ڕیفراندۆم، بابەتی سەربەخۆییی لە تەنیا گفتوگۆیەکی ناوخۆیی، کردە پڕۆسەیەکی جددی و فرەلایەن، لەسەر هەر سێ ئاستی عێراق و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی. لە ئێستادا ئەم پڕۆسەیە هەم بۆ خەڵک و هەمیش بۆ دروستکەرانی بڕیار لە بەردەم نادڵنیایییەکی زۆر و پرسیاری زۆردایە: ئاخۆ پڕۆسەکە بە چی کۆتایی دێت؟ کاردانەوە و هەڵوێستی وڵاتان چۆن دەبێت؟ چۆن دەرچەیەک بۆ گفتوگۆ و دانوستان بدۆزرێتەوە و، دەبێت گفتوگۆکان لەسەر چی بن؟ تا ئێستا هیچ کەسێک پێناچێت وەڵامێکی ڕوون و دیاریکراوی بۆ هەموو ئەو پرسیارانە هەبێت. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو نادڵنیایییە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بڕیاری ڕیفراندۆم بەخێرایی درا و بوارێکی کەم تەنیا سێ مانگ بە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان درا تا تێگەیشتنێکی ڕوون و سیاسەتێکی دیاریکراویان بەرامبەر پڕۆسەکە هەبێت. بێ گومان پێدانی ماوەیەکی کەم و ئەنجامدانی بەخێرایی، هەم خاڵی باش و هەمیش خاڵی خراپی هەبوو (لە بابەتێکی دیکەدا دەتوانین بەوردی ئەو خاڵانە بخەینە ڕوو).
ئەو ئەلتەرناتیڤ و پڕۆپۆزەڵانەی بۆ ڕیفراندۆم لە لایەن ئەمریکا و بریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان و هێزەکانی دیکەوە خرانە ڕوو، لە قۆناغێکی زۆر درەنگی پڕۆسەکەدا دەرکەوتن، کەمتر لە دوو هەفتە لە پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوون، زۆر درەنگ ببوو بۆ ئەوەی سەرکردایەتی بتوانن بڕیاری دواخستنی ڕیفراندۆم بدەن. ئەوە دەری دەخات کە وڵاتان سیاسەتێکی دیاریکراویان لەسەر پڕۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان لە سەرەتاوە نەبوو و، ئێستایش ئەو سیاسەتە دروست نەبووە، بەڵکوو لە نێو خۆیاندا هەر لە پڕۆسەی گفتوگۆکردنن.
تەنیا ١٠ ڕۆژ دوای ڕیفراندۆم، چەندین ڕووداو بە شێوەیەکی خێرا ڕوویان داوە و چەندین ئەکتەری جیاواز خەریکی ئیشکردنن لەسەر چۆنێتیی پاراستنی بەرژەوەندییەکان لەو گۆڕانکارییانەدا، لەوانە: هاوپەیمانێتیی "ناسروشتی"ی نێوان تورکیا و ئێران و عێراق. لە چاوپێکەوتنێکم لەگەڵ كونسوڵی یەکێ لە وڵاتەکان دەربارەی ئاڵۆزی و دۆخی نادڵنیاییی پڕۆسەکە، گوتی: "هەموو ڕۆژێک ڕاپۆرتێک بۆ لایەنی سەرەوەی خۆم دەنێرم. هەموو ڕۆژ دەبێت پێداچوونەوە بکەم. جار وایە چەند جارێک ڕای خۆم دەگۆڕم؛ تا ئێستا ناتوانم بزانم سیاسەتی فەرمیی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی چییە!" لەبەر ئەوە، دەبینین لێدوان و هەڵوێستی جیاواز لە لایەن کەس و دامەزراوەکانی هەمان وڵاتەوە دەبیندرێت، بۆ نموونە تورکیا چەندین لێدوانی جیاوازی لەسەر کاردانەوەکان و ئەگەری هەڕەشەکانی ئەو وڵاتەوە داوە؛ ئەوە وای کردووە تێگەیشتنێکی ڕوون و ورد لە هەڵوێست و سیاسەتی ئەو وڵاتانە تا ئێستا دروست نەبووبێت.
لێرەدا وەکوو هەوڵێک بۆ بەرچاوڕوونکردنی خوێنەران لەسەر سیناریۆ و ئەگەرەکانی ئاییندەی پڕۆسەی سەربەخۆییی کوردستان، دەتوانین کار لەسەر سێ سیناریۆی جیاواز بکەین، کە بریتین له گفتۆگۆ، توندوتیژی و پێکدانی سەربازی، و ڕاگەیاندنی دەوڵەت بە شێوەیەکی تاکلایەنە.
لە ڕاستیدا لە نێوان ئەو سیناریۆیانەدا سنوورێکی ڕوون و ئاشکرا بوونی نییە، واتە بە ئاسانی ناتواندرێت ئەگەرەکان لە یەکدی جیا بکرێنەوە، چونکە بابەتەکان بە تەواوەتی سەربەخۆ نین لە یەکدی، بەڵکوو بابەتێک یا ڕووداوێک دەتوانێت ئاماژەیەک بێت بۆ هەر یەکێک لەو سیناریۆیانەی خوارە.
سیناریۆی یەکەم: گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا
یەکێک لەو پرسیارانەی کە جێی نائومێدییەکی زۆری خەڵکی کوردستانە، بریتییە لە بێدەنگیی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست زۆربەی گوشار و پاڵهپهستۆوەکانی بەغدا. تا ئێستا هەوڵی جددی بۆ کردنەوەی دەرگهی گفتوگۆ و نێوەندگیری نەدراوە؛ تەنیا چەند ئاماژەیەک لە دانیشتنی حەیدەر عەبادی لەگەڵ "ئیمانوێل ماکڕۆن"ەوە دەبیندرێت. پێم وایە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو بێدەنگییەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەوەیە کە کوردستان بە هۆکاری گرژییەکان دەزانن و، پێیان وایە کوردستان تاکلایەنە بڕیاری داوە و، دەستپێشخەرییەکانی ئەوانی لە ڕۆژانی پێش ڕیفراندۆم بۆ دواخستنی لەبەرچاو نەگرتووە؛ بۆیە دەڵێن دەبێت ئەو بەرپرسیارییەتییە هەڵبگرێت. لەبەر ئەوە لە قۆناغی ئێستادا چاوەڕوان ناکرێت بهبێ دەستپێشخەریی کوردستان دەرگهی گفتوگۆ بکرێتەوە؛ ئەو دەستپێشخەرییەیش ڕەنگە بە مانای تەنازول و پاشەکشێ لە لایەن خەڵکێکەوە لێک بدرێتەوە. لەبەرئەوە ئەو بابەتەیش بە نیسبەت سەرکردایەتیی کوردستانەوە، بابەتێکی هەستیارە و بواری یاریکردن لەگەڵی کەمە. ئاشکرایە عێراق ئامادەی گفتوگۆ نییە، لەبەر ئەوە بە هەمان شێوە بێ هاتنەپێشی عێراق، گفتوگۆ و دانوستان لە ئێستادا ئاستەمە. لەم هەلومەرجەدا دەستپێشخەری و نێوەندگیریی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و هێزەکانی دیکە، یەکلاکەرەوە و حەتمییە.
دوو بەربەستی گەورە لە بەردەم کردنەوەی دەرگهی گفتوگۆدا هەن: یەکەمیان، ئەگەر گفتوگۆ بکرێت، دەبێت لەسەر چی گفتوگۆ بکرێت. کوردستان داوا دەکات لەسەر سەربەخۆیی گفتوگۆ بکرێت و، ناوەڕۆکی هەر ڕێککەوتنێکیش بێت، بەڵام عێراق بە هەموو شێوەیەک ئەوە ڕەت دەکاتەوە. بە گوتەی عەبادی "لە ئێستا و لە ئاییندەیشدا ڕەتی دەکەینەوە." لەبەر ئەوە تا ئەو کاتەی زمان و ڕێگەیەکی دیکە دەبیندرێتەوە، زەحمەتە دەرگهی گفتوگۆ بکرێتەوە. لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، کوردستان و سەرکردایەتی، ئەولەوییەتیان بە هێورکردنەوەی بارودۆخەکە داوە و وەڵامی هەڕەشەکانی بەغدایان لەسەر ئاستی گوتار و زمان نەداوەتەوە؛ تەنیا لە پێناو کردنەوەی دەرچەیەک بۆ گفتوگۆ و دانوستان.
دووەم، هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق هیچ بوارێکی بە حکوومەتی عێراقی بە سەرکردایەتیی عەبادی و هێزە سیاسییەکان نەداوە تا هەنگاوێک بێنە پێشەوە و نەرمی لەسەر پرسەکە بنوێنن. لە بەغدا ژینگەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی نوێی زۆر مەترسیدار دروست بووە: تا چەند دژایەتیی کورد بکەیت، ئەوا هێندەی دیکە دەتوانی دەنگ و پشتگیریی خەڵک بەدەست بهێنیت و، بەپێچەوانەیشەوە. ئەمریکا نەیشاردۆتەوە دەیەوێت حەیدەر عەبادی لە دەسەڵات بمێنێتەوە تاوەکوو دەرفەتێکی دیکەی پێ بدات تا هێژموونیی ئێران لە عێراق کەم بکاتەوە و، بتوانێت کۆنتڕۆڵی دەوڵەت بەسەر هێزە چەکدارەکان بگەڕێنێتەوە. بۆیه ڕەنگە لە بەرامبەر گوشار و سزاکانی حکوومەتی عێراقی بەرامبەر کوردستان بێدەنگ بێت، ئەگەر هات و نەگەیشتە ئاستێکی مەترسیدار لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی کوردستان. لەم سیناریۆیەدا چاوەڕوان دەکرێت لە دوا ساتەکانی خۆیدا بابەتی کۆنفیدڕاڵی بێتە پێشەوە و قسەی لەسەر بکرێت.
سیناریۆی دووەم: شەڕ و پێکدادانی سەربازی
قسە لەسەر ئەوە هەیە کە عێراق و ئێران و تورکیا لە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەردەوام بن لە گەماڕۆدان و سزادانی کوردستان و لاوازکردنی و، کوشتنی پڕۆسەی سەربەخۆیی لەسەر ئاستی ئابووری و سیاسی و سەربازی. هەروەها ئیستیفزازکردنی پێشمەرگە لە ناوچە سنوورییەکان، بەتایبەت لە کەرکووک، تا ئەو جێگەیەی لە ڕێگەی هەڕەشەی سەربازییەوە ڕێگە لە کوردستان بگرن بڕیار لەسەر ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بدات. ئێران و تورکیا، هەم دەتوانن بە شێوەیەکی فەرمی لە ڕێگەی حکوومەتی عێراقییەوە دەستێوەردان بکەن و، هەمیش لە ڕێگەی میلیشیا و هێزە نادەوڵەتییەکانی وەکوو حەشدی شەعبییەوە. کاتێک پێویست دەبێت، ڕەنگە عێراق بەڕەسمی داوا لە تورکیا و ئێران بکات لە دژی کوردستان دەستێوەردان بکەن.
هێشتا ڕوون نییە ئەمریکا تا چ سنوور و حەددێک لە بەرامبەر دەستێوەردان و هەڕەشەکانی تورکیا و ئێران بێدەنگ دەبێت، بەڵام ئەوەی دەبینرێت ئەولەوییەتی ئەمریکا ئەوەیە دواجار جهنگ لە نێوان کوردستان و عێراق دروست نەبێت، چونکە ئەمریکا دەیەوێت هێژموونی و دەستڕۆیشتوویی بەسەر هەر دوو لادا بهێڵێتەوە.ئەگەری جهنگ لەو سیناریۆیەدا زۆر دەبێت، کاتێک کە کوردستان ناتوانێت تا ماوەیەکی درێژ لەژێر سزا و گوشارەکانی عێراق و تورکیا و ئێران بەردەوام بێت، بەتایبەت ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر بێدەنگییەکەی بەردەوام بێت. تا ئێستا هەنگاوەکانی حکوومەتی عێراقی زۆر بەکەمی لە بەرژەوەندیی سیناریۆی یەکەمە، بەڵکوو بەو گوتار و زمانی هەڕەشەیە، بەتایبەت تێکەڵکردنی پرسەکە بە بابەتی ئایینی و پێدانی سروشتێکی مەزهەبی پێی، پێگەیاندن و ئامادەکردنی خەڵک لە چوارچێوەی ئەو گوتارە توندوتیژانەدا، وای کردووە سیناریۆی جهنگ نەوەک لەسەر مێزی قسەکردنیان بێت، بەڵکوو پێشوەختە لەسەر مێزەکە بێت. لەگەڵ ئەوەیش، تا ئێستا ئەوەی وای کردووە بواری زیاتر بۆ سیناریۆی یەکەم بدرێت، پێداگریی ئەمریکایە لە ڕێگەگرتن لە بەرپابوونی جهنگ و توندوتیژی و، وریایی و هەستیاریی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان لە ڕۆژانی دوای ڕیفراندۆم.
سیناریۆی سێیەم: ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بە شێوەیەکی تاکلایەنە
کاتێ کوردستان بێهیوا دەبێت کە بواری گفتوگۆکردن لەگەڵ عێراق زۆر لاوازە و، هەڕەشەی سەربازیی گەورە لە ڕێگەدایە، بێهیوا دەبێت لەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەلتەرناتیڤ و پڕۆپۆزەلی دیکەی بە ڕەزامەندیی عێراق هەبێت، بێهیوا دەبێت لەوەی کە هەموو ئاراستەکان لە دژی پڕۆسەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیین و، کاتێک دەزانێت بەردەوامبوون لەژێر گوشار و ئابڵووقە و گەماڕۆی سیاسی و سەربازی و ئابووریی ئێران و تورکیا و عێراق ئاستەم دەبێت، هەروەها بۆ خۆبەدوورگرتن لە هەڕەشەی زیاتر و گەورەتر و، لە پێناو نواندنی کردار و بوون بە بکەر، نەوەک تەماشاکەر، سەرکردایەتیی کوردستان ڕەنگە ڕاستەوخۆ سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت. یەکێک لە پرسە گرنگەکانی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بریتییە لە چۆنیەتیی بەدەستهێنانی پشتگیری و دواتریش دانپێدانانی نێودەوڵەتی. لە دۆخی ئێستادا هێشتا کوردستان ڕووبەڕووی هەڕەشەی گەورە و دەستتێوەردانی لایەنە دەرەکییەکان نەبۆتەوە، بەڵام دەکرێت بڵێین کاتێک کوردستان لە ژێر هەڕەشەی داخستنی سنوور و سزادانی بەکۆمەڵ و گۆشەگیرکردن لە لایەن ئێران و تورکیا و عێراقەوە بێت، ئینجا بڕیاری ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بدات، ئەگەری زۆرترە سۆز و پشتگیریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پرسەکە زیاتر بێت و، ئەرگیومێنتی لە ئاستی یاسای نێودەوڵەتی بەهێزتر دەبێت.
پوختە:
ئەو سیناریۆیانە هەمووی خاڵی باش و خراپی هەیە؛ دەوەستێتە سەر ئەوەی ڕووداوەکانی چەند مانگی دادێ، ئاخۆ لە کام یەک لەو سیناریۆیانەمان نزیک دەکەنەوە. دوای خستنەڕووی ئەو سیناریۆیانە، هەنگاوی دوای ئەوە، پێشنیاز بۆ نووسینەکانی ئاییندە بریتییە لە خستنەڕووی خاڵی بەهێز و لاوازی کوردستان لە هەر یەکێک لەو سیناریۆیانەدا و، چۆنێتیی ئامادەکردنی خەڵک لەم پڕۆسە یەکلاکەرەوەیەدا.