ئاسایشی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان لەژێر ڕۆشنایی کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشندا

بوون (وجود)ی هەرێمی کوردستان وەکوو ئەکتەرێکی نادەوڵەتی لە کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشندا و سازکردنی چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ دروستکەرانی بڕیاری سیاسی و ئاسایشی، شایەنی سەرنجێکی یەکجار زۆرە. هەر لە ساڵی ١٩٩١ەوە تاوەکوو ئێستا، ئاسایشی هەرێمی کوردستان، تەنانەت بوونی، تا ڕاددەیەکی زۆر لە ڕێگه‌ی بنەماکانی سیستەمی جیهانیی نوێ و پشتگیریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە گرێنتی کراوە. پشتگیریی خێرای ئەمریکا و کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی لە ٢٠١٤ لە جه‌نگی دژ بە داعشدا دووپاتی کردەوە، کە بوون و ئاسایشی کیان و ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان، سەرەڕای خەباتی ڕزگاریخوازی مێژوویییان، بەڵام بەرهەمی سیستەمی نێودەوڵەتیی دوای جەنگی ساردن؛ کە سەردەمێک بوو، لە ڕێگه‌ی ئاشناکردنی کۆمەڵێک چەمکەوە لەوانە دەستێوەردانی مرۆیی (humanitarian intervention)، بەرپرسیارێتیی پاراستن ((responsibility to protect و بەدیموکراتیکردن (democratization)، سنووریان بۆ سەرەڕۆیی و ستەمکارییەکانی زۆرێک لە حکوومەتە مەرکەزییەکان دانا، کە گەلی کوردستان سوودمەندێکی گەورەی ئەو قۆناغە نوێیە بوو.

بەڵام کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن، وەک لە ناونیشانی ڕاپۆرتی کۆنفڕانسەکەدا هاتووە: پاش ڕاستی، پاش ڕۆژاوا، پاش سیستەم (Post-Truth, Post-West, Post-Order?)، هەواڵێکی ناخۆشمان پێ دەدات: ئەو سیستەمە، ئەو قۆناغە لە ئێستادا لە بەردەم هەڕەشەدایە و، کۆمەڵێک هێز ڕەواجیان پەیدا کردووە، کە مەترسیی گەورەن لەسەر بنەماکانی ئاسایشی نێودەوڵەتی. بۆیە بۆ تێگەیشتن لەو هەلومەرجە سەختە، بوونی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسەکەدا کارێکی زۆر گرنگ بوو.

کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن، بە گرنگترین کۆنفڕانس و پلاتفۆرم لە بواری ئاسایشی نێودەوڵەتی دادەنرێت، کە تیایدا نزیکەی ٥٠٠ کەسایەتی لە دروستکەرانی بڕیاری جیهان، دەستەبژێر و پسپۆران و پیادەکەرانی ئاسایش لەو کۆنفڕانسەدا، تێگەیشتن و هەڵوێستی خۆیان لەسەر سیاسەتی ئاسایش و پرسەکانی ئاسایش دەخەنە ڕوو. ئەو کۆنفڕانسە، نەوەک تەنیا ئەو وڵات و ئەکتەر و ڕێکخراوانە کۆ دەکاتەوە کە هاوپەیمانی یەکدین و تێگەیشتنێکی ڕوونیان لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی هەیە، بەڵکوو نەیار و دوژمن و ئەکتەرە ناکۆکەکانیش، هەموویان لەو ڕووداوەدا پڕۆپۆزەڵ و بەرنامەی خۆیان دەخەنە ڕوو. گرنگیی ئەو کۆنفڕانسە تەنیا لە کارنامە و ڕاپۆرتی کۆنفڕانسەکەدا نییە، بەڵکوو دەرفەتێکی گەورە بۆ بەستنی چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرنگ لەنێوان بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە دەدات و، لە نزیکەوە دروستکەرانی بڕیار دەتوانن بیر و ڕاکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن. هەروەها دەتوانن لە ئاراستە و مەیل (trend) و گۆڕانکارییەکان لەسەر ئاستی جیهانی تێ بگەن. دواتریش لەژێر ڕۆشناییی دەرەنجامەکانی ئەو ڕووداوانە، دەتوانن سیاسەت و ستراتیژیی ئاسایشی خۆیان بە جۆرێک دابڕێژن کە نامۆ نەبێت بە گۆڕانکارییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی؛ بەتایبەت لە قۆناغی دوای جەنگی ساردەوە، ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، بەستراوەتەوە بە پرسە جیهانییەکان، بە بنەماکانی سیستەمی لیبڕاڵیی نوێ؛ بە جۆرێک هیچ وڵاتێک نەیتوانیوە بەتەواوەتی خۆی لە کاریگەرییەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی و بنەما و نۆڕمە جیهانییەکان بە دوور بگرێت.

چەند هۆکارێک وای کرد ئەو کۆنفڕانسە زیاتر لە ساڵانی دیکە جێگەی باس و بایەخێکی زۆر بێت؛ بەتایبەت کاتی کۆنفڕانسەکە، هەروەها دەستبەکاربوونی ئیدارەی نوێی ئەمریکا، کە لێرەدا بەکورتی باسیان دەکەین:

یەکەم: هەروەک سەرۆکی کۆنفڕانسەکە، Wolfgang Ischinger گوتی: ''ئەو کۆنفڕانسە لە ساتێکدا بەڕێوە دەچێت کە ئاستێکی بەرز لە نادڵنیایی، بوونی هەیە؛ هیچ کات جیهان لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە هێندە لە دۆخێکی ناسەقامگیردا نەبووە.'' زۆربەی ئەو بەها و نۆڕم و بنەما و ڕێککەوتنانەی کە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا پێناسەی ئاسایشی نێودەوڵەتییەکان دەکرد، ئێستا لە بەردەم هەڕەشەی گۆڕانکاریدان. کۆمەڵێک ڕووداو لە واقیعدا ڕێگەیان بۆ دروستبوونی ئەو دۆخە، خۆش کردووە؛ لەوانە ڕیفراندۆمی بریتانیا بۆ کشانەوە لە یەکێتیی ئەوروپا، بەهێزبوونی حزب و لایەن و بزووتنەوە پۆپۆلیستی و ناسیۆنالیستییەکان لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا، دەستێوەردان و سیاسەتی فراوانخوازیی ڕووسیا لە ئۆکراینا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چارەسەرنەبوونی زۆرێک لە قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرکەوتنی گرووپی توندڕەوی جیا جیا، لە هەموویان گرنگتر سەرکەوتنی ترامپ کە تێگەیشتنێکی جیاوازی لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی هەیە؛ زۆر جیاوازتر لە کابینەکانی پێشووی ئەمریکا.

دووەم: ئەو کۆنفڕانسە بە دەرفەتێکی گرنگ دادەنرێت، کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا سیاسەت و ستراتیژییەتی ئاسایشی خۆی تیادا ڕوون بکاتەوە، یان کۆمەڵێک سەرەداو و ڕوونکردنەوە بەدەستەوە بدات، کە تا ئێستا جێگەی نادڵنیایی و ناڕۆشنییەکی زۆرە. هێشتا سیاسەتی ترامپ لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی ترانزەتلانتیک (Transatlantic)، ئاییندەی ناتۆ، ڕێککەوتن و پەیوەندییە فرەڕەهەندە بازرگانییەکان، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا و چین و هێزە گەورەکانی جیهان شێوە و ناوەڕۆکێکی ڕوونیان وەرنەگرتووە. نیگەرانی لە ناڕۆشنیی سیاسەتی ئیدارەی ترامپ تەنیا لە لای نەیارەکانی ئەمریکادا نییە، بەڵکوو تەنانەت هاوڕێ و هاوپەیمانە مێژوویییەکانی، لە ئاییندەی پەیوەندییەکانیان دڵنیا نین. هەر بە نموونە، لە یەکەم سەردانی خۆی بۆ ئەمریکا، تێریزا مەی، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا، گوتی ئێستا دڵنیاتان دەکەمەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و بریتانیا وەکوو یەکێک لە گرنگترن دوو هاوپەیمانی ڕاستەقینە بەبەهێزی دەمێنێتەوە؛ کەواتە بریتانیایش لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکادا لە دۆخێکی نادڵنیادا بووە.

راپۆرتی کۆنفڕانسی ئاسایشیی میونشن، کۆمەڵێک ئاگادارکردنەوەی مەترسیداری لەسەر ئاستی جیهانی خستۆتە ڕوو. ئاماژە بەوە دەکات کە تەواوی سیستەمی لیبڕاڵیی جیهانی لە دۆخێکی ناجێگیردایە و لە ئێستادا جیهان ئەزموونی "ساتە نالیبڕاڵییەکان"  illiberal moment)) دەکات، بە جۆرێک هێزە نالیبڕاڵەکان و هەموو ئەو هێزانەی دژی بنەماکانی بەجیهانیبوونن لە مەیداندا پێگەی خۆیان قایمتر دەکەن و ڕووبەڕووی تەواوی بنەما سەرەکییەکانی دۆخی سیستەمی لیبڕاڵ دیموکراسی لە ڕۆژاوا وەستاونەتەوە. ژینگەیەک دروست بووە کە سیاسەتی ترس (the politics of fear) لە قۆناغی پاش ڕاستی (post-truth) جێگەی سیاسەتی ڕاشنالیستیی گرتۆتەوە، کە ڕەهەندێکی گەورەی ئاسایشیی هەیە، بەتایبەت کاتێک هەڵبژاردن و دیبەیتەکان لەسەر بنەمای ڕاستییەکان نابردرێنەوە، بەڵکوو لەسەر بنەمای ڕاکێشانی سەرنج و هەست و سۆزی خەڵکەوە بەڕێوە دەچن، دواتریش ئەو هێز و کەسانە دەستیان بە دۆسیەکانی ئاسایشی نەتەوەیی دەگات. ڕاپۆرتی کۆنفڕانسەکە سەردەمی ئێستای، بە سەردەمی پاش ڕاستی ناساندووە، کە گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی. وشەی پاش ڕاستی (post-truth)، بە وشەی ساڵی ٢٠١٦ دانرا، کە مەبەست لێی جۆرە سیاسەتێک، یان کەلتوورێکی سیاسییە، کە دیبەیت و گفتوگۆکان لەسەر ڕاستییەکان داناڕێژرێن، بەڵکوو له‌سەر ڕاکێشانی سەرنج و هەست و سۆزی خەڵکییەوە ده‌وه‌ستنه‌وه‌؛ سەرکەوتنی ترامپ بە یەکێک لە نموونەکانی ئەو سیاسەتە دادەنرێت.

بەکورتی، لە ڕوانگەی ڕاپۆرتەکەدا، بەربەستەکان و تەحەددی (به‌ره‌نگاری)یەکانی بەردەم ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە سێ بابەتدا پوخت کراونەتەوە:

یەکەم: سیستەمی لیبڕاڵ دیموکراسی لە قەیراندایە. بەپێی ڕاپۆرتی Freedom House، زیاتر لە دە ساڵە لەسەر یەکدی، پاشەکشەیەکی بەردەوام لەسەر ئازادییەکان لەسەر ئاستی جیهانی هەیە. ئەوەی زۆر جێگەی سەرنجە، دۆناڵد ترامپ لە گوتاری دەستبەکاربوونی، هیچ یەک لە وشەکانی دیموکراسی، ئازادی و مافی مرۆڤی بەکار نەهێناوە. ئەوە ئاماژەی سەرەتای دۆخێکی مەترسیدارە لەسەر سیستەمی لیبڕاڵ دیموکراسی، کە بنەمای ڕاگرتنی سەقامگیری و ئاشتی بووە، بەتایبەت لە ڕۆژاوا بۆ ماوەیەکی زۆر. سێرگی لاڤرۆڤ لە کۆنفڕانسەکەدا گوتی: ''ڕووسیا هیواخوازە سیستەمی جیهانیی پاش-ڕۆژاوایی دابمەزرێت، کە تیایدا پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتان، بەتایبەت پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا لەسەر بنەمای پراگماتیکی دابڕێژرێت.'' ئەو هەلومەرجە نوێیە تەنیا پەیوەندیی بە ژینگەی ناوەخۆی ئەمریکاوە نییە، بەڵکوو بزووتنەوە پۆپۆلیستییەکان لەسەر ئاستی جیهانی لە بەهێزبووندان؛ لەگەڵ خۆیاندا کێشەی گەورەیان لەسەر ئەو بەهایانە دروست کردووە کە سەقامگیری و ئاشتی لە ڕۆژاوا لەسەری بونیاد نراون.

دووەم: گەڕانەوە بۆ سیاسەتی پرۆتێکشنیزم (protectionism): سیاسەتێکی ئابوورییە کە له‌ لایەن دۆناڵد ترامپەوە پێشنیاز کراوە، کە کار لەسەر خۆدوورخستنەوە لە کرانەوەی سنوورەکان و سنووردارکردنی بازرگانی لەنێوان وڵاتەکاندا دەکات. ڕاستییه‌كه‌ی، کرانەوەی سنوورەکان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان وڵاتان و ڕێککەوتن و ڕێکخراوەکانی پەیوەنددار بەو بوارەوە، بەر لەوەی ڕەهەندێکی ئابوورییان هەبێت، ڕەهەندێکی گەورەی ئاسایشییان هەیە. لە ناوەڕۆکدا، بیرۆکەی کرانەوەی سنوورەکان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی، مەبەست لێی، نزیککردنەوەی کەلتوور و کۆمەڵگه‌ جیاوازەکانە لە پێناو سەقامگیرکردنی ئاسایش لەنێوانیاندا. بازرگانییەکی بێڕێبەست لەنێوان کۆمەڵگه‌کاندا، دەبێتە هۆی یەکخستنیان لە پڕۆژەیەکی هاوبەش و ئاشتییانەدا.

 ئەرگیومێنتی سەرەکیی لیبڕاڵەکان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ئەوەیە کە "ململانێ" لەنێو سیستەمی نێودەوڵەتیدا، دەکرێت لە ڕێگه‌ی لێکنزیکردنەوەی لایەنەکان چارەسەر بکرێت؛ بە واتای ئەوەی، دەکرێت جۆرێک لە ڕێکخستن لەسەر ئاستی سیستەمی نێودەوڵەتیدا بهێتە کایەوە.

سێیەم: لاوازبوونی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی و ڕێککەوتنە فرەڕەهەندییەکان: لەوانە ناتۆ، یەکێتیی ئەوروپا، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەرەتای دروستبوونیانەوە هیچ کات بە قەد ئێستا نەکەوتوونە ژێر پرسیار و ڕەخنەی جددی چەندین بزووتنەوە و پڕۆژەی سیاسیی جیاواز لە ئەمریکا و ئەوڕوپا. ئەو ڕەخنانه‌ لە دەرەوەی بەستێنی ڕۆژاواوە ناهێن، بەڵکوو لە ناخی شارستانییەتی ڕۆژاواوە دروست بوونە؛ لەنێو ئەو وڵاتانەی کە بۆ مێژوویەکی درێژ خاوەنی ئەو بیرۆکانە بوونە، لەوانە ئەمریکا و بریتانیا. ئەڵمانەکان وەکوو هێزێکی سەرەکی و بانگەشەکەری سیستەمی لیبڕاڵی لە کۆنفڕانسی میونشدا، لە بەرامبەر گوتارەکەی مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، نیگەران بوون. سەرەڕای دووپاتکردنەوەی پشتگیریی ئەمریکا بۆ ناتۆ، بەڵام پێنس هیچ ئاماژەیەکی بە تێڕوانین و سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر یەکێتیی ئەوروپا نەدا، کە وەکوو یەکێتییەکی سیاسی و ئابووری، ئەوروپای بەیەکەوە گرێ داوە.

هەرێمی کوردستان، دەبێت چی بکات؟

هەموو ئەو کێشانە، ژینگەی ئەمنی و ستراتیژییان بردۆتە دۆخێکی یەکجار ئاڵۆز و نادڵنیاوە و کۆمەڵێک پرسیاریان دروست کردووە، کە دروستکەرانی بڕیاری سیاسی و ئاسایش دەبێت وەڵامیان بدەنەوە: ئەگەر هات و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرەو سیاسەتێکی تاکڕەهەندی و خۆبەدوورگرتن لە کێشەکانی ناوخۆی وڵاتان بڕوات، ئەوا ئاییندەی سیستەمی نێودەوڵەتی بەرەو کوێ دەڕوات؟ ئایا بە بەردەوامبوونی ئەو دۆخە، سیستەمی نێودەوڵەتی لاواز دەبێت و درزی تێ دەکەوێت، کە لە دەرەنجامدا ئەو هێزە هەرێمایەتییانە کە هێژموونییان بەسەر ناوچەکانی خۆیاندا هەیە، دەتوانن سیاسەتی ناوچەکە دابڕێژن و هاوکێشەکان بگۆڕن؟ لە هەمووی گرنگتر، هەرێمی کوردستان، دەبێت چ هەنگاوێک بنێت؟ چۆن ڕووبەڕووی ئەو قۆناغە ببێتەوە؟

ئەگەر هات و دیموکراسییەکانی ڕۆژاوا، لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەربەست و هەڕەشەکانی سەر ئاسایش و سیستەمی نێودەوڵەتیدا سەرکەوتوو نەبوون، ئەوا کات لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نابێت. مەبەست لێی ئەوە نییە بوونی هەرێمی کوردستان بکەوێتە ژێر مەترسییەوە، چونکە پشتگیریی ئەمریکا و کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی بۆ هەرێم، لەوە دەرچووە تەنیا هاوکێشەیەکی تاکتیکی بێت، بەڵکوو ڕەهەندێکی ستراتیژیی درێژخایەنی هەیە، بەڵام گوتنی ئەوەی کات لە بەرژەوەندیی هەرێمدا نابێت، مەبەست لێی پرسی سەربەخۆیی و دەوڵەتە. خۆبەدوورگرتنی ئەمریکا لە کێشەکانی ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست و پێدانی دەرفەت بە هێزە هەرێمایەتییەکان لە داڕشتنی هاوکێشە جیۆپۆلیتیکییەکان، پێشبینی ناکرێت لە بەرژەوەندیی پرسی سەربەخۆییدا بێت. لەبەرئەوە، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە، ئامادەبوون و بەشداریی سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێم لە کۆنفڕانسی میونشندا کارێکی یەکجار گرنگ بوو، تا لە نزیکەوە ئاشنای چەمکە نوێیه‌کان بن و لە ژینگەی ئەمنی و ستراتیژیی نوێدا تێ بگەن.

هەنگاوی دواتر، لە ڕێگه‌ی بەشداریکردنی تەواوی هێز و لایەنەکانی کوردستان، دامەزراوە و سێکتەرەکانی حکوومەت و کۆمەڵگه‌ی مەدەنی، بەرنامەیەکی نیشتمانی بۆ دیاریکردنی ئامانجەکان و ئامرازەکانی بەدواداچوونیان دابڕێژڕێت؛ لە هەمووی گرنگتر پاراستنی ئاسایشی خەڵک و کیانی هەرێمی کوردستان لە سەردەمی نادڵنیاییدا.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples