پێشوتار:
زمان و ناسنامه (شوناس) لە ڕوانگەی پەیوەندیی تاک و کۆمەڵایەتییەوە، دوو چەمکی جیانەکراوەن سەبارەت بە دامەزراندنی بنەمای کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. زمان وەکوو کاکڵەی سەرەکیی کەلتوور و ڕەگەزی کاریگەر لە پێدانی ڕەواڵەت بە ناسنامه، بووەتە جێگهی سەرنج و بایەخی بیرمەندان و شارەزایانی ئەم بوارە. ڕاستییهكهی، زمان ئامرازی بنچینەیییە بۆ تێگەیشتنی ڕەفتاری مرۆڤ و، هەر لەم ڕێگەوە دەتوانرێت هەست بەوە بکرێت کە مرۆڤ چۆن سەیری ڕووداوەکانی دەوروبەری دهكات و شرۆڤەی بۆ دەکات. لە لایەکی ترهوە، هەروەکوو زمان، ناسنامه لە چوارچێوەی تاک، کۆمەڵگە، نیشتمان و ئاییندا، کە یەکێکە لە گرنگترین ڕەگەزە سەرەکییەکانی زانستی کۆمەڵایەتیی، بووەتە جێگهی بایەخی بیرمەندان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم بوارە.
مەبەستمانە لەم وتارەدا ئاماژە بە گرنگیی زمان، كاریگەرییەکانی لەسەر ناسنامهی مرۆڤ و پەیوەندیی زمان و ناسنامه بکەین.
زمان:
زمان ڕەنگدانەوەی ئەزموونی هاوبەشی نەتەوەیە و ڕۆڵێکی گرنگی لە گواستنەوەی ناسنامهی نیشتمانی بۆ نەوەکانی خۆی هەیە. مرۆڤناسان بە توێکاری بۆ زمان لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا، دەتوانن لە کەلتووری نەتەوەکان، شێوازی بیرکردنەوە و تێڕوانینیان بۆ جیهان، زانیاریی زیاتر بەدەست بهێنن و شیکاری و بڕیاری گونجاو سەبارەت بەو کۆمەڵگەیە دەربکەن، چونکە زمان بنەما و بنچینەی ڕۆحی نیشتمانە و لە بەربڵاوترین ڕەگەزی هاوبەشی ناسنامەیه، کە دەکرێت تا ڕادەیەکی زۆر بیرۆکە و بەهاکان و باوەڕی هاوبەش لە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و گواستنەوەی ئەم بابەتانە لە جێگەیەکەوە بۆ جێگەیەکی تر بگوازرێتەوە و پەیوەندیی هەر لقێك لە زانست، بەتایبەت زانستی كۆمەڵایەتی، لە ڕێگهی زمانەوە دێنە دەربڕین، واتە زانست لە ڕێگهی زمانەوە واتای پێ دەبەخشرێت. ئەم شرۆڤەیە تا ڕادەیەک لە هەموو ئاستەكاندا ڕەنگ دەداتەوە و، هەموو بوارەكانی ژیانی مرۆڤ دەتوانێت ناسنامه دروست بکات. لە نێوان ڕەگەزەکانی ناسنامهی نیشتمانیدا، زمان پلەی یەکەمی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی هەیە و لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی زمان، کاریگەربوونیهتی لەسەر دروستکردنی یەکگرتوویی و کەسایەتیی نەتەوەیی. بۆیە زمانی هاوبەش لە دامەزراندن و سەقامگیری و بەردەوامیی ژیانی دەوڵەت – نەتەوەدا گرنگیی تایبەتیی هەیە.
"مازینی" ڕۆڵی سەرەکیی زمان لە گەشەکردنی ناسنامهی سیاسیدا بە گرنگ دەزانێت و، باوەری وایە زمان بەردەوام ڕۆڵی کاریگەری لە داڕشتن و بەیانی ناسنامهی سیاسیی تاکی کۆمەڵگەدا هەبووە و، بەردەوام ڕێژەی وەفادارییان بۆ نیشتمان بەبیر دێنێتەوە. بەبێ هیچ گومانێك، هەوێنی هەر كۆمەڵگهیە بەگشتی و، هەر نەتەوەیە بەتایبەتی، زمانە. بۆیە دەبێت ئازادیی ئاخافتن، خوێندن، نووسین و پەروەردە، چاپەمەنی، میدیا و ڕاگەیاندن لە ئاستی پێویستدا هەبێت، تا هەموو ڕههەندەكانی زمان گەشە بكهن و بە شێوازی نوێ و زانستی هەوڵیان بۆ بدرێت و، لە پرسی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا جێگەی خۆی بكاتەوە.
پەیوەندیی زمان و ناسنامه:
بابەتی ناسنامه و زمان دوو چەمک لە بنەماکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتین و تا ئەو جێگەیە گرنگن، کە زۆرێک لە کۆمەڵناس و شرۆڤەکارانی زانستی کۆمەڵایەتی، باوەریان وایە کە نەتەوەکان لەدایکبووی دەورانی ژیانی خۆیان نین، بەڵکوو بەرهەمی نوێگەریی باوەڕە کۆنەکانن و لە داب و نەریت، مێژوو، زمان، ئایین و خاک کاریگەری وەردەگرن. لەم ڕەوانگەوە، ناسنامه بریتییە لە هەستی تاک کە لە کۆمەڵگەدا پێ دەگات و پاشان بە پشتبەستن بە جیاوازی و هاوبەشەکانی لەگەڵ کەسان و گرووپەکانی تردا، بە هەستی ناسنامهی سەربەخۆییی خۆی دەگات. ڕاستییهكهی ناسنامه وڵامدانەوەی هەستیارانەی تاکە بە کۆمەڵێک پرسیار سەبارەت بە ڕابردووی خۆی؛ وەکوو ئەوەی کە ئەو کێیە و لە کوێ بووە و لە چ نەتەوە و نهژادێکە و، لە شارستانییەتی جیهانیدا چ ڕۆڵێکی هەیە؟ مەبەستیش لە ڕابردوو، ڕابردوویەکە کە ئێستایش بوونی هەیە و لەگەڵیدا دەژیت و کەسایەتیی دروست دەکات و پشتی پێ دەبەسترێت و، مرۆڤ لە کاتی لەدەستدان، یان لاوازبوونی ئەم مانایە بە هەر هۆیەکەوە، دووچاری قەیرانی ناسنامه دەبێتەوە.
"ئێریکسۆن" باوەری وایە ناسنامه یاریدەدەری تاکە، تاوەکوو خۆی و جێگهی خۆی لە جیهانی بەربڵاودا بدۆزێتەوە و، جێگهی سەرەکیی ناسنامه بە شێوەیەکە، ئەگەر چەمکی ناسنامه لە بیروباوەڕ و هزری مرۆڤدا لاواز بێت، ئەو کاتە مرۆڤ له ئاست هیچ شتێک وەفادار نامینێت. بۆیە ئەرکی هەر حكوومەتێکی نیشتمانپەروەر، بەتایبەت حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە چۆن سنوورەكان دەپارێزێت، بە شێواز و ڕێگەی جۆراوجۆر، وەكوو پەروەردەی مناڵان لە قوتابخانە و زانكۆ بە زمانی کوردی، ڕاگەیاندنی گشتی و میدیایی و کاری ئاكادیمیك، زمانی نیشتمانیش بپارێزێت. بۆ ئەنجامی ئەم ئەرکە نیشتمانییە، پێویستە کەڵک لە كەسایەتییە زانستییەكان و ڕێكخراوی تایبەت و پسپۆڕ وەرگیرێت. بەپێچەوانەوە بە هۆی کەمتەرخەمیی حکوومەتەوە، هێدی هێدی زمانی کوردی لەناو كۆمەڵگەدا دەتوێتەوە. هەرچەندە پەیوەندیی بەهێز لە نێوان ناسنامه و زمان، هەر لەمێژدا لە کوردستان بەدی دەکرێت، بەڵام پەیوەندیی ڕاستەقینەی بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە کە ڕۆڵی زمانی کوردی لە کۆمەڵگەدا بەرجەستەتر بوو. هەندێ بیرمەندی کورد لەسەر ئەو باوەڕەن کە تەنیا یەک ناسنامهی کوردی بوونی هەیە کە لەسەر بنەمای مێژوو، زمان، نیشتمان و داب و نەریتی هاوبەشە و بە دوای دۆزینەوەی ڕاڤە و پێناسەی ئەم ناسنامە هاوبەشەیەوەن. لە بەرامبەردا، هەندێکی دیکە باس لە چەند ناسنامهیی، یان ناسنامە جۆراوجۆرەکانی کوردی دەکەن کە بە درێژاییی مێژوو گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و، دروست یان تێکەڵ بە ناسنامەکانی دیکە بووە. ئەگەر سەرنجێک له مێژوو بدەین، دەبینین کە لە ئەوروپای سەدەی بیستەمیشدا پەیوەندیی بەهێز لە نێوان ناسنامه و زماندا بەدی دەکرێت و، زمان وەکوو ئامراز و هۆکارێک، ڕۆڵی گرنگی لە سەربەخۆییی نەتەوەکانیاندا هەبووە. بە وتەی "گابینز" ئەم شێوەیە لە ناسنامه، بۆ مەشروعییەتی سیاسی لە وڵاتدا پێویستە.
ئەگەر هەستی تاک نسبەت بە ناسنامه، بەهێز نەبێت، لە ڕۆڵ و ئەرکی تاکدا تێکەڵبوونێک دروست دەبێت و هەست بە بێناسنامهیی، بێئامانجی و هەڵوێستی دژ بە کۆمەڵگە لە نێوانیاندا پەیدا دەبێت. بەتایبەت پرس و گرفتی سەرەکی سەبارەت بە ناسنامه لە قۆناغی لاویدا لە نێوان مرۆڤەکاندا بەدیار دەکەوێت. چونکە منداڵ وەکوو تاک لەدایک دەبێت نەوەکوو کەسێتییەک، بۆ ئەوەی ئەم تاکە ببێتە کەسێک، دەبێت زمان و هزر و ئامانج و بەهاکان لە دەوروبەری خۆی وەربگرێت. لە ڕوانگەیەکی ترەوە زمان و کاریگەریی لە ڕاگرتنی یەکپارچەییی ناسنامهی نیشتمانیدا، بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوودا زۆر گرنگە، چونکە لە توێکاری بۆ ناسنامهی هەر تاکێکی کورد، بەدیار دەکەوێت کە ئەم ناسنامەیه هەڵگری چەند بەش، تایبەتمەندی و ڕەگەزە، کە بەوانەوە دەناسرێتەوە وەکوو ئاڵا، سروودی نیشتمانی، زمانی کوردی، جەژنی نەورۆز و... کە پێناسەی نەتەوە و نیشتمانێک بە ناوی کورد و کوردستان دەکەن، بەڵام بەداخەوە تاوەکوو ئێستا بە هۆی داگیرکارییەوە لە لایەن وڵاتانی داگیرکەرەوە وەکوو پێویست، کاریگەریی لەسەر داهاتووی گەلی کورد نەبووە، چونکە ئەگەر وڵاتێکی داگیرکەر، فێربوون و بەکارهێنان بە زمانی نەتەوەیەکی ژێردەست نایاسایی و قەدەغە دەکات، لە ڕاستیدا زمان و کهلتوور و بەشێک لە ناسنامهی ئەو نەتەوەیە لەنێو دەچێت و لە ئاکامدا خودی ئەو نەتەوەیه لەنێو دەبات، ڕەنگە ئەم نەتەوە ژێردەستە بە شێوەی جەستەیی لەنێو نەچێت، بەڵام ئەوان، ئێتر خۆیان نین و گۆڕاون بۆ کەسانێکی نامۆ و، زمان و کهلتوورێک بەسەریاندا داسەپاوە کە هێچ پیرۆزییەکی لای ئەوان نییە.
لە ڕوانگەی بیرۆکەی "دیکشیت" ڕۆحی نیشتمانیی هەر نەتەوەیەك، هۆکاری دروستبوونی یەکپارچەیی و یەکڕیزییە لە نێوانیاندا. بە نسبەت هەموو گەلانی دنیاوە، بەتایبەت گەلی کوردەوە، دروستکردنی هەر ناسنامهیهک بە مانای سنوورە و، کەسی بیانی ناتوانێت دەستدرێژیی بکاتە سەر. بۆیە ناسنامهیهک کە نەتەوەیەك لەخۆ دەگرێت و کۆیان دەکاتەوە ناسنامهی نیشتمانییە و هەستی تاکە بۆ خاک و دەوڵەت- نەتەوە و هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە، تەنیا یەک ناسنامهی نیشتمانییان هەیە و، ئەم ناسنامهیه بە دوایین قۆناغی بەدەستهێنانی ناسنامه دەزانرێت و باوەڕ وایە تاکهكان لە ڕێگەی قوتابخانە، بنەماڵە، ڕاگەیاندن و... بەم ناسنامهیه دەگەن. ناسنامه و زمان و نیشتمان کاریگەرییان لەسەر یەکدی هەیە، لە لایەکەوە ناسنامهی نیشتمانی، زیاتر لەسەر بنەمای زمانی نیشتمانی دروست دەبێت و، لە لایەکی ترەوە زمانی نیشتمانی، لەژێر ئاسەواری ناسنامهی نیشتمانیدا گەشە و جێگیر دەبێت. پاراستنی ناسنامهی نیشتمانی، بەناچار پێویستیی بە یەکپارچەییی فەرهەنگی و زمان هەیە و، پشتگوێخستن و دوورکەوتنەوە لەم بوارە، مەترسییە بۆ سەر یەکپارچەیی و یەکڕیزیی نەتەوەکان. لە ڕابردوودا بینیمان کە چۆن نەتەوە باڵادەستەكان، چ ڕەوشێكی نادادپەروەرانەیان بۆ گەلی كورد خوڵقاند و، چۆن دەیانەوێ نەتەوەی كورد لە ڕێگەی پاكتاوی زمانییەوە بێناسنامه بکەن. بۆیە، ئەرکێکی نیشتمانییە کە هەر تاکێکی کورد کە دەیەوێت توانا و بەرهەمەکانی بە دنیا بناسێنێت، لە ڕێگەی زمانی کوردییەوە ئەم کارە ئەنجام بدات. هەروەها لە بیرۆکەی نوێی ئەمڕۆدا، زانینی زمانی نیشتمانی، وەکوو پێوەری هاووڵاتیبوونە، کە ماوەیەکە وەکوو ئامرازێکی سیاسی لە لایەن هەندێ لە وڵاتانەوە بەکار دەبردرێت. وەکوو وڵاتی ئەڵمانیا، چۆن مەرجی زمان بەسەر پەنابەراندا دەسەپێنێت، یان سیاسەتی دەوڵەتی فەرهنسا لە دەورانی ژاک شیراک، سەرۆککۆماری ئەو کاتەی فەرهنسا، کە مافی هاووڵاتیی فەرهنسای نەدەدا بەو کەسانەی زمانی فەرەنسی فێر نەدەبوون. چونکە پێیان وابوو کە قسەنەکردن بە زمانی فەرانسا، وەکوو زمانی نیشتمانیی ئەو وڵاتە، بە مانای ڕەتكردنهوهی ناسنامهی نیشتمانیی فەرهنسایە.
جگە لەم خاڵە گرنگانەی سەرەوە سەبارەت بە ڕۆڵی زمان، لە ژیانی سیاسیی ئەمڕۆدا زۆرێک لە وڵاتان بۆ داگیرکردنی کۆمەڵگەکانی تر لە ڕێگەی زمانەوە لە پێشبڕکێدان، لە کاتێکدا هێزێک کە زمان هەیەتی، هێزی نەتەوەیە، نەك هێزی خودی زمان، چونکە هێزی زمان لە نەتەوە وەرگیراوە؛ بۆیە مەترسیی ئەوە دەکرێت هەنگاوی داهاتووی داگیرکەران، لەنێوبردنی نەتەوەکان لە ڕێگەی زمانەوە بێت. بە نسبەت زمانی کوردییەوە، کە بە سەر چەند دەوڵەتدا دابەش كراوە، نە تەنیا پشتیوانی لە زمان و كهلتووری كوردی ناكەن و، بە بەشێك لە ناسنامه و سامانی نەتەوەی خۆیان نازانرێت تا بۆ پەروردە و گەشە سەندنی پرۆژەیان هەبێت؛ بەڵكوو بە شێوازگەلێكی بەردەوام و سیستهماتیک، خەریكی لەناوبردنی ئەم زمانەن. بۆیە زمانی كوردی لە هەموو ڕەهەندێکەوە تووشی قەیران بووەتەوە: لە قەدەغەبوونی ئاخافتن، خوێندن و نووسین تا سووكایەتیپێكردن. لە لایەكی ترەوە، تاکی كورد بە هۆی نەبوونی سیستهمی پەروەردەی پێشکەوتوو و زمانێکی نیشتمانیی یەکگرتوو، زۆربەی خەڵكی ئاسایی لە یەك تێ ناگەن و، بە هۆی ئەوەی كە بە زمانی بێگانە پەروەردە و ڕاهێنان دەبینن، هەر بۆیە بە زمانی نەتەوەی بیانی، باشتر پێوەندی دەگرن. ڕاستە کە دەڵێن ئەگەر نەتەوەیەك حوکمڕانیی خۆی نەکات، هێدی هێدی زمانی خۆی لەدەست دەدات. بەپێی ئەم بارودۆخە، زمانی كوردی لە مەترسیدایە، بۆیە پێویستە بۆ چارەسەركردنی، هەوڵی ڕاستەقینە بدرێت. دیارە ئەم ئەرکە گرنگە، بەبێ هاریكاریی هەموو چین و توێژەكانی کۆمەڵگە و ڕاكێشانی سەرنجی ڕای گشتی، ناكرێت.
دەرەنجام:
هەر مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر، زمانی نەتەوەی خۆی خۆش دەوێت و شانازیی پێوە دەكات. ئەم دیاردەیە لەنێو زۆربەی نەتەوەكاندا بەڕوونی بەدیار دەکەوێت، بەڵام لە نێو هەندێک لە نەتەوە بندەستەكاندا بە هۆی داگیرکەرییەوە، ئەم خۆشەویستییە لاواز بووە و گەلانی بندەستی دووچاری جۆرێک لە نەخۆشیی بێباوەڕی بە زمان و کهلتووری نەتەوەی خۆیان کردۆتەوە. بە نسبەت زمانی کوردییەوە، لە پارچەکانی تری کوردستاندا بە هۆی ئەو بەربەستانەی کە لە لایەن داگیرکەرانەوە بۆی دروست کراوە، دەرفەتی ئەوەی بۆ نەڕەخساوە کە بەگوێرەی پێویست گەشە بکات و ڕۆڵی بەرچاوی لە ناسنامهی گەلی کوردا هەبێت. بەڵام لە باشووری کوردستان پاش ئەو هەموو ساڵە لە ڕزگاری و سەربەخۆیی، هێشتا زمانی کوردی لەژێر مۆتەکەی زمان و کهلتووری عەرەبی ڕزگاریی نەبووە و، ئەو کەسانەی کە پەروەردە و بەرهەمی سیستهمی کۆنی حکومڕانیی پێشووی عێراقن، بەشانازییەوە بەرهەمەکانی خۆیان بە عەرەبی بڵاو دەکەنەوە و، شەرم دەکەن بە زمانی کوردی بنووسن و، پێوەری ڕۆشنبیرییان زمان و کهلتووری عەرەبییە. لە کاتێکدا لە بەرهەمی ناسنامهی هەر نەتەوەیەك، ڕاگەیاندن و بەرهەمە چاپکراوەکانیانە کە لە ڕێگەی زمانی نیشتمانییەوە بڵاو دەکرێنەوە و، لەنێوچوونی زمان و کهلتووری هەر نەتەوەیەك تا ئەو کاتەی بەردەوامە، کە لە ڕوانگەی زمان و کهلتوورەوە خاوەنی بەرهەمی خۆی نەبێت.
لە باشووری کورستان، بەداخەوە ئەم بابەتە بۆتە ئێپیدێمیی دەروونی و هەرەسی كەسایەتییەكان، كە بە شێوەی گشتگیر داوێنی زۆربەی ناوەندەکانی خوێندن و كۆمەڵگەی گرتۆتەوە و لەنێو زۆربەی خەڵكی ئاساییشدا خۆی نيشان دەدات. ئەم ڕەخنەیە، دەکرێت ئاراستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، بەتایبەت لە پرۆگرامی پرۆسەی خوێندن و سیستەمی پەروەردەی هەرێم بکرێت؛ کە پاش ئەم هەموو ساڵە لە حوکمڕانیی کوردی، هێشتا نەوەی نوێ، بە زمانی نیشتمانیی خۆی نامۆیە. وەکوو چۆن "ڕاسڵ" دەڵێت: "مرۆڤەکان نەزان لەدایک دەبن، ئەوە پەروەردەی سەقەتە، کە ئەوان نادان دەکات." زۆرێک لە بیرمەندانی ئەم بوارە باوەریان وایە کە پێکهێنانی مرۆڤ لە ڕێگەی زمانەوە، زۆر زیاترە لە پەیدابوونی زمان بە دەستی مرۆڤ. بۆیە لۆژیک نییە کەسێک خۆی بە کورد بزانێت و زمانی کوردی، وەکوو زمانی نیشتمانی، لە بەرژەوەندیی زمانێکی بیانیدا پشتگۆی بخات، لە کاتێکدا زمان ڕەنگدانەوەی ئەزموونی هاوبەشی نەتەوەیە و ڕۆڵێکی گرنگی لە گواستنەوەی ناسنامهی نیشتمانی بۆ نەوەکانی داهاتوو هەیە، بەڵام زمانی کوردی وەکوو زمانی نەتەوەیی، لە ناسنامهی نیشتمانی و یەکڕیزیی باشووردا، ڕۆڵی ئەوتۆی نەبینیوە، لە کاتێکدا گرنگیی زمان لە ناساندنی کهلتووری نەتەوەییدا تا ئەو ڕادەیەیه کە لەم ڕێگەوە دەکرێت ئەو نەتەوە بناسرێت.
پێویستە ئەو كەسانەی لە باشووری کوردستان باوەڕیان بە زمانی كوردی نییە، لە ڕوانگەیەكی ڕەخنەگرانەوە سەیری ڕابردووی خۆیان و زمانی کوردی بکەن و، هەوڵی ئەوە بدەن لە زمانی نەتەوەکەیان و ڕابردوو و مێژووی خۆیان تێ بگەن و كۆتایی بەو بێباوەڕییە بێنن، کە نسبەت بە زمانی کوردی لە لایان دروست بووە.