''کەسێکی ڕەشبین لە هەموو دەرفەتێکدا تەنیا لایەنە زەحمەتەکە دەبینێت و، کەسێکی گەشبین لە هەموو زەحمەتییەکدا دەرفەتێک دەبینێت." "وینستن چەرچل"
سەرەڕای هەوڵێکی زۆری شارەزایانی بواری ئاسایش بۆ وێناندن (conceptualization) و بیردۆزاندن (theorizing)ی "ئاسایش" بە ڕێگهیەکی سیستەماتیکی، تا ئێستا هیچ پێناسەیەکی گشتگیر بۆ ئاسایش لە ئارادا نییە. لەگەڵ ئەوەیش، بە شێوەیەکی باو، ئاسایش وا پێناسە دەکرێت کە بریتی بێت لە نەبوون یان لابردنی هەڕەشە لەسەر بەها گەورە و باڵاکان، بەتایبەت نەهێشتن و لابردنی ئەو هەڕەشانەی ئەگەر هات و ڕووبەڕوویان نەبردرێتەوە، دەبێتە هۆی هەڕەشە لەسەر بوون و مانەوەی ئەو لایەنەی کە هەڕەشەکەی لەسەرە، لە ئێستا یان لە ئاییندەیەکی نزیکدا. هەرچەند زۆر جار ئاسایش و مانەوە وەکوو پەیوەستییەکی توند بە یەکدییەوە سەیر دەکرێن، بەڵام ڕاستییهكهی، ئەو دووانە هاوواتای یەکدی نین؛ "مانەوە" بریتییە لە مەرجێکی وجوودی، بەڵام ئاسایش بریتییە لە توانای هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی هیوا و ئامانجی سیاسیی باڵا.
ئاسایش بریتی نییە لە گوزارشتکردن لە دۆخێکی چەسپیو و نەگۆڕدا، بەڵکوو بریتییە لە سیاسەت و، جێگەی دانوستان و گۆڕانکارییە. لەبەر ئەوە، هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی نیشتمانی، دەشێت لە قۆناغێکدا بگۆڕێن بۆ دەرفەت و، لە گەیشتن بە ئامانجێکی گەورە ڕێگەخۆشکەر بن. لێرە پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: لە چ حاڵەتێکدا، ڕووداوێک، لایەنێک، ئەکتەرێک، بابەتێکی ناوخۆیی، یان دەرەکی، دەبێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان؟ بنەماکانی هەڵسەنگاندن بۆ ناساندنی ڕووداوێک بە هەڕەشە یا دەرفەت یان هەر جۆرە پۆلینکردنێکی دیکە، چییە؟ ئایا پلەبەندی بۆ هەڕەشەکان هەیە؟ لەسەر چ بنەمایەک ڕووداوێک یان هەر شتێک، بە هەڕەشەی گەورەتر بزانین؟
دەیڤید کامبل لە کتێبی "Writing Security" دەنووسێت: ''مەترسی و هەڕەشە، حاڵەتێکی بابەتەکی و بێلایەن نییە. شتێک نییە سەربەخۆیانە بوونی هەبێت، بۆ ئەوانەی کە پێیان وایە ئەو حاڵەتە دەبێتە هەڕەشە.'' کەواتە هەر شتێک، ئەگەری هەیە ببێتە مەترسیدار و دواتریش هەڕەشە؛ کاتێک بەو شێوەیە وێنا کرا، بۆیە هەمان پرس لە کاتێکی دیکەدا، یان بۆ ئەکتەرێکی دیکە، نەوەک هەر ڕەنگە وەکوو هەڕەشە سەیر نەکرێت، بەڵکوو ڕەنگە وەکوو دەرفەت لێک بدرێتەوە. ئەمە بە مانای نکۆڵیکردن لە بوونی "هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە و جددی" لەسەر ئاسایشی کیانێک نییە، بەڵکوو زۆر جار هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە لەسەر تەواوی بوون (وجوود)ی کیانێک دروست دەبێت، بەتایبەت ئەگەر بڕوانینە پێنج سێکتەرە جیاوازەکەی ئاسایش (سەربازی، سیاسی، ئابووری، ژینگەیی و کۆمەڵگەیی)، هەروەها سنوور و هەڕەشە دەرەکییەکان وەکوو هەڕەشەی داعش و تیرۆر.
گوتوبێژی ئەو بابەتە ئەوەیە كه لە ئەدەبیاتی سیاسیی کوردیدا و، لە گوتار و موماڕەسەی سیاسیی حزب و لایەنەکان، هەروەها لە ئاستی حکوومەتیشدا، تا ئێستا بنەمایەکی نیشتمانی بۆ هەڵسەنگاندنی هەڕەشەکان دروست نەبووە. بۆ نموونە تێڕوانینەکان لەسەر "حەشدی شەعبی"، دەبیندرێت خوێندنەوەی تەواو جیاواز هەیە لە سەیرکردنی ئەو ئەکتەرەدا، بەتایبەت لە پرسی ئاسایشی سنوور و ناوچە کوردستانییەکان. یەکێتی و پارتی، وەکوو دوو حزبی گەورەی کوردستان، هاوڕا نین لەسەر ئەوەی ئایا حەشدی شەعبی لە ئاییندەدا دەبێتە کێشە و، دواتریش هەڕەشە لەسەر هەرێمی کوردستان، یان نا؟ بۆیە بوونی بنەمایەکی هەڵسەنگاندن بۆ سنووردانان و دەستنیشانکردن و پلەبەندکردنی هەڕەشە و دەرفەتەکان پێویستییەکی حەتمییە، بەڵام ئەو بنەمای هەڵسەنگاندنە، دەبێت ناوەڕۆکێکی هەبێت و، دەبێت هێڵێکی سووری بۆ دابندرێت.
نەوەک هەر تەنیا لەسەر هەڕەشەکان، بەڵکوو لەسەر بەرژەوەندییە جیاوازەکانی هەر نەتەوەیەک، زۆر جار پێکدادان دروست دەبێت، لەبەر ئەوە، بەر لە پڕۆسەی داڕشتنی سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانی، دەبێت هەڕەشەکان لە پەیوەندییاندا بە بنەمایەکی نیشتمانی پلەبەند بکرێن. ئەو پلەبەندییە، لە دەستنیشانکردنی هەڕەشە هەنووکەیییەکان و هەڕەشە درێژخایەنەکاندا یارمەتیدەر دەبێت. دەستنیشانکردنی هەڕەشە و دەرفەتەکان، دەبێتە مایەی دڵنیایی و ڕۆشنییەکی زۆر بۆ دروستکەرانی بڕیار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان، یان قۆستنەوەی دەرفەتەکان. جگە لەمەیش، تەنیا لە ڕێگهی پۆلێنکردن و پلەبەندکردنی بەرژەوەندییەکان، هەرێمی کوردستان دەتوانێت پڕۆسە، یان یەکەیەک بۆ "هەڵسەنگاندنەکانی هەڕەشە" (threat assessments) دابمەزرێنێت.
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە، پێویستیمان بە شیکردنەوەی بەشێک لە کارە گرنگەکانی قوتابخانەی کۆپنهاگن بۆ لێکۆڵینەوەکانی ئاسایش دەبێت. لەگەڵ فراوانکردنی بوار و ماناکانی ئاسایش، کە لە کۆتاییی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی پێ کرد، کە چیی دیکە نەدەتواندرا ئاسایشی نیشتمانی، تەنیا لە چوارچێوەی ئاسایشی دەوڵەت و هەڕەشە دەرەکی و سەربازییەکانەوە بخوێندرێت، بەڵکوو بوار و بابەتەکانی ئاسایش فراوان بوون و، تەواوی ڕەهەندەکانی ئاسایش کەوتە بەر پڕۆسەی دووبارە وێناندن و بیردۆزاندنەوە. ئۆل وەیڤەر (Ole Wæver) وەکوو یەکێک لە گەورەترین شارەزایانی بواری ئاسایش، پێی وایە ئاسایش لە بنەڕەتدا بوونێکی ڕاستەقینە و سەربەخۆی نییە، بەڵکوو کردارێکی گوتارییە (speech-act)، لە ڕێگهی گوتارەوە پرسێک لە هەڕەشە بۆ دەرفەت دەتواندرێت بگوازرێتەوە و، بە پێچەوانەوەیش. ئەو جۆرە وێناندنە، بە یەکێک لە گەورەترین گۆڕانکارییەکان لە خوێندنی پرسە جیاوازەکانی ئاسایش دادەنرێت.
قوتابخانەی کۆپنهاگن پێی وایە تەنیا لە ئاستێکی دیاریکراودا، ڕووداوێک یان هێزێک و هەر شتێکی دیکە دەبێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایش، ئەویش کاتێک، بوو بە هەڕەشە لەسەر مانەوە و وجوودی کیانەکە. واتە مەرجی سەرەکیی ناساندنی شتێک بە هەڕەشە لەسەر ئاسایش، ئەوەیە کە ببێتە هەڕەشەیەکی یەکلاکەرەوە و چارەنووسساز (existential threat) لەسەر تەواوی وجوودی کیانەکە. هەڕەشە لە ڕوانگەی قوتابخانەی کۆپنهاگندا، ڕاستەوخۆ دەبێتە پەکخستنی سەروەریی کیانەکە. ڕاستە هەڕەشەکان دەکرێت لە سێکتەر و شوێنی جیاوازاوە سەر هەڵبدەن، دەشێت ناسەربازیش بن، بەڵام بۆ ئەوەی هەر شتێک ببێتە هەڕەشە، دەبێت بەتەواوی لەگەڵ کۆمەڵێک پێوەر و بنەما یەک بگرێتەوە کە بۆ جیاکردنەوەیان لەگەڵ پرسێکی سیاسەتی ئاسایی (normal politics)، دەستنیشانی ئاستی هەڕەشەکە دەکەن. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشەیەیش، دەسەڵات پەنا بۆ هەموو پێوەر و ئامرازێکی لەناکاو، ئاسایی و نائاسایی دەبات.
سەرەڕای ئەوەی قوتابخانەی کۆپنهاگن باوەڕی وایە بوارەکانی ئاسایش، دەبێت فراوان بکرێن و کێشە سەربازی، سیاسی، ئابووری، ژینگەیی و کۆمەڵگهیییەکان لەخۆ بگرێت و، دەبێت جگە لە دەوڵەت، کۆمەڵگهیش وەکوو یەکەیەکی سەرەکی سەیر بکرێت، بە واتای ئەوەیە هەڕەشەکانی سەر کۆمەڵگهیش، دەشێت ببنە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی. بەڵام لە دواجاردا، پێشنیازی ئەوە ناکەن تەواوی هەڕەشەکانی سەر دەوڵەت و کۆمەڵگه وەکو پرسێکی ئاسایش و ئەمنی سەیر بکرێن، یا وەکو هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی دابندرێت، چونکە ئاسایش لە ڕوانگەی قوتابخانەکە بریتییە لە گوزارشتکردن لە "وجود و مانەوە"، نەوەک بارێکی ئاسایی. تێگەیشتنی قوتابخانەکە بۆ ئاسایش بریتییە لە بوونی بار و دۆخێکی نائاسایی، کاتێک پرسێک و کێشەیەک وەکوو هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی سەیر دەکرێت، ئەوا دۆخێکی جیاکاری، هەڵاوێردوویی و تەنگەتاوی پێ دەدرێت. لە هەمووی گرنگتر، ئاسایش سروشتێکی سەربازی و عەسکەریی هەیە، هەر کاتێک پرس و بابەتە جیاوازەکانی کۆمەڵگه بە هەڕەشە لەسەر ئاسایش ناسێندران، ئەوا ڕاستەخۆ پڕۆسەی بەمیلیتاریزەکردنی کۆمەڵگە دەست پێ دەکات. لەبەرئەوە، لە پرسی ناساندنی هەر شتێک بە هەڕەشە، دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە لەگەڵ ئەوەدا، دەبێت مامەڵەیەکی ئاسایشییانەی لەگەڵدا بکرێت، کە لە هەمان کاتدا، سروشتێکی سەربازییانەیش بەو پرسە دەدرێت.
ئاسایش بریتییە لە جووڵەیەک یان حاڵەتێک، تیایدا سیاسەت دەخرێتە سەرووی ڕێساکان و لە دەرەوەی چوارچێوە ڕێکارە ئاسایییەکان دەبێت؛ ئەو قۆناغەیش بریتییە لە بەئاسایشیکردن (securitization). بەئاسایشیکردن بریتییە لە سیاسەتی وێناکردن و پێناسەکردنی پرسێک، وەکوو وێنەیەکی زۆر توندی بەسیاسەتکردن.
بونیادنانی دەوڵەت و سەربەخۆیی، وەکوو بنەمایەکی هەڵسەنگاندنی هەڕەشە و دەرفەت
ئەگەر هەڕەشە و دەرفەت لەسەر ئاسایشی وڵات لە حاڵەتێکی داینەمیک و بارگۆڕاودا بن، ئەوا زۆر زەروورە بەرمەبنای بەهایەک، یان بەرژەوەندییەکی باڵا هەڵسەنگاندن و پلەبەندکردنی هەڕەشەکان بکرێت. لە پرسی هەرێمی کوردستاندا، پێم وایە ئەو بنەمایە گرنگە، دەبێت پرسی بونیادنانی دەوڵەت و سەربەخۆیی بێت. بەو مانایەی کە هەر شتێک ببێتە مایەی سەرخستنی پڕۆسەی بونیادنانی دەوڵەت و، ئەو کیانە نزیک بکاتەوە لە سەربەخۆیی، ئەوا دەبێت وەکوو دەرفەتێک سەیر بکرێت و، بە پێچەوانەیشەوە، هەر شتێک ببێتە مایەی زەرەر و پەکخستنی پڕۆسەی بونیادنانی دەوڵەت و هەوڵەکانی سەربەخۆیی، ئەوا دەبێت بە هەڕەشە دابندرێت.
مەبەستی سەرەکی لە پڕۆسەی بونیادنانی دەوڵەت، بەرزکردنەوە و پتەوکردنی توانای ئەو کیانەیە بۆ جێبهجێكردنی ئەرکەکانی بە شێوەیەکی کارا، هەروەها مەبەستیش لەو پڕۆسە سیاسییانەیە کە پەیوەندیی نێوان دەسەڵات-کۆمەڵگه دادەڕێژنەوە. زۆربەی تیۆریستەکان لەسەر ئەوە کۆکن دەوڵەتێکی کارا پێداویستی و پێشمەرجێکی حەتمیی گەشەکردنی نەتەوەیەکە؛ لەبەر ئەوە، دەوڵەتسازی بە بنەمایەکی سەرەکی و زەروریی پڕۆسەی نیشتمانسازیش (nation-building) دادەنرێت. دەوڵەتسازی لەسەر ئەو گریمانەیە کار دەکات کە ئاشتی و پێشکەوتنێکی درێژخایەن، هەروەها دیموکراسی، پێویستیی بە دەوڵەتێکی کارا، بە مانای دامەزراوەیەکی حکوومیی بەهێز و شەرعی دەبێت. گفتوگۆیەکی سەرەکی لێرەدا سەرهەڵدەدات بەوەی لە نەبوونی بونیاد و دامەزراوە دەوڵەتییەکان، وا دەکات دەسەڵات توانای کۆنتڕۆڵکردنی بەسەر توندوتیژی (control over violence) و بەرقەرارکردنی ئاسایشدا نەمێنێت. لە ڕێگهی بونیادنانی دەوڵەتەوە، ئەرکە بنەڕەتییەکانی کیانێکی دیموکراسی بەجێ دەگەیەندرێت. سێ هەنگاوەکەی دەوڵەتسازی لە ڕوانگەی فرانسیس فۆکۆیاما، بۆ تێگەیشتن لە هەلومەرج و واقیعی هەرێمی کوردستان لە دوای هەڕەشەی داعشەوە، زۆر گرنگە: هەنگاوی یەکەم، بونیادنانەوە و هەڵسانەوە دوای جەنگ؛ ئەم هەنگاوە جەخت دەکاتە سەر ئاسایش و سەقامگیری وەکوو بنەمایەکی سەرەکی بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی گواستنەوە. هەنگاوی دووەم، بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت. هەنگاوی سێیەمی دەوڵەت-سازی، دەوەستێتە سەر بەهێزکردنی دەوڵەت و کۆمەڵگه، بەتایبەت لە بوارەکانی سەروەریی یاسا و پەروەردە و تەندروستی.
ڕێبەستەکانی بەردەم دەوڵەتسازی لە هەرێمی کوردستان زۆرن: هەرێم بە دۆخێکی زۆر ناجێگیر و لاوازدا تێپەڕ دەبێت؛ لە بەردەم هەڕەشەی جۆراوجۆر لە شێوەی هەڕەشەی داعش، بەرشکەست دەبێت؛ پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیدا بە ناجێگیری ماوەتەوە. لەم جۆرە ژینگەیەدا، بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت ڕووبەڕووی قەیرانی گەورە دەبێتەوە. بۆیە زۆر جار هەلومەرجە ناوخۆیییە نەخوازراوەکان، دەتوانن ببن بە هەڕەشە لەسەر پڕۆسەی بونیادنانی دەوڵەت و سەربەخۆیی.
بەکورتی، یەکێک لەو بنەمایانەی دەکرێت لە ئێستاوە و تا ئەو کاتەیشی دەبینە دەوڵەت، بریتی بێت لە بنەمای پەیوەستبوونی بەرژەوەندییەکان بە پرسی "دەوڵەتی کوردستانەوە". پاشان ئەو سەرچاوە و ئامرازانە دیاری بکرێن کە دەبنە هۆی پاراستن و بەدیهێنانیان. لەبەر ئەوە، هەر پرسێک ببێتە هۆی نزیکبوونەوە لە سەربەخۆیی، بە فۆڕمە فراوانەکەی سەربەخۆیی، ئەوا دەکرێت ببێتە مەرجێکی سەرەکی بۆ ئەولەوییەتپێدانی. هەموو ڕێگهکان، دەبێت بۆ دەوڵەتسازی و دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان بێت؛ بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ ئەرکێکی گرینگی دیکەی لە سەرووی دامەزراندنی بونیادی دەوڵەتی کوردستانەوە، نییە.