لە خەباتی هەموو ئەو کیانانەی بەرەو دەوڵەت و سەربەخۆیی ڕۆیشتوونە، بوونی گوتارێکی بەهێز و یەکگرتوو، بووەتە بەشێکی گەورە لە ستراتیژییەتی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی. گوتار هەموو جار لە دەرەنجامی کۆمەڵێک ڕووداو و فاکت لە واقعدا دروست نابێت، بەڵکوو خودی خۆی دەتوانێت ببێتە دروستکەری فاکت و واقعێکی نوێ. بە خوێندنەوەی دۆخی ئێستای سیستەمی نێودەوڵەتی و سیاسەتی وڵاتە زلهێزەکان و بارودۆخ و ناونیشانی هەرێمی کوردستان، لەو بابەتەدا پێشنیازی چوار گوتار کراوە، کە دەبێت لە لایەن تەواوی دەزگه جیاوازەکان بەکار بهێندرێت، تا شێوەی گوتارێکی تۆکمە و بەهێز وەربگرێت و، هێندە دووبارە بکرێتەوە تا دەبێتە "واقع".
١- مافی بەدەوڵەتبوون لە جێگەی مافی بڕیاردانی چارهنووس
دیارە ئەو بابەتە زیاتر پەیوەندیی بە پسپۆرێتیی یاسای نێودەوڵەتییەوە هەیە، بەڵام من لە ڕوانگە سیاسییەکە و لە چوارچێوەی بابەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە سەیری دەکەم. مافی بەدەوڵەتبوون، دەبێت ئامانجی گەلی کوردستان بێت، نەوەک ئەلتەرناتیڤەکانی دیکە کە مافی بڕیاردانی چارهنووس دەتوانێت لەخۆ بگرێت، لەوانە: ڕازیبوون بە مانەوە لە عێراق. مافی جیابوونەوە و مافی بەدەوڵەتبوون مافێکی دانپێنراون لە یاسای نێودەوڵەتیدا، بەڵام هەر لە هەمان یاسای نێودەوڵەتیشدا "پاراستنی یەکپارچەییی خاکی وڵات و سەروەری"، بنامەیەکی سەرەکیی سیستەمی نێودەوڵەتی بووە و ڕێگەی لە سەرهەڵدانی دروستبوونی کیانی نوێ گرتووە. بۆیە ئەرگومێنتەکە، دەبێت بەم شێوەیەی خوارەوە دەرببڕێت:
کوردستان مافی بەدەوڵەتبوونی هەیە، ئەو مافەیش لە چوارچێوەی مافی بڕیاردانی چارهنووسدا هاتووە و، هەموو ئەو بنەمایانەی کیانێک دەبێت هەیبێت بۆ ئەوەی موماڕەسەی ئەو مافی جیابوونەوەیه بکات، کوردستان هەیەتی و، یەکپارچەییی خاکی عێراقیش هەقیقەتێکی مێژوویی و سروشتی نەبووە، بەڵکوو لە دەرەنجامی گۆڕانکارییەکانی دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە دروست بووە؛ بە هەمان شێوە، دەکرێت دووبارە دەستکاری بکرێتەوە، بەتایبەت کاتێک دەبێته مایەی سەقامگیریی زیاتر بۆ ناچەکە و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و موماڕەسەکردنی مافە دیموکراتییەکانی گەلی کوردستان. دواجار بنەمای داواکردنی مافی بەدەوڵەتبوون ئەو تاوان و جینۆساید و هەوڵی قڕکردنانەیە كه لە دژی گەلی کوردستان بە درێژاییی مێژووی ١٠٠ ساڵی ڕابردوو ئەنجام دراون، چونکە لەبیرمان نەچێت لە ئێستادا هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر وجوودی کورد لە لایەن حکوومەتی بەغداوە بوونی نییە، بەڵکوو ئێمە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو ڕووداوانەی لە ڕابردوو ڕوویان داوە و، کەیسی جینۆسایدی ئێزدییەکان وەکو نموونەیەک بۆ ترسی کورد لە جینۆساید و سیاسەتی قڕکردن ڕوون بکرێتەوە.
ڕیفراندۆم دووپاتی دەکاتەوە ئەوە خەڵک و گەلێکن دەیانەوێت لە وڵاتێک جیا ببنەوە، نەوەک بڕیاری کەسێک. ڕوونی دەکاتەوە ئەوە بڕیاری خەڵکە کە بە درێژاییی مێژوو نەتواندراوە وەکوو گەلێکی خاوەن ماف لەنێو ئەو وڵاتەدا بژین و، ئەگەر هەوڵێکی شەراکەت و هاوبەشیش لە حوکمڕانیدا درا بێت ئەوا سەرکەوتوو نەبووە و، لە ئاییندەیشدا ناتواندرێت سەرکەوتوو ببێت. ئەگەر ئێستایش نەبێت، ئەوا سەربەخۆیی و جیابوونەوە هیچ بەدیلێکی هەقیقیی دیکەی نییە و نابێت و، هیچ چارەسەرییەکی سیاسیی دیکە جگە لە سەربەخۆیی، ناتوانێت کۆتایی بە کێشەکانی نێوان کوردستان و عێراق بە شێوەیەکی ئاشتییانە بهێنێت. سەربەخۆیی و دەوڵەت کە لە لایەن کوردستانەوە داوا دەکرێت، هەوڵێکە بۆ کۆتاییهێنان بە نادڵنیایی و ناڕۆشنییەک لەسەر ئاییندەی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و عەرەب لە عێراق، لەنێوان هەرێم و بەغدا؛ کە ئاخۆ لە ئاییندەدا ئەو ناکۆکییانە، دەبێت چ فۆرمێک وەربگرن کاتێک گۆڕانکاریی سیاسی لە بەغدا ڕوو دەدات.
٢- سەقامگیریی ناوچەکە
گوتارێک كه دەبێت بەردەوام جەختی لەسەر بکرێتەوە، ئەوەیە کە دەوڵەتی کوردستان نابێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە. ئەرگیومێنتی ئەو گوتارەیش مێژووی ٢٦ ساڵەی هەرێمی کوردستان دەبێت، کە هەرێم بۆ زیاتر لە دوو دەیە، نەبۆتە هەڕەشە لەسەر هیچ یەک لە وڵاتەکانی ناوچەکە، تەنانەت لە کاتی جهنگی ناوخۆیشدا تەنیا زیانی بۆ خۆی هەبووە نەوەک وڵاتانی دراوسێ. نەوەک هەر نەبۆتە هەڕەشە، بەڵکوو بووەتە هۆکاری سەقامگیری لە عێراق و ئیزافەیەکی باشی بۆ سەقامگیریی ناوچەکە هەبووە، بە نموونە: نزیکەی ٣٠٠ هەزار ئاوارەی جهنگی سووریای لەخۆ گرتووە، بە دەیان هەزار خەڵکی عەرەب لە دەست جهنگی تائیفی و ناسەقامگیری لە عێراق لە دوای ٢٠٠٣ەوە هاتوونەتە کوردستان و سەرەڕای بوونی زیاتر لە ملیۆن ئاوارەی ناوچە جیاوازەکانی عێراق کە لە دەرەنجامی جهنگی داعش ڕوویان لە کوردستان کرد. بەڵام شتێک لێرەدا هەیە، کە بە هیچ شێوەیەک نابێت بگوترێت ئێمە کۆتایی بە نەخشە و سنووری سایکس پیکۆ دەهێنین، چونکە سایکس پیکۆ تەنیا بریتی نییە لە نەخشە و سنوور، بریتییە لە سیستەمێکی هەرێمایەتیش و تەنیا بۆ کورد دانەڕێژراوە. بۆیە کورد نابێت گوتاری تێکدانی سیستەمی سایکس پیکۆی هەبێت و داوای گۆڕانی تەواوی نەخشە و سیستەمی هەرێمایەتی ناوچەکە بکات، بەڵکوو دەوڵەتی کوردستان دەبێتە بەشێک لەو سیستەمە و تەنیا بە دوای شوێنی خۆیەتی، نەوەک تێکدانی تەواوی سیستەمی هەرێمایەتیی ناوچەکە؛ چونکە ئەوە ئەرکی کورد نییە، لە توانایشیدا نییە و خەونی ئەویش نییە.
٣- ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر
ئەگەر لە ئێستا، یان لە ئاییندەیەکی نزیکدا کوردستان بتوانێت سەربەخۆیی بەدەست بهێنێت، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ "جهنگی داعش". داعش لە هەڕەشەیەکی وجوودی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، گۆڕا بۆ دەرفەتێکی گەورە بۆ سەربەخۆیی، بەتایبەت دوای ڕۆیشتنی هێزەکانی سوپای عێراقی لە ناوچە کوردستانییەکان و، بەدەستهێنانی پشتگیرییەکی بێوێنەی سیاسی و سەربازی لە لایەن کۆمەڵگهی نێودەوڵەتییەوە؛ بەتایبەت داعش، بوو بە هەڕەشەیەک لەسەر وڵاتانی ئەوروپا لە ڕێگەی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لە وڵاتی جیاوازدا. بۆیە گوتاری سەربەخۆیی لەم چوارچێوەیەدا، دەبێت بەم شێوەیەی خوارەوە بێت:
تیرۆر لە ناوچەکە کۆتاییی پێ نایهت، داعش لە مووسڵ و ڕەققە دەکەوێت، بەڵام ڕەگوڕیشەی داعش دەمێنێتەوە و، گرووپێکی دیکە بە ناوی دیکە دروست دەبێتەوە؛ ئەمەیش دەبێتە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر ناوچەکە و ئەوروپایش. جهنگی تیرۆر تەنیا لە ڕەهەندی سەربازییەوە ئەنجام نادرێت؛ پێویستیی بە خەبات و هەوڵێکی بەردەوامە بۆ ئەوەی لە ڕووی هزری و ئایدیۆلۆژی و سیاسی و حوکمڕانییەوە ڕووبەڕووی تیرۆر ببینەوە لە ناوچەکە. کوردستان نەوەک هەر لە بواری سەربازی و لە مەیداندا دەتوانێت ببێتە ئەندامێکی کارا لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر، بەڵکوو لەسەر ئاستی جیاواز، دەتوانێت ببێتە ئەکتەرێکی باوەڕپێکراو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکە. هەرێمی کوردستان ناتوانێت ئەو ڕۆڵە گەورەیە ببینێت، ئەگەر دەوڵەت نەبێت. ئەگەر نەتوانێت ببێتە ئەندام لە سیستەمی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانێتی و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، ناتوانێت بە دۆخ و ناونیشانی ئێستای، ئەو ڕۆڵە گەورەیە ببینێت. بوونی بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، ڕێگەی بۆ خۆش دەکات بتوانێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا کاراتر بێت و، دەستی بە سەرچاوەی پێویست بگات.
٤- پاراستنی کەمینەکان
دوای کوشتار و هەڕەشەکانی داعش لەسەر کەمینە و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییە جیاوازەکان، بەتایبەتی لە نەینەوا، تایبەتتر لە کەیسی ئێزدییەکان و ئاوارەبوونی مەسیحییەکان، پرسی کەمینەکان لە عێراق بووە پرسێکی جیهانی. بە سەدان ڕاپۆرت و کۆبوونەوە و کۆنفڕانسی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێ کەوتەوە. خاڵی هاوبەشی نێوان هەموو ئەو ڕاپۆرت و نووسینانە، وێنەی ئیجابی و گرنگی هەرێمی کوردستان بوو لەنێو جەرگەی توندوتیژترین ناوچەی جیهاندا، توانیی وەکوو کیان و کۆمەڵگهیەکی میانڕەو و لێبووردە لە بەرامبەر کەمینە جیاوازەکان و ئاوارەکان دەربکەوێت. بۆیە بە هەمان شێوە، گوتارەکە دەبێت بەم شێوەیەی خوارەوە دابڕێژرێت:
دەوڵەتی کوردستان دەبێتە هۆی پاراستنی کەمینە و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکانی ناوچەکە و، دەسەڵاتێکی ئۆتۆنۆمی، یان هەر فۆرمێکی دیکەی گونجاو بێت لە سنووری ئەو دەوڵەتەدا پێیان دەدرێت، ئەمە لە کاتێکدایە بە هۆی زیادبوونی دەسەڵاتی شیعە و "بهئێرانیکردن"ی کۆمەڵگهی عێراقی، کەمینەکان لە بەردەم هەڕەشەی گەورەدان و دەبن. بۆیە دەوڵەتی کوردستان، دەبێتە جێگەیەکی ئارام بۆ کەمینەکان و، ڕێگەیان لێ دەگرێت کۆچی بەلێشاو بۆ وڵاتانی ئەوروپا بکەن.
پوختە: ڕەهەندی نێودەوڵەتی، بەشی گەورەی ستراتیژییەتی سەربەخۆی هەر کیانێک دەبێت. لەم پێناوەیشدا، بوونی گوتارێکی تۆکمە کە هەم لەگەڵ بنەماکانی سیستەمی نێودەوڵەتی و سیاسەت و بەرژەوەندیی زلهێزەکاندا و، هەمیش لەگەڵ ڕووداوەکانی سەر ئەرزی واقع یەک بگرێتەوە، خزمەتێکی زۆر بە پڕۆسەی بەدەوڵەتبوون دەکات.