سەنتەرەکانى بیرکردنەوە و قەیرانی دروستکردنی بڕیار

پێشەکی:

وەک سەرەتایەک، پێویستە ئەوە بڵێین پرۆسەی سیاسی ئەگەر لەسەر بنەمایەکی تەندروست بەڕێوە بچێت، ئەوا پێویستە پرۆسەیەکی فرەڕەهەند بێت و، چەندین دەزگه‌ و دامەزراوەى بۆ بخرێتە کار. یەکێک لە کۆلەکە سەرەکییەکانى پرۆسەی سیاسیش بریتییە لە پرۆسەى دروستکردنی بڕیار. هەروەها لەگەڵ فراوانبوونی دامەزراوەکانى توێژینەوە و ڕاوێژکاری، کۆمەڵێک ناوەند دروست بوونە، کە کاریگەرییەکی زۆریان بەسەر کۆی پرۆسەى سیاسییەوە هەیە. وەک ڕوونکردنەوەیەکی زیاتر بۆ ئەو پەیوەندییەی لە نێوان سەنتەرەکانی بیرکردنەوە و پرۆسەی دروستکردنی بڕیار هەیە، دەبێت ئێمە لە سەرەتادا سەنتەرەکانى بیرکردنەوە بە شێوەیەکی زانستی بناسێنین و، کاریگەریی گەورەیان لە پرۆسەی سیاسیی وڵاتە پێشکەوتووەکاندا دەربخەین. دواتر هەوڵ دەدەین بەکورتی باس لە پرۆسەی دروستکردنی بڕیار بکەین. هەروەها تیشک دەخەینە سەر کاریگەریی قەیرانەکانى بڕیاری نادروست. لە پاشاندا ئاماژە بەو بۆشایییە دەکەین کە ئەو سەنتەرانە لە پرۆسەی دروستکردنی بڕیار لە هەرێمی کوردستان، دروستیان کردووە. چونکە ئێستا هەرێمی کوردستان، وەک یەکەیەکی سیاسی و یاساییی ناسێنراوە و، خاوەنی هەموو ئەو دامەزراوانەیە کە دەوڵەتێکی مۆدێرن پێویستە بۆ ڕاییکردنی کاروبارەکانى هەیبێت، چ لە ئاستی ناوخۆیی و، چ لە ئاستی دەرەوە. لە لایەکی دیکەوە، ئێستا هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی سیاسی و یاسایی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، بە هەستیارترین قۆناغی خۆیدا تێ دەپەڕێت. بچووکترین هەڵە لەسەر ئاستی بڕیاردان، گەورەترین دەرەنجامی خراپی لێ دەکەوێتەوە. کەواتە کاراکردنی ڕۆڵی ئەو سەنتەرانە، پێویستییەکی هەنووکەیییە.

 

 

سەنتەرەکانى بیرکردنەوە

بێ گومان ئێمە چەمکی سەنتەرەکانى بیرکردنەوە، بەرامبەر بە چەمکی (Think Tank) ی ئینگلیزی بەکار دەهێنین. ئەگەر لە ڕووی زمانەوانییەوە لێی بڕوانین، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە هەندێ نووسەر بە "بانکی هزر" و، هەندێکی دیکە بە سەنتەرەکانی توێژینەوە و دیراسات ناوی دەبەن. بەڵام پێشتر لە چلەکانى سەدەى ڕابردوو، بە "سندووقی مێشکی دەوڵەت" ناسرابوو. یەکەمین جار ئەو زاراوەیە لە پەنجاکانى سەدەی ڕابردوو بەکار هات؛ ئەو کات ئاماژەیەک بوو بۆ دامەزراوەی "ڕاند"، کە یارمەتیی هێزی چەکدارى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاى دابوو. لەگەڵ ئەوەیشدا ئێستا ئەو سەنتەرانە، هەندێک ناو لە خۆیان دەنێن، بۆ نموونە "دامەزراوە"، "پەیمانگه‌" و "سندووقی هزر".

تا ئێستا پێناسەیەکی گشتگیر و یەکگرتوو بۆ سەنتەرەکانی بیرکردنەوە نییە، کە هەموو لایەک لەسەری ڕێک کەوتبن. ئەستەمە لە چوارچێوەى پێناسەیەکدا قەتیسیان بکەین، چونکە زۆربەى سەنتەرەکانى هزر، خۆیان بەو شێوەیە ناناسێنن. بەڵام سەرەڕاى ئەو ئاستەنگییەیش لە پێناسەکردنی، هەندێ هەوڵ بۆ ناساندنی له‌ ئارادایه‌، کە ئێمە لێرەدا ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین. لە ئینسکلۆپیدیا زمانەوانییەکان بەو شێوەیە پێناسە کراوە: "بریتییە لە هەر ڕێکخراو، یان دامەزراوەیەک کە بانگەشەی ئەوە بکات سەنتەری لێکۆڵینەوە و دراساتە، یان سەنتەری شیکردنەوەی پرسە گشتی و گرنگەکانە". لە لایەکی دیکەوە، لە هەندێ سەرچاوەى دیکە، وا پێناسە کراوە كه‌ "هەر ڕێکخراوێکە، کە ده‌ست بە چالاکیی لێکۆڵینەوەی سیاسی لەژێر چەتری هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی گشتی و، پێشکەشکردنی ئامۆژگارى بۆ دروستکردنی بڕیار بكات".

سەنتەرەکانى بیرکردنەوە، چەند جۆرێکن و، چەند پێوەرێک هەیە بۆ پۆڵینکردنیان، بۆ نموونە لە ڕووی سەربەخۆیییان هەندێکیان حکوومین، هەندێکی ناحکوومی و هەندێکیشی سەر بە زانکۆکانن. هەروەها لە ڕووی ئەو بوارەى کاری تێدا دەکەن بە هەمان شێوە دابەشی سەر جۆرێک دەبن، هەیانە هەموو کارەکانى خۆی لە خوێندنەوەی ژینگەى دەرەوەی دەوڵەت چڕ دەکاتەوە، بۆ ئەوەی ڕێرەوێکی تەندروست بۆ سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەت بدۆزێتەوە. هەروەها هەیانە تەنیا لە ڕووی ئابوورییەوە لێکۆڵینەوە دەکات، بۆ ئەوەی دەوڵەت و دامەزراوەکانى لە قەیرانی دارایی و کێشە ئابوورییەکان بپارێزێت. گرنگترین ئەو سەنتەرانەی سەربەخۆن و، گەورەترین کاریگەریان لەسەر ئەمریکا دروست کردووە، بریتین لە:

١- دامەزراوەی برۆکینگز، کە تایبەتە بە دیراسەتکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا. ئەم سەنتەرە، ساڵانە زیاتر لە (35) کتێب و گۆڤاری وەرزی بڵاو دەکاتەوە ،و زیاتر لە (16) کۆنگرەی زانستیی ساڵانە ساز دەکات.

٢- دامەزراوەی ئەنتەربرایزی ئەمریکی، کە تایبەتە بە پارێزگاریکردن لە سیستەمی سەرمایەدارى لە ئەمریکا. چالاکییەکانی ئەو دامەزراوەیە، بریتییه‌ لە دەرکردنی (14) گۆڤارى وەرزی و زیاتر لە (130) کتێب لە ساڵێکدا، هەروەها هەفتانە زیاتر لە سێ وتاری زانستیی گرنگ دەنووسن.

٣- ڕاند کۆرپەریشن، گەورەترین دامەزراوەی تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە ئەمریکا، کە جەخت دەکاتەوە سەر پرسەکانی ئاسایش و، پارێزگاریکردن و پەیوەندییان بە ستراتیژییەتی ئاسایشی و سەربازیی ئەمریکا بەگشتی.

بێ گومان سەنتەرە سەربەخۆکان زۆرن، بۆیە ناکرێت ئاماژە بە هەموویان بکرێت. بەڵام لە بەرامبەردا، هەر لە ئەمریکا چەندین سەنتەری دیکە هەن کە سەر بە حکوومەتن و، دەوڵەت گرنگییەکی زۆری پێ داون و کاریگەریی زۆریان لەسەر پرۆسەى سیاسی لەم وڵاتەدا دروست کردووە، هەروەها بەشدارییەکی بەرچاویان لە چۆنیەتیی دروستکردنی بڕیار و لێکدانەوەى کۆی هەلومەرجەکانیدا هەیە. نموونەی ئەمانەیش بریتین لە "نووسینگەى لێپرسینەوەی گشتی"، "سەنتەری کۆنگرێس بۆ خزمەتگوزاریى لێکۆڵینەوە"، "نووسینگەى کۆنگرێس بۆ بودجه‌ (میزانیه‌)" و "نووسینگەى هەڵسەنگاندنی تەکنەلۆژی".

سەنتەرەکانی بیرکردنەوە، چەندین ڕۆڵ لە پرۆسەی سیاسیدا دەبینن. لێرەدا ئێمە هەوڵ دەدەین ڕۆڵی ئەو سەنتەرانە بۆ چەند خاڵێک کورت بکەینەوە:

١- هەڵسەنگاندنی سیاسەتەکانى پێشوو، هەروەها دانانى لە چوارچێوەیەکی مێژوویی و سیاسیی تەندروست.

٢- دەستنیشانکردنی ئەو جێکەوتانەى کە لە ئەنجامی سیاسەت و ستراتیژییەتی وڵات بەرامبەر بە دۆست و بەرامبەر بە نەیارانیش، دەردەکەوێت.

٣- پێشکەشکردنی بیرۆکە و بیر و ڕای نوێ و پێشنیارکردنی چەندین ئەلتەرناتیڤ، لە کاتى گواستنەوەی دەسەڵات لە کابینەیەک بۆ کابینەیەکی دیکە.

٤- پێشکەشکردنی چەندین کەسی شارەزا و پسپۆر لە بوارە جیاجیاکان بە دامودەزگه‌ کارگێڕی و سیاسی و یاسایییەکانی دەوڵەت.

٥- پێدانى چەندین ئامۆژگاریی بەسوود بە دامەزراوەکانى دەوڵەت، کاتێک ئەو دامەزراوانە بۆ ئەو مەبەستە، داوا لەو سەنتەرانە دەکەن.

٦- مەشقپێدانى نەوەیەکی نوێ لە سەرکردایەتیی فکری و سیاسی، بۆ ئەوەی بۆ وەرگرتنی چەندین پۆستی هەستیار لە دەوڵەتدا، ئامادە بن.

٧- کاریگەریخستنەسەر ڕای گشتی و، دروستکەرانى بڕیار و بڕیاری سیاسی، لە ڕێگەى بەستنی کۆنگرە و کۆڕ و کۆبوونەوە و بڵاوکردنەوەی کتێب و دیراسات و دەرکردنی بڵاکراوە و گۆڤار و وتار و چەندین بەرنامەی تەلەفزیۆنی و ڕادیۆیی.

٨- پاڵپشتیکردنی دەزگه‌کانى ڕاگەیاندن، بە هێنانی کەسانی شارەزا و شیکەرەوەی بەتوانا، کە بتوانن ڕووداوەکان شی بکەنەوە و پێشبینی بکەن؛ بەتایبەت لە کاتى قەیرانەکاندا.

٩- هەندێک لەو سەنتەرانە، چەندین پەیوەندیی نهێنی لەگەڵ لایەنە دەرەکییەکان، بۆ دزینی زانیاریی پێویست و هێنانەپێشەوەی چەندین دەستپێشخەریی سیاسی، داده‌مه‌زرێنن.

ئەو ڕۆڵانەى لە سەرەوە باسمان کرد، زیاتر لە لایەن ئەو سەنتەرانەوە ئەنجام دەدرێن کە گرنگی بە پرسە سیاسییەکان دەدەن؛ چونکە چەندین سەنتەری دیکە هەن گرنگی بە تەندروستی و چالاکیی کۆمەڵایەتی و خوێندن و ... دەدەن. ئاسان نییە ئێمە بتوانین قەبارەى ئەو کاریگەرییە دەستنیشان بکەین کە ئەو سەنتەرانە لە پرۆسەی دروستکردنی بڕیاردا دروستی دەکەن، چونکە بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەو کارە ئه‌نجام ده‌ده‌ن و، زۆر جار بە "سەربازەکانى پشت پەردە" ناسراون.

دروستکردنی بڕیار: پرۆسەیەکی ئاڵۆز

پرۆسەی دروستکردنی بڕیار گرنگترین پرۆسەیە لە ژیانی سیاسیدا بۆ درێژەدان بە مانەوەى سیستەمی سیاسی و دوورخستنەوەی لە لەناوچوون و بەرەوپێشبردنی سیستەمی سیاسی، بە شێوەیەک کە دروستکردنی بڕیار وەک خوێنبەخشینێکی بەردەوام وایە بە جەستەی سیستەمی سیاسییه‌وه‌، بۆ ئەوەی هەمیشە بەزیندوویی بمێنێتەوە. چونکە بەبێ ئەوە، سیستەمی سیاسی دووچاری قەیرانێک دەبێتەوە کە لە بارودۆخێکی چەقبەستوویی جێ دەمێنێ و، کۆی پرسە سیاسییەکان بەهەڵواسراوی دەمێنێتەوە و، دواتر چەندین کاریگەریی خراپ لە بواری کۆمەڵایەتی و ئابووری دروست دەکات و، کۆمەڵگە بەرەو داڕمان دەبات. بەپێی ئەو چوارچێوەیەی "دیڤید ئیستن David Eston" بۆ سیستەمی سیاسی دایناوە، سیستەمی سیاسی پرۆسەیەکی داینامیکییە، تێیدا داواکاری و پشتگیرییەکان لە ڕێگەى پرۆسەی گۆڕینەوە، دەگۆڕدرێن بۆ بڕیار و یاسا. کەواتە، بڕیاردان بەشێکی گەورەی سیستەمی سیاسی پێک دێنێت.

لەگەڵ هەموو ئەو هەستیارییەی هەیەتی، دروستکردنی بڕیار بە پرۆسەیەکی ئاڵۆزدا تێ دەپەڕێت کە چەندین لایەن بەشداریی تێدا دەکەن و، چەندین هۆکار کاریگەری دەخەنە سەر  و، ئاراستەى ئەو بڕیارە دەستنیشان دەکەن. بێ گومان دروستکردنی بڕیار، پێویستیی بە بوونی چوار خاڵی جەوهەری هەیە، ئەوانیش بریتین لە: 1- کەسانی شارەزا 2- زانیاریی ڕاست. 3- شیکردنەوەى دروست. 4- پێشبینیی ڕاستەقینە. هەر کاتێکیش هەر دامەزراوەیەکی دەوڵەت بیەوێت بڕیارێک بە شێوەیەکی دروست دەربکات، لەسەری پێویست دەبێت، بە بەرپرسیارێتییه‌وه‌ ئەو چوار خاڵەى سەرەوە دابین بكات. لەمەیشدا ناتوانێت بە شێوەیەکی تاکڕەوانە ڕەفتار بکات، چونکە ئەمە بەرەو قەیرانێکی گەورەتری دەبات و درزێکی گەورەتر لە نێوان ئەو بڕیارانەى کە دەردەچێت و لەگەڵ ئەو ژینگەیەی کە بڕیارەکەى بۆ دەرکراوە، دروست دەکات.

ئاشکرایە هەر بڕیارێک بێ لێکۆڵینەوە و تاووتوێکردنی ئەلتەرناتیڤەکان دەرچووبێت،ی نامۆییەک لەو ژینگەیەی بڕیارەکەى تێدا جێبەجێ دەکرێت، دروست دەکات و، ئەو ژینگەیە ناتوانێت ئەو بڕیارە هەرس بکات. لە ئاکامدا، بەرپەچدانەوەیەکی گشتی بەرامبەر بڕیارەکە دروست دەبێت. هەر کاتێکیش ناڕازیبوونێکی گشتی دروست بوو، ئەوا قەیرانێک ڕوو لە پرۆسەی سیاسی دەکات و، بەردەوامیپێدانی، کارێکی ئەستەم دەبێت. بەو جۆرە قەیرانەیش دەگوترێت "قەیرانی دروستکردنی بڕیار". کەواتە بۆ دوورکەوتنەوە لەو قەیرانە و جێکەوتە خراپەکانی، پێویستە وەرگرتنی بڕیار بە شێوەیەکی حەکیمانە بێت و، هەموو ئەگەر و دەرەنجامەکان لێکدانەوەی زانستی و ئه‌قڵانی و واقعییانەی بۆ کرابێت. لەمەیشدا گرنگیی سەنتەرەکانی بیرکردنەوە بەهەند وەردەگیرێت و، یارمەتیدانیان لە دروستکردنی بڕیارەکە بە شێوەیەکی دروستتر، شوێنێکی باش دەگرێت. کەواتە نەبوونی ئەو جۆرە سەنتەرانە لە هەر یەکەیەکی سیاسی، جا دەوڵەت بێت، یان هەرێمی فیدراڵی یاخود کۆنفیدراڵی بێت، یان بوونی بۆشایبیەک لەو سەنتەرانە و گرنگیپێنەدانیان، ئەگەری هاتنی قەیران لەو سیاسەت و ستراتیژییەتانەى دامەزراوەکانى دەوڵەت دەیگرنە بەر، گەورەتر دەبێت.

سەنتەرەکانى بیرکردنەوە و دروستکردنی بڕیار لە هەرێمی کوردستان

ئەوەی لێرەدا گرنگە ئاماژەى پێ بکەین، وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێکی گرنگە. لە هەرێمی کوردستان، کە یەکەیەکی سیاسیی خاوەن دامەزراوەی سیاسی و یاسایییە، ئایا هەست بە بوونی ئەو جۆرە سەنتەرانە دەکرێت؟ ئایا میکانیزمی وەرگرتنی بڕیار لە هەرێمی کوردستان بە چ شێوەیەکە؟ تا چەند ئەو بڕیارانەى کە دروست دەکرێن، دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیران؟ ئایا ئەمە بە هۆی بۆشایییە لە سەنتەرەکانی بیرکردنەوە، یان هۆکاری دیکە کاریگەریی لەسەری هەیە؟ ئایا بۆچی ئەو سەنتەرانەی خۆیان دەخەنە ئەو چوارچێوەیە، نەیانتوانیوە کاریگەرییەکی گەورە لە پرۆسەی دروستکردنی بڕیار لە هەرێمی کوردستاندا دروست بکەن ؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە، پێویستە تیشک بخەینە سەر ئەو میکانیزمانەی وەرگرتنی بڕیار، كه‌ لە هەرێمی کوردستاندا گیراونەتە بەر.

هەرێمی کوردستان لە ئاکامی ڕاپەرینێکی جەماوەری و پاڵپشتییەکی نێودەوڵەتی دروست بوو. هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، بۆشایییەکی دامەزراوەیی و کارگێڕیی گەورە دروست بوو و، ئیدارەیەکی ناتەندروست، جه‌نگی ناوخۆی لێ كه‌وته‌وه‌. دواتر لە لایەن دوو حزبی باڵادەستەوە، بنەماکانى دامەزراوە پێویستەکان دروست بوو. بە دەربڕینێکی دیکە، حزب بووە سەرەکیترین جومگەى حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان. باڵادەستیی حزبەکان بەسەر پرۆسەی دروستکردنی بڕیار، پێکهاتەکانى دیکەى ئەو پرۆسەیه‌ی بە جۆرێک لە جۆرەکان پەک خستووە. بە شێوەیەک، گەر ویستێک بۆ کاریگەریخستنە سەر پرۆسەی دروستکردنی بڕیار هەبێت، ئەوا دەبێ لە مییانەی حزبە سیاسییەکانەوە بێت. بە ماناى ئەوەی، كه‌ دەبێت سەرەتا کاریگەری لەسەر بڕیاری حزبه‌ سیاسییەکان دروست بکرێت، بۆ ئەوەی دواجار ئەو کاریگەرییە، بۆ پرۆسەی بڕیاری دامەزراوە فەرمییەکان بگوازرێتەوە.

ئەم ژینگە سیاسییەى ئێستا، واى کردووە كه‌ سەنتەرەکانى بیرکردنەوە، سەرەڕای بوونی کەموکوری تێیدا، خۆی لە فۆرمێکی حزبیدا دەربخات، بۆ ئەوەی لەو دەروازەیەوە بتوانێت کاریگەری بخاتە سەر پرۆسەکە. هەر ئەمەیشە وای کردووە سەنتەر و ناوەندەکانی توێژینەوە، زیاتر ڕاوێژ بدەنە حزبه‌ سیاسییەکان و، وەک ئۆرگانێکی ئەو حزبانە دەربکەون. شتێکی ئاسایییە حزبی سیاسی، چەندین ناوەندی بیرکردنەوەی هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانێت لە داڕشتنی سیاسەتی ئەو حزبه‌ و چۆنیەتیی بڕیاردان تێیدا، یارمەتیدەری بێت. بەڵام ئەوەی لە دواجاردا گرنگە، دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت بە شێوەیەکی سەرەکی، پشت بەو پێشنیار و شیکردنەوانەی كه‌ سەنتەرە سەربەخۆکانى بیرکردنەوە پێشکەشی دەکەن، ببەستن؛ ئەمەیش لە پێناو دوورکەوتنەوە لە قەیرانی دروستکردنی بڕیار لەسەر ئاستی دامەزراوە فەرمییەکان.

کەواتە، ئەوەی گرنگە بپرسین، ئەوەیه‌ كه‌ سەنتەرەکانى بیرکردنەوە و توێژینەوە لە هەرێمی کوردستان، لە کوێی پرۆسەی دروستکردنی بڕیارن؟ ئاشکرایە سەنتەرەکانى بیرکردنەوە لە وڵاتە پێشکەوتوو و دامەزراوەیییەکان لە چەند قۆناغێکی ئەو پرۆسەیە بە شێوەیەکی کاریگەر دەردەکەون. لە قۆناغی یەکەمدا، کە پێی دەگوترێت قۆناغی خوێندنەوەی ئەو ژینگەیەی بڕیارەکەى بۆ دەردەچێت، سەنتەرەکان ده‌ست بە شیکردنەوەی پێکهاتەکانى ئەو  ژینگەیە ده‌كه‌ن. قۆناغی داڕشتنی بڕیارەکە، کە قۆناغی دووەمە، تێیدا سەنتەرەکان سیناریۆ و ئەگەرەکان دەخەنە بەرچاو، بۆ ئەوەی باشترین بژاردە دەستنیشان بکرێت. لە قۆناغی سێیەمیش، کە پێی دەگوترێت قۆناغی لێکدانەوەی جێکەوتەکانى بڕیارەکە، بە هەمان شێوە سەنتەرەکان ڕۆڵیان لە دەستنیشانکردنی کاریگەرییە باش و خراپەکانى ئەو  بڕیارە و، هەڵسەنگاندنی لە ڕووی دروستی و نادروستییەوە، دەبێت. ئەگەر سەیری ئەو قۆناغانە بکەین، دەبینین سەنتەرەکانى بیرکردنەوە لە هەرێمی کوردستان تەنیا تارمایییەکی لە قۆناغی سێیەمدا دەردەکەوێت. بە دەربڕینێکی تر، ئەو سەنتەرانە لە کۆی قۆناغەکانی دروستکردنی بڕیارەکە ئامادەیییان نییە، دواتر لە قۆناغی سێیەمدا جێکەوتەکانى ئەو بڕیارە لێك ده‌ده‌نه‌وه‌؛ لەمەیشدا تەنیا تیشک دەخرێتە سەر کاریگەرییە خراپەکانی ئەو بڕیارە، بێ ئەوەی ئەلتەرناتیڤی پێویست خرابێتە ڕوو.

لە کۆتاییدا، بۆ ئەوەی پرۆسەی دروستکردنی بڕیار لە قۆناغی قەیران دەربچێت، پێویستە وەک هەنگاوێکی سەرەکی، ئەو سەنتەرانە چالاک بکرێن و، لە چوارچێوەی پرۆگرامێکدا کار لەسەر گرنگیی ئەو ڕۆڵە بکرێت، کە دەشێ ئەو سەنتەرانە لە پرۆسەی دروستکردنی بڕیار هەیانبێت. ئەویش لە ڕێگەى چالاککردنی ئەو سەنتەرانە و، زیادکردنی کاریگەرییان لەسەر قۆناغی یەکەم و دووەمی دروستکردنی بڕیار.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples