تانوپۆی حوکمڕانیی خۆجێیی لە عێراقی فیدراڵدا

دەستپێک

هەر کۆمەڵگەیەک جیاوازییەکانى بە ئەندازەیەک قووڵ بوونەوە، کە بووە هەڕەشە لەسەر پێکەوەژیان و ئاشتەواییی کۆمەڵایەتی، سەرەتاییترین چارەسەر بریتی دەبێت لە هێنانەکایەی فۆرمێکی باڵا لە حوکمڕانیی خۆجێیی. ئەمەیش لە ڕووی سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتییەوە، پێویستیی بە زەمینەسازییەکی تەواو هەیە، بۆ ئەوەى پیادەکردنی ئەو شێوازە لە حوکمڕانى، نەبێتە هۆی لێکترازانی یەکجارەکی و، دواجار پێکدادانی جیاوازییەکان. لەو چوارچێوەیەدا، گەر بڕوانینە ئەزموونی عێراق، ئەوا چەند پرسیارێک دینە بەردەممان. ئایا عێراق دوای هەشتا ساڵ لە پیادەکردنی حوکمێکی مەرکەزی (ناوه‌ندی)، توانیویەتی جێکەوتەکانى ئەو سیستەمە بسڕێتەوە؟ ئایا حوکمڕانیى خۆجێیی لە عێراق، بە چ ئاقارێک گوزەر دەکات؟ ئایا زەمینەیەکی لەبار هەیە بۆ حوکمڕانیى خۆجێیی؟ تا چەند کێشە و قەیرانەکانى عێراق، پەیوەستن بە ڕێشەى ئەو سیستەمەى عێراقی پێ بەڕێوە چووە؟

حوکمڕانیى خۆجێیی و ئیدارەى خۆجێیی

دەوڵەت لە سەرەتاى دروستبوونییەوە هەوڵی داوە، لە پێناو بەهێزکردنی دەسەڵاتەکانی و گرەنتیکردنی سەقامگیری و سەرەوەریی حوکمەکەی لە سەرتاپای کۆمەڵگە، گرنگی بە دەسەڵاتە مەرکەزییەکانى بدات؛ بۆیە دەوڵەت لە سەرەتاوە پشتی بە شێوازی مەرکەزی لە حوکمڕانیدا دەبەست و، گشت ئەرکە حکوومییەکانى لەژێر یەک دەستدا کۆ دەکردەوە. بە زیادبوونی پێویستییەکانى کۆمەڵگه‌ و فراوانبوون و پێشکەوتنی ئەرکەکانى دەوڵەت، ئەوە ڕوون بووەوە کە شێوازی مەرکەزی لە حوکمکردن و ئیدارەکردندا کارێکی نیمچەنەکردەیە و جۆرێک لە ئەستەمیی پێوە دیارە؛ بۆیە لێرەوە بیرۆکەى پشتبەستن بە شێوازی حوکمی خۆجێیی دێتە پێشەوە.

بە شێوەیەکی گشتی، حوکمی خۆجێیی local governance (الحکم المحلی)، پێناسە دەکرێت بە "بەڕێوەبردنێکی چالاک بۆ کاروبارى گشتیی ناوخۆیی، لە ڕێگەى کۆمەڵێک بنەمای مەشروعەوە لەپێناو بردنەپێش و باشترکردنی ئەو بەهایانەی کە تاکەکان و کۆمەڵەکان لە کۆمەڵگە لۆکاڵییەکاندا بانگەشەی بۆ دەکەن".  لە ڕێگەى ئەو پێناسەیه‌وە، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەم چەمکە دوو ڕەهەندی هەیە. ڕەهەندی یەکەم، ڕەهەندێکی سیاسییە، کە خۆی لە پابەندبوون بە چاکەى کۆمەڵگە لۆکاڵییەکان دەبینێتەوە. دووەمیان ڕەهەندی ئیدارییە، کە خۆی لەو چالاکییەدا دەبینێتەوە کە لە ڕێگەیەوە کاروبارى گشتیی ناوخۆیی بەڕێوە دەچێت.

یەکێک لە باشترین بەرهەمەکانى حوکمی خۆجێییی چاک local good governance،  بریتییە لە دیموکراسیی خۆجێیی local democracy. کەواتە ئێستا ڕێزبەندیی بیرۆکەکە بەم شێوەیەی لێ دێ: ئەگەر حوکمڕانیی باش، شوێنی خۆی پتەو بکات و بە شێوەیەکی دروست جێبەجێ بکرێت، حوکمی لۆکاڵی باشی لێ دروست دەبێت، ئەویش بە دەوری خۆی، دیموکراسییەتی لۆکاڵی لێ دروست دەبێت.

بەڵام ئێستا پرسیارێک دروست دەبێت: چ پەیوەندییەک لە نێوان ئیدارەى خۆجێیی و حوکمی خۆجێییدا هەیە؟ دەبێ ئەوە بگوترێ کە پەیوەندیی نێوان حکوومەت و دەستە خۆجێیییەکان، پەیوەندییەکی دوولایەنەى تەواوکارییە، کە تێیدا سەڵاحییات و  بەرپرسیارێتی دەستنیشان دەکرێت. کەواتە ئیدارەى خۆجێیی، شێوازێکی ئیدارییە، نەوەک حوکم بێت؛ پەیوەندیی بە حوکمڕانیى دەوڵەت و بریار و سیاسەتەکانه‌وه‌ نییە لە ئاستی باڵای دەوڵەتدا. هەر لەسەر ئەو بنەمایە، دەگوترێ کە حوکمی خۆجێیی، جیاوازە لە ئیدارەى خۆجێیی. پێوەری جیاکەرەوەیش لە نێوانیان، ئەوەیە کە ئیدارەى خۆجێیی پلەیەک نییە لە پلەکانى حوکمی خۆجێیی. بەو مانایەى کە سیستەمی ئیدارەى خۆجێیی ناتوانێ گەشە بکات و ببێتە حوکمی خۆجێیی، بەڵکوو ئیدارەی خۆجێیی و حوکمی خۆجێیی، دوو گوزارشتن بۆ دەربڕینی سیستەمی لامەرکەزیی دەوڵەتێک لە حوکم.  بەڵام جیاوازی لە نێوانیاندا هەیە، بەوەی ئیدارەى خۆجێیی شێوازێکە لە لامەرکەزییەتی ئیداری، لە کاتێکدا حوکمی خۆجێیی شێوازێکە لە لامەرکەزییەتی سیاسی. سەرەڕاى هەموو ئەمانەیش، هێشتا جەدەل و ناکۆکییەکی زۆر لەسەر هەر دوو چەمکی حوکمی خۆجێیی و ئیدارەى خۆجێیی هەیە. هەندێک پێیان وایە جیاوازییەکی زۆر لە نێوانیان هەیە و، لە بەرامبەردا هەندێکی تر پێیان وایە جیاوازییەک لە نێوان ئەم دوو چەمکەدا نییە.

زەمینەی حوکمی خۆجێیی لە عێراق

عێراق، هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بارودۆخه‌ سیاسی و یاسایییه‌كه‌ی، سەقامگیرییەکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە. گۆڕانکارییەکان، هەمیشە یەک لە دواى یەک و بە شێوەیەکی خێرا بەسەر یەکدا هاتوونە و، کێشەى زۆری بۆ دروست بووە. هەر  لە گۆڕانکارییەکانی سەردەمی مەلەکییەته‌وه‌، تاوەکوو گۆڕانکارییە یەک لە دواى یەکەکانی سەردەمی کۆماری. ئەمەیش لە زۆربەى بوارەکاندا کاریگەریی زۆری خستە سەر عێراق، بەتایبەتیش لە بوارى مومارسەکردنی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات. لە ساڵی 1921 کە عێراق دامەزرا، لە شێوەی دەوڵەتی سادەى یەکگرتوو بوو، کە لە چەند یەکەیەکی کارگێڕی پێک دەهات. لە قۆناغی سەرەتاییدا، عێراق بە شێوەیەکی مەرکەزی بەڕێوە چووە؛ سەرەڕاى بوونی چەند ئاماژەیەکی سەرەتایی لە دەقە دەستووری و یاسایییەکان بۆ حوکمی خۆجێیی. پاشانیش کە سەردەمی کۆمارى هات، ئەو پرسە گۆڕانکاریی بەسەردا هات و، جگە لە چەند دەستوورێکی کاتى، چەند یاسایەکی تایبەتیش بۆ ئەو پرسە دەرچوو. ئاماژە بەوە دەکرێت کە لە ڕواڵەتدا دەقەکانى ئەو یاسایانە پرەنسیپەکانى حوکمی خۆجێیییان لەخۆ گرتبێت، بەڵام ئەو کاتەى لە دەقەکان ورد دەبینەوە و بەو واقعی ئەو سەردەمە بەراوردیان دەکەین، بەتایبەت ئەو دەقانەى کە پەیوەندبیان بە ئەنجوومەنە خۆجێیبیەکان و شێوازی پێکهێنانیان و دەستنیشانکردنی دەسەڵاتەکانیانه‌وه‌ هەیە، دەردەکەوێت کە تێیدا کرۆکی حوکمی خۆجێیی ڕەت کراوەتەوە و لەبار بردراوە.

کەواتە مێژووی عێراق، بریتییە لە مێژووی سڕینەوەى جیاوازییەکان و یەکڕەنگکردنی کۆمەڵگە؛ هەر ئەمەیش دەبێتە هۆکارى سەرەکیی شۆرش و بەرخودانى پێکهاتە جیاوازەکان. بەڵام دوای ڕووخانى عێراق، دۆخەکە گۆڕانکاریی بەسەردا هات. پاش داڕمانى سیستەمی سیاسی و پێکهێنانى سیستەمێکی نوێ، کە لە هەموو لایەنەکەوە لەگەڵ ئەوەی پێشتردا جیاوازیی هەبوو، بەتایبەت لە گۆڕانی دەوڵەت، لە دەوڵەتێکی سادەوە بۆ دەوڵەتێکی لێکدراو، هەروەها لە پشتبەستن بە مەرکەزییەتێکی تونده‌وه‌، بۆ پشتبەستن بە لامەرکەزییەت لە حوکم و بەڕێوەبردندا. بەڵام زەمینەیەکی لەبار بۆ حوکمی خۆجێیی هەستی پێ نەدەکرا، بۆیە بەر لەوەی ئامانجی خۆی بپێکێ، ئاماژەکانى داڕمانى تێدا دەرکەوت. لێرەدا، دەکرێ ئاماژە بە چەند فاکتەرێک بکەین کە زەمینەی حوکمی خۆجێیییان لەق کردووە.

فاکتەری سیاسی:

کارکردن بۆ بەلامەرکەزیکردنی دەسەڵات، بە پلەى یەکەم پەیوەستە بەو ئیرادە سیاسییەی کە دەسەڵاتی ناوەندی هەیەتی؛ چونکە ئەمە پەیوەندیدارە بە زەمینەخۆشکردن بۆ هێنانەکایەی حوکمی خۆجێیی. بۆیە بناغەی سیاسی بۆ پەیوەندیی نێوان حکوومەتی ناوەندی و حکوومەتە خۆجێییەکان، لە پێویستییە سەرەتایییەکانى لامەرکەزییەتە و، ئەویش دەچێتە خزمەتی پرۆسەی دیموکراسی. ئەمەیشیان پەیوەستە بەو باڵانسەی لە ستراکچەری دەسەڵاتی جێبەجێکاریدا بەدی دەکرێت. یەکێک لە خەسڵەته‌ سەرەکییەکانى هەر حوکمێکی دیموکراسی ئەوەیە، تا چ ڕاددەیەک دەوڵەت بەلامەرکەزی کراوە. ترسی دەسەڵاتی ناوەندی لە لامەرکەزییەتی سیاسی، تێڕوانینەکانى بۆ لامەرکەزییەتی ئیداریش تەسک کردۆتەوە، بۆیە ئەمە ڕەنگدانەوەی لەسەر ئاستی ئەو پسپۆرییه‌وه‌ هەبووە، كه‌ بە یەکە خۆجێیییەکان دراوە. هەموو هەوڵێکی یەکە خۆجێیییەکان بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتەکانیان و نزیکبوونەوەیان لە حوکمی خۆجێیی، لەژێر بەهانەى یەکپارچەییی خاکی عێراق، ڕێگریی لێ دەکرێت. هەروەها هەر پرۆژەیەک بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتە خۆجێیییەکان، دەبێ لە ڕێگەى حکوومەتی ناوەندییەوە تێ پەڕێت، بۆ ئەوەی ڕێکارە یاسایییەکانى تەواو بکات. عێراق وەک بنەمایەک، سیستەمی فیدراڵیی وەرگرتووە، بەڵام هیچ زەمینەیەکی سیاسیی بۆ بنیات نەناوە. هەر ئەمەیشە واى لە کابینە یەک لە دواى یەکەکانى حکوومەتی ناوەندی کردووە، هەموو بەرنامەیەکی سیاسی بۆ پووکانەوەی حکوومەتە خۆجێیییەکان بگرنە بەر. بە دروستکردنی هەر کێشەیەک بۆ ئەو یەکە خۆجێیییانە، هەنگاوێک حوکمڕانى خۆجێیی دەگەڕێننەوە دواوە. هەموو ئەو ناکۆکییانەی لە نێوان حکوومەتی ناوەندی و حکوومەتی خۆجێییدا لە ڕووی تەکنیکی و کارگێڕی و دارایییەوە دروست دەبن، بەرگێکی سیاسییان دەکرێتە بەر بۆ ئەوەی لە ڕێگەى دانوستاندنی سیاسییەوە چارەسەر بێت؛ ئەمەیش لە پێناوی بەهێزکردنی دەسەڵاتی ناوەندییە.  ئەگەر کێشەکانى هەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدا وەک نموونەیەک سەیر بکەین، بۆمان دەردەکەوێت لە ساڵی (2003)وە تا ئێستا، هەمیشە سیستەمی فیدراڵی لە پاشەکشەدایە. ویستی دەسەڵاتی ناوەندی بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و  شۆڕکردنەوەی پسپۆری، هەمیشە بە ئاراستەیەکی خراپ، گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.

فاکتەری کەلتووری:

حوکمڕانیی تەندروست، بەر لە هەموو شتێک بابەتێکی کەلتوورییە و پەیوەستە بە باكگراوندی کەلتووریی ئەو کۆمەڵگەیەی، تێیدا ئەو فۆرمەی لە حوکمڕانیى هێناوەتە بەرهەم. کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتخواز، لە بواری حوکمڕانیدا سیستەمێکی دیموکرات لەسەر بنەماى شۆڕکردنەوەی دەسەڵات و دابەشکردنی دادپەروەرانەی بەسەر چینە یەک لە دواى یەکەکانى حکوومەت، بەرهەم دێنێت. عێراق کە کۆمەڵگەیەکی پارچەپارچەبووی هەیە، هەر لە سەرەتاوە بەرژەوەندییەکی دەرەکی، پێکەوەژیانێکی ساختەی کردۆتە مۆرکی ئەو کۆمەڵگەیە. چەند کەلتوورێک لە عێراق بوونیان هەیە کە هەمیشە ڕێگر بوونە لە بنیاتنانی سیستەمی فیدراڵی و پتەوکردنی حوکمڕانیى خۆجێیی. دەشێ ئەو شێوازانەى بە کەلتووری کۆمەڵگەى عێراقییەوە دیارە، لە چەند خاڵیکدا پوخت بکەینەوە:

1-     کەلتووری یەکترقبووڵنەکردن: هەموو پێکهاتە جیاوازەکانى عێراق بە ئه‌قڵییەتێکەوە کاری سیاسی دەکەن کە گومانێکی قووڵیان لە بەرامبەرەکانیان هەیە؛ ناتوانن بەئاسانی یەکتر قبووڵ بکەن.

2-     کەلتووری ڕەتکردنەوەی جیاوازی: گەورەترین کێشە ڕوبەرووی پیادەکردنی سیستەمی فیدراڵی دەبێتەوە، ئەوەیە کە هەوڵ دەدرێت جیاوازییەکان کەم بکرێنەوە. فیدراڵییەت لە مانا قووڵەکەیدا بریتییە لە ڕێکخستنی جیاوازییەکان، نەوەک ڕەتکردنەوەیان.

3-     ئامادەبوونی مەرکەزییەت لە هزری سیاسیی تاکی فەرمانڕەوا: هەمیشە سەرۆکوەزیرانی حکوومەتە یەک لە دواى یەکەکانى عێراق، بڕوایان بە بنیاتنانى ناوەندێکی بەهێز هەیە لەسەر حسابی لاوازکردنی یەکە خۆجێیییەکان.

4-     کەلتووری تۆڵەکردنەوە لە بەرامبەر: بە هۆی ئەوەی مێژووی عێراق بریتییە لە مێژووی چەوساندنەوەی بەرامبەر، بۆیە لایەنەکان بەرنامەی سیاسیی خۆیان لەسەر بنەماى تۆڵەکردنەوە دادەڕێژن. شیعەکان بۆ تۆڵەکردنەوە لە سوننەکان، ڕەنگڕێژی ئەو حکوومەتە دەکەن کە خۆیان تێیدا زۆرینەن.

گەورەترین کێشەی عێراق لەم ڕووەوە، نەبوونی ناسنامەیەکی یەکگرتووە. هەموو ئەو وڵاتانەی لە قەیرانێکی قووڵی ناسنامەدا دەژین، چارەنووسیان بەرەو پارچەبوون دەچێ. حوکمڕانیی خۆجێیی کاتێک دەتوانێ پێ لەسەر ئەرز دانێ، کە بە ناسنامەیەکی نیشتیمانیى تەندروست پشتئەستور بێت. لە عێراقدا ئەوەی ئامادەییی نەبێ، ناسنامەیەکی نیشتیمانییە کە هەمووان لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە.

فاکتەری یاسایی:

دواى ساڵی 2003، عێراق کەوتە قۆناغێکی نوێوە؛ دەستوورێکی هەمیشەیی لە ساڵی  2005  بۆ عێراق دانرا. لە دواى ئەمەوە، عێراق بە ئەزموونێکی دەستووریی نوێدا تێ پەڕی، هەروەک مێژوونووسی دەستووری "ناپان براوان" دەڵێت کە "هاوشێوەی نەبوو، چ لەسەر ئاستی دەستوورەکانی پێشووتری عێراق و، چ لەسەر ئاستی دەستووری وڵاتانى ناوچەکە بەگشتی و، وڵاتە عەرەبییەکان بەتایبەتی". لە بواری ڕێکخستنی سیاسی و کارگێڕییەوە، ئەو دەستوورە جەخت لەسەر ئەو ڕیزبەندییە دەکاتەوە کە لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە، تایبەت بە سێ ئاستەکەى سیستەمی فیدراڵی هەبوو، کە ئەویش بریتییە لە: دەسەڵاتی ناوەندی، دەسەڵاتی هەرێمەکان، دەسەڵاتی پارێزگاکان. کەواتە سیستەمی سیاسی لە عێراق، لە ڕێگەى ئەم دەستوورەوه‌ لەسەر بنەماى دابەشکردنی کلاسیکیی دەسەڵاتەکان دامەرزاوە بۆ ڕێگەگرتن لە چڕبوونەوەی دەسەڵات و، چوون به‌ره‌و ستەمکارى. ئەو دەستوورە هەوڵی داوە سنوورێک لە نێوان دەسەڵاتی ناوەندی و دەسەڵاتی یەکە خۆجێیییەکاندا بکێشێت. بە شێوەیەک کەوا دەروازەى پێنجەمی دەستوورەکە بەتەواوی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کراوە.

ئەو دەسەڵاتانەی هەرێمەکان هەیانە، لە ماددەى 121دایە کە ژمارەى دەسەڵاتەکانیان (5) دەسەڵاتی ڕاستەقینەیە. هەروەها لە پاڵ ئەمەیشدا لە ماددەى 114 لە سەڵاحییەتە هاوبەشەکان، هەرێمەکان کۆمەڵێک دەسەڵاتی دیکەیش وەردەگرن کە ئەوانیش ژمارەیان (7) دەسەڵاتە. کە لە کاتى بوونی ناکۆکی لە جێبەجێکردنی سەڵاحییەتە هاوبەشەکان، ئەولەوییەت بۆ هەرێم و پارێزگاکان دەبێت. بەڵام ئەو هەموو دەسەڵاتە زۆرەى لە ماددەى 110ی دەستووری عێراق بە حکوومەتی ناوەندی دراوە، واى کردووە دەسەڵاتی دەستە خۆجێیییەکان واى لێ بێت، نەتوانێ خزمەت بە یەکە خۆجێیییەکانى بکات. کەواتە یەکەم تەگەرەی یاسایی كه‌ بێتە بەردەم حوکمی خۆجێیی، خودی دەستووری عێراقە، کە ماددە و بڕگەکانى بە شێوەیەک داڕێژراون کە ڕێگە دەداتە حکوومەتی ناوەندی بەپێی ئارەزووی خۆی لێکدانەوەی بۆ بکات و بیخاتە بواری پراکتیکەوە. یەکێکی دیکە لەو کێشە یاسایییانەى بریتییە لەو یاسایانەى کە لە پەرلەمانى عێراقییەوە دەردەچن، بەتایبەت ئەو یاسایانەى ڕەهەندێکی فیدراڵیان هەیە. داڕشتنی ئەو یاسایانە، جگە لەوەى پێشێلکارییەکە بۆ دەستوور، لە هەمان کاتدا خزمەت بە جێگیرکردنی حوکمێکی مەرکەزی دەکات. بۆ نموونە کاتێک یاسای بودجەى گشتی دادەڕێژرێت، ئامانجی سەرەکی تێیدا بریتییە لە لاوازکردنی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدراڵ. بە هەمان شێوە یاسای نەوت و گاز، هەمان ئامانج دەپێکێت.

فاکتەری نێودەوڵەتی و هەرێمی:

ڕەنگە پەیوەندیی ژینگەى دەرەکی بە حوکمی خۆجێیی ناوخۆی وڵاته‌وه‌، شوێنی پرسیاری جددی دبێت. بەڵام بۆ وڵاتانی ئەم ناوچەیە ئەگەرێکی کراوەیە، بە هۆی ئەوەی ئەو وڵاتانە مێژوویەکی هاوبەش و مەنتاڵییەتێکی هاوبەشیان هەیە، جگە لەوەیش سەبارەت بە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی کاروباری سیاسی، تێڕوانینێکی هاوبەشیان هەیە. گەر لەم دەروازەیەوە بڕوانینە بارودۆخی عێراق، ئەم چوارچێوەیە ڕوونتر دەردەکەوێت. ئەو وڵاتە ئیقلیمییانەی باڵیان بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کێشاوە، بە هەمان شێوەی عێراق کۆمەڵگەیەکی فرەپێکهاتەیان هەیە. بەهێزبوونی حوکمی خۆجێیی و بوونی بە بەهایەکی باو لەو ناوچەیە، بە شێوەیەک لە شێوەکان لە دژی ئەجێنداى ئەو وڵاتانەیە. بۆیە دەبینین وڵاتە ئیقلیمییەکان بە شێوەیەک هێژموونی لەسەر عێراق دروست دەکەن، کە عێراق ببێتە خاوەن ناوەندێکی بەهێز و، ئەو ناوەندەیش لە بەرژەوەندیی ئەو بجووڵێتەوە. لە بارێکی دیکەدا، کاتێک بەم خاڵە ڕازی دەبن، کە ئەو یەکە خۆجێیییانە بەتەواوی لەژێر هێژموونیی خۆیاندا بن.

ئیران لە ڕێگەى پێکهاتەی شیعەوە لە هەوڵی بەهێزکردنی ناوەندەوەیە، بۆ ئەوەی هەر لەو ڕێگەیەوە سیاسەتی خۆی لەسەر کۆی خاکی عێراق پیادە بکات. لە لایەکی دیکەوه‌، هێزە سوننییەکانی ناوچەکە بە ئاراستەیەکی پێچەوانەوە کار دەکەن. لە ئاکامی پێکدادانی ئەو دوو ئاراستەیە لەسەر خاکی عێراق، گەورەترین زیان بە زەمینەى حوکمڕانیی خۆجێیی دەکەوێت.

دەرەنجام

لە کۆتاییدا دەتوانین ئەوە بڵێین کە زەمینەیەکی لەبار بۆ حوکمڕانیی خۆجێیی نییە، کە فیدراڵییەتیش فۆرمێکە لە فۆرمەکانی حوکمی خۆجێیی. نەبوونی ئەو زەمینەیەیش عێراقی لە چەندین خزمەتگوزاری بێبەش کردووە، کە دەشێ لە ڕێگەى سیستەمی سیاسییەوە بەرهەم بێت. گرنگترین ئەو خزمەتگوزارییانەی عێراق بە هۆی نەبوونی زەمینەی حوکمی خۆجێی لێی بێبەش بووە، بریتین لە حوکمێکی دیموکراسی بۆ هەمووان و نەبوونی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان، کە ئەرکی سەرەکیی هەر سیستەمێکی سیاسی بریتییە لە دابینکردنی خۆشگوزەرانى.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples