کوردستان لە سیستەمی هەرێمایەتیی نوێدا

ڕەهەندی هەرێمایەتی، ڕۆڵێکی گەورە لە چارەنووسی کیانە نادەوڵەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبینێت. لەژێر ڕۆشنیاییی ئەو واقعەدا، ئەم بابەتە هەوڵ دەدات بەکورتی وەڵامی چەند پرسیارێک لەسەر سیستەمی ئاسایشی هەرێمایەتی (regional security order) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بخاتە ڕوو؛ هەروەها لەژێر ڕۆشناییی گەڕان بە دوای وەڵامی ئەو پرسیارانە، هەوڵ دەدات چەند ڕوانگەیەک لەسەر ئاییندەی هەرێمی کوردستان لە سیستەمی هەرێمایەتیی ناوچەکەدا بخاتە ڕوو. بەو پرسیارە دەست پێ دەکەین: ئایا پێشتر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ سیستەمێکی ئاسایشی هەبووە؟ ئەگەر هەیبووە، چی بووە و، بۆچی شکستی هێنا؟

لێرەدا بۆچوونی جیاواز هەن: هەیە پێی وایە بەڵێ سیستەمێک بوونی هەبووە و، هەیە پێی وایە نەخێر، ئەوەی هەبووە ناتواندرێت ناوی بنرێت سیستەم. بەرەی یەکەم پێی وایە هەر لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتە نوێیه‌کان لە دوای ڕێککەوتننامەی سایکس پیکۆ و جەنگی جیهانیی یەکەم و لێکهەڵوەشانەوەی خەلافه‌تی عوسمانی، سیستەمێکی نوێ لەسەر بنەمای پاراستنی سنوور و یەکپارچەییی خاک و دەستێوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی دروست بوو. یەکێک لە بنەماکانی ئەو سیستەمە، یان یەکێک لە کۆلەکەکانی، بریتی بوو لە بوونی چەند ڕژێمێکی تۆتالیتاری و چەند فەڕمانڕەوایەکی تاکڕەو، بۆ ئەوەی سنوور و پەیوەندییەکان و بنەماکانی ئەو سیستەمە بپارێزن. ئەو سیستەمە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبێت و، لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمه‌وە تا "ڕێککەوتننامەی کامپ دێڤد" کە لە ١٩٧٨ لە نێوان میسر و ئیسڕائیل بەسترا، چوارچێوەی سەرەکیی سیستەمی هەرێمایەتی لەسەر بنەمای ململانێی فەڵەستین-ئیسڕائیلەوە دروست ببوو؛ واتە پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان کەوتبوونە ژێر کاریگەریی ئەو ململانێیەوە. دوای ئەوە، یەکێک لە ڕووداوە گەورەکان لە سیستەمی هەرێمایەتی بریتی بوو لە جه‌نگی نێوان عێراق و ئێران؛ لەوێدا هەموو دەوڵەتە عەرەبییەکان پشتی عێراقیان لە دژی ئێران گرت. ئەوە سەرەتایەک بوو بۆ دابڕینی ئێران لە سیستەمی ئاسایشی ناوچەکە و لەقکردنی سیستەمەکە.

هەر سیستەمێکی هەرێمایەتی بۆ ئەوەی بەردەوام بێت، پێویستی بە بونیاد و دامەزراوە هەیە بۆ ئەوەی پەیوەندیی نێوان ئەندامەکان ڕێک بخات و، هەروەها سەروەریی دەوڵەتەکان بپارێزێت. بۆ ئەو مەبەستە کۆمکاری عەرەبی و چەند دامەزراوەیەکی دیکە دامەزران. لەگەڵ ئەوەیش، بەردەوام ئەو دامەزراوانە ڕەخنەی ئەوەیان لێ گیراوە کە ناتوانن نوێنەرایەتیی تەواوی هێز و دەوڵەتەکانی ناوچەکە بکەن. زۆربەی جار هەوڵ دراوە هێزێکی هەرێمایەتی وەکوو ئێران لە دەرەوەی دامەزراوە و ڕێکخراوەکاندا بهێڵدرێتەوە، یان ئامانجی دروستکردنی دامەزراوە و ڕێکخراوێک لە دژی ئێران یان دەوڵەتێکی دیکە بووە؛ "ئەنجومی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو" بە نموونە. ئەو سیستەمە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە هۆی جه‌نگی سارده‌وه‌ بەپارێزراوی مایەوە. هەروەها لە ئاستی ناوەخۆییدا دەسەڵاتە تاکڕەو و دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە، توانییان ناڕەزایییەکانی ناوخۆ سەرکوت بکەن و درێژە بە فەرمانڕەوایەتیی خۆیان و پەیوەندییە هەرێمایەتییەکانیان بدەن.

بە درێژاییی مێژووی ئەو سیستەمە، بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان، بەتایبەت کورد، هەروەها بزووتنەوە ئیسلامییەکان، کە لە دژی سیستەمی دەوڵەت بوون، بە هەموو شێوەیەک سەرکوت دەکران؛ بەتایبەت لەژێر پاساوی دەستێوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆییی ئەو وڵاتانە. گۆڕانکارییەکانی دوای جەنگی سارد و زاڵبوونی سیستەمی لیبراڵی جیهانی، بووە سەرەتایەک بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەی چیڕۆکی نەتەوە و کۆمەڵگە جیاوازەکان کە بۆ ساڵانێکی زۆر لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە سەرکوت کرابوون، لەوانە: ڕاپەڕینی کورد لە ١٩٩١ و، دەستێوەردانی نێودەوڵەتی لە دژی بنەمای سەروەریی دەوڵەت. لەگەڵ ئەوەیش، ئەو ڕووداوانە نەبوونە هۆی لاوازبوونی سیستەمی هەرێمایەتیی ناوچەکە؛ دەربازی بوو و، مایەوە تا ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی.

ئەو قۆناغە لە ساڵی ٢٠١١ بە سەرهەڵدانی ڕاپەڕین لە تونس و میسر و لیبیا و یەمەن و سووریا ڕووبەڕووی شەپۆڵێکی گۆڕانکاریی بونیادی بووەوە؛ لەوێدا قۆناغێکی نوێ دەستی پێ کرد. ئەگەر دروشمی زۆربەی ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی، بریتی بووبێ لە عەدالەتی کۆمەڵایەتی و دیموکراسی و ژیانێکی باشتر، ئەوا لە ناوەڕۆکیدا بریتی بووە لە شکستی سیستەمی هەرێمایەتی. واتە ئەوەی ڕووی دا، بووە هۆی دروستبوونی پرسیاری گەورە و جددی لەسەر سیستەمی هەرێمایەتی کە لەسەر بنەمای سیستەمی دەوڵەت و بنەماکانی سەرەوەری و یەکپارچەییی خاک و سنووری وڵاتە دروستکراوەکانەوە دروست بوو و، لە لایەن چەند دیکتاتۆرێکەوە دەپارێزران. سەرهەڵدانی داعش ئەو گۆڕانکارییانەی بردە قۆناغێکی نوێوە؛ شێوازی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و سنوورەکانی گۆڕی. داعش جگە لە ئایدیۆلۆژی و هزرە توندڕەوەکەی، ئەوەی جیای دەکردەوە بریتی بووە لەوەی داعش هەم بەرهەمی شکستی سیستەمی هەرێمایەتیی ناوچەکە بوو، هەمیش بووە هۆکاری زیاتر شەقبردن و لێکترازانی سیستەمی ناوچەکە.

بەرەی دووەم: ئەو بەرەیە باوەڕی وایە هەر لە بنەڕەتدا سیستەمێکی هەرێمایەتی لە ناوچەکە نەبووە؛ ئەوەی هەبووە چەند دیکتاتۆرێکی بەهێز هەبوونە، پەیوەندییە هەرێمایەتییەکانیان لەسەر چەند بنەمایەکی تەسک و بەرژەوەندیی کەسی داڕشتووە. دەوڵەتی بەهێز بوونی نەبووە، بەڵکوو ڕژێمی بەهێز بوونی هەبووە. واتە سیستەمێک نەبووە کە خاوەنی بنەما و دامەزراوە و بەها و تێگەیشتنی هاوبەش لەسەر ئاسایش و هەڕەشە بێت. هەر سیستەمێک بوونی هەبێت، دەبێت چوارچێوەیەکی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت هەموو هێز و کیانەکانی ناوچەکە لەخۆ بگرێت. ئەوەی لە ڕابردوودا هەبووە، تەنیا هاوپەیمانێتیی چەند کەسانێک بووە نەوەک بوونی یەکێتییەکی ڕاستەقینە.

قۆناغی ٢٠١١-٢٠١٧؛ قۆناغی گواستنەوە و تێکشکانی سیستەمی هەرێمایەتی

ئەو قۆناغە بە ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی، بە ڕووخانی ڕژێمە کلاسیکییەکانی تونس و میسر و لیبیا و یەمەن دەستی پێ کرد و، سەرهەڵدانی داعش سنوور و سەروەری و وجوودی ڕژێمی سووریا و عێراقی خستە ژێر هەڕەشەی لەناوچوونەوە. لەو قۆناغەدا چیدی پەیوەندیی نێوان دەوڵەتەکان تەنیا لە نێوان حکوومەتە مەرکەزییەکان بە سەرکردایەتیی نوخبەیەک، یان بنەماڵەیەکی حوکمڕانەوە بەڕێوە نەدەبردران، بەڵکوو لە مەیداندا چەندین هێزی نوێ و ئەکتەری نادەوڵەتیی جیاواز سەریان هەڵدا. ئەو بۆشایییەی لە دەسەڵات و ئاسایش و بەڕێوەبردندا دروست ببوو، لە لایەن ئەو هێزانە پڕ کرانەوە؛ لە بەرامبەریشدا دەرکەوتنی ئەو هێزانە پرسیاری گەورەیان لەسەر دەسەڵات و سەروەری و یەکپارچەییی وڵاتەکانی ناوچەکە دروست کرد. لە نموونەی ئەو هێزانە: پەیەدە لە ڕۆژاوا، حووسییەکان لە یەمەن، حەشدی شەعبی لە عێراق، هەروەها ئەکتەرەکانی وەکوو هەرێمی کوردستان و حزبوڵڵا لە لوبنان، سوودی زۆریان لە گۆڕانکارییەکان بینی، دەسەڵات و کۆنترۆڵی دیفاکتۆی خۆیان قایمتر کرد و، لە چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی لە جەنگی دژ بە داعش ڕۆڵی زیاتر و ڕەوایەتیی زیاتریان وەرگرت، بەتایبەت هەرێمی کوردستان. ئەو هێز و ئەکتەرە نادەوڵەتییە نوێیانە نەک هەر لە ڕووی ئەمنی و سەربازییەوە توانییان وەکوو هێزی کارا لە مەیداندا دەربکەون، بەڵکوو هەوڵ دەدەن ئەو خزمەتگوزارییانەیش پێشکەش بکەن کە خەسڵەت و ئەرک و کاری دەوڵەت بووە لە ڕابردوودا. لەوەیش زیاتر، بوون و ڕەوایەتییان لەسەر گرێبەستی کۆمەڵایەتی بونیاد ناوە و، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ خەڵکدا لە چوارچێوەی جوگرافیایەکی دیاریکراو، زیاتر لەسەر بنەمای ناسنامەی نەتەوەیی، یان ئایینی و تائیفی بووە. بەکورتی، ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان بوونەتە بەشێک لە سیستەمی حوکمڕانێتی و بەڕێوەبردنی ناوچەکە، لە ئێستا و ئایندەیەکی نزیکدا بەئاسانی ناتوانن ببن بە دەوڵەت و خاوەن کیانەکی سەربەخۆ، بەڵام لە هەمان کاتیش ناتواندرێت پشتگوێ بخرێن و دوور بخرێنەوە.

ئەو سەردەمه‌، بە سەردەمی زێڕینی کیانە نادەوڵەتییەکان دادەنرێت، کە تیایدا پانتایی و بوارێکی بێوێنە بۆ جووڵه‌کردن و پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەکتەرە دەوڵەتییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هاتە ئاراوە. یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین نموونەی ئەو قۆناغە، ڕووداوی چوونی ‌هێزەکانی پێشمەرگە بوو بۆ کۆبانێ؛ ئەکتەرێکی نادەوڵەتی، هێز بۆ ئەکتەرێکی نادەوڵەتیی دیکە بە سنووری چەند دەوڵەتێکی دانپێنراوەوە و، بە ئاگاداریی ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکانەوە دەنێرێت. ئەو ڕووداوە لە ناوەڕۆکیدا بریتی بوو لە ئەزموونکردنی گۆڕانکاری لە سیستەمی هەرێمایەتیدا. لەو قۆناغەدا، هەرێمی کوردستان وەکوو ئەکتەرێکی بەهێز هاوشانی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان دەرکەوت، تا گەیشتە ئەو ئاستەی کە پێی وا بێت دەبێت ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدات و شوێن و ناونیشانێکی یاسایی، وەکوو دەوڵەتێکی سەربەخۆی لەنێو سیستەمی هەرێمایەتیی ناوچەکەدا هەبێت. واتە لاوازبوونی سیستەمی هەرێمایەتیی ناوچەکە، کە به‌ بەهاری عەرەبی دەستی پێ کرد و بە دەرکەوتنی داعش گەیشتە لووتکە، ڕێگەی بۆ هەرێمی کوردستان خۆش کرد بیر لە سەربەخۆیی بکاتەوە و ڕیفراندۆم ئەنجام بدات. بەڵام هاوکێشە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان لە ساتەکانی کۆتاییی جەنگی داعش لە سووریا و عێراق بەپێچەوانەی ئاراستەی هەرێمی کوردستان ڕۆیشت. ئەوەی ڕووی دا، ئەوە بوو کە خوێندنەوەیەکی دروست بۆ کاتی ڕیفراندۆم و ڕووداوە هەرێمایەتییەکان نەکرابوو.

لاوازبوونی سیستەمی هەرێمایەتی و ڕووخانی چەند ڕژێمێکی ناوچەکە و لاوازبوونی چەند دەوڵەتێکی دیکە، بووە هۆی دروستکردنی کێشەی زۆر بۆ وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەت ئاوارەبوونی خەڵکێکی زۆر و زیادبوونی کردەوە تیرۆریستییەکان لە ئەوروپا. بەڵام لە ٢٠١٧دا، دوو دەوڵەت، کە بۆ ماوەیەکی زۆر وەکوو دەوڵەتی شکستخواردوو دەناسران و ببوونە مایەی کێشەی زۆر بۆ ئەوروپا، توانییان بەهێز دەربکەونەوە و سەرکەوتنی گەورە بەسەر داعش تۆمار بکەن و دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی خۆیان لە مەیداندا بەهێز بکەنەوە؛ ئەوانیش سووریا و عێراق بوون. لەبەر ئەوە تێگەیشتنی وڵاتانی ڕۆژاوا، بەتایبەت وڵاتە ئەوروپییەکان بۆ سیستەمی هەرێمایەتی و ئاییندەی کیانە نادەوڵەتییەکان دەستی بە گۆڕان کرد و، ئەو گۆڕانکارییە لە دژایەتیکردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان گەیشتە لووتکە؛ کە من پێم وایە لێرەدا قۆناغێکی نوێ لە سیستەمی ئاسایشی هەرێمایەتی دەست پێ دەکات؛ قۆناغێکە جۆرێک لە گەڕانەوەیە بۆ سیستەمی دەوڵەت و بەهێزکردنەوەی ڕژێمەکانی ناوچەکە.

قۆناغی ٢٠١٧ و دواتر؟

دژایەتیکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەت هێزە ئەوروپییەکان لەسەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیری کوردستان، لە ناوەڕۆکیدا بریتی بوو لە گەڕانەوە بۆ سیستەمی دەوڵەت، بە‌هێزکردنەوەی دەسەڵاتە مەرکەزییەکان و دوورکەوتنەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کیانە نادەوڵەتییەکان. به‌ڕاستی هێشتا زووە بە ڕیفراندۆمی سێپتەمبەر بڵێین "شکست"، یان هەر ناوێکی دیکەی لێ بنێین، بەڵام ئەو پاشەکشەیەی لە پرۆسەی سەربەخۆییی کوردستان دروست بووە و، ئەو سیاسەتی گۆشەکیرکردنەی کوردستان، بەشێکی گەورەی پەیوەندیی بەوەوه‌ هەیە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نایەوێ نەخشەکانی ناوچەکە دەستکاری بکرێ و، دەیەوێ سیستەمی دەوڵەت لە ناوچەکە بەردەوام بێت و مەرکەزەکانیش بەهێز ببنەوە. بۆیە پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: هەرێمی کوردستان دەبێت چی بکات؟ ئاییندەکەی بەرەو کوێ دەڕوات؟

  • سیستەمی هەرێمایەتی کە هێشتا شێوەیەکی نوێی وەرنەگرتووە، بەڵام ئاماژەکان دەری دەخەن کە تێگەیشتنێکی زۆر هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ حکوومەتە مەرکەزییەکان و لاوازکردنی کیانە نادەوڵەتییەکان.
  • بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قۆناغە نادیارە، دەبێت لە ناسینی خودەوە دەست پێ بکەین. هەرێمی کوردستان دەبێت خۆی بناسێت، خاڵه‌ بەهێز و لاوازەکانی لە بەرامبەر ڕووداوە خێراکانی ناوچەکە بزانێت؛ کە بەشی زۆری پەیوەندیی بە دۆخی حوکمڕانییه‌وه‌ هه‌یه‌ لە کوردستاندا.
  • پاراستنی کیان و سنووری هەرێمی کوردستان وەکوو کیانێکی دیفاکتۆ، دەبێت ئەولەوییەتی سەرەکیی هەمووان بێت؛ بە هەر نرخێک بێت، دەبێت بپارێزرێت.
  • هەرچەنده‌ بەناچاری هەرێمی کوردستان دەبێت لە بەغدا نزیک بێتەوە و لە سیاسەتی بەغدا بەشدار بێت، بەڵام نابێت بیری سەربەخۆیی و بیری ئەوەی "ئێمە جیاوازین" لاواز ببێت، بەڵکوو ده‌بێ‌ چاوەڕێی دەرفەت و هەلومەرجی نوێ بێت.
  • دەڵێن سیاسەت لە عێراق وەکوو كه‌شوهەوای لەندەنە: ئەگەر حەزت لێی نەبوو، چاوەڕێ بکە دەگۆڕێت؛ دەبێت کورد چاوەڕێ بێت تا هاوکێشەکان دەگۆڕێن.
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples