەکان لەسەر ڤییەنا بۆ ماوەی دوو سه‌ده‌ دایاننابوو بیشکێنن و پاشەکشەیەک بە ھێژموونیی ئیمپراتۆرییەتەکەی عوسمانی بکەن. مەبەست لە خستنەڕووی ئەم مێژووە، پیشاندانی پەیوەندییەکی پڕ لە جەنگ و ترس و دڵەڕاوکێیە لە نێوان ھەندێک لە دەوڵەتە ئەوروپییەکان و ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، کە لە ئێستادا تورکیا وەک میراتگری دەردەکەوێت.

گرنگیی ھەڵکەوتەی تورکیا: گرنگیی تورکیا لەوەدایە کە دەکەوێتە ناوەندی ھەر سێ کیشوەری ئاسیا، ئەوروپا و ئەفریقاوە. ٩٧%ی وڵاتەکە دەکەوێتە ڕۆژاوای ئاسیاوە، کە لەنێویشیاندا ئانکارای پایتەخت دێت کە بە ئاسیای بچووک، یان ناوچەی ئەنادۆڵ ناسراوە. ئەو بەشه‌ی کە دەمێنێتەوە، دەکەوێتە باشووری ڕۆژھەڵاتی ئەوروپاوە، کە ئه‌ستەنبول لەخۆ دەگرێت. ئەمەیش وا لە داوود ئۆغلۆ دەکات کە تورکیا وەک "دڵی ئۆراسیا" بناسێنێت. لە بواری جیۆسیاسیشدا، تورکیا دەکەوێتە ناوەندی ئەو ناوچەیەی کە تیۆرییەکەی "ھالفۆرد ماکیندر"، بە "دڵی جیھان"ی دەناسێنێت. بە بارێکی دیکەیشدا، تورکیا وڵاتێکە لە سێ ئاراستەوە دەکەوێتە سەر دەریا، کە وای کردووە بتوانێت زیاتر بە ڕووی جیھاندا بکرێتەوە. دەریای ڕەش لە باکوور، دەریای ئیجە لە ڕۆژاوا و دەریای سپیی ناوەڕاست لە باشوورەوە، هەروەها ھێژموونیی بەسەر دوو ڕێرەوی گرنگی ئاویدا هه‌یه‌، کە لە ڕابردوودا وێستگەی ململانێی توندی نێوان ئیمپراتۆرییەت و زلھێزەکانی جیھان بووە.

ئه‌م ڕێڕه‌وانه‌ بریتین له‌ گەرووی بۆسفۆر لە باکوورەوە، کە دەریای ڕەش و دەریای مەرمەرە بەیەک دەگەیەنێت؛ ھەروەھا گەرووی دەردەنیل لە باشووری ڕۆژاواوە، کە دەریای مەرمەرە و دەریای سپیی ناوەڕاست بەیەک دەگەیەنێت. ھەڵکەوتەی جیۆستراتیژی و ڕۆڵی جیۆسیاسیی تورکیا و، بوونی سامانێکی سروشتی و گەشەکردنی ئابووری بەشێوەیەکی بەرچاو، ئەندامێتی لە دەیان ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی، گۆڕانکارییەکانی پاش جەنگی سارد و جەنگی عێراق و، دەرکەوتنی چەند ئه‌کتەرێکی ھەرێمیی بەھێزی وەک ئێران لە ناوچەکەدا و، ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوو دەدەن، وای لە تورکیا کردووە کە تەواوی وزەی سروشتی و مرۆییی خۆی بخاتە گەڕ بۆ گێڕانی ڕۆڵێکی کێبڕکێکار و پێشەنگ، لەسەر ئاستی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا.

تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا: یەکەم ھەوڵی تورکیا بۆ پەیوەندیکردن بە گرووپی ئەوروپییەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٩. ئەم داواکارییەی تورکیا، لەو کاتەدا نە بەتەواوی قبووڵ کرا و، نەیش بەتەواوی ڕەت کرایەوە. لەو سۆنگەیەوە لە ساڵی ١٩٦٣دا، ڕێککەوتننامەی ئانکارا واژوو کرا، کە وەک پەیماننامەی ھاوبەشیی نێوان تورکیا و  شەش دەوڵەتەکەی ئەو کاتی بازاڕی ئەوروپیی ھاوبەش، سەیر دەکرا و، لە ساڵی ١٩٦٤وە چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە و، لە ساڵی ١٩٧٣دا پرۆتۆکۆڵێکی زیادەی بۆ واژوو کرا. بە گوێرەی ماددەی ٢٣٧ لە پەیماننامەی ڕۆمای ساڵی ١٩٥٧، کە ڕێگه‌ بە داواکاریی ئەندامبوون لە کۆمەڵەی ئەوروپی دەدات، ھەر یەک لە دەوڵەتانی ئیسپانیا و پۆرتوگال لە ساڵی ١٩٨٦، بوونە ئەندامی کۆمەڵەی ئەوروپی. ئەمەیش وای لە تورکیا کرد، لە ساڵی ١٩٨٧دا بەفەرمی، داواکاریی بوون بە ئەندام پێشکەش بکات، بەڵام دەستەی کۆمیسیارانی ئەوروپی ڕایان گەیاند کە لە ئێستادا بە ھیچ جۆرێک لە بەرژەوەندیی کۆمەڵەی ئەوروپیدا نییە، بۆ بەئەندامبوون دانوستاندن لەگەڵ تورکیادا بکات، بە ھۆی ئەو گرفت و کێشە سیاسی و ئابوورییانەی کە تورکیا ھەیبوو. پاش ئەوەی پرۆتۆکۆڵی داراییی چوارەم بۆ یەکێتیی گومرگی پەسەند کرا و، ئەو یەکێتییە لە ساڵی ١٩٩٠دا گەییشتە قۆناغی کامڵبوون، مەرجەکانی بەئەندامبوون سەخت و دژوار بوون.

پاش گۆڕانکارییەکانی جەنگی سارد و دەرکەوتنی کۆمەڵەی ئەوروپی لە بەرگێکی نوێدا، یەکێتیی ئەوروپا، زیاتر ڕووی کردە دەوڵەتانی ناوەند و ڕۆژھەڵاتی ئەوروپی بۆ بەئەندامبوون لەو یەکێتییه‌دا؛ لەو ڕوانگەیەوه‌ کە ئەو دەوڵەتانە، لە تورکیا ئەوروپیترن. وەرگرتنی ١٠ دەوڵەتی ناوەڕاست و ڕۆژھەڵاتی ئەوروپا و، لەنێویشیاندا قوبرسی باشوور لە ساڵی ١٩٩٧، تا ڕادەیەک تورکیای نیگەران کرد و، گفتوگۆکان لە نێوانیاندا بەرەو ھەڵپەساردن چوون. بە شێوەیەکی گشتی، یەکێتیی ئەوروپا داوای لە تورکیا دەکرد کە سزای لەسێدارەدان ھەڵبگرێت، ئەوە بوو تورکیا لە ساڵی ٢٠٠١، یاسای بۆ ھەموار کرد، كه‌ بە ھیچ جۆرێک ئەشکەنجە لە زینداندا  نەمێنێت و، نەتەوەکانی دیکەی ناو تورکیا ئه‌و مافه‌یان هه‌بێت کە بە زمانی خۆیان تەعبیر لە بوونیان بکەن، لەگەڵ چەندین پێوەر لە بوارەکانی مافی مرۆڤ. لە لووتکەی ئەوروپی لە "نیس" لە ساڵی٢٠٠٠دا، دۆکیۆمێنتێک لە نێوان تورکیا و یەکێتییەکەدا واژوو کراوە، کە تیایدا ئەو ھەنگاوە کردەیییانە خراونەتە ڕوو، کە پێویستە تورکیا بۆ گەییشتن بە یەکێتیی ئەوروپا، جێبەجێیان بکات.

مێژووی پەیوەندیی تورکیا بە یەکێتیی ئەوروپاوە، پڕاوپڕە لە ھەڵکشان و داکشان و ناجۆریی لە پەیوەندیدا. بە نموونە لە ساڵی ٢٠٠٦دا، بە ھۆی ئامادەنەبوونی تورکیا بۆ کردنەوەی بەندەر و فڕۆکەخانەکانی لە بەردەم کەشتی و فڕۆکە قوبرسییەکان و، کێشەی ئەرمەن و، کێشەی کورد و چەند بابەتێکی دیکە، گفتوگۆکانی نێوانیان ھەڵپەسێردران. دواجاریش لە ٢٤ی ١١ی ٢٠١٦دا، پەرلەمانی ئەوروپا بڕیاری ڕاگرتنی گفتوگۆکانی لەگەڵ تورکیا دا و، ھەمان ڕۆژیش نەمسا بڕیاری قەدەغەکردنی ناردنی چەکی بۆ تورکیا دا؛ ئەمەیش پەرچەکرداری توندی ئه‌ردۆغانی بە دوای خۆیدا ھێنا.

پرسی بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا، بابەتێکە کە زۆرینەی خەڵکی تورکیا بە گوێرەی ڕاپرسییەکان، خۆشحاڵی خۆیانی بۆ دەردەبڕن. لە یەکێک لە ڕاپرسییەکاندا ئاماژە بەوە دەدرێت کە ڕێژەی ٧٥% لە ھاووڵاتیانی تورکیا لەگەڵ بەئەندامبوونی وڵاتەکەیانن لە یەکێتیی ئەوروپادا. ھەندێک لە توێژەران ھۆکاری ئەم ویستەی تورکیا دەگەڕێننەوە بۆ:

١ تورکەکان بە شێوەیەکی گشتی نایانەوێت خۆیان لە ئەوروپا دابڕێنن؛ بە ھۆی ھاوسنووریی ئەوروپاوه‌، کاریگەرن بەوەی کە لەناو ئەوروپادا دەگوزەرێت.

٢- تورکیا دەیەوێت لە ڕێگه‌ی بەئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا، پەرە بە بواری وەبەرھێنان، بازرگانی، تەکنەلۆژی و گەشەی ئابووری بدات .

٣- بەئەندامبوونی تورکیا، ڕێگه‌ دەکاتەوە بۆ توندوتۆڵکردنی پەیوەندیی سیاسی – دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی بەگشتی و، ئەو وڵاتانەی ئەندامی ناتۆ نین بەتایبەتی .

٤- تورکیا ئامانجیەتی کە لە ڕێگه‌ی بەئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەوروپا، لە "دەوڵەتی دەوروبەر"دا ببێتە "دەوڵەتی ناوەند".

٥- لە حاڵەتی بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپادا، دەبێتە دووەم گەورە دەوڵەت لە ڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە لە پاش ئەڵمانیا. ھەندێک ئاماری نوێ ئاماژە بەوە دەکەن، تورکیا لە حاڵەتی بەئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەوروپا، لە دەرفەتێکی کەمدا دەبێتە دەوڵەتی ژمارە یەکی ناو یەکێتیی ئەوروپا؛ بەو جۆرەیش زۆرترین ڕێژەی ئەندامی لەناو پەرلەمانی ئەوروپیدا دەبێت.

پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا :

پەیوەندیی تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا لە ڕووی ئابوورییەوە، بە سێ قۆناغی گرنگدا گوزەری کردووە :

قۆناغی یەکەم: لە ڕێککەوتننامەی ئانکارای ساڵی ١٩٦٤وە دەست پێ دەکات، تا سەرەتای ھەشتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو. لەم قۆناغەدا تورکیا، بە مەبەستی بووژاندنەوە و گەشەکردنی ئابووریی وڵاتەکەی، پشتی بە سیاسەتی ھاوردەکردن بەست، بەڵام دۆخێکی پێچەوانەی خوڵقاند، بەوەی کە تورکیا نەیدەتوانی لە نێوان پاراستنی پیشەسازیی ناوخۆیی و، پاراستنی بنەماکانی بازاڕی ئەوروپیی ھاوبەشدا لە ڕێگه‌ی سیاسەتی گومركییەوە، ھاوسەنگی ڕابگرێت.

قۆناغی دووەم: ئەم قۆناغە، ساڵانی ھەشتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردووی دەگرتە خۆ، کە تیایدا تورکیا لەگەڵ ئەوروپادا، ھەوڵی پرۆسەی تەواوکاری (تکاملی)ی دەدا، بازاری ھاوبەشی ئەوروپیش ڕووەو دەریای سپیی ناوەڕاست ئاراستەی دەگرت، دەوڵەتانی وەک ئیسپانیا، پۆرتوگال و یۆنان دەبوونە ئەندام و، تورکیایش داوای ئەندامێتیی تەواوی دەکرد .

قۆناغی سێیەم: ئەم قۆناغە، لە بەئەندامبوونی کاتیی  تورکیاوە لە ساڵی ١٩٩٥  دەست پێ دەکات، کاتێک دەبێتە ئەندامی یەکێتیی گومركیی ئەوروپی. تورکیا تەواوی ھەوڵەکان بۆ گونجاندن لەگەڵ ڕێساکانی یەکێتیی گومرگیدا دەخاتە گەڕ، بەڵام بۆ گەشەکردنی ئابوورییەکەی، تەواو لەم ئەندامبوونە سوودمەند نابێت.

تورکیا: دەوڵەتێکی سێکیۆلار و کۆمەڵگەیەکی ئیسلامی: یەکێک لە گرفتەکانی بەردەم تورکیا ئەوەیە کە، کۆمەڵگەی تورکی بەشێکی زۆری، پەیڕەوانی ئایینی ئیسلامه‌، وەک چۆن عەبدوڵڵا گیوڵی سەرۆکی پێشووی تورکیا ئاماژەی پێ دا: "ئەستەمە تورکیایەکی مسوڵمان، ڕێگەی پێ بدرێت ببێتە ئەندام لە یانەیەک، یان یەکێتییەکی ئەوروپیی مەسیحی. ھەندێک لە چاودێران ڕایان وایە، یەکێتیی ئەوروپا و دەوڵەتانی ئەندامی، نایانەوێت گرفتەکانی جیھانی ئیسلامی لە ڕێگه‌ی کۆمەڵگەیەکی مسوڵمانی وەک تورکیاوە، ببێتە گرفتی ئەوانیش .

 ڕاپرسییەک، ھاوشێوەی بریتانییەکان: پاش بێهیوابوونی تورکیا لە بەئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەوروپادا، ھەروەھا گوتەکانی ئەردۆغان، بەوەی کە جیھان تەنھا یەکێتیی ئەوروپا نییە، ئاماژەن بۆ ئه‌وه‌ی کە، بە مەبەستی دەنگدان لەسەر مانەوە لە گفتوگۆکردن بۆ بەئەندامبوونی تورکیا، یان کۆتاییھاتن بە گفتوگۆکان، بیر لە سازدانی ڕاپرسییەک لەنێو ھاووڵاتیانی تورکیا دەکەنەوە. ئەم گوتانە، پڕن لە نائۆمێدیی حکوومەتی تورکیا و، ئاماژەن بەوەی کە تورکیا چیی دیکە ئۆقرەی نییە لە بەردەم دەرگه‌ داخراوەکانی یەکێتیی ئەوروپادا، چاوەڕێ بکات.

تورکیا لە نێوان یەکێتیی ئەوروپا و ڕێکخراوی شانگھای بۆ ھاریکاری: لە ٢٠ی ١١ی ٢٠١٦دا، ئەردۆغان ڕای گەیاند کە تورکیا چیی دیکە گرنگی به‌وه‌ نادات ببێته‌ ئەندام و، دەیەوێت پەیوەندی بکات بە "گرووپی شانگھای بۆ ھاریکاری". ئەم گرووپە، یان ڕێکخراوە لە ساڵی ٢٠٠١ دامەزراوە و، ھەر یەک لە دەوڵەتانی چین، ڕووسیا، کازاخستان، قرقیزستان، تاجیکستان و ئۆزبەکستان لەخۆ دەگرێت. ئێستایش گفتوگۆ ھەیە بۆ بەئەندامبوونی ھندۆستان، پاکستان و ئێران. دەوڵەتانی ناو ئەم ڕێکخراوە، نیوەی دانیشتووانی جیھان پێک  دەھێنن و، بە یەکێک لە گرووپ و ڕێکخراوە جیھانییە ئابوورییەکان ئەژمار دەکرێت، کە ڕەنگە لە ئاییندەدا ببێتە گرووپ و ڕێکخراوێکی سەربازیی ھاوشێوەی ناتۆ. ھۆکارەکان زۆرن بۆ ئەوەی تورکیا پشت لە ئەوروپا بکات و، بە جۆرێک ڕوو بکاتە ڕێکخراوێکی گرنگ، کە ڕووسیا و چین تیایدا باڵادەستن. لە گرنگترین ئەو ھۆکارانەیش ئه‌مانه‌ن:

١- یەکێتیی ئەوروپا ئامادە نییە بەئه‌رێنی ڕوو بکاتە تورکیا و، دەرگه‌کانی بۆ بکاتەوە، بەتایبەتیش فەرەنسا و ئەڵمانیا لە بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپادا، ڕێگری جددی بوون.

٢- گرژییەکانی تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا لە ماوەی ڕابردوودا، ڕووی لە ھەڵکشان کردووە، بەتایبەت بە ھۆی کێشەی کورد و دەستوەردانی سەربازیی تورکیا لە سووریا و کێشەی پەنابەران .

٣- دابەزینی سیگناڵی ئابووریی تورکیا و، ھاریکارینەکردنی ئەوروپا لەو دۆخە ئابوورییە سەختانەی ڕووبەڕووی تورکیا بۆتەوە .

٤- پێویستیی تورکیا بە گازی سروشتیی ڕووسی، بەتایبەت زیاد لە نیوەی بەکارھێنانی پێداویستییەکانی تورکیا، لە لایەن ڕووسیاوە دابین دەکرێت .

٥- زیادبوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان چین و تورکیا، وەک ئه‌ردۆغان لە لووتکەی کاروباری بزنسی تورکی – چینی لە ٣٠-٦ ی٢٠١٦ ئاماژەی پێ دا، بەوەی کە چین ھاوبەشی بازرگانیی ژمارە یەکی تورکیایه‌ لە ڕۆژھەڵاتی دوور. لە ساڵی ٢٠٠٢، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان ٢ ملیار دۆلار بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤دا ئەم بڕە، ھەڵکشاوە بۆ ٢٨ ملیار دۆلار. ئەمەیش لە ڕووی ئابوورییەوە، پێویستیی تورکیا بە چین دەردەخات.

٦- بەشێک لە سیاسەتمەدارانی تورکیا، ڕایان وایە لە حاڵەتی بەئەندامبوونی تورکیایش لە یەکێتیی ئەوروپادا، وەک دەوڵەتێکی نامۆ و پاشكۆ سەیر دەکرێت. بەڵام ئەندامبوونی لە ڕێکخراوی شانگھایدا بەو جۆرە نابێت، چونکە ڕێکخراوێکە لە ڕووی کەلتوور و ناوچەیییەوە، تورکیا بەئاسانی دەتوانێت لەگەڵیدا بگونجێت. لە ڕووی ھێزیشەوە، تورکیا دەوڵەتێکی ھاوشانیان دەبێت، نەک پاشکۆ و گوێڕایەڵیان.

ھەڵوێستی ئەمریکا لە بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا: درککردنی ئەمریکا بە ڕۆڵی گرنگیی تورکیا لە گۆڕانکارییەکانی سیسته‌می نوێی جیھان و، ڕۆڵی نوێی ھەرێمایەتیی تورکیا، لە پێشینەی ئەو ھۆکارانەن کە ئەمریکا پشتگیریی بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپادا بكات. گرنگیی وەزیفەی ستراتیژیی سەربازی – ئەمنیی تورکیا لە ناتۆ و، ئەم ڕۆڵە لە ناوچەکەدا، ھۆکارن بۆ پشتگیریی ئەمریکا لە بەئەندامبوونی تورکیا. خاڵێکی دیکەی ھۆکاری پشتگیریی ئەمریکا بۆ تورکیا لەم دۆسیەیه‌دا، بریتی بووە لە دڵەڕاوکێی ئەمریکا سەبارەت بە ئاییندەی تورکیا، چونکە ئەمریکا ڕای وایە، وەرنەگرتنی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپادا، ھەنگاوەکانی تورکیا بۆ ڕۆییشتن بەرەو ڕووسیا و چین و، گۆڕینی ئەندازەی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە، خێراتر دەکات.

یەکێتیی ئەوروپا: کێشەی کورد لە تورکیا: وێڕای ئەوەی یەکێتیی ئەوروپا، ھەڵوێستی ڕوونی بەرامبەر خەباتی چەکداریی کوردانی باکوور ھەیە و، لەمەدا کەوتۆتە ژێر ھێژموونیی تورکیاوە، بەڵام مامەڵەی ناتەواوی تورکیا بۆ چارەسەری دیموکراسی، مافی کەلتووری و مەدەنیی کەمەنەتەوەکان و، لە نێویشیاندا کورد، ھۆکاری بێزاربوونی ئەوروپا بووە لە پابەندنەبوونی تورکیا بە پێوەرە دیموکراسی، مەدەنی و ژیاریییەکانه‌وه‌. کێشەی کورد، چەند لە باکوور، ڕێگر بێت بۆ بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا، بە ھەمان ئەندازەیش کارتێک بووە بۆ ئاسانکاریی بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپادا، ئەگەر تورکیا بیتوانییایە بەباشی مامەڵەی لەگەڵدا بکات. یەکێتیی ئەوروپا، ئامانجدارە لە چارەسەری گرفتی کورد لە تورکیا و، بە شێوەیەکی زۆر ئاشکرا، تورکیایەکی ناوێت کە ئەندامی بێت و، تا ئێستا نەیتوانیبێت چارەسەری گرفتی کورد بکات؛ وێڕای ئەوەی یەکێتیی ئەوروپا بە ئاراستەی جیاکردنەوەی کێشەی کورد و بابەتی پارتی کرێکارانی کوردستان، کاری کردووە، بە جۆرێک كه‌ ھەوڵی داوە گرفتی تێگەییشتنی دنیای ڕۆژاوا بۆ پەکەکە، نەکاتە ئاوێزانی دۆزی کورد لە تورکیا. یەکێتیی ئەوروپا لە ڕێگەی ھاندانی تورکیاوه‌، بۆ زیاتر بەدیموکراسیبوون و ڕێزگرتنی بنەماکانی مافی مرۆڤ و بەمەدەنیکردنی سیسته‌می حوکمڕانی، کاری بۆ چارەسەری کێشەی کورد کردووه.

دەرئەنجام : ھەوڵی تورکیا بۆ بەئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا، ھەوڵێکی سی ساڵەیییە. ئەڵمانیا و فەرەنسا لەگەڵ ھاوبەشییەکی باشن لە نێوان یەکێتیی ئەوروپا و تورکیادا. ئەمریکا پشتگیری بەئەندامبوونە. کورد، لە ئەندامبوونی تورکیا سوودمەندی سەرەکی دەبێت، چونکە تورکیا لە ڕێگەی سی و پێنج بەند، کە پێویستە پەسەندی بکات، لە ڕووی دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ، کرانەوە، دیالۆگ، بەرپاکردنی ئاشتی و بونیاتنانی دامەزراوەی نیشتمانی، پراکتیزەکردنی مافی کەلتووری و سیاسی و مەدەنییانەی کورد، گۆڕانکاریی جەوھەریی بەسەردا دێت. دۆخی ئێستای پەیوەندیی نێوان ئەم یەکێتییە و تورکیا و، ئاوەڵانەکردنی دەرگه‌کان، تورکیا تووشی بڕیاری قورس و دژوار دەکات. ڕەنگە دۆخێک بێتە ئاراوە، تورکیا زیاتر ڕوو له‌ چین و ڕووسیا بکات، وەک لە ڕۆژاوا. ئەمەیش دەبێتە ھۆی سازبوونی گۆڕانکاریی نوێ لە بونیادی سیسته‌می ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا، کە کۆمەڵێک گۆڕاو و پێدراوی نوێ دەخوڵقێنێت.

  سەرچاوەکان:

1-- داود اوغلو ، العمق الاستراتيجي : موقع تركيا ودورها في الساحة الدولية ، ترجمة: محمد جابر ثلجى و طارق عبدالجليل،دار العربية للعلوم ناشرون-  الدوحة –قطر  2011.

2-عزمي بشارة ، ملف تركيا والعرب... تحديات الحاضر ورهانات المستقبل ، المركزالعربي للابحاث والدراسات ، الدوحة ،2011

3- ابراهيم ابراش، تركيا مابين الاتحاد الاوروبي الممتنع ومنظمة شانغهاي المرحبة ، http://annabaa.org/arabic/authorsarticles/8814

4- مولاى علي امغاري، ان العالم ليس الاتحاد الاوروبي، http://www.turkpress.co/node/26460

5- علي حسين باكير واخرون ، تركيا بين تحديات الداخل ورهانات الخارج ، بيروت ،2010

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples