ئایا ئیدارەی ترامپ ستراتیژییەتێکی نوێی لە سووریادا دەبێت؟

یەکشەممە، ٩ی نیسانی ٢٠١٧، نیک هەیلی، نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "ئەولەوییاتی ئیدارەی ترامپ لە سووریا، خۆی لە گۆڕینی ڕژێمدا (regime change) دەبینێتەوە. شێوازی قسەکردن و پلەبەندکردنی خاڵەکان زیاتر لە ستراتیژییەتێکی نوێ دەچوو، لەوەی تەنیا پەیوەست بێت بە دۆخێکی کاتیی دیاریکراوەوە. بۆ یەکەم جار دوای ماوەیەکی زۆر، ئەمریکا بە شێوەیەکی فەرمی، دووبارە چەمکی گۆڕینی ڕژێم و لابردنی ئەسەدی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی سووریا بەکار هێناوە. نیک هەیلی ئەولەوییاتەکانی ئیدارەی ترامپی لە سووریادا لە چوار خاڵدا کورت کردەوە:

یەکەم: شکستپێهێنانی داعش.

دووەم: سووریایەکی ئارام، بەبێ لابردنی ئەسەد مومکین نییە؛ بۆیە لابردنی ئەسەد بەشێکە لە سیاسەتی ئیدارەی ترامپ. سێیەم: دەرکردنی ئێران لە سووریا، یان کەمکردنەوەی کاریگەری و نفووزی ئێران لە وڵاتەکە. چوارەم: هەنگاونان بەرەو چارەسەرییەکی سیاسی، ئەو چارەسەرییە سیاسییەش دەوەستێتە سەر خاڵەکانی پێشوو، بۆ نموونە: تا ئەسەد بمێنێت، هیچ جۆرە چارەسەرییەکی سیاسی بۆ ئاشتی و کۆتاییهێنان بە جەنگی سووریا، نییە.

ئەوەی جێگەی پرسیارە، تەنیا ١٠ ڕۆژ بەر لەو لێدوانە، نیک هەیلی لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "ئەولەوییەتی ئێمە لە سووریا، چیدیکە بریتی نییە لە لابردنی ئەسەد، بەڵکوو بریتییە لە شکستپێهێنانی داعش؛ لەبەر ئەوە، دەبێت هۆشگیری (focus)، تەنیا لەسەر شکستپێهێنانی داعش بێت." هەر لە هەمان کاتیش، ڕێکس تیلەرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە سەردانی بۆ ئانکارادا گوتی: "خەڵکی سووریا، خۆیان ئاییندەی ئەسەد دیاری دەکەن، نەوەک ئەمریکا." وەکوو دووپاتکردنەوەیەک بۆ ئەو سیاسەتەی کە پێی وابوو لابردنی ئەسەد ئەولەوییەتی ژمارە یەکی ئیدارەی ترامپ نییە، کە تا چەند ڕۆژێک بەر لە هێرشەکە گوتاری فەرمیی ئیدارەی نوێ بوو؛ بەڵام هەر هەمان کەس و هەمان ئیدارە، تەنیا لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا ئاماژەی بە دوو سیاسەتی تەواو جیاواز کردووە: یەکێکیان ئەسەد ئاسایییە ئەگەر بمێنێت، ئەوەی دووەمیان ئەسەد دەبێت بڕوات.

چۆن لەو گۆڕانکارییانە تێ بگەین؟ ئایا لە ماوەی ئەو ١٠ ڕۆژەدا هیچ ڕووداوێکی ستراتیژیی گەورە ڕووی داوە، تا ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە لە دوو گوتاری جیاوازدا بەدی بکرێت؟ یان ئایا ئەو ناجێگیری و ناڕوونی و بەرگۆڕان (volatile) لە ئیدارەی ترامپدا، خودی خۆی ستراتیژییەتێکی سەربەخۆیە؟ بە مانایەکی دیکە، ستراتیژییەتی نوێ، بریتییە لە نەبوونی هیچ ستراتیژییەتێکی جێگیر و دیاریکراو؟

دیپلۆماسییەتی تۆماهۆک: پەیامێکی بەهێز

لە ٧ى نیسانی ٢٠١٧، ئەمریکا لە ڕێى ٥٩ مووشەکى تۆماهۆکەوە، کە لە ئاوەکانى دەریاى ناوەڕاستەوە ئاراستە کرابوون، "بنکەی سەربازیی شوعێرات"ی لە سووریا کردە ئامانج، کە فڕۆکەکانى سووریا لەو فڕۆکەخانەیەوە هێرش و چەکی کیمیایییان بۆ سەر شارۆچکەى "خان شەیخون" ئەنجام دابوو؛ زیاتر لە ١٠٠ کەسى تێدا کوژرا و، نزیکەی ٥٠٠ی تریش بریندار بوون. لە ئەنجامی هێرشەکەی ئەمریکادا، 6 ئەفسەری سەربازیی حکوومەتی سووریا کوژران و، بە لایەنی كەمیشەوە 20 فڕۆکەی جەنگیی حکوومەتی سووریایش تێك شكان.

ئەوە ئەو ڕووداوە گەورەیە بوو، کە بووە هۆی گۆڕانکاریی جەوهەری لە گوتاری ئەمریکا لە ماوەیەکی زۆر کورتدا. ڕاستییه‌كه‌ی، ئێمە نازانین ئەگەر بابەتی نهێنیی دیکەیش جگە لە پرسی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن ئەسەدەوە، لە ئارادا بووبن کە وای کردبێت ئەمریکا بۆ یەکەم جار دوای شەش ساڵ لە دەستپێکردنی جەنگی سووریا هێرش بکاتە سەر سوپای ئەسەد لە وڵاتەکەیدا. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە: ڕووداوە خێراکان دەتوانن شێوە و ناوەڕۆکی هەر ستراتیژییەتێکی نوێ بگۆڕن، یان ئەمریکا بۆ هەر ڕووداوێک ستراتیژییەتێکی تایبەتی دەبێت، کاتێک گۆڕانکارییەکی نوێیش ڕوو دەدات، ئەمریکا دووبارە پێداچوونەوە بە ستراتیژییەتی خۆی دەکاتەوە؟

گۆڕانکارییەکان لە گوتاری ئیدارەی ترامپدا، کاردانەوەیان لەسەر ئاستی جیهانیشدا  بە دوای خۆیدا هێنا. ٥٩ مووشەکی تۆماهۆکەکە پەیامێکی باش بوو بۆ دووپاتکردنەوەی پشتگیریی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە و، پەیامێکی باشیش بوو بۆ ترساندنی نەیارەکانی نەوەک هەر لە ناوچەکە، بەڵکوو لە جیهان؛ لە نێوانیان کۆریای باکوور. بۆریس جۆنسۆن، وەزیری دەرەوەی بریتانیا، وەکوو ناڕەزایییەک لە دژی سیاسەتی ڕووسیا لە سووریا و پشتگیریی بێمەرج و بەردەوامی ڕووسیا بۆ ئەسەد، تەنانەت دوای بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بۆ چەند جارێک، سەردانی فەرمیی خۆی بۆ ڕووسیا هەڵوەشاندنەوە؛ کە بووە جێگەی نیگەرانییەکی زۆری ڕووسیا و، بریتانیای وەکو پاشکۆ و ناسەربەخۆ ناساند.

ئەوەی جێگەی سەرسووڕمانێکی زۆری هەموو لایەک بوو، خێرایییەکی بێوێنە بوو لە بڕیاری هێرشەکە. بڕیاری هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئەسەد، زۆر بەخێرایی لە لایەن ئیدارەی ترامپەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بێ ئەوەی لە کۆنگرێسدا هیچ گفتوگۆیەکی لەسەر بکرێت. تەنیا دوو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی بۆ ئەنجام درا؛ بەڵام دوو کۆبوونەوە لە ئاستی هەرە بەرزدا. بەراورد بەو بڕیارانەی کە ئەمریکا لە ماوەی چەند ده‌یەی ڕابردوودا داویەتی بۆ هێرشکردن (بۆ نموونه‌ هێرشکردنە سەر لیبیا لە ١٩٨٦، بۆ سەر عێراق لە ١٩٩٣، بۆ سەر سوودان و ئەفغانستان لە ١٩٩٨)، ئەو بڕیارەی ترامپ لە کەمترین ماوەدا بڕیاری لەسەر دراوە.

ڕێکس تیلەرسۆن لە دوای هێرشەکە گوتی: "سێ بژاردە خرایە ڕوو. دۆناڵد ترامپ بژاردەی هێرشکردنەسەر ئەو بنکە سەربازییەی دیاری کرد کە هێرشە کیمایییەکەی لێوە ئەنجام درابوو، بۆ ئەوەی پەیامێکی بەهێز بێت بۆ ئەسەد کە کاری ئاوا دووبارە نەکاتەوە." لە ڕاستیدا، بڕیاری هێرشکردنەکە بەخێرایی درا، بەڵام ئەو سیناریۆیانەی خرابوونە ڕوو، پێشتر ئیدارەی ئۆباما بەڕوونی کاری لەسەر کردبوو. لەبەر ئەوە، بەئاسانی ناتواندرێت بگوترێت بڕیاری هێرشکردنەکە، بەشێکە لە ستراتیژییەتێکی نوێ.

ئامانجەکان

بۆ ئەوەی لە سروشتی بڕیاری هێرشکردنەسەر بنکەی سەربازیی شوعێرات تێ بگەین و، بۆ ئەوەی بزانین ئەو کردارە خزمەتی بە سیاسەتی ئەمریکا کردووە، دەبێت بپرسین: ئامانجە سیاسییەکانی ترامپ لە پشتەوەی ئەو کردارەدا چین؟

لە سەردەمی ئیدارەی ئۆبامادا، بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمریکا لە جەنگی سووریا لە چوارچێوەی لەناوبردنی داعش کورت کرابوویەوە، بەبێ دەستێوەردان و تێوەگڵانێکی ڕاستەوخۆ لە جەنگەکە. تەنانەت تا ٧ی نیسانی ٢٠١٧، سیاسەتی ترامپ هەمان سیاسەتی ئیدارەی پێشوو بوو. بەڵام دوای ئەو هێرشە، گوتاری ئەمریکا گۆڕانی گەورەی بەسەردا هات، هەر بە هەمان شێوەی نیک هەیلی، هێربەرت مکماستەر، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەییی ترامپ، گوتی: "لە ئێستادا، ئامانجی ئێمە لە تەنیا شکستپێهێنانی داعش، گۆڕاوە بۆ شکستپێهێنانی داعش و لابردنی ئەسەد لە یەک کاتدا ..... لەبەر ئەوە، دەبێت چەند ئامانجێکی هاوتەریب لەگەڵ یەکدیمان هەبێت، لە هەمان کاتیشدا پلەبەندکردن و ڕیزکردنی ئەولەوییەتەکان."

لەگەڵ ئەوەیشدا، نەوەک هەر لە نێوەندەکانی لێکۆڵینەوەدا، بەڵکوو لەنێو خودی ئیدارەی ترامپدا، خوێندنەوە و تەفسیری جیاواز لەسەر ئەولەوییاتەکان بوونی هەیە؛ هەروەک بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری (ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە) بە ڕۆیتەرزی گوتووە، ئەو هێرشە تەنیا "بۆ جارێك" (one-off)ه‌، بڕیار نەدراوە جارێکی دیکە دووبارە ببێتەوە. بە هەمان شێوە، ڕێکس تیلەرسۆن گوتی: "هێشتا ستراتیژییەتێکی سەربازیی نوێمان نییە، لەگەڵ ئەوەیشدا ترامپ نیشانی هەمووانی دا کە ئامادەی گۆڕانکارییە، کاتێک پێویست دەبێت." هێرشەکە پەیامێکیش بوو بۆ نەیارانی ترامپ، کە پێیان وابوو ترامپ هەڵوێستی خۆی ناگۆڕێت، کاتێک دەزانێت هەڵوێستەکەی هەڵەیە. ترامپ لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن و ئەو چەند مانگەی سەرۆکایەتیی خۆیدا، کەمترین بایەخی بە پرسی دەستێوەردانی مرۆیی (humanitarian intervention) داوە؛ بەردەوام کاری لەسەر ئەوە کردووە، ئەمریکا نابێت لە پێناو "ئەوانی دیکەدا" بجه‌نگێت. لەو هێرشەدا ترامپ، نە بە شێوەیەک دەرکەوت کە توانای بڕیاردانی خێرای نییە و، لە هەمان کاتیش بە شێوەیەکیش دەرنەکەوت کە زیاد لە پێویست کرداری نواندبێت. بۆیە بڕیاری هێرشکردنەکە کاردانەوەیەکی باشی لە ناوەوەی ئەمریکا و لە جیهاندا بەدوای خۆیدا هێنا.

لە قۆناغی ئێستادا ناتوانین تەواو لە خوێندنەوەی ئەو هێرشە دڵنیا بین: ئایا تەنیا یەک جار ڕوو دەدات، یان چەند جاری دیکە دووبارە دەبێتەوە و دەبێتە ستراتیژییەتێکی نوێ؟ دۆناڵد ترامپ خۆی لە ٦ی نیسانی ٢٠١٧ گوتی: "مەبەستی ئەو کردارە ترساندنی ڕژێمی ئەسەد بوو، تا دووبارە چەکی کیمیایی بەکار نەهێنێتەوە." بەڵام ئەگەر ئەو کارەی ترامپ لە پێناو پاراستنی بنەما و نۆڕم (norm)ه‌ نێودەوڵەتییەکان بێت، ئەوا هێرشکردن بەبێ ڕەزامەندیی یاسای نێودەوڵەتی، شکاندنی بنەمایەکی دیکەی یاسای نێودەوڵەتییە. بۆیە دەتوانین گفتوگۆی ئەوە بکەین، ئامانجی ژمارە یەکی ترامپ بریتی نییە لە ترساندنی ڕژێمی ئەسەد لە دووبارە بەکارهێنانەوەی چەکی کیمیایی، هەروەک لە هیچ یەک لە خاڵەکانی نیک هەیلی ئاماژەی پێ نەکراوە.

ئەگەر مەبەست پاراستنی تاکەکان و ڕێگەگرتن لە کارەساتی زیاتر بێت، ئەوا چەند دانەیەک لە هێرشی لەو شێوەیە بەس نییە و، لاوازکردنی ئەسەد ئەگەر بەرمەبنای ستراتیژییەتێكی هەمەگیر نەبێت، ئەوا دەبێتە هۆی بەهێزکردنی گرووپە چەکدارییە لۆکاڵییەکان؛ تەنانەت گرووپەکانی هاوشێوەی داعش و بەرەی نوسڕە. بۆیە، بەدواداچوونی ئەو چوار خاڵەی لە گوتارەکەی نیک هەیلیدا هاتووە، پێویستیی بە ستراتیژییەتێکی بەردەوامە و، ئیدارەی ترامپ باش دەزانێت بۆ ئەوەی ئەو کردارە شێوەیەکی ستراتیژییانە وەربگرێت، دەبێت درێژخایەن و فرەڕەهەند بێت. بە تەنیا نەوەستێتە سەر هێرشی مووشەکی، بەڵکوو ڕەنگ بێت پێویست بکات هێزی سەربازیی زیاتر بنێردرێتە سووریا، هەروەها هاوپەیمانێتییه‌كی بەهێزتر و کاراتر دروست بکات؛ هەروەک هێربەرت مکماستەر گوتی: "ئەوە بە مانای ئەوە نایه‌ت ئێمە ئەو دەوڵەتە بین کە بە تەنیا گۆڕانکاری دەکەین، بەڵکوو وڵاتەکانی دیکەیش، دەبێت لە پڕۆسەکەدا بەشدار بن." چونکە ٥٩ مووشەکی تۆماهۆک بە تەنیا بەس نییە بۆ ئەوەی ئامانجە سیاسییەکان بەدی بهێنێت؛ بە تەنیا ناتوانێت ڕووسیا و ئێران و ئەسەد بترسێنێت و، دواجار بیانوەستێنێت.

بەربەستەکانی بەردەم ئەمریکا

هەروەکوو دەزانین ئەمریکا تاکە هێز نییە لە جەنگەکە، تا بتوانێت تەواوی وێنەی جەنگەکە بەو شێوەیە بکێشێت کە ئەمریکا دەیەوێت؛ هەر زوو ڕووسیا و ئێران دوای هێرشەکە بڕیاری پشتگیریی زیاتریان بۆ ئەسەد دا و، بڕیاریان دا لە دژی ئەو کردارەی ئەمریکا بوەستنەوە. ڕووسیا بەڵێنی دا، پشتگیریی زیاتری سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سووریا بکات و، هەڕەشەیشی کرد کەناڵی پەیوەندییە سەربازییەکانی لەگەڵ ئەمریکادا لە ڕووبەڕووبوونەی داعش لە سووریا، دەوەستێنێت. بە هەمان شێوە، بەرژەوەندییەکانی ئێران لە سووریا بەشێکی گەورەن لە ستراتیژییەتی باڵای ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەبەر ئەوە، چاوەڕوانکراو دەبێت ئێران ڕووبەڕووی هەر ستراتیژییەتێکی ئەمریکا دەبێتەوە، ئەگەر ئامانج لێی دەرکردن یان لاوازکردنی ئێران بێت لە سووریا.

ئەمریکا گەیشتۆتە قەناعەتی تەواو، کە ڕێگه‌ی هەماهەنگی و پێکەوەکارکردن لەگەڵ ڕووسیا بۆ کۆتاییهێنان بە داعش و، دواتر گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەسەر ئاییندەی سووریا، شکستی خواردووە. تەنانەت بەشێکی زۆری هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر داعش نەبووە، بەڵکوو بۆ سەر ئەو گرووپە بەرهەڵستکارییانە بووە، کە ئەمریکا یارمەتییان دەدات و بە هاوپەیمانی خۆیانی دەزانێت. ڕەنگە وەکوو کاردانەوەیەک، ئەسەد بەرامبەر خەڵکی سووریا زیاتر توندوتیژتر بێت و کارەساتی گەورەی دیکە دروست بکات؛ ئیدارەی ترامپ بخاتە دۆخێک، پڕ بێت لە کێشەی دووسەرەوە (dilemma)، بەتایبەت کاتێک کردارێکی لە شێوەی هێرشی ٥٩ مووشەکی تۆماهۆکەکە بۆ ڕاگرتنی ئەسەد شکست دەهێنێت، ئەوا دەبێت هەنگاوی دواتر چی بێت؟

بۆیە ئەگەر ستراتیژییەتی نوێی ئیدارەی ترامپ بریتی بێت لە لابردنی ئەسەد و لاوازکردنی دەسەڵاتی ئێران لە سووریا، ئەوا دەبێت کاری زۆر گەورە بکات؛ دەبێت ڕووبەڕووی بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا و ئێران بوەستێتەوە. بۆیه‌ ئەمریکا پێویستیی بە ستراتیژییەتێکی هەرێمایەتی دەبێت، نەک هەر تەنیا جەختکردنەسەر ڕووداوەکانی سووریا. بەڵام پرسیاری گەورە لێرەدا ئەمانه‌ن: ئامرازەکانی ئەمریکا چی دەبن؟ ئەمریکا چۆن دەتوانێت ئامانجەکانی لە مەیداندا جێبەجێ بکات؟ ئایا بەڕاستی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا هێندە لە مەترسیدان، تا پێویست بکات ستراتیژییەتێک دابڕێژێت ڕووبەڕووی پێگەیەکی بەهێزی ڕووسیا و ئێران لە سووریا ببێتەوە؟

بەکورتی

لەم بابەتەدا کۆمەڵێک پرسیار ورووژێندران؛ وەک دەردەکەوێت لە ئێستادا داتا و زانیاری و فاکتی تەواومان بۆ وەڵامدانەوەی هەموو پرسیارەکان لەبەر دەستدا نییە. یەکێک لەو هۆکارانەی وای کردووە تێگەیشتنێکی ڕۆشنمان بۆ سیاسەتی ئیدارەی ترامپ نەبێت لە سووریا، بوونی گوتار و لێدوانی جیاوازە. ڕەنگە هەر لە بنەڕەتدا مەبەستی هێرشەکەی ئەمریکا دروستکردنی دۆخێک بێت کە وا بکات ئیدارەی ترامپ لە چاوی نەیارەکانییه‌وه‌ "پێشبینینەکراو" بێت، وەکوو گەڕانەوەیەک بۆ تیۆریی پیاوی شێت (Madman Theory). ئەو بیرۆکەیە لە سەردەمی هێنری کیسنجێر و ئیدارەی ڕیچارد نیکسۆن سەری هەڵدا. ئه‌و پێی وایە، دەبێت سەرکردایەتی و ئیدارەی وڵات بە شێوەیەک خۆی دەربخات کە "پێشبینینەکراو" بێت، تاوەکوو ئەو دۆخە وا لە سەرکردەی وڵاتەکانی نەیار و دوژمن بکات، لە هەنگاوی دواتری ئەمریکا دڵنیا نەبن و، بەردەوام لە دۆخێکی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێ و نادڵنیاییدا بن. لەبەر ئەوە، بۆ ئەوەی بزانین بەڕاستی هێرشەکەی ئەمریکا سەرەتای ستراتیژییەتێکی نوێیە، پێویستمان بە کاتی زیاتر و ڕووداوی دیکە دەبێت، تا ئاماژەیەکی ڕوونترمان دەست بکەوێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples